October 31, 2007
«این روزها که می گذرد شادم....شادم که می گذرد» یه‌كه‌م شێعرێک له شێعره ساكاره‌كانیم كه خوێنده‌وه بوو به شاعیرێک هه‌میشه له شێعره‌كانی ده‌گه‌ڕام و هه‌رچیم وه‌به‌ر چاو كه‌وتبا له گۆشه‌یه‌ک بۆ خۆمم ده‌نووسییه‌وه. وشه‌كانی زرق به‌رقیان نییه كه‌چی بروسكه‌یه‌ک ده‌خنه داڵانه ته‌نگ و ته‌سكه‌كانی مێشكه‌وه و داوێكی كڵافی ئاڵۆزی بیره‌كانت ده‌خاته ده‌سته‌وه. وه‌بیرت دێنێته‌وه ژیان هه‌ر ئه‌و چركانه‌ن كه تێده‌په‌ڕن و ئه‌و هه‌موو هه‌وڵ و هه‌ڵایه‌مان بۆ گه‌یشتن به به‌خته‌وه‌ری به فیڕۆدانی كاته ... ئه‌و كاته‌ی ده‌بێ ده‌بێ ته‌رخانی ژینمان كردبا. ژیانێک كه ئێستایه! وه‌ک بڵێی بۆ ئاشق بوون له دایک بووبێت. وه‌ک بڵێی له دایک بووه تا چیرۆكی ئاشق بوونمان قه‌ت له بیرنه‌چێته‌وه. وه‌ک بڵێی لێره بوو تا به وشه ساكاره‌كانی جوانی چركه ساكاره‌كانی ژیانمان بخاته به‌رچاو. بێ ئه‌و شێعرانه ژیان وه‌ک "گوڵدانێكی بێ گوڵی" سه‌ر تاقه‌یه. قیصر امین پور شاعیری شێعره پڕ‌له جوانییه‌كان بوو! حه‌یف بوو ، زۆر حه‌یف!
October 26, 2007
ئه‌و هه‌موو ڕ‌ق و كینه بۆ؟ له فلیكر چه‌ند توركێک له لاپه‌ڕه‌كه‌ی من كامنتیان داناوه كه "وڵاتێک به ناوی كوردستان نییه". له سه‌ر نه‌خشه‌ی دونیا بۆی بگه‌ڕێی ڕاسته. نییه. به‌ڵام ئه‌و قسه‌یه بۆنێكی تری لێده‌هات. بۆم نووسی " هووووم، هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی شتێک به ناوی جنوسایدی ئه‌رمه‌نییه‌كان له مێژووی توركیه‌دا نییه!" . كامێنته‌كه‌می سڕییه‌وه. گوتم قه‌ی ناكات! جووجه شۆڤێنیستێک له فلیكر بۆی نووسیوم "بمرێ كوردی تێرۆریست" و "فاک یوو تێرۆریست" و هه‌ندێ شه‌كری تری ئه‌وها. بۆم نووسی " سیاچاڵه‌كانی زیندانی ئێوین، خاوران، تێرۆری قاسملو و شه‌ره‌فكه‌ندی، مرۆڤ كوژه‌كانی حیزب الله ... زهرا كازمی ..." كامێنته‌كه‌می سڕییه‌وه. گوتم قه‌ی ناكات! دۆینێ به‌ڵام له ڕۆژنامه‌كانی ئێره‌دا وێنه‌یه‌كی دڵته‌زێنم دی كه ناتوانم بڵێم قه‌ی ناكات. وێنه‌یه‌كی دڵته‌زێن كه ده‌ست و دڵمی له‌رزاند. وێنه‌كه خۆپێشاندانی خه‌ڵكی ئاسایی توركیه بوو كه داوا ده‌كه‌ن ئیزنیان پێ بدرێت چه‌ک هه‌ڵگرن تا دژ به پ پ ک شه‌ڕ‌بكه‌ن. له وێنه‌كه‌دا ڕ‌ق و كینه‌یه‌كی سه‌یر به‌سه‌ر ڕووخساری ساردی خه‌ڵكه‌كه‌وه مێوی بوو. به سه‌ر ڕووخساری ژن و پیاو و منداڵیان. ته‌نانه‌ت منداڵه‌كانیش! نا. بۆ یه‌ک چركه‌ش پێموانییه كه تورک و كورد ده‌بێ و مه‌جبورن "برا" بن. منیش ده‌زانم نه‌زانی و ده‌مارگرژی و بیرنه‌كردنه‌وه چی به سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌هێنێت. به‌ڵام هه‌رچی چاوه خڕه‌كانی ئه‌و كوڕه بچووكه‌ی ناو وێنه‌كه‌م ده‌دیت به ده‌ست خۆم نه‌بوو ده‌كه‌وتمه‌وه بیری له‌یلای نۆ ده ساڵانه كه هه‌موو به‌یانیان ده‌بایه هاواری كردبا "مرگ بر آمریكا" به‌ڵام نه‌یده‌زانی ئه‌مریکا چییه یا كێیه، "مرگ بر منافقین و مرگ بر اسرائیل" و هه‌زار مرده باد و زنده باد ی تر دروشمی هه‌موو ڕۆژمان بوو كه‌چی هیچ هیچ هیچ له ماناكه‌یان تێنه‌ده‌گه‌یشتین. له‌یلایه‌كی نۆ ده ساڵانه كه پێش ئه‌وه‌ی بزانێ ئیسرائیل چییه ده‌یزانی كه ده‌بێ ڕقی لێی بێت. كه پێش ئه‌وه‌ی بزانه ئاڵا نیشانه‌ی چییه و بۆ هه‌یه هه‌موو ڕۆژێ پێی ده‌خسته سه‌ر ئاڵای وڵاتانی "دوژمن" ... چاوم له وێنه‌كه ده‌كرد و خۆمم وه‌بیر ده‌هاته‌وه. ئه‌و كوڕه بچووكه من بووم. هاوڕێكانی من بوون. ئێمه‌یه‌كی كه به ڕ‌ق و كین گه‌وره كراین و زۆربه‌مان قه‌ت فێر نه‌بووین باوه‌ڕه‌كانمان به بیركردنه‌وه هه‌ڵبژێرین. تێناگه‌م، چۆن دڵمان دێ منداڵه‌كانمان تووشی ئه‌و ئازاره بكه‌ین كه فێری قین و ڕ‌ق وكینه بن له شتێک و كه‌سێک كه نایناسن و هیچی لێ نازانن. تێناگه‌م چۆن دڵمان دێت دڵی پاكیان به قین ڕه‌ش كه‌ین؟ ئیتر ناتوانم بڵێم قه‌ی ناكات! ئه‌و هه‌موو ڕ‌ق وكینه بۆ؟
October 21, 2007
لێره كه من دانیشتووم سه‌رچڵی داره‌كانی پێش ماڵه‌كه‌مم لێ دیاره و هه‌ر ئه‌م ئێواره‌یه‌ش بوو بڕیارم دا ئه‌و له‌ته ئاسمانه‌ی پشت په‌نجه‌ره‌كه‌م به ناوی خۆم بكه‌م. با هی من بێت. با بۆ من بێت! داوێنی ئه‌و له‌ته ئاسمانه وه‌ک بلێی تێكه‌ڵی زه‌رد و ناره‌نجی سه‌رچڵی داره‌كان بۆته‌وه و خۆشی تا چاو بڕ ده‌كات خۆڵه‌مێشییه. خۆڵه‌مێشییه‌ک كه له به‌ر تیشكی بێ تینی خۆری ئێواره‌پایز بریقه‌ی دێت... من ئێستا له‌تێک ئاسمانم هه‌یه! ڕۆژه‌كان به ئه‌سپایی ده‌گه‌ڵ خۆم تێده‌په‌ڕن. شته‌كان ڕووده‌ده‌ن و شوێنه‌كان ڕه‌نگی بیره‌وه‌رییه‌كانی من به خۆیان ده‌گرن. هه‌ر دوو ڕۆژ پێش بوو "گه‌ملا ستان" منی خسته‌وه بیری وه‌سوه‌سه‌ی به‌رده‌وامی ده‌ست بردن بۆ شته بڤه‌كان، لادان له خه‌ته سووره‌كان، پیاله‌یه‌ک شه‌رابی سپی، پێک گه‌یشتنی دوو ژن كه له‌ت و په‌تی چیرۆكه‌كانیان له یه‌ک ده‌چێت، مارگاریتا، گرمه