February 22, 2004
دره‌نگه یان زوو نازانم، هه‌ندێ جار، نا، زۆر جار زۆر زوو دره‌نگ ده‌بێت، زووتر له‌وه‌ی چاوه‌ڕوانیمان ده‌كرد. پێم خۆشتر ده‌بوو ئێستا، ئه‌مڕۆ چیرۆكێكیترم بۆ ده‌گێرایه‌وه. پێم خۆشتر ده‌بوو ئێستا، ئه‌مڕۆ له جێیهكیتر ده‌بووین. من وه‌ک ئه‌وانیترم نه‌كرد، تۆشم وه‌ك خۆم مرۆڤێك ده‌دیت كه ده‌توانێت هه‌ڵه بكات، ده‌توانێت هه‌ست به سهڕلێشێواوی بكات، ده‌توانێت گومان بكات، قه‌تیش پێم وانه‌بوو تۆ "سوپێر پاور"ت هه‌یه. چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌شم نه‌ده‌كرد كه نه‌گوتراوه‌كان و نه‌نووسراوه‌كان بزانی، بۆیه بیــــــــر و ههستـــم ڕووتــكردهوه. ببــــــــووره، ببــــــــوره پێم وابوو تۆش وه‌ک خۆم حه‌ز ده‌كه‌یی تاریكییه‌كان و تاڵییه‌كان ببینی، تا مافی هه‌ڵبژاردنت هه‌بێت، تا خۆت بڕیار بده‌یی به‌رگه‌یان ده‌گریی یان بڕیاری ڕۆیشتن ده‌ده‌یی. نهمـویست شته‌كان له هاوریشمی درۆ بپێچمه‌وه و له پێشتی دانێم. وه‌ک ئه‌وانیترم نه‌كرد، لێتم پرسی بــــــــــــۆ؟ هۆیه‌كان بـــــــــۆ من گرنگ بوون. دڵنیام تۆش چیرۆكی خۆت هه‌بوو، هه‌ته. له‌بیرم بوو تۆش وه‌ک من مرۆڤێكی له مانایه‌ك دهگهڕێیی بۆ بوون، بۆ مانه‌وه. كایــــهی چاره‌نووس ده‌بینیت؟ هه‌نگاوه شله‌كانی من و ڕۆیشتنی خێرای تۆ هه‌ردوو یه‌ك هۆیان هه‌بوو. له خۆڕا نییه ده‌لێم بووین به بووكه شووشه‌یی ده‌ستیی ... بێدهنگییهكان نازانم تۆیان به كوێ گه‌یاند، هه‌ندێ جار نیگه‌رانت ده‌بم. ئه‌م باوه‌ڕه كه زۆر جار پێویست نییه شتێك بگوترێت ده‌یتوانی ئارامم كاته‌وه كه نه‌یكرده‌وه، ڕه‌نگه هــــۆیهكی ئه‌وه بوو كه ئه‌م بێده‌نگییه ژارێكی تاڵی به‌دواوه بوو، له‌ناكاو ون بوونی ده‌نگه‌كان و دژایه‌تی كرده‌وه و هه‌سته‌كان! خۆ زۆر جار من ده‌هاتم بۆ لات تا قسه نه‌که‌م، تا بێدهنگییهكانم له ناو باوه‌شی تۆدا ده‌گه‌ڵ تۆ به‌ش بكه‌م، به‌ڵام بێده‌نگیی ئه‌مجار زۆرتر بۆشایی بوو، بۆشاییه‌كی ڕه‌ش كه تێیدا نوقم ده‌بیت و ڕۆده‌چیت و وه‌ک بڵێی قه‌ت كۆتایی نایه‌ت! تا بێكۆتایی ڕۆچوون له بۆشاییه‌كدا ... ده‌زانی ئه‌وه یانی چی؟ پێم خۆش‌بوو بزانی كه ئه‌و خۆشتهویستییه به هیچ به‌ستراوه نه‌بوو به خۆت نه‌بێت! پێم خۆش‌بوو بزانی من ئێستا زۆر شت ده‌زانم و ئه‌و زۆرشته هیچ له باری خۆشه‌ویستیمی كه‌م نه‌كردۆته‌وه. خۆشتر ده‌بوو هۆیهكانم له خۆت بیستبا، خۆشتر ده‌بوو به جێی هه‌ڵاتن و خۆ حه‌شاردان و بێده‌نگیی، به جێی پڕكردنه‌وه‌ی مه‌وداكان به بۆشایی، ئه‌و شتانه ده‌گوتران و خاڵی كۆتاییان بۆ داده‌ندرا. خۆشتر ده‌بوو ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاوێنه‌یه چڕژی نه‌ده‌كه‌وته ڕوو! له‌وانه‌یه چه‌ند ساڵێكی‌تر تۆش بگه‌یی به‌م شوێنه كه من ئێستا پێی گه‌یشتووم، له‌وانه‌یه چه‌ند ساڵی‌تر تۆش وڵامی ... what if ، به‌لاته‌وه گرنگ بێته‌وه ... به‌س هیوادارم ئه‌و ماوه‌یه، تۆ به قه‌د من ئێش و ئازارت پێنه‌گات! ده‌زانی هیچ چاوهروانییهكم نه‌بوو، هیــــچ، باوه‌ربكه! كه لێتم پرسی بـــــــــــۆ، ده‌مزانی دوو ڕێم له پێشه و ده‌مزانی هه‌ڵبژاردنی هیچكامیان ئاسان نابێت، هۆیهكانم ده‌ویست بزانم تا ئه‌و باره قورسه‌ی سه‌ر شانم كه‌مێك، ئه‌رێ كه‌مێك، سووك بێته‌وه و هه‌نگاو هه‌ڵگرتن كه‌مێك، ئه‌رێ كه‌مێك، ئاسان بێته‌وه. ئه‌و باره قورسه به‌لام هه‌ر سووك نه‌بووه! ڕابردوویهكمان هه‌یه به‌یه‌كه‌وه و خۆشت باش ده‌زانی ڕابردوویه‌كی ئاوا به شه‌وێك نانووسرێت و به شه‌وێك له بیر ناچێته‌وه! ده‌بینی، پێشتریش پێم وتوویی، كه‌س وه‌ك "من و تۆ" قـــــــــۆڵی بۆ كوشتنی "ئێمه" هه‌ڵنه‌ماڵیوه! زه‌مانێك تۆ به‌ڵێنیت ده‌دا هه‌تا كۆتایی ده‌گه‌ڵ بیت و بمێنیته‌وه، له‌بیرته؟ من زۆر كه‌م به‌ڵێنی ده‌ده‌م، به‌ڵێنییه‌كانی من به‌ڵام - با هه‌ر بزانی- ئه‌وه‌نده به دڵنیاییه‌وه دراون كه هێشتا نه‌گۆڕدراون! نازانم ئه‌و كایه كه‌ی و چۆن و له كوێ ته‌واو ده‌بێت، به‌ڵام من هه‌ر هـــــــــــهم ... **** ****
February 21, 2004
ئاخر چلهمهشكێنهی من و شاشا له ته‌ورێز بوو. قه‌رار بوو ئه‌وه‌ی ده‌یدۆڕێنێت هه‌رچی پێی ده‌لێن بیكات! من دۆڕاندم. ئێواره كه چووینه ده‌ر، له پێش ده‌رگا وتی: چاو بقوچێنه! قوچاندم. وتی وهرێكهوه. چاوم كرده‌وه و وهرێكهوتم. وتی نا، چاو بقوچێنه و وهرێكهوه و تا ده‌گه‌ینه ناو شار چاوت مه‌که‌وه. زۆر ده‌ترسام خۆم به دارودیوار داده‌م، ده‌ترسام له جۆگه‌له قوڵه‌كانی قه‌راخ شه‌قام بكه‌وم، خۆ به خه‌ڵك داده‌م و ...! شاشا ده‌ستی گرتم وتی: شێته مهتمانهت به من نییه مه‌گه‌ر؟ ڕاستیت ده‌وێت له سه‌ره‌تاوه زۆر سه‌خت بوو، هه‌ر به‌دزی، به گۆشه‌ی چاو، چاوم له پێش پێم ده‌كرد، تا ورده ورده وێرام باوه‌ڕیی پێ بكه‌م. هه‌ستێكی خۆش بوو ئه‌و مه‌تمانه كردنه. هه‌ستی دڵنیا بوون له‌ئه‌وه‌ی كه لهپهناته و ده‌زانیی ده‌ستت به‌رنادات. نازانم، ڕه‌نگه ئه‌وه هه‌ستێك بێت كه‌متر كه‌س بیری لێبكاته‌وه، ئه‌و هه‌سته كه حه‌ز بكه‌یی چاو له سه‌ریه‌ك دانێی و بێ‌ترس و دڵه‌كوته هه‌نگاو هه‌ڵگریت و بزانی ئه‌وه‌ی ده‌ستی گرتوویی، بێ‌تۆ ناڕوات و بزانیت نه له جۆگه‌له‌ی ده‌كه‌ویت و نه خۆ به دارودیوار دادهدهیی. نه بریندار ده‌بیت و نه ئێشت پێدگات. هه‌ستی حه‌سانه‌وه. ته‌نیا بۆ ساتێك، یان هه‌ر بۆ چركه‌یه‌ك بیر له هیچ نه‌كردنه‌وه. هه‌ستی دڵنیابوون له‌مه كه كاتێ چاوت كرده‌وه هێشتا هه‌یه، هێشتا له‌وێیه! ئه‌و دڵنیا بوونه، ئه‌و مه‌تمانه كردنه‌یه كه من ده‌مێكه هه‌ست به نه‌بوونیان ده‌كه‌م! *** كۆشكێك بۆ خۆت ساز ده‌كه‌یی، كۆشكێكی خه‌یاڵی. قه‌ڵایه‌ك، كه پێت وایه ده‌تپارێزێت له هه‌موو نههاتهكان، له هه‌موو چنگه تیژه ژاراوییه‌كان ... گیرۆداویی خه‌یاڵێك ده‌بیت، لێت ده‌بێت به ژیان، ساته‌كانت پڕ ده‌كاته‌وه. ده‌بێت به گرنگترین به‌شی ژیانت ... له ناكاو، زۆر له ناكاو، پێلێك دێت و هه‌موو شتێك تێك ده‌ڕووخێت. ده‌بینت هه‌موو ئه‌و كۆشك و قهڵایهت له سه‌ر لم ساز كردبوو