Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

April 30, 2004

ده‌ڵێـــــم ده‌زانی، چ ده‌بوو ئه‌گه‌ر پێش مردن، ده‌رفه‌تێك ده‌درا به هه‌ر كه‌سێك كه یه‌ك یان دوو ڕۆژ له ژیانیدا بگه‌رێته‌وه ڕابردوو. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه من، بۆ نموونه توانیبام هه‌ر به‌و زانیارییانه‌ی ئێستای ژیانم و ئه‌و شتانه‌ی كه ته‌جره‌به‌م كردووه و به‌و ناسینه‌ی كه له خۆم و له ویسته‌كانم به‌ده‌ستم هێناوه، ده‌رفه‌تێكم پێدرابا گه‌رابامه‌وه پاشه‌وه‌ تا هه‌ڵه‌یه‌ك كه كردوومه، قه‌ره‌بوو كه‌مه‌وه، یان ئه‌گه‌ر ئێستا پێموایه ده‌با ئه‌وكات كارێكم كردبا و نه‌‌مكردووه، شانسی وه‌م پێبدرێت كه بیكه‌م. باش كه بیری لێ ده‌كه‌مه‌وه به‌ڕاست پێم به شتێكی خراپ نییه، ها! هه‌رچه‌نده دڵنیام ساغ بوونه‌وه زۆر ئاسان نه‌ده‌بوو. بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه بۆ كام ڕۆژ بگه‌رێیه‌وه و چی بگۆڕیی، ناتوانێت بڕیارێكی زۆر ساكار بێت! ده‌زانی، بیر بكه‌وه، خۆ ئێمه نازانین كه‌ی ده‌مرین، بۆیه نازانین ئه‌و یه‌ک دوو ڕۆژ ده‌رفه‌ته بۆ كه‌ی باشتره به‌كار بێنین. شتێكی‌تریش ئه‌وه‌یه كه قه‌ت ناتوانین دڵنیا بین كه ئیتر كه‌مترخه‌می ناكه‌ین و پێش به هه‌ڵه‌كانمان ده‌گرین. بۆیه هه‌میشه ئه‌و مه‌ترسییه هه‌یه كه له‌وانه‌یه كاتێكی باش بۆ گه‌رانه‌وه هه‌‌ڵنه‌بژێرین. ده‌زانم كه‌مێك شته‌كه تێكه‌ڵ پێكه‌ڵ بوو، به‌لام تۆ ته‌نیا بیر بكه‌وه كه بۆت هه‌یه یه‌ك یان دوو ڕۆژ بگه‌رێیه‌وه ڕابردووت و شتێكی ژیانت بگۆڕیی. شتێك كه ئێستا به دڵت نییه یان لێی په‌شیمانی!

لـــــــــــۆركێ پێم پێده‌كه‌نێت و ده‌لێت:"دوور نییه له ده‌رفه‌تێكی ئاوا شتێكی‌ زۆر سه‌یریان ساز كردبا. له‌وانه‌یه كردبایانه دینێكی تازه یان باسێكی زانستی و پرۆفسۆری لێزان قسه‌یان له‌سه‌ركردبا، له‌وانه‌یه ده‌یان و سه‌دان كتێبیان له‌سه‌ر نووسیبا. له‌وانه‌یه مه‌لا فه‌توایان بۆ دابا. له‌وانه‌یه فیله‌سووفه‌كان قژیان له‌سه‌ر سپی كردبا، یاسا و ڕێسایان بۆ دامه‌زراندبا تا به پێی ئه‌وانه‌وه، مرۆڤ توانیبای ساغ بێته‌وه بزانێت گه‌ره‌كێتی بگه‌رێته‌وه و ئایا شته‌كه بایه‌خی ئه‌و ماندوو بوونه‌ی هه‌یه؟! دوور نییه كردبایانه په‌لێكی تازه‌ی یــــــۆگا و كورسیان بۆ دانابا. یان بووبایه به ئایدۆلۆژیایه‌کی نوێ و حیزبێك پێك هاتبا و سكریتێری گشتی بریاری بۆ ئه‌ندامان دابا كه ئایا بگه‌رێنه‌وه و شتێك بگۆڕن یا نا. یان كردبایانه ژنانه، پیاوانه! له یه‌ک شت دڵنیام مه‌لا كوێره‌كان ئیسته‌خاره‌یان بۆ ده‌گرته‌وه و پێی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بوون."

به‌هه‌ر حال نازانم خه‌ڵكانی‌تر چۆنیان ئه‌و ده‌رفه‌ته به‌كار ده‌هێنا، من ته‌نیا له به‌شی خۆم دڵنیام. ده‌زانم هه‌ڵه‌م یه‌كجار زۆره له ژیانما، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تێكی ئاوام هه‌با، ئه‌گه‌ر توانیبام یه‌ك یان دوو ڕۆژ له ژیانم گه‌رابامه‌وه بۆ ڕابردوو تا شتێك بگۆڕم و هه‌ڵه‌یه‌كم ڕاست كردباوه، دڵنیام ده‌گه‌ڕامه‌وه دوو ڕۆژ پێش ڕۆیشتنه‌وه‌ی تـــــــــــۆ. ده‌گه‌ڕامه‌وه ئێــــــــواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی و له تاریكی سالـــۆنی سینه‌ما ده‌ستم ده‌گرتی. ده‌گه‌رامه‌وه پێش نیـــــوه‌ڕۆی ڕۆژی دووشه‌مه و پێــــش ئه‌وه‌ی بــڕۆی، هه‌مـــــــــوو كارێكم ده‌كرد دڵت نه‌شكێت.



