March 27, 2005
قه‌ت مه‌گه‌رێوه! (ئاسمانی هه‌موو شوێنێک هه‌ر شین نییه!) منداڵیمان: سرووده‌كانی " آهنگران" و مارشی نیزامیان داده‌نا و به‌ڕێوبه‌ری به‌رنامه به هه‌موو هێزی خۆی ده‌یگوڕاند و به هه‌واڵی ئازایه‌تی و قاره‌مانه‌تی "سه‌ربازانی ئیمام زه‌مان" كه هه‌نگاو به هه‌نگاو دوژمنیان له خاكی وڵات دوور ده‌كرده‌وه، مێشكی داگیر ده‌كردین. نیوه شه‌و كه داده‌هات، ده‌نگی میگهكانی عێراقی و ئاژیری سوور، ده‌گه‌ڵ تاریكی تێكه‌ڵ ده‌بوون و هه‌ناسه‌کانمان، كپ. میگه عێراقییه‌كان به سه‌ر ڕه‌شایی شاره‌كانه‌وه ده‌ڕشانه‌وه و "سه‌ربازانی ئیمام زه‌مان" گولله‌یان به تاریكییه‌وه ده‌نا. ده‌نگی ئامبولانس و هه‌ناسه‌ی دایک و بابه‌کان و گریانی منداڵان پڕ بوون له هه‌واڵی مه‌رگی ناوه‌ختی چه‌ند كه‌سی ناسیاو نه‌ناسراو... هه‌شت ساڵ، ئه‌وه ببوو به چیرۆكی شه‌وانی منداڵه‌تیمان و له‌ناو گرمه گرم و ده‌گه‌ڵ شین و شه‌پۆڕ چاومان ده‌ناوه ... ده‌گه‌ڵ بۆنی خوێن گه‌وره بووین: ڕادیۆیه‌کی ڕه‌شی بچووكی هه‌بوو. ئانتێنه‌که‌ی شكابوو. ده‌ستت ئه‌گه له ئانتێنهكه به‌ردابا، له به‌ر خشه‌خش و پارازیت، هیچت نه‌ده‌بیست. بۆیه ئانتێنه‌كه‌ی هه‌ڵده‌داوه و به ده‌ستی ڕاستی ڕایده‌گرت تا ده‌نگی " شێرانه‌ی" ئه‌حمه‌د شێربه‌گی، شمشالی قاله مه‌ڕه و "چه‌ند ئایه‌تێک له قورئانی پیرۆز"، هه‌واڵی سه‌ركه‌وتنی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و كاروانی شه‌هیدان، سه‌ر له نیوه‌ڕۆمان پڕكاته‌وه! هه‌واڵه‌كان بۆنی خوێنی لێ ده‌هات. وشه‌كان خوێناوی بوون. به خوێن ده‌دوان. به خوێن شورشیان ده‌كرد. به خوێن ڕێزیان له ژیان ده‌گرت. خوێنێک كه بست به بستی ئه‌و وڵاته‌ی سوور كرد و داری ئازادیی هه‌ر پێ شین نه‌بوو ... گه‌وره بووین: بێ ئه‌وه‌ی قه‌ت منداڵه‌تیمان كردبێت. گه‌وره‌تر بووین. هیچ نه‌بووین به‌ڵام. هۆوییهتێکمان نه‌بوو. نه‌سلێكی سووتاو. نه‌سلێكی به ته‌واو مانا قوربانی. نه سروودێكمان هه‌بوو هانده‌رمان بێت و نه باوه‌ڕمان به نه‌سڵی پێش خۆمان مابوو. نه هیچمان هه‌بوو ئیمانی پێ بێنین و نه به‌رگه‌ی بێئیمانی خۆمانمان ده‌گرت. سه‌رلێشێواوتر له‌وانی پێش خۆمان و لێقه‌وماوتر له‌وانی دوای خۆمان بووین. نه له وه‌ده‌رنانی شا ده‌ورمان هه‌بوو و نه بۆ هاتنی كۆماری ئیسلامی مافی ده‌نگدانمان بوو. نه له چوارچێوه‌ی ته‌نگ و ته‌سكی ئایدۆلۆژیای گه‌وره‌كانمان خۆمان ده‌دیته‌وه و نه وه‌ک ئه‌وانی دوای خۆمان له هه‌موو شتێک و له خۆمان دابڕابووین هێشتا. نه فێری سۆفی گه‌ری سیاسی بووین و نه ئیزنیان پێداین فێری فه‌لسه‌فه‌ی دڵداری بین ... مــــرۆڤ. مــــرۆفی تاوانباری بۆگه‌نیو: باڵا به‌رز بوو. له هه‌موومان به‌رزتر بوو و له هه‌موومان ته‌مبه‌ڵتر. ته‌مبه‌ڵی كلاس بوو. دوو ساعه‌ت له هه‌فته‌دا ده‌رسی "حرفه و