و نه‌رمه شه‌پۆلێك به‌س بوو بۆ تێكڕووخانیان. ته‌نیا شتێكی بۆت ده‌مێنێته‌وه سێبه‌ری بیرێكه كه لێت ده‌بێت به خۆره و له ده‌روونه‌وه ده‌تخوا! *** نوقمی ساته‌كان ده‌بم، ئه‌و ساتانه‌ی خۆشمده‌وێن و ده‌گه‌ڵیان ده‌ژیم. "خۆم" جارنا جارێك به گوێما ده‌خوێنێت، كه هۆ كچه سهرشێتهكه هۆشت بێت، ئه‌وانه، ئه‌و ساتانه هین تۆ نین، بــــــۆ تــــــــۆ نین، گیرۆداویان مه‌به! تۆ هه‌ر ده‌بێت چاو لێبكهیی و تێپه‌ریی. ڕێبوارێك بـــــــــــوو ڕۆیی، تۆش رێبوارێكی ده‌بێت بڕۆیی! له بیرت بێت پێت خۆش بێت یا نا، بووین به بووكه شووشه‌ی ده‌ستی چاره‌نووس! *** ئه‌و شه‌و و ڕۆژانه‌ی تێپه‌ڕین زۆر بێقهرار بووم. خه‌وه‌كانم كورت و خه‌ونه‌كانم هه‌مووی خۆڵه‌مێشی بوون. بێقهرارم و ئه‌و بێقه‌رارییه ئازارم ده‌دات، ده‌مترسێنێت. جۆره بێقهرارییهك كه نازانم له جنسی چییه، له كوێرا دێت و كه‌ی و چۆن ته‌واو ده‌بێت! جاران باشترێك بوو، خوێندنه‌وه‌یه‌ك، پیاسه‌كردنێك، چوونه ده‌رێ ده‌گه‌ڵ هاورێیان ئارامی ده‌كردمه‌وه، جاران شه‌و كه داده‌هات وه‌ک بڵێی ترس و دڵهكوتهكانی منیش له ناو تاریكی‌دا ڕێیان ون ده‌كرد، ئێستا به‌ڵام شه‌و كه دادێت بێقهرارتر ده‌بم، هه‌رچی هه‌وری ڕه‌شی ئاسمانی شاره دێنه ناو دڵی من و ده‌گرمێنن. شه‌وانه تا دره‌نگ، گوێ ده‌ده‌مه ده‌نگی جوان حاجو، هه‌ر گوێ ده‌ده‌مێ، گوێ ده‌ده‌مێ ... تا ورده ورده منیش ون ده‌بم ... *** بریا ئه‌م ژانه سه‌رم له كۆڵ ده‌بووه ... بریا ئه‌و سێبه‌ره ڕه‌شانه ون ده‌بوون ... بریا خه‌ونه قژ سهوزهكانم ده‌گه‌رانه‌وه. بریا ئیتر كه‌س پێم نه‌ڵێت "جێ پێی دوو دڵۆپ فرمێسكی قه‌تیس ما‌و، به سه‌ر برژانگه‌كانته‌وه دیاره"... بریا كه‌س ڕه‌نگی چاوه‌روانی له چاوه‌كانما به‌دی نه‌ده‌كرد ... بریا گرێی ئه‌و گریانه قورگمی به‌رده‌دا ئه‌مشه‌و ...
February 18, 2004
"من فێمینیست نه‌بووم به‌ڵام فێمینیستهكانم خۆشده‌ویست." ( هه‌رچی نوور و شتیتره به گۆڕی پیرۆزی ئیمام (ره) ببارێ كه فێری كردین چۆن هه‌ستی خۆمان ده‌رببڕین، ئه‌و كاته‌ی له‌و په‌ڕی دڵ فره‌وانییه‌وه ده‌ستێكی به ڕیشی موبارهكیدا هێنا و فه‌رمووی:" من وه‌رزشكار نیم وهڕزشكارانم خۆشده‌وێت". قورئانم به‌و ده‌ستانه‌ی خۆم په‌ڕپه‌ڕ كردبێت، به‌و چاوانه‌ی خۆم دیم چۆن كاتی وتنی ئه‌و قسه نهغزانه، بزه‌یه‌كی "خوادیی" له سه‌ر لێو مێویی بوو.) به هه‌رحال، ئه‌مڕۆ له ڕووی عاده‌تێكی خراپ كه هه‌مه سه‌ردانی سێئاشانم كرد - كاكه تۆ ئاخرێكه‌ی دین و ئیمانی من و شئوناتی ئیسلامی له‌مه‌ترسی داوێی، خوا لێت قه‌بوول نه‌كا- دیم باسی كیژه كوردێكی خوێن شیرینی كردووه، نادیا. ئه‌وه‌ی كه نادیا به‌شداری ئه‌م پرۆگرامه بووه به‌ڵامه‌وه نه زۆر سه‌یر بوو ونه زۆر گرنگ. چه‌ند ساڵ پێش كوڕه كوردێك كه پێم وایه هه‌ولێری بوو له پرۆگرامێكی قۆڕ و بێتام به ناوی Big Brother به‌شداری كرد و سه‌یرێكی هه‌بوو هه‌ر مه‌پرسه. دیاره ئێستا نامه‌وێت له پشت سه‌ری مردووان قسه