January 31, 2004
.: ده‌زانی، حه‌زم ده‌كرد ئێستا له لایی ده‌ریاچه‌یه‌ك بام، له‌وانه‌ی ئاوهكهیی سه‌وز ده‌نوێنێت. سه‌وز سه‌وز. ده‌مه‌و كازێوه بێت، سه‌مای تیشكی خۆری به‌یانی له سه‌ر ئاو، له داوم خات. شنه‌یه‌كی فێنك په‌نجه بخاته ناو قژمه‌وه و كایهیی پێبكات. منیش داوێنی كراسه‌كه‌م هه‌ڵكێشم و په‌نجه‌ی پێم بخه‌مه ناو ئاو و فێنكایی بڕژێته ناو دهمارهكانمهوه. مچوركێك به له‌شما بێت و تۆ له‌وێ بیت تا له پشته‌وه‌را له ئامێزم بگری و بۆن به قژمه‌وه بكه‌یی و نه‌رمه‌ی گوێم ماچ كهیی و بڵێی: من لێره‌م. هاتووم تا بمێنمه‌وه! حه‌زم ده‌كرد ئێستا دووشه‌ممه با. لای ساعه‌ت یه‌كی پاش نیمه‌ڕۆ. من بێمه‌وه و تۆ ئاخر هه‌واڵه‌كانی شه‌ڕیی عێراقم بۆ بگێرییهوه ... هه‌روا كه قسه ده‌كه‌یی، من ترس وه‌لانێم، له ئامێزت بگرم، نه‌رمه‌ی گوێت ماچ كه‌م و هه‌روا كه له بۆنی سنگتدا دهتوێمه پێت بڵێم : مه‌ڕۆ، بمێنه‌وه! و ئیتر نه من بترسێم و نه تۆ ماندوو بیت و نه ژیان وه‌ك خۆیی بمێنێته‌وه .... *** ده‌ڵێت: خهتهكانت زۆر تێكه‌ڵن! ئه‌وه خه‌تی ته‌مه‌ن، ئه‌وه‌یان پاره، ئه‌و خه‌ته یانی جاروبار شێتی. بێسه، لێره، ئه‌و خه‌ته یانی كه‌مێك عه‌قل له لات په‌یدا ده‌بێت! هه‌ر ئه‌وه‌یه لێت ناگه‌رێت ... ئاخ ، لهعهنهت له عه‌قڵ. بۆچیمه! بزانه هیچ خه‌تێك پێت نالێت چۆن له چنگ ئه‌و تۆزه عه‌قڵه ڕزگار ده‌بم ...؟! ڕه‌سم وایه بۆ خوێندنه‌وه‌ی چاره‌نووس چاو له به‌ری ده‌ست ده‌كه‌ن. كه‌س كاری به پشتی ده‌ست نه‌داوه. نه‌مبیستووه كه‌سێك بڵێت باچاوێك له پشت ده‌ستت بكه‌م بزانم ... چاره‌نووس له به‌ری ده‌ست ده‌نووسرێت. بـــــــۆ؟ نازانم! كه‌س ده‌زانێت؟ كه‌س كاری به پشتی ده‌ست نییه، مه‌گه‌ر ئه‌و كاتانهیی ده‌یانه‌وێت داغت كه‌ن! كه‌م كه‌س هه‌یه پێیان نه‌گوت بێت: با بگه‌ینه‌وه ماڵێ، پشتی ده‌ستت دا‌غ ده‌كه‌م بۆ حه‌وت پشتت عاقڵ بیت!!! به قسه‌یی من ئه‌گه‌ر بێت، پشتی ده‌ست بۆ ماچ كردن داندراوه. بێ هیچ خه‌ت و نیشانێك بۆ خوێندنه‌وه‌ی چاره‌نووس. پشتی ده‌ست داندراوه بۆ ماچ كردن. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بۆنی مێخه‌كی لێ بێت! ئاخ ... لهعهنهت له مردن، كه منی له بۆنی ده‌ستت، له ماچی پشت ده‌ستت بێبه‌ش كرد! ده‌ڵێت: ئه‌وه خه‌تی ژیانته. ورده‌و، ئا لێره‌دا كۆتایی دێت... لێی ده‌پرسم: ژیانی من له كوێرا ده‌ستی پێكرد؟ ده‌یبینی؟ به سه‌یره‌وه چاوم لێده‌كات، وه‌ك بڵێی بێماناترین پرسیاری لێ كرابێت، شان هه‌ڵده‌خاته‌وه، گرێیه‌ک داوێته ناوچاوانی، "ئه‌و ڕۆژه‌ی له دایك بوویی"، زۆر نابه‌دڵی وڵام ده‌داته‌وه. به ته‌وسه‌وه پێده‌كه‌نم. ها، نه‌تزانی. ئه‌و خه‌تانه هه‌موو درۆن. ژیانی من ... *** ئه‌رێ به‌ڕاست كه خه‌ونه ناخۆشه ئاڵۆزه‌كان وه‌راست ده‌گه‌رێن، مرۆڤه‌كان چی ده‌كه‌ن؟ من ئێستا چی بكه‌م؟
January 28, 2004
.: كه تۆ تۆرایی له چاوم وه‌ك خه‌وی من له بسكت ڕهشتــــــره مانگه شه‌وی من! له سه‌ر لاپه‌ره‌كانی ده‌فته‌ره شڕه‌كه‌ی كلاسی كوردیی، به خه‌تی منداڵانه، لێره و له‌وێ شتی بۆ نووسیوم. له شوێنێك "هه‌پی فه‌یس" و له شوێنێكیتر له پشت سه‌ری مامۆستا و پێڵاوهكانیی. له گۆشه‌یی چه‌پی لاپه‌ره‌یه‌كی نیوه دڕا‌و بۆیی نووسیوم: " ئــــهسرین گوڵه، ته‌وار ئه‌سرینی خۆش ده‌وێت؟!" ... ده‌یزانی خۆشمده‌وێت، نه‌یده‌زانی؟ **** ئه‌مڕۆ ته‌واوی ڕۆژ ده‌گه‌ڵما بوویی. دوو ساڵه نه‌چووم بۆ ئه‌و قاوه‌خانه‌یی پێمان ده‌گوت"شوێنی خۆمان"، دوو ساڵه نه‌چووم بۆ ئه‌و ڕێستورانگهی ئاخرجار پێكه‌وه نانمان لێخوارد و كه‌مێكمان پاره وه‌ك "tip" به‌جێ هێشت و كه‌چی دوایی گه‌راینه‌وه كه‌مێكمان هه‌ڵگرته‌وه، دوو ساڵه نه‌چووم بۆ شه‌قامه ته‌سك و بهرداوییهكهی به‌ردمان به ماڵی شا داده‌دا... دوو ساڵه خۆم له هه‌رچی تۆم وه‌بیر دێنێته‌وه، ده‌دزمه‌وه و كه‌چی هه‌ر جارنا جارێ، له كه‌لێنێكی دڵ و مێشك و زینمهوه سه‌ر هه‌ڵدێنیت و پڕم ده‌كه‌ی له تاسه‌یی دیتنت ... زۆرت بیر ده‌كه‌م ...