فن"مان هه‌بوو و هه‌موو جارێ دوای ته‌واو بوونی كلاس، "مامۆستا" داوای لێ ده‌كرد ئه‌و بمێنێته‌وه و بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خرته و پرتهكان، یارمه‌تی بدات. هه‌موو جارێ ده‌ماوه و ده‌نگی نه‌ده‌هاته ده‌ر. شلێر لێیان وه‌ژوور كه‌وتبوو. به چاوی خۆی دیبووی. دواتر كه چه‌ند كهسیتریش دیبوویان "مامۆستا" چی له‌و كچه ده‌كات، هه‌را هه‌را ساز بوو. كچه ئیتر نه‌هاته‌وه مه‌دره‌سه، كه‌چی "مامۆستا" هه‌ر "مامۆستا" مایه‌وه و كه‌س له گوڵی كاڵتر پێ نه‌گوت. به‌رپرسی "ارشاد و اخلاق اسلامی" داوای له په‌خشان كردبوو هه‌موو ڕۆژێ بچێت بۆی بگێرێته‌وه له كلاس "كێ باسی چی ده‌كات!"، په‌خشان له داخان دوو مانگ نه‌هاته‌وه، شایسته سێ حه‌فته بۆی نه‌بوو بێته‌وه چونكه نامه‌ی كوڕانی پێ بوو. نمره‌ی سێ مانگی یه‌كه‌می " انضباط"ی له‌یلا بوو به هه‌شت، چونكه له كلاسی ئینشا، چیرۆكێكی كوردی خوێندبووه و ... ترسی بێبڕانه‌وه‌ی ده‌رونمان: نێوئاخنی مانای "پاكداوێنی"، "پاكی"، "نجیب بوون"، ڕه‌شایی ترسێكی بێبڕانه‌وه بوو. ترسێک كه له ناخمانا ڕیشه‌ی داكوتابوو و تهنیاییهكانمانی پڕ كردبوو له سێبه‌ری چاو وزماندار. ده‌ترساین. له خۆمان زیاتر له هه‌موو كه‌س ده‌ترساین. بوونمان یانی گوناح! چاو لێ‌كردن، هه‌ست پێكردن، ویستن، یانی گوناح. سه‌رێکی بێ سه‌ودا. ئاواته‌كانمان له كوێ ناشت؟ ترسه‌كانمان له خۆمان گه‌وره‌تر بوون. نوقمی كردبووین. له‌وێ كه بزه نیشانه‌ی "سووک بوون" بێت، پێكه‌نین گۆرانی مردنه و به‌س. ئه‌وه‌نده ده‌ترساین ته‌نیا ڕهشاییهكانمان ده‌دیت. كچ بۆ كوڕ و كوڕ بۆ كچ ببوو به ئه‌فسانه‌یه‌کی دووری پڕله درۆ. ژن بوو به فرشته‌ی بێ‌باڵ و پیاو بوو به پاڵه‌وان... ده‌ترساین. ئه‌وه‌نده ده‌ترساین كه هیچمان نه‌دیت. هیچمان نه‌بیست. هیچمان نه‌ویست! سه‌ڵا له‌و ڕۆژه‌ی ببینی، ببیستی، بته‌وێ! خوشكه‌كه‌ی سێ جار به چۆكی خۆی دادا. گوتی ده‌گه‌ڵ قسه‌ی خه‌ڵك چی بكه‌م؟ گوتی كه‌س هیچی "باش" نالێت! دوایی گریا. كه‌مێک به "زمانی خۆش" و زۆریش به زمانی زۆر، داوای كرد، هه‌ڕه‌شه‌ی كرد، پاڕاوه... چه‌ند ڕۆژ لێی توڕه بوو. چه‌ند مانگ قسه‌ی ده‌گه‌ڵ نه‌كرد، چه‌ند ساڵێک حاشای لێ‌كرد. بابیشی! ڕاستیت ده‌وێت براكه‌شی! سنووره‌كانی یه‌كه یه‌كه دابه‌زاند. سه‌رێکی بوو پڕله سه‌ودا. ئه‌و شێته‌یه ده‌یدیت، ده‌یبیست، ده‌یویست. "كه‌ی ڕه‌وایه به ترسه‌وه ژییان؟" خۆی به خۆی ده‌گوت. ... .... خوشكه‌كه‌ی سێ جار به چۆكی خۆی دادا. گوتی نازانم چی بكه‌م، بۆ هه‌موو شتێک تازه زۆر دره‌نگه! كه‌مێک پێكه‌نی، گوتی: "له‌بیرته ده‌تگووت سه‌رێک كه دێـــشێ نــابــێــت ده‌سره‌ی لێ ببه‌ستی؟" كه‌مێک گریا. كه‌مێک له‌رزی. گوتی: " قه‌ت مه‌گه‌ڕێوه. ئێره شاری كوێرانه، خۆ تۆ فێر نیت ده‌ست به چاوته‌وه بگری..."
March 16, 2005
سێ ڕۆژه لێره به‌فر ده‌بارێ و من هه‌موو ڕۆژێ، لای چوار و پێنجی ئێوارێ كه ئارام ئارام به‌ره‌و ماڵ ده‌بمه‌وه، به تاسه‌وه چاوێک له ئاسمان ده‌كه‌م و به سه‌ر په‌نجه سڕه‌كانم ده‌ژمێرم بزانم تا به‌هار زۆری ماوه و ده‌بینم نا زۆری نه‌ماوه و لێره هێشتا هه‌ر زستانه و هه‌وڵ ده‌ده‌م ئاخر و ئوخرێكانی ڕه‌شه‌مه و تێكه‌ڵ بوونی بۆنی به‌هار و سه‌رمای نیوه گیانی ئاخری زستــــــان ده‌گه‌ڵ ده‌نگی توانه‌وه‌ی به‌فره ڕه‌ش هه‌ڵگه‌راوه چڵكنهكه، و دیمه‌نی چهقهرهدانی شولكی ناسكی داره‌كان و ده‌نگی جار وباری باڵنده‌كان و ماڵ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ژنان و هه‌رای خۆشیی منداڵه هار وهاجهكانی گه‌ره‌كم وه‌بیر بێته‌وه تا كه‌مێک مه‌وداكانی پێ كورت كه‌مه‌وه ... سێ ڕۆژه لێره به‌فر ده‌بارێ و من ئێستا بیر له ڕۆژێكی ڕه‌شی مێژوو ده‌كه‌مه‌وه له ساڵێكی نه زۆر دوور، له شارێكی نه زۆر گه‌وره‌ی كوردستان، پێنج شه‌ش هه‌زار مرۆڤ، له ناكاو و له چه‌ند چركه‌دا سووتان و بوون به خه‌ڵووز! دوایی بیر ده‌كه‌مه‌وه پێشتر " تێرۆریسم" هات دوایی دین، یان دین هات و دوایی تێرۆریسم ساز بوو؟ مرۆڤ بوون ئایا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تاوان بووه؟ گیانی مرۆڤ هه‌میشه ئاوا هه‌رزان بووه؟ ژیان كه‌ی وا بێبایه‌خی لێهات؟ و بیر ده‌كه‌مه‌وه خودایه‌ک ئه‌گه‌ر هه‌بێت، ده‌بێت هه‌تا هه‌تایه شه‌رمه‌زاری له‌شی سووتاوی ئه‌و كۆڕپه بێت سنگی سووتاوی باوكی، بوو به مه‌زاری ... سێ ڕۆژه لێره به‌فر ده‌بارێ و من له ناكاو كه‌وتوومه‌ته‌وه بیری ئه‌و شه‌وه‌ی ڕامین و من و ئه‌فشین له كۆڵانه تاریكه‌كانی سنــــــــه قۆڵمان له قۆڵی یه‌ک كردبوو و گۆرانی "جاده چۆڵ و سێبه‌ر بوو"مان ده‌خوێند و جارێكیش له سه‌ر پێ پیلكانی ماڵی نازانم كێ دانیشتبووین، من مامۆستا و ڕامین ده‌بوو به وریا و بۆ گوتنه‌وه‌ی"ده‌رسی پێشوو" هه‌ڵده‌ستا سه‌ر پێ و له "ئه‌لفه‌وه تاكو -ی-" هه‌رچی زانیبای، ده‌یگوته‌وه و ئه‌فشین تۆپه‌ڵه به‌فری به په‌نجه‌ره‌ی ماڵان داده‌دا... ئه‌و شه‌وه‌ی هه‌ر ده‌ڕۆیشتین و به‌فر به خێرایی جێ پێیه‌كانی له پشت سه‌رمان، پڕده‌كرده‌وه، وه‌ک بڵێی قه‌ت ئه‌و ڕێگه‌یه‌مان نه‌بڕیبێت... ئه‌و شه‌وه‌ی قۆڵ له قۆڵی یه‌کدا، سێ به سێ ده‌رۆیشتین و ده‌نگمان درزی ده‌خسته تاریكی شه‌قامه‌كان... ئه‌و شه‌وه‌ی من ئاشقی ئه‌و شــــــاره بووم و ده‌زانم هه‌تا هه‌م خۆشم ده‌وێت... سێ ڕۆژه لێره به‌فر ده‌بارێت و من ئێواران كه دێمه‌وه، ئه‌وه‌نده ماندووم تا چه‌ند ساتێک له تاریكی و بێده‌نگی ژووره‌كه‌م داده‌نیشم و هه‌ندێ جار، نازانم بـــــۆ، بیر له دووپات بوونه‌وه‌ی مێژووی گه‌له‌كه‌م له ناو بازنه‌یه‌كی داخراودا ده‌كه‌مه‌وه و له وڵامی هاورێكه‌م كه ده‌ڵێ "باسی كورده‌كانی هه‌نده‌رانم بۆ بنووسه"! منیش باسه‌كان ده‌بیستم و گوێ بۆ قسه‌كان ڕاده‌گرم و نووسراوه‌كان له ماڵپه‌ره جۆر به جۆره‌كانی كوردی ده‌خوێنمه‌وه و دوایی بیر له پاڵه‌وانه‌كانی مه‌یدانی "سیاسه‌ت" ده‌كه‌مه‌وه كه زۆربه‌یان به ده‌یان ساڵ ژیان له ئوروپا و ڕابردووی خه‌باتی سیاسی له ڕێی ئـــــــــــــازادی " گـــه‌ل"، هه‌میشه باوه‌ڕه‌كان و ئامانجه‌كان و دروژمه جوانه‌كان و ماسكی ڕوناكبیرییان له پشت ده‌رگای ماڵه‌كه‌یان داده‌نێن و ئه‌وجا وه‌ژوور ده‌كه‌ون. بیرده‌كه‌مه‌وه چۆن " پیاوێک" ده‌توانێت ئـــــــازادی بــــــۆ " گه‌له‌كه‌ی" بوێت و چواردیواری ماڵه‌كه‌ی بكاته زیندان بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ی خــــۆی ... و بیرده‌كه‌مه‌وه له وڵامی هاورێكهمدا چی بنووسم باشه؟ سێ ڕۆژه لێره به‌فر ده‌بارێ و من ئێستا بیر ده‌كه‌مه‌وه بڵێی به زستانیش، كه‌س بتوانێت عاشق بێت؟ و له ژێر به‌فریش دڵداری ده‌كرێت؟ و به خۆم ده‌لێم زستان بێگومان، وه‌رزی له بیركردنه. هه‌ندێ كه‌س هه‌ن، له بیرده‌كه‌ن و هه‌ندێ كه‌س هه‌ن له‌بیر ده‌چنه‌وه... زستان وه‌رزی بێ سه‌روشوێن چوونه ... بێ سه‌روشوێن چوونی كهسێــــــــک، یان بیـــــــرێک ... یــان خـــــــۆت!
