September 30, 2007
له‌ت و په‌ته‌كانی دۆینێ كه شه‌ممه بوو: یه‌ک ئه‌وه‌ی كه گوڵه مێخه‌كه‌كه‌ی داتبوومێ ئه‌مڕۆ خۆت خۆش! گوڵدانه‌كه‌م چه‌ند جار برد و هێنامه‌وه سه‌ر مێزه‌كه‌م. نه ده‌متوانی ڕایگرم و نه ده‌مویست لایبه‌م. به‌ڵام ده‌زانی دیتنی گوڵێكی سیس زۆر دڵته‌نگم ده‌كات بۆیه بڕیارم دا به جێی گوڵه‌كه، بیری ئه‌و ئێواره‌یه‌ی له ناو قه‌تاردا گوڵه‌كه‌ت دامێ و من دڵم گه‌رم بوو ڕاگرم. دوو ئه‌وه‌ی كه بیری بۆنی كاغه‌زی كاهیم كردووه. بۆیه پێش نیمه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له دووكانه كۆنه فرۆشییه‌كه‌ی سلووسێن، دانه دانه كتێبه‌كانم هه‌ڵده‌گرت و چاوم له لاپه‌ڕه زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانیان ده‌كرد، به‌ڵام وا نه‌بوو تاسه‌ی بۆنی كاغه‌زی كاهی بشكێنن. جۆرێک بۆنی نمیان لێ ده‌هات، زۆرتر بیری كتێبه‌كانی ناو ته‌لیسی ژێرعهرزیان له لا زیندوو ده‌كردمه‌وه. دڵم گیرا. ماوه‌یه‌كه به دوای دهفهتهرێكی بچووكی كاهی دا ده‌گه‌ڕێم. نه زۆریش بچووک. نازانم ده‌مه‌وێ چۆن بێت ده‌زانم به‌ڵام هه‌ر بیبینم ده‌یناسمه‌وه! سێ ئه‌وه‌ی كه به ڕێی ماڵه‌وه بیرم ده‌كرده‌وه كه چه‌نده لێره هه‌موو شت به پێچه‌وانه‌ی عاده‌ته‌كانی ئێمه‌یه. لێره عاده‌تی "كۆ" بوون كاڵ و كه‌م ده‌بێته‌وه. لێره بۆ نموونه هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه له لای ئێمه وه‌ک سێرویسی شه‌ش یان دوانزده كه‌سی ده‌فرۆشترێت، ده‌توانی به تاک بیكڕی. یه‌ک كه‌وچک، یه‌ک پێشده‌ستی، یه‌ک لیوان. بۆ تاک. بۆ مرۆڤی تاک. بۆ مرۆڤی ته‌نیا. به ته‌نیا چوون به سینه‌ما هه‌ر دێت و ئاسایی تر ده‌بێته‌وه. یان به ته‌نیا چوون بۆ ڕێستوران ... چوار ئه‌وه‌ی كه دیسان مێترۆ! چاوه‌ڕێم قه‌تار بێت. ئێواره درهگانێكه و هه‌زار ڕه‌نگ و ڕوخساری جیاواز وه‌ک من چاوه‌ڕێی قه‌تارن تا ماندوویه‌تی ڕۆژێكی فێنكی پایزی ده‌گه‌ڵ خۆیان به‌رنه‌وه ماڵ. كتێبه‌كه‌م كردۆته‌وه به‌ڵام چاوم له خه‌ڵكه. ژنێكی پیر، چه‌ند كوڕی گه‌نج، چه‌ند منداڵ. ڕه‌ش و سپی. له ڕۆژهه‌لاتی دوور و ناوڕاست. كابرایه‌ک به جلی مه‌لایه‌تی و تهسحێب به ده‌ست، ژنێكی كورته باڵای به ته‌مه‌ن كه سوواڵ ده‌کات، كوڕێكی ڕه‌شپێست و كچێكی قژ كاڵی ئوروپی، دوو پیاوی ئێرانی، كیژێكی گه‌نج به عه‌ره‌بی ده‌دوێت ... زۆرن و زۆربه‌یان تاک وه‌ستاون و وه‌ک بڵێی بیریان له شوێنێكی كه‌س پێ نه‌زانی زه‌ینیاندا ده‌خوولێته‌وه. هه‌موو