Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

July 31, 2007



هه‌واڵی ده‌رچوونی حوكمی له داردانی عه‌دنان حه‌سه‌نپور و هیوا بوتیمار له ڕۆژنامه‌كان و كاناله‌كانی تی‌ڤی لێره بڵاوكراوه. گوتیان تاوانی ئه‌و دوو كه‌سه "دوژمنایه‌تی کردن ده‌گه‌ڵ‌ خوایه". من ده‌مێک‌ بوو ده‌مزانی مه‌لاكان خۆیان به نوێنه‌ری خوا له سه‌ر زه‌وی ده‌زانن، به‌ڵام هێشتا تێنه‌گه‌یشتبووم كه كار به‌وێ گه‌یشتووه كه خۆیان به خوا بزانن.

نازانم عه‌دنان و هیوا چییان نووسیوه وچۆنیان نووسیوه كه دژایه‌تی ده‌گه‌ڵ خوای پێوه دیار بووه و ڕاستیت ده‌وێت گرنگیش نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه ئێستا هه‌موومان ڕوون بووینه‌وه كه خوا كێیه، له كوێیه و به چ زمانێک قسه ده‌كات!


******

ناوی سوزانه، پێی د‌‌ڵێن سوزی. ئارامه. شیرینه. گه‌نجه. زۆر گه‌نج. ده‌ڵێ زۆر ده‌ترسم ته‌نیا بمێنمه‌وه. ده‌ڵێ له گۆڕینی ڕوتینه‌كانی ژیانم زۆر ده‌ترسم. ده‌ڵێ هیچ هه‌ستێكم بۆی نه‌ماوه به‌ڵام ناوێرم په‌یوه‌ندییه‌كه‌ ته‌واو بكه‌م. ده‌ڵێ له هه‌رچی گۆڕانكارییه ده‌ترسم. گوێی بۆ ڕاده‌گرم و چاو له چاوه شینه جوانه‌كانی ده‌كه‌م و بیرده‌كه‌مه‌وه ئه‌و ترسه چۆن ده‌توانێت وا به بێده‌نگی بێت كه تا به ته‌واوی داگیرمان نه‌كات به بوونی نازانین. بیرده‌كه‌مه‌وه چی ده‌بێت كه عاده‌ت جێی خۆشه‌ویستی و دڵه‌ كووته‌ ده‌گرێته‌وه؟ حه‌ز ده‌كه‌م پێی بڵێم مه‌ترسه ته‌نیایی خۆشتره له عاده‌ت كه له ناخه‌وه مرۆڤ ده‌توێنێته‌وه...





July 22, 2007



مردم کردستان به روزه سياسي دعوت شدند


به دنبال صدور حکم اعدام براي يک روزنامه نگار کرد و همچنين افزايش فشارها، احضارها و دستگيري ها در کردستان، سازمان دفاع از حقوق بشر کردستان و مرکز چاک از "مردم کردستان، احزاب و نهادهاي سياسي و مدني و فعالان همه عرصه ها" دعوت کردند با مشارکت در يک اعتصاب سراسري در روزهاي سه شنبه، چهار شنبه و پنج شنبه (2، 3 و 4 مرداد) به نقض حقوق بشر در کردستان اعتراض کنند.









منداڵ كوشتن:

حوکمی له داردان بۆ كوڕێكی هه‌فده ساڵه له شاری سنه به تاوانی چوونه ده‌ر ده‌گه‌ڵ هاورێ کچه‌که‌ی!!!





July 16, 2007



ل وه‌ک‌ لینک:


ڕۆژباش به‌ڕۆژ ده‌کرێته‌وه.

......‌

ماڵپه‌ڕێكی جوان بۆ جلی جوانی كوردی. لێـــــــــره

....

بڵاگێک پڕ له لینک له سه‌ر هه‌رچی په‌یوه‌ندی به فه‌رهه‌نگی كورد و كوردستانه‌وه هه‌یه: لێــــــــره


له‌و ناوه‌دا وتووێژی حه‌فته‌نامه‌ی سیروان ده‌گه‌ڵ عه‌باس كه‌مه‌ندی له كیس مه‌ده‌ن.







