April 28, 2007
هه‌ر توڕه‌م. توڕه‌ییه‌ک كه نایناسمه‌وه. ترسێكی تێكه‌ڵاوی خه‌م و ژانێكی سه‌یر له دڵما هه‌ست پێ ده‌كه‌م. وه‌ک منداڵێک ده‌ستی له گۆشه‌ی چارشێوی دایكی به‌ربووه و ون بۆت. وه‌ک منداڵێک دایكی له سه‌ر ڕێ دایده‌نێت و پشتی تێده‌كات. ژانی دایكێكم هه‌یه جگه‌رگۆشه‌كه‌یان له به‌رچاوه‌كانی سه‌ر بڕیوه. توڕه‌یی جارانم نییه. نا. توڕه‌یی جارانم، دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه، كه به درێژایی مێژووی ژیانم، ده‌گه‌ڵ خۆم هێناوه وبردووه، ده‌ناسمه‌وه. ده‌سته‌مۆ بووه. توڕه‌یی جارانم ده‌توانی بیخه‌مه ناو له‌پی ده‌ستم و په‌نجه‌كانم له یه‌ک گرێ بده‌م و بیكه‌م به مست. توڕه‌یی جارانم ده‌توانی له بێده‌نگییه‌كی تاڵ حه‌شار بده‌م. له ڕوانیینێكی به‌تاڵ. توڕه‌ییه‌ی ئێستام به‌ڵام ناناسمه‌وه. ده‌ماره‌كانمی پڕكردووه. نازانم به‌ره‌و كوێم ده‌بات. ده‌سته‌مۆ نییه ... ده‌ڵێ فه‌رقی ئه‌مجاره‌یان ده‌گه‌ڵ جارانی پێش چییه؟ ڕه‌نگه ڕاست بكات. ڕه‌نگه فه‌رقی نه‌بێت. نازانم! ئه‌و گه‌شبینییه كه‌رانه‌ی جاران، قه‌ت نه‌یهێشتووه ئاوا وه‌ک ئێستا ڕه‌شاییه‌كان ببینم. جاران تاق و لۆق ناویان هه‌بوو. ده‌زانی، جاران مامی پێڵا بوو. جاران باوكی فادیمه بوو. جاران ئامۆزای سارا بوو.جاران برای هێشوو بوو. تاق و لۆق. لێره و له‌وێ. ئه‌مجاره‌یان به‌ڵام گارانێک بوون. ده‌زانی، گارانێک. فه‌رقی زۆره! جاران ده‌تگوت "تاكه‌كه‌سن" بڵاو بوونه‌ته‌وه له ناوماندا. ناسینه‌وه‌یان ئاسانه. ژماره‌یان كه‌مه. ئێستا به‌ڵام ئه‌گه ته‌نیا گوندێک، چووزانم ئه‌گه ته‌نیا شارۆچكه‌یه‌كی ئاوا بچووک ئه‌و هه‌موو بكوژه‌ی لێ بێت، تۆ بڵێی سه‌رجه‌م چه‌ند سه‌د هه‌زار دانه بن؟ به چی تێر ده‌بن؟ كه‌ی تێرده‌بن؟ قه‌ت تێرده‌بن؟ ده‌ڵێ فه‌رقی ئه‌مجاره‌یان ده‌گه‌ڵ جارانی پێش چییه؟ ده‌ڵێ كوشتن هه‌ر كوشتن نییه؟ ده‌ڵێ ئێوه كچه‌كانتان ده‌نێژن! ده‌ڵێ ئێوه كچه‌كانتان به زیندووی ده‌نێژن، یان له كونجی ژووره‌كان ده‌یانبه‌ستنه‌وه یان له حه‌وشی ماڵه‌كان ده‌یانكوژن یان له مه‌یدانی خۆڵاوی گوند و شاره‌كان به‌رده‌بارانی ده‌كه‌ن ... ده‌ڵێ كوشتن هه‌ر كوشتن نییه پێت وایه؟ ده‌وره‌ی جاهیلییه‌تی پێش ئیسلامتان له بیره؟ كچیان زینده به چاڵ ده‌كرد. خۆمان تا كه‌ی فریو بده‌ین؟ به‌سه! به‌سه تۆمه‌تباركردنی ئیسلام و دین و ئایین. هه‌ر ئه‌و دینه مه‌گه به ده‌ست و په‌نجه‌كانی مرۆڤ خۆی نه‌نووسراوه؟ به‌سه! تاوانه‌كان مه‌خه‌نه سه‌ر شانی خــــــوا. كام خـــــــــــوا؟ كـــام خــــــــــوا؟ هه‌ر ئه‌و خوایه مه‌گه ده‌ستكردی زه‌ینی به‌شه‌ر نییه؟ هه‌ر ئه‌و زه‌ینه‌ی ئه‌مڕۆ فه‌توا له سه‌ر كوشتنی ئینسان ده‌دات؟ حیسابی دین ئه‌گه بێت هه‌موو ڕێساكانی ژیانمان دژ به دینه. له دزی كردن و درۆ گوتن تا خواردنه‌وه و ده‌ستدرێژی كردن. له نوێژ و ڕۆژووگرتنه‌كان تا ... ده‌وێرین دان به‌م ڕاستییه‌دا بێنین؟ ئێمه میلله‌تێكی نه‌خۆشین. میلله‌تێکی دڵره‌قین. مانای شادی نازانین. مانای جوانی نازانین. مانای كه‌رامه‌تی ئینسانی نازانین. مانای مرۆڤ بوون نازانین. هه‌رچی ده‌كه‌ین تاوانبارێكی بۆ ده‌دۆزینه‌وه، قه‌ت هیچ شتێک تاوانی خۆمان نییه. كوردستان نێت نووسیوێتی " شه‌هید كردنی دۆعا" ... ته‌ح! به‌دبه‌ختییه‌كانمان یه‌ک و دوو نییه. سه‌ڵا به حاڵی ئه‌و میلله‌ته‌ی پێویستی به شه‌هید بێت. سه‌ڵا به حاڵی ئه‌و گه‌له‌ی ڕۆڵه‌كانی خۆی به ده‌ستی خۆی له خوێن بگه‌وزێنێت. با چاو بگێرین. چیمان هه‌یه؟ دار و دیواری ده‌وروبه‌رمان ئاسه‌واری ده‌وره‌ی جاهیلییه‌تی لێ ده‌بارێ. هه‌ر به مێشک و زه‌ینی سه‌رده‌می جاهیلییه‌ت بیر ده‌كه‌ینه‌وه. ئاخر دینێک فه‌توا به كوشتنی مرۆڤ ده‌دا دین نییه. خوایه‌ک به ناویی مرۆڤ ده‌كوژرێت خوا نییه. وڵاتێک منداڵه‌كانی خۆی له خوێن ده‌گه‌وزێنێت وڵات نییه. وڵاته؟ چ فه‌رق ده‌كات، عه‌ره‌بی ده‌وره‌ی جاهیلیه‌ت كچی به مه‌لۆتكه‌یی زینده به چاڵ ده‌كرد، ئێستا له لای ئێمه به گه‌وره ساڵی... چ فه‌رق ده‌كات؟ ترسی ئه‌مجاره وه‌ک هیچ جارێكی پێش ناچێت. جاران ده‌مزانی مامی پێڵا هه‌یه، به‌ڵام ده‌متوانی پێم وابێت مامی پێڵا شتێكی هه‌یه، نیشانه‌یه‌كی هه‌یه له "پیاوه‌كانی" تر جیاوازی ده‌كاته‌وه. دڵنیا بووم شتێكی پێوه دیاره. دڵنیا بووم ده‌ناسرێته‌وه. ئه‌مجاره‌یان به‌ڵام... بــۆ "دایــكی نیشتمان" پشتی له ڕۆڵه‌کانی خۆی كردووه؟
April 25, 2007
