November 30, 2003
دانیشتووم بیرده‌كه‌مه‌وه باڵنده مردنی پێ خۆشتره یان شكانی باڵیی، وا كه نه‌توانێت تازه قه‌ت له شه‌قه‌ی باڵی بدات و بفڕێت؟ بیر ده‌كه‌مه‌وه تاوانی كوشتنی باڵنده زۆرتره یان به‌ڕه‌ڵلا كردنیی له چاوه‌روانییه‌ك كه تازه قه‌ت كۆتایی نایه‌ت؟ *** بۆ دڵی خۆم: چیرۆكێكی كۆنه. چیرۆكێك كه ده‌یان جار، نا، سه‌دان جار، بگره زۆرتریش بیستووته و هه‌روا به ته‌نیشتیدا تێپه‌ریوی و قه‌ت تێنه‌گه‌یشتوویی بـــــــــــــۆ؟ بـــــــــۆ كۆتاییه‌كان ئاوان كه هه‌ن؟ ئـــــــــهوه چاره‌نووسه یان قه‌زا و قه‌ده‌ر؟ ویستی خودایه یان شه‌یتان؟ بۆت ده‌نووسێت :" تكایه له‌بیرم مه‌كه!" و پێت ده‌ڵێت: "ناتبینمه‌وه" و تــــۆ تێناگه‌یی. بۆت ده‌نووسێت:"خۆشمده‌وێی" و ده‌ڵێت: "هه‌موو شتێك ته‌واو بووه" و تــــــۆ باوه‌ر ناكه‌ی! بۆت ده‌نووسێت:" بێ تۆ زۆر سه‌خته" و ده‌ڵێت: " هه‌رچی بووین و كردمان وگوتمان له بیربكه" و تۆ ده‌نگی ڕووخانی شتێك له ناو خۆتا ده‌بیستی و هه‌ناسه‌ت هێنده قورسه ناگه‌نه به‌ر ... به‌رهه‌م: سه‌رسوڕمان ... هه‌ستێكی سه‌یره ئه‌و هه‌سته كه ئه‌وه‌ی به گه‌رمای خۆشه‌ویستی خۆیی، تۆی ده‌گه‌ڵ خۆت ئاشت كرده‌وه، ئێستا ناو دڵی سههۆڵبهندانێكه و تۆ سڕ ده‌كات! جۆره بۆشاییه‌ك! بۆشاییه‌كی بێبڕانه‌وه. بۆشاییه‌ك كه هه‌رچی زۆرتر نوقمی ده‌بیت، قوڵتر ده‌بێته‌وه. هه‌ستێكی سه‌یره! په‌نجه‌ره‌یه‌كی تازه‌یه بۆ دیتن. دیتنی ڕووداوێك كه لێی بێزاری. ڕه‌نگه تا ئێستا خۆت ده‌یان جار به كهسێكیترت گوتبێت "خۆشمناوێی" و قه‌ت نه‌تزانیوه ئه‌و كه‌سه چ هه‌ستێكی هه‌بووه كاتی بیستنی. قه‌ت نوقم بوونیت له بۆشاییه‌كاندا نه‌دیتوه و هه‌ستت پێنه‌كردووه. به خۆت ده‌لێی ده‌ی ئیتر، خۆشنه‌ویستن هۆی ناوێت، ده‌یه‌وێت؟! هه‌ندێ جار ڕوو نادات. هه‌ندێ جار نابێت، تاوانی كه‌س نییه! كه‌چی گومان ده‌كه‌یی له هه‌رچی خۆشه‌ویستی و خۆشویستنه! گومان ده‌كه‌ی له هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێت ده‌لێن، پێیان گوتووی "خۆشمده‌وێی". به خۆت ده‌ڵێی: "ورده‌و، ... چیرۆكی خۆشه‌ویستی خۆی بۆ نووسیوی، باوه‌ری بكه!" ، به خۆت ده‌لێی :"... چاوه‌رێته خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی قه‌بووڵ بكه‌ی، ڕێگه‌ی بده!" ، به خۆت ده‌لێی و ده‌ڵێی و ده‌لێی و ده‌ڵێی ... كه‌چی دێوی گومان یه‌خه‌ت ده‌گرێت و ژاری خۆی ده‌رژێته ناوی ده‌ماری هه‌رچی باوه‌ڕه! ئه‌نجام : ڕووخان *** ئه‌وه‌یان بۆ تۆیه: بیر بكه‌وه باڵنده مردنی پێ خۆشتره یان شكانی باڵیی، وا كه نه‌توانێت تازه قه‌ت له شه‌قه‌ی باڵی بدات و بفڕێت؟ بیر بكه‌وه تاوانی كوشتنه‌كه‌ی زۆرتره یان به‌ڕه‌ڵلا كردنیی له چاوه‌روانییه‌ك كه تازه قه‌ت كۆتایی نایه‌ت؟ ................................ ڕۆژه‌كان درێژ و درێژتر ده‌بنه‌وه ...! كات لێورێژه له هیچ! شه‌وه‌كان دره‌نگ دێن و زوو ده‌ڕۆن. كاكی پۆستچی هه‌موو ڕۆژێ دێت و بێئاوڕدانه‌وه له ده‌رگای من، ده‌روات. ئه‌و تلهفوونه غه‌زه‌ب لێگیراوهش ده‌نگی نایه‌ته ده‌ر! چاوه‌ڕوانی، ده‌چمه هه‌رشوێنێك به دواما دێت. خه‌یاڵێك له ناو پێخهڤهكهما چاوه‌رێم ده‌كات! بیرێكی تاڵ ده‌ست له یه‌خه‌م ناكاته‌وه: "چه‌ند جاری‌تر ده‌بێ درۆم ده‌گه‌ڵ بكه‌ن تا باوه‌ڕ بكه‌م مرۆڤ، مرۆڤی گوناح دانووی ده‌گه‌ڵ قسه‌ی ڕاست ناكووڵێت؟". ئاوێنه‌کان بشكێنم یان خۆم؟ باوه‌ڕم به هیچكامیان نه‌ماوه. ڕاستی ده‌زانی كێیتریش درۆی ده‌گه‌ڵ كردم؟ له‌عنه‌ت .... ئه‌م ڕۆژانه به قه‌د ساڵێك كتێبم خوێندۆته‌وه ... چاوه‌روانیم له قاره‌مانی چیرۆكه‌كان نییه، بۆیه ته‌نانه‌ت كاتێك به عاڵه‌م ئاشكرا درۆ ده‌كه‌ن، چاوم تهڕنابێت! ... یان له‌وانه‌یه، نازانم، له‌وانه‌یه ورده ورده وه‌ك شتێك درۆ كردنیش ئاسایی ده‌بێته‌وه! ... له كۆڵ خۆم بوومه‌ته‌وه!
November 20, 2003
له بیرمه چه‌ند ساڵ پێش دڵنیا بووم كه هیچ كه‌س نابێت خۆی بۆ ڕازی كردنی دڵی كهسێكیتر بگۆڕێت. به خۆم و به تۆ و به هه‌موو ئه‌وانه‌ی ناسیومن و ده‌یانناسم ئه‌و دڵنیاییه‌م داوه كه ههرپهیوهندییهك كه مه‌رجه‌كه‌ی گۆڕانی لایانێك بێت، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌مه‌ن درێژ نابێت و زۆر زووتر له‌وه‌ی پێمانوایه دهمێرت. دڵنیا بووم ته‌نیا خۆشه‌ویستییه‌ك ده‌مێنێت و ده‌ژیت و له هه‌موو هه‌وراز و نشیوهكانی ژیان گیان به‌ده‌ر ده‌بات، كه تێیدا كه‌س ناچار نییه خۆی له به‌ر دڵی ئه‌وه‌یتر بگۆڕێت. دیسان له بیرمه كه ماوه‌یه‌كی خایاند تا گه‌یشتم به‌م قه‌ناعه‌ته كه په‌یوه‌ندییه‌كیش كه تێیدا كه‌س هیچ ئاڵوگۆڕێكی به سه‌ردا نایه‌ت چاره‌نووسێكی باشتری نابێت. دواتر گه‌یشتمه ئه‌و باوه‌ڕه كه گرینگ‌ترین شت ئه‌وه‌یه هه‌موو "من" و هه‌موو "تۆ"یه‌ك پێش ده‌ستپێكردنی په‌یوه‌ندییه‌كه خۆی دیبێته‌وه و بزانێت كێیه، ئه‌و كات به یه‌که‌وه سنوورێك بدۆزنه‌وه كه منی من و تۆی تۆ ڕاگرێت و " ئێمه"ێك ساز بێت كه نه "من" تێیدا بتوێمه‌وه و نه "تۆ" تێیدا ون بیت! له بیرمه من له‌و گێره و كێشه‌یه دابووم بۆ دۆزینه‌وه‌ی سنوورێك بۆ " ئێمه"، كه دیم تۆ ئیتر نه‌ماویت! من نازانم تۆ كه‌ی و چۆن و ته‌نانه‌ت بۆ ڕۆیشتیت. له بیرمه دوایی ڕۆیشتنت تازه دیم به‌شێكی "من"ت ده‌گه‌ڵ خۆت بردووه و ته‌نیا شتێكیی به‌جێت هێشتووه كۆشێك سه‌رسووڕماوی بۆ من و چه‌ند كوته جل و به‌رگی نیوه ته‌ڕه! له بیرمه پێش ڕۆیشتنه‌كه‌ت به توڕه‌یی ده‌تووت هه‌ست به نامۆیی ده‌که‌ی و ده‌لێی ئێره شوێنی تۆ نییه. له بیرمه تۆ له خه‌می خۆت، منت نه‌بیست. له بیرمه من له خه‌می خۆم تۆم نه‌دیت. له بیرمه چاوهروانییهكانی تۆ و پێداویستییه‌كانی من هه‌ر نه‌ده‌گه‌یشتنه یه‌ك. له بیرمه ویسته‌كانی تۆ له بۆشایی بێبڕانه‌وه‌ی ده‌روونی مندا ون ده‌بوون. له بیرمه سنووره‌كان نه‌مان. نه "من" ئیتر من بووم و نه " تۆ" تۆ مایی. له بیرمه به‌یانی