گرمی مۆسیقایه‌ک هیچی لێ نابیستم، ڤودكا لایم، پیاسه‌ی شه‌وانه، ته‌زی بایه‌کی نیوه سارد و له‌رزی له‌شێكی ته‌واو سڕ، لێوه سووره‌كانی كوڕێكی دانماركی، چه‌ند شات تێكیلا، سست بوونی ئه‌ژنۆكان، قاقا پێكه‌نین به هیچ، برنج و مریشكی ساعه‌ت پێنجی به‌یانی .. و كه زه‌ینم پڕ ده‌بێت له هه‌را و هوریای ئه‌و بیرانه به ده‌ست خۆم نییه پێده‌كه‌نم و هاوكات پێكه‌نینم دێت به ڕوانینی پڕ‌له پرسیاری خه‌ڵک كه ده‌بینن ژنێک به ته‌نیا ده‌ڕوات و پێده‌كه‌نێت و بیرده‌كه‌مه‌وه بڵێی ئه‌گه ده‌نگه ده‌نگی ناو زه‌ینی منیان بیستبا دیسانیش هه‌ر سه‌یریان پێ هاتبا ... بیرده‌كه‌مه‌وه زۆربه‌ی ڕووداوه گه‌وره و خۆش و ناخۆشه‌كانی ژیانی من له پایزدا ڕوویان داوه. وه‌ک له دایکبوونم، كۆچی دوایی دایكم، پایزه سه‌یره‌كه‌ی ساڵی دووهه‌زار و دوو، كۆچی دوایی باوكم، چوونم بۆ كه‌مپ، ده‌ستپێكی زۆربه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی هێشتا هه‌من و خۆشمده‌وێن، هاتنی هه‌واڵێک كه گه‌وره‌ترین ئاڵوگۆڕی له ژیانما پێكهێنا و ... بیرده‌كه‌مه‌وه هه‌ركام له ڕووداوانه به شێوه‌ی خۆیان شوێنیان له سه‌ر ڕه‌وتی ژیانم داناوه و له بارێكه‌وه خستوویانه‌ته سه‌ر بارێكی تره‌وه. نازانم، وه‌ک بڵێی خۆمیان له خۆم نزیكتركردبێته‌وه، سه‌رنجم بۆ هه‌ندێ شت زۆرتر ببێت یان چاوم به ڕووی هه‌ندێ له ڕاستییه‌كانی ده‌ورووبه‌رم كرابێته‌وه. بیرده‌كه‌مه‌وه هه‌موو ساڵێ پایز كه دێت وه‌ک بڵێی لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌و یادانه هه‌ڵده‌درێنه‌وه و دیسان وه‌بیرم دێته‌وه چاوبگێرم، ببینم، سه‌رنج بده‌م و هه‌ست پێبكه‌م. وه‌بیرم دێته‌وه دوای هه‌ر كه‌وتنێک هه‌ستاومه‌ته‌وه، عه‌رزی ژێر پێم جێی مه‌تمانه‌یه و تروسكه‌ی هیوایه‌ک پاڵم پێوه‌ده‌نێت به‌ره‌و پێش بچم، به‌ره‌و ژیان. وه‌بیرم دێته‌وه له ترسه‌كانم نه‌ترسم. ڕۆژئه‌ژمێری ئه‌وساڵ به وێنه‌ی ئارام و ڕۆنیاوه له سه‌ر مێزه‌كه‌مه. لیوانێک چای گه‌رم و پێنووسێكی ڕه‌ش. ده‌فته‌ڕێكی تازه‌شم كڕیوه. له گۆشه‌ی چه‌پی سۆفاكه‌م خۆم گرمۆڵه ده‌كه‌م. خشه‌ی پێنووس له سه‌ر كاغه‌ز شتێكی تره. ده‌مێک بوو ده‌ست خه‌تی خۆمم نه‌دیبوو. هێشتا هه‌ر پێم جوانه! ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی تێپه‌ڕین دڵنیایان كردم ده‌بێ بنووسم. هه‌را و هوریای ناو زه‌ینم تا ڕزگار نه‌بن هه‌دا ناده‌ن!
