Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

December 31, 2009

"در ایام خفقان، در ایامی که ما را دروغ باران می‌کردند، در ایامی که به نظر می‌آمد هر چیز واقعی، هر چیزی که هدفی بود فراتر از انسان، دیگر اصلا وجود ندارد و ما محکوم به هیچی و فراموشی شده‌ایم، در چنین ایامی انسان می‌نویسد تا بلکه بتواند بر این خلط و هرج و مرج فائق آید. آدم می‌نویسد تا مرگ را انکار کند. مرگی که این همه چهره‌های مختلف به خود می‌گیرد و هر کدام از این چهره‌ها همیشه واقعیت سرنوشت بشری، رنج، تمرد و صداقت را از معنا تهی می‌کند. ما می‌نوشتیم تا واقعیتی را که به نظر می‌آمد در حال فرو رفتن و غرق‌شدنی ابدی در یک فراموشی تحمیلی است در حافظه‌هامان زنده نگه داریم."

روح پراگ
ایوان کلیما





December 30, 2009

...

بۆ گێرانەوە نابێ، دەبێ خۆت هەستت پێ کردبێ! دەبی ڕۆژێکی ئاسایی تۆش لە ژێر بەفرە چڕوپڕەکەی بە سەرتا دەبارێ وەستابی و هێشتا مابێتی چرای پەڕێنەوە سەوز بێ، چاوت بکەوێتە چاوی کوڕێکی قژلوولی چاوڕەشی ناو ئومبیلێکی شین کە نەرم بە پێشتا تێدەپەڕێ و به‌ هه‌موو گیانته‌وه‌ حەزت کردبێ توند لە باوەشی بگری و بێ خەیاڵی هەموو خەمێک ماچی کەی!

بۆ گێرانەوە نابێ، دەبێ خۆت هەستت پێ کردبێ!





December 27, 2009

هەموو جارێ پێش ئەوەی شمارەکەی بگرم بە خۆم دەڵێـم لەبیرم بێ هەواڵی شاری لە نەپرسم. بە خۆم دەڵێم لەبیرم بێ لە خۆی و منداڵەکانی بەدەر باسی هیچ نەکەم. کەچی جار نەبووە من تلەفوون بکەم و هەواڵ شار و کووچە وکۆڵانەکانی لێ نەپرسم. جار نەبووه هەواڵی ئەوانەی دەیانناسم و ئەوانی نایانناسم نەپرسم و گڕێ پووچکەی بوغزی گریانێک ڕێ‌ بە هەناسەم تەنگ نەکات. هەواڵەکانی لەوێرا دێن هیچی ئاهی خۆشیت ناخەنە دڵ. لە هەواڵی شین را بگرە تا شایی. کچی فڵانە کەس مارە کراوە لە سەر هەزارو سێسەد و شەست و نازانم چەند سکەی بەهاری ئازادی، ئەوە بە پێی ساڵی لە دایکبوونی کچەکان کەم و زۆر دەبێ، هەر چی کچە منداڵتر بێ گرانتردەفرۆشترێ. دەڵێ ئەو کچەی لە سەر هەزاروسێسەد وشەست و نازانم چەند سکەی "بەهاری ئازادی" مارە کرابوو، گەراوەتەوە "ماڵی باوکی"، دەڵێ‌ ئەوەندەی لێدرابوو هەموو گیانی ڕەش و شین هەڵگەرابوو. ددان و پەراسووی شکابوون و ... لێی دەپرسم "مارەییەکەی بە دەردی دەخوا ئێستا؟" دەڵێ نا، کوڕە تەڵاقی نادا و مارەیی وەرگرتن خۆ هەروا ئاسان نییە و ...

دەڵێ سی وشەش ساڵی تەمەنە، مێردەکەی مۆعتادە، ژنەچەند ساڵە هەوڵ دەدات جیابێتەوە، ڕووی لەهەر لایەک کردووە کەس یارمەتی نەداوە، دەڵێ کۆڵێک بەڵگە و وێنەی بردبوو نیشانی قازی دابوو کە مێردەکەی مۆعتادە، کە لێیدەدات، کە لە منداڵەکان دەدات، قازی بەڵام بریاری داوە منداڵەکان لە دایکەکە بستێنێتەوە و بیانخاتە ژێر دەستی هەمان باب کە مۆعتادە و کە لێیان دەدات. دەڵێ کە ئەو بڕیارە درا، دایکەکە هاتۆتەوە ماڵ، دەرگای لە سەر خۆی داخستووە و ئاگری لە خۆی بەرداوە. دەڵێ هاوسێکان درەنگ گەیشتنێ!

