January 31, 2007
له ناو قه‌تار داده‌نیشی و له شووشه پیسه‌كانی ڕا چاو له ده‌رێ ده‌كه‌ی و بێ ئه‌وه‌ی بته‌وێت چیرۆكی ژیانی چه‌ند كه‌سێک ده‌بیستی كه به ده‌نگی به‌رز بۆ كه‌سێكی تری ده‌گێرنه‌وه. دانیشتووی و گریان و پێكه‌نینه‌كانی ئه‌وانی تر ده‌بیستی و بیر له گریان و پێكه‌نینه‌كانی خۆت ده‌كه‌یته‌وه و له خۆت ده‌پرسی ئه‌ی كه‌س گریان و پێكه‌نینه‌كانی تۆ ده‌بیستێت؟ وه‌بیرت دێته‌وه چه‌ند ده‌مێكه ئیتر نه بیریان ده‌كه‌ی و نه بیریان لێ ده‌كه‌یته‌وه و وه‌بیرت دێته‌وه كات چه‌ند زوو تێده‌په‌ڕێت و شته‌كان چه‌ند زوو ڕه‌نگی نامۆیی ده‌گرن و ڕۆده‌چن... بیر له ته‌واوی ئه‌و ساڵانه ده‌كه‌مه‌وه كه هه‌وڵم داوه خۆشم نه‌وێیت. زۆر ده‌مێكه نه‌مدیوی و ده‌نگتم ئیتر هه‌ر له بیر نایه‌ت. زۆر ده‌مێكه هه‌واڵت نازانم. كه‌چی هێشتا شتێک، هه‌ستێک به نه‌رمی شنه بای به‌ره به‌یانییه‌كی فێنک، له ناخما گێژده‌خواته‌وه و گرێم ده‌داته‌وه به تۆ. به‌و شتانه‌ی بوون یان پێموابوو كه بوون و بیرده‌كه‌مه‌وه هه‌ر ئه‌و هه‌سته نه‌رم و كاڵه‌یه ڕایگرتووم یان ڕێگه‌ی لێ گرتووم كه بڕۆم تا سه‌ر له نوێ ده‌ست پێ بكه‌مه‌وه. بیرده‌كه‌مه‌وه نووسین له خۆشه‌ویستی و خۆشویستن هه‌ر دێت و له‌به‌رم گرانتر ده‌بێت و چاو له سه‌ر یه‌ک داده‌نێم تا بتبینم ڕۆژه‌كانت چۆن ده‌ست پێ ده‌كه‌ی، تا ده‌نگتم وه‌بیر بێته‌وه و بیرده‌كه‌مه‌وه له هه‌موو ئه‌و ڕۆژ و مانگ و ساڵانه‌ی خۆم مه‌جبوور كردووه به نه‌ویستن، به نه‌بیستن و تاڵ ده‌بم، زۆر تاڵ! وه‌بیرم دێته‌وه ئه‌وه تۆ نه‌بووی، خه‌یاڵێک بوو كه له تۆ بۆ خۆمم سازكردبوو و پێكه‌نینم دێت و دڵم ده‌له‌رزێت و ته‌ڕایی برژانه‌كانم به پشتی ده‌ست ده‌سڕمه‌وه پێش ئه‌وه‌ی فرمێسكه‌كانم بێنه خوار ... بیرده‌كه‌مه‌وه تۆ بڵێی هیچ شتێكمان قه‌ت له‌بیر بچێته‌وه؟ بیرده‌كه‌مه‌وه نا، ئێمه به‌س شته‌كان وه‌بیر خۆمان ناهێنینه‌وه. هه‌ر ئه‌وه! بیرده‌كه‌مه‌وه زۆر جار بڕیارده‌ده‌ین شته‌كان وه‌بیرخۆمان نه‌هێنینه‌وه و ناوی ده‌نێینه له‌بیربردنه‌وه! ئه‌گه له‌بیرچوونه‌وه ڕاست بایه ئیتر كه‌ی چركه‌یه‌ک بۆن، چیرۆكێكی كۆنی دووری بۆ زیندوو ده‌كردینه‌وه؟ ئه‌گه له‌بیرچوونه‌وه ڕاست بایه چۆن ڕه‌نگه‌كان ده‌بوونه ڕێگه‌ی گه‌رانه‌وه بۆ ڕابردوو و شته‌كانیان بۆ سازده‌كردینه‌وه؟ زۆرجاریش بیرده‌كه‌مه‌وه له‌وانه‌یه ئه‌و دڵدان و ئه‌و دابڕانانه هه‌مووی كایه‌یه و ده‌ستكردی خۆمانه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان. به خۆم ده‌ڵێم نه‌ک به‌ڕاست هه‌ر كه‌س ته‌نیا و ته‌نیا جارێک دڵ ده‌دات و ئاشق ده‌بێت و جاره‌كانی تر هه‌مووی په‌له‌قاژه‌یه بۆ له‌بیرنه‌بردنه‌وه‌ی تامی یه‌كه‌م جار. به خۆم ده‌ڵێم نه‌ک خه‌ریكین كه‌لاكی كۆنی هه‌لا هه‌لابووی هه‌سته‌كانمان له گۆڕ ده‌ردێنین و جلی نوێی له به‌رده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی دڵی خۆمان خۆش كه‌ین ... نازانم! ئێستا ده‌ستێک به تاڵه سپییه‌كانی قژم دادێنم. هه‌ستی پیری، ترسی پیربوون كاڵ ده‌بێته‌وه كه بیرده‌كه‌مه‌وه ژیان له هه‌ورازونشێوی ته‌م و مژاوی خۆی، شتێكی لێ سازكردووم كه ئێستا هه‌م. كه دادێمه‌وه به‌ڵام ناشكێم. كه دوای هه‌رجار كه‌وتن، هه‌موو جارێ هه‌ڵده‌ستمه‌وه ... ئه‌مجاره‌ش هه‌ڵده‌ستمه‌وه، ده‌زانم!
January 21, 2007
I believe if there's any kind of God it wouldn't be in any of us, not you or me but just this little space in between. If there's any kind of magic in this world it must be in the attempt of understanding someone, sharing something. I know, it's almost impossible to succeed but who cares really? The answer must be in the attempt Before sunrise
January 15, 2007
به‌خۆدا چوونه‌وه؟ نازانم! ئه‌مشه‌و بیره‌كانی دوو سێ ساڵ پێشی خۆمم كه‌وتۆته‌وه بیر.زۆر شت گۆڕدراون... سڕ بووم! **** " ... تێدا ماوم باسی چی بكه‌م، باسی خۆم؟ باسی تۆ؟ باسی سه‌رده‌مێک كه تێیدا ده‌ژین؟ باسی دووری؟ دابڕان؟ دوو دڵی؟ باسی ئه‌و هه‌ستانه‌ی به ده‌ستی گومان خنكاندران؟ باسی خۆشه‌ویستییه‌كی نائاسایی كه نه‌یتوانی به سه‌ر شته ئاساییه‌كاندا زاڵ بێت؟ بڵێم زۆر ده‌مێكه گۆرانی قژ كاڵی لێو ئاڵ گوێ لێناگرم؟ مرۆڤ مافی خۆیه‌تی ده‌گه‌ڵ بیره‌وه‌رییه‌كانی ده‌سته‌ملان بێت، هه‌ركه‌س بۆ هه‌ڵاتن له چنگ تاڵییه‌كان یان بۆ نه‌شكان له ژێر قورسایی باری ژیان، هانا ده‌باته شتێک، یه‌ک خۆی نوقمی كار ده‌كات، یه‌ک به خواردنه‌وه، یه‌ک به خه‌و، یه‌ک به خوێندنه‌وه، یه‌ک به بێده‌نگی و هه‌ندێ به خۆ گێل كردن خۆ له خه‌م ده‌پارێزن. هه‌ن ئه‌وانه‌ی حاشا له هه‌موو شتێک ده‌كه‌ن و هه‌ن ئه‌وانه‌ی له سه‌ره‌تاوه دڵ ناده‌ن به هیچ و به كه‌س. یه‌كی وه‌ک منیش هه‌ندێ بیره‌وه‌ری خۆی گوڵبژێر ده‌كات و كاوێژی پێده‌كات... دیم ناتوانم كڵافی ئالۆزی بیره‌كانم هه‌ڵكه‌مه‌وه و به‌س باسی یه‌ک شت بكه‌م و ئه‌وانی‌تر بخه‌مه ناو كه‌وانه‌وه. نه‌مزانی باسی ڕۆئیا بكه‌م كه تا ئه‌و په‌ڕی بێ‌كۆتایی بیری ده‌كه‌م یان باسی ئه‌و بێده‌نگییه‌ی كه‌ڕی كردووم. بڵێم چه‌ند حه‌ز ده‌كه‌م بۆ جارێكیش كه بووه ڕامان ببینم و له ئامێزی بگرم یان باسی ڕادین بكه‌م كه ئێستا ئیتر ئه‌وه‌نده گه‌وره بووه كه له باوه‌شی مندا جێی نابێته‌وه... وتم بێم بپرسم بزانم بۆنی به‌هاری شه‌ڵماش چه‌ند كه‌س له ئێوه‌ی شێتی خۆی كردووه؟ قه‌ت ده‌گه‌ڵ ده‌نگی عود نوقم بوون؟ قه‌ت نه‌رمه‌ی گوێی ئه‌وه‌ی خۆشتان ده‌وێ ماچ كردووه؟ هیچ شه‌وێكی هاوین له ژێر ئاسمانی ده‌وه‌شار ڕاكشاون؟ به نیوه‌شه‌و، له ژێر ئاسمانی ڕووت ڕووتی هه‌نده‌ران پیاسه‌تان كردووه؟ بیری كتێبه‌كانی سه‌رده‌می منداڵیتان ده‌كه‌ن؟ وا بووه سێ چوار ڕۆژ بیر له ڕه‌نگی دیواری ماڵی دایکوبابتان بكه‌نه‌وه و هه‌ر وه‌بیرتان نه‌یه‌ته‌وه؟ چه‌ند جار ده‌گه‌ڵ سه‌گ و پشیله خواپێداوه‌كانی هه‌نده‌ران ده‌رده‌دڵتان كردووه؟ چه‌ند جار ئێره‌یتان پێ بردوون؟ وتم بێم بپرسم بزانم به‌رماوی بیره برشاوییه‌كان هێڵه‌نجتان پێدێنێت؟ ڕاستیتان ده‌وێ كه‌مێک ترسام. ژیام خۆ چاوه‌ڕێی كه‌س نامێنێته‌وه، كێ هه‌یه ئه‌مه نه‌زانێت؟ ژیان ده‌گه‌ڵ بیره‌وه‌رییه‌كان هه‌ندێ جار یانی ڕۆچوون، ژیان ده‌گه‌ڵ یاده كۆنه‌كان هه‌ندێ جار یانی وه‌ستان. دیم كات تێده‌په‌ڕێت و من له كۆڵانی ڕابردووم ده‌گه‌ڵ بیره ژه‌نگاوییه‌كان ده‌خوولێمه‌وه و به هیچكوێ ناگه‌م. دیم هه‌ر له باوه‌شی خه‌وێنک ڕا بازده‌ده‌مه كۆشی خه‌یاڵێک. ده‌ست له داوێنی خه‌مێک به‌رده‌ده‌م و خۆ به داوێنی تیتۆڵ تیتۆڵ كراوی تاسه‌یه‌ک هه‌ڵده‌واسم، دیم له ناو ڕابردوویه‌ک كه ئیتر هیچم پێنابه‌خشێت، له ناو بازنه‌یه‌كی داخراو، به ده‌وری خۆمدا- نا ئه‌وه ڕاست نه‌بوو- به ده‌وری ئه‌و شته‌ی بۆ خۆمم ساز كردووه، ده‌سووڕێمه‌وه... نازانم چۆنه به‌ڵام، ململانی كردن ده‌گه‌ڵ بیره ئاڵۆزه‌كانم هه‌میشه وه‌بیرم دێنێته‌وه كاتی ڕۆیشتنه، كاتی دوور بوونه‌وه، له خۆم، له خۆت، له خۆیان. له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی هه‌ن به‌ڵام هی من نین، له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی لێره‌ن، به‌ڵام بۆ من نین. له لای منن، به‌ڵام ئارامم ناكه‌نه‌وه. دوور بوونه‌وه له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی وه‌ک سێبه‌رێكی قورس یان له پێشما ده‌ڕۆن یان به‌دوومه‌وه‌ن. دوور بوونه‌وه له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی قه‌ت پێیان ناگه‌م یان لێیان تێناگه‌م. ده‌زانی من ڕه‌نگه نه‌توانم به جوانی بۆت باس بكه‌م چ هه‌ستێكم هه‌یه! یان ڕه‌نگه ده‌بوایه زانیبام كه ژن نابێ باسی هه‌ست بكات، كه‌چی لێره دانیشتووم و به‌ته‌مام له سه‌ر هه‌ستی خۆم بدوێم. ئه‌وه‌ش نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی "خۆم" زۆر گرنگه و هه‌موو حه‌ز له بیستنی هه‌واڵی ژیانی ده‌كه‌ن، نا، باسی خۆم ده‌كه‌م چونكه خۆم ته‌نیا كه‌سێكه ده‌وێرم باسی بكه‌م، چونكه "خۆم" ته‌نیا كه‌سێكه، جار نا، كه به‌رۆكم ده‌گرێ و شه‌ڕم ده‌گه‌ڵ ده‌كات ده‌زانم چی له گیانم ده‌وێ و ته‌نیا كه‌سێكه كه ده‌وێرم و ده‌توانم به‌رامبه‌ری ڕووت ببمه‌وه و به دوای له‌ت و په‌ته‌كانی ڕوحه له‌ت و په‌ته‌كه‌م دا بگه‌ڕێم! ڕاستی ئه‌وه‌یه، هه‌ندێ جار نازانم كێم، نازانم به‌ره‌و كوێ به‌ڕێوه‌م. هه‌ندێ جار نازانم ده‌نگی خۆم له كوێ به جێ هێشتووه، هه‌ندێ جار ده‌نگی خۆم هه‌ر ناناسمه‌وه. به خۆم ده‌ڵێم، ده‌ی كچی باش، چۆن ده‌توانی بیر له گه‌یشتن بكه‌یه‌وه كاتێ نازانی به‌ره‌و كوێ به‌ڕێوه‌ی؟ چۆن ده‌توانی بزانی كام ڕێگه ببڕی كاتێ نازانی چیت ده‌وێ؟ چۆن ده‌توانی بزانی چیت ده‌وێ كاتێ هێشتا خۆت نه‌ناسیوه! ... "خۆناسین" ، ئه‌م بیره ده‌مترسێنێت! ئه‌و وشه‌یه پڕه له نه‌هێنی! کێ ده‌ڵێ من، له‌یلا، به‌رگه‌ی ئه‌و نه‌هێنیانه ده‌گه‌رم که به خۆناسین ئاشکرا ده‌بن؟ ئه‌و نه‌هێنیانه‌ی دوای ده‌رکه‌وتنیان تازه به هیچ حه‌شارنادرێنه‌وه! جارنا بیرده‌که‌مه‌وه بریا وا بایه. بریا "خۆناسین" هه‌مان چه‌ند دڵۆپه خوێنی ته‌مه‌نی یانزده ساڵی بوایه که هه‌موو ژان و ترسه‌که‌ی به قسه‌ی خوشکه گه‌وره‌که‌ت کاڵ ده‌بووه که پێی ده‌گووتی" ترسی ناوێ، خۆت ناسیوه!" ... خۆناسین ژانی زۆره! ویستی خۆناسینیش! هه‌ندێ جار بیر ده‌كه‌مه‌وه تا به شتێک نه‌گه‌ی نازانی ئه‌و شته هه‌مان شت بوو كه ته‌واوی ژیانت چاوه‌ڕێی بووی، ناخۆشتر ئه‌وكاتانه‌ن كه تا شتێک له كیس نه‌ده‌ی نازانی ئه‌وه هه‌مان شت بوو كه به ئاواتی بووی و هه‌روا به ئاسانی له ده‌ستت داوه! به‌س یه‌ک شت له سه‌رخۆم ده‌زانم، هه‌میشه زۆرم ویستووه، یانی زۆرتر له‌و شته‌ی ته‌قدیر یان چاره‌نووس، خوا یان شه‌یتان بۆیان دیاری كردووم. باڵ و په‌ڕم ئه‌گه نییه خۆ خیاڵی فڕینم هه‌میشه بووه، كه‌ی ده‌توانم به مانه‌وه له لای گۆمێكی مه‌ندی ناوچاوان گرژ ڕازی بم كاتێ خه‌یاڵی ده‌ریام كه‌وتۆته سه‌ر... ئه‌و بیرانه زه‌ینم ده‌كه‌ن به مه‌یدانی شه‌ڕی خۆیان و من ده‌كه‌ومه ناو گێژاوێكه‌وه. له خۆم ده‌پرسم ئه‌گه مرۆڤ پێش له دایک بوونی زانیبای دونیا ئاوایه، چه‌ند كه‌س حه‌زی ده‌كرد هێشتا هه‌ر له دایک بێت؟ كاتی وایه "خۆم" به‌رۆكم ده‌گرێ و پێم ده‌ڵێ "هۆۆۆۆۆ كچه شێته‌كه دونیا وا له خۆت سه‌خت مه‌گره!" و هه‌ر كاتی واشه حه‌ز ده‌كه‌م به‌رۆكی "خۆم" بگرم و هه‌موو ناحه‌زییه‌كانی ئه‌و دونیا ناحه‌زه‌ی وه‌بیر بێنمه‌وه. که‌چی زۆرجار دڵم نایه، زۆر جار لێی ده‌گه‌رێم ده‌ستم بگرێ و بمگه‌رێنێته‌وه ئه‌مڕۆ و منیش وه‌ک هه‌موومان، ڕێک وه‌ک هه‌موومان، خۆم له پشت ماسكه‌که‌مدا حه‌شار ده‌ده‌م و شانم هه‌ڵده‌خه‌مه‌وه، نه ده‌بینم و نه ده‌بیستم، خۆ ده‌سپێرمه ده‌ستی چاره‌نووس، هه‌ر ئه‌و چاره‌نووسه‌ی قه‌ت باوه‌ڕم پێی نه‌بووه. دوای ده‌كه‌ومه بیر كردنه‌وه له‌و كوڕه‌ی خۆشمده‌ویست و قه‌ت نه‌مزانی خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی كه‌ی و چۆن ده‌ستی پێكرد. به‌س له بیرمه یه‌كه‌مجار، شه‌و هێنده درێژ بووه ئه‌وی ده‌گه‌ڵ خۆی هێنا. بارانێكی نه‌رم ده‌باری. مه‌ودای نێوانمان دوو ده‌رگای داخراو بوو و ده‌وروپشتمان پڕ له ڕێبواری ماندوو، ئه‌ویش ڕێگه‌یه‌كی دووری بڕیبوو تا بگاته لام. ده‌رگاكان كه كرانه‌وه، من تا نیوه‌ی ڕێگه ڕۆیشتم ئه‌ویش نیوه‌كه‌ی تری بڕی... خۆم له ڕوانینیدا دیته‌وه و له باوه‌شیدا ون بووم، تارای تارمایی نێوانمان به یه‌كه‌م ماچ لادرا... جوان له بیرمه هه‌ستم كرد ته‌واوی ژیانم ئه‌و كوڕه‌م خۆش ویستووه. دوای ئه‌و شه‌وه، دوو جاری تریش باران ته‌ڕی كردین و من بۆنم به سنگییه‌وه كرد. خۆشه‌ویستی هه‌ستێكی سه‌یره، وه‌نێ؟ كه‌ی دێت و چۆن خۆ ده‌نوێنێ، خۆی نه‌هێنییه‌كه، قورسی باری خۆشویستنی كه‌سێک له‌وه دایه كه ناتوانی به وشه بیدركێنی، هه‌ر چۆنێكی باس بكه‌ی هه‌ر هه‌ست ده‌كه‌ی ناته‌واوه ، جوانی هه‌ستی خۆشه‌ویستی به‌ڵام ئه‌وه‌یه هه‌ركه‌س ئه‌زمۆنی تایبه‌ت به خۆی لێی هه‌یه... هه‌ر چۆنێک بێت، بۆ كه‌سێک كه خۆشت ده‌وێت جگه له ژیان چ ده‌توانی به ئاوات بخوازی؟ نه‌دیتن یان نه‌بیستنی ئه‌وه‌ی خۆشت ده‌وێ قه‌ت به مانای كاڵ بوونه‌وه‌ی ئه‌و له ژیاندا نییه، ئه‌و هه‌ر هه‌یه، هه‌ر ده‌بێ، هه‌موو ڕۆژێ ده‌گه‌ڵ خۆت ده‌ست پێده‌كرێته‌وه و دووپات ده‌بێته‌وه... خۆشه‌ویستی و مه‌ستی- به ڕای من- زۆر له یه‌ک ده‌چن. هه‌ر دوو هه‌ستێكن چاوه‌ڕێیان ده‌كه‌ی بێن، ده‌گه‌نێ، ده‌تگرن و ده‌گه‌ڵ خۆیان ده‌تبه‌ن. به‌س مه‌ستی ورده ورده به‌رت ده‌دات، خۆشه‌ویستی ئارام ئارام داگیرت ده‌كات! ئاخ، به‌ڵام چ حه‌یفه هه‌ندێ جار ده‌بین به پاسه‌وانی گۆپاڵ به‌ده‌ستی په‌یوه‌ندییه‌كانمان. چ حه‌یفه هه‌ندێ جار په‌یوه‌ندییه‌كانمان پڕن ترس! بیرده‌كه‌مه‌وه په‌یوه‌ندییه‌ک كه تێكه‌ڵاوی ترسه، ترسی ته‌واو بوون و ترسی له كیس چوون و به ته‌ما بیت به هه‌زار قفل و قه‌رازه، ڕایگری، وه‌ک كۆشكێک له لم ساز كرابێ، وایه، به نه‌رمه شه‌پۆلێک تێكده‌روخێ و قه‌ت، بۆ چركه‌یه‌كیش ئارامیت پێنابه‌خشێ. له‌وێ كه هه‌ستت كرد ده‌بێ خۆشه‌ویسته‌كه‌ت تاقی كه‌یه‌وه، گومان هه‌یه و گومان هه‌میشه په‌ڵه ده‌خاته سه‌ر ئاوێنه‌ی هه‌ست. باوه‌ڕ كه هه‌بێ، تاقی كردنه‌وه كه‌ی مانای ده‌بێت؟ خۆ زۆر باشه شانێک هه‌بێت بتوانی سه‌ری له سه‌ر دانێی و ماندوویی ده‌ركه‌یی، به‌ڵام سه‌ڵا له‌و ڕۆژه‌ی له بیر بكه‌ین خۆشمان ده‌بێت، جارنا، سه‌رێكی ماندوو له سه‌ر شانمان ڕاگرین بحه‌سێته‌وه ... به‌ڕاست ویستنی شته‌كان له كوێڕا ده‌ست پێده‌كات؟ ده‌توانێت جوانی و ناحه‌زی شته‌كان له ڕوانینی ئێمه‌دا بێت؟ شته‌كانمان خۆش ده‌وێن چونكه جوانن؟ یان جوانن چونكه ئێمه خۆشمان ده‌وێن؟ ئه‌گه خۆشه‌وستی ئه‌وه‌نده به هێزه كه پێمان وایه، ده‌توانین شته ناحه‌زه‌كانمان خۆشبوێت؟ ده‌توانین كه‌سێک خراپه‌مان ده‌گه‌ڵ ده‌كات خۆشبوێت؟ ده‌توانین پێوانه‌كانی باشی و خراپی هه‌ڵوه‌شێنینه‌وه و مرۆڤه‌كان، شته‌كان و هه‌سته‌كان به ناوی باش و خراپ له یه‌ک‌جیانه‌كه‌ینه‌وه؟ ده‌توانین كه‌سێكمان هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی كه هه‌یه خۆشبوێت؟ ویستن، وێرانی ده‌وێت، باوه‌ڕ‌ده‌كه‌ی؟ هه‌ندێ جار له ویسته‌كانماندا ده‌توانین تووشی هه‌ڵه بین، به‌ڵام ترس له هه‌ڵه كردن، ده‌توانێ هۆیه‌كی باش بێ بۆ نه‌ویستن؟ ده‌زانی من له یه‌ک شت دڵنیام، "نه‌ویستن" هه‌میشه هه‌ڵه‌یه. كه‌سێک كه بۆ گه‌یشتن به ویسته‌كانی هه‌وڵ ده‌دات، له‌وانه‌یه هه‌ندێ جار ماندوو بێ، چۆک دابدات، له‌وانه‌یه بدۆڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هیچی ناوێ، ئیتر هه‌وڵدانێکی نییه، هه‌میشه و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه چۆکی داداوه، هه‌میشه و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دۆڕاوه. تێگه‌یشتن له مرۆڤه‌كان ئاسان نییه. سه‌رده‌مێک بوو ئه‌و وته‌یه‌ی "ئۆریانا فالاچی"م باوه‌ڕكردبوو كه ده‌ڵێ "مرۆڤه‌كان كاتی سه‌ختی و چه‌ڵه‌مه‌ی ژیان په‌ست ده‌بن و به نه‌مانی سه‌ختییه‌كان، ده‌بنه‌وه مرۆڤ"، ئێستا به‌ڵام ئیتر باوه‌ڕم به‌و قسه‌یه نییه. یانی ئیتر باوه‌ڕم به باشی و خراپی و په‌ستی نه‌ماوه. مرۆڤ هه‌ر ئه‌و شته‌یه كه هه‌یه. باوه‌ڕ‌ناكه‌م مرۆڤه‌كان بگۆڕدرێن. نا، ناگۆڕدرێن، به‌ڵكوو له هه‌وراز و نشیوه‌كانی ڕێگه‌ی به‌ر پێیان، خۆیان ده‌بیننه‌وه. له‌ت و په‌ته ونه‌كانی خۆیان لێره و له‌وێ، به شێوه و له شوێنی جیاواز ده‌دۆزنه‌وه و ورده ورده ده‌بن به خۆیان. من خۆم دیاره نازانم تا كوێی ڕێگه‌ی به‌ر پێم بڕیوه. هه‌ندێ جار ده‌كه‌ومه گێژاوێک و سه‌رم سووڕ ده‌مێنێ. هه‌ندێ جار پێموایه گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و شوێنێه‌ی كه به ته‌مای بووم، زۆری پێناچێت ده‌زانم وانییه، زۆری پێ ناچێت ده‌بینم نازانم بۆ لێره‌م یان ده‌مه‌وێ له كوێ بم! من هێشتا نازانم ده‌مه‌وێ چۆن بم كه ئێستا وا نیم، یان چۆن نه‌بم كه ئێستا وام. ئه‌رێ به‌ڕاست کامیان گرنگترن؟ ئیمان یان ڕاسته‌قینه‌كان؟ تۆ ئه‌گه ڕۆژێک بۆت ده‌ركه‌وێ ئه‌وه‌ی ئیمانت پێی هه‌بوو ڕاست نییه، چ ده‌كه‌ی؟ ئه‌گه‌ر ڕۆژێک دیواری ئیمانت لێ بڕۆخێت، پاڵ به چییه‌وه ده‌ده‌ی؟ گومان به چی سه‌ر ده‌بڕی؟ ترسه‌كانت له كوێ ده‌نێژی؟ ئاخ، به‌ڕاست چه‌ند كه‌سیتر وه‌ک من هه‌ن؟ چه‌ند كه‌سیتر هه‌ن وه‌ک من بیر له ده‌نگه‌كان ده‌كه‌نه‌وه؟ له باوه‌ڕه بێ‌ڕه‌نگه‌كان، له‌و به‌ڵێنییانه‌ی به‌ره‌و هیچكوێمان ده‌بن؟ شتێک بڵێم؟ من نازانم كه‌ی گه‌وره بووم! نازانم كه‌ی بوو یان چی بوو وای كرد خه‌ون و ئاواته‌کان له کۆتایی کۆڵانێکی بن به‌ستدا دانێم و بڕۆم! ڕۆژێک دیم نه‌مان! نازانم ئه‌و ڕۆژه بوو كه دایكم نه‌یهێشت چیتر ده‌گه‌ڵ كه‌ماڵ و كوڕه‌كانی گه‌ره‌ک یاری فوتبۆل بكه‌م یان ئه‌و ئێواره‌یه‌ی ویستم له به‌رزاییه‌ک بازده‌م سه‌یزاده‌ی هاوسێمان قیژاندی نااااا، نه‌كه‌ی كچێ له‌یـــــــــــلا، نه‌كه‌ی، بۆت باش نییه! نازانم كه‌ی بوو له ترسی داهاتوو ئه‌ژنۆم له‌رزی؟ ئه‌وانه ڕه‌نگه گرنگ نه‌بن، نازانم! سه‌رده‌مێک بوو له دیواری ڕاست وه‌سه‌ر ده‌كه‌وتم و له هیچ و كه‌س، نه‌ده‌ترسام. ماوه‌یه‌ک تووشی شه‌ڕی دیتنه‌وه‌ی ماناكان بووم. به دوای دیتنه‌وه‌ی خودایه‌ک كه ئیمانی پێ بێنم، بۆ دیتنه‌وه‌ی باوه‌ڕێک كه په‌نجه‌ی لێ قایم كه‌م، له هه‌موو ده‌رگایه‌كم ده‌دا. نوێژم ده‌كرد. زه‌مانێكیش هات یاغی بووم و ده‌مگوت مه‌رج ئیمانه و بـــــۆ نوێژه‌كانم، به بێ به‌ڕماڵ و بێ ده‌ست نوێژ، بێ ئه‌وه‌ی ڕوو له هیچ قیبله‌یه‌ک بكه‌م، ئایه‌کانم سه‌رله نوێ نووسییه‌وه. ڕۆژگارێک هات باوه‌ڕم به عه‌قڵ هێنا و دواتر ته‌نیا پێوانه‌م بۆ هه‌موو شتێک هه‌ستم بوو ... به پێی عه‌قڵ، شته‌كان ڕه‌ش یان سپین. مه‌ودای نێوان مرۆڤ و ژیان به "واده‌بێ" و "وانابێ" پڕ ده‌بێته‌وه. به پێی عه‌قڵ چوارچێوه‌كانی زۆر شت ته‌سک ده‌بنه‌وه و پێش ناسینیان لاده‌درێن. هه‌ست به‌ڵام كه‌مێک جیاواز بوو. هه‌ست سنووره‌كانی كه‌مێک ده‌كشانده‌وه دواتر، شته‌كان له چوارچێوه په‌سه‌ندكراوه‌كانی باشه و خراپه دێنه ده‌ر و هه‌ندێ پێوانه تازه ساز ده‌بن و ماناكان به شێوه‌یه‌كی تازه خۆ ده‌نوێنن.... به‌ڵام خۆ هیچ شتێک تا سه‌ر وه‌ک خۆی نامێنێت، ده‌مێنێت؟ ته‌نانه‌ت هه‌ستیش! چیرۆكه‌كان ده‌نووسرێن تا ته‌واو بن. هه‌موو چیرۆكێک، ڕۆژێک، له شوێنێک، به شێوه‌یه‌ک ته‌واو ده‌بێت. ڕه‌نگه باشتر بێ كه گه‌یشتینه كۆتایی چیرۆكێک، كتێبه‌كه داخه‌ین و نوقمی ئه‌و چركانه بین كه بۆمان به جێ ماون و چێژیان لێ ببینین. دواتر ... زۆر دواتر ده‌توانین بگه‌رێینه‌وه بۆ دواوه، له ناو بیره كۆنه‌كان و بیره به جێ ماوه‌كاندا كه‌مێک بخولێینه‌وه، هه‌ر چركه‌یه‌ک و به‌س... ئاخر بیر بكه‌وه، خۆ هه‌ڵواسین به داوی ڕیشاڵ ڕیشاڵ بووی بیرێكی كۆن چ سوودێكی ده‌توانێ هه‌بێ؟ من پێت ده‌ڵێم: هیچ! دابڕان ئاسان نییه، باوه‌ڕ بكه ئه‌وه‌ی باش ده‌زانم! زۆر شت له دابڕان ڕا ده‌ست پێده‌كه‌ن. دابڕان، دوور كه‌وتنه‌وه، ته‌نیا مانه‌وه! وه‌ک ئه‌و كاته‌ی -بێ‌ویستی خۆمان- له دایک ده‌بین و پیرێژنێكی كه نایناسین و نامانناسێ، دێت ناوكمان ده‌بڕێ و مستێک له پشتمان ده‌دات و ئێمه‌ش بێ‌خه‌به‌ر له هه‌موو شتێک، دوای نۆمانگ و كه‌مێک، له شوێنه گه‌رم و نه‌رم و خۆشه‌كه‌ی خۆمان داده‌بڕێین و ده‌بین به خۆمان، ته‌نیا خۆمان! جا نازانم ترسی هاتنه ناو دونیایه‌کی نامۆیه یان ژانی جیابوونه‌وه، كه ئێستا هیچ نه‌بووه، ده‌ست ده‌كه‌ینه گریان و وه‌ک بڵێی گرووی باوه‌شی دایکمان ده‌گرین... ده‌بینی ژیان به گریان، به ترس، ده‌ست پێده‌کات! ڕاسته، دابڕان هه‌ر ده‌بێت. دابڕان، شكان، كه‌وتن، هه‌موو به‌شێک له ڕاسته‌قینه‌كانی ژیانن و ناكرێ خۆیان لێ بشارینه‌وه. ڕووداوه سه‌یر و سه‌ر سوورهێنه‌ره‌كانیش ته‌نیا هی ناو چیرۆكه‌كان نین. وا نییه هه‌رله‌وانی تر بقه‌ومێت! هه‌موومان، ئه‌مڕۆ و سپێی، دره‌نگ یا زوو، ده‌توانین چاو بكه‌ینه‌وه و خۆمان له ناو گه‌رده‌لوولی