تاکن و كه‌س ته‌نیا نییه. چاو ده‌گێرم. بیرده‌كه‌مه‌وه ئه‌وانه‌ش هه‌موو چیرۆكی ژیانی خۆیانیان هه‌یه. چیرۆكێک كه بێ گومان شوێنه‌واری هه‌بووه له سه‌ر كه‌سایه‌تی ئه‌مڕۆیان. چیرۆكێک كه ڕه‌نگه ئه‌وانیش بۆ كه‌سی نه‌گێڕنه‌وه. چیرۆكێک كه ڕه‌نگه ئه‌وانیش حه‌ز بكه‌ن له بیری بكه‌ن. چاوم له سه‌ر گه‌ڵا سه‌وزه‌كانی كراسی ژنه پیره سوواڵكهرهكهیه. داوێنی كراسه ڕه‌شه‌كه‌ی هه‌زار چینی تێدایه و هه‌ر هه‌نگاوێک كه هه‌ڵده‌گرێت شه‌پۆلێک ساز ده‌كه‌ن. گه‌ڵا سه‌وزه‌كان جارنا له به‌رچاو ون ده‌بن و ده‌رده‌كه‌ونه‌وه. سه‌رپۆشێكی قاوه‌یی به سه‌ره‌وه. "دڵم پڕه له قاوه‌یی"، ده‌نگی به‌ڕۆژ ئاكره‌یی له گوێم‌دا ده‌نگ ده‌داته‌وه. پیره‌ژنه‌كه دێته لای من. به زمانی خۆی شتێک ده‌ڵێت. به پێچه‌وانه‌ی هه‌میشه كه شه‌رم ده‌كه‌م چاو له چاوی سوواڵكه‌رێک بكه‌م، چاو ده‌بڕمه چاوه كاڵه‌كانی، وه‌ک دوو مه‌رمه‌ری خڕی ڕه‌نگكراوی ناو به‌تاڵ دیارن. هیچم پێ ناڵێن. چاوه‌کانی هیچ هه‌ستێکت تێدا زیندوو ناكه‌نه‌وه. چركه‌یه‌ک ده‌وه‌ستێت، پێموایه پێیوایه چوونكه چاو له چاوی ده‌كه‌م پاره‌ی پێ ده‌ده‌م. له ژیانما پاره‌م نه‌داوه به هیچ سوواڵكه‌رێک. نه له‌وێ، نه لێره. شه‌رم ده‌كه‌م. له دوورتر ده‌نگی مۆسیقا دێت. كه‌مێک دوورتر پیاوێكی پیری شپرزه له سه‌ر كارتۆنێک دانیشتووه و گوێی بۆ مۆسیقا ڕاگرتووه. كراسێكی چلكنی په‌مه‌یی له به‌ردایه و كۆتێكی چوارخانه‌ی شین. شینێكی كاڵ. له‌وه ده‌چێ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک بێت ڕیشی نه‌تاشی بێت. نوكی لوتی سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه، پێڵاوه‌کانی به‌ڵام بریقه‌یان دێت. چاوی له سه‌ریه‌ک داناوه و ده‌گه‌ڵ ڕیتمی مۆسیقاكه سه‌ر و شانه‌كانی ده‌له‌رێته‌وه. جارنا چین و چرۆكێک ده‌كه‌وێته ناوچاوانی، وه‌ک بڵێی هه‌وڵ ده‌دات شتێكی وه‌بیر بێته‌وه یان نازانم، له‌وانه‌شه هه‌وڵ بدات شتێک له كه‌لێن و قوژبنه‌کانی زه‌ینی حه‌شار بدات و له كۆڵ خۆی بكاته‌وه. یه‌ک ده‌قه‌ی تر قه‌تار دێت. لێره هه‌زار ڕه‌نگ و ڕووخساری جیاواز ده‌بینی. كه‌س له كه‌س ناچێت. هه‌ر كه‌س چیرۆكی خۆی هه‌یه. لێره، له مێترۆ تۆ قه‌ت ته‌نیا نیت. هه‌موو هه‌موو به‌ڕێوه‌ن، كه‌س نه‌هاتووه كه بمێنێته‌وه. قه‌تاره‌كان ده‌گه‌نێ، مرۆڤه‌كان بارده‌كه‌ن و ده‌ڕۆن. مێترۆ به‌ڵام قه‌ت چۆڵ نابێت و ڕوو له هه‌ر لایه‌ک ده‌كه‌ی كه‌سێک ڕووبه‌ڕووت دێت.