ڕشانه‌وه: كه كلیكی سه‌ر لینكه‌كه‌م كرد، دڵم وه‌ستا. ده‌ستم خسته سه‌ر ده‌مم نه‌قیژێنم... باوه‌ڕم نه‌كرد. ناتوانێ ڕاست بێت، ده‌توانێ؟ قژی ڕه‌ش و درێژ بوو. جه‌سته‌ی باریک و بێ هێز... له‌وێ كه‌وتبوو... خوێناوی ... به‌ردی زل زل له لای سه‌ری ... هه‌ناسه‌م نایه‌ته ده‌ر. توڕه‌م. زۆر توڕه‌م. هه‌زار ساڵ بوو ئاوا نه‌گریابووم. تێكه‌ڵی ترس و توڕه‌یی و شه‌رمه‌زاری. ڕشانه‌وه‌م دێت. ده‌یڵێم، كورد یه‌كێک له‌و میلله‌تانه‌یه كه ده‌بێ شه‌رمه‌زاری خۆی بێت! شه‌رم له خۆی، له درۆزنی و له دواكه‌وتووی خۆی بكات. ئه‌گه له زۆربه‌ی وڵاته‌كانی تر ئه‌وه یاسایه كه زوڵم له خه‌ڵک به گشتی و ژن به تایبه‌تی ده‌كات. ئه‌گه ئه‌و یاسایه كه مافی مرۆڤ به ئاشكرا پێ شێل ده‌كات و له ژێر ناوی دین و ئایین كه‌رامه‌تی ئینسانی دانیشتووانی ده‌شكێنێت... گه‌لی كورد ... له‌وێ كه یاسایه‌كی نووسراویش نییه بۆ كوشتنی ژن، بۆ به‌رده باران كردنی .. كورد ده‌یكات ... كورد كردی! ... دیسان ... هاواااااااااار هاوااااااااااار . چۆن دڵیان هات؟ چۆن دڵیان هات؟ "فیلمی" كوشتنی ئه‌و كچه گه‌نجه‌تان دیوه؟ به به‌رده‌باران و پێلاقه ده‌یكوژن... هه‌مووی پیاوی توڕه و ناحه‌ز و دێوه‌زمه‌ن هاوار ده‌كه‌ن، قسه‌ی پێ ده‌ڵێن، پێلاقه‌ی پێ داده‌ده‌ن. هاوار و قیژه‌ی پیاوه‌كانتان بیستوه پێی ده‌لێن " قه‌حبه"؟ یان ئه‌و ده‌سته‌ی به هێمنی وه‌ستاوه و فیلم له كوشتنی ئه‌م كچه ده‌گرێت؟ ده‌موچاوی له خوێن گه‌وزاوی ئه‌و كچه‌تان دیوه؟ جووڵه‌یه‌ک له‌و په‌ری بێ ده‌ره‌تانی نازانم .. تا خۆی ڕزگار بكات ڕه‌نگه ... نازانم ... چۆن دڵیان هات ... پێم بڵێن، هاوااار پێم بڵێن چۆن دڵیان هات ...چۆن بۆتان گرنگه كچه‌كه كوردی موسڵمان بووه یان كوردی ئیزه‌دی؟ ئه‌ی موسڵمان بوون و ئیزده‌ی بوونی بكوژه‌كان ... ؟ ده‌ڵێن ناوی "دۆعــــا" بووه ... ئه‌گه ئه‌و لینكه‌یان بۆ ئێوه‌ش نارد، كلیكی بكه‌نه سه‌ر! چاوی لێ بكه‌ن. چاوی لێ بكه‌ن تا تازه قه‌ت قه‌ت "شانازی به كورد بوونتان" نه‌كه‌ن. تا به‌شكوو دوای ئه‌و كاره‌ساته له خۆتان بپرسن چیمان هه‌یه شانازی پێوه بكه‌ین ... چاوی لێ بكه‌ن، تا ده‌موچاوی له خوێن گه‌وزاو و جه‌سته‌ی تێک شكاوی ئه‌و ئینسانه وه‌بیرتان بێنێته‌وه كورد له كورد كوشتن، كورد له ژن كوشتن ... ئه‌رێ كورد له ژن كوشتن دا زۆر ئازایه ... چاوی لێ بكه‌ن تا قه‌ت له بیرتان نه‌چێته‌وه ...