March 12, 2005
وه‌ک بڵێی هه‌زار ساڵه له له‌زه‌تی خوێندنه‌وه‌ی نامه‌یه‌ک كه له سه‌ر كاغه‌ز نووسرابێت، بێبه‌شم. یه‌كێک له خراپییه‌كانی سه‌رده‌می تێكنۆلۆژیا و دونیای مه‌جازی ئینترنێت هه‌ر ئه‌و دوور بوونه‌وه‌مان له كاغه‌ز و پێنووس بوو. ڕاسته، كاره‌كان هه‌موو ئاسان بوونه‌ته‌وه. مه‌وداكان كورتتر له هه‌میشه‌ن و هه‌واڵه‌كان به خێرایی با، به گوێمان ده‌گه‌ن. ڕاسته نووسین و چوون بۆ به‌ڕێكردنی نامه كات ده‌گرێت، به‌ڵام ئاخر، له نووسینی نامه بۆ هاوڕێیهک، كه‌ی قسه له سه‌ر زه‌حمه‌ت و كات و تاقه‌ته؟ خوێندنه‌وه‌ی نامه هه‌ستێكی جیاوازه. نامه‌یه‌ک كه بتوانی له‌رزینی پێنووسه‌كه له ژێر سێبه‌ری وشه‌كاندا ببینی. كه جێی ده‌ستی نووسه‌ری نامه‌كه له نێوان خه‌ته نووسراوه‌كاندا هه‌ست پێ بكه‌ی. هه‌ڵه‌كانی، له‌وێ كه هه‌وڵی داوه بیان سڕێته‌وه یان به ئه‌سپایی خه‌تێکیان به سه‌ردا كێشراوه، بدۆزییه‌وه و بزه‌ت بێته سه‌ر لێـــــــــو. هه‌ستی له ده‌ست گرتنی كاغه‌زی نامه، شتێكیتره كه هیچ ئیمایلێک پێت نابه‌خشێت... خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نامانه‌ی كه، له هه‌ر قوژبنێكی كهوانهیهک كراوه‌ته‌وه و شتێک نووسراوه... ئه‌و نامانه‌ی نووسه‌ره‌كه‌ی دوای ماڵئاوای شتێكی وه‌بیر دێته‌وه و له گۆشه‌یه‌ک به وردی ده‌ینووسێت ...
March 11, 2005
چـــــــــــه‌ند لینک: ئیـــــــــــراهیم یـــــــــوونێسی ، نووسه‌ر و وهرگێری به توانای كورد كـــــــــــــــــورد، ماڵپه‌رێکی ڕێک و پێک كه لینكی هه‌موو شتێکی تێدا په‌یدا ده‌بێت! وتـــــــــــــار: له سه‌ر زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی كــــــــابــــــــــان: بهربهسێـــــــــڵ و خواردنی تری كوردی مه‌مك، خوێن و ختولكه: ئیتر ماڵاوا دونیای مناڵی ...
March 10, 2005
The minute I heard my first love story* I started looking for you, not knowing how blind that I was Lovers don't finally meet somewhere They're in each other all along هه‌زار ساڵه قسه‌م ده‌گه‌ڵ نه‌كردووی، نـــــــا؟ له دونیای ڕاستیدا و ته‌نانه‌ت لێره‌ش بووین به دوو خه‌تی په‌ره‌لێل و قه‌ت به یه‌ک ناگه‌ین. ڕاستیت ده‌وێت دڵته‌نگی تــــــۆم. بیرت ده‌كه‌م، به قه‌د پیاسه‌كردن، له ژێر بارانی ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ. به قه‌د ونبوونی جاروباری سه‌رپه‌نجه‌كانم له ناو ده‌ستت له شه‌قامه چۆله‌كه‌ی شاره‌كه‌ت به‌ره‌و ویستگه‌ی قه‌تار. ئه‌و شه‌وه‌ش باران ده‌باری. بۆیه باران هه‌میشه من وه‌بیر تۆ ده‌خاته‌وه. وه‌بیر تۆی شێت و شور كه گه‌وره‌یی دڵت له ناو وشه‌كانتدا جێی نه‌ده‌بووه. بیری ڕه‌نگی چاوت ده‌كه‌م ... زیاتر له هه‌موو شتێک، بیری ده‌نگت ده‌كه‌م تا گۆرانی "قژ كاڵی لێو ئاڵ"م، بۆ بڵێته‌وه و وشه‌كان له به‌ر دڵه شێته‌كه‌ی من بگۆڕێت. دڵته‌نگی تۆ و گه‌رمای ڕوانینت و ترپه‌ی دڵی خۆم كه ده‌گه‌ڵ گه‌رمای هه‌ناسه‌ت له سه‌ر گـــۆنام، ده‌ستی پێ ده‌كرد... دڵته‌نگی ئه‌و چركه‌ی، مه‌ودای نێوانمان هه‌ناسه‌یه‌ک بوو... ڕاستیت ده‌وێت ...جێ پێت له هه‌موو وه‌رزه‌كانی ژیانما دیاره! *مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی رومی
March 8, 2005
