Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

March 29, 2003

شتێك كه‌مه. جێیه‌ك له ناو ئه‌و هه‌موو "تێكیلا سانرایز" و مۆسیقای زیندووی جاز و هات و چۆی خه‌ڵكێكی كه‌مێك سه‌ر خۆش و كه‌مێك مه‌ست ، له گۆشه‌یه‌كی نیوه تاریكی كافه‌یه‌كی بچووك له شه‌قامێكی نیوه چۆڵی شاری ستۆكهڵم ... شتێك كه‌مه ... جێی خاڵی شتێك قورسایی خستۆته سه‌ر ساته‌كان ...

ڕه‌نگه ئیراد له مۆسیقاكه بێت . ڕه‌نگه من له‌وه‌ی توڕه‌م كه بۆ مۆسیقایه‌كیان داناوه كه هیچ‌ بیره‌وه‌رییه‌ك بۆ من زیندوو ناكاته‌وه. مۆسیقایه‌ك كه په‌لی هه‌ستم بگره و بیبات بۆ دونیای شیرینی خه‌یاڵ . ڕه‌نگه ئه‌مشه‌و به‌و حاڵه‌ی منه‌وه باشتر بوو گوێم له ده‌نگی سه‌نتور بێت و خۆم به ده‌نگی سۆزی سازه‌كه‌ی ڕاژێنم تا كه‌مێك ئه‌و ژانه كه‌له ڕه‌قه ئارام بێته‌وه ....

ڕه‌نگه ئیراد له‌م خواردنه‌وه‌یه بێت. ڕه‌‌گه من چی تر نابێ "تێكیلا سانرایز" بخۆمه‌‌وه. یان له‌وانه‌یه باشتر بێت ئه‌گه‌ر ده، د‌وازده دانه له پشت سه‌ری یه‌ك ، پێداكه‌م و لێگه‌ڕێم تاڵیی تامیی ، ئه‌و ته‌مه‌یی دایگرتووم له بیر به‌رێته‌وه ... ڕه‌نگه ده‌بێ ئه‌وه‌نده بخۆمه‌وه تا بڕشێمه‌وه و ڕه‌شایی و ڕقی هه‌زار ساڵه‌ی ئه‌م خه‌مه‌م له دڵ ‌بێته ده‌ر ...

ڕه‌نگه ئیراد له جگه‌ره كێشانی ئه‌و دایك و كچه‌ی بێت له په‌نام دانیشتوون . خۆ خۆم ده‌زانم من چه‌نده به دوكه‌ڵی جه‌گه‌ره حه‌ساسم . ڕه‌‌‌نگه باشتر بێ هه‌ستم جگه‌ره‌كانیان له ده‌ست ده‌ر بێنم و له چاویان ڕاكه‌م با هه‌ر دوو كوێر بن ... به تایبه‌ت دایكه‌كه، چاوی ئه‌و كوڕه‌ی به‌‌رامبه‌ری كوێر كرد هینده‌ چاوی تێبڕی ....

ڕه‌نگه ئیراد له باران بێت . هه‌ر له منداڵییه‌وه كه به‌هار ده‌هات و بارانی پێ نه‌ده‌بوو، ده‌تگوت شتێكم لێ ون بووه. حه‌ز ده‌كه‌م باران ببارێ. حه‌ز ده‌كه‌م كاتێ باران ده‌بارێ برۆم پیاسه بكه‌‌م. حه‌ز ده‌كه‌م له ژێر باران ته‌ر بم . حه‌ز ده‌که‌م گوێ بگرمه ده‌نگی باران . حه‌ز ده‌كه‌م هه‌موو جێیه‌ک پڕ‌بێت له بۆنی گڵ‌ ... كه‌س نییه بڵێت ئاخر به‌هاری بێ باران به كاری چی دێت ....

نا ... نا، پێم وایه ئیراد له جێیه‌كی تره‌وه . به هه‌ڵه نه‌چوو بێم ده‌بێ ئیراده‌كه له خۆم بێت. پێم وایه ئه‌و شته‌ی كه‌‌مه بۆ خۆمم . من جێم ئێره نییه. لێره دانیشتووم و لێره نیم ... بریا توانیبام هه‌ر لێره دانیشم و لێره‌ش بام. بریا مۆسیقای جازی ئه‌‌مشه‌و ببا به پردێك له نێوان من و ئه‌وان ... من و ئه‌وێ ...بریا هه‌ر لێره، له نێوان هه‌موو ئه‌و "تێكیلا سانرایز" و مۆسیقا و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی مه‌ست و سه‌رخۆشن ون بووبام ... بریا ئه‌م ژیانه منیشی له خۆیدا ون كردبا ...



