Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

September 24, 2009



هیچ شتێک وەک بۆنەکان نابێتە پردی گەڕانەوەم بۆ دووری دوور. هیچ شتێک وەک بۆنەکان ناتوانێ بمخاتەوە باوەشی دەیان بیری کاڵ و کۆن. هیچ شتێک وەک بۆنەکان ناتوانێ دەیان بیری لە بیرنەماوم بۆ زیندوو کاتەوە وا کە هەنگاوەکانم شل بنەوە. وەک ئەو پاش نیوەڕۆییەی لە دەوری مێزێکی خڕ دانیشتبووین، کریستینا پڕتقاڵی پاک دەکرد و بۆنەکەی منی بردەوە شەوانی دووری ماڵەکەی حاجی عەڵی. شەوە ساردەکانی زستانەکەی ئەو ساڵەی پڕ بوو لە تەقە و گرمەی دەرێ و تاریکی شار و کۆبوونەوەکانی دەروجیران و لە تەنیشت نەنە دانیشتن. لەتێک لە پێستی پڕتقاڵەکەم هەڵگرت و بۆنم پێوە کرد. چرکەیەک، کەمتر لە چاوتروکانێک، بەس بوو هەموو شتەکان و کەسەکان زیندوو ببنەوە و من بزیەکی تاڵی شیرینم بێتە سەر لێو. بیری ئەو شەوانەی ژیان دایکمی هەبوو، کەماڵی هەبوو، حەمەی هەبوو و ئەو و ئەو و ئەو و... ئەوەندە نامۆ و بێگانە لە یەک نەبوون...

وەک بۆنی مێخەک کە لە هەر شوێنێک بم و لە هەر حاڵێکدا بم پڕم دەکات لە بۆن و بیری دایکم و بەسە چاو لە سەر یەک دانێم تا سەرم لە سەر نەرمەی سنگی بێت و لووتم پڕ بێ لە بۆنی مێخەکی بەرۆکی. کە سەر بخەمە سەر شلکەی ڕانی و ئەو کایە بە قژم بکات و من هەژدەر هەژدەر قسەی بۆ بکەم و هەندێ جاریش لە بێدەنگی نێوانماندا هەموو بۆشاییە بەسامەکانی دوونیای دەروونم پڕ کەمەوە. هیچ شتێک، هیچ‌شتێک وەک بۆنەکان نابێتە پردی گەرانەوەم بۆ ناخم، نابێتە هۆی سه‌رهه‌ڵدانی خۆزگەی پێک گەیشتنەوەی لەتە ونەکانم بە یەک... لەتە ونەکانم!

وەک دۆینێ ئێوارێ کە فێنک بوو و نەرمە بایەکی کەمێک گەرم بیری ئاخروئوخرییەکانی خەرمانانی بۆ زیندوو کردمەوە. ئاخروئوخری خەرمانان، ئەو ئیوارانەی گەڵا زەردهەڵگراوەکانیش ئەگە نەبینی، گەڵا وەریوەکان لە ژێر پێشت ئەگە خشەیان نەیەت بۆنی پایز و رەزبەر وا پڕت دەکات پێویستت بە هیچ ڕۆژئەژمێرێک نییە، تەنانەت ئەگە لێرەش بی، دوور دوور دوور لەوێ کە ڕۆژگارێک پێم دەگووت "ماڵ"، ئەوێ کە بستێک لە خاکەکەی بۆنی دایکمی لێ دی، گۆشەیەکی کەس پێ نەزانی هی کەماڵە. ئەوێ کە یانی تاسەی نەدیتنەوەی حەمە، ئەوێ کە لەتە ونەکانمی لێ بەجێ ماوە. ئەوێ کە براکەم لێ دەژی، ئەوێ کە دەبێتە شاری ئاواتەکانی باوان، ئەوێ کە لانکی هیواکانی رادین و ڕۆیا و ڕامانە. ئەوێ کە خوشکەکەم بە دوای ئاواتە ورد و ونەکانی دا دەگەڕێ.

هیچ شتێک وەک بۆنەکان نابێتە هۆی خۆزگەی پێک گەیشتنەوەی لەتە ونەکانم بە یەک... لەتە ونەکانم!