1) ..... له سه‌ر باشی بوون و نه‌بوونی ڕۆژی جیهانی ژن ده‌کرێت بۆچونی جیاواز و جۆربه جۆر هه‌بێت. له سه‌ر ئه‌وه كه بوونی ڕۆژێک به ناوی ڕۆژی ژن - به تایبه‌ت له ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهواری- هیچ شوێنێكی هه‌بوو و هه‌یه ده‌کرێت به درێژی قسه بكه‌ین. له سه‌ر ڕوانینی ڕێكخراوه كوردییه جۆر به جۆره‌كان له سه‌ر ڕۆژی ژن و هه‌ڵ و مه‌رجی ژیانی ژنان زۆر شت هه‌یه ده‌بێت باس بكرێت. من خۆم ئاره‌زووم بوو له سه‌رده‌مێک ژیابام هیچ رۆژێک به ناوی ڕۆژی ژن، پێویست نه‌بایه. خۆم ئاره‌زووم بوو له دونیایه‌ک ژیابام مرۆڤ ده‌گه‌ڵ مرۆڤ یه‌کسان بان و بایهخهكان به پێی توانییهكان دابه‌ش كرابان نه‌ک به پێی جنسییه‌ت. كه‌چی ئێستا،به‌داخه‌وه، بۆ دیتنه‌وه‌ی ئه‌و ژنه‌ی زوڵمی لێكراوه و مافی پێشێل بووه، پێویست ناكات زۆر چا بگێری. هه‌نگاو به هه‌نگاوت دێن. هه‌موو ڕۆژی ده‌یانبینیت. هه‌ندێ جار دڵت بۆیان ده‌سووتێ. هه‌ندێ جار ڕقت لێیان ده‌بێته‌وه. له كۆمهڵگهیهک وه‌ک كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهواری ئاسه‌واری ئه‌و زه‌خت و زۆرییه‌ی هه‌یه له سه‌ر ناوچاوانی زۆر ژن، جێ پێی خۆی داناوه. ژنێک كه له مافی ده‌رس خوێندن بێبه‌ش ده‌كرێت. ژنێک كه به زۆر به شوو ده‌درێت. ژنێک كه مافی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانی پێ ناده‌ن. ژنێک كه مافی جیابوونه‌وه‌ی نییه. ژنێک كه لێی ده‌درێت. ژنێک كه ده‌ست درێژی لێده‌کرێت. ژنێک كه به پێی یاسا به كه‌متر له پیاو ده‌بیندرێت. ژنێک كه ده‌سه‌ڵاتی له‌شی خۆی نییه. ژنێک كه مافی "نا" گوتنی نییه. ژنێک كه بێ ئیزنی پیاوی خاوه‌نی- مێرد، باب، برا، مام- ئیزنی چوونه ده‌ر و سه‌فه‌ر كردنی نییه. ژنێک كه مامه‌ڵه‌ی له سه‌ر ده‌كردرێت و وه‌ک كاڵایه‌ک له كڕین و فرۆشتن دێت. ژنێک كه خه‌ته‌نه ده‌كرێت. ژنێک كه به تاوانی خۆشویستنی پیاوێک ده‌كوژرێت. ژنێک كه به تاوانی په‌یوه‌ندی سێكس ده‌گه‌ڵ پیاوێک ده‌كوژرێت. ژنێک كه هیچ پشتوانه‌ی ئابوری- كۆمه‌ڵایه‌تی له لایان یاساوه پێنه‌دراوه. ژنێک كه بۆ كاری به‌رابه‌ر موچه‌ی به‌رابه‌ری نییه. ژنێک كه مافی بڕیاردان بۆ له‌باربردنی منداڵی نییه. ژنێک كه به پێی یاسا ئاینییه‌كان ده‌بێت به ئامرازێک بۆ ڕازی ڕاگرتنی پیاو. .... ئه‌وه مێژوویه. مێژوویه‌ک كه پڕه له به‌ڵگه‌ی نایه‌كسان بوونی مه‌رجه‌كان له نێوان ژن و پیاو. نایه‌كسانی ده‌سه‌ڵات له نێوان مرۆڤ و مرۆڤ. ده‌سه‌ڵاتێک كه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا پڕ له مه‌رجی نابه‌رابه‌ر، سه‌رهه‌ڵده‌دات و ڕیشه داده‌كوتێت. ده‌سه‌لاتێک كه ده‌بێته بناغه‌ی دارشتنی جیاوازییه‌كانی نێوان مرۆڤه‌كان... ***** ڕۆژی جیهانی ژنه. چه‌ند ڕۆژی‌تر ڕێكخراوه‌ی ژنان له شاری ئێمه به‌م بۆنه‌یه جێژن ده‌گرن. وتاری ساڵی پێش سه‌رله نوێ ده‌خوێننه‌وه و دروژمه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانیان له ژێر ئاڵای سوسیالیزم یان نازانم چیچی ...لیزم دووپات ده‌كه‌نه‌وه. هه‌ندێ به شاخه گوڵێكی ڕۆز و هه‌ندێ به كڕینی باشترین vacuum cleaner- ی ناو بازار، یان هیچ نه‌بێت ملوانكه‌یه‌كی ئالتون ڕێــــــــز له ژنه‌كانیان ده‌گرن. بازاری ههڵپهرێكێ گه‌رمه. بازاری گۆرانی بێژه‌كانیش هه‌روا. ڕادیۆ زریان به بۆنه‌ی ڕۆژی ژن گۆرانی "مینا خانم مینا" ی، بڵاو كرده‌وه. ڕادیۆ ده‌نگی ژنان شێعره‌كه‌ی حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌نی دانا و ژنیان گه‌یانده عه‌رشی خودایی و مۆری موقه‌ده‌س بوونیان له ناوچاوان دا.... به‌رنامه‌کانی ئه‌وساڵ (ڕێک وه‌ک ساڵی پار): خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند وتارێک كه چه‌ند ساڵێک له ڕێكه‌وتی نووسینیان تێپه‌ڕیوه و گۆرانی "ئه‌و شانم نا ئهوشانم ، بمشێله مینا خانم" و خه‌روار خه‌روار دروژمی زل زل و چه‌ند پارچه شێعری ئێرۆتیک ... هه‌موو لایه‌ك به‌خێر هاتن! ps. تكایه منداڵه‌كان له لای ژنه‌كانتان، له ماڵێ، به جێ بێڵن!