March 28, 2003

ده‌زانی ئه‌و دڵه شتێكی سه‌یره، من كه ماوه‌یه‌که به كاره‌كانی هه‌ر پێده‌كه‌نم و هه‌وڵ ده‌ده‌م له خۆشێت كردنه‌كانی دڵگیر نه‌بم. به‌ڕاست ڕازی بوون یان نه‌بوونی من تا ئێستا هیچ شوێنێكی له بڕیاره‌كانی ئه‌و نه‌بووه. به هه‌ر زمانێكیش كه بته‌وێت حاڵی كه‌ی چی به چییه، فایده‌ی نه‌بووه و نابێت. وا دیاره ئه‌و دنیای خۆی هه‌یه، ڕاستییه‌كانی تایبه‌تن و ته‌نانه‌ت وا هه‌ست ده‌كه‌م حكومه‌تێكی خودموختاریشی پێك هێناوه‌ و به قسه‌ی من ناكات. جا وه‌ره تۆ هه‌ول بده پێی حاڵی كه‌ی كه نابێ یان نه‌ده‌بوو یان ... به‌ڵام چ سوود ، ئه‌و كات دیسان ....

شه‌وێكی وه‌ک ئه‌م شه‌ویش ده‌گاتێ كه بێتاقه‌تی و به ده‌وری خۆتدا ده‌سوڕێی و بیری كه‌سێك ده‌كه‌ی كه نازانی له كوێیه ....

ببووره ، زۆری له سه‌ڕ ڕۆیشتم ... باسی دڵته‌نگیت كرد وه‌بیر خۆم كه‌وتمه‌وه ...



March 27, 2003



March 24, 2003

ساڵێكی تریش تێپه‌ڕێ . ساڵێك، كه بۆ من پڕ‌بوو له حاشا كردن له ئاواته‌كان و دوور بوونه‌وه له ئاره‌زووكان. ساڵێك كه ساڵی دابڕان و جودایی بوو. ساڵی كه‌وتن وكه‌وتن و كه‌وتن و هه‌ستانه‌وه بوو. مردن دوو جار خۆی وه‌بیر هێنامه‌وه. نیشانی دا كه بۆ شۆخی نابێ و به هه‌ناسه‌ی ڕه‌شی گوڵی ژیانی دوو خۆشه‌ویستمی هه‌ڵوه‌راند. ئه‌و ساڵه‌ی كه تێپه‌ڕی برینی زۆر تێدا بوو. برینی له ده‌ستدانی خۆشه‌ویستان ، برینی جودا بوونه‌وه و دوور كه‌وتنه‌وه له‌وه‌ی كردبووت به هاورێ و هاوبه‌شی خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانی داهاتووت ، برینی لێكدابڕان و برینی تاسه و ته‌می نه‌دیتنه‌وه‌ی ئه‌زیزان. ساڵێكی زۆر خۆش نه‌بوو ، به‌ڵام له جێیه‌ك له قوڵایی دڵمه‌وه هیوایه‌ك هه‌ر هه‌بوو . هیوایه‌ك بۆ دواڕۆژێكی خۆشتر و رووناكتر . هیوایه‌ک به به‌هارێكی سه‌وز و بێ‌ژان ... به خۆم ده‌گوت، ئه‌وه تا ئێستا هه‌موو به‌هارێك به هه‌ڵا هه‌ڵا و هێرشی خه‌مێك ده‌ستی پێكردووه ، به‌ڵام هێشتا دره‌نگ نییه ... به‌هارێك دێت كه جیاوازه، به‌هارێك دێت كه له هیچ به‌هارێكی تر ناچێت . به خۆم ده‌گوت به‌هارێك دێت كه نه‌رخی گوڵ و بالنده و ئینسان ئه‌وه‌نده كه‌م نابێ ....