دەڵێ‌ ئێستاش ژنێکی بیست و هەشت ساڵە، کە مێردەکەی بڕیاری داوە ژنی بەسەر بهێنێ، سوورە لە سەر مردن. مێردەکەی گووتەیەتی دەتوانێ جیابێتەوە بەڵام منداڵەکانی پێ ‌نادات. "ماڵی باوکی" ژنەکە گووتیان ڕایناگرنەوە باشترە جیا نەبێتەوە. ئەم دایکە بێ دەرەتانە، ئەم ژنە بێ‌کەسە بڕیاری داوە خۆی بسووتێنێ. بڕیاری داوە خۆی و منداڵەکانی ئاگر تێبەردات. دەڵێ نامەی نووسیوە و لە لای هاوڕەکانی دایناوە و هۆی "خۆ"کووشتنی خۆی و منداڵەکانی شی کردۆتەوە و نووسیوێتی کێ‌تاوانبارە! دەڵێ پەیوەندەی دەگەڵ ڕۆژنامەکانی شار گرتووە و چیرۆکی خۆیی بۆ گێراونەتەوە...

بیردەکەمەوە ئەو کەی خۆکووشتنە؟ ئەوه کەی "بڕیارە"؟ ئەوە کەی ویستی مردنە؟ ئەوە قەتڵە، ئەو مرۆڤ کووشتنە، ئەوه بە کووشت دانە. بیردەکەمەوە گیانی مرۆڤ لەمە هەرزانتر دەبێ؟‌

باشە ئەم قۆڕیاتەی "بەهەشت لە ژێر پێی دایک دایە" لە کوێ ڕا هاتووە؟ مانای چییە؟ کام بەهەشت؟ نەکا مەبەست لە بەهەشت هەر ئەو جەهەننەمەیە بۆ ژنان و دایکەکانیان سازکردووە. چۆنە ژن لە کاتی خەبات و شۆڕش لە شەقامەکانی شار، لە شاخ و کێوەکانی کوردستان شان بە شانی پیاو دەتوانن بەشەڕ بێن بەڵام ڕێز و حورمەتی ئینسانیان لە لایان پیاو، باب و برا و مێرد، ئاوا بە ئاسانی پێ شێل دەکردرێ؟ ژنان دەگێرێن، دەکوژرێن، دەستدرێژییان پێ‌دەکردرێ هەمووی لە پێناو "وڵات و خاک" کەچی لە خاک و وڵاتی خۆیان بێ‌بەشترین و بێ کەسترین مرۆڤەکانن! ئەگە یاسا و شەریعەتی ئیسلام پایە وبناغەی ئەو نابەرابەری و نایەکسانی نێوان ژن و پیاوه، خۆ زۆربه‌ی پیاوان لە دەست دین و ئیسلام دەناڵێنن. چۆنە کە دەگاتە ئەو بەشە مل کەچ دەکەن و کوێر و لاڵ ‌دەبن؟‌ تۆ بڵێی ئەو پیاوانە، ئەو قازییە، ئەو مەلایانە، ئەو خەڵکانەی دەبینن و هیچ ناڵێن شەوانە بە سەری سووک سەر بخەنە سەر سەرین؟‌ یانی ژانی وژدان بەرۆکی هیچیان ناگرێ؟

لە کام سەدە دا دەژین؟ مرۆڤایەتی چی بەسەر هاتووە؟‌ گیانی مرۆڤ لەمە هەرزانتر دەبێ؟‌






December 22, 2009


تا چرای ئێمە نەسووتێ،
ئێوە هەرگیز ڕووناکایی
نابینن بە چاوی خۆتان.
تا ئێمە دیل و کۆیلە بین
هەر کۆت و نیر
نۆق و زنجیر دەکەین بۆتان!

