Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

January 30, 2006

قسه‌ی ڕاست له منداڵ ببیسته!











January 29, 2006

سه‌ر له به‌یانییه یان كورد گوته‌نی نیوه شه‌وه و من جارێ خه‌وم نایه‌. یانی من خه‌وم دێ، به‌ڵام خه‌و منی نایه! له خۆڕا ده‌ستم داوه‌ته نووسین له سه‌ر بابه‌تێک كه ده‌م به ده‌م وه‌بیر قه‌رز و قۆڵه‌كانی كورد و ژن و په‌نابه‌رانم ده‌خاته‌وه و ده‌بێ زوو زوو لێی دوو بكه‌ومه‌وه تا تاقه‌تی نووسینیم بمێنێته‌وه، كاری ده‌رسییه، ده‌نا ده‌مێک بوو وه‌لام نابوو!

سه‌ردانی ماڵپه‌ڕه كوردییه‌كانم كرد، یه‌ک دوو هه‌واڵم سه‌باره‌ت به ڕوئیا تلووعی له بلاگی ڕۆژباش دانا. فیلمی سه‌نگسار كردنی دوو ژنم له ئێران چاو لێ كرد، میلله‌ت به هاواری "الله اكبر" به‌ردی زل زلیان هه‌ڵده‌گرت و به سه‌ری ئه‌و ژنانه‌یان داده‌دا و هه‌ر نزیكتر و نزیكتر ده‌بوونه‌وه ... هاوار، یه‌كیان له كفنه‌كه‌ی هاته ده‌ر، هه‌موو گیانی خوێن بوو ... فیلمێكی تریشم چاو لێ كرد، هه‌ر دوو ده‌ستی كابرایه‌كیان بڕی. هه‌ر وه‌ک بڵێی ملی مریشک ده‌بڕن... هیچكام له فیلمه‌كانم نه‌توانی به ته‌واوی چاو لێ بكه‌م، ئه‌سله‌ن نازانم چ كرمێكم هه‌یه به‌و نیوه‌شه‌و سه‌یره چاو له شتی ئاوا ده‌كه‌م ...

چاوێكیشم به بلاگه كوردییه‌كاندا خششششششاند! ئاوایی بێده‌نگه. زۆر هه‌ر وه‌ک سێ ساڵ پێش ده‌چێت كه ته‌نیا سێ چواردانه بلاگ هه‌بوون به كوردی ... نازانم بلاگی كوردی بۆ زیادی نه‌كرد ... یانی ده‌زانم بۆ، به‌ڵام تاقه‌تم نییه خۆ له باسه‌كه بده‌م ...

له سه‌ر چه‌نددانه له نووسراوه‌كانی پێشووی نه‌كه‌رۆز چه‌نددانه تێبینی "مه‌ده‌نی و مۆدێڕن"م هه‌بوو، به‌ڵام تازه چوو، نه‌بوو كه ببێ! وێنه‌كانی كه‌زوان زۆر جوانن، له كیسی مه‌ده‌ن، زۆر خۆماڵین. كه‌لیخان وه‌ک شتێک هێشتاش له بیری یه‌كگرتن دایه و بۆیه له‌وێ و به‌دوای پرسیاره‌كه‌ی خۆی قه‌تیس ماوه‌ته‌وه. كاكه وه‌ک ئێمه بكه، زه‌مانی خۆی پرسیاری وامان له مامۆستاكه‌مان ده‌كرد كه خۆمان وڵامه‌كه‌مان پێشتر زانیبا، ئاخر مه‌تمانه‌مان پێی نه‌بوو، ده‌ترسیان وڵامی هه‌ته‌ران په‌ته‌رانمان بخاته مێشكه‌وه (یانی چی كام مێشک؟!)

چاوم به كۆمێنتێک كه‌وت بۆ بلاگی ئالان په‌ری نووسرابوو. دیم باسی شیرینی دزی مۆدڕنه. به‌ڕێزانی خۆزگه به ناوی خزمه‌ت به گه‌لی كورد و زمانی شیرینی كوردی و له‌وانه‌ش گرنگتر بۆ خزمه‌ت به زانست و ژنی كورد بێ‌گومان، كۆپی ڕایتیان له به‌رچاو (نه‌)گرتووه و ...، جا به‌ڵام خۆ ئه‌وه شتێكی تازه نییه! دیمانه ده‌نگ ناكات، خه‌ڵكی تر بۆ به‌رۆكی خۆیان دادڕن، كه چی بێ؟! خۆ له كورده‌واری هه‌ر كه‌س هه‌رچی پێی خۆش بێ ده‌یكات و تا بڵێی كاكه (جاروباریش داده) بۆ وا ده‌كه‌ی، برۆت لێ هه‌ڵداوێ و ده‌ڵێ، مه‌به‌ستم خزمه‌ت به گه‌لی كورده! و تازه كۆڵێكیشت تاوانبار ده‌كات... جا ئێستا ته‌نیا پرسیارێكی گرنگ كه هه‌یه ئه‌وه‌یه باشه ئێمه ئه‌و هه‌موو خزمه‌تكاره‌مان هه‌یه كه له خه‌م و بیری نه‌ته‌وه‌ی كورد دانه، بۆ هیچ به هیچ ناكه‌ین و هه‌ر له جێی خۆمان قیت چه‌قیوین! زمانم لاڵ نه‌كا ئه‌وانه‌ی ئه‌و خزمه‌تكارانه‌ی گه‌لی كورد ده‌یكه‌ن، به‌راستی خزمه‌ت نه‌بێ و شتێكی تر بێ؟!