زۆر به‌هار هاتن و تێپه‌ڕین. زۆر به‌هار هاتن و ڕه‌نگ و بۆنی خاك و خۆڵ و خوێنیان لێده‌هات. زۆر به‌هار هات و به جێی گه‌شت و سه‌یران ، ئاواره‌یی و هه‌ڵات هه‌ڵاتی بۆ هێناین ... زۆر به‌‌هار هات و ئاوا ڕۆیی ... هه‌ر به‌هارێك كه هات
به خۆم ده‌گوت ، ڕه‌نگه ئه‌وه ئیتر به‌هاری زۆر له مێژچاوه‌ڕوان كراو بێت... به خۆم ده‌گوت ڕه‌نگه كۆتایی ده‌نگه‌كان سرودی ئازادی بێت ... ڕه‌نگه كۆتایی ڕه‌‌نگه‌كان سه‌وزایی ده‌شت و چیا و شینایی ئاسمان بێت ...


هه‌ر هه‌وری ڕه‌ش و خۆڵاوی بوو هاتن و به‌ڕی ئاسمانیان به من گرت و هه‌ر من بووم ده‌مگوت: چ نییه ، شنه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌یه و هه‌وره‌كان ڕاده‌دات . ئه‌و هه‌وره ڕه‌ش و توڕانه‌ی هه‌ر ده‌گرمێنن و نابارێن ون ده‌بن و ئاسمان ناوچاوانی ده‌كرێته‌وه . هه‌ر من بووم ده‌مگوت :‌ باڵنده‌كان ده‌گه‌رێنه‌وه و ده‌نگی تۆپ و ته‌یاره و ته‌قینه‌وه‌مان له بیر ده‌به‌نه‌وه ... هه‌ر من بووم ده‌مگوت به‌هارێك دێت هیچ ‌باڵنده‌یه‌ك بۆ ته‌نیایی دڵی منداڵه‌كانی نیشتمانی من ناخوێنێ ... هه‌ر چریكه‌یه‌ك كه بێت گۆرانی خۆشه‌ویستی و ئه‌وینه ... هه‌ر من بووم ده‌مگوت ئه‌م به‌هاره كه بێت به باوه‌شێك گوڵی ڕه‌نگاوڕه‌نگ كه ناویان فێر ده‌بم ، سه‌ر به ماڵی هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆشمده‌وێن ده‌كه‌م و فێریان ده‌كه‌م چۆن گوڵه‌كانیان خۆش بوێت ... هه‌ر من بووم ده‌مگوت ....


ئێستا به‌ڵام ده‌لێی گه‌وره بووم . ئیمانم به هیچ نه‌ماوه . چاوه‌رێی هیچ به‌هارێك نیم كه تێیدا حاشا له ئاواته‌كانم نه‌كه‌م و سه‌ری ئاره‌زووكانم نه‌‌بڕم ... ئێستا ئیتر چاوه‌رێی هیچ به‌هارێك نیم تێیدا به ده‌شته‌كان دا بگه‌رێم و ناوی گوڵه‌كان به كوردی فێر بم . ده‌لێی گه‌وره بووم . ده‌لێی خه‌ونه‌كانم له خاك و خۆڵ و خوێنی به‌‌هاره‌كانی پێش بێ سه‌رو شوێن چووه . ده‌لێی به‌هار یانی شه‌ڕ ، شپرزه‌یی ، شڕی و شین و شیوه‌ن و شێواوی و شه‌هید بوون ... ده‌لێی كه‌سێك یان شتێك وه‌بیرمان دێنێته‌وه حه‌وت شینی سفره‌كانمان بگۆڕێن ... كه ده‌نگی باڵنده‌یه‌ك ده‌بیستم ده‌لێم چ ته‌نیایه، حه‌یف كه ئیتر قه‌ت ئاشق نابێ ...


******
ساڵێكی تریش تێپه‌ڕی . نازانم چۆن بوێرم هیوام به ساڵێكی خۆش و به‌هارێكی سه‌وز بێت. هیچ شتێك مزگێنی ئه‌وه‌م پێنادات ... ناوێرم له به‌ر هه‌رچی خودا و شه‌یتانه بپارێمه‌وه ئه‌و به‌هاره‌ش سه‌ر نه‌بڕن ... ناوێرم ئاره‌زوو بكه‌م برسیه‌تی و برین و ئاواره‌یی ببێت به خه‌ونێك كه قه‌ت پێی ناگاته كۆڵانی خه‌وه ساكار و شیرینه‌كانی منداڵانی نیشتمانم ... ناوێرم ساڵی تازه پیرۆزبایی له كه‌س بكه‌م، چونكه هیچ شتێك نوێ نه‌بۆته‌وه ...
ته‌نانه‌ت ده‌نگی ئه‌و باڵنده‌ی له سه‌ر لقی دارێكی بێ گه‌ڵای پێش ماڵی من ده‌خوێنێت ته‌می به‌هارێكی تێدا كه هێشتا پێی نه‌گه‌یشتۆته ئه‌م وڵاته‌ش ....