قڕمان دەکەن؟
قوڕتان بە سەر!
گەر بشمرین
تەنیا دیلی دەدۆڕێنین،
چ هەیە لە دیلی تاڵتر؟
گەر بشمرین هەر سەرکەوتووین،
کوا لە کۆیلەی شەهید زاڵتر؟


قڕمان دەکەن؟
قوڕتان بە سەر!
دوای مردنیش لێ ناگەڕێین
نیشتمانمان بکەن بە ماڵ،
لێ ناگەڕێین
گۆشتمان بخۆن وەک قەڵ‌ داڵ.
گەر هیچ نەبێ
‌دەبینە خاڵۆزەی بێستان،
زیوانی ناو دەغڵ و دانتان.
دەبینە لم،
دەچینە ناو پارووی نانتان.
دەبینە مار،
پەپکە دەخۆین لە ناو نوێنتان.
دەبینە شێرجەنجە و میکرۆب،
گەرا دەخەین لەناو خوێنتان.
دەبینە کوان،
هەردەمەو لە جێیەک دەردێین.

دەبینە ژان،
لە سەد لاوە تێتان وەردێین.
دەبینە ژێرووی هەزار پێ،
دەم گیر دەکەین لە گەرووتان.
دەبینە تامیسکەی سەر لێو
باپشکێوی سەر پێڵووتان.

قڕمان دەکەن؟
قوڕتان بەسەر!
دوای مردنیش،
لێ ناگەڕێین نیشتمانمان بکەن بە ماڵ.
لێ ناگەڕێین گۆشتمان بخۆن وەک قەڵ‌و داڵ.

شایی بکەن ـ دەیکەین بە شین.
پرسە دانێن ـ کاستان دەکەین بە پێکەنین.
دەبینە لەکەی زمان و تانەی سەر چاو،
دەبینە مووی ناو خۆراک و خڵتەی ناو ئاو!
تا چرای ئێمە نەسووتێ،
ئێەوە هەرگیز رووناکایی نابینن بە چاوی خۆتان،
تا ئێمە دیل و کۆیلە بین،
هەر کۆت و نیر،
تۆق و زنجیر دەکەین بۆتان!



پەشێوـ 1983






December 20, 2009



هاوڕێم سپاس بۆ ئەمڕۆ ... زۆر دانە!

پیرۆزکردنەوەی ڕۆژی لە دایکبوونم بە شێوەیەکی خۆش و گران و تازە و نەدیوبدیانە بوو. دەبێ خۆشحاڵ بین تازە - بەم زووانە- ڕێگەمان لەوێ ناکەوێتەوە. لە هەمووی خۆشتر ئەو چرکەیە بوو کە زانیت قەرار نییە هیچی ترت لە پێش دانێن. ئای کە گوناح بووی!

پەنجا میلیۆنەکەیان کە لە حیساب کردم "دەتبەمە" هەمان شوێن و هەرچی ویستت داوا بکە :))







December 16, 2009

نۆستالژیا!

لە دەرێ بەفر دەبارێ. من خەریکی نووسینم لە سەر کار. زوو زوو ئاوردەدەمەوە و بە تاسەوە چاو لە بەفرەکانی دەرێ دەکەم و لەپڕ دڵم پڕ دەبێ لە تاسەی پاشنیوەڕۆیه‌کی بەفراوی ساڵێکی دوور، لە پشت پەنجەرەوە چاوم لە بەفرەکانی دەرێ دەکرد، ئەوەی هەبوو تەنیا گەرمای سەیر خۆشی کوورەی‌دار بوو و دەنگی سووتانی دارەکانی ناوی!






December 13, 2009

شازدە بچکۆلە ڕێی کەوتە باخچەیەک پڕ‌لە گوڵی رۆزی سوور. سڵاوی کرد. گوڵەکان وڵامیان داوە:‌ سڵاو! شازدە بچکۆلە چاوی لێ یان کرد، هەموویان لە گوڵە سوورەکەی ئەو دەچوون. بە سەرسووڕماوییەوە پرسی: ئێوە کێن؟‌ گوڵە سوورەکان گوتیان: ئێمە گوڵی رۆزی سوورین. شازدە بچکۆلە هەستی بە دڵشکاوی کرد. گوڵەکەی پێی گووتبوو کە خۆی لەو دونیایە دا تاقە، کەچی ئێستا پێنج هەزار گوڵی سوور، ڕێک وەک گوڵەکەی ئەو، لەو باخچە دا هەبوون. ..

شازدە بچکۆلە بیری کردەوە: پێموابوو کە دەگەڵ گوڵە تاقانەکەی خۆم گەنجێکی بێ‌هاوتام هەیە. کەچی ئێستا دەبینم گوڵەکەی من گوڵێکی ئاساییە.... شازدە بچکۆلە دایە پڕمەی گریان!

