May 31, 2005
ده‌زانم له ناو بلاگه كوردییه‌كاندا ئه‌وه باو نییه كه له سه‌ر باسێک ته‌نانه‌ت به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ دیالۆگێک ساز بێت. ده‌زانم به پیژامهوه له پشت كۆمپیوتێر دانیشتن و قسه‌ی زل كردن و گه‌وره‌ترین گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگه و بگره دونیا چاره‌سه‌ركردن كارێكی نه ته‌نیا دژوار نییه كه زۆریش ئاسانه و هه‌موو ده‌یكه‌ن. ئه‌و چه‌ند دێره‌ی به‌ته‌مام لێره بینووسم ته‌حلیل و ته‌فسیری سیاسی نییه چونكه نه سه‌وادی شتی وام هه‌یه و نه دوای سێنزده ساڵ دووری له كوردستان ده‌توانم هه‌ست به ڕاسته‌قینه‌كانی ژیانی ئه‌مڕۆی ئه‌وێ بكه‌م و به درووستی لێی حاڵی بم. له‌و سێنزده ساڵه‌دا زۆرشت گۆڕدراوه كه من ده‌گه‌ڵ نه‌بووم، ئاڵگۆڕهكان ده‌بینم و ده‌یانبیستم، به‌ڵام به ڕاشكاوییه‌وه ده‌ڵێم ده‌ركێكی درووستم لێیان نییه. ئه‌وه‌ش بڵێم هیوادارم به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ند دێڕه، مۆری ناوچه‌گه‌ری و "ئێرانی چێتی!" و "ئێمه و ئه‌وان"م له ناوچاوان نه‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر تاقه‌تتان هه‌بوو وه‌ک ده‌رده دڵێكی خۆمانه یان ده‌ربڕینی ترس و نامۆییه‌كی كه هه‌ر دێت و قوڵتر و قه‌به‌تر ده‌بێته‌وه بیبینن، كۆمه‌ڵێک پرسیار و دوو دڵی. ئه‌گه تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌تان نه‌بوو له سه‌ر لینكانه‌ی ئه‌و ته‌نیشته كلیک بكه‌ن،دڵنیام زه‌ره‌ر ناكه‌ن. ده‌ی ئێستا وه‌ک كاک فاروق ده‌ڵێ عهلاكولی : سه‌ردانێكی ملوانكه‌ی شینم كرد، دیم ئه‌ویش باسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ركۆماری له ئێران كردووه. ئه‌و جۆره‌ی من لێی تێگه‌یشتم وا وێ ده‌چێ ملوانكه هه‌موو ئه‌و ده‌نگ و فهنگهی ئه‌و ڕۆژانه به ناوی هه‌ڵبژاردن له ئێران ساز بووه، وه‌ک "بازی خیمه شب بازی" ده‌بینێ و هه‌موو "كایه‌كه‌ی" له ئه‌ساسه‌وه بردۆته ژێر پرسیار. ده‌ی قسه‌كانی ملوانكه ڕاستن. ئه‌مڕۆ به پێی یاسای كۆماری ئیسلامی ئێران به‌شێكی زۆری دانیشتووانی وڵات له گه‌له جۆر به جۆره‌كان له ئاسایی‌ترین مافه‌كانی خۆیان بێ به‌شن و وه‌ک هاوولاتییه " فارسه شیعه‌كانیان" چاو لێ ناكرێت! ده‌زانم ملوانكه به‌س باسی مه‌سه‌له‌ی مه‌زهه‌ب و شیعه‌گه‌ری حكومه‌ت ده‌كات و مه‌سه‌له‌ن كورد بۆ نموونه نه ته‌نیا ناتوانێ ببێ به سهركۆمار، كه ته‌نانه‌ت شانسی ئه‌وه‌ی به پله و پایه‌ک له ده‌سه‌ڵاتدا بگات، نێتی. كورد، تورک، به‌لووچ و عه‌ره‌بی دانیشتووی ئێران زۆر بێ شه‌رمانه له مافه‌كانیان به به‌ش كراون. من ده‌زانم كورده شیعه‌كانی دانیشتووی خوراسان له باكوری ڕۆژهه‌لاتی ئێران له هه‌ڵ و مه‌رجێكی ناله‌باردا ده‌ژین. من ده‌بینم توركه‌كانی ئه‌وێ ئه‌گه‌رچی سووننی نین له زۆر مافی ئاسایی خۆیان بێ به‌شن. به‌لووچه‌كان به ئه‌مانی خوا ده‌ستیان لێ هه‌ڵگیراوه و به زه‌بری قاچاخچێتی سگی خۆیان تێر ده‌كه‌ن و عه‌ره‌به‌كانی باشووری ئێران له ده‌وڵه‌مه‌ندترینی به‌شی ئه‌و وڵاته‌دا ده‌ژین و ههژارترینیشن. به‌ڵام باس ته‌نیا له شیعه‌گه‌ری و له نه‌بوونی كورد به سهركۆمار نییه. له حكومه‌تێكی دیكتاتۆردا ته‌نیا شتێک كه به هه‌موو هێزێكه‌وه پێشی پێ ده‌گیرێت "جیاوازی بیر و باوه‌ڕه"، جۆرێكیتر بیركردنه‌وه، جۆرێكیتر بوون، جۆرێكیتر هه‌ڵسه‌نگاندن و بردنه ژێر پرسیاری بنه‌مای شته‌كان و ده‌سه‌لاته. جیاوازییه‌ک كه نابێ " تاوان" بێ و نابێ ببێت به هۆی پێشێل بوونی مافه سه‌ره‌كییه‌كانی دانیشتووانی وڵاتێک. گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و نایه‌كسانییه له قانوونی ئه‌ساسی وڵاتێک‌دا هه‌یه و ده‌بێ بگۆڕدرێ. ئه‌وه و ده‌یان و سه‌دان یاسای دژه مرۆڤیتر كه شیاوی سه‌رده‌می ئێمه نین! پرسیار ئه‌وه‌یه: ئه‌و گۆڕانكارییه چۆن و به ده‌ست كێ ده‌توانێ پێک بێ؟ ده‌ی من نه‌گه‌یشتم له هیچكام له هه‌ڵبژاردنه‌كانی كۆماری ئیسلامی به‌شداری بكه‌م. له ده‌وری یه‌كه‌می سه‌ركۆماری ڕه‌فسه‌نجانی مافی ده‌نگدانم نه‌بوو و بۆ ده‌وری دووهه‌م كه دیسان بووه به سهركۆمار من ئیتر له‌وێ نه‌مابووم. ته‌واوی ئه‌و ساڵانه‌ی كه له هه‌نده‌ران ژیاوم قه‌ت بیرم له ده‌نگدان نه‌كردۆته‌وه. به‌ڵام ماوه‌یه‌که بیر له یه‌ک شت ده‌كه‌مه‌وه: دوای ته‌واوی ئه‌و ڕووداوانه‌ی ساڵانی ئاخر له ئێران و ئه‌و قۆناخه‌ی ئێران ئێستا تێپه‌ڕی ده‌كات، هه‌ڵوێستی كورده‌كانی دانیشتووی ئه‌وێ ده‌بێ چۆن بێ؟ به‌شداری كردن یان نه‌كردن؟ ده‌نگدان به كاندیدی حكومه‌تێک كه چاوت پێی هه‌ڵنایه به‌ڵام بته‌وێ یا نا جارێ ده‌سه‌ڵاتی به ده‌سته‌وه‌یه یان ده‌نگ نه‌دان و له ماف و هه‌لی گۆڕانكاری پێك هێنان خۆ بێبه‌ش كردن؟ ده‌نگ نه‌دان به قازانجی كێیه؟ ده‌نگدان سه‌ره‌تاییترین مافی مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه و خۆی لێ به‌ش كردن یانی بریاری ئه‌وه‌ی ناته‌وێ به‌شداری ئه‌و شته‌ی بی له ده‌وروبه‌رت ڕوو ده‌دا. كه خۆت هه‌ڵده‌بژێری به‌شداری نه‌كه‌ی چۆن یان كێ ده‌بێ یان ده‌توانێ بێت و شته‌كان بگۆڕێ؟ دیسان ده‌ڵێم مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه بڵێم خه‌ڵک وا بكه‌ن باشه و وا نه‌كه‌ن چاكه. حه‌ز ده‌كه‌م بۆم ڕوون بێته‌وه وه‌ک دانیشتووی ئه‌وێ، وه‌ک هاوولاتی ئه‌وێ ( خۆش یان ناخۆش ئه‌وه ڕاستییه‌كه ده‌بێ قه‌بوولی بكه‌ین كورد جارێ له چوارچێوه‌ی یاسای ئه‌و وڵاته‌دا ده‌ژیت) كام هه‌ڵوێست به قازانجی ئه‌و خه‌ڵكه‌یه كه له‌وێ ده‌ژین و كوردن و مافه ئاساییه‌كانیان هه‌موو ڕۆژێ به سه‌دان شێوه پێشێل ده‌كرێ؟ ده‌گه‌ڵ كاوه كه قسه‌م ده‌كرد باسی ئه‌وه‌مان كرد كه كورد نابێ هه‌ر به‌و ڕه‌ش بینییه‌ی بیست و شه‌ش ساڵه له لای ساز بووه ئه‌مڕۆ هه‌ڵسه‌نگێنێ. خۆ كایه‌ی مندالان نییه به له‌ج كردن و زیز بوون بیانه‌وێ ڕه‌قه به‌رایه‌تی بكه‌ن. مه‌گه ناڵێن سیاسه‌ت هه‌مووی فێڵ و فێڵبازییه، ده‌ی كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه كورد فێری فێڵ و فێلبازییهكانی ناو سیاسه‌ت بێت؟ بمانه‌وێ یا نا، سه‌رده‌مه‌كه گۆڕدراوه. خه‌ڵكی ئه‌وێ ئێستا بیر له شۆرش، ئه‌ویش شۆڕشێكی خوێناوی ناكه‌نه‌وه و نایانه‌وێ. نه‌وه‌ی ئه‌مرۆ باوه‌ڕی به پێكهێنانی ئاڵوگۆڕه. له ناوه‌وه، ورده ورده. باوه‌ڕی به گۆڕانكاری له چوارچێوه‌ی ئه‌مڕۆدا هه‌یه. یاسای مه‌ده‌نی ده‌وێ و ده‌یه‌وێ ده‌گه‌ڵ مرۆڤی دونیای ئه‌مڕۆ به چاوێكی یه‌كسان ببیندرێ و مافی یه‌كسانی هه‌بێ. بیری من ئه‌وه‌یه كورده‌كانی ئه‌وێ ئایا باشتر نییه به‌شداری ئه‌و ئاڵگۆڕه بن؟ باشتر نییه یه‌كگرتووتر له هه‌میشه به مه‌رجه‌كانی خۆیان هه‌ڵوێست بگرن؟ ئوپۆزیسیونی كورد له ناو خه‌ڵكی ئه‌وێ چ بنه‌كه‌یه‌كی مه‌گه هه‌یه؟ پێشتر دیمان تا فلانه حیزب هه‌ڵبژاردنی "تحریم" ده‌كرد، ڕاده‌ی به‌شداری خه‌ڵک زۆرتر له هه‌میشه ده‌بوو، كه فلانه ڕێكخراوه داوای به‌شداری خه‌ڵكی ده‌كرد، خه‌ڵک به پێی ئه‌قڵ و لێكدانه‌وه‌ی خۆی، به‌شداری نه‌ده‌كرد. ئه‌وه بۆ من یانی دوور كه‌وتنه‌وه‌ی هێزی ئوپۆزیسیون له خه‌ڵک و ڕاستییه‌كانی سیاسی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌وێ. كورد له ڕۆژهه‌لات ئه‌زمۆنی سه‌ربه‌خۆی وه‌ک ئه‌وه‌ی باشووریان نییه. هه‌ڵومه‌رجه‌كه یه‌كێ نییه. زه‌ینییه‌ت و مێنتالیته‌ی خه‌ڵک دوای ئه‌زمۆنی باشوور زۆر گۆڕدراوه. چاوهروانییهكانی كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات زۆرتر بووه. بیری من ئه‌وه‌یه چ هێزێک هه‌یه كه ئه‌و هه‌ست و ویست و چاوه‌روانییه زۆره كۆ كاته‌وه و وه‌ک جوڵانه‌وه‌یه‌کی یه‌كگرتوو رێکی خات؟ هه‌ر هێزێكی بێته سه‌ر كار، شوێنێكی ڕاسته‌وخۆی له سه‌ر هه‌ڵ و مه‌رجی ژیانی خه‌ڵکی كوردستان هه‌یه. ئێستا وه‌ک شتێک هه‌وایه‌ک له جاران باشتره! بیر ده‌كه‌مه‌وه هه‌ل ده‌ره‌خسێت بۆ له‌وه‌ش باشتر بوون ... ڕه‌نگه خه‌ڵک به‌شدار بن باشتره ... !!! **** ده‌بینم له‌ش فرۆشی له شاره‌كانی رۆژهه‌لاتی كوردستانیش زۆر بووه. له زۆر كه‌سم بیستووه كه دایكه‌كان نا‌وێرن كچه‌كانیان بنێرنه‌وه مه‌دره‌سه، چونكه ته‌نانه‌ت له ناو كچه گه‌نجه‌كانیش ڕیسكی تووش بوون و تێكه‌وتن له داوی ئێعتیاد و له‌ش فرۆشی هه‌ر له ناو مهدرهسهكاندا زۆره. ژماره‌ی گه‌نجه بێكاره‌كان زۆرتر و زۆرتر ده‌بێ. هه‌ژاری هه‌یه. تریاک و هێرۆئین باوه و به عاله‌م ئاشكرا دێته كڕین و فرۆشتن. گرانێ بێداد ده‌كات، ژنان هه‌روا به‌ستراوه‌ن كه جاران بوون. ژماره‌ی ئه‌و ژنانه‌ی ئاگر له خۆیان به‌رده‌ده‌ن له كه‌می نه‌داوه. چه‌ندین پیاو تا ئێستا له به‌ر نه‌داری و بێ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان كووشتووه. مافی منداڵ به عاله‌م ئاشكرا حاشای لێ ده‌كردرێ... خه‌ڵكه‌كه وه‌ک بڵێی كۆڵیان داوه، یاسا و ده‌سه‌ڵات هه‌ر له سه‌ره‌تاشه‌وه له بیری ئه‌و خه‌ڵكه‌دا نه‌بووه ... بیر ده‌كه‌مه‌وه هیچ شتێک ناگۆڕدرێ، چ فه‌رق ده‌كات به‌شدار بوون یان نه‌بوون ... ڕه‌نگه خه‌ڵک به‌شدار نه‌بن باشتره ... !!! ***** مێشكم پڕه له بیری دژ به یه‌ک و ده‌زانم زۆر شت هه‌یه من بیرم بۆی ناچێ. بیری كوردستانی گه‌وره- له لای من - تۆزی له سه‌ر نیشتووه. خه‌ونێكی خۆش یان خه‌یاڵێكی جوان بوو تا هه‌بوو، به‌ڵام ڕه‌نگه زوو بێ بۆ وه‌دی هاتنی، نازانم! كوردستان ته‌نیا باشووری كوردستان نییه. به‌ڕێز جه‌لال تاله‌بانی سه‌ركۆماری كورد یان كوردستان نییه. پڕ ده‌بم له به‌خته‌وه‌رییه‌كی بێ سنوور كاتێ ئازادی كورد له باشوور ده‌بینم، به‌ڵام ئه‌وه بۆ من به‌س نییه. باوه‌ر ناكه‌م ڕه‌وا بێ من هه‌تا ماوم به‌س به خه‌یاڵ یان خه‌ونی كوردستانی گه‌وره بژیم و خۆزگه به‌وه نه‌خوازم ئازادییه‌كی وه‌ک باشوور له ڕۆژهه‌لاتیش ببینم. ئه‌وه كه‌مترین شتێكه من ئێستا ده‌توانم داوای بكه‌م و پێگه‌یشتنه‌كه‌ی- به چاوی من- ئاسانتر و زووتره تا گه‌یشتن به ئاواتی كوردستانی گه‌وره و ئازاد... لۆمه‌م مه‌كه‌ن! كورد له هه‌ر پارچه‌یه‌ک بژی، هه‌ر ئاواتێكی بۆ داهاتووی هه‌بێ، ئه‌مڕۆی خۆی ناتوانێ له به‌ر چاو نه‌گرێ، ده‌توانێ؟ خۆ ناكرێ ئه‌مڕۆیه‌ک كه هه‌یه له پێناو "خۆزگه و بریای" داهاتوویه‌ک كه هێشتا نییه و نازانین كه‌ی وه‌دی دێ، له بیر بچێته‌وه، ده‌كرێ؟ بیر، ئاوات یان خۆزگه‌ی سه‌یر به مێشكمدا دێ. خۆزگه‌ی ئه‌وه‌ی حیزب و ڕێكخراوه كوردییه‌كان ئه‌وه‌نده هێزی خه‌ڵكیان به كه‌م نه‌زانیبا. خۆزگه‌ی ئه‌وه‌ی هێزه " سیاسییه‌كان" ئه‌وه‌نده خۆیان له هه‌ڵ و مه‌رجی ژیانی ئه‌مرۆی كورده‌كان و ئاڵوگۆڕه‌كانی بیر و ڕای خه‌ڵک گێل نه‌كردبایه، خۆزگه‌ی ئه‌وه‌ی مێژوو دووپات نه‌بێته‌وه ...