March 19, 2003

سه‌رت داخه‌ و هێدی بڕۆ. جوان نییه له ناوڕاستی ئه‌م شه‌قامه فرمێسكت بێنه خوار. خه‌ڵك هیچی باش ناڵێن!!! باشتره ئاسایی به‌رێگه‌دا بڕۆیی. پشت سه‌ریشت چاو لێمه‌كه. له‌م كۆڵانه‌ش پێش به خۆت بگره، هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی له ناو مێترۆ نه‌تهێشت فرمێسكه‌كانت بڕژێنه خوار .... لێره‌ش! ڕاوه‌سته تا ده‌گه‌یه‌وه ماڵێ ... خۆت شێت مه‌که ، ده‌زانم سۆرایی فرمێسكه‌كان چاوت ده‌كزێنێته‌وه ، به‌ڵام ... كه‌مێكی تریش ڕاوه‌سته ... كه‌مێكی‌تر ... هێشتا زوویه !!!

دانیشه سه‌ر سۆفاكه‌! چاو له teve بكه. بیر له‌و شتانه‌ی ده‌یبینی بكه‌وه، چوزانی، له‌وانه‌یه له بیرت به‌رێته‌وه!! له‌وانه‌یه قسه زله‌كانی ئه‌و میلله‌ته ته‌نانه‌ت وه‌پێكه‌نیت بخات ... له‌وانه‌یه هه‌ر هه‌موو شتێكت له بیر به‌رێته‌وه!! یان نا ، به هیچ پێبكه‌نه!! بوغزی ئه‌م گریانه‌ت به پێكه‌نینێكی درۆ سه‌ر ببڕه!! شه‌ڕ، ترس، دوودڵی له ناو دڵتا بمرێنه ... ناتوانی ؟ ... هه‌سته ، له سه‌ر ته‌خته‌كه‌ت درێژ به ، بخزێ ژێر په‌تووكه‌ت ... كه‌س دیار نییه ... مه‌ترسه ... كه‌س گوێی له هه‌نیسكه‌كانت نابێته‌وه. ئێستا بـگــــــــــــــــری ...!!



March 18, 2003

تــــــــا كه‌ی گۆمی چاوه‌كانم
گۆڕستانی
نیگای مردووی بێ‌گیان ده‌بێ ؟

تــــــــا كه‌ی بزه‌ی سه‌ر لێوی دڵ
خۆراكی هه‌ناسه‌ی گه‌رمی خه‌زان ده‌بێ ؟


تـــــــــــــا كه‌ی ئاوا نیشتمانم
بێ بـــــــــه‌‌هار و
بێ نــــــــــــــه‌ورۆز و به‌یان ده‌بێ ؟


(ڕ ـ سابیر)



48 ساعه‌ت ....



March 17, 2003

:‌ دوو مانگاتان هه‌یه. فه‌رانسه ئێوه له دۆشینی ئه‌وان وێتۆ ده‌كات. ئامریكا و ئینگلیس مانگاكان له دانی شیر به ئێوه وێتۆ ده‌که‌ن .
چه‌په‌کان :‌ دوو مانگامان هه‌یه ... زۆر مانگامان كه‌مه جارێ .

ڕاسته‌كان : دوو مانگامان هه‌یه ... حه‌یف ، زۆرترمان هه‌بوو جاران .
سیستمی هاوبه‌شی : دوو مانگامان هه‌یه بۆ هه‌موو خه‌ڵك. مانگای هه‌موو خه‌ڵك بۆ ئێمه .


پۆلاریسم :‌ دوو گای نێر و مێتان هه‌یه ! هه‌ركامیان بدۆشن فه‌رق ناكات !
ئاپارتاید : دوو مانگاتان هه‌یه. شیری مانگا ڕه‌شه‌كه ده‌ده‌ن به مانگا سپییه‌که. به‌ڵام مانگا سپییه‌كه نادۆشن .


