August 31, 2006
تكایهک: هه‌ر كه‌س په‌شێوی دی له لایان منه‌وه لێی بپرسێت هاوینی كوردستان ئه‌وه ته‌واو بوو، ئه‌ی ئه‌و ئه‌ستێرانه كه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه؟ **** نه داده‌بڕم، نه دڵ ده‌ده‌م. ڕۆژه‌كان هه‌روا گه‌رمن و كات بێ ئه‌وه‌ی په‌له بكات، به كاوه‌خۆ تێده‌په‌ڕێ. نه ده‌توانم له كه‌س و شته‌كان نزیک ببمه‌وه و نه له‌م دوورمانه‌وه ده‌توانم تێبگه‌م. هه‌ندێ جار بیستنی ده‌نگی ماملێ یان مه‌زهه‌ر خاله‌قی له ناو شار، دوكانێكی بچووک یان پاركی ئازادی، له ناكاو وه‌بیرم ده‌خاته‌وه له‌كوێم و ئـــــــــارام ده‌بمه‌وه. هه‌ندێ جار كه به بیانووی ژن بوونم بێ ڕێزیم پێ ده‌كردرێت و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت وه‌ک شتێكی ئاسایی قه‌بوولی كه‌م، وه‌بیرم ده‌خاته‌وه له‌كوێم و دڵته‌نگ ده‌بم. ئه‌و پارادۆكسه، شه‌ڕی نێوان مه‌یلی مانه‌وه و ویستی هه‌ڵاتنه ماندووم ده‌كات. نه داده‌بڕم، نه دڵ ده‌ده‌م! ده‌ڵێم بریا ده‌متوانی له‌تێک لێره و له‌تێک له‌وێ، به ئیشتای خۆم، هه‌ڵبژێرم و له گۆشه‌یه‌كی نه‌قشه‌ی جیهان به ناوێكی ئاشنا پێناسه‌یه‌كی بۆ دیاری بكه‌م. بیر بكه‌وه ئه‌گه ده‌متوانی، مرۆڤه‌كان، ڕه‌نگه‌كان، شوێنه‌كان، بۆنه‌كان و ده‌نگه‌كان بگوێزمه‌وه و له شوێنێكی تر به شێوه‌یه‌کی تر، شتێكی تازه داڕێژم. بۆ خۆم. بۆ ئه‌و دڵه‌م كه هه‌ر په‌له‌قاژه‌یه‌تی، كه نه كۆڵ ده‌دات، نه باڵ ده‌گرێت! ده‌كه‌ومه‌وه بیری ئه‌و ڕۆژه‌ی مالین لێمی پرسی" ئه‌گه ئه‌وێ نا، ئه‌گه ئێره نا، ئه‌ی كوێ؟" له‌بیرمه چركه‌یه‌ک له شینی چاوه‌كانیدا نوقم بووم، له بیرمه به خۆم گوت شوێنێک ئاسمانی شه‌وه‌كانی ئه‌ستێره‌ی هه‌بێت، به ئه‌وم به‌ڵام گوت شوێنێک هیچ شتێكی بۆنی نامۆیی لێ نه‌یه‌ت! ئێستا لێره‌م. شه‌وانه تا دره‌نگ چاوه‌ڕێ ده‌مێنمه‌وه ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی په‌شێو باسی ده‌كردن، ده‌ركه‌ون و هه‌ر ده‌رناكه‌ون. ئێستا لێره‌م و لێره‌ش زۆر شت بۆنی نامۆیی لێدێت... ئه‌ی من چی بكه‌م؟! ***** ده، دوانزده دانه له وێنه‌كانم لێــره داناوه.
August 30, 2006
كوردهواری ئه‌ی وڵاته جوانه‌كه‌م (1) چاوم لێ كرد دیم دوو ده‌رگای چوونه ژووری هه‌یه. له سه‌ر یه‌كیان نووسرابوو "پیاوان"، له سه‌ر ئه‌مه‌ی تریان نووسرابوو " خێزان". به مامه پیره‌كه‌م گوت : " مامه گیان من نه پیاوم و نه خێزان! بۆم هه‌یه بێمه ژوورێ؟" مامه كه‌مێكی چاو لێ كردم و گوتی" ئێ قه‌ی نا، وه‌ره!". چوومه ژوورێ، مامه پیره‌كه گوتی :" بیتاقه!"، من گوتم:" نا، بێتاقه‌ت نیم، به‌س گه‌رمامه!". مامه ئه‌مجار به سه‌یره‌وه سه‌یری كردم، ده‌ستی به‌رزكرده‌وه و ئه‌وه‌ی پێی بوو نیشانی دام، گوتی:" بتیاقه، بابم بیتاقه!" ... كه زانیم مامه پیره له بیری بێ تاقه‌تی من دانییه و به ته‌مایه بلیتی چوونه ژوورێم پێ بفرۆشێ، كه‌مێک شه‌رمی ڕاستیم كرد و ویستم پاره بده‌م. لێمی پرسی خه‌ڵكی كوێم، گوتم به‌س كوردم. مامه پیره گوتی: بڕۆ... بڕۆ، بیتاقه‌ت ناوێ، هه‌روا بچووه ژووره‌وه! هه‌روا چوومه ژوورێ!
August 28, 2006
هه‌موو ڕۆژێ كه بچمه ده‌رێ، هێند سه‌ر به هه‌موو كه‌لێن و قوژبناندا ده‌كه‌م، له گه‌ڕانه‌وه‌دا ون ده‌بم. ڕێگه‌یه‌كی نیو ساعه‌ته به سێ ساعه‌ت ده‌گه‌ڕێمه‌وه و هه‌ر بۆیه‌ش ئێستا ئیتر به‌شێكی زۆری شارم دیوه. ئادره‌س پرسینیش چاره‌ی ده‌ردم نییه، كه ده‌پرسم كاک یان دادی به‌ڕێز ده‌ڵێ "ڕێک بڕۆ؛ ده‌گه‌یی"، باوه‌ڕ كه تا ئێستا یه‌کجاریان پێ نه‌گوتووم له شوێنێک لاده‌م. كه پیاوی شۆفیر تاكسیم پرسی به‌ڕێز ئه‌و شه‌قامه ناوی چییه، گوتی به خوا من ده‌ساڵه "سایقم" له‌م شاره و نازانم ناوی ئه‌م شه‌قامه چییه. ده‌ی منی غه‌ریبی ئه‌جنه‌بی چۆن بزانم! ئه‌وه‌ی باشه ڕێگه‌ی خۆم ئه‌گه‌ر چی دره‌نگ به‌ڵام ههردهبینمهوه و ماندوو ماندوو ده‌گه‌مه‌وه ژووره‌كه‌م. سه‌یر ئه‌وه‌یه ئه‌مڕۆ، یه‌کشه‌ممه، دوو جار ون بووم. به‌یانی جارێک و ئێواره دره‌نگ جارێک و سه‌یرتر ئه‌وه كه له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێواره ڕێم كه‌وته هه‌مان شوێن كه به‌یانی لێی ون ببووم. هه‌ر ئه‌مڕۆش چووم بۆ ئیداره‌ی پاساپۆرت ومانه‌وه، یا نازانم چی و مانه‌وه. زۆر ساڵ بوو ئاوا بێنه و به‌ره‌یان پێ نه‌كردبووم. كه پرسیارم كرد، كابراكه‌ی پێش ده‌رگا ڕیزێكی نیشان دام له‌وێ چاوه‌ڕوان بم، چووم له ڕیزدا وه‌ستام، دوایی كه جارێكی تر پرسیارم لێ كرد، گوتی "ڕسمت" پێیه، گوتم نا. گوتی ئێ ده‌بێ پێتبێ. ڕێگه‌ی ساعه‌تێک ڕۆیشتم تا شوێنێكم دیته‌وه وێنه‌ی "خێرا" ی ده‌گرت. هه‌ر دانیشتم كوڕه‌كه هه‌ر چاوی لێ كردم و بزه‌ی هات و ئاخر سه‌ر گوتی به‌خوا قژت زۆر سه‌یره!!! قه‌تم شتی ئه‌وها نه‌بینیوه. ده‌ی كه ئاماده بووم وێنه‌م بگرێت، چاوێكی تری لێ كردم گوتی:" ده‌رمانت بۆ بێنم لێوت سوور كه‌ی؟" جا بۆ پێكه‌نین له كۆڵم ده‌بۆوه! قسه‌كه‌ی زۆر شیرین بوو. گوتی به‌خوا قه‌تم لێره ژن نه‌دیوه بێ سوور وسپیاو بێن و "ڕه‌سم" بگرن. بێ لێوی سوور وێنه‌که‌م گرت و به په‌له گه‌رامه‌وه ئیداره‌كه. گوتی كۆپی "جهوازهكهت" كوا؟ جارێ من نه‌مده‌زانی جه‌واز یانی چی. پاسپۆرتی مه‌به‌ست بوو. گوتم، ده‌ی پیاوی باش نه‌ده‌كرا هه‌ر ئه‌و كات ده‌نگت كردبا. چووم بۆ دوكانێكی بچووک له سه‌ر دیواره‌كه‌ی نووسرابوو " استنساخ" ئه‌وه یانی فتۆكۆپی. كه گه‌رامه‌وه سه‌رێكی له‌قاند و گوتی عهریزهكهت كوا؟ زۆری نه‌مابوو سه‌ری بگرم له دیواریی بده‌م. سێ ساعه‌ت له ژێر ئه‌و خۆره گه‌رمه به پا هاتوچوو كردن شۆخی نییه. كابرای عه‌ریزه نووس به كه‌یفی خۆی شۆره‌تی " له‌قب" منی گۆڕی و ناوی بابمی نووسی. دوای هه‌موو ئه‌و هه‌ڵات هه‌ڵاته ئیزنی مانهوهكهمی مۆر نه‌كرد، گوتی بڕۆ "فه‌حسی خوێن" كه و‌ڵامیان دایه‌وه، وه‌ره‌وه لامان! نازانم تۆ بایی چیت ده‌كرد، من به‌ڵام بلاک ئاوتێكی ته‌واوم تووش بوو. له جه‌نگه‌ی ئه‌و هه‌موو ماندوویی و توڕه‌ییه‌دا، خانمی به‌رپرسی كامێرا و مۆبیل قژمی گرتبوو ناو ده‌ستی و پرسیار بارانی كردبووم چۆن و له كوێ وام له خۆم كردووه. ئه‌و ئێواره‌یه‌ش هه‌ر خۆم له ڕوانینی پڕ له پرسیاری ژن و پیاوی ناو پارک و ناو بازار كه زۆر به سه‌یری چاویان له قژم بوو، گێل ده‌كرد، و هه‌ر ده‌كه‌وتمه‌وه بیری قسه‌كه‌ی په‌ری و بزه‌م ده‌هاتێ. ئێواره پێش ئه‌وه‌ی بزانم ون بووم مه‌یدانی كتێبفرۆشهكانم دیته‌وه. ئه‌مجار ئیتر به هۆی قژم نا، به هۆی ئه‌وه‌ی له ناو شه‌پۆل شه‌پۆل پیاوی پیر و گه‌نج كه ده‌وره‌ی مه‌یدانه‌كه‌یان دابوو، من ته‌نیا "ئافره‌تێک" بووم كه هه‌موو ڕێگه‌یان بۆ چۆڵ ده‌كرد. زۆر كتێبم به لاوه تازه بوو. ناوی نووسهرهكانم هه‌ر نه‌ده‌زانی، زۆربه‌یان نووسه‌رانی باشووری كوردستان بوون. كتێب له سه‌ر "سێكس و ته‌ندروستی" زۆر بوو، دیاره ناوهڕۆكیانم نه‌دی، به‌ڵام خۆش بوو وێنه‌ی سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كان كچێكی نازداری به‌ڕواله‌ت ئوروپی بوو كه مهمكهکانی به حوكمی خوا یان سیلیكۆن ته‌واو گه‌وره و پیاوپهسهند بوو و له ژێر كراسه ته‌نكه‌كه‌ی ده‌ر كه‌وتبوون. قهیمهتی ئه‌و كتێبانه له چاو كتێبه‌كانی تر زۆر كه‌متره. یه‌ک دوو ڕۆژی تر ده‌چمه‌وه و چاوێک له ناوه‌ڕۆكی ئه‌و كتێبانه ده‌كه‌م! ڕۆمانی ئاوه‌كی "ڕۆمانسی" به ناوی سه‌یر سه‌یری وه‌ک - تۆم هه‌ر خۆش ده‌وێت، بێ تۆ ناژیم، به خوا بێ تۆ هه‌ر ده‌مرم، ده‌ستم به‌رده با خۆم بكوژم (ئه‌وه كهمێکم پێوه‌نا)...- یه‌کجار زۆره. كه‌وتمه بیری كتێبه‌كانی دانیه‌ل ستیل كه خۆراكی میرمنداڵهكانی سه‌رده‌می ئێمه بوو. منیش تاقه كتێبی "پیمان"م لێ خوێندۆته‌وه. به گشتی كتێب له مایه‌ی كتێبه‌كانی "ر. اعتمادی" فراوان فراوان موجود می‌باشد. دار‌و دیواری شار ڕێكلامه. ڕێكلامی جگه‌ره و مۆبایل و هه‌ندێ شتی تر. ته‌ح كه خه‌ڵكی ئه‌و شاره نه‌وسنن، هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌ڕۆیی و كه‌بابخانه ده‌بینی. كه‌بابخانه‌ی سه‌یران و حه‌یران و جه‌یران و مهیران و ... به قه‌وڵی كاک سۆران كه ڕۆژی یه‌كه‌م ده‌گه‌ڵم هات بۆ ناوشار، كارخانه‌ی سازكردنی شت و مت هه‌ر نییه، به‌ڵام بازاری كڕینی ئه‌و شتانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ڕا دێن گه‌رم گه‌رمه. بازاری مۆبیل یه‌کجار گه‌رمه. مۆبیل، "سه‌یاره" و جگه‌ره ... باقی شته‌كان، تایبه‌ت به كۆمه‌ڵگه ڕه‌نگینه‌كه‌ی خۆمان، هه‌ر وه‌ک خۆیه‌تی. كوڕان هێشتا به‌دواتا دێن. قسه‌ت هه‌ر پێ ده‌ڵێن، هێشتاش فێر نه‌بوون خۆیانت به قوربان بكه‌ن و هه‌ر باوكی هه‌ژاریان كه ڕه‌نگه ئاگای له هیچش نه‌بێت چه‌پ و ڕاست به قوربانی تۆی ده‌كه‌ن. خه‌ڵک تووی ده‌قرتێنن و فڕێی ده‌ده‌نه پێش خۆیان، مۆز ده‌خۆن و تۆكڵهكهی فڕێ ده‌ده‌نه ژێردارێک، ناو جۆگه‌یه‌ک، تۆكڵه شووتی، ده‌به‌ی پلاستیكی گه‌وره و بچووک، قوتوو "بێبسی" - به پێپسی هه‌ر ده‌ڵێن بێبسی- و ... له هه‌موو شه‌قامه‌کان و كۆڵانهکان فڕێ دراون و كه‌س ئاوڕووی لێناداته‌وه. ته‌نانه‌ت ناوڕاست شاریش كه‌لاوه‌ی لێیه ...