September 18, 2009

شتێک وا دەکات کە بیرەکان و هەستەکان درەنگ دێن و زوو دەڕۆن، شتێک وا دەکات ئیتر هیچ هەستێک لە ناخی ناخدا ڕیشە داناکووتێ و زۆر نامێنێتەوە! جار هەیە، وەک ئەمڕۆ، خێرا دێن و خۆ دەنوێنن هەر بەو خێراییەش خۆ حەشار دەدەنەوە! واش نییە کە ئەو بیرانە، ئەو، هەستانە کەمتر گرنگ بن یان کەمتر بۆت ئەزیز بن، نا. شتێک وا دەکات خۆ گێل دەکەی. شتێک وا دەکات شین بۆ هیچ ناگێری، هەستەکان لە قاڵبی خۆزگە و بریا دەردێنی، هەستەکان ڕووت ڕووت دەکەیەوە و دەگەڵ خۆتیان دەگێری. تەواو!

شتێک وا دەکات ئەگە لە جەنگەی هەڵات هەڵاتی ڕۆژانەشتدا وەبیرت بێتەوە چەند ساڵ پێش، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ دا بوو ڕووخای و چنگت لە هەموو داوە ڕیشاڵ ڕیشاڵ‌ بووەکان بەردا، بوغزی گریانەکەت قووت دەدەیەوە و سەرقاڵی هەڵات هەڵاتی ڕۆژانەت دەبییەوە. گەورە بوونە؟‌ ئاوایە کە گەورەتر دەبی و تاقەتی هەستەکانت نامێنێ؟‌ گەورە دەبی و دەگەڵ هەستەکانت نامۆتر؟




September 15, 2009




گوتی دەزانی لەیلا، لە تەواوی ئەو ماوەیدا کە پێکەوە بووین، تۆ قەت چاوت لە چاوی من نەکرد! گوتی چاو دەدزێوە، ڕوانینت لە گۆشەیەکی کەس پێ ‌نەزان گڕی دراوە و غەیبی دەکات ...

گوێم کیپ دەبێ، ئیتر نابیستم دەڵێ چێ. من سەرم سووڕدەمێنێ. سەیرم پێ دێ کە من، هێشتا، دوایی ئەو هەموو ساڵە پەلەقاژەیە، دوایی ئەو هەموو ساڵە سۆهان لە ڕوح دانە و "خۆبیسمیل" کردنە، هەر پێمەوە ماوە. سەیرم پێ‌هات کە هێشتا ئەو ترسە پیسە، ئەو شەرمە قۆڕە، ئەو بیره دزێوەی بە درێژایی ساڵانی گەورە بوونم لە گوێاندا خوێندبووم هێشتا هەر لە ناخمدا زیندووە. هێشتا بە سەرمدا زاڵە. دەیان بیری کۆن و تازە لە زەینمدا زیندوو بوونەوە. راست دەکات، من چاو دەدزمەوە! تەواوی ئایە و حەدیس و هەرەشە و تەوس و تانە و مۆڕەی هەموو ساڵانی زوو یەک چی لە ناخمدا دەڕشێنەوە. چ ئێشی زۆره. وەک کوولینەوەی برینێکی کۆن. چ ژانێک!

دڵی وەم نەبوو پێی بڵێم ئەو وشە وشک و ڕقانەی ساڵانی زوو، وەک خەنجەر لە ڕوحدا ڕۆچوون و جێ برینەکانیان قەت سارێژ نەبۆتەوە. نەمزانی چۆنی باس بکەم کە ئەو هەموو ساڵە سووکایەتی پێ‌کردنە، ئەو هەموو ساڵە دەمکووت کردنە، ئەو هەموو ساڵە لە ژێر باری بیری تاوان دا کۆم بوونەوە و ڕوحی ساکار و لاوازی منداڵیمان بە ترس و شەرم و تاسە ڕەش کردنەوە چ لە مرۆڤ دەکات. دڵی وەم نەبوو بۆی باس بکەم چۆن خوومان گرت بە سووکایەتی پێ‌کردنەکان، چۆن دەنگمان بڕا و بێدەنگ هەموو شتمان دی و بیست و سەرمان داخست و قەبووڵمان کرد. سووکایەتی ئەو ساڵانەی مانتۆکانمان چواری وەک خۆمانی جێ دەبووە، سووکایەتی ئەو ساڵانەی سەرپۆشی ڕەشیان لە سەر کردین و بە دەسرەی سپی لێویان سڕین نەوەک سوورمان کردبێ، سووکایەتی ئەو ساڵانەی دەلینگی شەلوارەکانیان بە مەقەست هەڵدەپاچین بەو بیانوویەی دەلینگیان تەنگە. سووکایەتی ئەو ساڵانەی دەگەڵ براکەشت چووبایە دەر دەبایە دەستت بە قەریان دادابا باوەڕیان پێ کردبای. سووکایەتی ئەو ساڵانەی فێریان کردین درۆ بکەین و فێریان کردین باوەڕبکەین درۆکردن تەنیا ڕێگەیە ئەو دەمەی مامۆستای دەرسی دینی لە نوێژ و ڕۆژوومانی دەپرسی و ئێمە ئازایانە درۆمان دەکرد! سووکایەتی هەموو ئەو ساڵانەی نامۆییان خستە نێوان کچ و کوڕ و ئێمەی کچیان کردە سەرچاوەی هەرچی تاوانە کە هەرچی ڕووبدات تاوانبار خۆمانین! دڵی وەم نییە پێی بڵێم لە تەواوی ساڵانی ژیانم لەوێ، ئەو سووکایەتییەم بە گۆشت‌ و پێست و ئێسک، بە زەڕەزەڕەی ڕوح ‌و گیانم تەجرەبە کردووە.