May 30, 2005
ئــارێــز تازه له كوردستان ڕا گه‌ڕاوه‌ته‌وه و وه‌ک شتێک لێم بۆت به عه‌زابی ئه‌لیم! ده‌ست ده‌كات به گێرانه‌وه‌ی سه‌فه‌ره‌كه‌ی و باسی بۆنی گڵ و گوڵ و باران و ئه‌ستێره و ... ده‌ڵێ نزیک پێنج سه‌د وێنه‌م گرتووه، له سه‌ر دوو دانه سیدی. ده‌ڵێ به كه‌سی ناده‌م، حه‌ز ده‌كه‌م هه‌ر خۆم هه‌مبێ. بۆ یه‌ک چركه دڵم ده‌گیرێ. هه‌موو ژیانی ئێمه‌ش بۆت به چه‌ند وێنه و نامه ئه‌گه‌ر بێن یان نه‌یه‌ن، که هاتیشن نه تاسه‌کان ده‌شکێن و نه مه‌وداکان کورت ده‌بنه‌وه. ئێستاش ئارێز وڵاته‌كه‌ی كۆپی كردۆته سه‌ر دوو سیدی و دڵی كۆڵێک به‌وه خۆشه. هێنده نه‌یتوانی بچێته‌وه بۆ ئه‌وێ، ناچار ئه‌وێی هێنا بۆ ئێره ... سه‌یر ژیانێكی قۆڕه! ده‌گه‌ڵ كاوه دوای هه‌زار و چه‌ند ساڵێک قسه‌م كرد. گلێی كرد بۆ لێی ناپرسم. هه‌رچی بیرم كرده‌وه نه توانیم هۆیه‌ک ببینمه‌وه و نه زوو درۆیه‌کم به مێشكدا هات بۆی هه‌ڵبه‌ستم، ناچار دانم به "تاوانبار" بوونی خۆم دانا‌و و وتم هه‌رچی بڵێی حه‌قی خۆته. هه‌ر ئه‌وه‌ی بیست قسه‌ی پێ نه‌ما. گوتی بریا حاشات كردبا تا بتوانم لێت توڕه بم :) نزیک دوو ساعه‌تێک قسه‌مان كرد، یه‌ک ساعه‌ت و چل وپێنج ده‌قه‌ی باسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران بوو. ئه‌مڕۆ تازه زانیم من سه‌یر بۆم گرنگه بزانم خه‌ڵک به ته‌مان چی بكه‌ن و كورده‌كانی ئێره چۆن بیر ده‌كه‌نه‌وه. دیاره مه‌به‌ستم كورده "ئاساییه‌كانه" نه‌ک لایانگران و ئه‌ندامانی "حێزب" و "ڕێكخراوه‌کان"، ئه‌وان ئه‌و خه‌مه‌یان نییه، ڕێكخراوه‌كه‌یان به جێی ئه‌وان بیر ده‌كاته‌وه و بڕیار ده‌دا!... ئاها ئه‌وه‌شم زانی كه كاوه هه‌م فێمینیسته، هه‌م كۆمۆنیسته و هه‌م موخلیسی ئیسلامه! و ده‌ست بدات حیزبێكی تازه‌ش داده‌مه‌زرێنێ! :) گوێم بۆ ڕادیۆ رزێبار ڕاگرتبوو. ئه‌و كاک شههابهش - به غه‌یبه‌تی نه‌بێ یا ببێ- سه‌یر بێ سه‌لیقه‌یه له هه‌ڵبژاردنی موسیقا. ئه‌ویش به‌و شه‌وه دره‌نگه. ئه‌و جاره گۆرانی ئامین و زارای دانابوو وا له سه‌ر ده‌نكێک زه‌نگیانه شه‌ڕیان بوو. ئه‌مشه‌ویش ناسر ڕزازی دانابوو. بریا بیستبات ناسر به چ سۆز و ئاخ و داخێكه‌وه ده‌یخوێند: ناوێرم بیمژم لیمۆكه‌ی كاڵه ده‌ستیان لێ ناده‌م چوونكه سه‌ریان به خاڵه شلكه و منداڵه! خۆش ئه‌وه بوو دوای ئه‌و گۆرانییه پڕ ئاخ و داخ و ترش و مزره، كاک شه‌هاب گرم گرتی وتارێكی زۆر جیدی سیاسی خوێنده‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ناو مێشكی مندا ده‌زرینگاوه ده‌نگی ناسر بوو و بیری لیمۆی كاڵ و زارم پڕ بوو له ئاو. هیچ له وتاره‌كه حاڵی نه‌بووم ... با گلێی بێ! زۆر ده‌مێكه ئیتر گوێ بۆ گۆرانی كوردی ڕاناگرم. تاسه‌م ناشكێ پێی. ده‌گه‌ڵ كوبی ده‌ڕۆیشتین گوێمان له مۆسیقایه‌ک ڕاگرتبوو، مرۆڤ به ده‌ست خۆی نه‌بوو نوقمی ده‌بوو. سازه‌كه، ده‌نگه‌كه، مانای شێعره‌كانی. پێم گوت بریا گۆرانییه‌كی ئاوا به كوردی هه‌با. كورد شتی ئاوای كه‌مه. زۆربه‌ی جار كه پڕ به دڵ حه‌زم له بیستنی گۆرانی كوردیه، هه‌رچی دایده‌نێم ویستی خۆكوشتنم تێدا زیندوو ده‌كاته‌وه یان هه‌ر بیرم ده‌چێت بۆ مه‌یدانی سه‌وزی و میوه فرۆشی، هێنده باسی پرتقال و سێوی كاڵ و لیمۆی ترشی تێدایه. ... ئه‌وه که‌ی حاڵه! كه‌مێک به ئینسافه‌وه بیری لێ بكه‌ینه‌وه، ناوه‌ڕۆکی ئه‌ده‌بیات و زمان و مۆسیقا ئاوێنه‌ی فه‌رهه‌نگی خه‌ڵکه. چاو له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و ئه‌ده‌بی خۆمان بكه‌ین، چاو له ناوه‌رۆكی گۆرانی و شێعرمان بكه‌ین، سه‌رنج بده‌ینه ئه‌و زمانه‌ی له ژیانی ڕۆژانه‌دا به كاری دێنین، زۆر شت له سه‌ر خۆمان و فه‌رهه‌نگی خۆمانمان بۆ ئاشكرا ده‌بێ! شه‌وێكی هه‌ر من و سانا بووین، ڕاكشابوو سه‌ری له سه‌ر ڕانم دانابوو و منیش كتێبم بۆ ده‌خوێنده‌وه. له ماڵی ئه‌وان بووین. یه‌كێ له كاناڵه كوردییه‌كان گۆرانی دانابوو، من ئیتر هۆشم به لای كتێبه‌كه‌ی ساناوه نه‌ما. كابرای گۆرانیبێژ به پێچه‌وانه‌ی جاران كه هه‌ر كچی گه‌نجی كاڵیان دێنا بۆ سه‌ما كردن، ژنێكی خڕوخۆڵی پیاوی كورد په‌سه‌ندی هێنابوو. گۆرانییه‌كه كوردی بوو، دادم سه‌مای "بابا كه‌رم"ی بۆ ده‌كرد ... پیاوه‌كه‌ش وه‌ک بولبوول "دهیقیراند": هاتم له لای .... چی كه‌س نازانێ ده‌ڵێم چی داوای دوو ماچم لێ كرد (لێره وه‌ک فیلمی هیندی ملی كه‌مێک سوڕاند و قاملی له سه‌ر لێوی دانا) گوتی لاچۆ سمێلت زووره! ئوی شاڵێ ... شاڵێ بابت بۆ من هیچ ناڵێ! .... زێڕی هه‌شتا عه‌یاری ( هه‌شتا عه‌یار؟ شتی وامان هه‌یه؟) .... زۆر له‌باری ... (یان شتێکی ئاوا) من به‌و حاڵه شێواوهمهوه گوێ بۆ گۆرانی ئاوا ڕاگرم پێت وایه باشتر ده‌بم!؟ کوردیش به بیانووی فلکلۆر ئیدی تامی تێدا نه‌هێشتووه. ئه‌وه‌ی چوار ڕۆژه له ماڵی بابی زیز بووه و بۆته گۆرانی بێژ به سێ‌و و پرتقاڵدا هه‌ڵده‌ڵێ وه‌ک بڵێی عومرێک باغ و بێستانی هه‌بووه. له خۆڕا نییه هاوکلاسییه‌که‌م که كه گۆرانییه‌كمان بۆ وه‌رگێرا سه‌ر زمانی خۆی, پرسی: هممم ئه‌وه گۆرانییه یان باسی کشت و کاڵ؟!!! به خۆشحالییه‌کی زۆره‌وه ئه‌و ده‌رده هه‌ر له کورد نییه. ئێستاش تێنه‌گه‌یشم "انار انار بیا به بالینم ... شبنم گل نار بیا به بالینم" یانی چی. ئه‌وه‌شمان که وه‌رگێرا گوتی: How perverted, مه‌گه ده‌متوانی لۆمه‌ی بکه‌م؟ مه‌به‌ستیشم ئه‌وه نییه هه‌موو گۆرانی بێژێک ده‌بێ باش بێ و گۆرانییه‌كان هه‌موو ههردبێ مانای قورس و گرانی هه‌بێ، ئه‌گه‌ر وای لێ بێ ئیتر هیچمان نابێ له شایی و خۆپێشاندانه‌كان و كۆڕه‌كاندا پێی هه‌ڵپه‌ڕین. به‌ڵام بریا هه‌ندێ جیاوازی زۆرتر ده‌بوو و جۆراوجۆری زیاتر له ناو گۆرانی و مۆسیقاشدا په‌یدا ده‌بوو تا مافی هه‌ڵبژاردن زۆرتر بێ...
May 29, 2005
دوست من حدس مي‌زند که بالأخره يکی از جانیها انتخاب مي‌شود. يا رفسنجانی يا لاريجانی :)) اصغرآقا **** چه‌ند پێم خۆشه بزانم هه‌ڵوێستی خه‌ڵكی كوردستان به‌رامبه‌ر به ده‌وری نۆهومی هه‌ڵبژاردنی سهركۆمار چییه. زۆری نه‌ماوه! وا بزانم یه‌كه‌م جاره ژنێک ده‌بێت به وته بێژی بنكه‌ی هه‌ڵبژاردنی كاندیدایهک! دوو ساڵ پێش، ڕۆژا دانیشتووی دیاربه‌كر، سێزده ساڵانه بوو كه پیاوێكی هاوسێیان ده‌ست درێژی لێ كرد، بۆ پاراستنی ئابروو و شه‌ڕه‌فی بنه‌ماڵه، ڕۆژای مه‌جبووری ده‌كه‌ن مێرد به‌و پیاوه بكات. هه‌ر ئه‌و پیاوه دواتر به هۆی ده‌ست درێژی لێ كردن به كوڕێكی حه‌وت ساڵانه، له لایان پۆلیسه‌وه ده‌گیرێ! ڕۆژا، دواتر، له مانگی مارسی هه‌مان ساڵ، له لایان بابی "مێرده‌كه‌یه‌وه" ده‌ست درێژی لێ ده‌كرێت: سه‌رچاوه ژنێكی تاجیكی، به تاوانی فرۆشتنی كچان له وڵاتانی عه‌ره‌بی گیرا...سه‌رچاوه ته‌جاره‌ت به مرۆڤ ... له ئوروپاوه تا ئه‌مریكا: سه‌رچاوه له‌ش فرۆشی ژنانی چینی له مالێزی: سه‌رچاوه ده‌ست درێــــــــــــژی یان "رابطه نامشروع": پیاوێک ده‌ست درێژی له ژنێک ده‌كات و ده‌بێته هۆی له‌بارچوونی منداڵه پێنج مانگانه‌كه‌ی ژنه‌که، پیاوه‌كه له دادگا به تاوانی "رابطه نامشروع" به 99 زه‌ربه شهللاق مه‌حكووم ده‌بێ!!! سه‌رچاوه *** لینكهكانم له لای ئــــاوات دیته‌وه!