به‌ڵام خۆمانین، خۆشترین به‌شی بلاگه‌كان، به‌تایبه‌ت بلاگه كوردییه‌كان كۆمێنته‌كانیانه!!! جار و بار تێر پێده‌كه‌نین و جاروبار مه‌یلی ئه‌وه‌ی ملی كابرا بگری و بای ده‌ی، تێیدا سه‌ر هه‌ڵده‌دا...

پێش ئه‌وه‌ی خه‌و منی بێ، با ئه‌وه‌ش بڵێم له سه‌ر دڵم نه‌بێته گرێ! ئه‌و خوێنه‌ره ڕاست ده‌كات، نازانم بۆ هه‌ر كه‌س قۆڵ هه‌ڵده‌ماڵێ باسی ژن بكات، شته‌كه‌ی ده‌كات به كێشه‌ی ژن و تئوری ده‌رده‌كات كه به‌ڵێ ئه‌وه گرفتی ژنه و ژن ئه‌ركی خۆیه‌تی و بلا بلا بلا بلا بلا بلا ... و بلا! كه‌س نییه ده‌ست و داوێنی ئه‌و میلله‌ته بێ بڵێ بابا شتێكیشتان به ده‌ست ده‌ده‌ینێ، تئوری تازه "مه‌دركێنن"، كه پێش ئێوه‌ش تئوری زۆر "دركێندراوه" و موشكیله‌كه‌مان نه‌بوون یان كه‌م بوونی تئوری نییه، گرفته‌كه‌مان نه‌قسی فه‌نی "بالاخانه‌ی" ژماره‌یه‌كی زۆر له "گه‌له خۆڕاگره‌كه‌مانه"...

ئاها... ده‌مویست كه‌مێكیش باسی ئه‌و كه‌سه بكه‌م له Nigeria- وه به وشه‌ی "مێژوو" له گووگڵدا گه‌راوه و ڕێگه‌ی كه‌وتۆته ئێره! ئه‌وه‌ڵه‌كه‌ی كه‌مێک بیرم كرده‌وه Nigeria و كورد؟ دوایی به خۆم گوت بۆ نا، ده‌بێ! به‌س نییه ئه‌و به‌ڕێزه "مێژووی" نووسیوه و وه‌ک ئه‌و كورده به‌ڕێزانه‌ی سوئد و ئیتالیا به وشه‌ی "سێكسی كوردی"، "مه‌مكی خڕی كوردی"، "ده‌رپێی سوور" ئا‌مانیان به گووگڵ و یاهوو هه‌ڵنه‌هێناوه... باوه‌ڕ بكه‌ن جه‌ماعه‌تێک، هه‌موو ڕۆژێ، دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه هه‌موو ڕۆژێ به وشه‌ی "جنده" له ئێرانه‌وه - ماڵی مام حه‌سه‌ن ئاوه‌دان بێ- ڕێیان ده‌كه‌وێته ئێره. بیر بكه‌نه‌وه حكومه‌ته‌كه ئیسلامییه و خه‌ڵكه‌كه‌ی موسڵمانن و له‌وانه‌ش خراپتر له‌و تیپه‌ن له سه‌ر "نامووس" و "شه‌ڕه‌فیان" مرۆڤ ده‌كوژن، ئه‌گه ئاوا نه‌بوایه به چ وشه گه‌لێک له گووگڵدا ده‌گه‌ڕان ...

خه‌و هه‌ر نه‌هات، ده‌ی با من بچم نازی بكێشم...





January 28, 2006



Listen, here is what I think, we can't go around measuring our goodness by what we don't do, by what we deny ourselvs, what we resist and who we exclude. I think we got to measure goodness by what we embrace, what we create and who we include

Chocolat




January 26, 2006




به منی وت: بێی ئه‌گه‌ر ...
به منی وت: بمێنییه‌وه ئه‌گه‌ر ...
به منی وت: بزه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر ...
به منی وت: بمری ئه‌گه‌ر ...

هاتم
مامه‌وه
پێكه‌نیم
مردم


"نازم حیكمه‌ت"





January 25, 2006

گـــــۆڕدران و خۆ لێ گــــــۆڕدران...