March 7, 2005
2) "مرۆڤ ژن له دایک نابێت، وهکژن په‌روه‌رده‌ی ده‌كه‌ن" كه قه‌بووڵمان كرد ڕه‌فتار و كرده‌وه به پێی زاتی مرۆڤ له گۆڕێن نایه‌ت، ئه‌وه هه‌ل و ده‌رفه‌تی هه‌ر جۆره گۆڕانكارییهکمان له لای مرۆڤ له ناوبردووه و ڕێمان بۆ په‌سه‌ندكردنی نالهبارییكانی كۆمه‌ڵگه، خۆش كردووه. مه‌خابن له هیچ فه‌رهه‌نگێكدا تایبه‌تمه‌ندی وه‌ک زیره‌كی، وریابوون، جوانی، توانایی و سه‌بووری، ناحه‌زی و ...، وه‌ک تایبه‌تمه‌ندی مرۆڤانه نه‌ناسراون، به‌ڵكوو هه‌ندێ بوون به سفه‌تی ژنانه و ههندێتر به سفه‌تی پیاوانه. كه باوه‌ڕ بكه‌ین زاتی پیاو، دڵڕه‌ق و خوێن‌ڕێژ و تینوی ده‌سه‌ڵاته و تازه له گۆڕین نایه، ئیتر دژایه‌تی ده‌گه‌ڵ زه‌خت و زۆریه‌ک كه پیاوان له ده‌رێ و له ناوماڵ ده‌یكه‌ن، بێمانایه. به هه‌مان شێوه ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ بكه‌ین سه‌رداخستن و بێده‌سه‌ڵاتی و ژێرده‌ست بوون زاتی ژنه و بۆ گۆڕین نابێت، ئیتر ده‌بێت ڕازی بین ژن له ناو چواردیوارییهكاندا حه‌پس بكرێن و ده‌رگاكانیان له سه‌رداخه‌ن ... Simone de Beauvoir 1949, The Second Sex
March 6, 2005
3) پیـــــــــاو- به بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی ژن! فه‌رهه‌نگی پیاوسالار، ژن یان وه‌ک دایکانی داوێن پاک و موقه‌ده‌س ده‌بینێت یان وه‌ک ئامرازێک بۆ له‌زه‌ت لێوه‌رگرتن و هیچیتر. له ناو كۆمه‌ڵگه سووننه‌تییه‌كاندا، له ژێر ناوی "پیرۆز و موقه‌ده‌س بوونی ژن"، سنووره‌كانی بۆ ته‌سکتر ده‌كه‌نه‌وه و به وه‌عده‌ی به‌هه‌شتێکی نه‌دیتراو، ده‌ورێكی بۆ دیاری ده‌كرێت و له ئاسایی‌ترین مافی خۆی وه‌ک مرۆڤ بێبه‌شی ده‌که‌ن. به پێوانه‌ی بیری ئه‌و فه‌رهه‌نگه ژنی "باش" ژنێکه كه خۆ داده‌پۆشێنێت و سه‌ر به‌رز ناكه‌ته‌وه و "ده‌سازێت" و له خه‌ته سووره‌كان لانادات، و به‌و شێوه‌یه، ئابروی بنه‌ماڵه و خێڵ و تایفه ده‌پارێزێت و ڕێگه بۆ "گوناح" كردنی پیاو خۆش ناكات و بیری "شه‌یتانی" له لا، ساز ناكات. سه‌ر و بنی ته‌واوی ئه‌و چوارچێوانه‌ی بۆ ژن سازكراوه، به مه‌به‌ستی پاراستنی پیاوه. پیاو له سیستمێکدا په‌روه‌رده ده‌کرێت كه خۆی به‌رپرسی كار وكردهوهکانی نییه. پیاو، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی لێ ژنێک نه‌كات، مه‌رجی ئه‌وه‌یه كه ژن قاچ و قوڵ و مه‌چه‌کی وه‌ده‌ر نه‌خات. مه‌رجی ئه‌وه‌ی پیاو " ته‌حریک" نه‌بێت و "زه‌وقی هه‌ڵنه‌ستێت"، ئه‌وه‌یه كه ژن قژ و له‌شی داپۆشێت، به ده‌نگی نزم قسه بكات یان هه‌ر قسه نه‌كات! واته پیاو خۆی هیچ كۆنترۆڵێكی به سه‌ر هه‌ست و ویستی غه‌ریزی خۆی نییه. به پێی ئه‌و تاریفه‌ی كه له ناو باوه‌ڕه‌كانی دینی و فه‌رهه‌نگی و عورف و سووننه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا له پیاو كراوه، پیاو گیانله‌به‌رێكی بێده‌سه‌ڵاته كه ئه‌قڵی له چاوی و ئیراده‌ی له ناوگه‌ڵی دایه. خۆی نییه كه بیرده‌كاته‌وه و بڕیارده‌دات، به‌ڵکوو مه‌چه‌کی ڕووتی ژن، قاچ و قوڵی كچۆلهیهک، یان سینگ و به‌رۆكی شاژنێک، بڕیاری بۆ ده‌ده‌ن چۆن بێت یان چی بكات! تۆ به هه‌ر بارێک‌دا چاوی لێ بكه‌ی و لێی ورد بییه‌وه، سه‌رت سووڕ ده‌مێنێت كه پیاو خۆی چۆن ئه‌و بێڕێزییه به‌رانبه‌ر به خۆی قه‌بووڵ ده‌كات كه وه‌ک گیانله‌به‌رێكی بێدهسهلاتی هیچ نه‌زانی هه‌وه‌سران چاوی لێ بكردرێت و بناسرێت!؟ سه‌یره كه زۆربه‌ی پیاو ئه‌و ڕۆڵه‌یان قه‌بووڵ كردووه و هیچ ده‌نگیان نایه‌ته ده‌ر!!!