August 27, 2006
له هاولاتی ڕۆژی بیست وچواری مانگی هه‌شت له سه‌ر ماڵپه‌ره‌كه‌یان ڕێپۆرتاژێکم دی كه زۆر سه‌رنج ڕاكێش بوو. ڕێپۆرتاژهكه باسی دیارده‌ی ده‌ست بردنی كوڕان به كچان له كۆڵانه چۆڵه‌كانی شاری سلێمانیه ده‌كات و كه چۆن ئه‌و دیارده‌یه ئێستا گرفتێكی گه‌وره‌ی بۆ كچان هێناوه‌ته پێش. باسی زمان و شێوازی نووسینی ڕێپۆرتاژهكه ناكه‌م. بریا كات و تاقه‌تتان بێت خۆتان بیخوێننه‌وه. ئه‌وه‌ی كه كچێكی خوێندكاری زانكۆ ده‌ڵێ دایكم ده‌مباته‌وه بۆ به‌رده‌رگای زانكۆ چونكه به ته‌نیا ده‌ترسم خۆم بڕۆم یان خانمێكی تر كه ده‌ڵێ بۆ هاتوچوو كردن بۆ سه‌ركار گرفتم بۆ ساز بوو و ئیتر ده‌ترسم بێم و بڕۆم، خۆی له خۆیدا داخ و په‌ژاره له لای مرۆڤ زیندوو ده‌كاته‌وه كه چۆنه كچانی ئێمه ئه‌وه‌نده بێ ده‌سه‌ڵاتن ته‌نانه‌ت به كوڕێكی پیسه‌كه‌ی ترسه‌نۆک كه هه‌موو ئازایه‌تییه‌كه‌ی ده‌ست بردن بۆ كچێک له كۆڵانێكی چۆڵه، نا‌وێرن و ده‌نگیان نایه‌ته ده‌ر و لێی قه‌بووڵ ده‌كه‌ن. به‌ڵام ناخۆشتر، سه‌یرتر و پێكهنیندارتر له‌وه‌ش وته‌ی " پرۆفیسۆر" كه‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانی یه كه سه‌باره‌ت به هۆی ئه‌م دیارده‌یه واته ده‌ست بردنی كوڕان بۆ كچان ده‌ڵێ :"كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه نیه بتوانێت غه‌ریزه‌كانی تێر بكات، گه‌نج له نێوان كلتور‌و ئایندا كه‌وتوه‌ته نێوان دوو به‌رداشه‌وه، ئه‌مه‌ش وه‌های كردوه كه كوڕان به‌ده‌ست بۆ بردن بۆ كچان ئه‌و غه‌ریزانه به‌تاڵ بكه‌نه‌وه." " ئێ"، كچینا، لێمان ئاشكرا بوو ئیتر كه ئێمه بۆ ده‌ست بۆ كوڕان نابه‌ین، تازه ناتوانین حاشای لێ بكه‌ین كه هۆیه‌كه‌ی ته‌نیا و ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه ئێمه ده‌رفه‌تی به‌تاڵ كردنی "غه‌ریزه‌كانی" خۆمانمان هه‌یه به‌ڵام ئه‌و كوڕه بهستزمانانه ده‌ستیان به هیچكوێ ڕاناگات. با له‌بیرمان بێت ئه‌و كاره‌ی پیاوان هیچ هیچ نیشانه‌ی ڕوانینی نزمی پیاو له سه‌ر ژن نییه. پێشمان وانه‌بێ پیاو خۆی به خاوه‌نی له‌شی ژن ده‌زانێ، جا با له كۆڵانێكی چۆڵ بێت و با "ده‌ست بۆ بردنێكی پیسه‌كه" بێت. . . "ئێ"، پرۆفیسۆری واش له خوا به زیاد (نه) بێ!
August 26, 2006
پله‌ی گه‌رما: چل ده‌ره‌جه. چۆنیایه‌تی ڕێگه و بان: زۆر خراپ. بابه‌تی باسه‌کان: گه‌رما، گرانی، گه‌نده‌ڵی ... **** ده‌ڵێ ئه‌وه‌ی له بهرتدایه بۆ ناوشار باشه، کهچوویه ده‌ره‌وه‌ی شار ده‌بێت هۆشت بێ چی له به‌ر ده‌که‌ی! ده‌ڵێم چی له‌به‌ر بکه‌م باشه؟ کراسه ڕه‌شه‌که‌می پێ‌نیشان ده‌ده‌م و ده‌ڵێم بڕوانه قۆڵی ئه‌مه‌یان خۆ کورت نییه! چاوێكم لێ ده‌کات و ده‌ڵێ: ئه‌مه بۆ ناشار که ئاستی تێگه‌یشتوویی خه‌ڵكه‌که‌ی زۆر به‌رزه(!!!!) به‌ڵام ... بیر ده‌كه‌مه‌وه كه‌وابوو پێوانه‌ی ئاستی تێگه‌یشتوویی خه‌ڵک یه‌کدوو سانت كورتتر و درێژتر بوونی قوڵی كراسی ژنانه! ***** پێنجشه‌ممه، به‌یانی زوو، " پێش مه‌لا بانگدان" هه‌ستام و خۆم كۆ كرده‌وه و چاوه‌ڕێ مام بێن به شوێنما. قه‌رار وابوو ته‌واوی ڕۆژ له شارۆچكه‌ی پێنجوێن بین. خۆیان پێی ده‌ڵێن " قه‌زا" واته له شار بچووكتر و له گوند گه‌وره‌تر. نه‌جیبه و به‌ختیار و یاسین و ئارام و هه‌رێم و من بووین. نه‌جیبه زۆر ساڵه ده‌گه‌ڵ كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و یه‌ک له‌وان كێشه‌ی ژنان كار ده‌كات. به‌ختیار ده‌گه‌ڵ پرسیاره‌كانی سه‌ر به مافی مرۆڤ، ئارام نووسه‌ر و وه‌رگێر و چالاكی ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان و یاسین نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وانه. له پێنجوێن Workshop- ێکی دوو ڕۆژه‌یان بوو بۆ مه‌به‌ستی هاندانی ژنان و گه‌نجان بۆ به‌شداری كردنیان له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا. یاسین باسێكی له سه‌ر "سه‌ركردایه‌تی" پێشكه‌ش كرد. سه‌ركرده كێیه و چ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ده‌بێ هه‌بێت. له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی دا، كێ ده‌بێ و ده‌توانێ ببێت به سه‌ركرده و پێوانه‌كانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ده‌بێ چی بێت. نه‌جیبه له سه‌ر ڕۆلی ژن له كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی قسه‌ی كرد. بۆ گرنگه ژن به‌شداری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بێت. كام ژن ده‌توانێ و ده‌بێ به‌شدار بێت و بوار بۆ ئه‌م به‌شدارییه چۆن ده‌بێ ساز بكرێت. ئارام له سه‌ر ده‌وری ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان له پرۆسه‌ی دیمۆكراسی كۆمه‌ڵگه‌دا قسه‌ی كرد. ئایا سیاسه‌ت ته‌نیا له چوارچێوه‌ی حیزبه‌كاندا مانا په‌یدا ده‌كات؟ باسه‌كان و شێوه‌ی پێشكه‌ش كردنیان - به ڕای من- باش بوو. با ئه‌وه‌ش بڵێم لێره‌ش زۆربه‌ی پیاو به‌شدار بوون و له سه‌ر جه‌م سی كه‌س، ته‌نیا شه‌ش، حه‌وت ژنی لێ بوو و له‌وان ته‌نیا یه‌ک ژن جارناجارێک تێبینییه‌ک، بۆچوونێکی ده‌رده‌بڕی. ئه‌وه‌ی به‌ڵام به لای منه‌وه زۆر سه‌رنج ڕاكێش بوو بۆچوونی بهشداراهكان بوو. به‌تایبه‌ت له سه‌ر قسه‌كانی نه‌جیبه. چه‌نددانه له "ئیسلامییه‌كان" له ڕووی ئایه‌تی قورئان هه‌وڵیان ده‌دا بسه‌لمێنن كه ژن "سلبی" خۆی ون كردووه و له سروشتی دیاری كراوی دوور بۆته‌وه و ئه‌وه هه‌ڵه‌یه. پیاوێک گوتی:"من باوه‌ڕم به مساوات نییه. باوه‌ڕم به عیداڵه‌ت هه‌یه. من وه‌ک پیاو ئه‌ركی زۆرترم هه‌یه و خه‌رجی بنه‌ماڵه‌م له سه‌ر شانه و ده‌بێ ژن‌و منداڵ به‌خێو كه‌م و بۆیه ده‌بێ مافی زۆرترم هه‌بێ!" هه‌ر ئه‌و پیاوه له شوێنێكی تر كه دیسان باسی "سلبی" ون بووی ژنانی كوردی ده‌كرد گوتی:" كه ژنێكی فارس قسه ده‌كات نه‌وعێک جه‌زابییه‌تی تێدایه پیاو ههڕحهز ده‌كات چاوی لێ بكات و گوێی بۆ ڕاگرێت، چونكه ژنی فارس له سلبی خۆی دوور نه‌كه‌وتۆته‌وه!" بۆ چوونی سه‌رسووڕهێنه‌ری ترم زۆر بیست. هه‌موو هه‌ر له‌و مایانهدا بوون كه باسم كرد. له به‌شی كاری گرووپی، منیش به‌شداریم كرد. سێ پیاو سێ ژن بووین. سه‌یر ئه‌وه بوو تا باسی ژن ده‌كرا بێ هیچ ئه‌وڵا و ئهملایهک پیاوێكیان به‌رامبه‌ری داده‌نا. یانی بۆیان سه‌خت بوو ژنێک بێ پیاو له به‌ر چاو بگرن و باسی مافه‌كانی بكه‌ن. له هه‌ر لایانێكیش بۆی چووبای و به هه‌ر شێوه‌یه‌كیش باست كردبا یه‌ک وڵام و ته‌نیا یه‌ک وڵامت ده‌بیسته‌وه: " ئێ، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ئاوایه، هیچی ده‌گه‌ڵ نایه!" ئه‌وه بیره كه كۆمه‌ڵگه كۆمه‌ڵێک تاكی ژن و پیاوه كه بیر و باوه‌ڕیان بناخه‌ی چۆنیایه‌تی كۆمه‌ڵگه داده‌رێژێ، كریارێكی نه‌بوو. ***** ئه‌گه‌رچی به منیان گوتبوو پێنجوێن زۆر فێنكتره، به‌ڵام من وه‌ک له سه‌حرای كه‌ربه‌لا رێم ون كردبێت، خه‌ریک بوو ده‌مردم له گه‌رمان و له توونیایه‌تی. پێش ئه‌وه‌ی به ته‌واوی گیان بده‌م و وه‌ک حوسێنی مه‌زلووم(!!!) به لێوی وشک بمرم، ئاوم گیر كه‌وت و خواردمه‌وه.
August 25, 2006
سێ شه‌ممه پێنج ده‌قه‌ی مابوو بۆ دوانزده‌ی شه‌و فرۆكه‌كه‌مان به‌رز بووه. له‌وانه‌شه چه‌ند ده‌قه‌یه‌كی ئه‌ولا ئه‌ولا هه‌بێت. زۆر نه‌بووین. ڕه‌نگه هه‌فتا هه‌شتا كه‌سێک سه‌رجه‌م. باوه‌ڕ ده‌كه‌م ته‌نیا من و كچ و كوڕێكی سوئێدی بووین كه یه‌كه‌مجارمان بوو، ئه‌وانی تر، لێیان دیاربوو، به ماڵی خۆیان ده‌زانی و ئاگاداری چه‌ند و چۆنی ئه‌و چه‌ند ساعه‌ته‌ی به‌ڕێوه ده‌بووین، بوون. هیچ شتێكی نائاساییم نه‌دی. ده‌نگی قرتاندنی توو دوای ساعه‌ت دوانزده‌ی شه‌و بۆنی گوڵه به‌ڕۆژه‌ی بر‌ژاو، به‌ڵامه زۆر سه‌یر نه‌هات! له فرۆكه‌خانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی كه دابه‌زین، وشه‌ی مطار و ئالای كوردستان و پۆلیسه‌كان كه هه‌موو به‌و به‌یانییه زوویه جگه‌ره‌یان به ده‌سته‌وه بوو، سه‌رنجیان ڕاكێشام. له ڕیزی كۆنترۆڵی پاسپۆرته‌كان من ده‌بایه چووبامه ریزی "بیانییه‌كان"، چووم. به‌ڵام هۆشم هه‌ر له لای خه‌ڵكی ده‌وروبه‌رم بوو. ژنێک كه به‌كوردی له‌وانی تری پرسیار ده‌كرد " من خۆم عێراقیمه، به‌س كوڕه‌كه‌م ئه‌جنه‌بییه، بۆ كام لا بڕۆم ئێستا" ... كوڕێكی بچووک له ناو باوه‌شی دایكی ده‌گریا، ده‌یقیژاند و هاواری پیاوێک كه نازانم باوكی منداڵه‌که بوو یا نا كه به ژنه‌که‌ی ده‌گووت "پێلاوه‌كانی داكه‌نه، پێلاوهكان، ئه‌وه گه‌رمایه‌تی... بۆ تێناگه‌یی"، ئه‌و ژنه‌ی له ناو فرۆكهكهشدا و هێشتاش له ڕیزی "عێراقییه‌كان" هه‌ر باسی شه‌ریكه گه‌وره‌كه‌ی خۆی و مێرده‌كه‌ی ده‌كرد ... نازانم كاكی پۆلیس چه‌ند جاری بانگ كردبووم، به‌ڵام تا به سه‌ر په‌نجه‌ی له شووشه خۆڵاوییهكهی به‌رامبه‌رمی نه‌دا، نه‌گه‌رامه‌وه لای. له‌یـــــلا؟ ناوت لهیــــلایه؟ ئێ، تۆ ئێرانیت! له‌م هه‌فته‌دا بڕۆ بۆ ئیداره‌ی شاره‌وانی ... ! به‌سه‌رچاو. ده‌چم. هێشتا نه‌بۆته یه‌ک هه‌فته لێره‌م و هێشتا نه‌چووم بۆ ئیداره‌ی شاره‌وانی! به‌ڵام خۆ هه‌ر ده‌بێ بچم، ده‌چم، ڕه‌نگه دوو به‌یانی! وادیاربوو ده‌بایه خۆم بچم بۆ شوێنی دیاری كرا‌و. هه‌رچه‌ندی چاوم گێرا، وێ نه‌ده‌چوو كه‌س چاوه‌ڕوانی من بكات. بیرم كرده‌وه، تششش، ئه‌وجاره‌ش له سه‌ر جارانی پێش! به‌یانییه‌كی زۆر زوو بوو. له پیاوێكی ته‌نیشتم پرسیار كرد. "ئێستا لێره ساعه‌ت چه‌نده؟"