من گۆڕدراوم، ئه‌وه خۆم باش ده‌زانم. هاتنم بۆ ئێره و دیتن و ته‌جره‌به كردنی ژیان به شێوه‌یه‌كی تازه و جیاواز، زۆر شتی فێر كردم. زۆر شت بوون من هه‌ر نه‌مده‌زانی هه‌ن، هه‌ندێ شت بوون وه‌ک شتێكی ئاسایی نه‌مده‌دیتن و زۆر شتیش بوون، بۆ من مانای تاوان و گوناحیان هه‌بوو. هه‌ندێ شت بوون ده‌مزانی هه‌ن، بیرم لێ ده‌کردنه‌وه و بۆم ببوون به ئاواتێک، به‌ڵام به مافی خۆمم نه‌ده‌زانی. من وه‌ک من، وه‌ک ژن، له چوارچێوه‌یه‌كی دیاری كراودا، تاریف كرابووم و زۆر جار كه خۆم له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چوارچێوه‌دا ده‌دیته‌وه، هه‌ستم به تاوان ده‌كرد، یان ترس! له‌وێ باوه‌ڕه‌كان وه‌ک كراسێكی دوراو له به‌رت ده‌كردرا، له‌وێ نه ده‌توانی و نه ده‌توێرا، به قه‌د باڵای بیره‌كانی خۆت بژی. ئه‌ركه‌كان و چاوه‌ڕوانییه‌كانی لێت ده‌كرا ده‌بوون به كه‌سایه‌تی تۆ و هه‌ر شتێک و هه‌موو شتێک له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چاوه‌ڕوانییانه هه‌ڵه و خراپ بوون. فێر ده‌بووین به كه‌م ڕازی بین یان ته‌نانه‌ت به هیچ! دونیا وه‌ک بڵێی بچووكتر بوو و ئاواته‌كانمان له هه‌ندێ شتی ورده‌واڵه‌دا جێ ده‌كرانه‌وه ...

عاده‌تمان ده‌کرد به بچووک كردنه‌وه‌ی مانا گه‌وره‌كان، وه‌ک مانای مرۆڤ، وه‌ک مانای یه‌كسانی مرۆڤ، وه‌ک مانای ئازادی، ده‌ماندی ئه‌وانه بچووک ده‌كرێنه‌وه و ده‌کرێن به باسی ژنانه، پیاوانه، ده‌کرێن به باسی شه‌ره‌فی كێ له كوێدایه كێ ده‌بێ ئاگای لێ بێت! فێر نه‌ده‌كراین چۆن مرۆڤ بین، فێر ده‌كراین چۆن ژن بین! چ جۆره ژنێک بین و ژنایه‌تی بنوێنین! فێر نه‌ده‌‌‌كراین له مافی یه‌كسانیمان ورد بینه‌وه، فێر ده‌كراین نرخ له سه‌ر خۆمان و ئاواته‌كانمان دانێین و زێڕ و ماڵ و جل بكه‌ین به پێوانه‌ی به‌خته‌وه‌ریمان. باسی ئازادییان ده‌گه‌ڵ‌ نه‌ده‌کردین. ئازادی ژن به مانای به‌ڕه‌ڵایه‌تی بوو ...

ئیتربا باسی جنسی بوونی زمانی كوردی و داب و نه‌ریته سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی كورده‌واری و په‌ڵه ڕه‌شه‌كانی فه‌رهه‌نگی خۆمان هه‌ر نه‌كه‌م...



دوایی وای لێ دێت دوور ده‌كه‌ویته‌وه. له شوێنێک ده‌ژی شته‌كان جۆرێكی ترن. ده‌رفه‌تێكت بۆ هه‌ڵده‌كه‌وێ بێ سێبه‌ری هیچ ترسێک خۆت بی، بوێری له خۆت ورد بیته‌وه، بوێری بیر له خۆناسین بكه‌یته‌وه...، ده‌بینی شتێک هه‌یه به ناوی "سنووری تاكه‌كه‌س" و لێره زۆربه‌ی هه‌ره زۆری كاته‌كان ڕێزی لێ ده‌گیرێ و شتێكی ئاساییه. ده‌بینی كه كه‌سێک بیه‌وێ بتناسێ لێت ناپرسێ "كچی ماڵی كێی؟"، له خۆت، له ناوت، له هۆگرییه‌كانت ده‌پرسێ. ده‌بینی له فۆرمه‌كان كه پڕ ده‌كرێنه‌وه چی تر به‌شی "ناوی باب" نییه و كه‌س داوات لێ ناكات ئه‌م نامه‌یه بده‌ی به بابت بۆت ئیمزا بكات و ئیزنت پێ بدات ... ڕۆژێک ده‌بینی ڕای خۆت و ته‌نیا خۆت له سه‌ر شته‌كان ده‌پرسن و ده‌بینی ڕێز بۆ بۆچوونه‌كانت داده‌نێن ...