****

: سڵاو!

شازده بچکۆلەچاوی گێرا و کەسی نەدی. کەچی وڵامی داوە: سڵاو!

دەنگەکە گووتی: لێرەم، لە ژێر دارسێوەکە!

شازدە بچکۆلە گووتی: تۆ کێی؟ چەند جوانی!

گووتی: من ڕێویم!

شازده بچکۆلە گووتی: وەرە کایەم دەگەل بکە، دڵم سەیر گیراە!

ڕێوی گووتی: ناتوانم کایەت دەگەڵ بکەم، من دەستەمۆ نەکراوم.

شازده بچکۆلە ئاهێکی هەڵکێشا و گووتی ببوورە و خێرا پرسی "دەستەمۆ بوون" یانی چی؟

ڕێوی گووتی: دیارە خەڵکی ئێرە نی، بە دوای چی دا دەگەرێی؟

شازدە بچکۆلە گووتی: بە دوای بنیامەکان دا. "دەستەمۆ بوون" یانی چی؟

ڕێوی گووتی:‌ بنیامەکان دەچنە ڕاو و تفەنگیان پێ یە و ئەوەش هیچ خۆش نییە. تەنیا قازانجیان ئەوەیە مریشکیان هەیە. تۆش بەتەمای مریشکی؟

شازده بچکۆلە گووتی: نا، من بە دوای "هاورێ" دەگەڕێم. نەتگووت "دەستەمۆ بوون" یانی چی؟

ڕێوی گووتی: ئەوە شتێکی لە بیرکراوە. یانی "هۆگری کەسێک بوون"...

- "هۆگری کەسێک بوون"؟‌

ڕێوی گووتی: ئەرێ! ئێستا تۆ بوو من کورێکی بچووکی وەک هەموو کورە بچووکەکانی تر و من هیچ پێویستییەکم بە تۆ نییە. تۆش هیچ پێویستییەکت بە من نییە، من بۆ تۆ ڕێوییەکم وەک هەموو ڕێوییەکانی تر. کە دەستەمۆی خۆتم بکەی، پێویستمان بە یەک تر دەبێ. تۆ دەبی بە تاقانەی من و من بە هی تۆ...

شازدە بچکۆلە گووتی: خەریکم وردە وردە ‌تێدەگەم. گوڵێک هەیە ... پێموایە ئەو گوڵە منی دەستەمۆی خۆی کردووە!

.....

*****

تۆ ئه‌گه‌ من ده‌سته‌مۆی خۆت بکه‌ی وه‌ک ئه‌وه‌یه‌ ژیانم پڕ بێ له‌ تیشکی خۆر. ده‌نگی پێی تۆ ده‌گه‌ڵ ده‌نگی پێی هه‌موو ئه‌وانی دی فه‌رقی بۆم ده‌بێ. به‌ ده‌نگی پێی ئه‌وانی تر خۆ حه‌شار ده‌ده‌م و دەنگی پێی تۆ وەک پارچە موسیقایەکی جوان هانم دەدا لە کوون بێمە دەر. وردەو! ئەو گەنمانە دەبینی؟‌ من نان ناخۆم و مەخابن گەنم هیچ هەستێکی لە مندا زیندوو ناکاتەوە. بەڵام قژی تۆ هاوڕەنگی ئەو گوڵەگەنمانەیە. کە من دەستەمۆی خۆت بکەی گوڵەگەنمەکان من دەخەنە بیری تۆ و دەنگی شنە بای ناو گوڵەگەنمەکان لە لام خۆشەویست دەبێ. ڕێوی بێدەنگ بوو و چاوی بڕیە شازدبچکۆلە. د‌وای ماوەیەک بێدەنگی گووتی: تکایە من دەستەمۆی خۆت بکە!

شازدە گووتی:‌ زۆر حەز دەکەم، بەڵام کاتم نییە. دەبێ بگەڕێم چەنددانە ‌هاوڕێ بۆ خۆم ببینمەوە... زۆر شت‌ هەن دەبێ فێریان بم، دەبێ بیانناسم.