May 28, 2005
ده‌مزانی بیره‌م پێ خۆش نییه، ده‌مێكه ده‌زانم تیكیلای ڕووت و سانڕایز و مارگاریتا و پاسووا مه‌ستم ناكه‌ن، ئه‌مشه‌و زانیم شامپاین خواردنه‌وه به ته‌نیایی من توڕه ده‌كا. ته‌كلیفی خۆم ده‌گه‌ڵ شه‌راب به‌تایبه‌ت شه‌ڕابی سوور ده‌مێكه ڕوون كردۆته‌وه. بمخواته‌وه، نایخۆمه‌وه... له‌و قسانه كه خۆ گێل كه‌ین، مه‌ستیش مه‌ستی جاران. ئێره‌یی ده‌به‌م به‌وانه به دوو بیره سه‌رخۆش ده‌بن، به چواردانه پێیان ده‌گاته سه‌ر هه‌وران. مه‌ستیش مه‌ستی جاران. جاران سه‌ر خۆش كه ده‌بووی ده‌نگیشت خۆش نه‌بایه گۆرانیت ده‌خوێند، ئێستا دوای شه‌ش دانه تیكیلا هێشتا ئه‌وه‌نده وشیاری كه چاو له ساعه‌ت ده‌كه‌ی بزانی كاتی هه‌واڵه‌كانی كاناڵ چوار هاتووه یان نا! دوای هه‌شت تیكیلا ئه‌وه‌نده وشیاری كه هیچت له پته ده‌رناچێ و ده‌زانی كه "باشتره" نه تله‌فوون بكه‌ی و نه SMS بنێری! ئاخر ئه‌وه‌ش بوو به مه‌ستی؟! جاران مه‌ستی سنووره‌كانی كه‌مێک ده‌گواسته‌وه ئه‌ولاتر. جاران مه‌ستی حیسابی "باشتره وا بكه‌م" و "باشتره وانه‌كه‌م"ی له بیر دهبردییهوه... چی بووه؟ شته‌كان كــه‌ی گـــۆڕدران؟ بــــــــۆ گــــۆڕدران؟ ئه‌رێ به‌ڕاست به‌شه بێڕهنگهكهی ژیان كه خۆ ده‌رده‌خات، مرۆڤ ده‌بێ چی بكا باشه؟ منداڵ كه بووم كاتی وا ده‌ستم ده‌كرده گریان. هه‌میشه كه‌سێک هه‌بوو ژیرت كاته‌وه، هه‌میشه دڵنیا بووی كه تا باوه‌شی خوشكه‌كه‌ت یان ناو كۆشی دایکت دوو هه‌نگاوه و به‌س. ناخۆش ئه‌وه‌یه هه‌رچی گه‌ورتر ده‌بی ترسه‌كانت زلتر ده‌بن و ئاواته‌كان بچووكتر. بێ سووده بیر لێ كردنه‌وه‌ی، ئێستا وه‌بیرم نایه له كه‌یه‌وه ئیتر شه‌وانه نه‌متوانی پێش خه‌وتن نوقمی خه‌یالات بم. ئه‌و چه‌ند جاره‌ش كه هه‌وڵم داوه نه‌بووه. ویستم دیسان پێش خه‌وتن، وێنه‌ی ئه‌وه‌ی بیری ده‌كه‌م بێنمه پێش چاوی خۆم، ویستم شته‌كان و مرۆڤه‌كان ڕێک له‌و شوێنه‌ی ژیانم كه پێم خۆشه دابنێم، ویستم ڕه‌نگه‌كان خۆم هه‌ڵیانبژێرم، نه‌بوو به‌ڵام. ئاخریش هه‌ر نه‌مزانی كه‌ی خه‌وم لێ كه‌وتبوو. نازانم به‌ڕاست. وه‌ک شتێک بیر كردنه‌وه له‌و شتانه‌ی نامه‌وێن ئاسانتر و ئاساییتره. وه‌ک شتێک ده‌لێی ڕاهاتووم به نه‌ویستن . وه‌ک شتێک ئه‌وه‌نده بیرم له‌و شتانه‌ی كه نامه‌وێن كردۆته‌وه كه ئیتر بیر كردنه‌وه له‌و شتانه‌ی كه ده‌مه‌وێن بۆم سه‌خته. بریا كه زانیت چیت ناوێ به‌و مانایه بایه كه ده‌زانی چیت ده‌وێ ... نا، به‌ڵام ئه‌ی ڕه‌نگه‌كان؟ حیسابی ڕه‌نگه‌كان چی لێ دێته‌وه؟ مه‌گه كه‌سێک تا كه‌ی ده‌توانێ شه‌وانه به زۆری خۆی له خه‌و كات و بیر هه‌ر له شتی بێ ڕه‌نگ بكاته‌وه؟ ده‌ی مه‌گه كه‌سێک تاكه‌ی ده‌توانێ به خۆی بڵێ بنوو، بنوو، بنوو، بنوو، بنوو ... دوایی خه‌وی لێ بكه‌وێ و كه ڕۆژ بۆوه هه‌ستێته‌وه تا دیسان نوقمی ساته بێڕهنگهكان بێته‌وه؟ به من چی كه‌س باسی خۆڵه مێشی ڕۆژه‌كانی خۆی ناكات؟ به من چی هه‌موو خۆ گێل ده‌كه‌ن؟ به من چی هه‌رچی ته‌نیایی مرۆڤ ئاشكراتر و ئاساییتر ده‌بێته‌وه، باس لێ كردنی عه‌یبتر و شوورهییتر. به من چی وایه كه باس له ساته خۆڵاوییهكان به قه‌د باس له سێكس و نه‌داری و هێرۆئین و ته‌ریاک عه‌یبه و بڤه‌یه! به من چی كه دابی كوردی وایه هه‌موو دهبـــــــێ شێـــــرهژن و شێــــره پیاو بن! ئه‌گه كورد نه‌بایه‌م، ئه‌گه ژنێكی كورد نه‌بایه‌م، ئه‌گه كه‌مێک مه‌ست بووایه‌م، ئه‌گه سنووره‌كان كه‌مێک لادرابانه ئه‌ولاتر، ئه‌مشه‌و، هه‌ر ئه‌مشه‌و، به جێی هه‌موو ئه‌و قسه تێكه‌ڵ پێكهڵانه، باسی هه‌ندێ شتیترم بۆ ده‌گێرایه‌وه. وه‌ک باسی ئه‌و ژنه‌ی كه دڵی پڕ بوو له قسه و ده‌گه‌ڵ كه‌سی قسه نه‌ده‌كرد. ژنێک كه بۆ خۆناسین، هه‌موو ڕێــــــــگاكانی تاقی كرده‌وه و هه‌ر خـــــــــۆی نهنــــاسی، ژنێک كه ڕۆژێک بڕیاری دا له چنگ خۆی هه‌ڵێت و به ناخی خۆیدا ڕۆ چوو! ژنێک كه له نامۆییهكانی ده‌روونیدا خـــــــــــــۆی ون كرد. ئه‌گه كورد نه‌بایه‌م باسی ژنێكم بۆ ده‌كردی كه خۆزگه‌ی له ئامێزگرتنی كوڕه چاوڕه‌شه‌كه‌ی - كه نیێتی- شه‌وانه بێخه‌وی ده‌كات. باسی ژنێک كه تیكیلای ڕووت و سانڕایز و پاسووا مه‌ستی ناكه‌ن و له وشیاریدا، مه‌ستانه، گۆرانییه‌كی له بیركراو ده‌ڵێته‌وه. ئه‌گه‌ر كورد نه‌بایه‌م باسی ژنێکم بۆ ده‌كردی كه چۆن پڕه له ژیان و چاوه‌ڕێی مردن ده‌كات، كه چه‌نده ده‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌ست به غه‌ریبی ده‌كات، كه چه‌نده ته‌نیایه و له تهنیاییهكانیدا هه‌ست به بـــــــــــهختــــــــــــــهوهری ده‌كات و چه‌نده له‌وه‌ی كه بـــهختــــهوهری له تهنیاییهكاندا ده‌بینێته‌وه هه‌ست به تاوان ده‌كات و ده‌ترسێ. ئه‌گه كورد نه‌بایه‌م باسی ژنێکم بۆ ده‌كردی كه هێشتاش وه‌ک چیرۆكی ناو كتێبه‌كان عاشق ده‌بێت و ده‌گه‌ڵ مردنی قاره‌مانی چیرۆكه‌كه‌ی ده‌مرێ. ئه‌گه‌ر كورد نه‌بایه‌م باسی شه‌وێكی شێتانه‌م ده‌كرد، ئه‌و شه‌وه‌ی باران باری و شه‌و هێنده درێژ بۆوه تا ئه‌وی ده‌گه‌ڵ خۆی هێنا و خۆشه‌ویستی ئیتر هه‌ر چه‌نددانه وشه‌ی وشک نه‌بوو كه هه‌ر كه‌سێک ده‌یتوانی به زمانی بێنێ ... به‌ڵام كوردم، ژنێكی كوردم و "كورده نامووسی" له خوێنم دایه و له هه‌مووشی خراپتر خۆ مه‌ست نیم!