له سه‌ره‌تا زۆر خۆشحاڵ ده‌بی... كه‌چی زوو ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌وانه هه‌موو ئاسایی ترین مافه‌كانی هه‌ر مرۆڤێكه و هیچ شتێكی سه‌یر و سه‌مه‌ر نییه، ئه‌گه تۆ به خۆته‌وه نه‌دیتووه، سه‌رچاوه‌ی گرفته‌که، شتێکی تره ... ڕۆژ و مانگ و ساڵ تێده‌په‌ڕێ! تۆ به‌م شێوه ژیانه تازه‌یه خوو ده‌گری. به دڵته! زۆر حه‌ز له‌و ڕێز و ئازادی و سنووری تاكه كه‌سییه ده‌كه‌ی ... كه‌م كه‌م ئه‌وه‌نده بۆت ئاسایی ده‌بنه‌وه كه ئیتر بیری لێ ناكه‌یه‌وه، وه‌ک به‌شێكی ئاسایی، وه‌ک مافێكی سه‌ره‌كی خۆت قه‌بووڵت كردووه و تێكه‌ڵی ژیانی ڕۆژانه‌ت ده‌بێ ...

تا ئه‌وه‌ی ڕۆژێکی به هه‌ڵكه‌وت، هاوڕێی ئاشنای خوشكه‌كه‌ت تووشی به تووشت ده‌بێ. ده‌یناسییه‌وه. له‌بیرته دوووووراودووووور دیتووته و قه‌ت به‌ڵام له نزیكه‌وه قسه‌ت ده‌گه‌ڵ ‌نه‌‌كردووه. له ناكاو ده‌بینی هاورێی ئاشنای خوشكه‌كه‌ت ڕێ و شوێنت بۆ دیاری ده‌كات و پێت ده‌ڵێ چی بكه‌ی و چۆن بژیت و چۆن بیر بكه‌یته‌وه! دوایی له‌و په‌ڕی سه‌ر لێ سووڕماوی ده‌بیستی، هاوڕێی ئاشنای خوشكه‌كه‌ت (كه نه ئه‌و كات كه له‌وێ ده‌ژیای تۆی ‌ده‌ناسی و نه ئێستاش كه سێنزده ساڵ دووری تۆ ده‌ناسێ) ده‌گه‌رێته‌وه و پێت ده‌ڵێ: خۆت لێ گۆڕدراوه!

....

پێت سه‌یره، ئاخر تۆ ناناسێ، ئه‌و هه‌موو ساڵه‌یه تۆی هه‌ر نه‌دیوه و نه‌بیستووه، ئێستاش نازانێ چۆن ده‌ژیت و چۆن بیر ده‌كه‌یته‌وه و پێوانه‌كانت له ژیاندا چیه و چۆنه، كه‌چی وا به ئاسانی، حوكمت له سه‌رده‌دا و قه‌زاوه‌تت له سه‌ر ده‌كات! بیر ده‌كه‌یه‌وه شتێک بڵێی! به‌ڵام شان هه‌ڵده‌خه‌یه‌‌وه و به خۆت ده‌ڵێی ئه‌گه ئه‌و هێشتا نازانێ گۆڕدران و خۆ لێ گۆڕدران دوو شتی جیاوازن، موشكله‌ی خۆیه‌تی، به من چی!





January 21, 2006

کار
ده‌رس
سه‌رما
کرێ ماڵ
پڕۆژه
درۆ
برین
شه‌و
پاره
شه‌ڕ
دامه‌نێکی سه‌وز
درۆ
برین
خودا
پێکه‌نین
کار
سه‌رما
قه‌تڵی نامووسی
ئیمان
توڕه‌یی
به‌فر
کتێب
جوتێک گواره‌ی شین
هه‌واڵه‌کان
خه‌و
برین
مێژوو
ده‌رس
ته‌نیایی
درۆ
به‌فر
ژانه سه‌ر
سه‌نتور
برین
سڕبوون
ڕشانه‌وه
درۆ
خه‌و
قۆڕیات
هه‌واڵه‌کان
ده‌رس
ته‌نیایی
کار
درۆ
برین
ژیان