October 17, 2007
کوردایه‌تی کردن به شێوه‌ی گیانله‌به‌ری ترسه‌نۆک heta degre u nagre le quzi dayku xushkit bim hey gewwadi jinde! ewesh bzane be piyawi besherefi wek tosh delen jinde to xerki gewwadi xot be u karit be ferhegu kelturi kurdewe nebe bashtire bo wey ke manay jinde bash bizani chawek le xot ke ew dem bash te degey yani chi? hajhir_taha@yahoo.com Tue, 16 Oct 2007 23:42:06 -0700 - PDT ئه‌و چه‌ند دێره‌ی سه‌ره‌وه گیانله‌به‌رێک ناردوویه‌تی. له سه‌ر ئیزنی خۆم نه پێی ده‌ڵێم پیاو و نه مرۆڤ. كۆڵێک پێكه‌نیم. مێهره‌بانانه لێكی داوه‌ته‌وه بۆچی به منی "گه‌واد" ده‌ڵێن "جنده". به "پیاوێكی بێ شه‌ره‌فی وه‌ک من". به‌س دوو شت: یه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و گیانله‌به‌ره چاوی به‌رایی نادا ببینێ و ته‌نانه‌ت به زه‌ینی وشک و برشاویدا نایه‌ت که "زه‌عیفه‌یه‌ک" قسه ده‌كات و له‌ویش خراپتر به ده‌نگی به‌رز بیرده‌كاته‌وه و دوو دڵم به‌و فه‌رهه‌نگه به‌ستزمانه‌ی كورد ده‌سووتێ كه "دڵسۆزی" ئاوای هه‌یه و داخی گرانم هه‌ر له سایه‌ی "دڵسۆزی ئاوا عاقڵ و ته‌واوه" كه ئه‌و فه‌رهه‌نگه وا له قوڕێوه چووه.
October 13, 2007
كاک سه‌عید زه‌نگی لێدا و جێژنه پیرۆزه‌ی كرد. هه‌رچی كردم وه‌بیرم نه‌هاته‌وه جێژنی چی! "جێژنی ڕه‌مه‌زان" ، ئه‌و گوتی! كاک سه‌عید جێژنه پیرۆزه‌ی ده‌كرد و من بیرم له ڕه‌مه‌زانی پار ده‌كرده‌وه، كه مانگێكی ته‌واو دووكانه‌كان ئاویان به ئاشكرا نه‌ده‌فرۆشت، كه چه‌نده گه‌رم بوو، كه شوێنی نانخواردن به زه‌حمه‌ت په‌یدا ده‌بوو. كه كچه وه‌کی دی سه‌ڕ ڕووته‌كانی سولێمانی به سه‌رپۆشه‌وه ده‌گه‌ڕان و به دزی شتیان ده‌خوارد. كه من جێژنی ڕه‌مه‌زانی پار نه‌چووم بۆ سه‌رقه‌بران. كه جێژنی ڕه‌مه‌زانی پار ئه‌وانی له ده‌وری یه‌ک كۆ نه‌كرده‌وه. كه من به‌یانی ده‌گه‌ڵ یه‌كیان و پاشنیمه‌ڕوكه‌ی ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تریان "جێژنه‌م" كرد ... ساڵێکی تریش زۆر زوو تێپه‌ڕێ!