تەواوی ڕێگەی ماڵ دڵتەنگ بووم. دڵتەنگی ئەوەی هێشتا تۆی ئەو ترسە پیسە، ئەو شەرمە قۆڕە و ئەو بیرە دزێوەی لە ناخمدا چاندبوویان هەر ماوە. هەر هەست پێ دەکرێ... ئەو برینانە بە چی سارێژ دەبنەوە؟ ئەو بیرانە بە چی بسڕمەوە؟ خۆم چون لە چنگ ئەو ترسە ژاراوییە ڕزگار بکەم؟‌





September 12, 2009



کلاس پێنجی سەرەتایی بووم. ئیملامان هەبوو و من هەر لە سەر بەیانییەوە دڵەکووتەم بوو. شاگردێکی زیرەک بووم و هەمیشە نمرەی ئیملاکانم بیست بوو ڕێک ئەمڕۆژە بەڵام ئیملای دەرسێکمان هەبوو کە "لااللەالااللە"ی تێدا بوو و من هەر فێری نووسینەکەی نەدەبووم. وا کە پێش هاتنی مامۆستا لە بەری دەستم بە وردی نووسیم و بە شەرم و ترسێکی زۆرەوە چووم لە سەر جێی خۆم دانیشتم. مامۆستاکەم ئەو ساڵە نازدار زەریفی بوو. دەستی کرد بە ئیملا گوتن و هێندەی پێ نەچوو منی بەستەزمان دامە پڕمەی گریان. خانم زەریفی بە هانمەوە هات و لە ئامێزی گرتم و پرسی چی بووە. منیش کە یەکەم جارم بوو غەڵەتی وام دەکرد "تقلب" بکەم بە هەنیسکە بڕکەوە بەری دەستم پێ‌نیشان دا. دەی منی ناردە دەرێ دەمووچاوم بشۆم و چڵم ولیکم کە تێکەڵ ‌ببوو پاکەمەوە. لااللەالااللە لە ئیملای ئەوڕۆژەدا نەهات و دوایی ئەویش من قەت خۆم بە مەجبوور نەزانی فێری بم و ئێستاش لە درووست نوووسینەکەی دڵنیا نیم. ئەوەم بۆیە وەبیر هاتەوە هاتم باسی ئەو شەوە پیرۆز و موبارەکەی ئەمشەۆ بکەم دیم نازانم چۆن دەنووسرێ. دوایی دیم پەری لە فێیس بووک نووسیوێتی. چووم کۆپیم کرد:‌ لیلـه‌ القدر ....

هیچ ئیدی هاتم بڵێـم ئەو شەو تا بەیانی دادەنیشم و دۆعا دەکەم. هەر ئەمرێک فەرمایشتێکتان هەیە فەرموون بە عەرزی " بیگ گای" دەگەیەنم!