January 11, 2006

هه‌وا خۆشه و كلاسه‌كان ده‌ستیان پێ كردۆته‌وه و كۆبوونه‌وه‌كانی ئێمه‌ش به ده‌وری مێزیكی له‌قی كافه تێریای زانكۆ به‌رده‌وامه و پرسیاری سه‌ره‌كی هێشتاش هه‌رئه‌وه‌یه " بــــــــاوه‌ڕ به كێ ده‌توانی بكه‌ی!؟" به‌ ئه‌و كه "مامۆستا گیان مامۆستا گیان له خزمه‌تت دام" گوتنه‌كانی كه‌ری نێر نایكێشێت، یان ئه‌و كه سوێند به گیانی عه‌زیزترینه‌كانی و ڕوحی مـــردووی ده‌خواد و ڕۆژی دواتر به‌ڵێنی و قسه‌كانی خۆی له بیر ده‌كات، یان ئه‌و كه به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی دونیای ڕفاقه‌ت كه خۆی باوه‌ری پێیان هه‌یه، هه‌ڵده‌ستێته‌وه و داغێک له سه‌ر دڵت داده‌نێ و بۆخۆشی نازانێ بــــــــــــۆ یان زۆر زۆره‌كه‌ی ده‌ڵێ، ئووووووپــــس، له پته‌م ده‌رچوو! یان ئه‌و كه هه‌میشه و به هه‌ر هۆیه‌ک قسه‌ت ده‌گه‌ڵ‌ ده‌كات گلێیی و ته‌وس و تانه‌ی ده‌كاته مه‌زه‌ی قسه‌كانی ... له‌وانه‌یه ئه‌و مه‌رج و گرێوانه‌ی له سه‌ر هاورێ و هاورێیه‌تی دایده‌نێین، وا ده‌كات "ناهاورێیه‌تی" بكه‌ینه پیشه ... نازانم!

ڕاستی ئه‌ویه ئه‌وانه هیچی گرنگ نین، به‌س بریا شتێکمان له بیر نه‌كردبا، ئه‌گه كه‌سێک په‌یدا بوو، له عاله‌می هاوڕێیه‌تیدا، هیچ مه‌رجێكی له سه‌ر دانه‌ناین، لانیكه‌می كه‌م ئێمه خۆمان یا هیچ نه‌ڵێین یانیش ئه‌گه قسه‌یه‌كمان كرد و به‌ڵێنییه‌كمان دا، ته‌نیا وه‌ک نیشانی ڕێز بۆ قسه‌كه‌ی خۆمان، له پێی قسه‌ی خۆمان ڕاوه‌ستین و هاوڕێی "نــیـــــــوه ڕێ" نه‌بین...

هه‌ر ئه‌وه‌نده!‌





January 4, 2006

Just because you don't believe it doesnt mean that it's not true


ده‌ڵێ یانی تۆ ئیتر ناته‌وێ قه‌ت ده‌گه‌ڵ ‌كه‌س بژیت؟ زه‌ینم پڕ ده‌بێ له پرسیار. به خۆم ده‌ڵێم ده‌ته‌وێ ده‌گه‌ڵ ‌كێ بژیت؟ ده‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێک كه بتوانی بژی؟ یان ده‌گه‌ڵ‌ كه‌سێک كه بێ ئه‌و نا‌توانی بژی؟ قه‌ت بیرت كردۆته‌‌وه چی له ژیاندا ڕازیت ده‌كات؟! مانه‌وه ده‌گه‌ڵ كه‌سێک هه‌ر چوونكه "ده‌توانی" ده‌گه‌ڵی بمێنییه‌وه، به‌سه بۆت؟ ڕازیت به مانه‌وه له لای كه‌سێک هه‌ر له ترسی ئه‌وه‌ی ته‌نیا نه‌بی؟ یان ته‌نیا ده‌ته‌وێ ده‌گه‌ڵ كه‌سێک بمێنییه‌وه كه ناتوانی "بێ ئه‌و" بمێنییه‌وه؟! بیر ده‌كه‌مه‌وه جیاوازی نێوان ئه‌وین و عاده‌ت یان سنووری نێوان ترس و ویستن چه‌نده له لای ئێمه مانای هه‌یه یان گرنگه؟!

دیسان ده‌پرسێته‌وه! - ده‌ڵێم با، به‌س ده‌گه‌ڵ ‌كه‌سێک "نه‌توانم بێ ئه‌و بمێنمه‌وه"، كه‌سێک نه‌بوونی بۆشایی بێ ... پێی ده‌ڵێم ته‌‌‌نیایی ناخۆشه، به‌ڵام خراپ نییه. ته‌‌نیایی ده‌گه‌ڵ‌ بێ كه‌سی فه‌رقی هه‌یه، ده‌زانی خۆ؟


و بیر ده‌كه‌مه‌وه " پسركانی كه به من عاشق بودند" و پێده‌که‌نم...،
هه‌موو ئه‌وانه‌ی هاتن و من هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ڕێی ڕۆیشتنم بۆ خۆش ده‌كردن. ئه‌وانه‌ی ویستیان من له چوارچێوه‌ی خۆیاندا تاریف بكه‌ن، ئه‌وانه‌ی منیان ئاوا كه بووم له چوارچێوه دامه‌زراوه‌كه‌ی خۆیاندا نه‌‌ناسییه‌وه، ئه‌وانه‌ی به ناوی خۆشه‌ویستی ویستیان بمڕووخێنن و سه‌ر له نوێ سازم كه‌نه‌وه، له‌ت له‌تم كه‌ن و ته‌نیا له‌ته "جوان و نه‌رم و نیانه‌كان" ڕاگرن، ئه‌وانه‌ی ده‌یانویست بمكه‌ن به شتێک كه نه‌بووم.

پێده‌كه‌نم!