بكه‌م،(هه‌رچه‌ند ڕۆژێك هه‌ر بۆتان باس ده‌كه‌م چی كرد و چی وت) به‌ڵام ئه‌وه‌ی نادیاش به‌لامه‌وه شتێكی ئاسایی بوو تا گه‌یشتمه ئه‌و جێگه‌یه كه فه‌رموو بووی :" نادیای ئازا چه‌ند جار ڕایگه‌یاندووه كه زۆر سووره له سه‌ر فێمینیسم و شێلگیرانه بۆ یه‌كسانیی ژن و پیاو تێده‌كۆشێ و له هیچ له‌مپه‌رێكی به ناو ئه‌خلاقی و نامووسی سڵ ناكاته‌وه." ڕامام. جارێكی‌تر خوێندمه‌وه، جارێكی‌تریش... چه‌ند جار پێیدا هاتمه‌وه و هه‌وڵم دا چۆنیایه‌تی پرۆگرامه‌که وه‌بیر خۆم بێنمه‌وه. دوایی هه‌ر به‌و ورده "عهقڵهیی" كه هه‌مه كه‌مێك بیرم له فێمینیسم و یه‌كسانی مافی ژن و پیاو و ڕێبازی خه‌بات و هه‌ندێ شتی قۆڕی تر ... كرده‌وه. به ڕاشكاوییه‌وه ده‌ڵێم بۆم ده‌ركه‌وت كه من تا ئێستا له مانای فێمینیسم نه‌گه‌یشتبووم. بــــــــــــــــــــۆ؟ ڕاستییه‌كه ئه‌وه‌یه من پێموابوو هه‌وڵی فێمینیسم - هه‌موو قۆڵه‌كانی و هه‌ر كام به شێوه‌ی خۆیی- ئه‌وه‌یه كه نایه‌كسانییه‌كانی نێوان ژن و پیاو له كۆمه‌ڵگه‌دا زه‌ق كاته‌وه و له‌ناویان به‌رێت به‌ڵام نه‌ك به‌و شێوه‌یه كه ژن ڕێبازی پیاوه‌كان ڕه‌چاو بكه‌ن و " ئێستا كه پیاو ده‌یكات، با ژنیش بیكات- به‌ڵكوو پێم وابوو هه‌وڵه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه قه‌واره‌كان و چوارچێوه ناله‌باره‌كان و خێچ و خواره‌كان ڕاست كه‌نه‌وه. پێـــــــــــموانــــــــــهبوو هه‌ڵه بوونی كه‌ڵك وه‌رگرتن له له‌شی ژن به كه‌ڵك ورهگرتن له له‌شی پیاو چاره ده‌کرێت.(ئاخه ئه‌وه زۆر له قه‌ساس له دینی ئیسلامدا ده‌چێت) پێموابوو شتێك كه هه‌ڵه بێت هه‌ڵه‌یه ئیتر، فه‌رق ناكات ژن بیكات یا پیاو ... به هه‌رحاڵ ئه‌و فێمینیسم و ئه‌و یه‌كسانییه كه نادیا هه‌وڵی بۆ ده‌دات بۆ سروشتی لادێی و ساكاری من نابێت و هه‌رله ئێستاوه زه‌نده‌قی منی "نامۆدێرن" چووه. من له هیچ چوارچێوه‌یه‌كدا نه‌فه‌سم بۆ ناكێشرێت، بۆ هیچ ئیسمێك نابم. زه‌مانێك هه‌ستی كوردایه‌تیم هه‌بوو وتیان:" نابێت، تۆ وه‌ك ژن یان ده‌بێت ئازادی هه‌ڵبژێریت یان كوردایه‌تی"، هه‌رچی سه‌رو قژی خۆم ڕنییه‌وه، به چۆكی خۆم دادا كه بابه گیان بۆ ده‌بێت مه‌جبوور بم هه‌ڵبژێرم، فایده‌ی نه‌بوو كه نه‌بوو. وتیان: خۆت شێت مه‌كه، "مه‌یكه به حه‌مامی ژنان!" كه گوتیان ژنی كورد، ده‌بێت بزانی یانی ده‌ست به‌سه‌ربوون، یانی به‌ستراوه، یانی ژێر چهپۆكهبوون، كه وتیان ژنی ئازاد یانی خواشی ده‌گه‌ڵ كورد و كوردایه‌تی یه‌ك نه‌بێت. خۆ ئیشاا... نایه‌یی ئابروومان به‌ریی و كارێكی وا بكه‌یی بڵێن پیاوی كورد و میلله‌تی كورد بێغیرهتن، ئابرووی گه‌ڵێك به تۆ به‌ستراوه‌ته‌وه.. ! ئێستا له هه‌ر دوو دینان بووم. نه كوردایه‌تیم بۆ ده‌كرێت چونكه ژنم و باوه‌رم به مافی یه‌كسانی ژن و پیاو هه‌یه - جا با كوردیش بن- و نه دڵم به فێمینیسم خۆشه چونكه ئه‌ویش ورده ورده خوێنی خۆی تاڵ ده‌كات ، یان كردوویه‌تی! پردێكش له‌م دوور ونزیكیانه نییه بچم خۆمی لێ فڕێ بده‌مه خوار ...