، پێی گوتم. ئه‌وه‌شی گوت كه ئه‌ویش یهكهمجارێتی لێره داده‌به‌زێت. گوتی ئه‌گه كه‌س نه‌هاته شوێنت، ئه‌وه ده‌گه‌ڵ خۆم وه‌ره بۆ كه‌ركووک و له‌وێرا ده‌تنێرمه هه‌ر شوێنێک كه پێت خۆش بوو. تاكسیمان گرت بۆ گاراج! له‌رێگه ناوی شوێنه‌کان و شه‌قامه‌كانی پێ ده‌گووتم. ئه‌وه‌ی من به‌ڵام له بیرم مابێت خاک و خۆڵ و زبل و زار و گه‌رما و هاژه‌ی ئوتومبیل و هه‌رای شوفیره‌كان و هاواری كابرای میوه‌فرۆشه كه داشقهكهی له سه‌ری چوار ڕێیه‌ک ڕاگرتبوو. به ناو هه‌ولێردا ڕۆیشتین. هه‌ولێر شاری خاک و خۆڵ. شاری دیواره پیسه‌كان. شه‌قامه پیسه‌كان. كۆڵانه پیسه‌كان. هه‌ولێر شاری هه‌زار هه‌زار ئوتومبیلی سه‌ر شه‌قامه‌كان ... هه‌ولێر هیچ له‌و وێنه‌یه‌ی ئه‌سرین به دیاری پێی دابووم نه‌ده‌چوو! گوتی ناوی مه‌حه‌ممه‌ده، دانیشتووی فنلاند. گوتی بۆ كۆنفرانس گه‌راوه‌ته‌وه و چه‌ند ڕۆژ لێره ده‌بێ. گوتی هه‌ر كه یارمه‌تیت پێویست بوو په‌یوه‌ندیم ده‌گه‌ڵ بگره. ئارام بوو. له پشت ڕوانینی هیچ شتێكی دڵڕهشت بكات، خۆی حه‌شار نه‌دابوو. گوتی مه‌تمانه ناتوانی به هه‌موو كه‌س بكه‌ی. گوتی ڕاسته كوردستانه و تۆش كوردی، به‌ڵام به دڵ مه‌گره تۆ لێره هه‌ر غه‌ریبی! ژانی زۆر بوو ئه‌م وه‌بیرهێنانه‌وه! ده‌گه‌ڵم هات بۆ لای ئوتوبوس و شه‌خسییه‌كان كه ده‌چوون بۆ كه‌ركووک و سلێمانیه. له پێشه‌وه دانیشتم و چوونكه ڕه‌سمه دوو كه‌س سوار ده‌كه‌ن، من پاره‌ی دووكسم دا با ته‌نیا سوار بم. له پشته‌وه سێ پیاو دانیشتبوون. تا نیوه‌ی ڕێگه هه‌موو بێ ده‌نگ بون، یه‌ک دوو جار نه‌بێ باسی گرانی و گه‌رمایان كرد و كه‌مێكیش باسی مه‌حكه‌مه‌ی سه‌دام كه وێنه‌کانی له دارودیوار دراوه و باسی تاوانه‌كانی ئه‌وی تێدا كرابوو. من وه‌ک هیچ نه‌دیوه‌كان چاوم ده‌گێرا، هه‌زار ساڵ بوو تامه‌زرۆی دیتنی ئه‌م خاكه بووم و ئێستا هه‌موو گیانم ببوو به چاو و بست به بستی شارم ده‌كرده وێنه‌یه‌ک بۆ ناو زه‌ینم. چاوم ده‌گێرا. وێنه‌م ده‌گرت. پرسیارم ده‌كرد و شتێک، وه‌ک ژانی خه‌مێكی كۆن، وه‌ک ژانی برینێكی كۆنی سارێژ نه‌کراو، تێمدا ده‌ڕشاوه. له هه‌ولێر كه ده‌ركه‌وتین ته‌نیا خاک و خۆڵ و زبل و زارهكهیم له بیردا مابوو. كه‌ركووک به‌ڵام دڵته‌زێنتر بوو، وێران. وێران. وێران. تا چاو بڕ ده‌كات وێرانی ده‌بینی. ماڵه‌كانی نیوه ڕووخاو. خهڵکهكهی ناوچاوان گرژ و توڕه و ماندوو دیارن. شه‌قامه‌كانی قه‌ره‌باڵغ و پیس. مانگا و كه‌ر له سه‌ر شه‌قامه ته‌سک و پیسه‌كان. پیاوه‌كان له ژێر سێبه‌ری داره‌كان به ڕیز دانیشتوون. ده‌ڵێ بێكارییه. كه‌م كه‌س كاری هه‌یه. ژنه‌كانی عه‌بای ڕه‌شی درێژیان به سه‌ره‌وه، ده‌ڵێ دیاری به‌عسه! بیرده‌كه‌مه‌وه به‌عس خۆشی نه‌ماوه، جێ په‌نجه‌كان به سه‌ر ڕووخساری خه‌ڵک و شاردا هه‌ر ماوه. كه‌ركووک دوو به‌ش بوو. گوتی ئه‌مه‌یان به‌شی كورده‌كانه. تازه ئه‌وه خه‌ریكن ورده ورده سازی ده‌كه‌نه‌وه، گوتی یه‌ک دوو ساڵه خه‌ریكن. گوتی به‌شه‌كه‌ی تری، به‌شی عه‌ره‌بانه. گوتی ئه‌وێ ئاوه‌دانه. گوتی سه‌دام ئه‌وه‌یی خاپوور نه‌كردووه ... گوتی عه‌ره‌به‌کان نا‌وێرن بێنه ئه‌م به‌شه. بیرم كرده‌وه بڵێی عه‌ره‌به‌کان هه‌ر بیانه‌وێ بێنه ئه‌و به‌شه؟ له كه‌ركووک كه ده‌ركه‌وتین ته‌نیا تارمایی ژنێكی عه‌با به سه‌ر و كۆڵانێكی وێرانم له بیردا مابوو... باقی ڕێگه ده‌شت و كێ‌و بوو، گوندی نیوه چۆڵ و نیوه ئاوه‌دان. منداڵی بچووک بچووک دانیشتوو له ژێر ئه‌و خۆره كه ده‌سووتێنێ و به‌نزین ده‌فرۆشن. باقی ڕێگه ده‌شتایی و چۆڵایی بوو. وه‌ک هیچ نه‌دیوه‌كان چاوم ده‌گێرا، هه‌موو شتێكم ده‌دیت. ئه‌و شوێنانهشكه هیچی بۆ دیتن نه‌بوو، چاوم له سه‌ر یه‌ک داده‌نا و بۆشاییه‌كانم به‌م وێنه خه‌یاڵییانه‌ی خۆم هه‌زار ساڵه ده‌گه‌ڵی ده‌ژیم، پڕ ده‌كرده‌وه. سه‌ر جادده‌كان پڕه له كۆنترۆڵ. زۆر جار داوای ناسنامه‌ت لێ ده‌كه‌ن. منیان چوار جار هێنایه خوار. پاسپۆرتهكهمیان سه‌روژێر كرد، لێیان پرسیم لێره چی ده‌كه‌م و بۆ هاتوومه‌ته‌وه. ژنێک كه به‌رپرسی پشكنینی بار بوو، ناو كۆڵهپشتییهكهمی پشكنی و گوتی: ئهجنهبیت؟ گوتم ئه‌وه نییه كوردیت ده‌گه‌ڵ ده‌دوێم! گوتی خه‌ڵكی كوێی؟ گویم ڕۆژهه‌لات. گوتی: ئه‌ها، له توركیه ڕا هاتووی ... هیچم نه‌گووت. لێی گه‌ڕام كۆڵهپشتییهكهم به جوانی بپشكنێ. لێی گه‌رام وا بزانێ هه‌ر ئه‌وێ كوردستانه و لێی گه‌رام پێی وابێت من هیچ مافم به‌و خاكه‌وه نییه و ئهجنهبیم ... له سلێمانیه نزیک بووینه‌وه. شه‌قامه‌كانی پانتر و ڕووناكتر به‌ڵام هه‌روا قه‌ره‌باڵغ بوون. ئوتومبیله‌كان زۆری نه‌مابوو سواری كۆڵی یه‌کترین بن. بیرم كرده‌وه هه‌ر ده‌ڵێن به‌نزین نییه و گرانه، هه‌ر ده‌ڵێن له كڕین نایه، ئه‌ی ئه‌و ههموووووووو ئوتومبیله له ده‌رێ چی ده‌كات؟ ترافیک زۆر قورس بوو، نزیکچهند ده‌قه‌یه‌ک له شوێنی خۆمان نهجووڵاینهوه. ڕێگه نه‌بوو. كابرای شۆفیر به‌وانی تری گوت هه‌ر له‌وێ دابه‌زن چونكه دواتر مه‌جاڵ نابێت. كابرای شۆفیر كه تا ئه‌و كاته به نالوتی ڵامی پرسیاره‌كانمی ده‌داوه و پێی ده‌گوتم خوشكێ، له پڕ، هه‌ر كه ته‌نیا ماینه‌وه،زمانی كراوه و ده‌ستی به پرسیار كردن كرد و هه‌ر ده‌ست به جێ گوتی: " حه‌ز ده‌كه‌ی پیاسه‌یه‌كی دوو قۆڵی بكه‌ین؟" من ئه‌گه‌رچی زۆر توڕه بووم، له‌و په‌ری ئارامی و له سهرخۆییهوه گوتم نا زۆر سوپاس!!! كابرای شۆفیر زۆر شتی تریشی گوت. له شوێنێک كه نه‌مده‌زانی كوێ بوو، پێم گوت ڕایبگرێت. سوپاسی "پیاوهتییهكهیم" كرد و دابه‌زیم. دڵم پڕ بوو. قه‌ت قه‌ت قه‌ت ئه‌وه‌نده‌م هه‌ست به توڕه‌یی و ته‌نیایی نه‌كردبوو. تا كه‌مێک ئارام بوومه‌وه له ژێر سێبه‌ری دارێک دانیشتم. له دوو ژنی گه‌نجم پرسی فڵانه شوێن له كوێیه و چۆن ده‌توانم بیگه‌مێ. گوتیان دووره، تاكسی بگره. ته‌نانه‌ت گووتیان له چه‌ند هه‌زار دینار زیاتری پێ نه‌ده‌م. بیرم كرده‌وه: ده‌سته خوشكایه‌تی .... تاكسیم گرت. كاكی شۆفیر ههردانیشتم گوتی خه‌ڵكی كوێی!!! من ئیتر ئه‌وجار توڕه‌ییه‌كه‌م قوت نه‌داوه. نه‌متوانی. به ناوچاوان گرژییه‌وه داوام لێ كرد قسه‌م ده‌گه‌ڵ نه‌كات و ته‌نیا تا ئه‌و شوێنه‌ی گه‌ركمه بمگه‌یه‌نێت. داوای لێ بووردنی كرد... كه‌مێک دڵم بۆی سووتا. به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده. ناوچاوانم هه‌ر به گرژی مایه‌وه! تازه هه‌ستێكی قورس و ناخۆش به‌رۆكی گرتبووم، دیم وا نییه هه‌ر من هه‌ست به نامۆیی بكه‌م، به‌ڕاست ئه‌م خه‌ڵكه‌ش من به " ئه‌جنه‌بی" ده‌بینن. سه‌یر ژانی زۆره! ئه‌مه یه‌كه‌م ڕۆژی من له باشووری كوردستان بوو!
August 22, 2006
هاوڕێم، ماندووم وا هه‌ست ده‌كه‌م، هه‌ڵبه‌سته‌كه‌م هێنده درێژدار بووه، دیوانی بوون لێی پڕ بووه... ئاگام لێیه له یادمدا جێگۆڕكێ ده‌كه‌م په‌یڤه‌كان. ڕێگه‌م بده خاڵێک دانێم، تۆی بۆ بكه‌م به ناو و نیشان! په‌شێو - 1979
August 16, 2006
In memory of Leyla بێ قه‌راره! ده‌ڵێ له‌یــــلا چیرۆكێكم بۆ بڵێ! هه‌رچی بیرده‌كه‌مه‌وه چیرۆک نه‌ماوه بۆم نهگێرابێتهوه. بیرده‌كه‌مه‌وه چیرۆک ده‌بێ بتباته دونیای خه‌یاڵ. ده‌بێ خه‌و بێنێته چاو. ده‌بێ دوورت كاته‌وه. له خۆت، له ئێستا! بیرده‌كه‌مه‌وه چیرۆكه‌كانی من به‌ڵام، هه‌مووی ڕۆچوونه. نوقم بوونه. هه‌ڵدانه‌وه‌یه، خوولانه‌وه‌یه، گه‌ڕانه‌وه‌یه. ده‌ڵێم حه‌زت له بیستنی چییه. ده‌ڵێ: چیرۆكی تۆیه، خۆت بڕیار بده. ده‌ڵێ گرنگ نییه ڕاست بێ یا درۆ. گرنگ نییه كورت بێ یان درێژ. ده‌ڵێ به‌س دوورم كه‌وه، له خۆم، له ئێستا! *** دیسان نوقم ده‌بمه‌وه. ڕۆده‌چمه‌وه. لاپه‌ره زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه، دیسان ده‌گه‌رێمه‌وه. سه‌یره! ئه‌مجار ئیتر به‌ند نابم. ناگیرسێمه‌وه. ده‌گه‌ڕێمه‌وه ڕوو. ڕۆناچم. لاپه‌ره زهردههڵگهراوهكان ڕامناكێشن. هه‌موویانم له به‌ره. خه‌ت به خه‌ت، دێڕ به دێڕ. وشه به وشه. شان ههڵدهخهمهوه. بیرده‌كه‌مه‌وه " هه‌موو چیرۆكێک ده‌نووسرێت تا ڕۆژێک ته‌واو بێت"، بیرده‌كه‌مه‌وه نازانی كه‌ی ده‌ست پێده‌كات یان بۆ ده‌ست پێده‌كات... به‌س ده‌زانی كه ده‌ته‌وێ! ده‌زانی شتێک وه‌ک ژان، وه‌ک كولانه‌وه‌ی برینێكی كۆن، دووپات ده‌بێته‌وه. مانه‌وه ژانێک، ڕۆیشتن ژانێک. بیرده‌كه‌مه‌وه نه قه‌ت ده‌توانێ بڵێی "من ده‌ڕۆم، ته‌واو بوو!" نه قه‌ت ده‌توانی داوا بكه‌ی "مه‌رۆ، بمێنه‌وه!". بیرده‌كه‌مه‌وه: له‌یـلا! ئاخر مه‌گه‌ر فهرقێكیش ده‌كات؟ هیچ شتێک له سه‌ر شوێنی خۆی نییه. گرنگ نییه! من بێ قه‌رارم. گرنگ نییه! من ئیتر خــــۆم نیم. من ئیتر هیچ كه‌س نیم! دێم. ده‌ڕۆم. پێناكه‌نم. ناگریم. له خۆشیان هه‌ڵناخه‌مه‌وه. ڕقم له كه‌س و هیچ نابێته‌وه... ده‌زانی، ئه‌و شتانه ده‌مترسێنن! که لێم ده‌پرسێ تـۆ خۆت چۆنی؟ ناوێرم پێی بڵێم ده‌ترسم. ناوێرم بڵێم زۆرتر له هه‌میشه ده‌ترسم. ترسێک گه‌وره‌تر له ترسی شه‌وه سارده‌كانی كه‌مپ. ناوێرم، پێی بڵێم هه‌ست ده‌كه‌م هه‌موو ڕوحم قه‌ڵشت قه‌ڵشت بووه. كه هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌مڕۆژانه لێوڕێژ ده‌بم و به‌تاڵ ده‌بمه‌وه. كه دیسان لێوڕێژدهبم و دیسان به‌تاڵ ده‌بمه‌وه، لێورێژدهبم ... هه‌ڵده‌چم، ته‌واو ده‌بم، بن ده‌گرم. لێوڕێژ... به‌تاڵ ... دیسان ... به‌رده‌وام! ناوێرم پێی بڵێم كه هه‌ست ده‌كه‌م هه‌موو ڕوحم قه‌ڵشت قه‌ڵشت بووه... چی بكه‌م، چۆنی پێ بڵێم!؟ دڵم نایه! ئه‌گه توانیبام پێم ده‌گوت ئه‌وه سزای تاوانێكه هێشتا نه‌مكردووه! ئه‌وه سزای ئه‌وه‌یه هێشتا هیچم له‌بیر نه‌كردووه! **** بێ قه‌راره، ده‌ڵێ له‌یـــلا چیرۆكێكم بۆ بڵێ! ده‌ڵێم ڕۆژێک بوو، ڕۆژێک نه‌بوو. خودایه‌ک نه‌بوو، مرۆڤ هه‌بوو، ئاسمان و چیا و هه‌ور و ئاو هه‌بوو. شه‌و هه‌بوو، مانگ هه‌بوو، ئه‌ستێره هه‌بوو. باران هه‌بوو. بۆنی گڵ هه‌بوو. شه‌ڕ نه‌بوو، كوشتن و دڵته‌نگی و ته‌نیایی نه‌بوو، بۆمب نه‌بوو، هه‌له‌بجه شه‌هید نه‌بوو، باوه‌ڕ هه‌بوو، مێخه‌ک هه‌بوو، درۆ نه‌بوو، تاوان نه‌بوو. دووری و دابڕان نه‌بوو، خۆشه‌ویستی سزای نه‌بوو. بزه هه‌بوو، پێكه‌نین هه‌بوو، مه‌تمانه هه‌بوو، به‌خته‌وه‌ری قه‌ت زۆر دوور نه‌بوو ... ...