April 29, 2004

قۆڵی كراسه‌كه‌م تا سه‌ر ئانیشک‌ هه‌ڵكردووه، دوو سێ گرێ كه‌وتۆته ناو چاوانم، هه‌موو هۆش و هێزم ڕژاوه‌ته ده‌ستم و وه‌ك بڵێی گرنگترین گرفته و ده‌بێت هه‌ر ئێستا و به باشترین شێوه چاره بكرێت، خه‌ریكم به سیمی قابان، ژێر قابله‌مه‌كانم سپی ده‌كه‌مه‌وه. سه‌یر نییه، ده‌رسم زۆره و كاتم كه‌مه و من، تا شه‌وی پێش ڕۆژی ئاخر ناتوانم دانیشم خه‌ریكی ده‌رسه‌كانم بم و به هه‌موو به‌هانه‌یه‌ك له كتێبه‌كانم هه‌ڵدێم!

"ئه‌و په‌ڵه ڕه‌شانه پاك نابنه‌وه"، خۆم به خۆم ده‌ڵێم و بیرم نازانم چۆن و بۆ كوێ ده‌روا. "چلكی ناو مێشکیش هه‌ر وه‌تر، ده‌ڵێم بریا دونیا، یان ژیان یان مێشكی مرۆڤ له جنسی فافۆن بان، به سیمی قابان وه‌بریقه بریق ده‌كه‌وتنه‌وه"، دیسان خۆمم كه‌وتوومه‌ته خه‌و بینین. "همممم، گیان به گیانیشم بكه‌ن تازه چۆته ناو خوێنم، بۆ سڕێنه‌وه‌ی په‌ڵه‌كانی دونیاش پێموایه ده‌بێت به‌رهڵبێنه‌ی له خۆم ببه‌ستم و قۆڵ هه‌ڵماڵم و به سیمی قابان بكه‌ومه گیانی كۆمه‌ڵگه ... هه‌ی... زمانم لاڵ ..."

نازانم كه‌ی بوو كه‌وتمه بینین، ڕۆژێك سه‌رنجم دا مێتافۆره‌كانیشم له چوارچێوه‌ی چێشخانه‌ و په‌نا گاز و قاب و قابله‌مه ده‌خوولێنه‌وه، ترسه‌كانم ڕژانه ناو مێشكم، باش بوو كه‌س دیار نه‌بوو توانیم به ده‌‌نگی به‌رز بیر بكه‌مه‌وه، كه‌وتمه بیری به‌ڕێزێك كه تا بیستبووی نازانم دۆڵمه‌ی ساز بكه‌م گوتبووی ئه‌ی چۆن نازانێ، بۆ مه‌گه‌ر ژن نییه؟ پێموایه كه‌وتمه سه‌ر ده‌نده‌ی له‌ج و كه‌‌لله ڕه‌قییه‌كانم هه‌ر له‌وێرا ده‌ستی پێكرد، ئه‌و ڕۆژه له‌بیرمه به خۆم گوت ئـــــه‌ی هاوار ئێستا ئه‌گه‌ر ببیستێ من حه‌زم له قاب شووشتنه و پێم خۆشه تاقه مندالێكم هه‌بێت و ئه‌ویش كوڕ بێت، بڵێی ڕازی بێت له چوارچێوه‌ی "ژنایه‌تی" دا، جێم بكاته‌وه؟ دوایش زوو كه‌وتمه‌وه بیری هاورێ توند وتیژه فێمینیسته‌كه‌م كه ئه‌گه‌ر ئه‌مه ببیستێت ده‌ڵێ: چۆن شتی وا ده‌لێت، مه‌گه‌ر تۆش وه‌ك ژنێكی كورد ژێرچه‌پۆكه‌ی ...

بۆیه كه‌مێك سه‌رم لێ شێواوه. ئێستا نازانم چیم! یه‌كێك ده‌ڵێت نازت كه‌مه، كوا ژنایه‌تیت!؟ ئه‌وه‌ی‌تریان ده‌ڵێت نازت زۆره، ژن نابێت نازی هه‌بێت! ئه‌وه‌ی‌تریان لێم توڕه‌یه ده‌‌ڵێت ئه‌گه‌ر پیاوێك گوتی بێنه جانتاكه‌ت هه‌ڵگرم ده‌بێت بیده‌یه‌یی، ده‌نا "پێی ناخۆش" ده‌بێت و "غروری پیاوانه‌ی" بریندار ده‌بێت! ئه‌وه‌ی تر ده‌ڵێت بۆ هینده باسی هه‌ست و خۆشه‌ویستی ده‌که‌ی، ژن ده‌بێت سه‌ربه‌خۆ بێت!!! یه‌کیان ده‌ڵێت پێم سه‌یره پێت خۆشه منداڵه‌که‌ت كوڕ بێت، قه‌ت پێموانه‌بوو وه‌ک ژنێكی كوردی پاشكه‌وتوو بیر بكه‌یه‌وه! هه‌زار تاریف و مانا له "ژن بوون" كراوه و منی هه‌ژار له هیچیان دا خۆم نابینمه‌وه. ئه‌مشه‌و identity crisis زۆر سه‌یر یه‌خه‌ی گرتووم. هیوادارم كه‌س به‌‌مزووانه لێم نه‌پرسێت چیم یان كێم! نازانم چی وڵام بده‌مه‌وه! ... قابله‌مه‌كانیش هه‌ر سپی نابنه‌وه ...