January 26, 2004
.: كۆنفرانسی genocide ئه‌مڕۆ ده‌ستی پێكرد. هه‌واڵه‌كان كه ده‌خوێنمه‌وه، لیستی میوانه‌كان كه ده‌بینم، به خۆم نییه بزهییهكی ساردم دێته سه‌ر لێو. من وه‌ك Kofi Annan گه‌شبین نیم، ئه‌و به‌رێزه هیوای به داهاتوویه‌كی ڕوون زۆره! من به‌ڵام دێم و ده‌ڕۆم له خۆم ده‌پرسم به‌ڕاست ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك توركیه، دوایی ئه‌م كۆنفرانسه سیاسه‌ته بۆگه‌ن و دژه مرۆڤانه‌ی خۆی ده‌گۆڕێت و له كوشت و كوشتاری گه‌لی كورد ده‌ست هه‌ڵده‌گرێت؟ ئیسرائیل سیاسه‌تێكی ئینسان دۆستانه‌تر به‌رامبه‌ر به فه‌له‌ستینییه‌كان ده‌گرێته به‌ر؟ بڵێی گۆڕان كارییه‌كانی ماروكۆ چه‌نده زل و زه‌ق بێت؟ به هه‌ر بارێكدا لێی ورد ده‌بمه‌وه، ده‌بینم مافی كورده‌كان بوو له‌م كۆنفرانسه به‌شدار بن. فه‌له‌ستینییه‌كان و هه‌موو ئه‌و گهلانهیی به ده‌ست ده‌سه‌لاتداران كوشت و بڕ كراون... جا با خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و وڵاتیش نه‌بن! **** حه‌فته‌ی پێش هه‌را و هوریای سه‌فیری ئیسرائیل و كارێكی "هونه‌ری" موزهیهكی شاری ستۆكهـــــــــۆلم، سه‌رنجی زۆر خه‌لكی بۆلای خۆیی ڕ‌اكێشا. من كه ئه‌م كاره‌م دیت، به‌راست بۆم جێی پرسیار بوو. كه ده‌یه‌وێت چی بڵێت؟ چی نیشان بدات؟ دیاره من هیچ پێناسه‌یه‌كم نییه بۆ هونه‌ر، به‌ڵام ناتوانم په‌یوه‌ندی نێوان" truth "، گۆمێك خوێن و وێنه‌یی ژنێك كه بۆمبی له خۆی به‌ست و بیست كه‌سی بێتاوانی ده‌گه‌ڵ خۆیی كوشت وSnow White ببینم و هه‌ستی پێبكه‌م! هه‌ندێ شت هه‌ن به هه‌ر بارێكدا بڕوانییه سه‌ری هه‌ڵه‌ن. هه‌ندێ كرده‌وه به هیچ یاسایه‌ك، به هیچ مه‌نتق، مانا په‌یدا ناكه‌ن. به‌ڕاستی هه‌ندێ شت هه‌ن كه مرۆڤ پێویست ناكات پێچ و په‌نای پێبدات و له خۆیی قوڵكاتهوه! ئه‌و كاره "هونه‌رییه" كه ئه‌م هه‌راو هوریایه‌ی ساز كرد، یه‌كێ له‌م "هه‌ندێ شته‌یه"! "هانادی جارادات" كه لێره‌دا ناوی Snow White- تی پێدراوه، دایكی چوار منداڵان بوو، بۆمبی له خۆی به‌ست و بیست كه‌سی كوشت. بیست ژن و منداڵ و پیاوی بێ‌تاوان. بـــــــــــۆ؟ قازانجی كاره‌كه‌یی چی بوو؟ كه‌ش و هه‌وا ناله‌باره‌كه به‌م كاره باشتر بوو؟ هه‌نگاوێك له ئاشتی نزیك بوونه‌وه؟ پشتی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له عه‌رز درا؟ ترسان؟ پاشه‌كشه‌یان كرد؟ هه‌ل ومه‌رجی ژیانی خه‌لكی فه‌له‌ستین باشتر بوو؟ به‌ڕاست ده‌كرێت وه‌ك هه‌لوێستێكی سیاسی هه‌ڵسه‌نگێندرێت؟ چاوی لێبكرێت؟ مه‌گه‌ر ته‌نیا قازانجیی، خۆشكردنی ئاگری شه‌ڕی نێوان ئه‌و دوو میلله‌ته نهبـــــــوو؟ داگیركردنی خاكی وڵاتێك له لایان هه‌ر هێز و ده‌سته و ده‌وڵه‌تێك بێت، هه‌ڵه‌یه، جا ئه‌وه چ ئێران وتوركیه و عێراق بن و خاكی كوردان دابه‌ش بكه‌ن، چ ئیسرائیل بێت. به‌ڵام خه‌بات بۆ ئازادكردنی خاكێكی داگیركراو، بڵێی ڕێگهیهكیتر، جگه له تێرۆركردنی منداڵ و ژن و پیاوی بێتاوانی نه‌بێت؟ ناكرێت ئێمه‌ی كه داوای خاكه داگیركراوه‌كه‌مان ده‌كه‌ین چاوێك به مێژوویی خۆماندا بخشێنین با وه‌بیرمان بێته‌وه به به‌رد و قۆچه‌قانی ده‌ره‌قه‌تی تۆپ و تانك و خۆمپاره‌ی ئه‌وان نایه‌ن؟ ناكرێت به جێی هێزی "بازوو" مێشكمان وهكار خه‌ین؟ نابێت به جێی ئه‌وه‌یی منداڵه دوانزده ساڵه‌كان بچن به‌رد به سه‌ربازه "زره پوش"ه‌كان داده‌ن، بچنه‌وه مه‌دره‌سه‌كان و دواتر ئاوا وڵات ئاوه‌دان كه‌نه‌وه؟ دیاره دڵم زۆر پڕه ... خۆم پێم وانه‌بوو! هه‌ڵه‌یی هه‌ره گه‌وره‌ی گه‌له ژێرده‌سته‌كان ئه‌وه‌یه له مێژوو هیچ فێر نابن! خۆیان بیر ناكه‌نه‌وه و هه‌میشه چه‌نددانه ڕیش سپی و "له خۆیان عاقلتریان" هه‌یه پێیان بڵێن چی بكه‌ن و چۆن بژین. ئه‌وه خۆشه - خۆشی ئاوا نا كه قاقا پێبكه‌نی - ئه‌وانه‌ی ئه‌و ڕێگه چارانه له پێش پێ داده‌نێن و بوون به عه‌قڵی ئه‌و میلله‌ته، خۆیان مسقاله زهرهتێك چییه، عه‌قلیان له مێشك دانییه! له جێی خۆلێدان و به هیچكوێ نه‌گه‌یشتنی خه‌باتی فه‌له‌ستینییه‌كان و ڕێبه‌ر و نوێنه‌ره‌كانیان، همممم ...زۆر شتی وه‌ك خۆمان ده‌چێت ... ! **** ئه‌گه‌ر مڕۆڤ پێش له دایك بوونی زانیبایی دونیا ئاوایه، چه‌ند كه‌س حازر ده‌بوو هێشتا هه‌ر له دایك بێت؟
January 24, 2004
ڕقم له خۆم ده‌بێته‌وه. له‌وه‌ی كه خه‌ریكم ده‌گه‌ل ژیانم مامه‌له ده‌كه‌م، له‌وه‌یی كه ورده ورده ئه‌ژنۆم دهچێمهتهوه، له‌وه‌یی كه هێدی هێدی خۆم ڕازیی ده‌كه‌م سه‌ر بۆ "چاره‌نووس" دانوێنم. له‌وه‌یی كه باوه‌ڕم به چاره‌نووس نییه و هێشتا ده‌بێت ملی بۆ كه‌چ كه‌م ... *** جارنا، ژیان گۆمێكی مه‌ندی تاریكه! ئه‌گه‌رچی نه ئه‌ستێره‌یه‌ك هه‌یه تا نه‌هێنی تاریكیت بۆ بدركێنێت، نه دڵۆپه بارانێ تا ئه‌م گۆمه مه‌نده بشڵه‌ژێنێت، نه ئاوێنه‌یه‌ك تا به‌رامبه‌ری ڕووت بییه‌وه و له‌ته بزر بووه‌كانی ڕوحت بدۆزییه‌وه، به‌ڵام هێشتا ده‌نگێك هه‌یه، بێده‌نگی كه‌ڕت ناكات و سێبه‌ره‌كان له ته‌م و مژی به‌رامبه‌رتدا ون نابن. جارنا، ژیان گۆمێكی زێروهشانی ده‌مه‌و كازێوه‌یه! له باوه‌شی خۆرا ئارام ڕاكشاوه و به ڕووت پێده‌كه‌نێت! جارناجارێ پێلێكی به‌ره‌و كه‌نار ده‌نێرێت و ده‌نكه مروارییه‌ك ده‌خاته كۆشتهوه! هه‌ندێ جاریش، وه‌ك ئه‌مڕۆژانه، ژیان پڕه له هیچ ... *** هه‌ستێكی نامۆیه. نازانم هه‌ست به نامۆیی كردنه یان دڵته‌نگی، هه‌رچی بێت، دڵته‌نگییه‌كی نامۆیه! سه‌یره، نه شادم، نه مات! ژیان زۆر بێده‌نگ و به‌تاڵ، تێده‌په‌ڕێت و منیش بێده‌نگتر و به‌تاڵتر چاو له تێپه‌ڕبوونی ده‌كه‌م. ته‌نیا كارێك كه ئارامم ده‌كاته‌وه، كتێب خوێندنه‌وه‌یه. ده‌مێكه ناوێرم كتێبی زل و قه‌به ده‌ست پێبكه‌م، وه‌ك بڵێی ترسی وهم هه‌یه قه‌ت نهگهمێ ته‌واوی كه‌م! كتێبی "داستانی شارێك"م ده‌جار هه‌ڵگرت و دامناوه! دوای "هاوسێكان" زۆرم پێخۆش بوو ئه‌مه‌شیان جارێكی‌تر بخوێنمه‌وه! ... ئه‌مڕۆ له ناو مێترۆدا " شازده بچكۆله"م ده‌خوێنده‌وه. گه‌یشتم ئه‌و جێیه‌یی ده‌گه‌ڵ ڕێویه‌كه قسه ده‌كات! نازانم بۆ خــــــــــــۆمانم وه‌بیر هاته‌وه ... **** ئه‌و كه‌وانه‌یه نه‌به‌ستراوه هێشتا، ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌وه‌ش بێت وا ئێشی زۆره. نابێت، نابێت كه‌وانه‌یه‌ك بكه‌ینه‌وه و هه‌روا به‌جێی بێڵین. ئه‌و كه‌وانه دانهخراوانه هه‌موو هێز و وره‌ی مرۆڤ ده‌دزن. ئه‌و كه‌وانه‌یه نه‌به‌ستراوه هێشتا ...