پ.س: ئایا نەزانی ئیملای ئەو وشانە نیشانەی لاوازی ئیمانی منە؟







نوکی گەڵای دارەکان ڕەنگیان گۆڕیوە، ئەوە یانی پایز نزیکە. هێشتا ڕۆژانە گەرمە و هێشتا من ماندوویەتیم لە لەش دەرنەچووە. ئەمساڵ ‌هاوین وەک تراکتۆر کارم کرد و کاتی پشوو کە هات هێشتا "ب"ێی بیسمیلام بە سەر زماندا نەهاتبوو کلاسەکان دەستیان پێ‌کردەوە و نەگەیشتم بحەسێمەوە و ئەوە یانی ماندووم تا هاوینێکی تر! خۆشییەکەی ئەوەیە ڕۆژەکانی پایز کورتن و زوو تەواو دەبن! هیچیش بە ڕووی خۆم ناهێنم فەرق ناکات خۆ هەر بیستوچوار ساعەتەکەی جارانە، نە کەم نە زۆر، بەڵام ئەوەم بۆ دڵخۆش کردنی دڵم داناوە و لە ئێستاوەش بیری بەرنامەکانی هاوینی داهاتوو هێزم دەخاتەوە بەر. ئەوە یانی بە عالەم ئاشکرا خۆم لە هەموو کەس و هەموو شت گێژ دەکەم تا هاوین دێتەوە. هاوینی دی لەو ماڵەمدا ناژیم و "سەد لە سەد لەوانەیە پێموایە ڕەنگە!!!!!!" هەنگاوێکی شێتانەش هەڵگرم. یانی خۆم دڵنیام بەڵام هەمووی بە دەست من نییە. خواکان و عەبدێکی دەبێ دەگەڵ بن!

ئەمڕۆ بەڵام لە نیشانەکانی دڵتەنگی چوونە دەر بە مەبەستی کڕینی چوار دەنک باترییە و هاتنەوە بە دەستی پڕ و خەرج کردنی هەزارو چەند کڕۆنە و دەریغ لە یەک دەنک باتری! نیشانەیەکی تر سازکردنی خۆشترین خواردن و فریزکردنێتی! سێ کتێبی نیوەچڵ، تەختێکی شپرزه و جلوبەرگی هەفتەیەک لە سەر سۆفاکە ...

هەر ئێستا بەڵام "نوای قریە"، لیوانێک چایی سەوز له‌و چایانه‌ی ژیلا بۆی بە جێ هێشتبووم، خۆ گێژکردن لە ماڵ‌خاوێنکردنەوە و دواتر پیاسەیەکی یەک دوو ساعەتە خەم و تەمی دڵتەنگی دادەپۆشێنێ. لای ئێوارێش پەتوو شینەکەم لە خۆم دەپێچمەوە و چاو لەو فیلمەی ئەمڕۆ کڕیم دەکەم. کتێبەکەی عەزەمەت بوو، فیلمەکەی بزانم چۆنە!





September 11, 2009



"چگونه می شود به آنکسی که می رود اینسان صبور، سنگین، سرگردان، فرمان ایست داد"







پیاوێکی باشە. دەگەڵ خۆی و لە ناو خۆیدا ئارامە. جۆرە ئارامییەکی هەیە کە من تا ئێستا لە لای هیچ پیاوێک نە دیومە نە هەستم پێ‌کردووە. خۆی ئارامە کەچی لە لای ئەو من ئارام نیم. بوونی قورسایی دەخاتە سەر چرکەکان. شتەکان زۆر جدی دەگرێ‌، قسەکان، بۆچوونەکانی، هەڵوێستەکانی، ئەو کتێبانەی دەیانخوێنێتەوە، ئەو فیلمانەی دەیانبینێ، مووزه چوونەکانی، تەنانەت دیاری کڕینەکانیشی ڕەنگ و بۆنی جدی بوونیان پێوە هاوار دەکات. شتەکان، وشەکان و وتەکان دەپشکنێ بۆ دیتنەوەی ماناکان. وەک شتێک ناتوانێ یا نازانێ لە شتە سادە و ساکارەکانی دەوروبەری چێژ وەرگرێ. وەک شتێک گەرمای تیشکی خۆری ئێوارەی ڕۆژێکی پایزی بەس نییە تا جوانی سروشتی وەبیر بێتەوە ئه‌وه‌نده‌ که‌ لێکدانەوەی زانستی لە سەر خۆر و تیشکی خۆر و زەرەر و قازانجەکانی خۆر مێشکی داگیردەکەن. ناوی هەزار گوڵ دەزانێ دەگەڵ ‌بۆنەکانیان بەڵام نامۆیە. باسی فایدەی باران دەکات حەز ناکات بەڵام لە ژێر باران تەڕ بێ‌. بەیانێک کە لە خەو هەستێ و پەڵە هەورێکی ڕەش لە گۆشەیەکی ئاسمان ببینێ بێ چەتر لە ماڵ ‌نایەتە دەر... دونیای من سادەیە. وشەکانم هەر وا کە هەن خۆشدەوێن، هیچ نووسراوەیەک سەروژێر ناکەم بۆ دیتەنەوەی هیچ مانایەک ئەگە ماناکە دەگەل توانەوەی وشەکان لە ناو زەین و مێشکمدا سەر هەڵنەدەن. من باوەڕم بە هەستی خۆم هەیە کە چی ئه‌و هەستەکانی تێکەڵی دوودڵییە و بێ‌دڵنیایی هەنگاو لە هەنگاو هەڵناگرێ ... دەڵێ دەبێ ‌بزانم بۆ کوێ‌ دەڕۆم و کەچی بۆ من ڕۆیشتنە کە گرنگە. بێ هۆ پێناکەنێ و بۆ لزەت بینین پێویستی بە دەلیل هەیە و من شنەیەکی فێنکی بەیانیم بەسە بزەم بێتە سەر لێو و بە تاقە وشەیەکی ناو ڕۆمانێکی درێژ دەتوانم بگریم و عاشقی قارەمانی ناو چیرۆکەکان دەبم... ئەو دەست بە گۆچان دەڕوات و من هەستم بۆ کوێم بەرێ ...