ڕێوی گووتی: تا شتێک دەستەمۆی خۆت نەکەی ناتوانی بیناسی. بنیامەکان دەمێکە کاتی ناسینی هیچیان نییە. ئەوان هەموو شت بە حازری دەکڕن و چونکە هیچ دووکاندارێک "هاوڕێ" نافرۆشی مرۆڤەکان بێ دۆست و هاوڕی ماونەتەوە. تۆ ئەگە هاوڕێت دەوێ من دەستەمۆی خۆت بکە...

شازدە بچکۆلە گووتی: دەبێ چی بکەم؟‌

ڕێوی گووتی: "دەبی سەبوور بی! ئاوا لە سەرەتاوە تۆ کەمێک دوورتر لە من دانیشە. من لە گۆشەی چاو دەڕوانمە تۆ و تۆ هیچ ناڵێی. زمان سەرچاوی هەموو خراپ لە یەک تێگەیشتنەکانە. تۆ بەڵام ڕۆژ بە دوای ڕۆژ لە من نزیکتر دانیشە ..."

*****

ڕێوی گووتی: هەر شتێک تایبەتمەندی خۆی هەیە.

شازدە بچکۆلە گووتی: تایبەتمەندی یانی چی؟‌

ڕێوی گووتی: ئەوەش شتێکی ترە کە تەواو لە بیرکراوە. ئەوە هەمان شتە کە وا دەکات فڵانە ڕۆژ دەگەڵ هەموو ڕۆژەکانی تر و فڵانە کات دەگەڵ هەموو کاتەکانی تر فەرقی هەبێ.

***
ئاوا بوو کە شازدە بچکۆلە ڕێوی دەستەمۆ کرد. کاتی جیابوونە کە هات ڕێوی گووتی: ئاخ، ناتوانم پێش بە گریانی خۆم بگرم.

شازدە بچکۆلە گووتی: تاوانی خۆت بوو. خۆ من خراپەی تۆم نەدەویست. خۆت ویستت دەستەمۆ بیت.

ڕێوی گووتی: وایە!

شازدە بچکۆلە گووتی: دەی فرمێسکەکانت خەریکن دەرژێنە خوار!

ڕێوی گووتی: وایە!

شازدە بچکۆلە گووتی: کەوابوو ئەو دەستەمۆ بوونە هیچ قازانجێکی بۆ تۆ نەبوو؟

ڕێوی گووتی: با قازانجێکی هەبوو، لەمەوبەدواوە هەموو جارێ کە ڕەنگی گوڵەگەنمەکان ببینم دڵم شاد دەبێ! ئێستا بڕۆوە بۆ لای گوڵە سوورەکان. پێموایە ئەوجار تێدەگەی بۆ گوڵەسوورەکەی تۆ تاقانەیە!

***
شازدە بچکۆلە ملی ڕێی گرت و گەراوە بۆ لای گوڵەسوورەکان. پێی گووتن: ئێوە قەت لە گووڵە سوورەکەی من ناچن. ئێوە هێشتا هیچ نین. ئێوە هێشتا دەستەمۆی کەس نەبوون. ڕێوییەک هەبوو وەک هەموو ڕێوییەکانی تر. ئەوم دەستەمۆی خۆم کرد. بوو بە هاوڕێی من. ئێستا ڕێوی من تاقانەیە بۆ من!

****
شازدە بچکۆلە گووتی: ماڵئاوا!

ڕێوی گووتی: ماڵئاوا. ئەوەش نەهێنی من کە زۆریش ساکارە. لە بیرت بێ شتەکان بە چاوی دڵ نەبێ نابیندرێن. ئەو شتەی ئەسلە لە بەر چاو وونە!

شازدە بچکۆلە بۆ ئەوەی لە بیری بمێنێتەوە دووپاتی کردەوە: ئەو شتەی ئەسلە لە بەر چاو وونە!

ڕێوی گووتی: ئەوەی بایەخ دەداتە گوڵی تۆ ئەو کات و تەمەنەیە تۆ لە پێناو ئەوت داناوە.

شازدە بچکۆلە بۆ ئەوەی لە بیری بمێنێتەوە دووپاتی کردەوە: ئەو کات و تەمەنەیە من لە پێناو ئەوم داناوە!

ڕێوی گووتی:‌ بنیامەکان ئەو ڕاستییەیان لە بیرکردووە، تۆ بەڵام نابێ قەت لە بیری بکەی، تۆ بەرپرسی ئەو شتەی کە دەستەمۆی خۆتت کردووە. تۆ بەرپرسی گوڵی خۆتی!