دووشهمهیهكی خۆڵاوی بوو له بیرمان كرد كه " ئێمه" دوو كه‌سین و من منم و تۆ تۆیت و پێویست ناكات ته‌نیا "یه‌ك" بین و له‌و یه‌که‌دا ون بین وبتوێینهوه. له بیرمه هیچمان ئه‌وه‌مان له بیر نه‌مابوو ... هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو ئێمه‌ی ترساند! له‌و ڕۆژه‌وه كه ڕۆیشتووی ماوه‌یه‌ك تێپه‌ڕیوه، مانگێك، ساڵێك ... ژیانێك! ئێستا منیش وتۆش گه‌یشتووین به‌م باوه‌ره كه ناتوانین یه‌كترین له كه‌سیتر دا بدۆزینه‌وه. پێم ده‌ڵێی "چاو له ئه‌و ده‌که‌م و له تۆ ده‌گه‌رێم"، پێت ده‌ڵێم " كه‌س ئه‌و سه‌رپه‌نجه سڕانه‌ی منی بۆ گه‌رم نابێته‌وه". ئێستا ئیتر له بیرم نییه دوا نامه‌تم چه‌ند جار خوێندۆته‌وه، له‌بیرمه به‌ڵام ئیتر به دوایی هه‌ر جار خوێندنه‌وه هه‌رته‌نیا تۆم ده‌دیت و له نه‌بوونی "ئه‌وه‌یتر" دڵنیاتر ده‌بووم ( یان پێم‌خۆش بوو دڵنیا بم؟) . نامه‌که‌تم ده‌خوێنده‌وه و تۆم ده‌هاته به‌رچاو كه قسه ده‌كه‌ی و قسه ده‌که‌ی و قسه ده‌که‌ی و ... ڕه‌نگه، ڕه‌نگه هه‌موو شتێك له‌وێرا ده‌ستی پێكرد كه تۆ هه‌ر قسه‌ت كرد و دواتر قسه‌كانی خۆت له بیر كرد و ڕۆیشتیی و ده‌رگاكانت له پشت سهرداخست؟ ڕه‌نگه هه‌موو شتێك له‌وێرا ده‌ستی پێكرد كه تۆ هه‌ر قسه‌ت كرد و من ئیتر ورده ورده ئیمانم نه‌ما ... شتێك زیاتر له قسه پێویست بوو! دیسان ده‌لێم له وانه‌یه ڕۆیشتنی تۆ له ئێواره دڵتهنگهكهی ئه‌و دووشه‌مه‌یه باشترین كار بوو كه ده‌توانیی بیكه‌ی! له‌وانه‌شه ، له‌وانه‌شه باشترین كار ئه‌وه بوو به جێی هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی كردبووت و ده‌تكرد مابایه‌وه، ده‌زانی ... هه‌ر ئه‌وه، مابایه‌وه! له بیرمه هه‌ندێ جار به خۆم ده‌گوت: ئه‌وه هه‌مووی خه‌وێكی ناخۆشه! تۆ نه‌ڕۆیشتووی. به خۆم ده‌گووت ئه‌وه هه‌مووی تاوانی ناوچاوان گرژی ئه‌و دووشه‌مه دڵتهنگهیه كه نازانم بۆ له پشت په‌نجه‌ری ژووره‌كه‌م گیرساوه‌ته‌وه و ته‌واوی نایه! له بیرمه ڕۆژێك به خۆم گوت: هێیییی، خه‌یاڵ نییه، گرینگ‌ترین شت دۆزینه‌وه‌ی سنوورێك بوو كه نه منی "من" تێیدا بتوێته‌وه و نه تۆی "تۆ" تێدا ون بێت. خه‌یاڵ نه‌بوو، ئه‌و سنووره‌مان نه‌دیته‌وه. ئێستا ماوه‌ته‌وه سنووری خه‌یاڵ و دونیایی ڕاستی بدۆزمه‌وه. دیتنه‌وه‌ی ئه‌و سنووره‌ش ته‌نیا ڕێگه‌یه‌كه مـــــــــن به خــــــــــــــــۆم ده‌گه‌یێنێته‌وه ... كاتمان هه‌یه؟
November 18, 2003
ده‌زانی هه‌موو تاوانی ئه‌وان بوو. ئه‌گه‌ر ده‌نگیان له گوێما نهدهزرینگاوه. ئه‌گه‌ر ده‌نگیان ئه‌وه‌نده به‌رز نه‌بایه، ئه‌گه‌ر به جێی هاوار و قیژه قسه‌یان كردبا، ئه‌گه‌ر نامۆیی هێرشی نه‌هێنابایه، من قه‌ت له بیری هه‌ڵاتندا نه‌ده‌بووم. قه‌ت هه‌ڵنه‌ده‌ستام بچمه شوێنێك گوێم له هیچ نه‌بێت و هیچ نه‌بینم! هه‌مووی به تاوانی تۆ ده‌زانم، ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌وه تاسه‌ی خۆشه‌ویستیت له