April 24, 2007
ته‌واوی ئه‌مڕۆ ده‌نگی له گوێما زرینگاوه‌ته‌وه. ته‌واوی ئه‌مڕۆ بیرم له لای هه‌موو كیژه هه‌شت ساڵه‌كانی شار‌ه‌كه‌م بووه. ته‌واوی ڕۆژ هه‌وڵم داوه گرێ پووچكه‌ی بوغزی ئه‌م گریانه قووت ده‌مه‌وه. نه هه‌واڵه‌كه تازه بوو نه دوا هه‌واڵیش ده‌بێت. باش ده‌زانم. برینێكه و سارێژ نابێته‌وه. ژانێكه و ئارام ناگرێته‌وه. ته‌واوی ڕۆژ جه‌سته‌ی له خوێن گه‌وزاوی كیژێكی هه‌شت ساڵانه‌م له پێش چاو بوو، ده‌مێک كه به سه‌ر په‌نجه‌كانی پیسی پیاوێكی دڵ چڵكنی شه‌ست ساڵه به‌ستراوه تا هاوار نه‌كات ... هاوار؟ هاوااااار ... ده‌بێ چ ئازارێكی پێ گه‌یشتبێت؟! ده‌بێ له‌مه‌و به‌دوا خه‌ونه‌كانی چ ڕه‌نگ بن؟! شانه بچووكه‌كانی به‌رگه‌ی ڕوانینی قورس و نامێهره‌بانی خه‌ڵكی شار ده‌گرن؟ برینه‌كانی سه‌ر له‌ش و ڕوح و ناخی سارێژ ده‌بنه‌وه؟ به چی؟ چه‌ند منداڵی هه‌شت ساڵه‌ی تر كه‌وتوونه به‌ر هێرشی چنگه پیسه‌كان و بێ بێده‌نگی توانه‌ته‌وه؟ چه‌ند منداڵی هه‌شت ساڵه‌ی تر ده‌بێ بكه‌ونه به‌ر هێرشی چنگه پیسه‌كان تا ئه‌و ڕه‌سمه نه‌مێنێت؟ دڵم زۆر پڕه. زۆر!
April 23, 2007
هه‌واڵ: كۆبوونه‌وه‌ی نه‌هێنی (!!!) چه‌ند بلاگنووسی كورد كۆبوونه‌وه‌كه هێنده نه‌هێنی بوو كه ته‌نانه‌ت به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه نه‌یانده‌زانی كۆبوونه‌ته‌وه! ڕۆژی شه‌ممه بیست و یه‌کی مانگی چوار هه‌شت نۆ ده كه‌س له بلاگنووسه‌كانی كورد له لۆكاڵێكی داوێنی چیا (!!!) ، له پێته‌ختی وڵاتێكی باكووری ئوروپا، چاویان به یه‌ک كه‌وت. كۆبوونه‌وه‌كه له ژێر ناوی "جێژنی له دایکبوون" و له ژێر چاوه‌دێری کاک ئارام به‌ڕێوه چوو، ئه‌گه‌رچی زۆریان ده‌گه‌ڵ زۆریان قسه‌یان نه‌كرد و ئه‌گه‌رچی ناوی هه‌ندێكیان به نه‌هێنی مایه‌وه (!!!) به‌ڵام ده‌توانین بڵێین ئه‌م یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنه سه‌ركه‌وتوو بوو و بێ هیچ شه‌ڕ و كێشه‌یه‌کی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتوری و ناوچه‌یی و بێ ئه‌وه‌ی ببن به دوو "قۆڵ" كۆتایی پێ هات. شایانی باسه یه‌ک دوودانه له بلاگنووسه‌كان حاشایان له بلاگنووس بوونی خۆیان كرد! كۆتایی هه‌واڵ!