خاوه‌ن كار :‌ دوو مانگامان هه‌یه. ده‌یفرۆشین، ده‌ستگایه‌كی دۆشینی شیری پێده‌كڕین .
به فه‌رهنگه‌كان :‌ دوو مانگامان هه‌یه، ده‌ێفرۆشین كه‌رێكی ده‌كرین بۆ دۆشین تا منداڵه‌کانمان ده‌بن به دووكتور و وه‌كیل.


ڕوناكبیر : ‌دوومانگاتان هه‌یه ، هه‌ردووكیان بفرۆشن و به جێی وان مانگایه‌كی "نوێ" بكڕن .
ده‌رهێنه‌ری سینه‌ما : دوو مانگاتان هه‌یه ، ڕه‌نگه ئاشقی یه‌‌كن .


ئه‌وه‌ی هێشتا نه‌چۆت بۆ زانكۆ :‌ دوو مانگام هه‌یه ، ده‌یفرۆشم ده‌چمه دانیشگاه .
ئه‌وه‌ی ده‌رسی ته‌واو كردووه :‌ مه‌دڕه‌كه‌كه‌م ده‌فرۆشم و دوو مانگای پێ ده‌کڕم .



March 16, 2003

.....
گـــــــــــــه‌لێ گریاوه شارێ بۆ مه‌زارێ
ده‌بێ شینی چلۆن بێ، مه‌رگی شارێ

كه‌سێ نه‌یدیوه تا ئێستا به‌هـــــــــارێ
كه‌ بــــــــــــاران و تـــه‌می مردن ببارێ


بـــــه‌هاری چی! وه‌كوو پاییزه ئه‌مڕۆ
له شاری خه‌م،ژیانیش زیزه ئه‌مڕۆ


بـــــــــه‌هاران كێ گه‌ڵاڕێزانی دیوه
گوڵی باخی هه‌ڵه‌بجه هه‌ڵوه‌ریوه


نه هــــــــــاوارێ، نه گریانێ ، نه شینێ
نه كه‌س مه‌رگی عه‌زیزی خۆی ده‌بینێ

.......


" شه‌ریف"



March 13, 2003

هاوڕێم :‌
ده‌مه‌و ئێواره‌یه. بارانێكی توند ده‌بارێ. ئه‌و شنه فێنكه‌ی له نێوان ده‌نكه درشته‌‌كانی بارانه‌كه خۆی ده‌رباز ده‌كات و وێت ده‌که‌وێت، ته‌زێك ده‌خاته گیانته‌وه . ئه‌مڕۆ له‌م ڕۆژانه‌یه كه حه‌زم ده‌كرد له ژێر پتو بمێنه‌وه و تا ئه‌و جێیه‌یی ده‌كرێ، خۆم بسپێرمه ده‌ست خه‌و، خه‌یاڵ ... یان هه‌ر چی كه دووره له بێداری ... ئاسمان سه‌یر ناوچاوانی تێك ناوه ... له‌شی ڕۆژ له ڕه‌شایی هه‌وره‌كانا مه‌لۆتكه كراوه ... بارانێكی توند ده‌بارێ ....

ده‌زانی ... بیری تۆم كردووه ... بیری دیتنی تۆ، شاره‌كه‌م ، گه‌ره‌که كۆن و خۆڵاوییه‌كان ... یان نا ... زۆر ده‌مێكه بیرم له شاره‌كه‌مان نه‌کردۆته‌وه . زۆر ده‌مێكه خه‌ونتان پێوه نابینم ... زۆر ده‌مێكه ده‌ڵێی له جنسی ئێوه نیم ... نه ئێره به ماڵی خۆم ده‌زانم و نه ئه‌وێ ... ده‌ڵێی نه خه‌ڵكی ئێره‌م ونه خه‌ڵكی ئه‌وێ


ده‌زانی، جار نا وا هه‌ست ده‌كه‌م قسه‌كانی ڕۆژانه ماندووم ده‌كات . گوتنی "من باشم و تۆ چۆنی و سڵاو بگه‌ینه" قسه‌ی من و تۆ نییه ... ده‌زانی ، هه‌ر ئه‌و هه‌سته كه به قه‌د بیره‌كانی خۆم ناژیم ، تاڵی مردنم وه‌‌بیر ده‌خاته‌وه ...