بۆیە!




September 5, 2009

من ئه‌و چه‌ند دێره‌م دوایی خوێندنه‌وه‌ی "مێعواره‌یه‌ک" نووسی مه‌جید ئه‌حمه‌ی به‌ڵام به‌ زمانێکی نه‌رم و نیان ڕاسته‌وخۆ وڵامی داوه‌ته‌وه‌. پێم حه‌یف بوو لێره‌ی دانه‌نێم،



ڕه‌حمان کوڕی خات زولێ !
پێشکه‌شه به کاک هیوا ئه‌حمه‌دی

ڕه‌حمان کوڕی خات زولێ پێش هاتنی بۆ ده‌رێ، له کوردستان له گوندێ نه‌بوو ساتێ بسره‌وێ. به ڕۆژ له مووچه و مه‌زرا ده‌یڕشت عاره‌قه‌ی گه‌رما، شه‌ویش هه‌تا دره‌نگان له پاراو و سه‌ر بێستان. شه‌و و ڕۆژ چوار وه‌رزی ساڵ له‌ش شه‌که‌ت سوێنه به‌تاڵ، بۆیه ڕه‌حمان که‌وته خۆ گرتییه‌به‌ر ڕێی که‌ژ و کۆ. چووه بنکه‌ی پێشمه‌رگان سوێندی خوارد به کوردستان، "هه‌تا مابێ بڕستم "خزمه‌ت بکه‌م به کوردان". زۆری نه‌برد بوو به قاو ئازایه‌تی ڕه‌حمان لاو، "هه‌ر بژی بۆ کوردستان ئه‌ی لاوی کورد ئه‌ی ڕه‌حمان!" ئه‌مه و زۆر قسه‌ی دیکه هانیان دا به‌ره‌و لوتکه "که‌م ژیان و که‌ڵ ژیان" بوو به وێردی سه‌ر زمان. ڕۆژێک له نێو سه‌نگه‌ردا له‌نێو ئاگر و به‌رددا، کاتێ ڕه‌حمان ده‌یگوڕان "یا کوردستان یا نه‌مان"، هه‌موو ئه‌م تین و تاوه گولله‌ی وێڵ خستیه لاوه، هیوابڕاو سه‌ر نه‌وی ڕه‌حمان که‌وته سه‌ر زه‌وی. دوای چه‌ند مانگان له جێدا له ئێش و ژانی پێیدا، به یارمه‌تی دارده‌ستێ ڕه‌حمان که‌وته‌وه ڕێگا. ئیتر ڕه‌حمان بێکه‌ڵک بوو، سیپاڵی سه‌ر ڕێگه بوو، بۆیه گوتیان"ڕه‌حه گیان، بگره به‌ر ڕێی هه‌نده‌ران!" دوای زۆر هه‌وڵی چه‌ند باره بۆ قه‌رز و قۆڵه‌ی پاره، لای چه‌ند دۆست و خێرخوازێک بۆی ساز بوو ویزا و پاسێک. ئاخر ئه‌وکات حیزبه‌که‌ی ده‌یگوت "نه‌که‌ی ڕا بکه‌ی! ڕاکردن بۆ هه‌نده‌ران خرابتره له خۆته‌حویلدان!" له سه‌ره‌تای دامه‌زران له وڵاتی کافران ڕه‌حمان چووه کلاس زمان، دوای چه‌ند ساڵێک بێوچان فێر بوو"هه‌ی‌هه‌ی" و "هه‌یسان". ڕۆژێک مزگێنی بۆ دێ له‌بۆی دروست بکه‌ن پێ، شوکری خوا به سه‌رکه‌وتوو بۆی چاک بوو پێ زووبه‌زوو. ئه‌وجا هه‌وای سه‌ما و دانس کردی کلله‌ی ڕه‌حمان کاس، بۆیه شه‌وێک له شه‌وان دانسی کرد تا ده‌م به‌یان. له‌وه‌د وا