یه‌كیان گووتی "ناوێری هه‌ستی خۆت نیشان بده‌ی!" و من هه‌ر چی بیرم كرده‌وه نه‌مزانی هه‌ستێک كه نه‌بێ چۆن نیشان ده‌درێ! ئه‌میان "نا" گوتنه‌كه‌ی منی به‌لاوه گرنگ نه‌بوو، به حیسابی "مه‌كری ژنانی" داده‌نا. فێریان كردبوو كه باوه‌ڕ به "نا" گووتنی ژن نه‌كات، فێریان كردبوو كه ژن گوتی "نا"، مه‌به‌ستی پێچه‌وانه‌که‌یه‌تی. له لای ئه‌مه‌ی تریان، نه‌ویستنی من گرنگ نه‌بوو، بوون یا نه‌بوونی پیاوێكی تر بوو بڕیاری ده‌دا. دڵم گیرا، پێی وا بوو ژن ئه‌گه "خاوه‌نی" نه‌بوو، ئیتر ویستن و نه‌ویستنی خۆی زۆر گرنگ نییه، ژن پێویستی به سێبه‌ری پیاو له سه‌ر خۆی هه‌یه. یه‌كیان به نامه‌ی دڵداری ده‌ستی پێ كرد و به "داده" و "خوشكی خۆم" ته‌واوی كرد، پێی وابوو ژن ده‌بێ یان "ژنی" ئه‌و بێت یان "خوشكی"، نه‌یزانی مرۆڤه‌كان له‌و په‌ڕی سنووری جنسییه‌ت، به دوور له ژن بوون و پیاو بوونیان ده‌توانن هاوڕێ و هاودڵ‌ بن!

شه‌ماڵ‌ گوتی ئاوا نابێ، ‌ده‌بێ بزانی چیت ده‌وێ! و من بیر ده‌كه‌مه‌وه، ده‌ی من ده‌زانم چیم نــــــاوێ، به‌ڵام نازانم چیم ده‌وێ، ئاوا ده‌بێ؟ ساڵێكی دوور، پێش نیوه‌ڕۆی كه‌وه ڕۆژێكی مانگی ئاگووست، به براكه‌م گووت "گرنگ ئه‌وه بوو ئه‌و قسانه هه‌موو ڕاست بان و تۆ هێشتا هه‌ر مابایه‌وه!" بڵێی ئه‌وه تاریفی من له خۆشه‌ویستی نه‌بێ؟ بڵێی ئه‌وه ئه‌و شته بێ من ده‌مه‌وێ؟

من ڕووتم. تا ئێره‌ش به ڕووتی هاتووم. تازه گه‌رانه‌وه‌ی چی؟ تازه ناتوانم له شاری كوێران ده‌ست به چاومه‌وه بگرم. بۆ ڕۆیشتنی كه‌س ناگریم، دڵته‌نگ ده‌بم به‌ڵام، دڵته‌نگ له هه‌رزان بوونی وشه‌كان. له به‌رته‌سک بوونی ماناكان. دڵته‌نگ له‌وه‌ی جیاوازییه‌كان هێنده بۆمان نامۆن، له‌وه كه نازانین هێشتا بۆ پێكه‌وه بوون پێویست ناكات ببین به یه‌ک، پێویست ناكات له یه‌ک ‌بچین، پێویست ناكات له یه‌کتریندا بتوێینه‌وه ... دڵته‌نگ ده‌بم كه هه‌ندێ جار كه‌سێک بـه پێـــــوانه‌كانی خۆی بۆ به‌خته‌وه‌ری، شاد بوون و باش بوون و ... من و ژیانی من هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ و حوكم له سه‌ر به‌خته‌وه‌ری یان به‌خته‌وه‌ر نه‌بوونی من ده‌دا.

ته‌نیایی ناخۆشه، خراپ به‌ڵام نییه. له ته‌نیاییدا ده‌توانی هه‌روا ساكار بمێنییه‌وه، بێ ترسی ئه‌وه‌ی له‌ت له‌تت كه‌ن و هه‌ندێ له له‌ته‌كانت بێ سه‌روشوێن بێ! ته‌نیایی ناخۆشه، خراپ نییه. ته‌نیایی ده‌گه‌ڵ ‌بێ كه‌سی فه‌رقی هه‌یه، ده‌زانی خۆ؟




"زندگی چیزی نیست كه لب تاقچه عادت از یاد من و تو برود"

بۆ مانه‌وه، بۆ ویستنی ئه‌و ژیانه‌ی به‌رده‌وامه، بیانوو زۆرن. دار، گوڵ، باران، كتێبه‌كانم، سه‌فه‌ر، ئه‌وانه هه‌موو جوانن بۆیان ده‌ژیم! ده‌توانم هه‌ر لێره ڕا، له پشت ئه‌و شووشه پڕ له په‌ڵه‌ی ئاشپه‌زخانه‌ ڕا، چاو له داره په‌ل ته‌زیوه‌كانی ده‌رێ بكه‌م و هه‌ست به ئارامی بكه‌م، ده‌توانم هه‌ر به بیستنی هه‌را هه‌رای ئه‌و منداڵه به‌دفه‌ڕانه‌ی گه‌ره‌ک كه هه‌زار تۆپه‌ڵه به‌فریان به دار و دیوار داداوه، بزه‌م بێته سه‌ر لێــــــــو، ده‌توانم له هه‌ڵمی لیوانه چاییه‌كه‌ی پێش ده‌ستم، نوقمی چركه‌ی "ئێستا" بم و هه‌ست به بوون بكه‌م... !