دڵما زیندوو نه‌كردباوه، ئه‌گه‌ر نه‌تگوتبا ناوی منت پێخۆشه، ئه‌گه‌ر دوو باڵت نهدابامێ بۆ گه‌رانه‌وه‌م بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه بۆگه‌نیوه، ئه‌گه‌ر به‌ڵێنی حه‌سانه‌وه‌ت له ئامێزتدا پێنهدابام، ئه‌گه‌ر به بارانی وشه‌كانت ته‌ڕت نه‌كردبام ... هه‌مووی به تاوانی خۆم ده‌زانم، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌م بیر نه‌كردباوه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده به دواییدا نهگهرابام. ئه‌گه‌ر منیش وه‌ك ئه‌وانم لێده‌هات، ئه‌گه‌ر توانیبام تۆم خۆشنه‌وێت، ئه‌گه‌ر قه‌ت گه‌وره نه‌ده‌بووم ... .... ژنێك هه‌یه 35 ساڵێتی. قسه‌ی دڵی به كه‌س ناڵێت. تا ئێستا به كه‌سی نه‌گوتووه. به پێچه‌وانه‌ی من كه شانێكم ده‌وێت سه‌ری له سهردانێم. سینگێك سه‌ر بكه‌مه سه‌ری و قسه‌ی بۆ بكه‌م . ئه‌و هیچ ناڵێت. جێ پێی ڕۆژه‌كان له سه‌ر ڕه‌شایی ژێری چاوی دیاره. ئه‌گه‌ر وه‌کوو منیش بایه، ئه‌گه‌ر قسه‌شی كردبا، خۆ هیچ نه‌ده‌گۆڕدرا، ده‌گۆڕدرا؟ ژنێك هه‌یه 45 ساڵێتی. قژی سپییه. نه‌رم نه‌رم. هه‌میشه وه‌ك ئه‌وه‌ی لێره نه‌بێت، دێت و ده‌روا. هه‌ست به هیچ ناكات. زۆر جار له پێش چاوته و نایبینیت. ڕوانینی به‌تاڵه له ژیان. له گه‌رما. چی ده‌بێت كه ژنێك له هه‌ستی ژیان دوور ده‌بێته‌وه؟ ماچ كردنی له‌بیر ده‌چێته‌وه؟ ده‌سته‌كانی خۆی له‌بیر ده‌كات؟ چیتر به گوڵدانه‌كانی لێواری په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌ی ڕاناگات؟ چی ده‌بێت ژنێك له‌بیری ده‌چێته‌وه بژیت؟ هه‌مووی تاوانی ئه‌وان بوو. خه‌ونه‌كانیان دزی. خه‌یاڵه‌كانیان دزی. ئاواته‌كانیان دزی. هه‌مووی تاوانی تۆ بوو. ئه‌گه‌ر نه‌ڕۆیشتبای. ئه‌گه‌ر لێره بایی و له باوه‌شت كردبام. ئه‌گه‌ر لێره بایی و گۆرانی قژ كاڵی لێو ئاڵت بۆ گوتبام ... ئه‌گه‌ر ده‌گه‌ڵ من شێت ببای، ئه‌گه‌ر گریانت ده‌گه‌ڵ به‌ش كردبام ... لێره بایی و قژی سه‌وزی خهوهكانمت داهێنابا ... هه‌مووی تاوانی خۆم بوو. ئه‌گه‌ر چاوم نه‌كردباوه. ئه‌گه‌ر فێری خه‌و بینین نه‌ده‌بووم، ئه‌گه‌ر چكۆله‌تر ده‌بوومه‌وه تا له دونیای ئه‌وانه جێم بێته‌وه ... ئه‌گه‌ر باوه‌ڕم به هه‌سته‌كان نه‌ده‌كرد، ئه‌گه‌ر به"هه‌رچی هه‌یه" ڕازی ده‌بووم و "بڕیا و خۆزگه"كانم ده‌ناشت... ئه‌گه‌ر فێری بینین و بیستن نه‌ده‌بووم ... ئه‌گه‌ر هیوای گه‌یشتن به ده‌ریام له‌بیر كردبا، ئه‌گه‌ر له قه‌راغ گۆمه مه‌نده‌كه ده‌گیرسامه‌وه ... ژنێك هه‌یه 35 ساڵێتی. ڕۆژێك ئه‌ویش ده‌بێت به 45 ساڵ. ڕۆژێك منیش ده‌بم به 35 ساڵ. ڕۆژێك منیش ده‌بم به 45 ساڵ. ڕۆژێك منیش ڕوانینم پڕ ده‌بێت له هیچ. ڕۆژێك له‌بیرم ده‌چێته‌وه هه‌بم، ماچ بكه‌م، خۆشه‌ویستی بكه‌م. ده‌زانم، ڕۆژێك ده‌سته‌كانم له شوێنێك له‌بیر ده‌كه‌م، خه‌ونه‌كانم و بزه‌ش! باش ده‌زانم، منیش ڕۆژێك له‌بیرم ده‌چێته‌وه بژیم ... هه‌مووی تاوانی خۆم بوو ...