May 22, 2005
"خۆزیا پیاوێک ده‌بووه هاوسه‌ری ژیانم. ئه‌و خێره زۆر گه‌وره‌یه بۆ كه‌سێک كه ئه‌وم ده‌گه‌ڵ بكات، چونكه به‌و هۆیه‌وه لهبهدرهوشتی ڕزگارم ده‌بێ".( مێدیا- ژماره‌ی191- ڕێكه‌وت:17-5-2005) به هۆی هێمن-وه ڕێگه‌م كه‌وته ڕۆژنامه‌ی مێدیاوه. لاپهرهكانم یه‌كه یه‌كه خوێنده‌وه. تا گه‌یشتمه لاپه‌ڕه‌ی ده. وێنه‌ی داپۆشراوی ژنێكی له‌ش فرۆش له به‌غدا و قسه و باسی چه‌ند دانه له‌و ژنانه‌ی ده‌مێكه له ڕێگه‌ی له‌شیانه‌وه خۆ به خێو ده‌كه‌ن. كورته باسه‌كه‌م خوێنده‌وه، كاس بووم. پڕ بووم له هه‌ستێكی تێكه‌ڵاوی توڕه‌یی و شه‌رم و داخ. توڕه بووم له‌وه‌ی كه دیم مرۆڤێک كه هه‌ر له ته‌مه‌نی ده ساڵییه‌وه- به هه‌ر هۆیه‌ک- تووشی له‌ش فرۆشی بووه، ئه‌وه‌نده توڕه نییه تا كۆمه‌ڵگه و بنه‌مای یاساكان به‌رێته ژێر پرسیار. باسی مافه پێ شێل كراوه‌كه‌ی خۆی وه‌ک مرۆڤ ناكات، باسی ئه‌وه ناكات كه بێگومان پیاوی كریاری سێكس هه‌ن بۆیه له‌ش فرۆشی هه‌یه و ماوه، گرفته‌كه وه‌ک گرفتێكی كۆمه‌ڵگه و ڕوانیی هه‌ڵه له سه‌ر ژن و بۆچۆنی ناگونجاوی پیاو بۆ سه‌ر سێكس و ژن نابینێ، به‌ڵام بیر له ڕووڕه‌شی و گوناح ده‌كاته‌وه. توڕه بووم كه هێشتا له‌و سه‌رده‌مه‌شدا "هۆكارییهكان" گرنگ نین، ئه‌وه كه چۆن و چی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی مرۆڤێک ده‌كه‌وێته ناو بازنه‌یه‌كی داخراو و له دووپات بوونه‌وه‌ی ژیانێكی نهخواستراودا ده‌توێته‌وه گرنگ نییه، به‌ڵكوو هه‌موو هه‌وڵه‌كه ئه‌وه‌یه له ژێر ناوی ئه‌خلاق و بێئه‌خلاقی، هۆی ناحه‌زییه‌كان داپۆشن. دڵم بۆ خۆمان سووتا. دڵم بۆ ژنێک سووتا كه وه‌ک منداڵێكی ده ساڵانه له‌شی بێتاوانی بۆته ئامرازی دامركاندنی هه‌وه‌سی پیاوان و ئێستا ئه‌م له‌شه تاوانباره، باوه‌ڕی كردووه ته‌نیا پیاو ده‌توانێ ڕزگاری بكات و ده‌ڵێ"خۆزیا پیاوێک ده‌بووه هاوسه‌ری ژیانم. ئه‌و خێره زۆر گه‌وره‌یه بۆ كه‌سێک كه ئه‌وم ده‌گه‌ڵ بكات، چونكه به‌و هۆیه‌وه لهبهدرهوشتی ڕزگارم ده‌بێ". چه‌ند حه‌زم كرد پێی بڵێم ژیانی هاوسه‌ری نابێ وه‌ک "خێر پێ كردن" چاو لێ بكرێت! ژیانی هاوسه‌ری ئه‌گه‌ر بوو به خێر و خێرات، هیچ فه‌رقی ده‌گه‌ڵ له‌ش فرۆشی نییه، ئه‌وه نه‌بێ ئێستا له‌شت به چه‌ند كه‌س ده‌فرۆشی و ئه‌و كات ته‌نیا به پیاوێک به ناوی "مێرده‌كه‌ت". چه‌ند حه‌زم كرد وه‌بیری بێنمه‌وه ئاخر مه‌گه‌ر هه‌ر پیاو نه‌بوو له‌ش و گیانی ده ساڵانه‌ی تۆی بریندار كرد؟ دوایی به دونیایه‌ک شه‌رم و داخه‌وه وه‌بیرم هاته‌وه ڕاست ده‌كات ژنی هه‌ژار. پیاو نه‌بێ ژن چ مانایه‌كی هه‌یه؟ ژن سایه سه‌ری پیاوێكی له سه‌ر نه‌بێ، كه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌دا جێ و شوێنێكی پێ ده‌درێت؟ كێ ڕێزی بۆ داده‌نێ؟ ژنێک نه‌توانێ بڵێت "ژنی فلانه كه‌سم"، یان "كچی فلانه كه‌سم" چۆن خۆی بناسێنێ؟ به دونیایه‌ک شه‌رم و داخ وه‌بیرم هاته‌وه ئه‌و ژنه ڕاست ده‌كات، ئه‌مڕۆ له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئه‌و تێیدا ده‌ژیت بیه‌وێت ده‌ست له له‌ش فرۆشی هه‌ڵگرێ و ژیانێكی ئاسایی ده‌ست پێبكات، پێویستی به دوكتور و دروونناس و پشتگری یاسا و ... نییه، پێویستی ته‌نیا به بوونی پیاوێک له ژیانیدا هه‌یه! به‌س نازانم چۆنه ئه‌و بیره‌ی ته‌نانه‌ت به مێشكدا هاتووه و خۆزگه ده‌خوازێ پیاوێک ببێته هاوسه‌ری ژیانی، مه‌گه نازانێ له‌وێ پێوانه‌كانی پیاوه‌تی، شه‌ڕه‌ف، غه‌یره‌ت و نامووس هه‌مووی له ناوگه‌ڵی ژن دایه و هیچ پیاوێک ناتوانێ قه‌بووڵ كات "نامووسهكهی" پێشتر بێ‌نامووسی كردبێ؟ مه‌گه‌ر نازانێ ته‌نانه‌ت هه‌ر ئه‌و پیاوانه‌ی له‌شی تاوانباری ئه‌و له باوه‌ش ده‌گرن و له‌زه‌تی لێ ده‌بینن، به پولێكی سووتاویش ئه‌ویان ناوێ!؟ خوێندنه‌وه‌ی بابهتهكانیتری هه‌مان لاپه‌ره، ئه‌وه‌نده‌ی تری خه‌مبار كردم. به خوێندنه‌وه‌ی قسه‌كانی دوو پیاوی كورد كه به گه‌نجی ده‌ست درێژیان لێكراوه و ئێستا له هه‌نده‌ران ده‌ژین، دڵم گیرا. ئه‌گه‌رچی تامان شاكر، نووسه‌ری بابه‌تی نێربازی له كوردستاندا، هه‌ندێ هۆكاری وه‌ک "دووری و یه‌كتر نه‌ناسینی ژن و پیاو له كۆمه‌ڵگه‌ی داخراوی كورده‌واریدا، نه‌بوونی سێكس و ئازادی سێكسی، گرانیی نرخی ژن(!!!) له كوردستاندا" به گرنگترین هۆكاره‌كانی زیادبوونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه ده‌زانێ، به‌ڵام بناغه‌ی گرفته‌كه له لای من شێوه‌ی ڕوانینی مرۆڤه‌كان له سه‌ر سێكس و مه‌سه‌له‌ی نواندنی ده‌سه‌ڵاته كه ده‌بێته هۆی زۆرێک له‌م ڕووداوانه. نامه‌وێ بڵێم ئه‌و هۆكارانه‌ی شاكر باسیان ده‌كات گرنگ نین، به‌ڵام له باسی ده‌ست درێژی لێكردندا ناكرێ باسی نه‌بوونی ئازادی سێكس بكه‌ین، ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی ده‌كات مرۆڤێكی نه‌خۆشه و نابێ پێمان وابێ بوون یان نه‌بوونی ئازادی ده‌ورێكی زۆر گه‌وره‌ی له سه‌ر كه‌سایه‌تی ئه‌م جۆره پیاوانه هه‌یه. له وڵاتانی ئوروپایی بۆ نموونه ئازادی پهیویندی نێوان ژن و پیاو هه‌یه، به‌ڵام ده‌یان و سه‌دان ژن و ته‌نانه‌ت پیاویش له ساڵدا ده‌كه‌ونه به‌ر ده‌ستدرێژی. به ڕای من باشتره قوڵتر چاو له گرفته‌كان بكه‌ین! ... خوێندنه‌وه‌ی قسه‌كانی ئامینه و سه‌بریه كه دوكتور نین و خوا ده‌زانێ چۆن په‌رده‌ی كچێنی ده‌دروونه‌وه تا شه‌وی بووكێنی، كه‌س له ژێر ناوی شه‌ره‌فدا نه‌كوژرێ، ڕاستییه‌كی تاڵی تری كۆمه‌ڵگه و فه‌رهه‌نگی نه‌خۆشی خۆمانی خستمه‌وه بیر. ڕاستییه‌ک كه بوونه‌كه‌ی به‌سه تا من قه‌ت كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان نه‌به‌خشم. لۆمه‌ی ئامینه و سه‌بریه ناكه‌م، ڕه‌نگه به‌و داب و نه‌ریته‌ی له كوردستان باوه، بوونی ئه‌و دوو ژنه له نه‌بوونیان باشتر بێ، من نازانم، به‌س بریا ده‌نگم به گوێی دوكتوره په‌ری خالید بگات، حه‌ز ده‌كه‌م بزانێ ئه‌و بیره بۆگه‌نه و ترسی نه‌بوونی سێ دڵۆپه خوێنی شه‌وی بووكێنی، بۆته كابووسی كچه‌كانمان له هه‌نده‌رانیش و وای كردووه بۆ دوكتوره‌كانی ئێره "چاک كردنه‌وه‌ی" په‌رده‌ی كچێنی وه‌ک ئاو خواردنه‌وه‌ی لێهاتووه. گرانیش نییه، سه‌فه‌رێكی دانمارک و 3000 كرۆنی خه‌رجه! ته‌نیا 3000 كرۆن! ده‌بینی، نامووس زۆریش گران نییه! .... ئێستا لێره دانیشتووم و بیر ده‌كه‌مه‌وه ئێمه له چ دونیایه‌کدا ده‌ژین به‌ڕاست؟ نرخی مرۆڤ ده‌توانێ له‌وه كه‌متر بێ كه ئێستا هه‌یه؟ ئه‌و سه‌رده‌مه بۆگه‌نیوه كه‌ی سێبه‌ری ڕه‌شی خۆی له سه‌ر بیر و مێشكی خه‌ڵكی ئێمه لاده‌بات؟ بایه‌خی مرۆڤایه‌تی كه‌ی له ناوگه‌ڵی كچ و كوڕهكانماندا ههڵدهكێشرێته سه‌رتر و ده‌گاته ناخ و ناوه‌ڕۆكی مێشک و كار و كرده‌وه‌كانمان؟ قه‌ت ئه‌و ڕۆژه ده‌گات كه مرۆڤ هه‌ر مرۆڤ بێ و مرۆڤ ده‌گه‌ڵ مرۆڤ یه‌كسان بێ؟ ئه‌و ڕۆژه قه‌ت ده‌گا كچ و كوڕی ئێمه‌ش خاوه‌نی له‌ش و ژیانی خۆیان بن؟ ئه‌و ڕۆژه قه‌ت ده‌گات كچ و كوڕی ئێمه‌ش به هۆی ئه‌و زوڵم و بێڕێزییه‌ی پێیان ده‌كرێت سزا نه‌درێن؟ ئه‌و ڕۆژه قه‌ت ده‌گات ئه‌و كچه‌ی ده‌ست درێژی لێ كراوه تاوانبار نه‌ناسرێ و ناچار نه‌بێ خۆی بخاته ژێر ده‌ستی ئامینه و سه‌بریه تا ئه‌وانیش به شێوهیهكیتر و له ژێر ناوێكی‌تر ده‌ست درێژی لێ بكه‌ن؟ ڕۆژێک ده‌گات كۆمه‌ڵگه قامكی هه‌ڕه‌شه‌ی ڕوو له تاوانباره‌كان بكات و بێتاوانه‌كان ئاواره‌ی هه‌نده‌ران نه‌كات؟ ...... چه‌نده پێم خۆش بوو توانیبام به خۆم بڵێم مه‌ترسه كچی باش. مه‌ترسه، ئه‌و ڕۆژه زۆریش دوور نییه. چه‌نده پێم خۆش بوو توانیبام به خۆم بڵێم " ئــاسۆ ڕوونه"، ناتوانم به‌ڵام! به ڕاشكاوییه‌وه ده‌ڵێم هیچ هیوایه‌كم نییه، هیچ داهاتوویه‌كی ڕوون بۆ خۆمان نابینم. له‌وانه‌یه من زۆر ڕه‌شبین بم، نازانم، له‌وانه‌یه ماندووتر له‌وه بم بتوانم باشییه‌كان ببینم، ئه‌وه‌ش نازانم. ماندووم به زه‌ڕه‌بین له شته باشه‌كان و خۆشه‌كان بگه‌ڕێم. ماندووم له دیتنی ئه‌و كچانه‌ی ده‌رگا به ده‌رگا به دوای ئامینه و سهبرییهكاندا ده‌گه‌ڕێن تا به 400 دۆلار ببنه‌وه به كچێكی نه‌جیــب. ماندووم له كۆمهڵگهیهک كه مانای نه‌جیب بوونی له ناو ده‌رپێی كچ و كوڕه‌كانیدا شاردبێته‌وه ...