February 17, 2004
ئێـــــــــــــمه و ئـــــــــــــهوان: چه‌ند ساڵ پێش كه شێعره‌كه‌ی مامۆستا په‌شێو به ناوی "ده‌فته‌ری سوور"م، خوێنده‌وه، جۆرێكیترم ده‌روانیه سه‌رده‌می خۆمان و - نازانم بۆ- زۆر گه‌شبینتر بووم و پێموابوو زۆری نه‌ماوه شته‌كان بگۆڕدرێن. چه‌ند ساڵ تێپه‌ڕیوه. له گۆشه و كه‌ناری دونیا منداڵ و گه‌وره ده‌ستدرێژیان پێده‌كرێت، به‌ڵام له به‌شێكی ئه‌و دونیایه ئه‌م ده‌ستدرێژییانه له ژێر ناوی یاسادا ڕووده‌دا بۆیه كه‌س ناتوانێت یان ناوێرێت ده‌نگی ده‌ربێت. یان زۆركه‌سیش به ده‌ستدرێژی نازانێ بۆیه هه‌ر خه‌می لێ ناخوات. كه‌س باسی ئه‌م كچۆلانه ناكات له ته‌مه‌نی 13 ساڵی به مێرد ده‌درێن و له پانزده ساڵی دوو منداڵیان هه‌یه. كه‌س به ده‌ستدرێژی پیاوێكی 48 ساڵه به كچێكی 12 ساڵه -چونكه پاره‌یی پێداوه- سه‌ری سوڕ نامێنێت. زۆرمان كه‌م تا زۆر ئه‌و كڵاوه شه‌رعیمان چۆته سه‌ر و بۆ لابردنیشی زۆرمان خۆ ماندوو نه‌كردووه. كه ئه‌مڕۆ له City دا، خوێندمه‌وه جه‌ماعه‌ت داوا له ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن یاسایه‌ك په‌سه‌ند بكات كه ئیتر كه‌س ئیزنی نه‌بێت ده‌ست درێژی به "ئاژه‌ڵ" بكات، چونكه ئازاری له‌شی و ده‌روونییان پێده‌گات، دیسان وه‌بیر شێعری ده‌فته‌ری سووری مامۆستا په‌شێو كه‌وتمه‌وه ... ***** له ناو مێترۆدا زۆر شت ده‌بینی و ده‌بیستی كه به ده‌ست خۆت نییه، خه‌مبارت ده‌كات. ئه‌مڕۆش ماندوو ماندوو نوقمی دونیای خه‌یالاتی خۆم بووم كه دایك و كوڕێكی حه‌وت، هه‌شت ساڵه سه‌رنجیان ڕاكێشام. كوڕكه داوای مۆبایله‌كه‌ی دایكی كرد، ته‌نیا یه‌كجار وتیی:"مۆبایله‌که‌تم ده‌یه، كایه‌ی Snack ده‌كه‌م"، دایكی گوتی: بێده‌نگبه حه‌یوان!!! **** چه‌ند ڕۆژ پێش نامه‌یه‌كی ئیداریم بۆ هات. خوێندمه‌وه و دیم چه‌ند ڕۆژێكم كات هه‌یه جێ به جێی بكه‌م، ئه‌مڕۆ كه هاتمه‌وه دیم له هه‌مان شوێن نامهیهكیتر هاتووه و له چه‌ند دێردا داوای لێبـــــوردنیان كردووه چونكه نامه‌كه‌ی پێش چه‌ند هه‌ڵه‌ی چاپی تێدا بووه و به‌ڵێنی ده‌ده‌ن له داهاتوودا زۆرتر سه‌رنج بده‌ن و دووپاتی نه‌كه‌نه‌وه. جارێكی‌تر چاوم له نامه‌ی یه‌كه‌م كردووه و ده‌گه‌ڵ نامه‌ی دووهه‌م بهرئاوردم كرد، ته‌نیا سێ وشه له یه‌ك دوو شوێن كاتی تایپ كردن به‌یه‌كه‌وه پلكابوون و هیچیتر!!! بیرم چوو بۆ ڕۆژنامه‌کان و گۆڤاره‌کان و نامه و نامیلكه سیاسییه‌كانی لای خۆمان و ... *** ئه‌مڕۆ چووم بۆ شوێنێك كه قه‌راره جگه له زمانی سۆئیدی به زۆربه‌ی زمانه‌کانیتر كتێب و سیدی و كاسێتیان هه‌بێت. له سه‌ره‌تایی سالۆنی یه‌كه‌م كه ده‌چییه ژوور، ده‌ستی چه‌پ تا كۆتایی ساڵۆنه‌كه هه‌مووی كتێب به زمانی فارسی بوو، وله كۆتایی ساڵۆنه‌که، به لاقه‌دی دیوارێكه‌وه كه‌مێك كتێبی كوردی - سۆرانی ، كورمانجی- هه‌بوو. له ناو ئه‌و كتێبانه‌ش زۆربه‌ی هه‌ره زۆری باسی نه‌ته‌وه و سیاسه‌ت و شێعر بوو، ڕۆمان و چیرۆك یه‌ك دوو دانه به چاپێكی نه زۆر باشی چه‌ند ساڵ پێشی باشووری كوردستان. ناوی نووسه‌ره‌كانیش، زۆربه‌یان هه‌ژار و زامدار و دڵ به‌خوێن و فرمێسك و ئاواره و ... یان مه‌ڵا ...! كتێبێكم دیت به ناوی "كه‌ڵه ئه‌دیبانی دونیا"، و ئه‌مڕۆ زانیم به قامكی forefinger, index finger، ده‌ڵێن قامكی "ئهشهد". ناوێكی زۆر خۆش نییه! **** وه‌ك شتێك دڵتهنـــــــــــگی تۆ نیم، له‌و هه‌سته كه تــــــۆ باوه‌ڕێكی درۆ بوویی دڵتهنــــــــــگم! تۆش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی تێده‌گه‌یی ... هه‌ر ئه‌وه‌نده تێگه‌یشتنه‌ی تۆش به‌هانه‌یه‌كی باشه بۆ من تا كه‌وانه‌كان داخه‌م!