November 11, 2003
November 9, 2003
وایه، تۆ ده‌ڵێی هیچ كارێكت له ده‌ست نایه‌ت. ڕاستیش ده‌كه‌ی! نه زانیاری سیاسیی ئه‌وتۆم هه‌یه تا وتاری دوور و درێژی پڕله قسه‌ی زل زل بنووسم ، نه ڕۆژنامه‌وانم بتوانم هه‌ستم نه‌هێنییه‌كانی پشت په‌رده‌ی سه‌رۆكه‌كان و سه‌ركرده‌كانی حیزبكانمان ئاشكرا كه‌م ، نه شاعیرم بتوانم هه‌ستی خه‌لك بزوێنم و هانیان بده‌م شۆرش بكه‌ن . به من ده‌ڵێی ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌كه‌ی هه‌سته هه‌ر ئه‌مڕۆ بگه‌رێوه كوردستان و هه‌وڵ بده هه‌موو شتێك بگۆڕیی. به من ده‌ڵێی ئه‌وانه هه‌مووی هه‌ر قسه‌یه و خۆشت باوه‌ڕت به‌م شته نییه كه باسی ده‌كه‌ی! به من ده‌لێی قسه كه ده‌گه‌ڵ كرده‌وه ڕێك نه‌كه‌وێت هیچ مانایه‌ك و بایه‌خێكی نییه. به من ده‌ڵێی ئه‌گه‌ر ئه‌و ئازادییه‌ی لێره له هه‌نده‌ران هه‌مه لێمی بستێنن، هه‌موو ئه‌و قسه زلانه‌م له بیر ده‌چێته‌وه و ته‌نیا مه‌گه‌ر كاتی سه‌رخۆشی ده‌گه‌ل یه‌ك دوویه‌كی وه‌ك خۆم قسه زل دانیشین و تا به‌یانی چه‌نه لێبده‌ین. به من ده‌لێی :"چاوه‌كه‌م" تۆ له بیرت چۆته‌وه كه خۆت له كوردستان بووی ئێمه‌مانه به دزیی ده‌ژیاین، به دزی پێده‌كه‌نین، به دزی دڵداریمان ده‌كرد، ته‌نانه‌ت به دزی بیرمان ده‌كرده‌وه! من ده‌ڵێم ڕاسته، من بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به به‌خته‌وه‌ری بكه‌م پێویستم به‌م ئازادییه هه‌یه، به‌لام ئاخر شتێك، من كه ئێستا ئازادیشم و هێشتا هه‌ست به به‌خته‌وه‌ری ناكه‌م، كه وابوو گرفته‌كه ده‌بێت له جێیه‌كی تره‌وه سه‌رچاوه بگرێت. ده‌زانم قسه‌كانی منت به لاوه قسه‌ی زلی ناو كتێبانه. به‌ڵام مه‌گه‌ر هه‌ر ئهودههـیش باسی ئهوهـان نه‌ده‌كرد كه "ژیان له هه‌نگاو هه‌ڵگرتن به‌ره‌و ئامانج مانا ده‌گرێت نه‌ك ته‌نیا هه‌ر له گه‌یشتن به ئامانجدا"، ده‌یی منیش ئێستا هه‌ست به سڕ بوون ده‌كه‌م، هیچ هه‌نگاوێك هه‌ڵناگیرێت، جوڵانه‌وه‌یه‌ك به‌ڕه‌و پێشه‌وه. ڕوو له هه‌ر لایه‌ك ده‌كه‌م قسه‌كان سه‌د پاته‌ی قسه سه‌د پاته بووه‌کانی پێشوون. ده‌بێت له جێیه‌ك دڵ به شتێك خۆش كه‌م! به من ده‌ڵێی ده‌یی ئه‌وه هاتییه‌وه كوردستان، ئاماده‌یی له به‌ر ده‌ربڕینی بیر و باوه‌ڕت بگیرێیت، ئه‌شكه‌نجه بدرێیت؟ ئاماده‌یی كه‌س وكار و دۆست و ئاشنات بخه‌یه مه‌ترسییه‌وه؟ به من ده‌ڵێی ئێستا ئیتر چوونه سینه‌ما و له ده‌رێ نان خواردن و بیره خواردنه‌وه و ده‌گه‌ل هاورێ كوڕ و كچه‌كانت له ده‌رێ بوون و ده‌ست له ده‌ستی دڵداره‌كه‌ت پیاسه‌كردن جێی خۆیان له ژیانی تۆدا كردۆته‌وه، یانی ئاماده‌ی ده‌ست له هه‌موو شتێك هه‌ڵگری و ته‌نیا له به‌ر گوتنی چوار وشه، ته‌نیا له‌به‌ر به ده‌نگی به‌رز بیر كردنه‌وه‌ت ژیانت بخه‌یه مه‌ترسییه‌وه؟ به من ده‌ڵێی لێره دوژمن زۆره. ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، یاسا، داب و نه‌ریت و فه‌رهه‌نگ هه‌مووی هه‌ر دژ به منه! من ده‌لێم ده‌یی ڕاست ده‌كه‌یی، ڕه‌نگه قه‌ت نه‌وێرم زۆر توند بڕۆم، به‌ڵام ده‌زانی، من ئاوا ده‌لێم له جێیه‌ك كه پێكه‌نین تاوانه، بزه لێدان ده‌بێت به دژایه‌تی كردن ده‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات. له جێیه‌ك كه به‌خته‌وه‌ر بوون تاوانه، كاتێكی كورت خۆش ڕابواردن ده‌بێت به دژایه‌تی كردن ده‌گه‌ڵ ڕه‌ش بیران. ئه‌گه‌ر نه ڕووخانی چوار چێوه ته‌نگ و تار وتهسكهكان، كه كردنه‌وه‌ی په‌نجه‌ره داخراوه‌كان، خۆی ده‌بێت به شل كردنه‌وه‌ی كوتی ده‌ست و پێكان. من ئاوا ده‌لێم ئه‌و بیر و ئاواتانه‌ی من نه‌مامێكه شلك و بێ سێبه‌ر. تۆ ناتوانی پاڵی پێوه‌ده‌ی و له ژێر سێبه‌ری بحه‌سێیه‌وه، به‌لام ئایا ئه‌و نه‌مامه له بیابانێكی ڕووت و به‌ره‌هوت مانایه‌كیتر بۆ تۆ په‌یدا ناكات!؟ ئه‌و نه‌مامه ئه‌گه‌ر ئاگامان لێی بێت و په‌روه‌رده‌ی بكه‌ین، ڕۆژێك نابێت به دارێك و به‌ر نادات؟! ده‌زانی ده‌یان ساڵه هه‌ر من ده‌ڵێم و تۆ ده‌ڵێی و ژیان تێده‌په‌ڕێت. یه‌ك ده‌كه‌وێته به‌ندیخانه، یه‌ك ده‌بێت به پێشمه‌رگه، جا یان شه‌هید ده‌بێت یان دوایی چه‌ندین و چه‌ند ساڵ ده‌گات به پووچی و تینوویایهتی ناشكێت و ده‌ست هه‌ڵده‌گرێت. یان بۆ هه‌میشه و یان له شوێنێكی تر و له ڕێگه‌یه‌کیتر به دوایی وڵامه‌کاندا ده‌گه‌رێت. یه‌كێك بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرێت، یه‌كێ له دووره‌وه دروژم ده‌دات. درۆت ده‌گه‌ڵ ناكه‌م، له ناو دێڕی ئه‌و كتێبانه‌ی ده‌یانخوێنمه‌وه، ئه‌و قسانه‌ی ده‌یان بیستم، ژیانی خۆم ده‌بینم كه گرێ دراوی ده‌یان و سه‌دان ڕێگه و كوێره ڕێگه‌یه. تۆ ده‌ڵێی تازه دره‌نگه بۆ هه‌موو شتێك. به من ده‌ڵێی تا وه‌خۆ بێیته‌وه ، ڕیشه‌ت له‌وێ داكووتاوه و گه‌ڕانه‌وه ته‌نانه‌ت به خهیالتا نایه‌ت. من ده‌لێم ده‌بێت بێمه‌وه بیبینم تا بزانم. ئێره‌م دیوه و لێره ژیاوم. هێشتا خۆم به هین ئێره نازانم. به من ده‌ڵێی تۆ ته‌نیا جارێك ده‌ژیت و باشتره قه‌دری ژیانی خۆت بزانی. من ده‌ڵێم من هه‌ر جارێك ده‌ژیم و حه‌ز ده‌كه‌م نێوان بوون و نه‌بوونم جیاوازییه‌ك هه‌بێت، حه‌ز ده‌كه‌م گۆشه‌یه‌ك هه‌بێت، بستێك زه‌وی، گه‌زێك ئاسمان، خانۆچكهیهكی بچووك، سێبه‌ری دارێك له‌وێ كه پێی ده‌ڵێن وڵاتی خۆم!