May 21, 2005
بۆ په‌ری شاكه‌لی پــــــــهری، پرسیاره‌كانی من زۆر زوو ده‌ستیان پێ كرد و لێم بوون به سێبه‌رێكی قورس كه بێ وڵام مانه‌وه‌یان بۆشاییه‌كانی گه‌وره‌تر و گه‌وره‌تر ده‌كرده‌وه. سێزده ساڵم بوو تووشی شه‌ڕی ماناكان بووم. دایكم نوێژی ده‌كرد، بابم نا. براكه‌م كۆمۆنیست بوو و خوشكه‌كه‌م له ناو كتێبه‌كاندا به‌دوای باوهڕیكدا ده‌گه‌ڕا. من به‌ڵام سه‌رلێ شێواو بووم. ئه‌و كاتانه بوو كه زیاتر له هه‌میشه پێویستم به باوه‌ڕێک هه‌بوو چنگی لێ قایم كه‌م، ئه‌گه‌ر نه باوه‌ڕێک، كه په‌نایه‌ک تا خۆمی تێدا حه‌شار ده‌م. ئه‌و ساڵانه بۆ دیتنه‌وه‌ی خودایه‌ک له هه‌موو ده‌رگایه‌كم ده‌دا تا ئیتر نه‌ترسم. ئاخر هه‌ست به ترسێكی نامۆ به‌رۆكی به‌ر نه‌ده‌دام. هه‌میشه ده‌ترسام. له چی و له كێ، زۆر گرنگ نه‌بوو. فێر ببووم به ترسه‌وه بژیم. خۆم له ناو خۆمدا هه‌ستم به تاوان ده‌كرد، وا فێر كرابووم له سێبه‌ری خۆشم بترسێم. له هه‌شت ساڵییه‌وه خووم به هه‌ڵگرتنی ماسكێک گرتبوو كه هه‌ر ده‌هات و قورس‌تر ده‌بوو. ترسی داكه‌وتنی ئه‌و ماسكه ئارامی لێ بڕێبووم. ئه‌وی ده‌مكرد و ئه‌وی ده‌مگوت من نه‌بووم و كێشه‌ی خۆ دیتنه‌وه له ناو خۆمدا ئازاری ده‌دام. تۆش پێت وانیه ئێمه‌یان زۆر زوو فێری وشه‌ی تاوان و گوناح كرد؟ تۆش پێت وانییه ئێمه‌یان زۆر زوو زینده به چاڵ كرد؟ ... تۆ ده‌زانی كه‌ی گه‌وره بووی پـــــــهری؟ من نازانم. نازانم كه‌ی بوو یان چۆن بوو ئاواته ساكارهكانم یه‌كه یه‌كه ون بوون. من نازانم كه‌ی گه‌وره بووم، ئه‌و ڕۆژه بوو كه نۆ ساڵم بوو و سه‌رپۆشم كرده سه‌ر تا پیاوه‌كان تووشی "گوناح" نه‌بن یان ئه‌و ئێواره‌یه‌ی ده‌مویست له سه‌ر پلیكانه‌كاندا باز بده‌م و سهیزادهی هاوسێمان قیژاندی كه ئااااای مه‌كه، كچێ مه‌كه بۆت باش نییه!؟ من نازانم كه‌ی بوو زانیم "من" یانی تاوان، تۆ ده‌زانی؟ ئێستاش نازانم كه كوڕه گه‌نجه‌كه‌ی هاوسێمان ویستی ده‌ست بۆ مه‌مكم به‌رێ، بــــــــــــۆ من هه‌ستم به تاوانبار بوون كرد؟ بـــــــــــــۆ من گریام؟ بۆ من شه‌رمم كرد، بــــــۆ ترسام به دایكم بڵێـــــــم؟ منداڵێكی نۆ ساڵانه بۆ ده‌بێ هێنده بترسێ له بوون؟ تۆ ده‌زانی په‌ری؟ .... سه‌رده‌مێكی سه‌یر بوو په‌ری، ترساندبوویانین. له ناوی خۆمان، له سێبه‌ری خۆشمان ده‌ترساین. له‌و شته‌ی كه بووین یان ئه‌و شته‌ی كه ده‌مانویست بین. وامان لێ هاتبوو ته‌نیا له ژێر ماسكه‌وه هه‌ست به ئارامی بكه‌ین، ئه‌ویش نه هه‌میشه، سێبه‌ری ترسێک هه‌میشه به دوامانه‌وه بوو، ترسی ئه‌وه‌ی ماسكهكانمان داكه‌وێت، ترسی ئه‌وه‌ی ببیندرێین، بناسرێینه‌وه، ترسی ئه‌وه‌ی سزا بدرێین به تاوانی خۆ بوونمان، به تاوانی ساكارترین ویسته‌كانمان كه ئیتر لێ مان ببوون به ئاواته گه‌وره‌كان! قه‌ت بیرت لێ كردۆته‌وه په‌ری؟ تاكه‌ی ده‌توانین خۆمان نه‌بین؟ تا كه‌ی ده‌توانین ناومان له ژێر باوه‌ڕه‌كانمان بسڕینه‌وه؟ تا كه‌ی ده‌توانین بۆ "ئه‌وان" بژین؟ پرسیاره‌كان ببوون به خۆره‌ی گیانم ... كه‌ی ڕه‌وایه به ماسكه‌وه ژیان؟ كه‌ی ڕه‌وایه نه‌توانی به ده‌نگی به‌رز بیر بكه‌یه‌وه؟ كه‌ی ڕه‌وایه نه‌وێری به ناوی خۆت بیر بكه‌یه‌وه؟ كه‌ی ڕه‌وایه به ترسه‌وه ژیان؟ سه‌رده‌مێكی سه‌یر بوو په‌ری، له ده‌رێ پیاوه‌كان وكوڕهكان به قسه پێ گوتن و به ده‌ست بۆهێنان، سووكایه‌تیان پێ ده‌كردین. كه ده‌گه‌یشتینه‌وه به‌ر ده‌رگای مه‌دره‌سه‌ش، میتر به ده‌ست، كورتی و درێژی ده‌لینگی شهڵوارهكانیان گه‌ز ده‌كردین مه‌بادا یه‌ک دوو سانت كورتتر له‌و شته‌ی بێت ئیزنیان پێ دابووین. ناو كیف و كتێبه‌كانی ئێوه‌ش ده‌گه‌ڕان په‌ری؟ به ده‌سره‌یه‌كی سپی پشت چاو و سه‌ر گۆنایان پێ ده‌سڕینه‌وه بزانن خۆتان جوان كردووه یا نا؟ به زۆر نوێژیان پێ ده‌كردن؟ به ئێمه‌یان ده‌كرد. بۆتان هه‌بوو ده‌گه‌ڵ مامۆستا كوردهكانتان به كوردی قسه بكه‌ن؟ ئێمه بۆمان نه‌بوو. هه‌ر ڕه‌نگی سپی نه‌بوو په‌ری، مۆسیقا، پێكه‌نین، عاشق بوون، ژن بوون له خۆیدا، هه‌مووی تاوان بوو! ئێستاش؟ ئێستاش! ... ئه‌و سووكایه‌تی پێ كردنه، هێنده‌ی ناو مه‌دره‌سه و كلاسی ده‌رسه‌كان، له ده‌رێش به‌رده‌وام بوو. ئه‌ویان بێگانه ده‌یكرد و ئه‌میان "خۆمانه". ئه‌ویان گوتی: "ڕه‌نگی سپی له به‌ر مه‌كه‌ن، پێ مهكهنن، چاو له چاوی كه‌س مه‌كه‌ن، به ده‌نگی به‌رز قسه مه‌كه‌ن، با سه‌رنجی پیاو بۆ لای خۆتان ڕانهكێشن"، ئه‌میان گوتی:" كه تۆ ڕه‌نگی سپی له به‌ر بكه‌ی، پێ بكه‌نی، چاو له چاوم بكه‌ی، به ده‌نگی به‌رز قسه بكه‌ی، یانی خۆت حه‌ز ده‌كه‌ی قسه‌ت پێ بڵێم و ده‌ستت بۆ بێنم". فه‌رقیان چییه؟ تۆ جیاوازییه‌ک ده‌بینی؟ په‌ری، من و تۆ و ئێمه‌مانه قۆچی قوربانی بیرێكی بۆگهنین. به‌شێكی دیاری دوژمنێكی دڵچڵكنه و به‌شێكی میراتی فه‌رهه‌نگێكی نه‌خۆش. .. و كه من پانزده ساڵم بوو هیچ جێیه‌كم بۆ خودا و باوه‌ڕ نه‌مابوو. كه پانزده ساڵم بوو پڕ پڕ پڕ بووم له ترس و له نفرهتێكی ڕه‌ش! هێشتاش!