February 12, 2004
به‌یانیان زوو، ئه‌و شه‌قامه له شه‌قامێكی شاری مردووان ده‌چێت. له هاژه‌ی جاروباری ماشێنه‌كان و ده‌نگی هه‌نگاوه‌كانی خۆم له ناو به‌فرا به‌ده‌ر، نه ده‌نگێك دێت و نه كه‌س دیاره! له شه‌قامی ئاوا چۆڵ و به‌یانی ئاوا زوو، كه هه‌رخۆتی و ته‌نیا خۆت، سه‌یر نییه كه ناوی شه‌قامه‌كه بگۆڕیی بیكه‌ی به "شه‌قامی خۆم"، ئه‌وه‌نده هین خۆمه كه تێدا هه‌رجۆرێك حه‌ز بكه‌م ده‌ڕۆم، ڕاده‌كه‌م، شه‌ق له به‌فره‌كان هه‌ڵده‌ده‌م، گۆرانی ده‌ڵێم، چاو ده‌گێرم و ده‌ست به دیواره سڕهكانیدا ده‌خشێنم! له به‌یانێكی ئاوا زوو و ئاوا سارد، ئاسانه بیر له كه‌س و هیچ نه‌كه‌یه‌وه. له به‌یانییه‌كی ئاوا سارد هه‌ناسه‌كانیش تا ده‌گه‌نه به‌ر، دهمێون! له به‌یانێكی ئاوا زوو و ئاوا سارد تۆ نه ژنێكی كوردی له شه‌قامێكی شارێكی گه‌وره‌یی باكوری ئوروپا، نه غه‌ریبێكی كه هه‌موو شه‌وێ خه‌ون به شوێنێكه‌وه ده‌بینی و نازانی كوێیه، به‌ڵام پێی ده‌ڵێی "ماڵی خۆم"! به‌یانییه‌كی ئاوا، ئه‌وه‌نده سارده كه تۆ گه‌رم كردنه‌وه‌ی سه‌رپه‌نجه سڕهكانت پێخۆشتره تا بیركردنه‌وه له بیره برشاوییهكان كه لێت بوون به قیری كه‌وای سپی. له به‌یانییه‌كی ئاوا زوو و ئاوا سارد، هیچ شتێك له "ئێستا" دوورت ناكاته‌وه، مه‌گه‌ر، مه‌گه‌ر بیستنی له‌ناكاوی ده‌نگی گریانی كورێكی سێ چوار ساڵه كه هاوار ده‌كات: دایــــــــــه! و له‌پڕ، دایه ده‌بێت به پردی گه‌رانه‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی پڕ بوو له ده‌نگ، له ویست، له ڕه‌نگ! چۆك داده‌ده‌م به‌رزی كه‌مه‌وه، به‌فره‌كان له سه‌ر سنگ و رانی ده‌ته‌كێنم و ئه‌ویش به دوو چاوی هه‌تا بڵێی ڕه‌ش چاوم لێده‌كات و داوای باوه‌شی دایكی ده‌كات و دیسان من ده‌كه‌ومه بیری باوه‌شی دایكم، ئه‌و باوه‌شه‌ی هه‌موو ئه‌و جارانه‌ی ده‌كه‌وتم و ئێشم پێده‌گه‌یشت، ده‌بوو به لانكی من، ئه‌و باوه‌شه‌ی زۆر جار پێش ئه‌وه‌ی بكه‌وم، ده‌یگرتمه‌وه و ترسهكانمی له بیر ده‌بردمه‌وه. ئه‌و باوه‌شه‌ی پڕ بوو له بۆنی مێخه‌ك و من ده‌متوانی تێیدا ون بم ... ئه‌و باوه‌شه‌ی زۆر شه‌و تێدا، قژی سه‌وزی خه‌ونه‌كانم داهێناوه! دایكی ده‌گاتێ. به نه‌رمی له كوڕه‌كه‌ی توڕه ده‌بێت:" مه‌گه پێم نه‌گوتی به سه‌ر ئه‌و سههۆڵانهدا هه‌ڵمه‌یه؟" كوڕه‌كه‌ی له باوه‌ش ده‌كات و ده‌یلاوێنێته‌وه! من ئێره‌یی ده‌كه‌م، ئاوڕ ده‌ده‌مه‌وه، نه‌یانبینم، ده‌مه‌وێ دوور ببمه‌وه، دایكی ده‌ڵێت: هیوا، وتت سوپاس!؟ هیوا، ئه‌و كوڕه چاوڕه‌شه كه ئێستا ئیتر چڵم و لیكی تێكه‌ڵ بووه، به شه‌رمه‌وه دێته پێش، نه‌رم، زۆر نه‌رم له باوه‌شم ده‌گرێت و ده‌ڵێت: سوپاس! و به لێوه ته‌ره‌كانی سه‌رگۆنام ماچ ده‌كات! بۆ چرهكهیهك، هه‌ست ده‌كه‌م دڵم خه‌ریكه له قه‌فه‌سی سنگم بێته ده‌ر، چۆك داده‌ده‌م، هیوا له باوه‌ش ده‌گرمه‌وه و منیش سوپاسی ده‌که‌م. هیــــوا و دایكی دوور ده‌بنه‌وه. هیـــــــوا جارێك ئاوڕ ده‌داته‌وه. ده‌زانم هیواش و دایكی ئه‌مڕۆیان نه بۆ گرنگ بوو نه قه‌ت بیری لێده‌كه‌نه‌وه. ده‌زانم