July 12, 2007



له ماڵپه‌ڕی روانگه به‌ڕێزێک نووسراوه‌یه‌كی كورتی له سه‌ر ژنان نووسیوه و ئاوا ده‌ست پێده‌كات:

""درکم به‌و راستییه‌ کردووه‌، که‌ ژنان و کچان خۆیان ریَگرن بۆ زۆر شت که‌ ئازادییه‌کانی خۆیان پاوان کردووه‌، تا ماوه‌یه‌کی پیَش ئیَستا نکوڵیم له‌و راستییه‌ ده‌کرد، هه‌ر ده‌مویست خۆم ئیقناع بکه‌م که‌ وانییه‌، به‌ڵام شتیَکی به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌ که‌وایه‌ ژنان وکچانی ئه‌م وڵاته‌ خۆیان ریَگرن له‌کۆیله‌کردنی خۆیان"


و له درێژه‌ی قسه‌کانیدا زه‌حمه‌ت ده‌كێشن و چه‌ند نموونه‌یه‌كیش ده‌هێننه‌وه. به‌ڵام من بۆ تێگه‌یشتن له‌م چه‌ند دێڕه و ئه‌و نووسراوه‌یه پێویستم به یارمه‌تی ئێوه هه‌یه. ده‌مه‌وێ بزانی ئه‌و دێڕه یانی چی:

" ژنان و كچانی ئه‌و وڵاته خۆیان ریگرن له كۆیله‌كردنی خۆیان"

ئایا ئه‌مه به‌و مانایه‌ هاتووه كه ژنان و كچان ڕێ به كۆیله‌كردنی خۆیان ناده‌ن و ڕێی لێ ده‌گرن؟ ئایا ڕێگرتن له كۆیله‌كردن ئیشێكی باشه یا ده‌بێت به زوویی فه‌توا له سه‌ر نه‌مانی بدرێت؟ ئایا به‌ڕێزیان گلێی له ژنان و كچانی ئه‌م وڵاته ده‌كه‌ن كه بۆ "ریگرن"؟

پرسیارێكی تر ئه‌وه‌یه به‌ڕێزیان فه‌رموویانه "شتێكی به‌ڵگه نه‌ویسته كه‌وایه ...."،

"به‌ڵگه نه‌ویسته" یانی چی؟ ئایا ئه‌مه به‌و مانایه هاتووه كه چوونكه ئه‌م به‌ڕێزه توانیوێتی خۆی "ئیقناع" بكات، ئیتر ئێمه‌ش كه به‌ هه‌ڵكه‌وت قسه‌كانی ده‌خوێنینه‌وه نابێ به‌ڵگه‌مان لێی بوێت تا بزانین چی به‌م قه‌ناعه‌ته‌ی گه‌یاندوه؟ ئایا كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كرێت به "ئیقناع" بوونی پیاوێک بێ هیچ لێكدانه‌وه و لێ قووڵبنوونه‌وه‌یه‌ک و هێنانه‌وه‌ی به‌ڵگه‌یه‌ک بخرێته به‌ر باس و سه‌رنج؟

به‌ڕێزیان له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌نووسێت:

"بیَگومان ئه‌و کرده‌وانه‌ ره‌وشه‌که‌ به‌ره‌و خراپی ده‌بات که‌ کچان و ژنان خۆیان هۆن له‌پیَش ئازادبوونی خۆیان ..."


یه‌كه‌م پرسیار بۆ من ئه‌وه بوو "كام ئازادی؟" ئایا وه‌ک ژن له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سوننه‌تی و گرێدراوی داب ونه‌ریتی كۆن، ژن هیچ چه‌شنه ئازادییه‌كی شایانی باسی هه‌یه؟ بۆ نموونه ئازادییه‌کی سه‌ره‌تایی و ئاسایی وه‌ک ئازادی بیركردنه‌وه و بڕیاردان؟ له‌و‌ه‌ش دڵته‌زێنتر ئایا له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ‌وه‌ک كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری ئێمه هه‌ر فه‌رهه‌نگی "ئازاد بوونمان" هه‌یه؟ مانای ئازادی به گشتی و ئازادی ژن به تایبه‌تی یه‌كێک له سه‌ره‌كیترین كێشه‌كان و گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌ک كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه. دواتر به‌ڕێزیان ئایا هیچ بیریان له یاسا و ئه‌و كێشانه‌ی یاسا په‌سه‌ندكراوه‌كان ده‌یخه‌نه سه‌ر ڕێگه‌ی ژنان كردۆته‌وه؟ له وڵاتێكدا ژن هێشتا ئازادی هه‌ڵبژاردنی ڕێسای ژیانی خۆی و مافی هه‌ڵبژاردن و جیابوونه‌وه‌ی له هاوسه‌ر و هاوڕێیی نییه، له وڵاتێكدا ژن مافی به سه‌ر منداڵه‌كانی خۆیه‌وه نییه و هه‌موو مافه یاساییه‌كانی ژن ته‌نیا به هۆی ژن بوونی له پیاو كه‌متره، له وڵاتێكدا بایه‌خی ئینسانی، میرات، دیه و مافی شایه‌تی ژن نیوه‌ی پیاوه، له وڵاتێكدا قه‌تڵی نامووسی، ژن به ژنه، ماره‌كردنی منداڵی سه‌ر لانكه، گۆڕینه‌وه یان به‌خشینه‌وه‌ی ژن له كێشه بنه‌ماڵه‌یی یان خێله‌كی و خه‌ته‌نه كردنی ژنان هێشتا له ئاسایترین و باوترین دابه‌كانه، له كۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا مافێكی سه‌ره‌تایی وه‌ک خوێندن و كاركردن بۆ ژن و پیاو یه‌ک نییه، تاوانی ژن له به‌رده‌وام بوونی ئه‌و چه‌وسانه‌وه چه‌نده ده‌توانێت به‌رچاو بێت كاتێ یاساكان به ده‌ست پیاو بۆ پیاو و به عه‌قڵییه‌تی پیاوانه ده‌نووسرێنه‌وه؟