November 6, 2003
خه‌ون بوو. له خه‌وه‌كه‌مدا وه‌خه‌به‌ر بووم. له خه‌وه‌كه‌مدا خۆم بوو و ئارامی دڵان و مێلۆدی به ده‌وری یه‌ك دانیشتبوون، ده‌نگی قاقا و پێكه‌نینیان ڕێگه ڕۆژێك ده‌ڕۆیشت. له خه‌وه‌كه‌مدا خۆم بوو و ئارامی دڵان و مێلۆدی دانیشتبوون و تفتی خه‌مه كۆن و نوێیه‌كانیان به تاڵی تێكیلا ده‌شۆرده‌وه. مێلۆدی كتێبی فروغی به ده‌سته‌وه بوو، ئارامی دڵان ده‌یگوت با شێعره‌كانی ژیلا بخوێنینه‌وه و خۆم وه‌ك هه‌میشه "ناڵه‌ی جوادیی" به ده‌سته‌وه بوو. مێلۆدی قژی ڕه‌نگ كردبوو. سوور، وه‌ك ڕه‌نگی شه‌راب، له ژێر چرای ژووره‌كه بریقه‌ی ده‌هات قژی. ئارامی دڵان كراسێكی شینی له به‌ردابوو. خۆم قژی پلكه كردبوو كراسێكی سه‌وزی له به‌ر دابوو. مێلۆدی گوتی : وه‌رن فاڵی فروغ بگرینه‌وه. ئارامی دڵان په‌ریه ناو قسه‌كه‌ی گوتی: "سێ تارێك و سێ گۆرانی و سێ په‌ڕه شێعری دڵداری"، خۆم گوتی :" یادی یاران و وڵاتم ڕۆژ و شه‌و"، مێلۆدی گوتی :" و قلب زودباور او را ... با ضربههای موذی حسرت ... در كنج سینه‌اش متورم می‌سازند" ئارامی دڵان بزه‌ی ده‌هات: " دیسانه‌وه په‌پوله‌ی حه‌ز ...شه‌می تاسه‌م ئه‌دوێنێت و" خۆم وه‌بیری هاته‌وه ئه‌و كتێبه‌ی ده‌ستی ئارامی دڵان هین كتێبخانه‌یه و هێشتا نه‌یبردۆته‌وه، وه‌بیری هاته‌وه ئه‌و كتێبه‌ی ده‌ست مێلۆدی به‌ڕۆژ له تاران را بۆی نارد بوو. له بیری بوو شتێكیشی له سه‌ر نووسیبوو ... با كایه‌یه‌ك بكه‌ین ... خۆم گوتی. مێلۆدی ده‌ڵێی: ب وه‌کوو،"بێده‌نگی". ئارامی دڵان سه‌ر ڕاده‌وه‌شێنێت. ده‌ڵێ: ب وه‌كوو"برین"، خۆم بیر له "بوون" ده‌كاته‌وه! مێلۆدی ده‌ڵێ : ب وه‌ك "بێگانه"! ئارامی دڵان دیسان سه‌ر ڕاده‌وه‌شێنێت: ب وه‌کوو "به‌رزایی"، خۆم بیر له "باوه‌ڕ" ده‌كاته‌وه . مێلۆدی پێده‌كه‌نێ : ب وه‌کوو "بادانه‌وه"، ئارامی دڵان چاوی لێده‌كات : ب وه‌کوو "بووژانه‌وه" . خۆم بیر له "بێكۆتایی" ده‌كاته‌وه! مێلۆدی ده‌ڵێ: خ وه‌كوو "خه‌م"! ئارامی دڵان كتێبه‌كه‌ی له باوه‌شدا ده‌ڵێ: خ وه‌كوو "خه‌ون". خۆم بیر له "خۆشه‌ویستی" ده‌كاته‌وه. مێلۆدی ده‌ڵێ: س وه‌کوو سه‌ما! ئارامی دڵان ده‌ڵێ : ته‌ح! س وه‌کوو سوتان. خۆم بیر له سه‌فه‌ر ده‌كاته‌وه! ... له‌پڕ هه‌ر دوو چاویان له خۆم كرد :" تۆ بۆ هیچ ناڵێی؟" خۆم خه‌ریك بوو ڕهستهیهك به خۆشه‌ویستی و بێكۆتایی و بوون و باوه‌ڕ و سه‌فه‌ر ساز بكات بۆ تۆی بنووسێت ...
November 5, 2003
ده‌زانی، بوونی تۆ هه‌موو شتێك بوو، كه‌چی تۆش ڕۆژێك زۆر له ناكاو، وه‌ك ڕووناكی، له ئاسۆیه‌كی دووره ده‌ست ون بوویت و ئه‌ستێره‌ی نیگات خووشیی و له بێده‌نگییه‌كاندا توایه‌وه! ئێستا من تا ئاخری دونیا، ده‌بێت به دوای ئه‌ستێره‌یه‌ك بگه‌رێم كه چاوه‌کانی خۆڵه‌مێشی بوون و به‌رۆكی بۆنی مێخه‌كی لێده‌هات ... هاتووم پێت بڵێم مردن كۆتایی تۆ نه‌بوو...