January 20, 2004
هیچ سه‌رنجت داوه كه بۆشایی دونیای ده‌ڕوون گه‌وره و گه‌ورتر ده‌بێته‌وه، هه‌رچی هێزی هه‌ته لێت ده‌دزێت؟! ده‌زانی، جارنا ده‌توانی هانا به‌رییه ئه‌م بۆشایه ده‌روونییه و تێدا ونبیت و خۆ له ئازاره‌كانی دونیایی ده‌ره‌وه حه‌شار بده‌یی! ماوه‌یه‌كه سه‌یر زۆر، هه‌ست به ژاكاویی ده‌كه‌م و له هه‌موو شتێك و هه‌موو كه‌سێك زۆر زوو ماندوو ده‌بم و په‌نا ده‌به‌مه‌وه غاری بێدهنگییهكان و كه‌ڕ ده‌بمه‌وه! ئه‌و بۆشاییه، جارنا كه هه‌وره ڕه‌شه‌كان ده‌گه‌رێنه‌وه و ده‌گرمێنن، جارنا كه ته‌نیایی هێرش ده‌كات و گه‌مارۆت ده‌دات، جارنا كه تاسه‌ی بریای بوون تارمایی ده‌خاته سه‌ر ساته‌كان، ده‌بێت به باوه‌شێك تێیدا ون ده‌بیت و ترس و تاسه‌ت ده‌نێژیی. جارنا، تووشی خۆت ده‌بییه‌وه و خۆت وه‌بیر دێته‌وه! ئه‌و بۆشاییه، جاری وایه به‌ڵام، پڕه له به‌تاڵایی! پڕه له پووچی، پڕه له هیچ. زایهلهیی ئه‌م به‌تاڵاییه ترسێنه‌ره! گێژت ده‌كات، لێت ده‌بێت به كۆڵانی سه‌رلێشێواویی، له خۆت دوورت ده‌كاته‌وه. هێلهنجت دێت له ژیانی "هه‌روا" پڕ له هیچ، له تێپه‌ر بوونی "هه‌روای" كات، ته‌مه‌ن، ژین. بێزاریت كه ناحه‌زییه‌كان ده‌بینیت و ناتوانی هیچ بكه‌یی، كه خۆشت ورده ورده ده‌بیت به ناحه‌زییه‌كان. ئیتر چیتر قوڵ نابییه‌وه، له خۆت، له ماناكان، له هه‌سته‌كان، له ویسته‌كان. وه‌ك بڵێی تۆ به سه‌ر داوێك ده‌زووی ناسك ناسكدا ده‌ڕۆیی و ژێر پێت دۆڵێكی قوڵ قوڵه ... ئه‌وه‌یی ئێشی زۆره، ئه‌و دوور بوونه‌وه له خۆت نییه، نا! نهبــــــــوونی عه‌رزێكی قورس و قایمه تا پێی له سهردانێی! بۆشاییه‌كانی ژێر پێته! بڕوا بكه، ویسته كه مرۆڤ ڕاده‌گرێت، ویسته كه ده‌بێت به په‌تێك تا په‌نجه‌تی لێ قایم كهیی و نهكهوییه ناو ئه‌و دۆڵه قوڵ قوڵهیی ژێر پێت! ویسته كه ده‌بێت به بیانوویه‌ك بۆ بوون، بۆ مانه‌وه. كه ویست نه‌ما، له‌م بۆشاییه‌دا به‌ره‌ڵلا ده‌كرێیت و له ناو ئه‌و هه‌موو هیچ و به‌تاڵاییه‌دا له‌ت له‌ت ده‌بیت، نا... ده‌توێیه‌وه! **** جارنا بیر له‌و سه‌رده‌مه ده‌كه‌مه‌وه كه سه‌رده‌می تاقیكردنه‌وه بوو. ڕێگه‌كان ده‌رۆیشتی، به هیچ ده‌گه‌یشتی به‌ڵام بۆت نه‌بوو بگه‌ڕێیه‌وه، ده‌رفه‌تی هه‌ڵه كردنیان پێنهدهدایی! ته‌جره‌به، ئه‌زمون بۆ ئه‌وه‌یه ده‌رسێك بێت، شتێكی لێ فێر بین، كه‌چی له‌لای ئێمه ده‌با ده‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌کان ژیاباین. له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا گه‌وره ببووم كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ده‌روونیم ده‌گه‌ڵ، هه‌ست پێنه‌ده‌كرد. لێی دوور بووم، بێگانه بوو بۆم. ڕوانینی كۆمه‌ڵگه‌كه‌م له سه‌ر مرۆڤ، ژیان، خۆشه‌ویستی، به‌خته‌وه‌ریی، ئازادی تاك، كلیشه‌یی بوو، ئه‌و ڕوانینه كلیشهیه ئازاری ده‌دام. هیچ بزه‌یه‌ك، هیچ زه‌رده‌یه‌ك، هیچ ڕوانینێكی دۆستانه بێمه‌به‌ست نه‌بوو. مامه‌له له سه‌رهه‌موو شتێك و به هه‌موو شتێك ده‌كرا، مرۆڤ هه‌رزان بوو، ویست مانایه‌كی نه‌بوو، به پاره هه‌موو شتێك ده‌كڕدرا. دڵم به په‌یوه‌ندییه‌كی بێڕهنگهوه بوو. په‌یوه‌ندییه‌كی ساكار، په‌یوه‌ندییه‌ك كه مامهلهیی له سه‌ر نه‌كرێت... دڵم به دیتن و ناسینی مرۆڤێكی شێت و شور و ساكاره‌وه بوو كه بزه‌كه‌ی بێمه‌به‌ست پێشكه‌ش بكات. دڵم به بوونی ڕهفێقێك، هاورێیهكهوه بوو كه له پشت په‌رده‌ی ڕوانینی سێبه‌ری قازانج و زه‌ره‌ر خۆ نه‌نوێنێت. هاورێیه‌ك كه منی به دوور له "حیسابات و كیتابات"، به دوور له هه‌ڵسه‌نگاندن، بێفیلتێر كردن، به باشی و خراپیهكانمهوه، به جوانی و ناحهزییهكانمهوه، به تاڵییهكانمهوه، ببینێت، بیه‌وێت و لێم حاڵی بێت. مرۆڤێك له لایی، بوێرم خۆم بم. ڕێك ئه‌وكات كه من ئیتر دڵنیا بووم قه‌ت تووشی كه‌سی وا