شازدە بچکۆلە بۆ ئەوەی لە بیری بمێنێتەوە دووپاتی کردەوە: من بەرپرسی گوڵی خۆمم!

****


The Little Prince
Antoine De Saint-Exupéry





December 12, 2009

شازدە بچکۆلە لە سەر بەردێک دانیشت و ڕووی لە ئاسمان کرد، گووتی: "بیر دەکەمەوە نەکا ترووسکەی ئەستێرەکان بۆ ئەوەیە هەر کام لە ئێمە بتوانێ ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەستێرەی خۆی ببینێتەوە". تۆ چاو لە ئەستێرەی من بکە، ڕێک لە بان سەرمانە... بەڵام چەند دوورە!

مار گووتی: چەندەش جوانە! تۆ بە تەمای چیت لێرە؟

شازدە بچکۆلە گووتی:‌ دەگەڵ گوڵێک نێوان ناخۆشیمان لێ پەیدا بوو.

مار ئاهێکی هه‌ڵکێشا! ... و هەر دوو بێدەنگ بوون.

شازدە بچکۆلە دوای ماوه‌یه‌ک بێده‌نگی شکاند و گووتی: ئەی بنیامەکان لە کوێن؟ مرۆڤ لەم بیابانە هەست بە تەنیایی دەکات.

مار گووتی: مرۆڤ دەگەڵ مرۆڤەکانیش بێت هەست بە تەنیایی دەکات!


****

The Little Prince
Antoine De Saint-Exupéry





December 9, 2009

شتەکان دەگەنە شوێنێک کە ئیتر هیچت پێ نادەن. ئیتر هیچ مانایەک، ناوەڕۆکێک یان بایەخێکی تایبەتیان نییە. بیر لە پەیوەندییەکان دەکەمەوە. دەزانی، گرنگ نییە پەیوەندی خۆشەویستییە یا دوژمنایەتی، تا ئەو ڕۆژەی هەستێک لە گۆڕێدایە، یانی جۆرە پەیوەندییەک هەر هەیە، کەس ناڵێ‌ ئەم هەستە و ئەم پەیوەندییە دەبێ هەموو هەر خۆشی و خۆشەویستی بێ. ڕۆژێک بەڵام دێ کەسێک یا شتێک ئیتر هیچ مانایەکی نامێنێ، ئیتر هیچ شوێنێکی لە لات نییە، کە دەیبینی، کە دەیبیستی، کە ناوی دێ شان هەڵدەخەیەوە، هیچ هەستێک سەر هەڵنادات، نە خۆشت دەوێ، لە ڕقت لێی دەبێتەوە، نە بزەت دەخاتە سەر لێو و نە تەز دەخاتە دڵتەوە. ئەو کاتەیە ئیتر بە دڵنیاییەوە دەتوانی باس لە نەمانی پەویوەندییەکە بکەیەوە.

شتەکان دەست پێ دەکرێن کە تەواو بن. شتەکان درەنگ یا زوو ڕۆژێک، نیوە شەوێک، ئێوارە درەنگانێکی پایزی تەواو دەبن. هیچ سەیر نییە بەیانی زووی ڕۆژێکی شەممە کە چاو دەکەیەوە سەرنج بدەی ئیتر هیچ شتێک بە دواوەت گرێ ناداتەوە. هیچ سەیر نییە ئێوارەی ڕۆژێکی هەینی بە دەم هەنگاوە خێراکانتەوە بەرەو مێترۆ دڵنیا بی لە تەواوبوونی بوونی ناتەواوی کەسێک. ئەوانە و زۆر شتی تریش سەیر نییە. سەیر بەلامەوە ئەوەیە چۆنە دەهێڵین شتەکان ئاوایان لێ بێ‌ کە تەواو بوونیان تەنانەت ئاخێکی بچووکیش‌ نەخاتە دڵ. سەیر بەلامەوە ئەوەیە چۆن دەهێڵین شتەکان و کەسەکان بە زیندووی بۆمان بمرن!

بە دوای هیچ وڵامێک دا نیم. هەوڵ ‌دەدەم شتەکان ئاوا کە هەن قەبوول بکەم. هەوڵ دەدەم کەسەکان ئاوا کە هەن ببینم. حەز و خۆزگە و بریاکان ڕادەگرم بۆ خۆم و شەوی شێتایەتی و مەستی.






www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------