****
هه‌ر له په‌یوه‌ندی ده‌گه‌ڵ هه‌ڵاتن له ده‌رس خوێندنه‌كانمدا، دیسان دانیشتم نامه‌یه‌كی سێزده‌ لاپه‌ره‌ییم نووسی و نازانم بۆ كێی بنێرم ... بیرم كرده‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌س نه‌بوو، له شووشه‌یه‌کی ده‌خه‌م و به ئاوێی داده‌ده‌م...



April 27, 2004

ده‌زانی، هه‌ندێ جار، نووسین هه‌وڵێكی بێ‌سووده بۆ داشاردنی ئه‌و شتانه‌ی ناشاردرێنه‌وه! به‌شێك له خۆم، له‌تێك له من، له ڕوحم، له هه‌ستم! نووسین بۆ من وایه، هه‌موو شتێك ئاشكرا ده‌كات. وا ده‌كات تا هه‌رچی تاڵه، له قوڵاییه‌كانی دروونما، هه‌ڵیڕێژمه ده‌رێ، تا هه‌رچی چڵك و ڕه‌شاییه‌ بڕشێمه‌وه و هیچ نه‌مێنێت تا لێم ببێت به خۆره! لاپه‌ره‌كه، وشه‌كان لێم ده‌بن به ئاوێنه، تێیدا ڕووت ده‌‌بمه‌وه و به‌دوای له‌ته بزربووه‌كانی ڕوحمدا ده‌گه‌ڕێم. یان له باوه‌شێك كه پڕه له بۆنی مێخه‌ك یان سه‌رپه‌نجه‌یه‌ك كه به سه‌ر زامه‌كانما ده‌‌كێشرێت ...

ڕۆژه‌كان بۆ برشیان لێدێت، بیره‌كان ژه‌نگیان هه‌ڵێناوه. تارمایی ته‌مێكی ته‌نک له ده‌روونما سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه. ده‌زانم كه ده‌زانی بیرت ده‌كه‌م و ده‌زانی كه ده‌زانم بیری منت له قوژبنێكی نیوه تاریکدا، شوێنێك كه نازانی كوێیه، ون كردووه! ئاوایه كه من كه‌متر و كه‌متر قسه ده‌كه‌م و دوورتر و دوورتر ده‌بمه‌وه له مرۆڤه‌كان و ئه‌و دونیا سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه كه ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌كانیدا نه‌گونجای ده‌گه‌ڵت ناسازێت و خۆش خۆش، به‌ردت داوێته سه‌ر ڕێ! چت لێ وه‌شارم گــوڵــــــــم، تاقه‌تم نییه به‌دوای نه‌هێنییه‌كانی خۆشبه‌ختیدا، لاپه‌ڕه‌كانی كتێبی "ئایینی به‌خته‌وه‌ری" هه‌ڵده‌مـه‌وه و به كۆمێنتاره ئاوه‌كییه‌كانی Dr.Phil توڕه‌م و نه ئیمان و نه‌ باوه‌ڕم ئیتر ئه‌وه‌‌نده پته‌و و قایمه كه پاڵی پێوه‌ده‌م! دیسان بیرۆكه‌ی ئه‌وه كه نه‌كا من چكۆله‌تر له‌وه‌ی بم كه بتوانم بژیم، كه به‌رگه‌ی ئه‌و ژیانه بگرم، به‌رۆكی گرتووم ...

من ماندووم و تۆش لێره نیت تا له نزیكه‌وه خۆشم بوێیت!

... بۆ برشی ڕۆژه‌كان، بیره ژه‌نگاوییه‌كان، له‌ت‌و په‌ته‌كانی ترسێك، ته‌نیایی و تارمایی ته‌مێكی ته‌نك ... بریا توانیبام ئه‌و به‌شه‌ی ژیان بڕشێــــــمه‌وه، تا له چنگیان ڕزگارم بێت ...



April 22, 2004

شـــــه‌وه. مۆبایله‌كه‌م له‌سه‌ر زه‌نگ داده‌نێم بۆ به‌یانی. ڕێك له‌سه‌ر شه‌ش و سی و سێ ده‌قه‌! چراكه‌ی ده‌كوژێنمه‌وه. ڕاده‌كشێم، په‌توو شینه‌که‌م ده‌كێشمه سه‌ر سه‌رم، كه‌مێك ئه‌و دیو ئه‌و دیو ده‌بم، چاو له‌سه‌ر یه‌ك داده‌نێم! چاو كه له‌سه‌ر یه‌ك داده‌نێم ده‌تبینـــــــم!

... چاو ده‌كه‌مه‌وه، په‌توو شینه‌كه‌م لاده‌ده‌م، هه‌ڵده‌ستم و له‌سه‌ر لێواری دۆشه‌گه‌كه‌‌م داده‌نیشم، تێكه‌ڵی تاریكی ژووره‌كه‌م ده‌بم، چراكه پێده‌كه‌مه‌وه، مۆبایله‌كه‌م كه له سه‌ر زه‌‌نگ دانابوو ده‌كوژێنمه‌وه، چاوێك ده‌گێرم، ده‌ستم ده‌كه‌م به كۆڵه‌كه‌ی سه‌رم ...

هێشتا هـــــه‌ر شــــــــه‌وه ...



April 21, 2004

له لایه‌ك كورده‌كانی ڕۆژئاوا، دانیشتووی ئێره، كه كومیته‌یه‌كیان پێكهێناوه بۆ پشتگری كردن له كورده‌كانی ژێرده‌ستی ڕێژیمی به‌عسی سوریه، ئه‌مڕۆ خۆپێشاندانێكیان ڕێكخست، زۆربه‌ی به‌شداران كورده‌كانی "سوریه‌" بوون، له لایه‌كی‌تریش كورده‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كومیته‌یه‌کیان بۆ پشتگری له كورده‌كانی ژێرده‌ستی ڕێژیمی مه‌ڵاكان، پێكهێناوه و له‌م ڕۆژانه‌ خۆپێشاندانێك ڕێكده‌خه‌ن، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت زۆربه‌ی به‌شد‌اران كورده‌کانی "ئێران" ‌بن!

****
له‌یـــــــــــلا زانا و هاورێكانی به پێی حوكمی ئه‌مڕۆیی دادگای توركیه ته‌واوی پانزده ساڵه‌كه ده‌بێت له به‌ندیخانه‌ بمێننه‌وه.

****

نازانم كورده‌كانی "توركیه" كومیته‌یه‌كیان هه‌یه تا خۆپێشاندان ڕێكبخه‌ن؟ كورده‌كانی "عێراق" ده‌مێكه كومیته‌یه‌كی ئاوایان هه‌یه، ئه‌وان به‌ڵام جارێ هه‌ر بۆ "ڕێفراندوم" هه‌وڵ ده‌ده‌ن ...

****

بژی ناوچه‌نالیسمی كوردی ...



April 19, 2004

ئاوایه كه هه‌ندێ جار بیرێك په‌نجه له داوێنی خه‌یاڵم قایم ده‌كات، نا، باشتره بڵێم ته‌‌نیا هه‌ندێ جار ئه‌و بیره ده‌ست له داوێنی خه‌یاڵم به‌رده‌دات، هه‌ندێ جار، چه‌ند چركه‌یه‌ک، ون ده‌بێت، ده‌نا هه‌میشه هه‌یه. هه‌میشه ده‌گه‌ڵمه و سێبه‌ر ده‌خاته سه‌ر ساته‌كان، ساته سه‌رشێته‌كان! ده‌بێت به سیمای ون بووی ئه‌و یادانه‌ی به كۆمه‌كۆم دێن و خۆیانم وه‌‌بیر دێننه‌وه. ئه‌و یادانه‌ی كۆتاییه‌كه‌یان كۆڵانێكی خۆڵاوی سه‌رده‌مێكی دووره، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی له سووچی ژوورێكی تاریك، له كونی په‌رده‌یه‌کی په‌مه‌یی ڕا، چاوم له مرۆڤه‌كان و خه‌مه‌کانیان ده‌كرد و هه‌موو شتێك بچووكتر له‌و شته‌یی كه بوو، ده‌ینواند و درزێك ده‌كه‌وته دیواری ترسه‌كانمانه‌وه، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی هه‌موو شته‌كان له‌وێڕا ده‌ستیان پێكرد ...

ده‌زانی، زۆرجار ئه‌و شته‌یی لێی ده‌ترسین ڕاست ئه‌و شته‌یه كه به ئاواتی ده‌خوازین؟! به‌ڵام وانییه كه بتوانین هه‌‌نگاوی بۆ هه‌ڵگرین. هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به‌و ئاواته‌ی سێبه‌ری ترسێكی له سه‌ره، كاری هه‌موو كه‌س نییه. ڕاستیت ده‌وێت هه‌موومان به ترسه‌وه ده‌ژین، ترس له هه‌ڵه كردن، چونكه له لای ئێمه ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه نه‌بوو، نییه. كه هه‌ڵه‌یه‌كت كرد، ده‌بێت به ئاگره‌كه‌یه‌وه بسووتێیت! هه‌موو شتێك ده‌بێت به مۆرێك و له ناوچاوانمان ده‌درێت، هه‌ڵه‌کانمان نابن به ئه‌زمۆنێك كه بتوانین دواتر به كاری بێنین، ده‌بن به نه‌گبه‌تی و به‌رۆكمان ده‌گرن. ڕه‌نگه هه‌ر به‌و هۆیه‌‌وه‌یه هه‌موو كه‌سێك وره‌ی ئه‌وه‌ی نییه هه‌ڵه بكات، هه‌ڵه‌كردنیش وێرانی ده‌وێت... به‌ڵام چی بكه‌م، من ئێستاش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕم له ژیاندا تا هه‌ڵه نه‌که‌ین، شته‌كان و خۆمان ناناسین. هه‌ڵه‌كردن یانی ناسین و ناسین پێداویستییه‌كه بۆ دۆزینه‌وه‌‌ی خۆمان و شته‌كان.