September 27, 2007
ئاخ ئه‌گه ... له ڕۆژباش لینكی هه‌واڵی چوونی ڕه‌سووڵی خوا بۆ هه‌وڵێر داندراوه. كه هه‌واڵی ئاوا ده‌خوێنمه‌وه نازانم بگریم بۆ نه‌زانی گه‌له‌كه‌م یا پێبكه‌نم به‌و "كه‌ره كه‌ره‌ی" داوێنی وڵاتی گرتۆته‌وه و هه‌ر كه‌س به كه‌یفی خۆی كه‌ری خۆی لێده‌خوڕێت. ڕه‌نگه بڵێن داده كه‌ری خۆیانه ئه‌ی بێ گومان ده‌بێ به كه‌یفی خۆیان لێی بخوڕن، به‌ڵام ئاخر ئه‌و ته‌پ و تۆزه‌ی ئه‌وانه به بای ده‌كه‌ن چاوی ئێمه كوێر ده‌كات ... باش، با بڵێین ڕه‌سووڵی خوا ڕووی له هه‌ولێر كردووه. ئه‌ویش به‌و سه‌رو سیمایه‌ی كاكی مه‌لا وه‌سفی كردووه، جلی شڕودڕ و سه‌رتاپای خاک و خۆڵ و خوێن ... ئه‌م دیمه‌نه له سه‌رده‌می ئێمه و له وڵاتێک وه‌ک عێراقی ئێستا و له شارێک وه‌ک هه‌ولێر زۆرتر گومان ساز ده‌كات تا باوه‌ڕ زیندوو كاته‌وه. سه‌رده‌می تێڕۆر و خۆته‌قاندنه‌وه‌یه. كاكی مه‌لا ئاگای له دونیا نییه وا دیاره... پێتان وایه خه‌ڵکی ئاسایی كه‌سێک به‌م شكڵ‌و شهمایلهوه ببینن ده‌رگاكانیان داده‌خه‌ن و خۆحه‌شار ده‌ده‌ن یان ئاڵای سه‌وزی ئیسلام هه‌ڵده‌گرن و كفن له به‌رده‌كه‌ن؟ له لایه‌كه‌وه به‌لامه‌وه سه‌یر نابێت خه‌ڵک وا بكه‌ن كه مه‌لا فه‌رموویه‌تی، خه‌ڵكانێک عه‌قڵیان له ده‌ست مه‌لاكانیان دابێت هه‌موو كارێکیان له ده‌ست دێت، بێچوو جوله‌كه‌ش ده‌كوژن، ژنیش سه‌رده‌بڕن و ده‌ستدرێژی له منداڵیش ده‌كه‌ن. له لایه‌كیشه‌وه به‌لامه‌وه سه‌یره و سه‌رم وه‌ک سندانێک زل بووه و تێناگه‌م ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی به قسه‌كانی ئه‌و جووجه مه‌لایه گریاون و سه‌ڵه‌واتیان ناردووه ده‌بێ چ جوره ده‌عبایه‌ک بن و له كوێڕا هاتبن! له هه‌مووی گرنگتر وژدانی خۆتان بكه‌ن به قازی كێ زیاتر له جووجه مه‌لا كان و وشكه موسلمانه‌كان بێ ڕێزی به دینی ئیسلام و ڕه‌سوول و خواكه‌ی كردووه؟
September 26, 2007
1- له بلۆگر دات كام ڕا دوو سێ په‌یام هاتووه كه خانم گیان ئێستا كه وشه نههێنییهكهی خۆت له بیركردووه بۆ دیتنه‌وه‌ی وا بكه كه بۆمان نووسیوی. ده‌ی چونكه من دڵنیام وه‌شه نازداره‌كه‌م له بیرنه‌كردووه، داوام له‌و كه‌سه‌ی كه هه‌وڵی داوه ئه‌و وشه‌یه په‌یدا بكات، ئه‌وه‌یه ڕاسته‌وخۆ له خۆم بپرسێت به سه‌ر ئه‌و دوو چاوه ڕه‌شانه‌م، بۆی ده‌نێرم. با ئیتر بلۆگر چی تر نامه و مامه بۆ من نه‌نێرێت! 