October 12, 2007
بیست ڕۆژێک له ده‌ستپێكی پایز تێده‌په‌ڕێ. پایزێكم وه‌بیر نایه‌ت هێنده‌ی پایزی ئه‌مساڵ ئارام بووبێم. پایزێكم وه‌بیر نایه‌ت هێنده‌ی پایزی ئه‌مساڵ دانه دانه‌ی ڕۆژه‌كانی ژیانم ژیابێم، ترپه‌ی دڵم ناسیبێته‌وه و دڵنیای هه‌نگاوه‌كانم بووبێم. پایزێكم وه‌بیر نایه‌ت هێنده‌ی پایزی ئه‌مساڵ له چركه‌دا ژیابێم. وه‌ک بڵێی هه‌موو ئێواره‌یه‌ک له قورسایی باری هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ی تێپه‌ڕین كه‌مێک كه‌م ده‌بێته‌وه. وه‌ک بڵێی هه‌ناسه‌كان سووكتر دێن. وه‌ک بڵێی میوه‌ی دڵته‌نگییه‌كانم گه‌یشتووه و كاتی لێكردنه‌وه‌یان هاتووه. پایزی ئه‌مساڵ جیاوازه. نه‌ک بڵێم وایه كه هه‌موو شتێک له سه‌ر جێی خۆیه‌تی. كه هه‌موو برینه‌كان سارێژ بوونه‌ته‌وه، كه هه‌موو دڵه‌ڕاوكه‌كان دامركاون، كه هه‌موو چاوه‌ڕوانییه‌كان كۆتاییان پێ هاتووه ... نا، خواكان خۆیان ده‌زانن هه‌زار برینی سه‌ركراوه هه‌یه كه هه‌موو ڕۆژێ ده‌كولێنه‌وه. پایزی ئه‌مساڵ به‌ڵام یه‌كه‌مجاره ناترسم، نه له برینه سارێژ نه‌بووه‌كان، نه له دڵه‌ڕاوكه‌كان، نه له چاوه‌ڕوانییه به‌رده‌وامه‌كان. با ئاوا بڵێم یه‌كه‌مجاره ترسه‌كانم له به‌رامبه‌ر ئارامی ڕۆژه‌كانم كاڵ و كه‌م ده‌بنه‌وه وا كه ئیتر نامترسێنن ئه‌گه‌رچی له پایزی هه‌موو ساڵێک ته‌نیاترم! ناوی چییه؟ گرنگ نییه. ده‌ربه‌ستی ناونیم. گرنگ ئه‌وه‌یه ئێستا ڕۆژه‌كان ئاوان كه هه‌ن!
October 11, 2007
ژنێكی وردیلانه‌ی شیرینه. زۆر شیرین. باوه‌ڕ ناكه‌م ته‌مه‌نی له په‌نجا زۆرتر بێت. كه دێت به ده‌نگی خشپه‌ی پێی ده‌یناسمه‌وه. به ئاسپایی دێت و ده‌ڕوات. به‌رپرسی خاوێنكردنه‌وه‌ی به‌شه‌كه‌ی ئێمه. هه‌موو ڕۆژێ به بزه‌یه‌كی نه‌رم وڵامی به‌یانی باشه‌كانی من ده‌داته‌وه و به ئاسپایی دوور ده‌بێته‌وه. ئه‌مڕۆ چركه‌یه‌ک له لای وه‌ستام. حاڵیم پرسی. لێیم پرسی به چ زمانێک قسه ده‌كات. ده‌ستی خسته سه‌ر گۆشه‌ی چه‌پی سنگی. به ده‌نگێكی نه‌رم گوتی "من كوردم. كورمانجی قسه ده‌كه‌م". وه‌ک بڵێی له‌تێكی گۆشه‌ی چه‌پی سنگی بۆنی ئه‌و‌ێی لێ بێت. وه‌ک بڵێی له‌تێكی ئه‌و‌ێی له گۆشه‌ی چه‌پی سنگی دا جێ كردبێته‌وه ... ئه‌مڕۆ، ته‌واوی كات، ئه‌و ژنه وردیلانه شیرینه‌م له به‌رچاو بوو كه ده‌ستی خستۆته سه‌ر دڵی و ده‌ڵێ من كوردم! "باربی" بووكه شووشه‌یه‌كی ڕه‌ق و ته‌قه. ناوقه‌د باریكی مه‌مک قیت، باڵه‌به‌رزێكی شۆخ! لێوه‌كانی هه‌میشه سوور، چاوه‌كانی ڕه‌ش و قژی هه‌میشه شانه كرا‌و. ته‌نانه‌ت ئه‌و نه‌وعه باربییه كه منداڵی له سگ دایه