نا، من كه‌سم ناوێ وه‌ک بیانوو بۆ ژیان، یه‌كێكم ده‌وێ بـــــــــــۆ خۆشویستن!

له خۆم ده‌پرسم "كه‌سێک كه نه‌توانی بێ ئه‌و بمێنییه‌وه؟!" بیر ده‌كه‌مه‌وه ئه‌رێ، كه‌سێک كه نه‌بوونی بۆشاییه‌ک بێ له ژیانما، كه‌سێک خـــــــۆم بتــــــوانم له لای گه‌وره بم، پێبگه‌م، بگــــــۆڕدرێم، باشتر بم و درووستتر بیر بكه‌مه‌وه. كه‌سێک ئه‌و شتانه‌ی من له خۆمدا خۆشمده‌وێن، خۆشی بوێن، ئه‌و شتانه‌ی من له خۆمدا ڕقم لێیانه، بتوانێ به‌رگه‌یان بگرێ. كه‌سێک له‌ت له‌تم نه‌كات، كه‌سێک به ته‌ما نه‌بێ سه‌ر له نوێ سازم كاته‌وه، كه‌سێک كه نه بمكات به هۆی ژیانی و نه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بێ ببێته تاقه هۆی ژیانم...

كێ یان چی ده‌ڵێ ده‌بێ به كه‌متر له‌وه ڕازی بم؟!

--

پێده‌كه‌نم!
وه‌ک شتێک ده‌زانم چیم ده‌وێ!





January 2, 2006



نه ئیمپراتورم
نه ئه‌ستێره‌یه‌كم له ناو له‌پی ده‌ست دایه
به‌ڵام خۆم
ده‌گه‌ڵ كه‌سێک كه زۆر به‌خته‌وه‌ره، لێ تێكچووه
و به جێی ئه‌و به ڕێدا ده‌ڕۆم
خواردن ده‌خۆم
ده‌خه‌وم و ...


چ هه‌ڵه‌یه‌كی جوان و دڵڕفێن



"رسول یونان"



یه‌ک پرسیار: ئه‌رێ من هه‌ر زلم یا خه‌ڵک به زلم ده‌بینێ؟

****

تا من كه‌مێک ده‌گریم، ئێوه وه‌رن كه‌مێک پێبكه‌نن:

at322003: slaw leyla xan

at322003: هاتمه ماله به ره ي به ريزتان بو بينيني بلاو كراوه كانت به لام بينيم جه ند نه قديكي لاوه كيت كرتووه له هه ندي نوسه ران به تاي به تي سايده كورديه كان كه ناوه كانيان بكورن

وڵام: به‌ڵه، تووشی هه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌وها بووم، خوا له گوناحانم خۆش بێ!


at322003: ئايه ده زانيت ئه و نوسه رانه زور به نرخن بابه ته كانيان وه سايده كورديه كان به يوه نديان بيوه ده كه ن به هه مو جوريك بو بلاو كردنه وه ي بابه ته كانيان كه بويان بنيرن

وڵام: نا‌ به‌ڕێز نه‌مده‌زانی! سوپاس بۆ ئاگادار كردنه‌وه‌ت. زانیارییه‌کی گه‌لێک به سوود بوو!


at322003: نازانم ئايه به ريزتان له به ر سيقه نه بونه به خوت يان به غيليه به و نوسه رانه

وڵام: قه‌ی ناكا نازانم سیقه چییه، به‌ڵام ئه‌گه به‌ڕێزتان ده‌فه‌رموون كه به خۆمم نییه، بێ گومان وایه. به‌ڵێ من به گشتی هه‌ر له منداڵییه‌وه به‌غیل بووم، كاری خواشه، هیچی ده‌گه‌ڵ ‌ناكرێ!


at322003: تو ماله به ره ي خوت هه يه وه له به ر نه بوني بينه ران وه هاتنيان بوي رو ده كه يته مالابه ره كاني تر وه بلاوكراوه كانت بلاو ده كه يته وه بو نمونه باسي به رده ي ئافره تت كردبو له ديمانه زور شتيكي دوربو له راستيه وه وه زوربه ي خوينه ران كالته يان بي ده هات به و بابه ته و به جه نابيشت