2- خواكان ئه‌و ڕۆژانه، ڕۆژێ هه‌زار جار لێم ده‌بیستن كه چه‌نده خۆشحاڵم ئه‌م ساڵ پایز لێره‌م. قه‌ت پێموانه‌بوو وا بێت، به‌ڵام پار پایز به‌راست تاسه‌ی ڕه‌نگ و بۆن و هه‌ستی پایزانه‌م كردبوو. ئه‌م ساڵ پایز به تۆڵه‌ی پار، چاو له دانه دانه گه‌ڵاكانی سه‌ر ڕێم ده‌كه‌م. پایز هه‌زار ڕه‌نگ بێت و سارد نه‌بێت و خۆڕ تینی هه‌ر مابێت، باوه‌ڕ ناكه‌م جوانی ئه‌م ڕۆژانه چی كه‌م بێت. 3- سه‌یره، هه‌رچی ئه‌و دڵنیاتر ده‌بێت، من زۆرتر گومان ده‌كه‌م. بڵێی ئه‌وه شتێكی سروشتی بێت؟ 4- ده‌فته‌رێكم هه‌یه ساڵی نه‌وه‌دودوو نووسراوه. ده‌فته‌رێكی چل به‌رگ كه ئیتر ئێستا شڕبووه. ده‌فته‌رێكی بچووکی به‌رگ سوورم هه‌یه هی ساڵی نه‌وه‌د و پێنج و ڕۆژئهژمێرێكی ساڵی نهوهدوحهوتیش. ڕاست ساڵی نه‌وه‌دوحه‌وت ساڵێكی سه‌یر و پڕ به سه‌رهات بوو بۆ من. دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌فته‌رانه ئیشتیای "ڕۆژانه نووسین"م كرده‌وه. هه‌موو ڕۆژێ له‌تێک له ڕۆژه‌كه‌ت له گۆشه‌یه‌ک بنووسییه‌وه تا دوای چه‌ند ساڵ ببینی چه‌نده گه‌وره بووی و له كوێ قه‌تیس ماویته‌وه. له‌وانه‌یه ده‌ست پێ بكه‌مه‌وه. 5- ترس ترسه. وه‌نێ؟ ئه‌ی بۆ هه‌ندێ كه‌س ترسه‌كانیان ده‌خه‌نه ناو قاڵبێکی ڕازاوه و ناوی ده‌نێنه " شه‌رم و حه‌یا" و "ڕێز" و ته‌نانه‌ت "باوه‌ڕ" ؟
September 22, 2007
جاران چۆن بوو؟! هیچ سه‌رنجت داوه كه جار هه‌یه چركه‌كان درێژ و درێژتر ده‌بنه‌وه وه‌ک بڵێی قه‌ت ته‌واو نابن. ڕۆژی وا هه‌یه دڵنیای له‌وه‌ی كات وه‌ستاوه و ژیان قه‌تیس ماوه‌ته‌وه. كه‌چی ڕۆژێک وه‌ک ئه‌مڕۆ له ناكاو وه‌بیرت دێته‌وه ئه‌وه بوو به دوو ساڵ ئه‌و ئیتر نییه و ئه‌وه بوو به ساڵێک شته‌كان سه‌روژێر بوون و ... ڕۆژێک وه‌ک ئه‌مڕۆ ده‌بینی نه ژیان قه‌تیس ماوه‌ته‌وه و نه چركه‌كان درێژتر بوونه‌وه‌ته‌وه. ڕۆژێک وه‌ک ئه‌مڕۆ بیرده‌كه‌یه‌وه ڕێک به پێچه‌وانه ده‌ڵێی هه‌ر دێت و ساڵه‌كانیش به خێرایی ڕۆژه‌كان تێده‌په‌ڕن و من به هه‌موو خێرایی هه‌نگاوه‌كانم هه‌ر پێی ناگه‌م. وه‌ک بڵێی جارنا، بۆ ڕێک كردنی هه‌نگاوه‌كانی خۆم و كات، بیره‌كان و خهونهكان و خه‌یاڵه‌كان به ساوایی داده‌نێم و به سهرچوارخانه به‌تاڵ و نیوه پڕهكاندا بازده‌ده‌م و هێشتا هه‌ر ناگه‌مه‌وه و زۆر جار ونی ده‌كه‌م. هه‌ر ئه‌مڕۆ، هه‌ر ئه‌مڕۆ بوو گومانم كرد، لێم ڕوون نه‌بوو ئه‌وه ئێواره‌ی یه‌کشه‌ممه‌ی كام ساڵ بوو من به ده‌م پڕمه‌ی گریانێكهوه چۆكم دادا، كام ساڵ بوو سڕی ده‌نگی ئه‌ویان چڕژی خسته ڕووم، كه‌ی بوو ئه‌میان یه‌كه‌م درۆی ده‌گه‌ڵ كردم، پایزی كام ساڵ بوو ئه‌و هات، به‌هاری كام ساڵ بوو ڕۆیی، كه‌ی بوو ئیتر بیرم نه‌كرد؟ ... ده‌بینی، ئه‌و ساڵانه‌ی چوون وه‌ک كهڵافێكی ئاڵۆزی پڕ گرێی پچر پچر خۆیانت وه‌بیر ده‌خه‌نه‌وه. ده‌بینی، ساڵه‌كان چه‌ند كورت و كه‌من و چه‌ند خێرا ده‌ڕۆن!