هه‌ندێ جاریش له‌وانه‌یه له ویستنه‌كانماندا تووشی هه‌ڵه بین، ئه‌وه‌ش ڕاسته، به‌ڵام له یه‌ك شت دڵنیام، " نه‌ویستن"، هه‌میشه هه‌ڵه‌یه، هه‌میشه! وه‌ك كه‌سێ كه بۆ گه‌یشتن هه‌وڵ ده‌دات، له‌وانه‌یه هه‌ندێ جار ماندوو بێت، چۆك دابدات، كۆڵ بدات، له‌وانه‌یه بدۆڕێنێت! به‌لام كه‌سێك كه هه‌وڵ نادات و هه‌میشه و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه كۆڵی داوه، هه‌میشه و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه دۆڕاوه!

****
مرۆڤ دوو پێیه‌کی سه‌یره، نا؟‌! هه‌زاران هه‌زار شتی جوان و باش و سه‌یری خوڵقاندووه، به‌ڵام هه‌رچی زۆرتر بیری لێده‌كه‌مه‌وه ده‌بینم، "سه‌یرترین" شتێك كه مرۆڤ تا ئێستا خوڵقاندوویه‌تی، "خودایه". خودایه‌ك كه له زه‌ینی ماندووی مرۆڤێك، له‌دایك بوو، ورده ورده بوو به خاوه‌ن بیر و زه‌ینی "خوڵقێنه‌ری" خۆیی، و مرۆڤ گه‌یشت به سه‌رگه‌ردانییه‌كانی ئه‌مرۆیی و دونیا بوو به‌ ئه‌م شته كه هه‌یه! هه‌ندێكمان هه‌موو جارێ سه‌ر به‌ره‌و ئاسمان به‌رز ده‌كه‌ینه‌وه و ده‌پارێینه‌وه و هه‌ندێكمان ناوچاوانمان له به‌ردێكی مۆر ده‌سووین و ده‌لاڵێینه‌وه و هه‌ندێكمان ڕوو له دیوارێك ده‌كه‌ین و له به‌ری ده‌كرووزینه‌وه! هه‌‌‌ندێكمان خۆی لێ گێل ده‌كه‌ین، یانی نه‌خه‌مه، ئێمه ده‌زانین دونیا چ باسه و هه‌ندێكمان هه‌رچی هێزمان هه‌یه له سه‌ر شه‌ڕ ده‌گه‌ڵ‌ خودا و حاشا لێكردنی داده‌نێین. سێبه‌ری ڕه‌شی گومانێك هه‌میشه به‌دوامانه‌وه، قه‌ت ناتوانین دڵنیا بین هه‌یه یا نییه! و شه‌یتانی هه‌ژار، قه‌ت هیچكه‌س گوێی بۆ قسه‌كانی شل نه‌كرد تا بزانین ئه‌و ده‌ڵێت چی! گوتیان ڕه‌جمی كه‌ن، و كردمان! و دواتر هه‌رچی له چوارچێوه‌ی ده‌رك و بیری ئێمه نه گونجا ڕه‌جم كرا، و دواتر(تر) هێنده بێ‌هێز بووین هه‌میشه پێویستمان به "خوداكان" هه‌بوو، تا پێمان بڵێن چه‌نده بێ‌مێشكین و چه‌نده چاو له‌ده‌ست، كه پێمان بڵێن خۆمان ناتوانین بیر بكه‌ینه‌وه و نازانین خێر و شه‌ڕمان له‌چی دایه، تا پێمان بڵێن چۆن بژین! خواكان هه‌وڵ ‌ده‌ده‌ن باوڕێكمان پێ بسه‌لمێنن!

نازانم ...، ئاخر مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه نه‌بوو ئه‌سرینی برد؟ هه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه نه‌بوو بوونی ئه‌ویی له بۆشاییه ڕه‌ش و بێ‌بنه‌كه‌ی خۆیدا هه‌ڵلووشیی؟ مه‌گه‌ر ترس و ترسه‌نۆكی باوه‌ڕێك نییه كه ناویان ناوه‌ته نامووس و مه‌گه‌ر شه‌ڕی نامووس نییه بۆت به ڕه‌شه‌بایه‌ك و هه‌موو شت وێران ده‌كات و ...؟ مه‌گه‌ر ئاگری هه‌موو شه‌ڕه‌‌كان له‌م باوه‌ڕه‌وه خۆش ‌نابێت؟ مه‌گه‌ر هه‌ر "باوه‌ڕ" نییه كه هه‌ندێ ده‌كات به خاوه‌نی گیان و ژیانی هه‌‌‌ندێكی‌تر؟ مه‌گه‌ر به‌رامبه‌ر به‌م باوه‌ڕه نییه كه مرۆڤ ده‌بێت به كاڵایه‌كی هه‌رزان، بێ‌بایه‌خ و سووك؟ ...