هیــــــــوا و جوانی چاوه‌کانی نه‌هاتبوون كه بمێننه‌وه، ده‌زانم! به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌زانم له‌مه‌و به‌دوا، هه‌ر جاره‌ی بێره‌دا تێپه‌ر بم - به‌یانی بێت یا ئێواره دره‌نگ، زستان بێت یا چله‌ی هاوین، سارد بێت یا گه‌رم- ده‌نگی هیـــــــوا و وشه‌ی "دایــــــه" له گوێما ده‌زرینگێته‌وه و تاسه‌ی باوه‌شی دایــــكم له دڵما سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه و بیری ماچی ئه‌و كوڕه چاوڕه‌شه، بزه‌م دێنێته سه‌رلێو!
February 9, 2004
گوڵــــــــــــم
February 1, 2004
ده‌ڵێن ئیسلامییه‌كان ته‌قینه‌وه‌ی هه‌ولێریان وه‌خۆ گرتووه. كوشتنی چه‌ند مرۆڤێك به ڕواڵه‌ت له جنسی خۆت و له سه‌ر دین و ئیمانی خۆت له ڕۆژێكدا كه بۆ هه‌ر دوولایان وادیاره پیرۆز بووه، به چ مه‌نتقێك لێكده‌درێته‌وه؟ كوشتنی ئینسان له هه‌ر ڕه‌نگ و ڕه‌گه‌زێك ده‌گه‌ڵ كام بیر و باوه‌ڕیی مرۆڤدۆستانه یه‌ك ده‌گرێته‌وه؟ .: به یه‌ك یان چه‌ند هـــــۆ - كه نادیارن، یان دیارن به‌ڵام بڤه‌ن، بۆ باس كردن نابن- جه‌ماعه‌تێك پێیان وایه كه دین ده‌بێت به سه‌ر سیاسه‌تدا زاڵ بێت و ده‌سه‌ڵاتی به سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌بێت! ئه‌وه‌ی كه ته‌نانه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌شدا چه‌ند ملیۆنێك پێیان وایه كه ژێربه‌نا و بناغه‌ی یاساكان ده‌بێت قورئان بێت، به ڕای منی هه‌ژار، وه‌ك ئه‌وه وایه كه لێگه‌ڕێین كابرایه‌كی ناڵبه‌ند، گرفتی تێكنیكی فرۆكه‌یه‌ك چاره بكات! دیاره ته‌نیا قورئان نییه كه له ده‌ور كه‌وتووه و بۆ سه‌رده‌می ئێمه نابێت، ئینجیل و ته‌وراتیش چ شتێكی باشتر و پوختر نین. با لێگهڕێیهن تاكه كه‌س باوه‌ر و بڕوایی، به هه‌ر خودایه‌ك كه پێی خۆشه هه‌بێت، به‌ڵام بڕیا له بیرمان با كه ئه‌م باوه‌ڕ و بڕوایه تاكه‌كه‌سییه و ته‌نیا ده‌توانێت و ده‌بێت بۆ تاكه‌كه‌س و ژیانی ئه‌و ئه‌و تاكه‌كه‌سه یاسا دارێژێت. ئیتر ئیبراهیم، عیسا و مه‌حه‌ممه‌د چیان بیست و چ فه‌رمانێكیان له خوا پێگه‌یشت، باوه‌ر ناكه‌م ده‌ردێك له پاشكه‌وتوویی و دواكه‌وتوویی فه‌رهه‌نگی و ئابووری و تێكنۆلوژیا و ئه‌ده‌ب و پارچه پارچه بوونی وڵاته‌كان و شه‌ری ده‌سه‌لات و سیاسه‌تی سه‌رده‌می ئێمه ده‌رمان بكات. خراپم تێنه‌گه‌ن، بوون و هاتنی ئه‌و براده‌رانه بۆ سه‌رده‌می خۆیان زۆریش باش بووه. عیسا ژنێكی له‌ش فرۆشی له په‌نا خۆیی گرت، مه‌حه‌ممه‌د كچی له زیندهچاڵبوون به ده‌ست پیاوی عه‌ره‌ب ڕزگار كرد، ئه‌وه‌ش خۆیی شۆڕشێكی گه‌وره بوو بۆ ئه‌و كات. هه‌ندێ شت گووتراوه. هه‌ندێ وته ڕه‌نگه پێویست بێت ئه‌مڕۆ به جۆرێكیتر مانا بكرێنه‌وه یان - كڵاوی شه‌رعی بۆ بدروون- و به پێچه‌وانه‌یان هه‌لسوكه‌وت بكرێت. نه سه‌رده‌م سه‌رده‌می جارانه، نه مرۆڤه‌كان، مرۆڤی جاران. بۆ كابرایه‌كی هه‌زار وچوارسه‌د ساڵ پێش له سه‌حراكانی عه‌ره‌بستان ده‌ژیا و وشتری (حوشتر!؟) هه‌بوو، زۆر ئاسایی بوو له فه‌رمووده‌ی مه‌حه‌ممه‌د تێبگات كه ده‌لێت: "پێنج جار نوێژ له ڕۆژدا، فه‌رزه له سه‌رت، به‌ڵام له بیرت بێت وشتره‌كه‌ت له شوێنێك ببه‌ستییه‌وه!"