September 16, 2007
ناوی كتێب: به‌فر نووسه‌ر: ئورهان پاموک خه‌ڵاتی نۆبێل, ساڵی 2006 "به‌فر" ڕۆمانێكی سیاسییه. په‌نجه‌ره‌یه‌كه ئورهان پاموک نووسه‌ری كتێبه‌كه به‌ڕووی ئێمه‌ی خوێنه‌ر ده‌یكاته‌وه و هه‌ڵده‌دا توركیه‌ی ئه‌مڕۆمان نیشان بدات. ڕۆمانه‌كه باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی كا، شاعیرێكی نیشته‌جێی هه‌نده‌رانه كه دوای دوانزده ساڵ دووری سه‌ردانی وڵات ده‌كات. كا، دوای مردنی دایكی و بۆ دیتنه‌وه‌ی شاری سه‌رده‌می منداڵیی سه‌فه‌رده‌كات كه‌چی به پێشنیاری هاوڕێیه‌كی ڕۆژنامه‌وانی و بۆ نووسین له سه‌ر هۆی خۆكوشتنی كچه گه‌نجه‌كان له شارۆچكه‌یه‌كی سه‌رسنوور سه‌فه‌رێكی تری تووش ده‌بێت كه سێ چوار ڕۆژ ده‌خایێنێت و ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه‌شه. ئورهان پاموک له "به‌فر"دا هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌چێته پێش و بێ ئه‌وه‌ی پشتگری له لایانێک بكات ڕه‌خنه له تورک و كورد و موسلمان و مه‌سیحی و كۆمۆنیست و سوسیالیسته‌كان ده‌گرێت و زۆر به وردی لایانه ناله‌باره‌كانی هه‌موو دینه‌كان و سیاسه‌تی هه‌موو حیزب و گروپه سیاسییه‌كان زه‌ق ده‌كاته‌وه. پاموک وێنه‌یه‌ک له "بێ سه‌روبه‌ری سیاسی" ده‌دا به خوێنه‌ر و كه‌مێک دره‌نگ به‌ڵام به ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت كه باس ته‌نیا له سه‌ر "باوه‌ڕ و بێ باوه‌ڕی" به خوا نییه كه مه‌به‌ستی نووسه‌ره. لێره توركیه‌ی موسلمان و توركیه مۆدرێن ڕووبه‌روو ده‌بنه‌وه. شه‌ڕ بۆ پاراستنی داب و نه‌ریته كۆنه‌كان له لایه‌ک و داسه‌پاندنی "مۆدرنیێتت" به خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنی ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه له لایه‌ک. ئورهان پاموک هه‌وڵ نادا وڵامی هیچ پرسیارێک بداته‌وه به‌ڵام زۆر پرسیار ده‌خاته(وه) ڕوو له وان: مافی ژن له وڵاتێكی سێكولار، مافی ژن له حكومه‌تێكی ئیسلامی‌دا، یان بوونی مافی هه‌ڵبژاردنی جۆری جل و به‌رگ و شێوه‌ی ژیان بۆ ژن له هه‌ركام له‌م سیستمه حكومه‌تییانه‌دا. نووسه‌ر لێره و له‌وێ باسی هۆمۆسێكسوالیێت، جێنوسایدی ئه‌رمه‌نییه‌كان، بێ سه‌روشوێن چوون و پێشێڵ كردنی مافی كوردان و ... ده‌کات. به كورتی "به‌فر" وێنه‌یه‌كی بچووکی توركیه‌یه و گێرانه‌وه‌یه‌ک له شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاته له نێوان هێزه چه‌كداره‌كانی وڵات ده‌گه‌ڵ كورده ناسیونالیسته‌كان، توركه سێكولاره‌كان و ئیسلامیسته‌كان و وێنه‌یه‌كی به هێزه له‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه چۆن داوێنی خه‌ڵكی ئاسایی به گشتی و ژنان به تایبه‌تی ده‌گرێته‌وه. "به‌فر" وه‌ک ڕۆمانه‌كه‌ی به‌ختیار عه‌لی، دوور و درێژه. كه زۆرجار هه‌ست ده‌كه‌ی ده‌كرا كورتتر، زۆر كورتتر بایه. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ڕۆمانی "شاری مۆسیقاره سپییه‌كان" كه زمانێكی قورس و كه‌مێک نامۆی هه‌بوو، به‌فر زمانێكی خۆشی هه‌یه و وه‌رگێرانێكی نه‌رم و ڕه‌وانه و "ڕه‌نگ و بۆنی گێرانه‌وه‌ی ڕۆژهه‌لاتی" پێوه دیاره.