ڕووداوێكی سه‌یر و نامۆدا ببینینه‌وه. ئه‌وانه هیچی سه‌یر نییه. سه‌یر ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه شته‌كان، ئه‌گه لێیان ورد بینه‌وه، زۆر ساكارتر له‌وه‌ن كه پێمان وابوو یان پێمان وایه. باوه‌ڕ ده‌كه‌م ترسه شته‌كان له به‌ر چاومان گه‌وره‌تر و به‌سامتر ده‌كاته‌وه! هه‌موومان- كه‌م تا زۆر- به ترسه‌وه ده‌ژین! ئاخر ترساندوویانین. له خۆمان، له ناوخۆماندا، ته‌نانه‌ت له سێبه‌ری خۆشمان ترساوین. ڕاهاتووین ته‌نیا له ژێر ماسكه‌وه بتوانین هه‌ست به ئارامی بكه‌ین! ئه‌ویش نه‌ک به ته‌واوی ها. نا، سێبه‌ری ترسێک هه‌میشه به‌دوامانه‌وه. ترسی ئه‌وه‌ی نه‌كا له ناكاو، ماسكه‌كه‌مان داكه‌وێت، لادرێت و بناسرێینه‌وه. ترسی ئه‌وه‌ی نه‌كا "خۆی" خۆمان ده‌ركه‌وێت. ڕاهاتووین خۆمان نه‌بین، خۆبوونمان هه‌میشه تاوان بووه. بیر ده‌که‌مه‌وه ده‌ی تاكه‌ی ده‌توانین خۆمان نه‌بین، تا كه‌ی ده‌توانین ناومان له ژێر باوه‌ڕه‌كانمان بسڕینه‌وه، تا كه‌ی ده‌بێ بیری باب و باپیرانمان به میرات پێ بگات! بیرده‌كه‌مه‌وه كه‌ی ڕه‌وایه به ماسكه‌وه ژیان؟ كه‌ی ڕه‌وایه قه‌ت نه‌وێری به ده‌نگی به‌رز بیر بكه‌یه‌وه؟ سه‌یر ڕه‌نگه ئه‌وه بێت كه زۆرجار، ئه‌و شته‌ی لێی ده‌ترسێین، ڕاست ئه‌و شته‌یه كه به ئاواتی ده‌خوازین. به‌ڵام ناوێرین هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵگرین. هه‌نگاو هه‌ڵگرتن و هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به‌و ئاواته‌ی سێبه‌ری ترسی له سه‌ره، كاری هه‌موو كه‌س نییه. ترس له هه‌ڵه كردن، هێزی هه‌وڵدان له‌ناو ده‌بات. بیرم ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ده‌بوایه سه‌رده‌می تاقیكردنه‌وه و فێربوون و ته‌جره‌به وه‌رگرتن بوایه و بۆ ئێمه وانه‌بوو! ڕێگه‌یه‌ک ده‌ڕۆیشتین، به هیچ ده‌گه‌یشتین، به‌ڵام بۆمان نه‌بوو بگه‌ڕێینه‌وه، ده‌رفه‌تی هه‌ڵه‌كردنمان نه‌بوو ئاخر، ده‌رفه‌تی هه‌ڵه‌كردنیان پێنه‌ده‌داین. هه‌ڵه‌كان نه‌ده‌بوون به ئه‌زمۆن و ته‌جره‌به‌ی ژیانمان، ده‌بوون به نه‌گبه‌تی و به‌رۆكیان ده‌گرتین. ناچار بووین ده‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌كانی ژیانمان بژین. ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه نه‌بوو. كه هه‌ڵه‌یه‌كت كرد، ده‌بێت به ئاگره‌كه‌یه‌وه بسووتێیت! هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ک ده‌بێت به مۆرێک و له ناوچاومان ده‌درێت. هه‌ڵه‌كانمان نابن به ئه‌زمۆنێک كه دواتر له ژیانمانا به‌كاری بێنین.... هه‌ڵه كردن، وێرانی ده‌وێت، باوه‌ڕ ده‌كه‌ی؟ زۆرجار له خۆم ده‌پرسم چه‌ند كه‌س له ئێمه خۆمانین نه‌ک ئاواته وه‌دی نه‌هاتووه‌كانی دایكوبابمان؟ چه‌ند كه‌س له ئێمه ژیانی خۆمان ده‌ژین، نه‌ک ئه‌و ژیانه‌ی ئه‌وانی تر بۆمان به ئاوات ده‌خوازن؟ من ئێستاش هه‌ر له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م له ژیاندا تا هه‌ڵه نه‌كه‌ین خۆمان و شته‌كان ناناسین؟ من ئێستاش باوه‌ڕم ئه‌وه‌یه خۆناسین ژانی زۆره! من ده‌ڵێم تاقیكردنه‌وه و هه‌ڵه‌كردن مه‌رجه بۆ خۆ ناسین و خۆناسین یانی دۆزینه‌وه‌ی له‌ت و په‌ته ونه‌كای خۆمان... ده‌زانی هه‌ندێ جار بێده‌نگی زۆر قورس‌تر له‌و شته‌یه مرۆڤ به‌رگه‌ی بگرێت. بێده‌نگی، هه‌ندێ جار، خۆی زمان ده‌كاته‌وه، بێده‌نگی، زۆرجار، دڵی زۆر پڕه، هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی مرۆڤ نایكات، بێده‌نگی له خۆیدا حه‌شاری ده‌دات! بێده‌نگی كه وه‌ده‌نگ دێت هه‌ندێ جار تاڵه و هه‌ندێ جار سوێر! له منداڵێكی لاساری دڵناسک ده‌چێت، گروو ده‌گرێ و -وه‌ک ئه‌مڕۆ- سه‌ر به هه‌موو قوژبنێكدا ده‌كات و له‌تێک لێره و له‌تێک له‌وێ تێكه‌ڵی خۆی ده‌كات... به‌س جار هه‌یه ده‌بێ له بێده‌نگی بترسێین. بترسێین له‌وه‌ی نه‌كا ڕۆژێک قوتمان بدات، تێیدا بتوێینه‌وه. بترسێین له‌وه‌ی خوو به بێده‌نگی بگرین! بێده‌نگی مه‌وداكان درێژ ده‌كاته‌وه، له یه‌كترینمان دوور ده‌خاته‌وه..." ¨
January 13, 2007
every dream,one day,might come true ئه‌و قسه‌كردنانه‌ی درێژده‌بنه‌وه تا به‌ری به‌یانی، كۆمه‌ڵێک ڕووداوی ڕه‌نگاوڕه‌نگی بچووک بچووک، ناوێک، كه هه‌ر چاوده‌كه‌مه‌وه خۆیم وه‌بیر ده‌خاته‌وه، تله‌فوونی ماڵێ زۆر ده‌مێكه ده‌نگی نایه، چاوه‌ڕوانییه‌ک كه بێ ده‌نگ، ورده ورده كاڵ ده‌بێته‌وه، هه‌ندێ بیری ناخۆش كه ئازارم ده‌ده‌ن، زۆر وشه‌ی تازه‌ی خۆش كه خۆشم ده‌وێن، ئه‌وانه‌ی هه‌ر تێناگه‌ن كه نامه‌وێ بیانناسم، خۆزگه‌ی بوونی هاورێیه‌ک بێت پێكه‌وه نه‌قاشی بكێشینه‌وه، چه‌نددانه بڕیاری تازه كه جارێ هه‌ر وه‌ک بڕیار ماونه‌ته‌وه، ئه‌و دڵته‌نگییانه‌ی نازانم چۆن له ده‌رگا و په‌نجه‌ره داخراه‌كان ده‌خزێنه ژوورێ، ئه‌و سه‌رپه‌نجانه‌ی هێشتا سڕن، چه‌نددانه كتێب كه بۆ خوێـندنه‌وه‌یان په‌له‌مه، یه‌ک دوو قه‌ول و قه‌رار ده‌گه‌ڵ كوبی، سه‌رێكی پڕ خه‌یاڵ، دڵێكی پڕ سه‌ودا ... ڕۆژه‌كانم ... ڕۆژگار!