من قه‌ت قه‌ت حاشا له ده‌ور و ئه‌رکی ژن خۆی بۆ باشتر كردنی هه‌ڵومه‌رجی ژیانی ناكه‌م. من قه‌ت حاشا له‌و ڕاستییه‌ش ناكه‌م كه ژن هه‌ن عه‌قڵییه‌تی پیاوانه‌یان هه‌یه من به‌ڵام باوه‌ڕم ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌ی ئێستا له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌رده‌وامه كێشه‌یه‌كی كۆمه‌لایه‌تییه كه داوێنی ژنان ده‌گرێته‌وه و هۆیه‌كانی ده‌توانین له زۆر شت و شوێندا بدۆزینه‌وه. تۆ ناتوانی بڵه‌یه‌ت ئه‌وه كێشه‌ی ژنانه و ژنان و ته‌نیا ژنان خۆیان ده‌بێ كێشه‌كه چاره بكه‌ن. ئه‌وه‌ی گرنگه گۆڕان و ئاڵوگۆڕی بیروباوه‌ڕ و عه‌قڵییه‌ته‌كان به گشتی و بیروباوه‌ڕی پیاوان و عه‌قڵییه‌تی پیاوانه‌ی حاکم به سه‌ر یاسا و كۆمه‌ڵگه‌دایه.

تۆ ناتوانیت ئاوا به ئاسانی بێیت و ژنان به تاوانبار بزانی كاتێ هه‌موو كۆمه‌ڵگه له سه‌ر بنه‌مایه‌كی دژه مرۆڤ دامه‌زراوه. تۆ بۆت نییه ئاوا به ئاشكرایی خۆ له ڕاستییه‌كان گێژ كه‌ی و به‌رده‌وام بوونی چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان وه‌ک ڕاستییه‌كی "به‌ڵگه نه‌ویست" به تاوانی خۆیان بزانی. وه‌ک مرۆڤ، وه‌ک هاوولاتی، وه‌ک پیاو ئه‌ركی سه‌رشانته یاساكان بخه‌یه ژێر پرسیار. ئه‌ركی سه‌رشانته هه‌ڵوێست بگری و ئه‌ركی سه‌رشانته ده‌وری خۆت له‌م ئاڵوگۆڕه‌دا ببینی و ئه‌رکی خۆت به جێی بهێنی.



به‌ڕێز ئه‌وه یاسایه ئیزن به پیاو ده‌دات به ناوی نامووس ژن بكوژێت و به‌رده‌بارانیان بكات، ئه‌وه پیاوه یاساكان ده‌نووسێته‌وه، دینه‌كانیش ته‌نانه‌ت به ده‌ستی پیاو نووسراونه‌ته‌وه و حه‌دیس و حوكم و لێكدانه‌وه‌كانیش بۆ پیاوانه. بناغه‌كان پیاو دایمه‌زراندووه، عه‌قڵییه‌ته‌كان پیاوانه‌ن ...

هێشتا پێتوایه ژنان "خۆیان هۆن له‌پیَش ئازادبوونی خۆیان؟."