September 14, 2007
كه ده‌ستكێشه زه‌رده پلاستیكییهكانم له‌ده‌ست ده‌كه‌م تا قابه‌كانی ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی له سه‌ر یه‌ک ماونه‌ته‌وه بشۆم دیسان بیرم ده‌چێته‌وه لای ئاخر تله‌فوونی به‌یانی و بزه‌یه‌كی كاڵ ده‌خشێته سه‌ر لێوه‌كانم. هه‌ڵمی ئاوه گه‌رمه‌كه وه‌ک ته‌م و مژێكی ته‌نكی به‌ره‌به‌یانییه‌كی زوو، ده‌نگی ئاوه‌كه كه ده‌ڕژایه سه‌ر قابه‌كان و كه‌فه سپییه‌كه كه نارنجی پێشدهستییهكانی داده‌پۆشی هه‌مووی تێكه‌ڵی ده‌نگی مۆسیقایه‌ک ببوون كه گوێم بۆ ڕاگرتبوو. ده‌نگی ماملێ بوو كه قه‌تم پێ خۆش نه‌بووه. ئێستاش. " ئه‌و په‌نجه‌ی وا له بێ هێزی ده‌له‌رزێ، گوشیوێتی مه‌مكۆڵه‌ی باڵا به‌رزێ" . وه‌بیرم دێته‌وه ئه‌وه‌یانم ده ساڵ پێش كه ئه‌میر هات كڕی. ئه‌میر ده‌نگی ماملێ‌ی پێخۆش بوو. بیرم ده‌چێته لای هه‌موو كاسێت و سیدییهكانم، لای هه‌موو كتێبه‌كانم. ئه‌گه ڕۆژێک كه‌سێک به ته‌ما بێت له ڕووی جۆری كتێب و مۆسیقا من بناسێت سه‌ری سه‌یر لێ ده‌شێوێت. ده‌ستكێشه‌كان داده‌نێم و ده‌چمه لای كتێبهکانم و چاویان لێ ده‌كه‌م. دیوان حافظ و نالی و شاملو و په‌شێو و هێمن و سۆهراب و فروغ، شه‌ره‌فنامه، جنس دوم، سلمان رشدی، بزرگ علوی، علی اشرف درویشیان، دولت آبادی و احمد محمود، ڕه‌فێق سابیر، به‌ڕۆژ ئاکره‌یی، فێمینیزم، ئاننا گاڤالدا، پائولو کۆئێلۆ، جین وێبستر، ئالبا دێس پێدێس، مێژووی ئه‌ده‌بی كورد و فه‌رهه‌نگی وشه‌ی كوردی كرمانشاهی، په‌یره‌و و پروگرامی چه‌ند دانه له حیزبه كوردییه‌کان و ... شازده کوچولو و صمد بهرنگی و ته‌نانه‌ت كتێبێكی سه‌رده‌می منداڵێم که مۆری مه‌دره‌سه و ئیمزای مودیره‌كه‌مان له سه‌ر لاپه‌ره‌ی یه‌كه‌می دراوه. كتێبه سوئدییهكان و ... نا، له ڕووی ئه‌و كتێبانه‌وه كه‌س ناتوانێ بزانێ من حه‌زم له چ نووسین و نووسراوهیهكه. به‌شی كاسێت و سیدییهكانیش له‌مه باشتر نین. ده‌یان ڕه‌نگ و ڕووخساری جیاواز و جۆری جیاوازی مۆسیقای تێدا ده‌ست ده‌كه‌وێت. ده‌چمه‌وه سه‌ر قاب شوشتنه‌كه. دیسان هه‌ڵمێكی ته‌نک، گه‌رمایه‌کی نه‌رم كه سه‌رپه‌نجه‌كانم له ناو ده‌ستكێشه زه‌رده‌كانه‌وه هه‌ستی پێده‌كه‌ن. دیسان بیر له ئاخر تله‌فوونی به‌یانی ده‌كه‌مه‌وه و بزه‌م دێت. هه‌ستی منداڵێكی شه‌ش حه‌وت ساڵانه‌م هه‌یه كه دڵه‌كوته‌ی یه‌كه‌م ڕۆژی مه‌دره‌سه خه‌وی لێ زڕاندبێت. ترس و دڵه ڕاوكه‌ی ئه‌وه‌ی بڵێی ڕۆژی یه‌كه‌م چۆن ده‌بێت، مامۆستاكه‌م كێ ده‌بێت و بڵێی كه‌س ببێت به هاوڕێم؟ هه‌ستی كیژێكی چوارده ساڵه‌م هه‌یه چه‌ند ساعه‌تێک پێش ژوان. دڵهكوتهكان و گۆنا سوره‌كان و گه‌رمای سهرپهنجهكانی ئارامیان لێ هه‌ڵگرتبێت. بزه‌م دێت. ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ره‌تای سه‌ره‌تا. "ئه‌وه‌یه ئه‌و شته‌ی ده‌مه‌وێ؟" نازانم، خۆم به خۆم ده‌ڵێم. گرنگ نییه. گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌كی تره. سه‌ره‌تایه‌كی جیاواز. با خۆش یا ناخۆش بوونه‌كه‌ی ڕۆژی خۆی ده‌ركه‌وێت. گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌مڕۆ له دۆینێ ناچێت." له یه‌ک نه‌چوونی ڕۆژه‌كان گرنگه؟" دیسان قابه‌كان داده‌نێم و ده‌چم چه‌ند دانه له وێنه كۆن و تازه‌کان، ئه‌وانی پار ده‌گه‌ڵ خۆم هێنان، له پێش خۆم ڕیز ده‌كه‌م. له پاره‌كه‌وه ئه‌وه دووهه‌م جاره چاویان لێ بكه‌م. خۆمیان تێدا ناناسمه‌وه. ئه‌وانیان تێدا ناناسمه‌وه. له وێنه‌كاندا هیچ شتێک نه‌گۆڕدراوه. ڕه‌نگه‌كان، ڕوانینه‌کان، بزه‌كان. ئه‌میان كراسێكی سنه‌یی له‌به‌ردایه، قژه ڕه‌شه‌كه‌ی كۆكردۆته‌وه وله پێش ده‌رگا قاوه‌ییه‌كه دانیشتووه. ئه‌میان كراسێكی سه‌وزی سه‌ربازی له به‌ردایه و له پشت فه‌رمانی جیپێک دانیشتووه. ئه‌وانه هی كام سه‌ده‌ن؟ له كوێن ئێستا؟ بیر بكه‌وه ئه‌گه بزه‌ی سه‌ر لێوی ئه‌و و تروسكه‌ی چاوه‌كانی ئه‌م هێشتا مابان! "ده‌گه‌ڵ بیره‌وه‌رییه‌كانی دۆینێ مانه‌وه یان ده‌گه‌ڵ خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانی ئه‌مڕۆ ژیان؟" هیچ شتێک وه‌ک خۆی نه‌ماوه خۆ. له‌یلا له پاره‌وه تا ئێستا سه‌د له‌ت بووه و ته‌نیا له‌تێكی بچووكی دووری له گۆشه‌ی ڕاستی وێنه‌یه‌کدا به زه‌حمه‌ت ده‌ناسرێته‌وه. ئه‌گه بناسرێته‌وه ... ژنێكی تر له ژنه‌كانی ده‌روونم خه‌ریکه سه‌رهه‌ڵده‌دا.
September 13, 2007
پایز و دڵه‌كوته، پایز و باران، پایز و گه‌ڵا ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كان، پایز و داری ته‌ڕ و ڕووت، پایز و بۆنی شه‌و، پایز و ده‌نگی باران، پایز و خه‌یاڵی عاشق بوون. پایز و نه‌رمه بایه‌كی سارد، پایز و تینی تیشكی خۆرێكی كاڵ، پایز و خشه خشی گه‌ڵاكان له ژێر پێت، پایز و ئاسمانێكی سورمه‌یی، پایز و شه‌وه بێ ئه‌ستێره‌كان. پایز و دیتنهوهكان، پایز و دابڕانه‌كان، پایز و ئێواره سست و سهبرهكان، پایز و گریانه بێ ده‌نگه‌كان، پایز و بزه‌ی لێوی ئاڵ، پایز و نهنووسینهكان، پایز و كتێبه‌كان، پایز و ڕۆژه كورتهکان، پایز و سڕی شه‌وه درێژه‌كان، پایز و ڕه‌نگه‌كان، پایز و ته‌نیاییه‌كان، پایز و بێ هیچ هۆیه‌ک دڵته‌نگ بوونه‌كان، پێكه‌نینه‌كان. پایز و شته ونه‌كان! پایز و بوون. .