، ئێستا كابرایه‌كی له شار ده‌ژیت و ماشێنی ئاخر مۆدێلی له ژێر پێدایه و هه‌میشه و له هه‌موو شوێنێكیش پاركینگی وه‌گیر ناكه‌وێت بۆ ڕاگرتنی سه‌یاره‌كه‌ی، ده‌بێت ئه‌و فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر چۆن بۆ خۆیی لێكبداته‌وه؟ ئه‌و بۆچوونه له لای ئێمه كه نابێت ڕه‌خنه له دین و به تایبه‌ت له كتێبه پیرۆزه‌كه بگیرێت، وای كردووه مرۆڤ به ترس و له‌رز له تانه وته‌شه‌ری ئیمانداره‌كان قسه‌یی دڵی باس بكات، مۆری كافر بوون و بێ‌دین بوون له ناوچاوان ده‌درێت و هه‌ندێ شتی‌تریش. ئاوانه به‌ڕاست زۆر گرنگ نین، گرنگ ئه‌وه‌یه بیر‌و بۆچوونێك ئه‌گه‌ر هه‌ڵه بێت، ئه‌گه‌ر " كاتی به كار هێنانی" تێپه‌ری بێت، هه‌ڵه‌یه و كاتی تێپه‌ر بووه جا با چه‌ند ملیۆنێك ههربیكهنه زۆره ملی! زه‌مانێك بوو ئیسلام ڕێگه‌یی له فێربوونی بیریزانستی و فه‌لسه‌فی نه‌ده‌گرت. زه‌مانێك Cordoba - له سپانیای ئه‌مڕۆ- شوێنێك بووه بۆكۆبوونهوهی "پیاوه" زاناكان و لێدوان له فه‌لسه‌فه و زانستهكانیتر! سه‌ده‌ی 900 و سێ سه‌ده دواتریش پیاوانێك وه‌ك " بو عه‌لی سینا" ، "ابن رشد" له بواری زانستی بیۆلۆگی و ده‌رمان و فه‌لسه‌فه‌دا ناوبانگیان ده‌ركردووه. بوعه‌لی سینا ئه‌و كات له باسه سایكۆلۆژییه‌كانی خۆیدا باسی homosexuality ، transvestism وincest ده‌كات، هه‌ر ئه‌و باسانه‌ی زۆر دره‌نگتر پێیان گه‌یشته دونیای ڕۆژئاوا. ئیتر به‌لام له سه‌ده‌ی 1300 به‌دواوه ئیسلام به‌ره‌و پاش گه‌راوه و چیرۆكه كۆنه پڕ له بگره و بكوژهکانی قورئان دیسان زاڵ بوونه‌وه و مه‌لاكان له هه‌موو لایه‌كه‌وه هێرشیان هێنا و دین و حكومه‌تیان تێكه‌ڵ كرد و ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست. بیره‌كان سه‌ر بڕدران و هه‌ركه‌س وتی له‌ل، زمانی بڕدرا و ئێستا پێشكه‌وتن و پێگه‌یشتن بووه به خه‌ونێك كه كه‌س بۆی ته‌عبیر ناكرێت. جێی داخه ئیسلام له قاڵبی خۆی هاتۆته ده‌ر و بووه به ده‌سه‌لات به سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا، جێی داخه كه مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش ئیزن ده‌دات یاسا 1400 ساڵ كۆنه‌كان بڕیار بۆ ژیانی بده‌ن. له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر مه‌لاكان و ڕێبه‌ره ئایینه‌كان ئاوا نزیك 1000 سالێك به‌رو دواوه بكشێنه‌وه و چاوێك به مێژوویی ئه‌و سه‌رده‌مه كه موسلمانه لێهاتووه‌كان به بیرێكی ئازاد له خزمه‌ت زانست دابوون، بخشێنن، له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر، باوه‌ڕی دینی له ته‌ماحی ده‌سه‌لات و حكومه‌ت كردن جیا بكرێته‌وه، ته‌نیا ئه‌و كات، ڕه‌نگه ئیسلام بتوانێت ده‌ورێكی پۆسیتڤی له ژیانی ئه‌وانی باوه‌ڕیان پێی هه‌یه، هه‌بێت، ده‌نا ... هیواتان پێی نه‌بێت! *** بوریس، زۆر وتنی ئه‌مشه‌وم خه‌تای تۆیه :) |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|