January 10, 2007
1) كابرای دووكاندار ده‌گه‌ڵ مشته‌رییه‌كه‌ی، ژنێكی كورته باڵای ڕه‌شتاڵه، شه‌ڕیان بوو. ژنه‌كه هاواری كرد:" ده‌ست له من به‌رز مه‌كه‌وه خۆ من ژنی تۆ نیم!" 2) چل ڕێـــگه بۆ واز هێنان له گۆرانی و مۆسیقا ... 3) :(
January 8, 2007
ئێواره‌یه‌كی نه زۆر دره‌نگ سواری "پاس" بووین. جێگه‌ی دانیشتن نه‌مابوو و مینی بووسه‌كان ئه‌وه‌نده بچووكن بۆ به پێوه وه‌ستان نابن. من و هاوڕێیه‌ک بووین. من له سه‌ر پلیكانی لای ده‌رگاكه دانیشتم. ڕووبه‌ڕووی جه‌ماعه‌ته‌كه. هاوڕێكه‌م ڕووبه‌ڕووی من. ئاوا كه من دانیشتبووم ژنێک ده‌كه‌وته ته‌نیشتم. دیم سێ چوار جار هه‌ر چاوی لێ كردم و له پڕ گوتی:" ئه‌و زنجیره‌ت هه‌ڵكێشه!" منیش زۆر ئاسایی ده‌ستم بۆ زنجیری شه‌لواره‌كه‌م (پانتۆڵه‌كه‌م) برد پێم وابوو له‌بیرم چووه هه‌ڵیكێشمه‌وه! كه‌چی خانمه‌كه دووپاتی كرده‌وه:"ئه‌و زنجیره‌ت هه‌ڵكێشه، هه‌موو سنگ و مه‌مكت دیاره!"، من چاوێكم له "سنگ و مه‌مكم" كرد، هیچ دیار نه‌بوو. نه قۆڵم رووت بوو و نه یه‌خه‌ی كراسه‌كه‌م كراوه بوو. بۆ یه‌كه‌م جار دوای هاتنه‌وه‌م و بیستنی ئه‌و هه‌موو قسه و ته‌علیقه كه زۆریان توڕه ده‌كردم، به ئارامی به خانمه‌كه‌م گوت:"چیت پێم داوه، بۆخۆم پێم خۆشه!"، خانمه‌که برۆی لێ هه‌ڵاویشتم و به ده‌م دابه‌زین و به توڕه‌ییه‌وه گوتی:" بۆ خۆت پێت خۆشه؟ بۆ خۆت پێت خۆشه؟ ده‌ی ئه‌و كراسه‌شت یه‌كجاری داكه‌نه!". دیسان له‌و په‌ری ئارامییه گوتم:" خه‌مت نه‌بێت، ئه‌گه حه‌زم كرد ئه‌ویش داده‌كه‌نم!" خانمه‌که دابه‌زی. ئێمه‌ش كاری ناوبازارمان ته‌واو بوو و گه‌راینه‌وه ماڵێ. من به‌ڵام ته‌واوی شه‌و حاڵم گیرابوو. ئه‌و ژنه بۆ به مافی خۆی زانی "ده‌رسی ئه‌خلاق" به من بدات؟ چ شتێک ئه‌و مافه به خه‌ڵكی لای ئێمه ده‌دات كه سنووری تاكه‌كه‌س بشكێنن و ڕێز له كه‌سایه‌تی كه‌سی به‌رامبه‌ریان نه‌گرن؟ بۆ هێشتاش له لای ئێمه "ژن"، سنگ و مه‌مكی ژن"، "قاچ و قۆڵی ژن" و هه‌رچی ڕه‌نگ و بۆنی ژنی لێدێت مه‌منووعه و قه‌ده‌غه‌یه و ده‌بێ هه‌موو كه‌س مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت بۆ شاردنه‌وه‌ی، بۆ سڕینه‌وه‌ی بۆ نه‌هێشتنی قۆڵ هه‌ڵماڵێت! چۆنه ژنه‌كانمان هێشتا هه‌ر به مێشک و روانگه‌یه‌كی "پیاوسالارانه" بیر ده‌كه‌نه‌وه و پێیان وایه ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وان باشه و مانای هه‌یه ده‌بێ و ده‌بێ و ده‌بێ بۆ هه‌موو ئه‌وانی تریش باش بێت و مانای هه‌بێت؟ فه‌رقی ئه‌و ژنانه‌ی ئاوا بیرده‌كه‌نه‌وه و ئاوا ژن ده‌شكێننه‌وه ده‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوانه‌ی له سه‌ر شه‌قامه‌كان به قسه و فیته و ده‌ست هێنان بێ ڕێزی به ژن ده‌كه‌ن چییه؟ فه‌رقی ئه‌و ژنه‌ی پێی وایه ئه‌گه پیاو "هه‌ڵه‌یه‌ک بكات" خه‌تای ژنه، ده‌گه‌ڵ پیاوان كه ده‌ڵێن "ژن كرم له خۆیه‌تی" چییه؟ له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاوا قسه له سه‌ر "مافی ژن" ده‌بێ له كوێڕا ده‌ست پێ بكرێت؟ له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاوا كه سه‌ڵماندوویه‌تی پێ گوتن و ڕوونكردنه‌وه و زانیاری ده‌رمانی ده‌ردی نییه، ئاڵوگۆره‌كان ده‌بێ چۆن و له كوێ و به چی ده‌ست پێ بكرێت؟ ئێستا له كوردستان به ده‌یان ڕێكخراوه‌ی ژنان هه‌یه، بۆ مافی ژن ئیش ده‌كه‌ن. ئاسووده و خانزاد ونه‌وا و ... هه‌یه كه ژن حه‌شار ده‌ده‌ن تا له كوشتن و لێدان ڕزگاری بكه‌ن. به‌ڵام ڕوانین و ڕوانگه و بیركردنه‌وه‌ی به‌ڕێوبه‌ره‌كانی ئه‌و ڕێكخراوانه چۆنه؟ ژن چۆن ده‌بینن؟ به چ پێوانه‌یه‌ک هه‌ڵیده‌سه‌نگێنن؟ چۆنه به‌ڕێوبه‌ری ڕێكخراوه‌یه‌كی ئاوا به ژنێكی هانای بۆ بردوون ده‌ڵێت "خه‌تای خۆته!"، پێی ده‌لێت " قه‌حبه"، پێی ده‌لێت "بگه‌ڕێوه له به‌ر منداڵه‌كانت!" ... بڵێی ده‌وری ئه‌و ڕێكخراوانه چه‌نده بووه كه هه‌ڵومه‌رجه‌كه هه‌ر وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه؟ یان لانی كه‌م گۆڕانكارییه‌كان ئه‌وه‌نده كه‌م و كاڵ بوون كه هه‌ستیان پێ ناكردرێت؟ چۆنه كه‌س بیر له گۆڕینی بنه‌مای بیركردنه‌وه‌ی ژن و پیاوی كۆمه‌ڵگه ناكاته‌وه. فێری قسه‌ی زل و زه‌به‌ح بووین. ده‌ڵێین پیاوسالاری و له بیرمان ده‌چێته‌وه كه ئه‌وه شێوازێكی بیركردنه‌وه‌یه و ژنانیش ده‌گرێته‌وه. كه ئه‌وه سیستمێكی دارێشتراوی كۆمه‌لایه‌تییه و ژنیشی پێ په‌روه‌رده كراوه ... ئه‌وه پاساو هێنانه‌وه بۆ ڕووتی و ڕووت بوونه‌وه نییه. من مافی ژن له ڕووتی و ڕووت بوونه‌وه نازانم. چونكه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری كاته‌كان، ژن كه ڕووتیش بۆته‌وه، بۆ خۆشی و ویستی و دامركاندنی حه‌زی پیاوان ڕووت كراوه‌ته‌وه! من ده‌ڵێم ئه‌و به‌ستنه‌وه و كۆیله كردنی ژنه به ده‌ست ژنان و پیاوانه كه من ئازار ده‌دات. ئه‌وه كه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ژن پێش ئه‌وه‌ی مرۆڤ بێت ژنه و به هۆی ژنبوونی له كۆمه‌لێک مافی مرۆڤانه‌ی خۆی بێ به‌ش كراوه ...