نابم، كـــــــوبـــــی هاته سه‌ر ڕێم. ژنێك كه بزه‌یی نا، خۆشه‌ویستی پێ‌بوو، ده‌متوانی له لایی، دڵته‌نگی بۆنی مێخك بم. هاورێیه‌ك كه توڕه ده‌بوو به‌ڵام پشتی تێنهدهكردیی! تازه ئه‌و كات بوو وێرام بڕووخێم، به قه‌د تاسه و خه‌می دڵم بگریم و به قه‌د دڵته‌نگییه‌كانم بێقهرار بم. ئه‌و كات بوو وێرام خۆم بم بێئهوهیی بترسم كه بروات و ون بێت. ساته خۆڵه‌مێشییه‌كان بوون به شین، بوون به سه‌وز، بوون به سوور، بوون به ناره‌نجی... و بیره‌وه‌ریی كۆڵێك ساتی كورت و ساكاریی خۆش و شیرن ورده ورده سێبه‌ری كه‌وه ڕۆژه‌كانی كاڵ كرده‌وه . كه‌م كه‌م به‌شێكی ئه‌و ته‌له دڕكاوییه وا له ده‌وری خۆم كێشا بوو، لام دا. بڕیام دا مه‌تمانه بكه‌م، بڕیام دا ده‌رگا گاڵه دراوه‌كان یه‌كه یه‌كه بكه‌مه‌وه، بڕیارم دا ده‌نگم به‌ش كه‌م. بڕیارم دا له غاری ته‌نیاییه‌كانم بێمه ده‌ر و منیش ده‌گه‌ڵ كات تێپه‌ر بم. بریارم دا ترسی دۆینێ بنێژم ... **** بڕیــــــــــــارمدا به‌قه‌د بیــــــــــــــــــــــری خۆم بژیم! **** بــــــۆ هاتنی تـــــــــــــۆ به‌ڵام یان زوو بـوو یان تـــــــۆ بۆ ڕۆیشتن په‌له‌ت كرد، نازانم! من هێشتا ماندوو بووم. من هێشتا جارنا ده‌با دانیشتبام، پشوویه‌كم دابا، من هێشتا ده‌با وه‌بیر خۆم هێناباوه خه‌ونه ناخۆشه‌كان ناگه‌رێنه‌وه و من بێ‌ترس ده‌توانم چاوله سه‌ر یه‌ك دابنێم. برینه‌كان كۆن بوون، به‌ڵام هێشتا سارێژ نه‌ببوونه‌وه! من هێشتا ده‌با وه‌بیر خۆم هێناباوه تۆ خه‌ون نیت و ون نابیت. پێشتریش بۆم باس كردوویی، تــــــــــــۆ بۆ من له‌وانه‌یی كه دیتن یان نه‌دیتنت، هیچ له باری خۆشه‌ویستیت له دڵما كه‌م ناكاته‌وه. تۆ هه‌یی، تۆ ده‌بیت و من قه‌ت، هیچ هه‌ولێك ناده‌م ئه‌م هه‌سته له‌ناو به‌رم. به‌ڵام بۆ دڵنیا كردنی تۆ، بۆ دڵنیا مانه‌وه‌یی تۆ له‌وه‌ی كه من ئیتر هه‌وڵ ناده‌م ئه‌و دیواره شووشه‌یی سازت كردووه بشكێنم، ناچار هه‌ندێ له گرێكانم كرده‌وه تا تـــــۆ هه‌ست به ئازادی بكه‌یی. ناخۆش ئه‌وه‌یه كه تۆ پێت وایه ئه‌و شتانه بوون كه منیان به تۆ گرێ داوه، ناخۆش ئه‌وه‌یه كه تۆ پێت وایه به نه‌مانی ئه‌و شتانه جێ پێی په‌نجه‌كانت له سه‌ر ڕۆح و گیان و دڵم ده‌سڕدرێته‌وه. ناخۆش ئه‌وه‌یه كه تۆ پێت وایه ده‌ستی من گه‌رمایی په‌نجه‌كانی تۆ له بیر ده‌كات. ناخۆش ئه‌وه‌یه كه تۆ پێت وایه "یــــــادی تـــۆ" كه ئیتر بووه به به‌شێك له من، له خۆم، من به جێ دێڵێت. ناخۆش ئه‌وه‌یه كه تۆ چاوت قووچاند، كه تۆ نه‌تبیست. نــــــــــاخۆشترین شت ئه‌وه‌یه كه تۆ پێت وایه من ده‌توانم بـــــــــــــــــــێتـــــــــۆ بم ... **** شته‌كان وه‌ك بڵێی سه‌رله نوێ دووپات ببنه‌وه، دیسان پڕم له هه‌ستێك كه پێشتریش داگیری كردووم. هه‌ستی نامۆیی! هه‌ستی به‌ڕه‌ڵلا بوون له بۆشاییه‌كی ڕه‌ش. له ڕهشاییهكی به‌تاڵ! هه‌ستی بێڕیشه بوون، نه‌بوونی ویست، تا بۆت ببێت به په‌تێك چنگی لێ قایم كهیی، تا نه‌كه‌ویه ناو دۆڵه بهسامهكهی ژێر پێت. له‌و بۆشاییه ڕه‌شه‌دا ده‌ستت به هیچ كوێ گیر نابێت، به‌ره‌و هیچ كوێ ڕێ ده‌ر ناكهیی. ورده ورده دڵه‌كوته ده‌تگرێت، دواتر بێقه‌راری، په‌شۆكاوی. هه‌موو مرۆڤێك دره‌نگ یا زوو، لانی كه‌م جارێك ئه‌وه ته‌جره‌به ده‌كات. باش یان خراپ، چارهكهیی ته‌نیا به‌ده‌ست خۆمه، باش ده‌زانم. كه‌س ناتوانێ هیچ بكات تا ئه‌و تاولهرزه كه‌م بێته‌وه. هیچ عیلاجێكی نییه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه بۆ ماوه‌یه‌ك خۆم له بۆشاییه‌كه‌ی ده‌روونم ڕزگار بكه‌م، كه‌مێك له خۆم دوور ببمه‌وه و هێدی هێدی بگه‌رێمه‌وه ناو خۆم، قوڵ ببمه‌وه له ماناكان، خۆم له شه‌پۆله بچووكه‌كان بپارێزم و تا ماوه‌یه‌ك خۆم بسپێرمه شه‌پۆله گه‌وره به‌هێزه‌كان تا ده‌گه‌ل خۆیان بمبه‌ن. عیلاجێكی