March 5, 2005
فێمینیسته تووكنه‌كان: دوای فێمینیسته‌كان و قالۆنچه‌كان، دڵمان به فێمینیسته تووكنه‌كان ڕوون! له سه‌ر مانای فێمینیسم كه‌متر قسه و باس هه‌یه و قورسایی باسه‌كان زۆرتر له سه‌ر فێمینیستهكانه. ئه‌ویش به‌و باره‌دا كه تۆ هه‌رچی بڵێی و به دڵی هه‌ر كه‌س نه‌بێت ئه‌وه مۆڕی فێمینیست بوونت ته‌ق له ناوچاوان ده‌دات. بۆ نموونه، تـــــۆ، حه‌ز له قاب شووشتن مــه‌که، ده‌بی به فێمینیست! (به پێی جیاوازی ماناكان، له لای ژن و پیاو، ئه‌وه پیاوگه‌لێک كه قاب دهشــــۆن به فێمینیست ده‌ناسرێن- ده‌ڵێی نا، له گۆرانی بێژی ده‌نگ خۆشی كورد، ژاڵه، پرسیار بكه، پێت ده‌ڵێت!!!) به هه‌ر حاڵ له سه‌ر ئه‌وه كه فێمینیسم چییه و له ناو كورده‌كاندا، چۆن مانا كراوه‌ته‌وه، چه‌ند و چۆنی تێگه‌یشتووین، یان ده‌توانێت چۆن مانا بكرێته‌وه، هیچ ده‌قێكی به‌هێز و سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌تمانه پێكراو نییه. به‌ڵام چه‌پ و ڕاست، هه‌ر لابكهیتهوه، ئه‌و فێمنیستێكی كورد ده‌بینیت! چه‌ند ڕۆژ پێش ده‌گه‌ڵ هاورێیه‌ک له ناو قه‌تار به‌ره‌و ماڵی من به‌ڕێوه بووین. ئه‌و هاورێیه‌ی من تووشی هاورێیه‌كی خۆی بوو كه من یه‌کم جارم بوو ده‌مدیت. قسه كرا و باس گه‌یشته ئه‌وه كه ئه‌و هاورێیه‌ی من، هه‌مان شه‌و قه‌رار بوو بچێت بۆ جێژن و به ته‌مابوو كراسێكی كورت له‌به‌ر بكات و زۆر له ناكاو وه‌بیری هاته‌وه، تووكی لاقی زۆره و ده‌بێ بیتاشێ! له منی پرسی " تیغت هه‌یه؟" و پێش ئه‌وه‌ی من هیچ وڵامێک بده‌مه‌وه خۆی گوتی " ئاها، تۆ شتی ئه‌وهات نییه!" ، منیش كه زۆربه‌ی كات له قسه كردن و وڵامدانه‌وه په‌له‌یه‌كم نییه، دیسان نۆره بڕیم لێكراو و هاوڕێی هاورێكه‌م كه منی نه‌ده‌ناسی و یه‌كه‌م جاری بوو منی ده‌دیت، به سه‌یره‌وه چاوێكی له من كرد و وتی: " تۆ فێمینیستی؟"، منیش چاوێكی پڕ له پرسیارم لێ كرد كه یانی "ڕوونم كه‌وه!"، خۆی به دڵنیاییه‌كی سه‌دو بیست له سه‌دا وتی: "ئاخر ده‌زانم، فێمنیسته‌كان لاقیان ناتاشن!" تێبینی: ئه‌گه‌ر به تووكی لاق بێت ئه‌و پیاوه‌كان به گشتی و پیاوی كورد به‌تایبه‌تی فێمینیستترین، فێمینیسته‌كانی جیهانن! پێشنیار: به‌رپرسانی به‌رێزی ڕێكخراوه فێمینیستییه‌كان، خه‌ڵک ئاگادار كه‌نه‌وه، خراپ نییه ها! زۆر ژن ئه‌گه‌ر دڵنیا بن كه ده‌توانن هه‌م فێمینیست بن و هه‌م لاقیشیان بتاشن، له‌وانه‌یه بێنه ڕیزی خه‌باته‌وه!