مرۆڤ خودای خوڵقاند و بوو به دیلی ده‌ستكردی خۆی ... ئێستا كێ ده‌توانێت مرۆڤ له چنگ خۆیی ڕزگار كات جگه له مرۆڤ خۆی؟ نه‌كه‌ن- زمانم لاڵ- خودایه‌كی‌تر بخووڵقێنن؟ به‌س نییه‌؟

****
من ده‌ڵێم، كۆمه‌ڵێك پێش ده‌كه‌وێت كه تێیدا بیره‌كان بچنه ژێر پرسیار و كۆمه‌ڵێك كه هیچ شتێك، تێیدا ئه‌وه‌‌نده موقه‌ده‌س نه‌بێت كه نه‌كرێت لێی ورد بینه‌وه و شیی بكه‌ینه‌وه تا له بۆ و چۆن و چه‌‌نده‌كانی تێبگه‌ین! هیچ شتێك ئه‌وه‌نده موقه‌ده‌س نه‌بێت كه نه‌‌كرێت ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بێت! یانی ئێمه دۆڕاوین؟ یانی هیوایه‌ك نییه؟ هێـــمن لێره بایه، ده‌یگوت "نا، نا، دوور بنواره، دوور بنواره، ئاسۆ ڕوونه"، به‌ڵام داخی گرانم، من ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌م نییه بنوارمه ئاسۆی دوور، ناچارم به‌رپێی خۆم چاولێبكه‌م، ناچارم ڕێگه‌ی خۆم هه‌ڵبژێرم، ناچارم بۆ ئه‌مڕۆ بیرێك بكه‌‌مه‌وه، به‌یانی زۆر دره‌نگه! و باوه‌ڕیش ناكه‌م ئه‌و ئاسۆ دوور و ڕوونه له ماوه‌ی بوونی مندا بگه‌ته به‌ر ... پێــــش سواره‌كانمان، خواكانمان؟ ئه‌و خۆی گووتی: " قورس و ناوه‌ستان"...

****
بۆیه ده‌ڵێم وه‌ره دوورتر و سه‌رتر له هه‌موو ئه‌و پێوانانه‌ی به سه‌رمانا سه‌پاندوویانه، له ڕوانگه‌یه‌کی تازه‌وه، چاوێكی‌تر له خۆمان، له یه‌ك بكه‌ینه‌وه، من، ژن له هه‌موو ئه‌و قاڵبانه‌ی تا ئێستا، بێنه‌‌وه ده‌رێ و هه‌رچی له گوێیاندا خوێندووی له بیر بكه‌! و ئه‌مجاره‌یان بۆ ناسینم بیر له مێشك و هه‌ست و ویست و بوونم بكه‌وه. ورده‌و، گوتم نـــاسیـــن! ئه‌مجاره‌یان هه‌وڵ بده بمناسیی! ئیتر ته‌‌نیا لار وله‌نجه و چاوی خومار و ناوقه‌دی باریك و پشتێندی شل و مه‌مكی خڕ و سنگی بلورم مه‌بینه، ئه‌مجاره‌یان هه‌وڵ ‌بده له ناو دوو كه‌وانه‌ی "ژنی باش"، ژنی نه‌جیب"، ژنی ژیكه‌لانه"، ژنی كابان"، "ژنی له‌ش فرۆش"، "ژنی سێكسی" ، "ژنی ..." نه‌مبه‌ستییه‌وه. ئه‌مجاره‌یان بۆ ناسینم بیر له مێشك و بیر و هه‌ست و ویستم بكه‌وه. بیر له فرمێسك و پێكه‌‌نینه‌كانم، له بوونم كه ته‌‌نیاییه‌كانت له خۆیدا ون ده‌كات، له ده‌سته‌كانم كه كاتی ماندوویت ده‌ستت ده‌گرێت و له باوه‌شم كه له‌خۆیدا حه‌شارت ده‌دات. بیر له هه‌موو ئه‌و جارانه‌ی نا‌هێڵم چۆك دابده‌ی، هه‌موو ئه‌و جارانه‌ی باری سه‌رشانت ده‌گه‌ڵ به‌ش ده‌كه‌م، هه‌موو ئه‌و جارانه‌ی هاورێ و هاوده‌می ساته‌كانتم. هاورێ و هاوده‌مم به‌! نه دوورتر، نه سه‌رتر. شان به شانم وه‌ره.

بۆیه ده‌ڵێم با دوورتر و سه‌رتر له هه‌موو ئه‌و پێوانانه‌ی تا ئێستا، چاوێك له خۆمان و له یه‌ک بكه‌ینه‌وه. ده‌نا ئاوا قه‌ت به یه‌ك ناگه‌ین، ئاوا تۆ هه‌تا هه‌تایه له ڕوانگه‌ی ژن ڕا،"پیاوێكی" خوێنتاڵی سمێل زلی زمان شڕی بێ‌مێشكی هیچ نه‌زانی و ژن هه‌تا هه‌تایه ژێر چه‌پۆكه‌ی تۆیه! ئاوا هه‌ر ژنێك گوتی نا، ده‌یخه‌یه ناو دوو كه‌وانه و به تیغی تیژی باوه‌ڕێك كه نازانی له كوێرا و بۆ هاتووه، سه‌ری ده‌بڕیت! ئاوا هه‌تا هه‌تایه من و تۆ به‌رامبه‌ری یه‌كین و قه‌ت شان به شان ناچینه پێش. وه‌ره پێناسه‌یه‌كی تازه بۆ "پیاو" بوون ساز بكه! نابێت؟

بۆیه ده‌ڵێم وه‌ره یه‌ك بناسین، دوورتر و سه‌رتر له هه‌موو پێوانه‌كانیان ...



April 18, 2004

وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه‌ك

قژی ئاڵۆزی خه‌ونێك، تارای سووری ئاسۆ، ماچی به‌یانی، ده‌نگی باران، بۆنی بیرێكی كۆن، تاسه‌ی نه‌شكاوی پێی په‌نجه‌یه‌ك له سه‌ر سنگ، سرته‌‌ی تۆ ...