August 11, 2006
ڕۆژنامه‌وانێكی كورد به ده‌ست چهکدارهكانی حكومه‌تی ئێران كوژرا! ئایفێر سورسوو، ڕۆژنامه‌وانی ڕۆژنامه‌ی فرات، (FHA, Firat Haber Ajansi)، ڕۆژی دووشه‌ممه دووی گه‌لاوێژ له سه‌ر سنووری باكوری ڕۆژئاوای ئێران به ده‌ست چهکدارهكانی حكومه‌ت كوژرا. ئایفێر سورسوو، ژنه گه‌نجێكی ڕۆژنامه‌وانی كوردی باكوری كوردستان بوو كه بۆ سازكردنی ڕاپۆرتێک له سه‌ر دیارده‌ی خۆكوشتنی ژنانی كورد له ڕۆژهه‌لاتی كوردستان (ئێران) سه‌فه‌ری بۆ شاره‌كانی مه‌هاباد و ورمێ كردبوو... لینـک ******** ئایا فێمینیزم ڕێگه‌یه‌كی باشه بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی ژنانی كورد؟ لینـک
August 8, 2006
نه‌مردم و قۆڕترین خه‌ونی ژیانمم دیت! من و ئه‌و هاوڕێیه قه‌ت هاوكلاس نه‌بووین. قه‌تیش ته‌نانه‌ت له مه‌دره‌سه‌یه‌ک نه‌مانخوێندووه. دۆینێ شه‌و خه‌وم دیت، من و ئه‌و یه‌كه‌م ڕۆژی كلاسه‌كانی زانكۆمان ده‌ست پێ كردووه. كلاسهكه زۆر گه‌وره بوو، پڕ له كچ و كوڕ. مێزی كلاسهكه له‌و مێزه درێژانه‌ی ده‌وره‌ی منداڵیمان بوو كه سێ كه‌سی له پشت داده‌نیشت. ئه‌و شوێنه‌ی من ده‌مویست لێی دانیشم گیرابووه، بۆیه له‌ولاتر، له ریزی مێزه‌كانی لای دیوار دانیشتم و ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ته‌نیشتم دانیشتبوو ده‌ستمان كرد به قسه كردن ... له پڕ مامۆستاكه هات و قۆڕی خهونهكهش لێره خۆی ئاشكرا ده‌كات. ئاخر مامۆستاكه‌مان خامنهای بوو! من به سرته به كچه‌كه‌ی ریزی ئه‌ولاتر گوتم "عه‌لی گۆجه هات!" كوڕه‌كه‌ی پێش من، ئاوروی داوه پێكه‌نی گوتی "هیسسسس، ده‌تبیستن!" له ناكاو كچ و كوڕه‌كانی كلاس گۆڕدران. سه‌رنجم كه دا كچه‌كان هه‌موویان سه‌رپۆشیان به سه‌ره‌وه بوو، ته‌نانه‌ت كوبی. دیم له كلاس نین، له ناو مزگه‌وتێکدا، له سه‌ر عه‌رز دانیشتووین، ژووره‌كه كۆڵه‌كه‌ی مه‌رمه‌ر و زێڕی تێدا بوو، خامنهای "عه‌مامه‌یه‌كی" سه‌یری له سه‌ر بوو، جگه‌ره‌ی ده‌كێشا و له شوێنێک وه‌ک مه‌نبه‌ر وه‌ستابوو. ناخۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆشترین به‌شی خه‌ونه‌كه‌م ئه‌و كاته بوو كه دیم ته‌نیا منم که سه‌رپۆشم به سه‌ره‌وه نییه ... به هه‌ستێكی زۆر ناخۆش، وه‌خه‌به‌ر هاتم ، هه‌زار ساڵ بوو هه‌ستم به‌و هه‌موو نه‌فره‌ته نه‌كردبوو! *** بیرده‌كه‌مه‌وه بڵێی ئه‌و ترسه‌ی خۆی له كه‌لێن و قوژبنه كه‌س پێنهزانهكانی ناخمدا حه‌شار داوه قه‌ت له كۆڵم بێته‌وه؟!