July 10, 2007



جاری دووهه‌م له فێسیڤالی گه‌لاوێژ له سلێمانی دیم. پیر ببوو. زۆر پیر. هه‌‌‌نگاوه‌كانی به ئاسپایی هه‌ڵده‌گرت و ڕووی له هه‌ر لایه‌ك كردبا ڕووی منیش له‌وێ بوو. نه‌جیبه خان پێی سه‌یر بوو بۆ ناچمه پێش قسه‌ی ده‌گه‌ڵ بكه‌م. بۆ منێک كه به قه‌د دانه دانه‌ی وشه‌كانی ناو كتێبه‌كانی خۆشمده‌وێت و به قه‌د دانه دانه ئه‌و چركانه‌ی بۆی خوڵقاندووم خۆشمویستووه و ناوی له هه‌ر شوێنێک ببینم پڕ ده‌بم له ڕێز و خۆشه‌ویستی، دیتنی ئاوا به پیری و لاوازی ژانێكی سه‌یر بوو. كه گه‌راینه‌وه بۆ ناو ژووری سالۆنه‌كه من له ڕیزی پشت سه‌ری دانیشتبووم. وێنه‌یه‌كم لێ گرت. ئاگای لێ نه‌بوو. گوێی بۆ قسه‌كانی خانمێک ڕاگرتبوو كه ڕاپۆرتێكی له سه‌ر هه‌ڵومه‌رجی ژنان له شوێنی كاره‌كانیان ده‌خوێنده‌وه ...

ئه‌و ڕۆژه ته‌واو بوو. ماوه‌یه‌کی كورت دوای ئه‌م ئێواره‌یه، یه‌كه‌م كتێبێ كه من له نووسراوه‌كانی ئه‌وم خوێندبووه جارێکی تر كه‌وته‌وه‌ به‌ر ده‌ستم. كه‌ماڵ‌ و دونیای سه‌یره‌كه‌ی و ئاواته دوور‌ه‌كانی بۆ دونیایه‌كی باشتر ... ئه‌و كتێبه یه‌كێک‌ له‌و كتێبانه بوو كه هه‌ر له سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه فێری خه‌ون بینینی كردم. خه‌ون به دونیایه‌كی باشتر . "از این ولایت"، "سالهای ابری" ، "دشتی" ، "آبشوران" ، "فصل نان"، "از ندارد تا دارا". لاپه‌ره‌ی یه‌كه‌می "شب آبستن است" خطی خۆی له سه‌ره. له‌وێ، له کۆڕه‌که‌ی خۆی، له‌وێ که بۆ یه‌که‌م جار ده‌نگیم بسیت، بۆی نووسیم...

ئه‌مجاره‌یان هه‌رچه‌نده زۆر تامه‌زرۆ بووم نه‌چووم قسه‌ی ده‌گه‌ڵ ‌بكه‌م، حه‌زم نه‌ده‌كرد له‌زری ناو ده‌نگی ببیستم با هه‌ر ئه‌و ده‌نگه‌ی زۆر ساڵ‌ پێش وڵامی پرسیاره‌كانمی دابووه له گوێمدا بمێنێته‌وه. ده‌زانم ده‌نگ یه‌كه‌م شته مرۆڤ له بیری ده‌كات، ده‌زانم، به‌ڵام با ئه‌و ده‌نگه له‌رزۆكه ئاخر ده‌نگ نه‌بێت ...

ئێستا ده‌بیستم نه‌خۆشه. پارانه‌وه و لالانه‌وه‌ش بێ‌ که‌ڵکه، ئه‌وه‌ی نابێ ڕوو بدات، دره‌نگ یا زوو ڕوو ده‌دات. به‌س بریا ڕێگه‌یه‌ک هه‌با سوپاسی بوونی بکه‌م. سوپاسی ئه‌و‌ه‌ی ڕۆژێک له ڕۆژان بریاری نووسینیدا و له نووسیندا به‌رده‌وام بوو. بریا به جۆرێک زانیبای چه‌ند شوێنێکی تایبه‌تی له ژیان و دڵی مندا هه‌یه. بریا ڕێگه‌یه‌ک هه‌با پێم گووتبا وشه‌کانی کاری خۆیان کرد.

..


داده‌نیشم جارێکی دی کورته چیرۆكی "خالو عزیز" ده‌خوێنمه‌وه!





July 8, 2007



ته‌واوی ڕێ بیرم له‌ یه‌ک شت ده‌كرده‌وه: په‌شیمانی!