بوو به پیشه، بوو به هه‌ڤاڵی شووشه، هه‌ڵیده‌قوڕاند تا بن، قه‌ت نه‌بوو شه‌وێک بێ ژن. چه‌ند ساڵێک ئاوا ڕابرد، ته‌مه‌نیش بۆخۆی ڕابرد، له ئاخر سه‌ر که‌وته بیر ژنهێنان به سه‌ری پیر. هه‌ڤاڵ وتیان به ڕه‌حمان، بچۆره‌وه کوردستان، به که‌یفی خۆت هه‌ڵبژێره، له‌نێو هه‌زاران کچان. ڕه‌حمان چۆوه کوردستان به‌ره‌و گونده‌که‌ی خۆیان، پێش ئه‌وه‌ی خۆی بگاتێ بۆی کرابوو کچ ده‌سنیشان. دوای چه‌ند ڕۆژان مانه‌وه، خۆش خواردن و خواردنه‌وه، له‌گه‌ڵ کچه‌ی تازه‌بووک هه‌ستان و گه‌ڕانه‌وه. ڕه‌حمان خۆی به‌ته‌مه‌ن بوو، کچه‌ش زۆر که‌مته‌مه‌ن بوو، له‌لای داموده‌زگاکان ژنه کچی ڕه‌حمان بوو. له ماوه‌یه‌کی زۆر کورتدا فێر بوو کچ زمانی ئه‌وروپا، ئه‌وجا وتی ده‌خوێنم، زانستی به‌رز وه‌ده‌ست دێنم. که ڕه‌حمان ئه‌مه‌ی بینی، خۆی له‌و نزمتر بینی، که‌وته بیانو لێهێنان، له خوێندن وازلێهێنان. زانی کچ واز ناهێنێ درێژه به خوێندن دێنێ، چوو لای دۆستان بۆ ته‌گبیر،"سه‌رت به‌رز که!" وتیان پیر."له‌نێو کورد پیاو سالاره، ژن بڕیار دا لاساره، بۆ مانه‌وه‌ی ڕێزت لامان، ده‌مکوتی که، درێژزاره!" تازه‌بوکی به بیر و ژیر، بێ‌ئاگا له ته‌گبیر پیر، خه‌ریکی ده‌رس و ده‌وری بوو، له‌پڕ پیره سوار سه‌ری بوو. شۆڕه‌سواری دوێنێی سه‌نگه‌ر که دوژمن لێی ده‌کرد حه‌زه‌ر، ئه‌مڕۆش بۆ مانه‌وه‌ی ئابڕوو، کوشتی کچه بێ یه‌ک و دوو. هێشتا ته‌رم نه‌ژاکابوو، بیری ژن له که‌لله‌ی دابوو، دیسان گرتی ڕێی گوندێ خۆ، بکڕی کیژێک له خزمێ خۆ.

مه‌جید ئه‌حمه‌دی




کورد گوته‌نی: بژی کاک مه‌جید ئه‌حمه‌دی بۆ کورد و کوردستان و خه‌باتی بێ وچانی ژنان بۆ ڕزگاری له‌ چنگ باوه‌ڕی ده‌مارگرژه‌کان

:))





September 4, 2009


شهرام ناظری







ماوەیەک پێش کە پەری لە فێیس بووک لینکی "مێعرێکی کوردی" دانا کە بە سەر ژنی کورد کە لە هەندەران خۆیان لێ‌دەگۆڕدرێت و جیادەبنەوە، هەڵگوتبوو، بیرم کردەوە ئەم ڕوانگە خواروخێچە هەر هی کاکی ماعیر نییە و بەداخەوە زۆر کەس هەن کە بە خەیاڵی خۆیان خەمی فەرهەنگی بە باچووی کورد لە لایان ژنانەوە دەخۆن!