January 7, 2007
كورده‌واری ئه‌ی وڵاته جوانه‌كه‌م (4) قادرمه قۆنده‌ره قه‌مسه‌ڵه قه‌میس سه‌مۆنی ئۆتۆماتیک! ته‌قریری تووبی! ------------ خه‌یار: من له گۆشه‌یه‌ک دانیشتبووم گوێم ده‌دانێ. دوو سێ كه‌س له‌ولاتر قسه‌یان له سه‌ر كات و شوێنی سێمینارێک ده‌كرد. له‌پڕ یه‌كیان گووتی ئێمه دوو خه‌یارمان هه‌یه ...! من سه‌رم سووڕما. بیرم كرده‌وه ئێ خه‌یار، چ په‌یوه‌ندییه‌كی به سێمیناره‌كه‌وه هه‌یه. به‌رێزیان گووتی دوو خه‌یار و درێژه‌ی به قسه‌كانی دا و من هه‌رچاوه‌ڕێ بووم بزانم ئه‌و دوو خه‌یاره له كوێرا هاتن و چیان به سه‌ر دێت. بڕیاردراو و خه‌ڵكه‌كه بڵاوه‌یان كرده‌وه و خه‌یاره‌كان بێ سه‌روشوێن چوون ... مه‌ڵێ " دوو خه‌یارمان هه‌یه" به كوردی په‌تی یانی (We Have Two Options)
January 6, 2007
Turtles Can Fly چه‌ند ڕۆژ پێش چووم بۆ لای ئه‌سرین. پارچه مۆسیقایه‌كی دانابوو دڵمی یه‌کجێ برد. باوه‌ڕ ده‌كه‌م هه‌زار و چه‌ند جارم گوێ داوه‌تێ. ئه‌سرین ئێستا ئه‌م لینکه‌ی داناوه كه ئالبۆمی ئاهه‌نگه‌كانی "كیسه‌ڵه‌كانیش ده‌توانن بفڕن"-ه. حه‌یفم هات ئێوه‌ش نه‌یبیستن!
January 3, 2007
برسد به دست گیرنده: به پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌كی له خۆمم بوو، نامه‌كانت ده‌خوێنمه‌وه. یه‌كه‌م نامه‌تم له ژووری ده‌فته‌ری ڕۆژنامه‌ی ڕاسان دیت. ته‌نیا نه‌بووم. چرو و دوو كه‌سی تر دانیشتبوون. له ناو نامه‌كاندا ناوی تۆم دیت. ڕامام! ڕاستیت، پێم وانه‌بوو تۆ بیت، به‌س هه‌ر ناوه‌که به‌س بوو دوو دڵم بكات، بیكه‌مه‌وه یا نا؟ بتخوێنمه‌وه یا نا؟ كردمه‌وه. چه‌ند خه‌ت زۆرتر نه‌بوو. ژانی به‌ڵام زۆر به‌دواوه بوو. تامێكی تاڵ له هه‌ناوم دا ڕشاوه. ده‌زانی، هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ی تێپه‌ڕین من نـــــه ڕقم لێت بووه و نه بیرم لێ كردوویه‌وه! وه‌ک به‌شێكی ناته‌واوی ژیانم له گۆشه‌یه‌كی داندرابووی و خه‌یاڵم نه‌بوو ده‌ستت پێ بكه‌مه‌وه. وا نییه بتوانی ڕابردوو بسڕییه‌وه. تۆش به‌شێک له ڕابردووی من بووی. به‌ڵام خۆ ده‌مـتوانی لێ بگه‌ڕێم ته‌پ و تۆزی تێپه‌ڕبوونی كات داتپۆشێت، نه‌مده‌توانی پێتوایه؟ با، هه‌ر وام كرد. لێتگه‌ڕام له گۆشه‌یه‌كی زه‌ینم كه قه‌ت ڕێم تێنا‌كه‌وه، بمێنییه‌وه. به‌و هیوایه‌ی ڕۆژێک، دره‌نگ یا زوو ئه‌وه‌نده كاڵ بییه‌وه نه‌تناسمه‌وه. نازانم تا كوێی ڕێگه هاتبووم. نازانم ئه‌گه له ده‌رێ به هه‌ڵكه‌وت تووشت ببام چۆن ده‌بووم، چیم ده‌كرد. ئه‌وه‌نده ده‌زانم ڕه‌نگی وه‌نه‌وشه‌ییم كه ده‌دیت ڕووم وه‌رده‌گه‌ڕاند به‌ڵام ئیتر وه‌ک سه‌ره‌تاكان، تاڵ نه‌ده‌بووم. ئه‌وه بۆ من یانی دوور بوونه‌وه. ده‌زانی ته‌واوی ئه‌و ساڵانه من هیچ شتێكی ئه‌م ڕه‌نگه‌م نه‌كڕیوه و ئه‌وانی هه‌مبوون هیچی له به‌رچاوم نه‌ماون! قه‌ت باسم نه‌كردووی. هه‌ستم كردووه هیچ شتێک نییه باسی بكه‌م، یان پێویستم بێت له سه‌رت بیزانم. ته‌نیا چه‌ند جارێک نه‌بێت دڵم بۆ ته‌نیاییه‌كانت سووتاوه! ئه‌و دڵ سووتانه له گه‌وره‌یی من نییه، خراپ تێ مه‌گه! ئه‌و دڵ سووتانه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیشی به تۆوه وه‌ک كه‌س نییه. ته‌نیا و ته‌نیا باوه‌ڕ یا ئاره‌زووی من ئه‌وه‌یه كه كه‌س نابێ ته‌نیا بێت. هه‌موو سه‌رێک ده‌بێ یا خۆزگه شانێكی هه‌بێت جارنا، له سه‌ری وێرانبێت. هه‌موو گیانێكی ماندوو ده‌بێ یا خۆزگه ئامێزێكی هه‌بێت تێیدا ونبێت. ئه‌وه‌م، سه‌ره‌ڕای هه‌موو "ئه‌و ئازارانه‌ی پێت گه‌یاندم"، بۆ تۆش ده‌ویست. ئێستاش پێموایه بۆ زۆر شت زۆر دره‌نگه. ده‌زانی گه‌ڕانه‌وه له ژیاندا هیچ مانایه‌كی نییه. ڕابردوو ئیتر نه هی منه و نه هی تۆ. ئێمه ڕابردووی خۆمان ژیاوین. به‌شه‌كه‌مان له ڕابردوو ئه‌مڕۆ ته‌نیا بیره‌كان و برینه‌كانه. تێده‌گه‌ی؟ بیره‌كان و برینه‌كان! ته‌كلیفی بیره‌وه‌رییه‌كان ڕوونه. ئه‌وانیش ده‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات تێده‌په‌ڕن و شی ده‌بنه‌وه و هیچت پێ نابه‌خشن. ئه‌وه‌ی به دڵنیاییه‌وه ده‌زانم! برینه‌كان به‌ڵام، چۆن بڵێم، هیچ ده‌زانی ژانی برینی كۆن یه‌كجار زۆره؟ هیچ ده‌زانی كولانه‌وه‌ی برینه كۆنه‌كان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه وشک هه‌ڵاتبێن و خۆیان گرتبێته‌وه زۆر تایبه‌ته؟ برینه‌كان به لاسارییه‌كی سه‌یره‌وه ده‌مێننه‌وه و خۆیان وه‌بیر ده‌هێننه‌وه. ئه‌گه هیچ نه‌بێت سێبه‌ری سارد وسڕی بیری ئێواره‌یه‌كی دره‌نگت ده‌خه‌نه‌وه سه‌ر زه‌ین و دڵته‌نگت ده‌كه‌ن، جۆره دڵته‌نگییه‌کی تاڵ. جۆره دڵته‌نگییه‌كی سارد كه سڕت ده‌كات، كه ده‌تته‌زێنێت. لێم تێده‌گه‌ی؟ سه‌ره‌تاكان زۆرم پێویست بوو بزانم بــــــــــۆ؟ قه‌ت تێنه‌گه‌یشتم بۆ وات كرد كه كردت؟ چۆن توانیت ئاوا بی كه بووی؟ ئه‌ویش بۆ من، ئه‌ویش ده‌گه‌ڵ من؟ دواتر و ئێستا ئیتر ئه‌وه‌شم بۆ گرنگ نییه. باوه‌ڕكه بۆم گرنگ نییه! ڕه‌نگه چوونكه ئیتر باوه‌ڕم نه‌ماوه. ده‌زانی، باوه‌ڕم نه‌ماوه! تۆ به‌شێک له ڕابردووی من بووی و من ده‌ستم به ڕابردووم ڕاناگات و ناتوانم ناوت بشۆمه‌وه و بسڕمه‌وه و ئاسه‌وارت نه‌هێڵم و ڕاستی ئه‌وه‌یه هیچ پێویستم به‌و سڕینه‌وه‌ش نییه. چه‌ند شه‌و پێش له وڵامی پرسیاری هاورێیه‌ک، پێم گوتم كه ئه‌گه پێویست بێت مرۆڤه‌كان له پشت سه‌ر داده‌نێم. ده‌زانی چی؟ ئێستا پێم وایه تۆم له پشت سه‌ر داناوه. تۆ و ئه‌و جۆره‌ی بووی و ئه‌و جۆره‌ی كه كردت! له ئێستای تۆدا، له ئه‌مڕۆی تۆدا من ئیتر نیم. به‌س هێشتاش ده‌توانم و ده‌مه‌وێ ئاواتی ئه‌وه‌م بۆت هه‌بێت قه‌ت ته‌نیا نه‌بێت و بۆشاییه‌كانی ڕۆح و ناخت پڕ بێته‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌نده!
January 2, 2007
به "من" ده‌ست پێ ده‌كه‌م و هێشتا نه‌گه‌یشتوومه كۆتایی ڕه‌سته‌كه‌م، هه‌مووی ده‌سڕمه‌وه. دیسان له‌ت له‌تم و هه‌ر له‌ته‌ی سازی خۆی لێده‌دات. وه‌ک بڵێی هه‌ر له‌ته‌م له‌یــــــلایه‌كه و هه‌ر له‌یـــــلایه‌ک له هه‌وای ئاواتێكی نه دوور و نه سه‌یردا ده‌خوولێته‌وه. هه‌موو شتێک باشه. زۆر باش! یانی ئه‌گه بریا و خۆزگه‌ی بوون و نه‌بوون و هاتنه‌وه و وابوون و وانه‌بوونی چركه‌كان، حاشای تاسه‌ی خۆشویستنی و گرتنی ده‌سته‌كانی لێ بگه‌ڕێن، هه‌موو شتێک باشه، زۆر باش! تێناگه‌ن. قه‌ت باسی شین و ڕۆڕۆ نه‌بووه. نه سنگ كوتانه ونه ڕوو ڕنین! باسی توڕه‌ییه یان دڵته‌نگی یان دڵشكان ... یان ڕه‌نگه زۆرتر له هه‌ر شتێکی تر، سه‌رسووڕمان. تێده‌گه‌ن؟ هه‌ر ده‌مگووت بریا فێری قسه‌كردن بباین. هه‌ر ده‌مگووت بریا شه‌وێكی له تاریكی دا بتوانین له ته‌نیشتی یه‌ک دانیشین و هه‌موو شتێكی بۆ باس بكه‌م و هیچ قسه‌یه‌ک به نه‌گوتراوی نه‌هێڵمه‌وه و هه‌موو گرێ پووچكه‌كان بكه‌مه‌وه و خۆم و خۆی ببینمه‌وه و ئه‌و ته‌نیاییه‌ی كه پڕه له ترس و كه پڕه له توڕه‌یی وكه پڕه له هیچ له شوێنێكی كه‌س پێ نه‌زان ون كه‌م و بگه‌ڕێمه‌وه ڕوو و هێنده ڕۆنه‌چم و هێنده نه‌گه‌ڕێم و هێنده چاوه‌ڕێ نه‌بم و دوایی له تاریكی بێینه ده‌رێ و چاوله چاوی یه‌كتر بكه‌ین و هه‌موو شتێكمان له‌بیر بچێته‌وه و تازه قه‌ت قه‌ت نه‌گوتراوه دركاوه‌كان به ڕووی یه‌ک نه‌هێنینه‌وه. هه‌رده‌مگوت بریا فێری قسه‌كردن بباین... (ده‌نووسم "من". ده‌یسڕمه‌وه. ده‌نووسم "تۆ". بۆم ده‌بێت به پرسیار. "تۆ" كێیه؟ ده‌نووسم ماندوو نیم. ده‌نووسم دڵته‌نگ نیم. ده‌نووسم هێشتاش پڕ له گه‌شبینییه‌كی گه‌وجانه‌م. بزه‌م له سه‌ر لێوه. خه‌یاڵم زۆره. هه‌ندێ جار خه‌ون ده‌بینم. زیندووم. ئه‌ی بێ گومان! باوه‌ڕم هێشتا به قاره‌مانی ناو چیرۆكه‌كان هه‌ر هه‌یه، هێشتا وه‌ک ته‌مه‌نی چوارده ساڵیم عاشقیان ده‌بم. ده‌نووسم هێشتا به گه‌شبینییه‌كه‌ی گه‌وجانه باوه‌ڕم به خۆشه‌ویستی، به عاشق بوون له یه‌كه‌م ڕوانیندا هه‌یه. ده‌نووسم هێشتا هیوام به‌م دونیایه هه‌ر ماوه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه مرۆڤه‌كانی ئاوا بن كه هه‌ن. ده‌نووسم شێته‌كانی دونیا كه‌م بوونه‌ته‌وه و دونیا به شێته‌كانه‌وه خۆشتره. ده‌نووسم شێته‌كان ده‌وێرن ئاواتی گه‌وره‌یان هه‌بێت. ده‌نووسم چ حه‌یف شێته‌كانی دوونیا ئه‌وه‌نده كه‌من و ئه‌وه‌نده له یه‌ک دوورن. ده‌بینم نووسیومه گه‌شبینی گه‌وجانه نه‌خۆشییه. ده‌بینم نووسیومه هیوا به‌م دوونیایه كه مرۆڤه‌كانی ئاوان كه هه‌ن، له گۆتره زیندووت ڕاده‌گرێت و له گۆتره بزه‌یه‌كی سڕی كاڵ له سه‌ر گۆشه‌ی چه‌پی لێوت به جێ ده‌هێڵێت.) هه‌موو شتێک جۆرێكی تر بوو. ڕۆژ بوو. له ده‌رێ باران ده‌باری. شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌كان پیس بوو. ژووره‌كه ڕووت بوو. دانیشتم. قسه‌م كرد. هه‌ستامه‌وه. قسه‌م ده‌كرد. دانیشتمه‌وه و هه‌ستام و پاڵم به دیواره سپییه‌كه‌ی به‌رامبه‌ری دا‌و ئه‌ژنۆم له‌رزی. ئیتر نه‌مده‌ناسی! ئه‌و بوو؟ یانی بۆ خۆیه‌تی؟ ئاسمانی ئیساكه‌ند هه‌ر ده‌باری، من ده‌ترسام و ده‌گریام و ئیتر قسه‌كردن له قورسایی باری قسه نه‌گوتراوه‌كانی كه‌م نه‌ده‌كرده‌وه... پێم گوت زۆر ماندووم! هیچ شتێک وه‌ک خۆی نه‌بوو! ئه‌رێ درۆكردن ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌سێک نه‌زانێ یان فێرنه‌بووبێت قسه‌ی ڕاست بكات، فه‌رقی هه‌یه؟ گلێیی نییه. ده‌با هه‌ر ئه‌و كات كه ده‌مانتوانی ماڵئاواییمان كردبا. من نا، خۆ ئه‌و خۆی ده‌یزانی مانه‌وه له مه‌رامی دا نییه. من بریارم دا باوه‌ڕ بكه‌م. نا، من پێویستم بوو باوه‌ڕ بكه‌م. ته‌نانه‌ت ئه‌و كات كه پشتی ده‌ستمی ماچ كرد، كه له ئامێزی گرتم یا ئه‌و كات كه ناوچاوانی ماچ كردم، ئه‌گه‌رچی به‌تاڵ بووم، به‌تاڵ به‌تاڵ به‌تاڵ، به‌ڵام ئه‌و گه‌شبیننیه گه‌وجانه له‌وێش به‌رۆكی هه‌ر به‌رنه‌دام. ئێستا كۆتایی ڕێگه‌یه. خۆی ڕه‌نگه نه‌زانێت یان بۆی گرنگ نه‌بێت، من به‌ڵام ئه‌مشه‌و، هه‌ر ئێستا ماڵئاوایی لێ ده‌كه‌م. گلێیی نه‌بێت! ئه‌گه هات و هه‌واڵی منی له یه‌كتان پرسی پێی بڵێن شه‌وێكی وه‌ک ئه‌مشه‌و پێ گه‌یشت كه گه‌شبینی گه‌وجانه نه‌خۆشییه و هه‌مووی ڕشاوه! هیچ شتێک پێویست ناكات وه‌ک خۆی بمێنێته‌وه! |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|