August 6, 2006
وه‌بیرم نایه ئاخرجار كه‌ی ڕووبه‌روو یه‌كترمان دیت. له بیرمه به‌ڵام ئاخر جار كه قسه‌مان كرد دڵته‌نگتر له هه‌میشه بوو، ته‌نیا مابووه. ئه‌وانه‌ی، ئه‌و به درێژایی ته‌مه‌نی كورتی له هه‌موو كه‌س و هه‌موو شتێک بۆی خۆشه‌ویستتر بوون پشتیان تێكردبوو. ته‌نیا دڵته‌نگی نه‌بوو، وه‌ک بڵێی دڵی شكابوو. نه بیانوویه‌كی بۆ مانه‌وه مابوو و نه ویستی ڕۆیشتنی هه‌بوو! قه‌رارمان دانا دوایی هاتنه‌وه‌ی من له سه‌فه‌رێكی كورت یه‌كتر ببینین. سۆز وابوو بێت بۆ لام و پێكه‌وه قسه بكه‌ین. له بیرمه ڕۆژی شه‌ممه بوو. چاوه‌ڕێی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی بووم كه پێم بڵێته‌وه كه‌ی دێت، لوركــــێ بوو تله‌فوونی كرد، گوتی وه‌ره بۆ ماڵی ئه‌وان! به‌لامه‌وه سه‌یر بوو، كه پرسیارم كرد، وڵامێک نه‌بوو ... خۆم گه‌یانده لایان. له وێستگه‌ی قهتارچاوهڕێ بووم كه لوركێ و خوشكه بچووكه‌كه‌ی ئه‌و گه‌یشتنێ. دیسان پرسیاره‌كه‌م دووپات كرده‌وه. تاڵ بوون، هه‌ردووكیان زۆر تاڵ بوون." شه‌وی پێشتر، شه‌وی هه‌ینی، له ژووره‌كه‌ی خۆی، خۆی هه‌ڵواسیوه و كۆتایی به ژیانی هێناوه"... من ئیتر هیچم نه‌بیست، ده‌ستم به تێله‌كانی پشت سه‌رم گرت و ئه‌ژنۆم چه‌ماوه. شتێک وه‌ک تامی تاڵی مردن ڕشامه‌وه، تێكه‌ڵاوێک له فرمێسک، هه‌ناسه و هاوار و توڕه‌یی قورگمی به‌رنه‌ده‌دا. به سه‌ر خوشكه بچووكه‌كه‌یدا قیژاندم. به توڕه‌ییه‌ک تێكه‌ڵاوی ژان، قیژاندم درۆیه، درۆ ده‌كه‌ن... من و لۆركێ له باوه‌شی یه‌كدا ڕووخاین ... مانگی چواری ئه‌مساڵ، بوو به چوار ساڵ. چوار ساڵه وه‌خت و بێ وه‌خت له ده‌رگای ماڵه‌كه‌می نه‌داوه. چوار ساڵه نه‌هاتۆته لام تا پێكه‌وه شێعری په‌شێو بخوێنینه‌وه و پێكه‌وه پێبكه‌نین و خه‌ونه‌كانمان به‌ش كه‌ین. چوار ساڵه دیار نییه تا كاتی ڕۆیشتنه‌وه شتێک، هه‌رچی بێت، له گیرفانی بخات و بڕوات و شه‌ودره‌نگانێک تله‌فوون بكات تا به سرته پێم بڵێت ئه‌مجار چی لێ دزیووم و به چ مه‌رجێک ده‌مداته‌وه. چوار ساڵه بۆته وێنه‌یه‌كی ڕه‌ش و سپی ناو ئالبۆمهكهم و منی نوقمی ئه‌و بۆشاییه‌ی به‌دوای خۆیدا جێی هێشتووه، كردووه. چوار ساڵه بیری ده‌نگی ده‌كه‌م كه ده‌یگوت "تۆ دوولی منی، لـــــهیلۆۆۆۆۆۆۆۆ!" ئه‌و ڕۆژانه، ده‌م به ده‌م، بیری ده‌كه‌م، بیری ئه‌و ئێواره شێعره‌ی پێكه‌وه چووین و بیری شه‌وانی پێنج شه‌ممه و زانكۆی ئوپسالا و ده‌رسی كوردی، بیری جێ ژوانهكهمان له قاوه‌خانه نه زۆر خۆشه‌كه‌ی ناوشار كه ئیتر ناوی ببوو به "شوێنه‌كه‌ی خۆمان"، بیری ئه‌و ڕۆژه‌ی زوو زوو جله كوردییه‌كانمان ده‌گۆڕی و وێنه‌مان ده‌گرت و پلانی چۆن گه‌ران به ناو هه‌موو شاره‌كانی كوردستان‌مان داده‌ڕشت و به گیرفانی به‌تاڵ و خه‌یاڵه گه‌وره‌كانمان پێده‌كه‌نین. بیری ئه‌و ئێواره دره‌نگه‌ی هاتمه‌وه و دیم له ژوورێ دانیشتوون چاوه‌ڕێم ده‌كه‌ن تا ڕۆژی له دایکبوونم ته‌نیا نه‌بم. له باوه‌شی مندا خۆی گرمۆله ده‌كرد و ده‌یگوت باسی شارهكهتم بۆ بكه و من باسی شه‌قامه خۆڵاوییهكان و كۆڵانه باریكه‌كان و چیا سه‌وزه‌كان و خواردنه خۆشه‌كان و چوارچرا و خانه‌قا و كه‌وش دزینی ناو مزكه‌وته‌كان و شه‌وانی ڕه‌مه‌زان و شه‌ڕ و بۆمباران و سه‌رقه‌بران و كتێبفرۆشی ئاغای مه‌حه‌ممه‌دی و قهننادی خومایزی و سینه‌ما چوونه‌كان و دۆ ترشه‌كه‌ی مه‌لاجامی و ده‌بیرستانی شه‌ڕه‌ف و نوێژی جه‌ماعه‌ت له مه‌دره‌سه‌كان و بۆنی گۆره‌وی و قاقای كچانم بۆ ده‌گێراوه، پێده‌كه‌نی، مات ده‌بوو، چاوه‌كانی تهڕدهبوو و هه‌میشه و هه‌موو جارێ ده‌یگووت ئه‌وانه و زۆر شتی تریش پێكه‌وه ده‌چینه‌وه ده‌بینن...و من وه‌بیر ئاواتی سه‌فه‌ره‌كه‌مان ده‌كه‌ومه‌وه، ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی سێ ساڵی ته‌واو باسمان لێ ده‌كرد. هه‌ست به تاوان ده‌كه‌م كه من ئه‌و ڕێگه‌یه بێ ئه‌و ده‌ڕۆم و بڕینی ئه‌م ڕێگه‌یه گه‌وره‌ترین ئاواتی ئه‌و بوو...
August 2, 2006
باوه‌ڕم كردبوو ته‌نیا ناو لپی مردنه پڕه له بۆنی مێخه‌ک! ***** مێخه‌كه و وه‌ک ملوانكه، هۆندراوه‌ته‌وه. چواری به‌یانی بوو گه‌یشتمه‌وه ماڵ. گیانم هێشتا پڕ بوو له تینی تاو و ده‌نگی ده‌ریایه‌كی شین شین. چواری به‌یانی بوو، ده‌رگام كه كرده‌وه پاكه‌تێكی سپی بچووک له ناو كۆمه‌ڵێک ڕێكلام خۆی ده‌نواند. داهاتمه‌وه، ده‌ست خه‌ته‌كه‌م نه‌ده‌ناسییه‌وه. هه‌زار ساڵێک ده‌بوو نامه‌ی به ده‌ست نووسراوم به ده‌ست نه‌گه‌یشتبوو. ڕاستی ئه‌وه‌یه چاوه‌ڕوانی هیچ نامه‌یه‌کیش نه‌بووم. ده‌مێكه عاده‌تی چاوه‌روان بوونم وه‌ک عاده‌تی دڵنیا بوون له بوون وه‌لا ناوه. نامه‌كه‌م كه كرده‌وه ئه‌وه‌ڵ دڵه كووته هات دوایی ته‌ڕایی برژانگم. نامه‌كه كورت بوو. ناو پاكه‌ته‌كه، كاغه‌زی نامه‌كه‌ش، بۆنێكی دووری ئاشنایان لێ ده‌هات. له‌و ڕۆژه‌وه بۆنی مێخه‌ک بیرم ده‌خاته‌وه، هاورێیه‌تی دوو هه‌نگاو دووره، بیرم ده‌خاته‌وه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی بۆنی مێخه‌ک تژی تاسه‌ی باوه‌شی دایكمم ده‌كات،، بزه‌ی بیری بوونی هاورێیهكیشم پێ ده‌به‌خشێ، هاوڕێیهک، كه ته‌نانه‌ت كاتێ نیم، شوێنێكم له گۆشه‌یه‌كی زه‌ینیدا هه‌یه... *** ده‌زانی بۆنی مێخه‌ک له سنگی ئه‌و ڕا كه ئیتر نییه ده‌ستی پێ كرد و هات، هات و هات و هه‌موو كۆڵانه‌كانی دڵتهنگییهكانمی نوقم كرد ... تا گه‌یشته تۆ كه وه‌بیرم دههێنییهوه مێهره‌بانی هێشتا هه‌یه... قه‌ت ئه‌و به‌یانییه زوویهم له بیرناچێته‌وه! قه‌ت! |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|