نییه ئه‌وه نه‌بێت بۆشاییه‌كه‌ی ده‌روونم ئه‌وه‌نده بچووك بێته‌وه كه ئیتر دنیای ده‌ره‌وه‌م ههڵنهلووشێت! **** له بیرته جارێك بۆم نووسیی: "چاوه‌ڕوان بوونم پێخۆش نییه، قه‌تم پێخۆش نه‌بووه. ئه‌وه‌ی كه هه‌ر چاوه‌ڕوان بیت و نه‌زانی كه‌ی ده‌ست پێده‌كات، یا نا، هه‌ر نه‌زانی كه‌ی ته‌واو ده‌بێت. ئه‌وه‌ی كه چاوه‌ڕوانی بیستنی شتێك بیت و نه‌یبیستی. ئه‌وه‌ی كه ده‌رفه‌ته‌كان یه‌كه یه‌كه به به‌ر چاوتا تێده‌په‌ڕن و دیسان باره دڵێك قسه‌ی نه‌گوتراوت پێ بمێنێت. چاوه‌ڕوانی خۆش نییه، قه‌تم پێخۆش نه‌بووه . جۆرێك وه‌ك بڵێی كات وه‌ستابێت ، هه‌ڕ وه‌ك، ڕۆژه‌كان سێبه‌ری یه‌كترین بن و دووپات ببنه‌وه، ئه‌مڕۆ و دۆینێ ، ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕۆژانه‌ی هێشتا نه‌هاتوون، ده‌بن به یه‌ك. ڕه‌نگه‌كانیش له شێوه‌ی خۆیان دوور ده‌بنه‌وه. خه‌یاڵێكت ده‌گه‌ڵ داهه‌یه و كه‌چی هه‌ر ته‌نیایی. چاوه‌ڕوان بوونم پێخۆش نییه، قه‌تم پێخۆش نه‌بووه، به‌ڵام چاه‌ڕوان نه‌بوون ناخۆشتره، زۆر ناخۆشتر !!" حـــــهز ده‌كه‌م ئه‌و قسه‌یه‌م ئـــــــاوا ڕاست كه‌مه‌وه: چاوه‌ڕێ بوون سه‌خته! به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر دڵنیایی به‌دواوه نه‌بێت! ئه‌گه‌ر دڵنیات نه‌كات كه: " ناگه‌رێمه‌وه"، هه‌میشه پێت واده‌بێت كه به‌رێوه‌یه. خۆی ده‌زانێت كه ڕۆیشتووه و ناگه‌رێته‌وه، كه‌چی لێده‌گه‌ڕێت وڵامی ئه‌و پرسیاره كه "ده‌گه‌رێیه‌وه؟" هه‌ر به بۆشایی بمێنێته‌وه و لێ ده‌گه‌رێت هه‌روا چاوه‌ڕێی بیت. كه ئه‌و دڵنیایه‌ی نه‌دا، كه له نه‌هاتنه‌وه‌ی خۆی دڵنیات نه‌كات، چیرۆكی چاوه‌رێ بوونی تۆش قه‌ت كۆتایی نایه‌ت و ئه‌و له بێكۆتاییدا چاوه‌رێ بوونه، یانی ورده ورده توانه‌وه، یانی رێ ون كردن له ناو به‌رزه‌خدا. ده‌زانی ... بریا هیچ مرۆڤێك ئه‌وه ته‌نانه‌ت بۆ دوژمنیشی به ئاوات نه‌خوازێت!. **** ئه‌وه‌ش ته‌نیا و ته‌نیا بۆ دڵنیاكردنی تـــــــــــــــــــۆیــه : " ئه‌گه‌ر ڕۆژێك لێت توڕه بووم، ئه‌گه‌ر ڕۆژێك بڕیارمدا جێت بهێڵم، دڵته‌نگ مهبـــــــــه، خه‌مت نه‌بێ، ڕێگام له باوه‌شی تۆڕا ده‌ست پێدهكاو له‌به‌ر ده‌رگا كۆتایی دێ! " په‌شێو-1977
January 14, 2004
یانزده ساڵ پێش له ڕۆژێكی ئاوا، فرۆكه‌یه‌ك له شارێكی ساردیی باكوری ئوروپا نیشته عه‌رز و من لێی دابه‌زیم. به‌فر ده‌باریی و زۆر سه‌یر سارد بوو. من پاڵتۆیه‌كی درێژی قاوه‌یم له به‌ردابوو و چاوه‌كانم له‌به‌ر بێخه‌ویی و گریان سوور سوور بوون. كه هاتمه‌ده‌ر دوو كه‌س چاوه‌رێم بوون. یه‌كیان به‌ره‌و پیلم هات، له ئامێزی گرتم و به‌خێر هاتنی كردم. مچوركم پێدا هات، ئه‌له‌و مچوركه ناخۆشانهیی ئێشێك له خۆیان به‌جێ ده‌هێڵن، له‌و مچوركانهیی جێ پێیان ده‌مێنێته‌وه و ڕێ به هه‌ناسه‌ت ده‌گرن. نێوه‌شه‌و بوو پێموایه، چاوم كه كرده‌وه و كه‌مێكی خایاند تا وه‌بیرم هاته‌وه له كوێم. هه‌ستام به ئاسپایی چوومه پێش پهنجهریی ژووره‌كه و چاوم له ده‌رێ كرد، هێشتاش به‌فر ده‌باریی. نیوه‌شه‌ویی هه‌ینی بوو و له له‌وبه‌ریی شه‌قامه‌كه كچ و كوڕێك له ئامێزیی یه‌کدا ون ببوون و من دڵه‌خورپه‌یی وهم هه‌بوو كه‌سێك بیانبێنێت، پۆلیسێك، پاسدارێك بگاتێ و بیانگرێت... دیسان كه‌مێكی خایاند تا وه‌بیرم هاته‌وه لێره كه‌س به تاوانی ماچ و باوه‌ش و خۆشه‌ویستی وه‌به‌ر شه‌پان نادان. دیاره ئه‌وه ئه‌وكات بوو كه پێموابوو لێره مڕۆڤه‌كان مافی یه‌كسانیان هه‌یه و ئازادن. ماوه‌یه‌كی گرت تا تێگه‌یشتم لێره‌ش هه‌ندێ له ههندێكیتر یهكسانترن، ئازادترن! یانزده ساڵ پێش، له ڕۆژێكی ئاوا، هێشتا ئاسه‌واریی تازه بوونه‌وه‌یی ساڵ به دار و دیواریی شاره‌وه دیار بوو و هه‌موو شتێك بۆ من ئه‌وه‌نده تازه و نامۆ بوون كه گێژیان ده‌كردم. ئێستاش دوایی یانزده