March 8, 2003

هه‌ر وه‌كوو بێگانه‌یێ دڵ ‌پـــــــــڕ ‌له ناكامی و گـــــــــــرێ
له‌م هه‌موو ده‌سته، نه‌بوو ده‌ستێ كه بێی و ده‌ستم گرێ

ڕۆژی جیهانی ژنه! له به‌ر دڵی ژنان تر، ویستم پیرۆزباییه‌ك بكه‌م ، كه‌چی سه‌ری بڕاوی مرێم،له ناو ده‌ستی باوكی هاته به‌رچاوم. تارماییه‌ک پێش چاوی گرتم ، فادیمه‌م كه‌وته‌وه بیر و ته‌رمی خوێناوی پێڵام بۆ زیندوو بووه ...

بمبوورن، پیرۆزباییتان لێناكه‌م ، به‌ڵام ئه‌م كارته پۆستاڵه‌تان پێشكه‌ش ده‌كه‌م :‌





March 7, 2003

سه‌رت داخه و بێده‌‌نگ بۆ خۆت له گۆشه‌یه‌کی دانیشه! نه‌كا بگری! خۆ خه‌ڵكی ده‌ناسی ! باشتره ئاسایی دانیشی، چاو له ده‌ور و به‌رت بكه،، بزه‌یه‌کیش لێبده‌ی قه‌یی ناكات، به‌شداری باسه‌كان به! خۆ ده‌زانی هه‌موو چاوه‌كان وشیاری تۆن. كه‌س گوێی له هاواری دڵت نییه، كه‌س له‌رزینی لێوه‌كان و گریانی بێده‌نگت نابینێ ، ئه‌وان سه‌رقاڵی باسی سیاسی خۆیانن. ئامریكا و توركیه ده‌خه‌نه به‌ر په‌ڵاماری جوێنان ... به‌ڵام له بیرت بێ ئاسایی دانیشی، بزه‌یه‌کیش لێبده‌ی خراپ نییه !

كۆمه‌ڵێكت لێ كۆبوونه‌ته‌وه، چه‌ند كه‌سێك به ده‌‌‌نگی به‌رز باسی له دار دانی كوڕه‌كی سه‌قزی ده‌که‌ن، ئه‌وانی دی نوكته‌ی زه‌ریف ده‌گێرنه‌وه . چه‌ند كه‌سێكیش ‌باسی 8 مارس و تایبه‌تمندییه‌كانی ئه‌و ڕۆژه‌‌ده‌كه‌ن ... تۆ كارت چییه، ئاسایی دانیشه، بزه لێبده و ئه‌گه بتوانی به‌شداری باسه‌كانیش بی، خراپ نییه ...

پێت ناكرێ ؟ چاو ببره به‌رامبه‌ری خۆت، بیر له هه‌ر شتێكی تر جگه له هاواری دڵت بكه‌وه . شتی تر وه‌بیر خۆت بێنه‌وه ، له‌وانه‌یه هاوار و گریانت له بیر بچێته‌وه !!!! كارت چییه، كۆمه‌ڵێكت لێ كۆ بوونه‌ته‌وه ، چاویان ... نا ، چاویان له تۆ نییه، تۆیان هه‌ر له بیرش نییه. جا با پرسه‌ی دایكیشت بێت، جا با بۆ پرسه و سه‌ره‌خۆشی هاتبنه لات ... جا با تۆ غه‌مبار و تازیه‌باریش بیت ... ئه‌وان چییان داوه به تۆ.... باسی ئامریكا و توركیه گرینگه.... تۆ مه‌گری ... نه‌كا بگری ...



March 6, 2003

شه‌و دره‌‌‌نگه و دونیا بێده‌نگ! ئاسمان و زه‌وی و ته‌نانه‌ت خواش له خه‌و دان. نه ترپه‌ی پێی ڕێبوارێك، نه ده‌نگی باران، نه هه‌ناسه‌ی با ، نه‌ مانگ به تاقی ئاسمانه‌وه له‌ق وه‌ستاوه ! شه‌و دره‌نگه ، سه‌مای سێبه‌ری ساردیی ساته‌كان ، سه‌رلێشێواوی كاته‌كانت وه‌بیر دێنێته‌وه. ئه‌و كاتانه‌ی كه تۆ خۆت نیت و مێهره‌بانی ئه‌وه‌نده دووره تۆ ده‌ستت ناگاتێ.