ئێستا ئیتر دڵنیای دڵنیام له هیچ هیچ هیچكام له‌و كارانه‌ی كردوومن په‌شیمان نیم، ته‌نانه‌ت ئه‌وانی ئێستا ئیتر باوه‌ڕم پێیان نه‌ماوه و دووپاتیان ناكه‌مه‌وه ئه‌گه ده‌رفه‌تێكی دووباره‌ش هه‌ڵكه‌وێت.

ته‌واوی په‌شیمانیم به‌ڵام بۆ ئه‌و شتانه‌‌یه ده‌مویست و ده‌متوانی بیكه‌م و نه‌مكردن.






July 7, 2007



Live Earth - concert

له ساعه‌‌ت ده‌ی ئه‌مڕۆ به‌یانییه‌وه تا ده‌ی شه‌و كۆنسێرێكی په‌خشی ڕاسته‌وخۆ له كاناڵی دووی ئێره بڵاو ده‌بێته‌وه، بۆ پاراستنی زه‌وی و ئاگاداركردنه‌وه‌ی جه‌ماعه‌تی دانیشتووی ئه‌م ئه‌ستێره خۆڵاوییه تا زۆرتر و باشتر ئاگایان له ژینگه بێت و فێربن چۆنی بپارێزن، زۆر پیرۆزه و جێی خۆیه‌تی. ئه‌وه‌ی من بیرم بۆی چوو ئه‌وه‌یه ڕه‌نگه ئه‌و بۆمبانه‌ی له عێراق، ئه‌فغانستان و وڵاته‌كانی تر ده‌ته‌قێته‌وه هیچ زیانێكی ئه‌وهایان نییه بۆ زه‌وی و سووتانه‌كان و ته‌قینه‌وه‌كانی كه‌ركووک و هه‌ولێر و كابۆل و ئیسلام ئاباد و ... وه‌ک "كایه‌یه‌كی بێ خه‌ته‌ر" ده‌توانین ببینین. گرنگ نییه ئه‌و بۆمبانه له كوێڕا دێن و به كێ ده‌فرۆشترێن! خۆشتر له هه‌مووی ئه‌وه‌یه ئه‌وانی ئه‌م كۆنسێرته‌یان سازداوه، به ئوتومبیل و فرۆكه شه‌و و ڕۆژ له سه‌فه‌ر دان و به شێوه‌ی خۆیان زیانێكی زۆر به ژینگه ده‌گه‌یه‌نن ...

ئه‌وانه‌م گوت كه‌وتمه‌وه بیری شاری سلێمانی، جێ به جێی شه‌قامه‌كانی پڕ بوون له زبڵ و زار، زێراوه‌كان هه‌ڵقه‌ندراو و هه‌روا به جێ ماو، دووكانداره‌كان و ماڵه‌كان پێش ده‌رگاكانی خۆیان گه‌سک ده‌دا یان به‌م بێ ئاوییه شیلانگیان تێده‌گرت و زبڵه‌كانیان ده‌ڕشته ناو جۆگه‌له‌كان و قه‌راغ شه‌قامه‌كان ...

له ناو گوزه‌ری شار، دووكانداره‌كان كه باریان ده‌كرده‌وه، كارتۆنه‌كانیان هه‌روا تۆڕده‌دایه ده‌رێ و زۆركه‌سیش گوڵه به‌ڕۆژه‌یان ده‌تروكاند و فڕێیان ده‌دایه پێش ده‌میان ... ڕه‌نگه باوه‌ڕ نه‌كه‌ن چه‌نده بوتڵی پلاستیكی ئاو لێره و له‌وێ فڕێدراوه ...



ڕاست ده‌كه‌ی به من چی!

*****

دیسان تی‌ڤی:

كانالی یه‌ک زنجیره به‌رنامه‌یه‌كی هه‌یه به ناوی " شوێنی ژنان"، باسی ژنانێكه كه تایبه‌تمه‌ندیان هه‌یه و له چوارچێوه‌ی داب ونه‌ریتدا ناگونجێن. ئه‌مڕۆ ژنێكی گه‌نجی ئێرانی كه له ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵییه‌وه له ئامریكا گه‌وره بووه باسی گرفته‌كانی مێردكردن ومێرد دیتنه‌وه‌ی ده‌كرد. ژنه‌كه خۆی فیلمی ده‌گرت و ده‌گه‌ڵ كه‌س و كار و خزم و دایكوباوک‌ و دۆست كوڕه‌‌كانی پێشووی قسه‌ی ده‌كرد و پرسیاری لێ ده‌كردن. ته‌نانه‌ت به كامێراوه ده‌گه‌ڵ خوازبێنیكه‌ره‌كانی داده‌نیشت و شتی لێ ده‌پرسین ... هه‌ر كه ته‌مه‌نی ببوو ه بیست و پێنج، دایكی لێی وه‌خۆ كه‌وتبوو و زوو زوو خوازبێنی بۆ ده‌دیته‌وه. پێوانه‌ی یه‌كه‌م و هه‌ره گرنگی دایکه‌که‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی پیاوه‌كان بوو. گرنگ بوو كه كچه‌كه‌ی بدات به كه‌سێک كه بتوانێت ژنه‌كه‌ی "به‌خێو" بكات ...