September 2, 2007
تاریكی شتێكی به‌سامه. یه‌ک ڕێگه و هه‌مان ڕێگه‌یه و تۆ بست به بستی ڕێگه‌كه ده‌ناسی. هه‌موو ڕۆژێ، ڕۆژی چه‌ند جار هه‌مان ڕێگه گه‌ز ده‌كه‌ی. داره چڕوپڕه‌كانی ئه‌وبه‌ر ئه‌وبه‌ری ڕێگه‌كه ده‌ناسی، ڕه‌نگی باڵكۆنی ماڵه‌كان، ته‌نانه‌ت ڕه‌نگی په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌كانی سهرشهقامهكهش. هه‌مان ڕێگه‌یه. ده‌زانی ده‌ستی ڕاستت كتێبخانه‌یه، دیوار به دیواره‌كه‌ی مه‌دره‌سه‌ی منداڵان بووه. ده‌زانی سێ پلیكان ئه‌گه وهسهركهوی زه‌وی كایه‌ی بهسكێته كه كچ و كوڕه گه‌نجه‌كان ئێواران له‌وێ كۆده‌بنه‌وه. هه‌زار جار به ژێر پرده‌كه‌دا تێپه‌ڕیوی. نووسراوه‌ی سه‌ر دیواره‌كانت له‌به‌ره و دووچه‌رخه خێچ و خواركراوهكه هێشتاش، كه‌س نازانێ له كه‌یه‌وه، له هه‌مان شوێن، له‌ناو گیاوگۆڵهكهدا تۆڕدراوه. هه‌مان ڕێگه‌یه، كه‌چی به تاریكی شه‌و شته‌كان هه‌موو وه‌ک بڵێی ده‌گۆڕدرێن. داره‌كان لێت ده‌بن به‌و سێبه‌رانه‌ی خۆیان مات كردووه ڕێت پێ بگرن، خشه‌ی گه‌ڵاكانت لێ ده‌بێته خشپه‌ی پێ و ده‌نگی دووری چه‌ند ڕێبوارێک ده‌بێته قیژه‌یه‌كی به‌رز له په‌نا گوێتدا. تاریكی شتێكی به‌سامه. به ده‌نگی پێی خۆت ئاوڕوو ده‌ده‌یه‌وه، سه‌رپه‌نجه‌كانت له یه‌ک گرێده‌ده‌ی و ئاماده‌ی مست له تاریكی بوه‌شێنی." هه‌مان ڕێگه‌یه" ، خۆت به خۆت ده‌ڵێی، كه‌چی تاریكی كه به سه‌رتدا ده‌ڕشێته‌وه، ترس قوتت ده‌دا به ده‌ست خۆت نییه. ترس به‌ڵام كاتی وا ته‌نیا هاوڕێته. هێزی وه‌ت پێده‌دا هه‌نگاوه‌كانت خێراتر كه‌ی. وا ده‌كات هه‌موو ده‌نگه‌كان ببیستی و هه‌موو سووچه‌كان به وردی و له دووره‌وه بپشكنی. ترسه یارمه‌تیت ده‌دا له تاریكی تێپه‌ڕ بی. من نازانم دۆینێ شه‌و چی قه‌وما كه من له تاریكی ئه‌و بسته ڕێگه‌یه وا سه‌یر ترسا بووم. من نازانم ئه‌و ترسه تا كوێی ناخی من ڕۆچوو بوو كه هه‌موو دڵهكووتهكان و ترسه‌كانی ساڵانی پێشی تێدا زیندوو كردبوومه‌وه. هه‌رچی بوو یه‌ک شتی وه‌بیر هێنامه‌وه: ئه‌گه ترس نه‌با من به هیچكام له ئاواته‌كانم نه‌ده‌گه‌یشتم، هیچكام له ئهزمۆنهكانی ژیانمم نه‌ده‌بوو و قه‌ت به قه‌د ئه‌مڕۆ خۆمم نه‌ده‌ناسی. ترس له‌وه‌ی به قه‌د بیری خۆم نه‌ژیم، ترس له‌وه‌ی ڕۆچم، ترس له‌وه‌ی كۆڵ بده‌م، ترس له‌وه‌ی ده‌رفه‌تی تهجرهبهكردن ده‌ست نه‌دا، ترس له‌وه‌ی ئیتر عاشق نه‌بم وای كرد قه‌ت نه‌وه‌ستم، ڕۆنه‌چم، وای کرد هه‌موو جارێ هه‌ستمه‌وه و درێژه بده‌م. |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|