شه‌و مینا دڵی من ...

شه‌و دره‌‌‌نگه، هه‌نووكه یادت ده‌كه‌م و نازانم ده‌گه‌ڵ‌ تكای دڵم چی بكه‌م . ته‌می دووریته جیهانی وا له به‌ر چاوانم ته‌سك كردۆته‌وه ... ته‌سك "به‌قه‌د ژووری دڵته‌نگی كچێك به‌ر له خۆ كوشتن" ...

هه‌نووكه یادت ده‌كه‌م و ده‌ستت ناگاته تكای دڵم ، تا مێهره‌بانیت بكه‌ی به سه‌یوان بۆم و نه‌هێڵی گللێره‌ی خه‌م به سه‌رما ببارێ ...

هه‌نووكه یادت ده‌كه‌م ...



March 3, 2003

ده‌ڵێم بریا منیش كه‌مێك زۆرتر پێشكه‌وتوو ده‌بووم و جیهانی ده‌ژیام، به‌ڵام وادیاره نابێ. حه‌ز ده‌که‌م بزانم ئه‌وانی دێنه ئورووپا و ئیتر چیتر بیر و تاسه‌ی شار و شارۆچكه‌ و گونده‌كانی خۆیان ناكه‌ن و بێ خه‌م و خه‌یاڵ‌ ده‌ژین، چۆن بیر ده‌که‌نه‌وه و مێشكیان چۆن ئیش ده‌كات !!! به‌ڕاست خۆزگه به‌م جۆره ئینسانانه، كه‌یفی خۆیان ده‌که‌ن و بیر له كه‌س ناكه‌نه‌وه ، منیش له جل و به‌رگ و زۆر شتی خۆم لێده‌ده‌م تا ... ، هه‌ر لێی گه‌رێ !!!

دانیشتبووم چاوم له وێنه‌ی سروشتی شوێنه‌ جۆر به جۆره‌کانی ئێره ده‌كرد كه پــــــــه‌ریله گرتبوونی و زۆریش جوان بوون . بیرم كرده‌وه هه‌میشه پێم وابوو ئه‌گه رۆژێكی له شوێنێكی ئاوا بژیم زۆر به‌خته‌وه‌ر ده‌بم و یان هیچ نه‌بێ تام و چێژێكی تایبه‌ت له ژیان وه‌رده‌گرم ... كه‌چی ئێستا هه‌ر دێت و زۆرتر بیری سروشتی بێگه‌ردی لای خۆمان ده‌كه‌م و تاسه‌یی ئۆقره‌ی لێ هه‌ڵگرتووم. زۆر بیری ئـــــــــــه‌وێ ده‌كه‌م ... ، به‌تایبه‌ت ئه‌م ڕۆژانه كه ده‌زانم له‌وێ ئه‌وه به‌فره‌كان ورده ورده ده‌توێنه‌وه و هه‌موو جێیه‌ك پڕ‌ده‌بێ له بۆنی به‌هار . به هه‌ر گه‌ره‌كێكیدا بڕۆی چه‌ند ماڵ ‌خه‌ریكی ماڵ ‌هه‌ڵگرتنه‌وه‌ن و تۆزته‌كێن لێدان و هه‌ندێ ماڵ فه‌رشه‌كانیان ده‌شۆن ، جێگه و بان هه‌ڵده‌خه‌ن و شووشه‌ی په‌‌نجه‌ران ده‌سڕنه‌وه ... ده‌ڵێی له‌وێ سه‌رباقی هه‌موو سه‌ختی و چه‌له‌مه‌ی ژیان، هه‌میشه شتێك هه‌یه ده‌ستی پێوه بگری و هه‌ستێوه.