ناسک و باریک و ڕێک و پێک ماوه‌ته‌وه و قیتی مه‌مكۆله‌كانی هه‌ر وه‌ک خۆیه‌تی. جله‌كانی باربی به گشتی ڕووتن. ئه‌گه دامه‌ن یان شه‌ڵواری درێژیشی له به‌ردابێت قۆڵ و سه‌ر و سنگی هه‌ر ڕووته، یان به پێچه‌وانه. چه‌ند ساڵێک ده‌بێت ته‌ب و تای "باربی" وڵاته ئیسلامییه‌كانیشی گرتۆته‌وه و دایکوباوكه دینداره‌كانیش به‌هانه‌یان درایه ده‌ست كه ئه‌و بۆكه شووشه‌یه بۆ منداڵه‌كانیان بكڕن. "باربی" ئه‌و یه‌ک دوو ساڵێكه به سه‌رپۆش و سه‌ر و مه‌ل و ده‌ست وپێی داپۆشراو له پێش په‌نجه‌ره‌ی دوكانه‌كان داندراوه و ئه‌و دایک و باوه‌كانه‌ی ترسی وه‌یان له دڵدابوو سه‌ر و ملی ڕووتی باربی شوێنی خراپ له سه‌ر كچۆڵه‌كانیان دابنێت، به خۆشحاڵییه‌وه باربی سه‌رداپۆشڕاوی به حوجب و حه‌یا ده‌ده‌نه ده‌ست كیژه‌كانیان و دڵنیان كه كچه‌كانیان له "داهاتوویه‌كی خراپ" ڕازگار كردووه ... ئه‌وه‌ی خۆشه ئه‌وه‌یه كه باربی ڕووت و باربی داپۆشراو یه‌ک‌شت و هه‌مان شتن. باربی به سه‌رپۆشه‌وه چاو لێده‌كه‌ی ده‌بینی هه‌مان باربی ناوقه‌د باریكی لێوسووری مه‌مک قیته‌یه و هیچ جیاوازییه‌كی تری نییه ده‌گه‌ڵ باربی ڕووته‌كه. ده‌مه‌وێ بڵێم یانی ئه‌و دوو له‌تكه جله‌ی به سه‌ڕ و ڕووی ئه‌و بووكه ڕه‌ق وته‌قه‌یان دادا ناوه‌ڕۆكی شته‌كه ده‌گۆڕدرێت؟ یانی ئه‌وه‌ی كه باربی و ئه‌و سه‌رمه‌شقه‌ی دایده‌دا له خۆیدا جێی پرسیاره به دوو كوت جلی ته‌نگ و ته‌سكی ڕه‌نگاوڕه‌نگ ده‌بێته نموونه‌یه‌كی باش بۆ كچی وڵاتی ئیسلامی؟
October 10, 2007
من مێردم به پیاوێكی كه‌چه‌ڵ كرد. كه‌چه‌ڵ كه نا، تاس! پێش ئه‌وه‌ی مێرد بكه‌م قه‌ت قه‌ت پێموانه‌بوو مێرد به پیاوێكی تاس ده‌كه‌م. هه‌میشه بیرم له پیاوێک ده‌كرده‌وه كه قژێكی پڕی جوانی هه‌یه، كه ده‌توانم ئه‌وكات كه سه‌ری خستۆته سه‌ر شلكه‌ی ڕانم به سه‌رپه‌نجه‌كانم كایه به قژی بكه‌م و له بێده‌نگیدا چاو له فیلم بكه‌ین. بیرم ده‌كرده‌وه پیاوی تاس جۆرێک هه‌ستی "خۆ به كه‌م زانینی" هه‌یه كه توڕه‌ی ده‌كات و ئه‌و توڕه‌ییه هه‌میشه داوێنی ئه‌وانی تر ده‌گرێته‌وه. كه‌چی هاتم ڕێک مێردم به پیاوێكی تاس كرد... ئه‌وه‌ی بۆیه ده‌گێرمه‌وه تا وه‌بیر خۆم بێنمه‌وه كه شته‌كان ده‌توانن زۆر جار ڕێک به پێچه‌وانه‌ی "پێوابوونه‌كانی" من بچنه پێش. كه "داهاتوو" ده‌توانێ وا نه‌بێت كه من "ده‌مه‌وێت". كه من زۆر، بێ تام زۆر، له خۆم توڕه ده‌بم ئه‌گه هه‌روا به ئاسانی "بیره‌كانم" بخه‌مه لاوه و به پێی یاسای "قه‌زا و قه‌ده‌ر" بژیم! |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|