March 1, 2005
خه‌یاڵی خاو: ده‌ڵێم: بریا جارێک بۆ هه‌میشه، مێژووی مرۆڤ له سه‌ره‌تاوه تا ئێستا، به ده‌ست مرۆڤێكی بێ بوغز و غه‌ره‌ز و به دوور له چوارچێوه ته‌سكه‌كانی ئایدۆلۆژیای ئه‌م ده‌سته و ئه‌و ده‌سته‌یه، نوسراباوه تا منیش پێش مردنم، زانیبام شوێنی ژن له مێژوودا له كوێیه، له كوێی مێژووی خۆمان وه‌ستاوین، ده‌ورمان له ئاڵوگۆڕه‌كانی مێژوودا چۆن یا چی یان چه‌نده بووه؟ چی بووین؟ چیمان لێ هاتووه؟ خراپ نییه بزانین سه‌ری پیوازین یا قونی پیواز؟ هه‌رچی بیری لێده‌كه‌مه‌وه، هیچ جولانه‌وه‌یه‌ک، شۆڕشێکی گه‌وره نابینمه‌وه كه ژنان ئه‌ركێكی قورسیان نه‌كه‌وتبێته سه‌ر شان! له زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كان، گه‌وره‌ترین كاره‌ساته‌كان، له ژنان و منداڵان ده‌قه‌ومێت. ئه‌و ژنانه‌ی له نه‌بوون یان نه‌مانی پیاوه‌كان، ئه‌ركی به‌خێوكردنی بنه‌ماڵه‌یان به ته‌نیا، ده‌كه‌وێته سه‌رشان و له جه‌نگه‌ی شه‌ڕ و نه‌بوونی و قاتی و قوڕی، پیره‌كان و منداڵه‌كان ده‌گرنه ژێر باڵی خۆیان! ئه‌و ژنانه‌ی كوژران و له سێداره‌درانی جگه‌رگۆشه‌كانی خۆیان ده‌بینن. ئه‌و ژنانه‌ی له جه‌نگه‌ی شه‌ڕ ده‌كه‌ونه به‌ر ده‌ستدرێژی سوپای دوژمن و ئه‌شكه‌نجه و ئازاری زۆریان پێ ده‌گات. به گشتی له‌وێ كه پیاو له پێناو ده‌سه‌ڵات یان به هه‌ر هۆیهكیتر، شه‌ڕی كردووه، سه‌ختی و ئاواره‌یی و ئازار و ژان داوێنی ژنی گرتۆته‌وه، بێئه‌وه‌ی قه‌ت له ده‌سكه‌وته‌كانی شه‌ڕ یان له ده‌سه‌ڵاتدا به‌شێكی پێ بڕابێت. له شۆڕشی فه‌رانسه، ژنان یه‌كه‌م هێز بوون كه هاتنه مه‌یدان. له سه‌رده‌می به‌رده‌داری، ژنانی ڕه‌ش پێست، له پێناو ڕزگار كردنی پیاوه‌كان له زیندان، ژیانی خۆیان ده‌خسته مه‌ترسییه‌وه. له شۆڕشی ئۆكتۆبری 1917 ڕوسیه، ژنان ده‌ورێكی به‌رچاویان له هه‌موو بواره‌كاندا هه‌بوو و به‌ردی بناغه‌ی جوڵانه‌وه‌كه بوون. كه‌چی هه‌میشه و له هه‌موو شوێنه‌كان، دوای ته‌واو بوونی شه‌ڕ و ئارام بوونه‌وه‌ی هه‌ڵ و مه‌رجه‌كه، كه‌س ئه‌م له‌خۆ بوردووییهی له بیر نامێنێت و به‌ش یان ده‌سكه‌وتی ژنان قه‌ت ئه‌وه یان ئه‌وه‌نده‌ی كه شایانیان بووه، نه‌بووه! ژنانی ئازادیخوازی فه‌رانسه به تاوانی "خراپه بوون" هێرشیان كرایه سه‌ر و شتێک به قه‌د سه‌د ساڵی خایاند تا بتوانن هه‌ندێ مافی ئاسایی وه‌ک مافی ده‌نگدان، مافی جیابوونه‌وه و مافی "له باربردنی منداڵ" بستێنن! ژنه ڕه‌ش پێسته‌كان كه‌وتنه به‌ر ئازار و ئه‌زیه‌تی مێرده‌كان و بابهكانیان كه به هۆی بێكاری و هه‌ژاری ڕوویان كردبووه عاره‌ق خواردنه‌وه. له ڕوسیه ستالین فه‌توای (!!!) دا بوژانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه ئه‌ركی ژنه و ئه‌و ژنانه‌ی زۆرتر له حه‌وت منداڵیان ده‌بوو، میداڵی "دایكی نموونه"یان پێ ده‌به‌خشرا. هه‌ر وه‌ها، ستالین نه‌یكرده "نامه‌ردی" و عیشقی ئازادی وهکدیاردهیهکی بورژوازی به تف و له‌عه‌نت كرد. ساڵی 1936 یاسای دژه ته‌لاق و له بار بردنی منداڵ په‌سه‌ند كرا و په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی نێوان ژن و ژن و پیاو و پیاو مه‌منووع بوو. با زۆر دوور نه‌كه‌وینه‌وه، له لای خۆشمان، كه‌م نه‌بوون و نین ئه‌و کچانه‌ی شان به شانی كوڕه‌كان، به‌شداری خه‌بات بوون. كاری ته‌شكیلاتیان ده‌كرد، به ناوی نه‌هێنی له ناو شاره‌كاندا ده‌ژیان. ئه‌و كچانه‌ی گیران، ئه‌شكه‌نجه دران، ده‌ستدرێژیان لێكرا و له سێداره دران. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش كه ڕۆژنامه و ئاگاداریان له ژێر كراسهکانیان ده‌شارده‌وه و كتێبیان بڵاو ده‌كرده‌وه، پیاوێک دیار نه‌بوو بڵێی: "ده توخوا لاوه زهعیـــــفه، ئه‌م كاره، كه‌ی كاری ژنه، تۆ برۆ پارویه‌ک خواردنمان بۆ ساز بكه!" دواتر هه‌ر ئه‌و " شێره ژنانه" به هه‌موو شێوه‌یه‌ک بێ‌ڕێزیان پێ كرا. ئه‌وانی بڕیاریان دا ژیانێكی "ئاساییان" هه‌بێت و له شاخ ڕا گه‌رانه‌وه شار، مۆری جاش بوونیان له ناوچاوان درا. هه‌ندێكیان بوون به كیسه بۆكسی مێرده‌كانیان. هه‌ندێكیان به ده‌ست مێرده "سیاسییه‌كه‌یان" چه‌قۆیان له زگ درا و ... شۆڕش قاقا پێم پێده‌كه‌نێ. ده‌ڵێت: "كچه شێته‌كه بیر بۆ له شتی ئاوا ده‌كه‌یه‌وه. ژن نه سه‌ری پیوازه و نه قونی پیواز... ڕه‌نگه ئه‌و به‌شه‌ی بێت كه وردی ده‌كه‌ن و پیوازداغی پێ ساز ده‌كه‌ن..." ده‌ڵێت: " باوه‌ڕ مه‌كه به‌م زووانه بزانی له كوێی مێژوو وه‌ستاوی!" |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|