- به كوردی دڵداری ناكردرێت ...
و بێده‌نگی ... و تاسه‌ی بیستن ...
- بیرت ده‌كه‌م ...

***
له بیرته؟



April 15, 2004

ده‌زانی بیری چی ده‌كه‌م؟ به‌یانییه‌ك بێت و تۆ تله‌فوون بكه‌یی و بڵێی تاقه‌تی زانكۆم نییه، بێم بۆ لات؟ بێی و تۆ سالاده‌كه‌ی هه‌میشه‌مان ساز كه‌یی و منیش مریشه‌ك و برنجه‌كه‌، ئه‌ی قابیله قـــــــۆلای ده‌گه‌ڵ نه‌خۆینه‌وه؟ بیری ئه‌و ئێوارانه‌ی وه‌ك منداڵێكی ساوا، سووك له ناو باوه‌شمدا خۆت گرمۆڵه ده‌كرد و ده‌تگووت باسی شاره‌كه‌تم بۆ بكه، بیری ئه‌و ڕۆژه‌ی ویستت به زاراوه‌ی من قسه بكه‌یی و بۆت ساغ نه‌ده‌بووه، بیری ئه‌و ڕۆژه‌ی له منت پرسی" تۆ كوویی؟" و منیش گوتم به‌ڕێوه‌م بۆ ناو شار ... بیری ئه‌و ڕۆژه‌ی هاتی نامه‌كانیت برد، ئه‌و جاره‌ی گوڵت بۆ هاتبوو و نه‌‌توێرا بیانبه‌ی ده‌گه‌ڵ خۆت و بۆ من مانه‌وه ... ئه‌و جاره‌ی بۆ ڕۆژی له دایك بوونم، هاتبووی هه‌موو ژووره‌كه‌مت ڕزاندبووه و دیارییه‌كت بۆ له سه‌ر مێزه‌كه‌م دانابوو ... دره‌نگ هاتمه‌وه و تۆ نه‌توانیبوو چاوه‌ڕێم بمێنییه‌وه، بیری ئه‌و نیوه شه‌وه‌ی من و لۆركێ دوای نیو بۆتڵ ڤــــــۆدكای ڕووسی تله‌فوونمان بۆ كردی و تۆ وتت " شێتن ئێوه، دانیشن ده‌رس بخوێنن، پێش خه‌وتن تۆبه بكه‌ن"، بیری" قـۆمپیس" گوتنه‌كانت، بیری ئه‌و تاقه یه‌كجاره‌ی لێت توڕه بووم، بیری كوردی نووسینه‌كانت به خه‌تێكی منداڵانه، بیری تاسه‌ت بۆ گه‌رانه‌وه، بیری خۆشه‌ویستیت بۆ كوڕێك كه له تۆڕا باوه‌ڕی به خۆشه‌ویستی زیندوو ببووه...

لێت تـــــــــوڕه‌م، زۆر! سنگی سڕی گۆڕه‌كه‌ت توڕه‌ترم ده‌كات! ئه‌مڕۆ چه‌ند جار سواری قه‌تار بووم بێم بۆلات و له نیوه‌ی ڕێگه‌ ڕا، گه‌رامه‌وه. یه‌ك دوو وێستگه‌ ده‌هاتم و داده‌به‌زیم، ده‌مزانی نابێ كه ئاوا توڕه‌م بتبینم... دوو ساڵه لێت توڕه‌م، دوو ساڵه! ڕۆژ نییه زۆر له ناكاو خۆتم وه‌‌بیر نه‌هێنییه‌وه، ڕۆژ نییه بیرت نه‌که‌م!

چی بكه‌م، بیریشت ده‌كه‌م و لێشت توڕه‌م، قورسایی پرسیارێك دوو ساڵه ئازارم ده‌دا ... بــــڕیـــــاری خۆت بوو؟ ئه‌گه‌ر زانیبام بڕیاری خۆته ڕه‌نگه ئاسانتر توانیبام خوو به نه‌بوونت بگرم، ڕه‌نگه كه‌متر لێت توڕه ده‌بووم. مه‌گه‌ر فه‌رقیش ده‌كات بڕیاری خۆت بوو یا نا ...؟ ئـــــــه‌رێ، بۆ من فه‌رق ده‌كات، هاتن به دڵی خۆمان نه‌بووه، ڕۆیشتن لانی‌كه‌م با بڕیاری خۆمان بێت ... به‌ڵام ڕۆیشتنی تۆ، نازانم، ناتوانم باوه‌ڕ بكه‌م ...

بریا ئه‌وه‌‌نده‌م بیــــــــــــــــــر نه‌كردبای ...

ده‌زانم تازه قه‌ت پێكه‌وه ڕێی ده ده‌قه، به سێ ساعه‌ت ناڕۆین، ده‌زانم تازه‌ قه‌ت نایه‌یی شته‌‌كانم ده‌گه‌ڵ خۆت به‌ریی و ده‌نگیش نه‌که‌یی، ده‌زانم تازه وانابێت من ده‌رگای ماڵ ‌بكه‌مه‌وه و تۆ چاوه‌ڕێم بیت، ده‌زانم ... به‌ڵام بریــــــــا، بریــــــــــــا، مردن كۆتایی بایه! بریــــــــا بیر و تاسه و دڵته‌‌نگییه‌كانت ده‌گه‌ڵ خۆت بردبا ... بریا ئه‌وه‌‌‌نده‌م بیر نه‌ده‌كردی!