May 15, 2005
Dido: Life For Rent I haven’t really ever found a place that I call home I never stick around quite long enough to make it I apologise that once again I’m not in love But it’s not as if I mind that your heart aint exactly breaking It’s just a thought, only a thought But if my life is for rent and I don’t lean to buy Well I deserve nothing more than I get Cos nothing I have is truly mine I’ve always thought that I would love to live by the sea To travel the world alone and live my life more simply I have no idea what’s happened to that dream Cos there’s really nothing left here to stop me It’s just a thought, only a thought But if my life is for rent and I don’t learn to buy Well I deserve nothing more than I get Cos nothing I have is truly mine While my heart is a shield and I won’t let it down While I am so afraid to fail so I won’t even try Well how can I say I’m alive If my life is for rent…
May 8, 2005
خانم خاس، ئه‌م كاته‌ت باش! هه‌رچی كردم نه‌متوانی وڵامی ئه‌و چه‌ند نامه‌ی ئاخرت بنووسمه‌وه. هه‌رچی بیرم لێ كرده‌وه دیم هیچ خۆش نییه كاتی نووسین هه‌ر بترسێی مه‌بادا شتێک بنووسی و به هه‌ڵه لێت تێبگه‌ن و خراپی بۆ بچن و له وڵامتدا شتێکت بۆ بنووسن كه هه‌موو شتێک و هه‌موو كه‌س و ته‌نانه‌ت "منی" خۆت، بۆت بچێته ژێر پرسیار! ئێستاش له هاتنی دوا نامه‌ت ماوه‌یه‌ک تێپه‌ڕیوه. هه‌رچی كردم دیم ناتوانم وا بزانم هیچ نه‌بووه و هه‌موو شتێک وه‌ک هه‌میشه‌یه. چوونكه ڕاستیت ده‌وێت هیچ شتێک ئیتر وه‌ک خۆی نه‌ماوه. ده‌زانم له‌وانه‌یه شان هه‌ڵخه‌یه‌وه و پێت سه‌یر بێت ئه‌گه پێت بڵێم كه هه‌تا ئه‌مڕۆش، هه‌ر ئێستاش كه ئه‌و وشانه لێــــره ڕیز ده‌كه‌م، قسه‌كانتم كه وه‌بیر دێته‌وه، دڵم سه‌یر ده‌گیرێ و وه‌بیرم دێته‌وه چۆن ئه‌و وێنه‌یه‌ی تۆ له منت بۆ خۆت ساز كردبوو وای كرد من قێز له خۆم بكه‌م... خۆم بردبوو ژێر پرسیار، مه‌گه من چیم كردووه كه وا بۆت ئاسایی بێ كه وێنه‌یه‌كی ئاوا له من بۆ خۆت ساز بكه‌ی!؟ ئه‌گه قه‌ت نهتدیبام، ئه‌گه قه‌ت له نزیكه‌وه قسه‌ت ده‌گه‌ڵ نه‌كردبام، ئه‌گه شه‌ومان پێكه‌وه ڕۆژ نه‌كردباوه، ئه‌گه ڕێگه‌ی دوورمان پێكه‌وه نه‌بڕیبا، ده‌متوانی خۆم به‌م وڵامه ڕازی بكه‌م كه"ده‌ی خۆ نامناسێ، نازانێ كێم و چۆنم!"، به‌ڵام ئه‌و بیانوویهم نه‌بوو. ڕاستیت ده‌وێ، ژانی ئه‌وه‌ی كه له ته‌واوی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا، بۆت گرنگ نه‌بوو من بناسی هیچ له ژانی قسه‌كانت كه‌متر نییه. ده‌زانی ده‌مێكه گومان له "ڕاستی" زۆر شت ده‌كه‌م. زۆرێک له ماناكان ده‌مێكه له لای من كه‌وتوونه‌ته ژێر سێبه‌ری نامۆییه‌كی ناخۆش! گومان له "ڕاستی" ماناكان ده‌كه‌م و ئه‌وه ترسێكی سه‌یر ده‌ڕژێنێته ده‌روونما. وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ناكاو، ژێر پێت خاڵی بێ. وه‌ک ئه‌وه‌ی له شوێنێكی به‌رز، له به‌رزترین شوێن وه‌ستابی و هه‌نگاوێک دواتر دۆڵێک تا بێكۆتایی قووڵ، قووڵ وه‌ک باوه‌ڕێكی ڕووخاو به دۆستایه‌تی، چاوه‌رێت بێ. باوه‌ركه ئیتر وه‌بیرم نایه تا ئێستا چه‌ند كه‌س پێیان وابووه من "مرۆڤێكی سه‌یرم كه بیر له شتی وا ده‌كه‌مه‌وه"، نه وه‌بیرم دێ و نه بۆم گرنگه. هه‌ندێ شت كه ڕوو ده‌ده‌ن، وه‌ک قسه‌كانی تۆ، وا ده‌كه‌ن ببم به‌و ژنه‌ی دڵی پڕه له قسه و ده‌گه‌ڵ كه‌س قسه ناكات. ئه‌و ژنه‌ی ئارام ئارام فێر ده‌بێ ئیتر به ده‌نگی به‌رز بیر نه‌كاته‌وه و بیره "سه‌یره‌كانی" كۆ كاته‌وه و بچێت له گۆشه‌ی نێوه تاریكی قاوه‌خانه‌یه‌كی چۆڵ دانیشێ و تاڵی هه‌موو ته‌نیاییه‌كانی له تامی سه‌یر ناخۆشی قاوه‌یه‌كی بێ شیر و شه‌كردا بتوێنێته‌وه! مرۆڤه‌كان جیاوازن، باوه‌ڕ بكه‌ی یا نا، منیش ئه‌وه ده‌زانم. ده‌مێكه ئه‌وه ئیتر باوه‌ڕی سه‌ره‌كی ژیانی من بووه كه مرۆڤه‌كان ئه‌و جۆره‌ی هه‌ن قه‌بووڵ بكه‌م. به‌ڵام وا دیاره "جیاواز بوونی" من جیاوازتر له‌وه‌یه كه هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی هه‌یه قه‌بووڵ بكرێ... ناتوانم گلێی بكه‌م. به‌ڵام خۆ ده‌توانم بڵێم خۆزگه شته‌كان وا نه‌ده‌بوون كه هه‌ن. وه‌ک شتێک بوونی من ده‌گه‌ڵ بوونی هه‌ستێكی قاوه‌یی ڕه‌نگی نۆستالژیكی بێ بڕانه‌وه گرێ دراوه. خۆزگه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی بوون. خۆزگه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی بوون، خۆزگه‌ی ئه‌و هه‌ستانه‌ی بوون! ئه‌و شتانه‌ی كه ئێستا به ڕاشكاوییه‌وه ده‌ڵێم له بوونیان گومان ده‌كه‌م. ئێستا ئیتر دڵنیا نیم ئه‌و ڕۆژانه، ئه‌و كه‌سانه، ئه‌و هه‌ستانه بوون یان به‌س له دونیای "خۆزگه و خه‌یاڵی" مندا ساز دراون. تۆ قه‌ت ناتوانی بزانی چه‌ند ناخۆشه دڵنیا نه‌بی له‌وه‌ی كه ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی هه‌ته "ڕاستین" یان ده‌ستكردی تاسه‌ی دهرونته... چه‌ند ڕۆژ پێش به خۆم گوت " خــــــــــۆزگه بیـــــــــــرم نهدهكـــــــــردی!" "ڕاسان" یه‌كه‌مین و ته‌نیا مانگنامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ژنان، تایبه‌ت به كوردستان- ڕۆژهه‌لات- له چاپ درا. سوره‌ییا عه‌زیزپه‌نا مودیری به‌رپرس و ڕۆئیا تلووعی سه‌رده‌بیری ڕاسانن. هه‌وڵی ئه‌وان ئه‌وه‌یه كه له ڕوانگه‌یه‌كی ژنانه‌وه خاڵه جۆربه جۆره‌كانی پرسی ژنان بخه‌نه به‌ر باس. ڕاسان به دوو زمانی كوردی و فارسی بڵاو ده‌بێته‌وه و له چه‌ند به‌ش وه‌ک وتار، به‌شێ فیكری، سیاسه‌ت، لێكدانه‌وه، ڕوانگه و ڕاپۆرت پێكهاتووه. ڕاسان چه‌ند لاپه‌ڕه‌ی به ناوی چه‌ند ژنێک كه له‌م دوایانه‌دا به هه‌ر هۆیه‌ک له كوردستان ناویان ده‌ركردووه، ته‌رخان كردووه بۆ دوان له سه‌ر كێشه‌ی ژنان. بۆ نموونه لاپه‌ره‌یه‌ک به ناوی شه‌ریفه بۆ لێكدانه‌وه‌ی باس له سه‌ر توند و تیژی دژ به ژنان. هۆی هه‌ڵبژاردنی ناوی "شه‌ریفه" ، شه‌ریفه حدودییه كه نۆ مانگ له ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی بنه‌ماڵه‌ی مێرده‌كه‌یدا بووه. لاپهرهیهكیتر به ناوی "وریشه" ژنێكی 15 ساڵانه‌ی مه‌ریوانی كه ئاگری له خۆی به‌رداوه له به‌رچاو گیراوه بۆ قسه كردن له سه‌ر كێشه خۆسوتاندنی ژنان. ستونێک به ناوی "سوتوزپورا" كه یه‌كه‌مین نه‌شرییه‌ی ژنان له ئیتالیایه و نووسراوی ژنانی بێ ده‌ست تێوه‌ردان بڵاو ده‌كرده‌وه، له ڕاسان دا له به‌ر چاو گیراوه بۆ بڵاو كردنه‌وه‌ی نووسراوه‌ی ئازادی ژنان. له ژماره‌ی یه‌كه‌می ڕاسان دا چه‌ند وتار له "نوشین احمدی"، ویكتوریا آزاد، ڕوناک فه‌ره‌ج، ڕۆئیا تلووعی، شه‌هلا ده‌باغی، شه‌مزین جه‌هانی، كازێوه سالح ... چاپ كراوه. ڕاسان له یه‌كه‌م ژماره‌ی خۆیدا، نه‌ک به شێوه‌یه‌ک كه باوه، پیــــــــرۆزبایی له مه‌هاباد قه‌ره‌داغی، به بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی بـــــــۆ پۆستی وه‌زاره‌ت، كردووه. له‌م پیامهدا نووسراوه: "بێگومان یه‌كێک له ڕێگه‌كانی چاره‌كردنی گرفتی ژنان، بوونی چالاكانه‌ی ژنان له ناو ده‌سه‌لاتدایه. ژنان به‌و شێوه‌یه ده‌توانن ده‌سه‌ڵات و ده‌رفه‌تی ئاڵوگۆڕ به ده‌ست ژنان و بۆ ژنان سازبكه‌ن. ئێمه دڵنیاین كه ژنانی چاڵاک و خاوه‌ن بیر وباوه‌ڕ كه به بێ پشتگری پیاوه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی بنه‌ماڵه‌كه‌یان! به ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ن، فریوی ناو و ناوبانگ ناخۆن و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ژناندا درێژه به خه‌بات و چالاكی خۆیان ده‌ده‌ن. ئێمه وه‌ک به‌ڕێوبه‌رانی ڕاسان، پیرۆزبایی خۆمان ئاراسته‌ی ئێوه و هه‌موو ژنانی كورد ده‌كه‌ین و په‌یمان بێت هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان به‌ردی بناغه‌ی دێمۆكراسین، ئێمه‌ش به پشتگرتن و ڕه‌خنه‌ی به‌جێ، یارمه‌تیتان بده‌ین!" سه‌رچاوه
May 1, 2005
هه‌واڵه‌كه ئاوا بڵاو كراوه: "دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێك له جاشه‌كانی شاری مهاباد له‌گه‌ڵ هێزه ئینتزامیه‌كانی ئه‌و شاره سووكایه‌تیان به لاوێك كرد و به رووتی به ناو شاردا گێڕایان، خه‌ڵکی مهاباد داوایان له ده‌وڵه‌ت كردووه كه ئه‌و جاشه سزا بدات و به هه‌مان شێوه به ناو شاردا بیگهڕێنێت.شایانی باسه كاسبكارانی شاری مهاباد هه‌ڕه‌شه‌یان كردووه كه ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت ئه‌و جاشه سزا نه‌دات، ده‌ست ده‌ده‌نه مانگرتن و دوكان و بازاڕ داده‌خه‌ن." سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ ****** ده‌قی ڕووداوه‌كه ئاوایه: پیاوێک گومان له ژنه‌كه‌ی ده‌کات. گۆیا ژنه‌كه به هۆی هه‌ژاری و نه‌داری- یان هه‌ر هۆیه‌کیتر ، هیچ گرنگ نییه- ماوه‌یه‌که ڕووی كردۆته له‌ش فرۆشی. ده‌ڵێ: خه‌ڵک قسه‌ی باشیان پێ نه‌ده‌گوت. ده‌ڵێ هه‌ر ڕۆژه‌ی ده‌گه‌ڵ پیاوێک ده‌ڕۆیشت. ده‌ڵێ ئاخرجار مێرده‌كه و هاورێیه‌كی، ژنه ده‌بینن له ماشێنی پیاوێک داده‌به‌زێ. پیاوه‌كه كه "جاشه" و چه‌كداره، به یارمه‌تی هاورێكه‌ی به ته‌مای گرتن وكوشتنی "مشته‌ری ژنه‌كه‌ی" ڕاده‌كه‌ن بیگرن. كابراش كه به ته‌مایه به ماشێن خۆ ده‌رباز بكا نه‌كه‌وێته چنگیان، ماشێنه‌که‌ی گرم له دارێک، دیوارێک ده‌كوتێ و ناچار به غاردان گیانی خۆی ده‌رباز ده‌كات... ڕۆژی دواتر هه‌ر ئه‌و كابرایه، كلیلی ماشێنه‌كه‌ی ده‌دا به هاورێیه‌كی- كوڕێكی 25 ساڵه‌ی كرێــــــكار، شاتری نانه‌واخانه-( ئـــــاه، ڕاستی ڕۆژی كرێـــــــكار پیـــــــرۆز بـــــــێ!!!) كه بچێ و ماشێنه‌كه‌ی بۆ بێنێته‌وه. دیاره ڕاستی كاره‌ساته‌كه‌ی بۆ باس ناكات و پێی ناڵێ ڕۆژی پێش چی قه‌وماوه. كوڕی كرێكاری چیرۆكه‌كه‌مان وه‌ک هاورێیه‌کی "باش" به‌ڵێنی ده‌دا ماشێنه‌كه‌ی بۆ به‌رێته‌وه به‌رده‌رگا. ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژه كوڕی ساكار كه ده‌گاته نزیک ماشێنی هاورێكه‌ی، مێردی ژنه و یه‌ک دوو هاورێی، هێرش ده‌كه‌نه سه‌ری و به وگومانه كه ئه‌و هه‌مان "مشته‌ری ژنه‌كه‌یه" ده‌یگرن و به لێدان، شل و كوتی ده‌كه‌ن. به بۆتڵی شووشه، ده‌ست درێژی به كوڕی هه‌ژار ده‌كه‌ن، جل و به‌رگی له به‌ر داده‌كه‌ن و به شه‌ق و تێهه‌ڵدان به ناو شاردا ده‌یگه‌ڕێنن و ده‌یبه‌نه پاسگای شاره‌بانی و له‌وێ به ڕووتی و خوێناوی به جێی دێڵن. كوڕی هه‌ژاری بێ‌تاوان هه‌ر ئه‌و شه‌وه له ژووری زیندانی شاره‌بانی دڵی له لێدان ده‌كه‌وێت و ده‌مرێت! ئه‌و كوڕه هه‌ژاره بێتاوانه كه ئاگای له ڕووداوه‌كه نه‌بووه، ده‌بێته قوربانی غیره‌ت و "پیاوه‌تی" كابرایه‌کی ده‌مارگرژی نه‌زان. ده‌ڵێ ئه‌و ئێواره‌یه كه كوڕهیــــان به ڕووتی و به له‌شی خوێناوی، به مه‌به‌ستی سووک كردن، به ناو شاردا ده‌گه‌راند، هیچ كه‌س، هیچ كه‌س له‌و هه‌موو پیاو و ژنه‌ی ڕووداوه‌كه ده‌بینن و هاواری كوڕه ده‌بیستن كه "من تاوانێكم نه‌كردووه، من نه‌بووم"، هیچ ناكه‌ن و لێ ده‌گه‌ڕێن مرۆڤێک ئاوا بێڕێزی پێ بكرێت. ده‌ڵێ ئه‌و ئێواره‌یه باران ده‌باری. ده‌ڵێ كوڕه هیچ جلی له‌به‌ردا نه‌مابوو جگه له ئارهقگیرێكی دڕا‌و نه‌بێ. ده‌ڵێ كه به بۆتڵی شووشه ده‌ستدرێژیان پێ كردبوو، هه‌موو له‌شی بریندار ببوو. هه‌موو گیانی خوێن بوو، ده‌ڵێ به ده‌ست ئاره‌ق گیرهكهی دادهكێشا خوار با جه‌ماعه‌ت به ڕووتی نه‌یبینن، ده‌ڵێ كوڕه ده‌گریا و ڕووی له خه‌ڵكی سه‌ر شه‌قام ده‌کرد و ده‌پاڕاوه یارمه‌تی بده‌ن. ده‌ڵێ كوڕی هه‌ژار نیوه شه‌و له ژووری زیندان سه‌كته‌ی كردووه و مردووه ... ده‌ڵێ پیاوكوژه‌كه پاره‌یه‌کی زۆری داوه به حكومه‌ت و پێویست نه‌بوو له زینداندا بمێنێته‌وه. ده‌ڵێ ژنه‌كه‌یان گرتووه و ئه‌مرۆ و سپێی به‌ڵایه‌ک به سه‌ر ئه‌ویش دێنن. ده‌ڵێ منداڵه‌کانی شه‌رم ده‌كه‌ن بچنه‌وه مه‌دره‌سه... ده‌ڵێ تۆش ده‌یناسی، كچی فلانه كه‌س ... چۆن له بیرت نایه، خوشكی فلانی ... ئاخ، له بیرم دێ. ده‌یناسم! |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|