November 4, 2003
هه‌وایه‌كی سه‌یری هه‌یه ئه‌مڕۆ! زۆرتر له كۆتایی مانگی ڕه‌شه‌مه و سه‌ره‌تای خاكه‌لێوه ده‌چێت تا سه‌ره‌تای زستانی تاڵی ئێره! چ حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌و باره قورسه‌ی كتێب و كاغه‌زم له سه‌ر شان نه‌با، توانیبام پیاسه‌یه‌كی دوور و درێژ بكه‌م. ڕێگه‌م دووره، سواری مێترۆ ده‌بم. كابرایه‌كی كه‌مێك به‌خۆوه دێت له په‌نام داده‌نیشێت، له بۆنی عاره‌قه‌ی له‌شی حاڵم تێكده‌چێت، شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی ته‌نیشتم دادهكێشم و لێده‌گه‌ڕێم بایه‌كه قژم ئاڵۆز كات. كابرا كه‌مێكی تریش دێته پێش!!! كتێبێك ده‌ردێنم و لاپه‌ڕه‌كانی هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه. وشه‌كان له پێش چاوم "هه‌ڵبه‌زدابه‌زیانه"، چه‌ند وشه‌ی دێری سه‌ره‌وه خۆیان تێكه‌ڵ به وشه‌كانی دێڕی ژێره‌وه ده‌که‌ن : "هه‌ندێ جار به خۆم ده‌ڵێم هه‌ر ئه‌وه‌نده مڕۆڤ جارێك هۆشی نه‌بێت ... نه‌هێنییه‌كی زۆر گه‌وره لێره‌دا هه‌یه... گوڵه سووره‌كه‌ی لێكردۆته‌وه یا نا ... باوه‌ر ناكه‌م گه‌وره‌كان ڕۆحیشیان ئاگادار بێت ئه‌و شته چه‌نده گرینگه... " . نا، ئه‌و كابرایه وه‌ك شتێك زیادی"خۆمانه" دانیشتووه. كه‌مێكیتر ده‌كشێمه‌وه و نووكی په‌نجه‌كانم له په‌نجه‌ره‌که‌وه ده‌به‌مه ده‌رێ و هه‌ستێكی خۆش پڕم ده‌كات! ده‌كه‌ومه‌وه بیری چیرۆكی خالۆ عه‌زیز. کتێبهكهیم دۆینێ شه‌و خوێنده‌وه."درویشیان" به یادی "عزیز یوسفی" نووسیوێتی. هه‌ستێكی سه‌یره تۆش شتێكی ئاوات له بیر بێت. هه‌ستێكی سه‌یره كه‌سێكی له كتێبه‌كاندا له سه‌ری ده‌نووسرێت، تۆ دیبێت، قسه‌ت ده‌گه‌ڵ كردبێت. ئه‌و ڕۆژه‌ی "عزیز یوسفی" هاته‌وه شاره‌كه‌ی، شه‌قامه‌كان پڕ پڕبوون له كچ و كوڕ و پیاو ژنی هاوشاری و شاره‌كانی ده‌ورووبه‌ر. جه‌ماعه‌تێك ههڵدهپڕین، جه‌ماعه‌تێك دروژمیان ده‌دا، جه‌ماعه‌تێك وێنه‌كانیان به ده‌سته‌وه گرتبوو و سرودیان ده‌خوێنده‌وه. من و منداڵه ورتكهکانی گه‌ره‌ك خۆمان تێكه‌ڵی شه‌پۆلی خه‌ڵك كردبوو. ده‌هاتین و ده‌چووین. چه‌ندجاران له سه‌ر قهڵاندۆشان به‌رز كراینه‌وه ... خه‌ڵكه‌كه هاواریان ده‌كرد: بیست وپێنج ساڵ زیندانی كاك عه‌زیز قاره‌مانی ... دایكه‌كان ده‌گریان ... به‌رده‌رگای ماڵه‌كه‌یان پڕ بوو له گوڵ ... وێنه‌كانی لێره و له‌وێ، ڕوانینێكی ئاشنا، سیمایه‌كی ئارام ... دایكه‌كان ده‌گریان ، خه‌ڵكه‌كه هاواری ده‌كرد ... دواتر كه بۆ یاری كردن ده‌گه‌ڵ خوشكهزاكهیی ده‌چووم بۆ ماڵه‌که‌یان ده‌مدیت، هیچ له وێنه‌كانی نه‌ده‌چوو. قژی سپی بوو، كه‌مێك كۆم ده‌بووه كاتی ڕۆیشتن، به‌ڵام نیگای ئاشنا بوو، سیمای ئارام بوو. هه‌میشه‌ش بزه‌یه‌كی له سه‌ر لێو بوو... باوه‌رێك ده‌بێ چه‌نده پیرۆز بێت كه مڕۆڤێك ئاوا ژیانی خۆی بۆ به‌خت بكات!؟ په‌نجه‌كانم شل بوونه‌ته‌وه، كتێبه‌که له ناو ده‌ستم ده‌خزێت ... پیاوه‌كه وا دیاره به ته‌ما نییه بكشێته‌وه، " هه‌ر بگه‌مه‌وه ماڵێ ده‌چم بۆ پیاسه كردن" خۆم به خۆم ده‌ڵێم.... گهڕما و بۆنی له‌شی ئه‌و كابرایه حاڵم تێكده‌دات، بۆ ناكشێته‌وه!!! ... بریا توانیبام بڵێم قه‌تاره‌كه ڕاگرن من دابه‌زم ... بریا هێنده ماندوو نه‌بام ... |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|