وڵام: من قه‌ت باسی "به‌رده‌ی ئافره‌ت"م نه‌كردووه، به‌ڕاستی هیچ "ئافره‌تێک" ناناسم " به‌رده‌ی" هه‌بووبێ، به‌لام زۆر "ئافره‌ت ده‌ناسم" به‌رده" بوون و هێشتاش هه‌ن. ئه‌گه خوا یار بوو، زارت به‌ست و چاوت كرده‌وه، به هه‌ڵاتن بچوو چاوێكی لێ بكه‌وه، باسی "په‌رده‌ی كچێنییه" بابه‌ته‌كه و بۆ مرۆڤێ كه به مێشكی خۆی بیر ده‌كاته‌وه نووسراوه!


at322003: هيوا دارم بجيته وه به خوتا وه به بير كردنه وه شتا تا توش وه كو نوسه ره كان سايده كورديه كان داوات لي بكه ن به ريزه وه كه بابه تيان بو بنيريت

وڵام: به سه‌رچاو. به خۆمدا ده‌چمه‌وه!

at322003: ئيتر سوباس

وڵام: سوپاس بۆ تۆش


***
پاڕانه‌وه:

بینه‌رانی به‌ڕێز: كاكه ئه‌وه بۆ نایه‌ن سه‌ردانی ئه‌و "ماڵبه‌ره‌ی" من ناكه‌ن؟ ناڵێن ئافره‌ته، زه‌عیفه‌یه، گوناحه؛ كه‌س بۆی نه‌بۆته "ماڵی باوک" بلاوكه‌راوه‌كانی له ئامێز بگرێ؟




January 1, 2006

ساڵی تازه كه هات من وه‌ک هه‌موو ساڵه‌كانی پێش، له بیر هه‌موو شتێک ‌دابووم، تازه بوونه‌وه‌ی ساڵ نه‌بێ! شتێک هه‌ست ده‌كه‌م له لای من له جێی خۆی نییه، شتێک هه‌ست ده‌كه‌م له مندا قه‌ت سه‌ر هه‌ڵنادا، كه بڕۆم و دابڕم له‌و تاسه‌یه‌ی په‌لی هه‌ستم ده‌گرێ و ده‌مباته‌وه نازانم كوێ و دڵته‌نگی بۆنی گڵ و ده‌نگی توانه‌وه‌ی به‌فرم ده‌كات. داڵانه‌كه‌ی ماڵه‌كانی حاجی عه‌لی لایه‌كی گڵ بوو، كه‌‌س دیار نه‌با، به سه‌رپه‌نجه‌م، گڵه‌كانم هه‌ڵده‌قه‌ند، كه‌س دیار نه‌با، سه‌رپه‌نجه‌م ده‌خسته ناو زارم و گڵه‌كه‌م تام ده‌كرد، ده‌مزانی كارێكی خراپه، پێیان گوتبووم، تا ئه‌و كات هه‌زار كه‌س هه‌زار جار لێم توڕه ببوو... ده‌ڵێــــــم نه‌کا خاکی ئه‌وێ تێكه‌ڵی خوێنی من بووه؟! نه‌كا گیانی من گڵی ئه‌وێی ده‌وێ؟ بـــــۆی له كوێ بێنم؟ ئـــــــــه‌وێ كـــــوێــیـه؟

كه ده‌هاتمه‌وه، له ده‌رێ به‌فر ده‌باری. یا سارد نه‌بوو یا من سه‌رمام نه‌بوو! من بۆم هه‌یه به‌فری ئه‌مڕۆم خۆشبوێ؟ بۆم هه‌یه بیر له له‌شی سارد و زگی برسی و سه‌رپه‌نجه سڕه‌كان نه‌كه‌مه‌وه، هه‌ر ئه‌مڕۆ؟! منیش كه‌مێک ‌دڵم ته‌نگه ئاخر! ئه‌گه بۆم هه‌بێ به‌فری ئه‌مڕۆم خۆشبوێ، ئه‌گه بۆم هه‌بێ توانه‌وه‌ی به‌فری سه‌ر قژم و دڵۆپ دڵۆپ شۆڕبوونه‌وه‌ی به سه‌ر ملما خۆشبوێ، ئه‌گه بۆم هه‌بێ ده‌نگی هه‌نگاوه‌كانی خۆمم له سه‌ر به‌فره لانه‌دراوه‌كانی سه‌ر شه‌قام خۆشبوێ، ده‌توانم ‌دڵته‌نگییه‌كانی ئه‌مڕۆم كه‌مێک له بیر بكه‌م، ده‌توانم هیچ شتێک به ڕووی خۆم نه‌هێنم و "خانم خانم" به ڕووی ژیان پێبكه‌نم، سه‌ر مێزه‌كه‌م كۆ كه‌مه‌وه و هه‌وڵ بده‌م له نووسینی ڕێكه‌وتی ڕۆژه‌كانی ساڵی تازه، كه‌متر هه‌ڵه بكه‌م...






www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------