ساڵ نه‌متوانیوه ده‌گه‌ڵ بیری تازه بوونه‌وه‌یی ساڵ له جه‌نگه‌یی به‌فر و باران و سه‌رمایی كه‌لله ته‌زێن ڕابێم. ئه‌و كات وا بووم، كه‌چی ئێستا به‌هاریش كه دێت، بۆنی خاكهڵێوهش كه بێته خه‌ونم به خۆم ده‌لێم نا، هێشتا ماوێتی! ئه‌و به‌هاره‌ش هه‌و نه‌بوو ... ساڵ تازه نابێته‌وه تا ... ساڵ تازه نابێته‌وه تا ئه‌و ڕۆژه‌یی خاكه سووتاوهكهیی من دوایی باران، به جێی بۆ كڕووز، بۆنی گڵی لێ بێت. یانزده ساڵ تێپه‌ڕیی و هه‌ندێ له نامۆییهكان كاڵ بوونه‌ته‌وه، ڕۆژه‌كانی سه‌ره‌تا به عاده‌ته سه‌یره‌کانی ئه‌و میلله‌ته پێده‌كه‌نیم و پێم سه‌یر بوو بۆ وه‌ک ئێمه ناكه‌ن، ئێستا عاده‌ته كۆنه‌كانی خۆمانم بۆ چۆته ژێر پرسیار و پێم سه‌یره بۆ وه‌ك ئه‌وان ناكه‌ین! زۆر شت لێره فێر بووم، كهمكهم بوون به عاده‌تی منیش. ورده ورده گۆڕدرام، هه‌ندێ شتی كۆنم - بێئهوهیی خۆم بزانم- له بیر كرد. هه‌ندێ له ترس و دڵهخورپهكان ون بوون. زۆر شتیش هه‌ن قه‌ت عاده‌تیان پێ ناكه‌م. نابن به من. یانزده ساڵ تێپه‌ری و من، ئێستا نه "منی" جارانم و نه بووم به یه‌كێك له‌وان! به‌ڵام یه‌ك شت هه‌ر وه‌ك خۆیه‌تی. ئێستا ده‌زانم فه‌رق ناكات چه‌ند ساڵه لێره‌ی، تۆ ههرغهریبی! فه‌رق ناكات زمانه‌كه‌یان چه‌نده فێر بوویی، چه‌نده وه‌ك ئه‌وان ده‌ژیت، وه‌ك ئه‌وان ده‌خۆیی، دهنوویی، تۆ هه‌ر غه‌ریبی لێره! زۆربه‌یی كات یه‌كه‌م پرسیار كه لێت ده‌كه‌ن وه‌بیرت دێننه‌وه كه تۆ له جێیه‌ك ههڵقهندراویی و هێشتا لێره ڕیشه‌ت دانهداوهتهوه و له‌وانه‌شه قه‌ت ڕیشه دانهكووتێوه! یانزده ساڵ تێپه‌ڕیوه. نازانم بۆ لێم ده‌پرسن خه‌ڵكی كوێم و نازانم بۆ تا ده‌ڵێم كوردم به سه‌یره‌وه چاوم لێده‌كه‌ن، برۆیان هه‌ڵداوێن، هه‌ندێك دوو سێ هه‌نگاو ده‌كشێنه‌وه و هه‌ندێ ده‌لێن كوردستان؟ ژیان له‌وێ ده‌بێ زۆر ناخۆش بێت! ژن كوشتن ... و من نازانم بڵێم چی؟ بڵێم وایه؟ بڵێم وانییه؟ بڵێم كوردستان به‌هه‌شتێكه تا لێی دووری؟ بڵێم جه‌هه‌ننه‌مێكی سارد وسڕه؟ بڵێم دڵم بۆیی لێده‌دات و دڵیی وهم نییه بگه‌رێمه‌وه؟ بڵێم ژن ناكوژن؟ زۆری پێناچێ خۆم ده‌بیستمه‌وه باسی باشییه‌كانی كوردستان ده‌كه‌م، ئه‌و كوردستانهیی له‌مێژ ساڵه له خه‌یاڵی خۆمدا سازم كردووه، ئه‌و كوردستانهیی " ئاویی كهوسهره و خاكیی گهورههره ..." ڕاستییهكهیی ئه‌وه‌یه: یانزده ساڵ كه هیچ، دوایی سه‌د و یانزده ساڵیش " ڕوو له هه‌ر لایه‌ك بكه‌یی نامۆیه بۆت"، دڵته‌نگی كه‌س وكارتی، دڵته‌نگی هاورێكانت، دڵته‌نگی كۆڵان و شه‌قامه‌كانی شار كه پڕن له بۆنی بیرهوهرییهكانت، دڵته‌نگی كۆڵانی سه‌رده‌میی منداڵیت، یه‌كه‌م جێ ژوان، یه‌كه‌م دڵداریی، یه‌كه‌م دڵشكان ... پڕی له تاسه‌یی گه‌رانه‌وه تا ... ... تا وه‌بیرت دێته‌وه خۆ له‌وێ بۆت نه‌بوو خۆت بیت! وه‌بیرت دێته‌وه له‌وێ مرۆڤ، ژیان، خۆشه‌ویستی هیچ بایه‌خێكی نه‌بوو. وه‌بیرت دێته‌وه له‌وێ مرۆڤ هه‌رزانترین كاڵایه، وه‌بیرت دێته‌وه كۆتایی گۆشه‌یی چه‌پی لاپه‌ره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌كان - ئه‌گه‌رچی به كورتی- هه‌موو ڕۆژێ هه‌واڵی خۆكوشتن و ئاگر له خۆبه‌ردانی ژنان ده‌نووسن، وه‌بیرت دێته‌وه سهرپۆشێكیان به زۆر به سه‌ر دادابوویی و فێریان دهكردیی درۆ بكه‌یی، وه‌بیرت دێته‌وه ده‌بوویی به هه‌موو شتێ جگه له‌و شته‌یی ئاره‌زووی دڵی خۆت بوو! ئه‌وانه و زۆر شتیترت وه‌بیر دێته‌وه و سه‌رت لێده‌شێوێت، هه‌ستی سه‌رلێشێواویی، ئاواره‌یی، ڕێ ون كردن، خۆ ونكردن پڕت ده‌كات، حه‌ز ده‌كه‌یی هه‌موو ئه‌و نامۆیی و سه‌رلێشێواوییه بڕشێیهوه و هانا به‌رێوه بۆ هه‌ر هه‌مان شه‌قام و كۆلانانهیی هیچ بیرهوهرییهكت لێیان نییه، هانا به‌رییه‌وه بۆ ته‌نیاییه‌كانت، خۆت ون كهیی له شارێكی قه‌ره‌باڵغ كه شاریی تۆ نییه! یانزده ساڵ تێپه‌ریی ...