بریــــــــــــا مردن كۆتایی بایه ...



April 6, 2004

": تۆ یه‌كه‌م ژنی كه له پێداهه‌ڵگووتن به جوانییه‌كانت توڕه ده‌بێت!
- ئاخر حه‌زده‌كه‌م ئه‌و وێنه‌یه‌ كه له من، بۆ خۆتی سازده‌كه‌یی، من بم، منی ڕاستی! خۆ تۆ قه‌رارنییه تابلۆیه‌کی جوان به سه‌ر دیواری ژووره‌كه‌ته‌وه هه‌ڵواسیت. من مرۆڤێكی زیندووم و ئه‌و مرۆڤه‌ش خاوه‌ن وره و بیر و ویسته. دڵنیایی ده‌توانیت هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی لێ قه‌بووڵ‌ بكه‌یت؟

: من به چاوی به‌ستراو ده‌ستت ده‌گرم و ده‌تهێنمه ماڵی خۆم!
- ها، به‌ڵام داوای من ئه‌وه‌یه چاوه‌كانت بكه‌یه‌وه!
: من ڕۆحی تۆم ناسیوه، جوانی ڕواڵه‌ت و ده‌رونتم بینیوه!
- وادیاره ناته‌وێت چاو بكه‌یته‌وه!
: خۆشم ده‌وێیت و ئه‌وه بۆ من به‌سه‌!
- منیش خۆشم ده‌وێیت و ئه‌وه به‌ڵام، بۆ من به‌س نییه!
: به‌س نییه؟!
- نا، من پێویستم به دیتن هه‌یه‌!
: ده‌ته‌وێت چی ببینیت؟
- حه‌زده‌كه‌م بزانم چــــــۆنــت من خۆشده‌وێت؟
: من تۆم زیاتــــر له هه‌موو شتێك خۆشده‌وێت!
- خۆ من ناپرسم چه‌نـــــــــده، ده‌پرسم چۆنت من خۆشده‌وێت؟ ده‌مه‌وێت بزانم گه‌ره‌كته چی له من سازبكه‌یی؟
: نیوه‌كه‌تری وجوودم!
-- هه‌ر ئه‌وه ئیتر! به‌ڵام ده‌زانیت هاوڕێم، من نیوه نیم، من یه‌كی ته‌واوم. یه‌كی ته‌واو!
: نا، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ بوو كه تۆ منیت و من تۆم!
- نا، نا تكایه، مه‌به به من‌! لێم گه‌رێ خۆم بم، لێمگه‌رێ من، هه‌ر من بم!"

"جان شیفته"
Rolland - Romain



April 3, 2004

ساعه‌ت سێ و نیوی به‌یانییه و هه‌واڵێكی تازه نییه و خه‌به‌ری كوژرانی ژنێكی ئێرانی به ده‌ست مێرده‌كه‌ی لێره، ته‌نیا گۆشه‌یه‌كی بچووكی لای چه‌پی ڕۆژنامه‌یه‌كی به خۆی ته‌رخان كرد و پۆسته‌چییه‌كان ماوه‌یه‌كه ته‌نانه‌ت چاو له ده‌رگای ماڵه‌كه‌شم ناكه‌ن و زۆرده‌مێكه ئیتر، سه‌رخۆش بوون، خه‌م له دڵ نافڕێنێت و له‌سه‌ر نێت زۆر گه‌رام تا بزانم مسقاڵێك دڵی خۆش به‌چه‌ندی و فه‌رموویی: Forbidden، You don't have permission to access on this server و به‌ته‌مام نامه‌یه‌ك بنووسم و بۆ خۆمی بنێرم تا پۆسته‌چی له پشت ده‌رگا قاوه‌ییه‌كه‌ی ماڵی من چركه‌یه‌ك ڕاوه‌ستێت و نامه‌یه‌ك بخاته ژوورێ و دڵنیام بكات كه من هێشتا زیندووم و بڕیارمدا كه ماڵێكی بچووكم بوو، ده‌رگای ماڵه‌كه‌م شین بێت و هه‌زار له‌عه‌نه‌ت له سان‌ڕایز و مارگاریتا كه نامبه‌ن ده‌گه‌ڵ ‌خۆیان ...



April 2, 2004

داوای یـــــــارمه‌تی
له‌یـــــــــلا زانــــــــــــــا

لێره‌ش به كوردی
****


مه‌حكه‌مه‌ی سه‌ر له نوێی له‌یــــــــــلا زانــــــــــــــا قه‌رار بوو ئه‌مڕۆ دوای یه‌كساڵ، كۆتایی بێت و حوكمه‌كه‌ی بڵاو بێته‌وه. من هه‌رچی ده‌گه‌ڕێم هیچ‌ نادۆزمه‌وه. كه‌س ئاگایی له ئاكامه‌كه هه‌یه‌؟

****

وا دیاره حوكمی دادگا سه‌باره‌ت به له‌یــــــــلا زانـــــــــــــا تا 21- 04- 2004 وه‌دواوه كه‌وتۆته‌وه ...




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------