دونیای فكری كچه‌كه زۆر جیاواز بوو. پێشتر ده‌گه‌ڵ چه‌ند كوڕی ئامریكایی هاوڕێیه‌تی كردووه و ئێستاش بیری له‌وه ده‌كرده‌وه مێردی داهاتووی هاتوو ئێرانی بوو چۆن ده‌توانێ ئه‌م ڕاستییه قه‌بووڵ ‌بكات كه ژنه‌كه‌ی پێشتر سێكسی ده‌گه‌ڵ هاوڕێ كوڕه‌كانی هه‌بۆوه ..

ئێستا مه‌به‌ستم نییه باسی ئه‌م ژنه گه‌‌نجه بكه‌م. یه‌ک دوو شت بوو سه‌رنجیان ڕاكێشام. له شوێنێک كچه‌كه له دایكی ده‌پرسێت "تۆ قه‌ت عاشق بوویت؟" دایكه‌‌كه به ڕاشكاوییه‌وه گوتی "ئێمه فێر ده‌بین، فێر ده‌كرێین كه‌سێكمان خۆشبوێت" گوتی گرنگ ئه‌وه‌‌یه پیاوه‌كه بتوانێ هه‌موو شتێكت بۆ دابین بكات ... ئه‌وه‌ش له حاڵێكدا بوو كچه‌كه خۆی ئیشێكی باشی هه‌بوو، خۆمان گوته‌نی ده‌ستی له گیرفانی خۆیدا بوو و سه‌ربه‌خۆ بوو ...

له یه‌كێک له خوازبێنیكه‌ره‌كانی پرسیاری كرد "تۆ چیت ده‌وێت له ژنی داهاتووت؟" پیاوه‌كه قوومێكی شه‌راب خوارده‌وه گوتی "گوێ بگره، من پیاوم، هه‌موو پیاوێک هه‌ندێ ژنی بۆ ڕابوواردن ده‌وێت و هه‌ندێكیانی بۆ هێنان ده‌وێ. پیاو ئاوان!" واته ڕابوواردن بۆ پیاوان شتێكی ئاساییه له حاڵێكدا ئه‌و كچه غه‌می گه‌وره‌ی ئه‌وه بوو كه "په‌رده‌ی كچێنی" نه‌ماوه!

كوڕه ئامۆزایه‌كی ئه‌م كچه ژنێكی ئامریكایی هێنابوو. ئه‌م پیاوه گوتی " دیاره ئه‌گه ئه‌و ژنه ده‌ستی له به‌شێک له سه‌ربه‌خۆیی خۆی هه‌ڵنه‌گرتبا و ویستبای هه‌روا سه‌ربه‌خۆ بمێنێته‌وه، ژیانێكی سه‌خت و ناخۆشمان ده‌بوو!" یانی به‌ڕاستی سه‌ربه‌خۆیی ژن ئه‌وه‌نده بۆ پیاو ناخۆشه و بۆی سه‌خته قه‌بووڵی بكات؟

خاڵی سه‌رنج ڕاكێشی تری زۆر تێدا بوو، وه‌ک ئه‌و گه‌ورانه‌ی بیست سی ساڵ بوو له‌وێ ده‌ژیان به‌ڵام پێوانه‌كانیان هیچ هیچ هیچ نه‌گۆڕدرابوو. له شوێنێک‌ ئه‌م كچه گه‌نجه به دایكی گوت "تۆ ‌ڕوانین و قسه‌كانت گۆڕدراوه، به‌ڵام له كرده‌وه‌دا وه‌ک هه‌موو ئه‌وانی تری كه نه‌گۆڕدراون. هۆیه‌كی چییه؟"

*****

سه‌رنجت داوه ڕێکه‌وتی ئه‌مڕۆ چه‌ند شیرینه:

07/07/07






www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------