نازانم ئەم جەماعەتە هەر ئەوەندەی تێدەگەن یا کورد گوتەنی لە گوێی گای دا خەوتوون و ئاگایان لەوەی بە سەر ژن دێت نییە. ئەوەشم بەلاوە زۆر سەیرە کە ژمارەیەکی زۆر بەلایەنەوە سەیرە کە ژن کە هاتنە هەندەران دەگۆڕدرێن. یەکەم شت ئەوەیە کە گۆڕانکاری دەکووتن و دووهەم شت ئەوە کە گۆڕانکاری ژنی کورد بە " بە با چوونی فەرهەنگی نەتەوەی کورد" دەبینن. بیر کە دەکەمەوە ڕەنگە زۆریش سەیر نەبێت ئەو میللەتە شتەکان ئاوا دەبینن. پیاو کە دێنە هەندەران نابن بە "کەسێکی تازه" ڕاستە هەندێکیان هەوڵ دەدەن زمان فێڕ بن و کار بکەن و دەرس بخوێنن بەڵام بە مێشک، بە باوەڕ، بە ڕوانگە جیاوازییەکیان دەگەل ئەوەی لە وڵات بوون، نییە. ژمارەیەکی زۆری ژنان بەڵام لە هەندەران چاویان بە پێوانە تازەکان ڕوون دەبێتەوە و تازە بۆیان دەردەکەوێت کە له پەیوەندی تاک و کۆمەڵایەتیەکانی خۆیاندا دەتوانن دەورێکی تریان هەبێت، بۆیان دەردەکەوێت کە یاسایەک هەیە و مافێک هەیە. لێرە ژن کەم کەم فێر دەبێ خۆی لە دەرەوەی "جنسییەتی" خۆی ببینێت و وەک مرۆڤ چاو لە خۆی بکات. بۆی دەردەکەوێت کە ژن بوون هۆوییەت و کەسایەتی ئەو نییە و تەنیا جنسییەتی ئەوە و جنسییەت نابێ و ناشی بناغەی ماف و ڕێز و پلەی کۆمەڵاتەتی بێ‌. ئەوە خۆی پێگەیشتنێکی گەورەیە. ئەوەی کە ئەو پێگەیشتنە دەبێتە هۆی چ گۆڕانکارییەک دەگەرێتەوە سەر ئەوەی کێ بووی و چ بیر و باوەڕێکت هەیە و چۆن لە خۆت و ژیان حاڵیی و چیت لە خۆت و ژیانت دەوێت. زۆر شت دەچێتە ژێر پرسیار و زۆر پرسیار پڕت‌ دەکات لە ترس و گومان و دوودڵییەکان ڕۆژگارت لێ‌تاڵ دەکەن و ماوەیەکی زۆر دەگرێ تا خۆت دەبیننیەوە.

ئەو تاریفەی لەوەێ وەک ژن بە گوێماندا خوێندراوە دەگەڵ ‌ئەو تاریفەی لێرە پەسەند کراوە یەک ناگرێتەوە و دەوری دیاری کراوی مرۆڤەکان لە لە سەر هەندێ یاسا و ‌پێوانەی تر دارێژراوە کە بۆ ئیمەمانە نامۆیە.