لێم وه‌ده‌نگ مه‌ین پێم بڵێن : وانییه و هه‌وڵ بده چێژ له ژیان وه‌رگری و چووزانم شتی وا. بیری ئه‌وێم كردووه و به ده‌ستی خۆم نییه. خۆ هه‌ر له سه‌ره‌تاوه گوتم من زۆر پێشكه‌وتوو نیم و ناتوانم جیهانی بژیم!!!! دیاره ئه‌گه واش بڵێن قسه‌یه‌کی خراپتان نه‌كردووه ، ڕاسته، هه‌ڵه‌ی منه ، من ده‌بێ ئه‌و "هه‌ست و مه‌سته‌ی" وه‌ڵا نێم و كه‌مێك بێ‌خه‌یاڵتر بژیم . منیش ده‌بێ بیری زۆر كه‌س و زۆر شتان لاده‌م و زۆرتر بیر له خۆم بكه‌‌مه‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی دونیای كه‌س و كار و خاك و وڵات بژیم!!! ده‌بێ من كه‌مێك زۆرتر خۆپه‌رست بم و بیر له زۆر شتان نه‌که‌مه‌وه .

ئێستا بۆ باسی ئه‌و شتانه ده‌که‌م ؟ گوێ ده‌ده‌مه سرودی " خوایه وه‌ته‌ن ئاوا كه‌ی ....." . ئه‌م سروده من ده‌باته‌وه سه‌رده‌می منداڵیم و به‌هار و خۆ ماندوو كردنه‌كانی دایكم و ...

****
خۆ ده‌زانم له وڵاته داگیر كراوه پارچه پارچه‌كه‌ی من ، زۆر شت كه‌‌مه و زۆر شت هه‌ر نین. خۆ ده‌زانم نه ئازادی هه‌یه و نه مافی ژیان ... خۆ ده‌زانم ئێستا له‌وێش، له وڵاتی خۆشم، خۆم به میوان ده‌زانم ، میوانێكی بێ‌قه‌در ... به‌ڵام چی بكه‌م بیرم كردووه ... بیرم كردووه و دڵم بۆی لێده‌دات .....



March 2, 2003

هه‌ندێ قسه‌ هه‌ن بۆ گوتن، به‌ڵام زۆر قسه هه‌ن بۆ نه‌گوتن ... ئه‌و دووانه تێكه‌ڵ ‌مه‌که !!!



March 1, 2003

له سووچی ژووری نیوه تاریك، لێره كه بستێك ئاسمان و داوێنی تریفه‌ی مانگه شه‌وم لێ دیاره داده‌نیشم. ژووره‌كه‌م تژی بێ ده‌نگییه. هات و چووی خه‌یاڵی تۆ و ترپه‌ی پێی باران چ ده‌ریای ئارامی بیرم ناشێوێنێ! سات نا ده‌فڕم به سه‌ر ئاسمانی شاره دووره‌كه‌م و سات نا، له ئامێزی دایكما خه‌و ده‌مباته‌وه ! لێوانی چایه‌كه‌م له پێش ده‌ما سارد بۆته‌وه، كتێبێكی نیوه خوێندراوه له سه‌ر مێز ، چاوی بڕیوه‌ته ده‌ستم .

تا پێش په‌نجه‌ره‌ی ڕه‌ش ده‌چم! تۆ دیار نیت، منیش! چاو له ئاوێنه‌ی شه‌و ده‌كه‌م، سێبه‌رێك دێته پێش چاوم. بووه تا ئێستا بڕوانی ئاوێنه و خۆت نه‌بینی؟ لێی ورد ده‌بمه‌وه، سێبه‌ری من نییه....!


كوا هه‌ناسه‌یه‌كی گه‌رم تا قژی ته‌زیوی داره‌كان خاو كاته‌وه؟ كوا ده‌ستێك، تا داوێنی ته‌ڕی تریفه‌ی مانگه شه‌و كۆ كاته‌وه؟ كوا دڵێك تا له ژێر باران، تژی تاسه‌ی ئامێزێ بێته‌وه.... باران ده‌بارێ ...


ملوانكه‌ی شینی خه‌یاڵم پچكراوه. سه‌ر په‌نجه‌ ته‌ڕه‌كانم قژی سه‌وزی بیرت شانه ده‌كات . چاو له سه‌ر یه‌ك داده‌نێم. خۆم ده‌سپێرمه لاواندنه‌وه‌یی ئێستا، ئێستا وا پڕه له ئارامی، له حه‌سانه‌وه! ڕاست ئه‌م ساته وا گرژی ناوچاوانیی ڕووداواكان له تاریكیی خۆیا حه‌شار ده‌دات و من ده‌بات تا كۆتاییه‌كان ... تا هه‌ست پێ كردن!


هه‌ست به بوون ده‌كه‌م ... هه‌ست به ئارامی ...




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------