January 1, 2004
دڵم گیراوه. دڵم ئه‌وه‌نده گیراوه كه نازانم چی له خۆم بكه‌م. له‌وانه‌شه بیری خۆم ده‌كه‌م. "خۆم" كه ئه‌وه‌نده نه‌شكاوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌نده پیر نه‌بووه، ئه‌وه‌نده دڵناسك نه‌بوو، ئه‌وه‌نده ماندوو نه‌بوو. ئه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م بیبینمه‌وه. له ژێر ئه‌و هه‌موو ته‌پ و تۆزهیی له سه‌رم نیشتووه، به دوایی ئه‌و جێ پێیانهیی له ئاوێنه‌دا به‌جێ ماون، ده‌گه‌رێم خۆم ببینمه‌وه، بزانم جاران چۆن بووم؟ ده‌گه‌ڕێم به‌شكوو "خـــــــــــــۆم" وه‌بیر بێته‌وه ... ئه‌وه‌نده‌م وه‌بیردێت له كه‌س نه‌ده‌چوو. ئه‌وه‌نده‌م له بیر دێت ته‌نیا و ته‌نیا شێوه‌یی خۆیی ده‌دا. له بیرم دێت ته‌نیا بوو و خووی به تهنیاییهكانیی گرتبوو. ئه‌وه‌شم باش له بیره به گه‌رمایی هیچ ده‌ستێك دڵی نه‌ده‌كه‌وته ترپه‌وه. لێره بوو، له سه‌ر عه‌رز، له ئاسمان. نازانم كهیی بوو ونم كرد! "خۆم" هه‌میشه لاسار بوو، ئه‌وه‌م باش له بیره. نازانم كهیی ڕۆیی؟ بۆ كوێ ڕۆیی؟ بۆ ڕۆیی؟ كهیی ڕۆیی كه من نه‌مدیت؟ چۆن ڕۆیی كه من نه‌مبیست؟ بووه تا ئێستا باوه‌ڕت به هیچ نه‌بێت!؟ به هیچ! ته‌نانه‌ت به ده‌نگی خۆت؟ بووه تا ئێستا باوه‌ڕت به كه‌س نه‌بێت، ته‌نانه‌ت به خۆت؟ بووه تا ئێستا هه‌ست به هیچ نهكهیی، ته‌نانه‌ت به بوونی خۆت؟ بووه تا ئێستا كه هیچكوێ به ماڵی خۆت نه‌زانی؟ بووه تا ئێستا هۆی دڵتهنگییهكانت نه‌زانی؟ یان بیزانی و باوه‌رت پێیان نه‌بێت؟ بووه تا ئێستا لێواری تیژی چه‌قۆ به سه‌ر جومگه‌یی ده‌ستت دابێت، خوێنێكی سوور له ده‌ماره‌كانت بێنه ده‌ر، تۆ نه بترسی و نه هه‌ست به ژان بكه‌یی؟ باوه‌ڕ ناكه‌م كه‌س به قه‌د من ڕقی له ده‌نگی چركه‌یی ساعه‌ت بێت. له هه‌ر شوێنێك بم، ساعهتهكان له خۆم دوور ده‌كه‌مه‌وه، ئێستاش هێزی ئه‌وه‌م نییه هه‌ستم ئه‌م ساعه‌ته دوور خه‌مه‌وه كه ده‌نگی چركهكانیی وه‌ك كوتك له سه‌رم ده‌دا. ساعه‌ت له دوازده تێپه‌ڕیی. ساڵ تازه بۆته‌وه. سه‌یره، هه‌ست ده‌كه‌م ساعه‌تی سه‌ر دیوار، قاقا به من و به چاوه‌رێ بوونی ئه‌مشه‌وم پێده‌كه‌نێت! گوتم چاوه‌ڕێ بوون؟ ببووره ... ببووره، بیرێكی قۆڕ بوو، هه‌ر ئه‌وه! حه‌ز ده‌كه‌م هه‌ستم، ناتوانم. سه‌یر سارده ئه‌م ژووره. براكه‌م كه تله‌فوونی كرد ده‌نگیم نه‌ناسییه‌وه، ئه‌و به‌لام گوتی : چییه، ده‌لێی ههڵدهلهرزیی؟ كتێبیی "حافظ" له سه‌ر مێزهكهمه، ئه‌مشه‌و شه‌ڕمان كرد. بێ‌دین هه‌موو جارێ كه ده‌یكه‌مه‌وه چاو له چاوم ده‌كات و درۆیه‌كی جوان ده‌خاته پێش ده‌مم. كێ مۆحتاجی ئه‌وه؟ تۆ سڵامه‌ت، درۆكانی خۆت خۆشترن! تازه‌ترن! ... ژانیان زۆرتره! هه‌ستم بوخچه‌كه‌م بپێچمه‌وه. ده‌نگی"خۆم" قاقا پێده‌كه‌نێ. به من، به تۆ، به درۆكانت، به بوون، به ژیان، به خوا، دڵم به‌ڵام ده‌گریی. تاڵ تاڵ! له بیرم بێت كه "خۆم" دیته‌وه هه‌ر دوو قه‌ڵه‌می پێی بشكێنم تازه وا دوور نه‌بێته‌وه ڕێیی گه‌رانه‌وه ون كات. له بیرم بێت ئه‌گه‌ر دۆزیمه‌وه به‌ری هه‌ر دوو ده‌ستی دا‌غ كه‌م تازه ده‌ست له ده‌ستی كه‌س نه‌نێت! له بیرم بێت ئه‌گه‌ر تووشم به تووشی بووه، پێی بڵێم بروات خۆیی بكوژێت باشتره له‌وه‌یی كه هێنده ساویلكه بێت و ... نا، ئاوا نابێت، با به زمانی سه‌یدی گه‌وره پێت بڵێم: نه! ... نامه‌ام بايد كوتاه باشد، ساده باشد، بی حرفی از ابهام و آينه! از ن‌و برایت مینويسم حال همهء ما خوب است، اما تو بـــــــــــاور مكن! (هه‌ر ئه‌وه جا به كوردی!) |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|