ئەوەی کە دەڵێم ژن لێرە فێر دەبێ خۆی لە دەرەوەی جنسییەتی خۆی ببینێت و ژن بوونی بە هۆوییەتی خۆی دانەنێت دەگەرێتەوە سەر ئەو داب و نەریتەی لەوێ ‌پێی پەروەردەکراوین. لەوێ هەموو شت ژنانە، پیاوانەیە و یەک شت و هەمان شت بۆ پیاو و ژن دوو مانای جیاوازی هەیە. لەوێ یاسا و ڕێسا و داب و نەریت ژن و پیاو تەنانەت لە پلە و پایەی مرۆڤ بوونیش وەک یەک چاو لێ ناکات، هەر ئەوەش نییە، تەنانەت کار، ژیان، مافی هەڵبژاردن و هەست و ویست و دڵداری کردن، دەرس خوێندن و کەی و لە کوێ ‌و دەگەل کێ ‌قسە کردن و چەندە و چەندجار چوونە دەر و چی لە بەرکردن هەمووی دەگرێتەوە. هەرچی دەگەرێتەوە سەر ژن و و هەڵبژاردنەکانی ژیانی لە بازنەیەکی داخراوی تەنگ و تەسک دا جێکراوەتەوە. ژن ڕوو لە هەر لایەک دەکات دەرگاکەی لە سەر داخراوە، هەموو ش‌ت بۆی بڤەیە و هەموو شت‌ گرێدراوی "حەیا و نامووس و شەرفه" ئەویش نەک هی خۆی کە هی بناماڵە و خزم و کەس و هاوسێ و بقاڵ ‌و بزازی گەرەکیش. بەراوەرد کردنی شتەکانیش کەس نازانێ ‌چۆن دیاری کراون. حەز لێکردووی بۆ ژن مایەی شەرم و سووک بوونێتی و بۆ پیاو نیشانەی "پیاوەتی". لێدان و کوتان و زمان شڕی پیاو نیشانەی غیرەت و شەرفە و بۆ ژن نیشانەی "ڕووداماڵدراوی و بێ‌حەیایی". "چاوحیز بوون و دەست بۆبردن و بە قوربانی سەر و سینگی ژنان بوون" بەشێک لە "سروشتی" پیاوانەیە و "خوا وای ساز کردوون" و کە ژن چاوی لە چاوی پیاوێک کرد ئەوە یانی "پێی خۆشە و خۆی ئیشتیایی لێیە". ژن دەبێ خۆداپۆشێنێ کە پیاو "تووشی گوناح" نەبێ کە چی کەس تەنانت زۆربەی ژنان خۆشیان باوەڕ ناکەن کە ژنیش مەیل و هەوس و نیازی جنسی هەیە و "ئیشتیا" دەکات! هەر ئەوەشە "پەردەی کچێنی" بێ ئەوەی بزانن چییە و لە بوون و نەبوونی تێگەیشتنێکی زانستیان هەبێ ‌بۆتە پێوانەی "حەیا و عیسمەت و پاکداوێنی" ژن.

دەی سەیر نییە کە تا ئەو سنوورە تەنگ و ترشانە هەن ژن فێر نابێ خۆی لە دەرەوەی ژن بوونی خۆی ببینێ و فێڕ نابێ خەون و ئاواتی گەورەی بۆ ژیانی هەبێت و فێر نابێ بە دەنگی بەرز بیر بکاتەوە. فێر نابێ کە نا، ناوێرێت، چوونکە دەبینین هەر ژنێک کە وێراوێتی ئەو سنوورانە بشکێنێ یا تەنانەت مسقاڵێک لادا، دەیکەن بە "قەحبە و جندە"، لوتی دەبڕن، دەیکوژن یا بەردەبارانی دەکەن. هەر بۆیە ئەو ژنەی دەستدرێژی پێ دەکرێت لە تاوانباری مارە دەکەن و چەند دڵۆپە خوێنی شەوی بووکێنی سەری باب و برا و تەنانەت براژنی پێ بەرزدەبێتەوە!

لە کۆمەڵگەیەکی ئاوا دەرفەت هەیە بۆ خۆناسین؟‌ لە خۆوردبوونەوە؟‌

هەندەران نابێتە هۆی ئەوەی "ژن خۆی لێ ‌بگۆڕدرێت" تەنیا ڕێگە بۆ گۆڕانکاری تاکە کەس خۆش دەکات. خۆ لێگۆڕان نییە، گۆڕانە، خۆدیتنەوەیە. دەرفەتە تا بۆ یەکەم جار لە خۆت بپرسی "چیم لە ژیانم دەوێ؟" ... دەرفەتە بۆ خۆ دیتنەوە. هەر ئەوەشە هەندە جار کە ژن وردە وردە خۆدەناسن و خۆی ڕاستیان دەبیننەوە دەگەنە ئەم قەناعەتە کە ژیانی کۆنیان ناوێ، کە ئەو پیاوی دەگەڵی دەژین پیاوی ژیانی ئەوان نییە.

ئەوە سەیرە؟‌


'




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------