April 20, 2007
ئه‌و نامانه‌ی قه‌ت به‌ڕێ ناكرێن: ده‌پرسی چۆنم، باشی باش كه نا، به‌ڵام خراپ نیم. هه‌م! دێم. ده‌ڕۆم. پێده‌كه‌نم، به‌ڵام له خۆشی هیچ شتێک هه‌ڵناخه‌مه‌وه. قژم له به‌ر خۆرێكی بێ گیان وشک ده‌كه‌مه‌وه. ئه‌گه نه هه‌موو ڕۆژێ كه زۆربه‌ی ڕۆژه‌كان ملی ڕێ ده‌گرم و به ته‌نیشت گۆمێكی مه‌ند دا تێده‌په‌ڕم و زۆر شت و زۆر كه‌س له بیرده‌كه‌م. كتێب ده‌كڕم و نایانخوێنمه‌وه. ئه‌و ڕۆژانه به‌ڵام تا بڵێی له مۆسیقا دا ون ده‌بم. به‌هاریش هێشتا له ئه‌گه‌ری هات و نه‌هات دایه. هه‌ر ئێستا به‌ڵام بارانێكی خۆش ده‌بارێ. خۆشه. زۆر خۆش! ده‌گه‌ڵ هاوڕێیان كه یه‌ک ده‌بینین، باسی هه‌موو شت ده‌كه‌ین. له ڕۆژنامه‌وانی و مێدیای كوردی تا قه‌واره و چوارچێوه‌كان. له ڕێكخراوه‌ی سه‌ربه‌خۆ تا حیزبی سیاسی، له "ڕۆناكبیری" و "ڕۆناكبیر بوون" كه بۆ هێنده كه‌س له دۆخین بۆ خواره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات تا فێمینیزمی كوردی كه به قاب نه‌شووشتن و خواردن ساز نه‌كردن مانا كراوه‌ته‌وه. و مافی منداڵ له باربردن بۆ ژن و دواتر دیسان پرسیاری هه‌میشه‌یی ژیان چییه و كه‌ی ده‌ست پێ ده‌كات و ... هه‌م. هه‌وڵ ده‌ده‌م ده‌گه‌ڵ ڕۆژه‌كان تێپه‌ڕ بم. هه‌ندێ جار به‌ڵام به جێ ده‌مێنم. له ژێر سێبه‌ری بیرێكی دوور ده‌گیرسێمه‌وه و هه‌ندێ جار به خێرایی نازانم چی له كات تێده‌په‌ڕم و وه‌پێش ده‌كه‌وم و ناچار له گۆشه‌یه‌ک په‌نا ده‌گرم تا چركه‌كان بگه‌نه‌وه و دیسان پێكه‌وه دوور بینه‌وه تا نازانم كوێ ... ده‌پرسی چیم ده‌وێت له ژیان! بیرده‌كه‌مه‌وه ده‌بێ بزانم؟ ... ده‌زانم و نازانم. هه‌ندێ جار سه‌ر به هه‌موو كه‌لێن و قوژبنه‌كانی زه‌ینمدا ده‌كه‌م و جێ پێی هیچ خۆزگه و بریایه‌ک نابینمه‌وه. وه‌ک بڵێی هیچ نه‌ماوه بمه‌وێ یان هێزێک بۆ ویستن و كه‌چی هه‌ندێ جار پڕم له دڵه‌كوته‌ی ئاواتی شین و ناره‌نجی. ئاواتی گه‌وره و بچووک. بۆ خۆم و بۆ ئه‌وانی تر. بیرده‌كه‌مه‌وه هه‌ر ئه‌و له یه‌ک نه‌چوونی منه‌كانی منه كه ڕایگرتووم. ئه‌وه كه ژنه‌كانی ده‌روونم هه‌ر كام به لایه‌كدا ڕامده‌كێشن و هه‌ر كامیان له سه‌ر ویسته‌كانی خۆیان سوورن. بیرده‌كه‌مه‌وه هه‌ر ئه‌وه‌ی هیچ ئاواتێک به ناوی هیچ ڕۆژ و ڕێكه‌وتێكی تایبه‌ت نه‌كراوه تۆزی خۆله‌مێشی ترسی نه‌گه‌یشتن ده‌ته‌كێنێت. ده‌زانی چركه‌كان، خه‌مه‌كان، شادییه‌كان ده‌بێ ڕه‌نگیان هه‌بێت. ده‌بێ ناویان هه‌بێت به‌ڵام نابێ هیچ ڕۆژێكیان به ناو بكه‌ی. حه‌یفه. زۆر حه‌یف! وه‌ک عاشق بوون وایه. تۆش پێت وانییه؟ عاشق نابی چونكه ده‌بێ عاشق بیت، چونكه كاتی وه‌ی گه‌یشتووه كه عاشق بیت. یان هه‌ر چونكه كه‌سێک ئاشقی تۆ بووه. ده‌بێ دڵت بله‌رزێ. دڵه كوته‌كانی عاشق بوون ده‌توانن له چاوه‌ڕوان نه‌کراوترین چركه بگه‌نه به‌ر و به‌رۆكت بگرن. چی ده‌كه‌ی ئه‌و كات؟ عاشق بوون ده‌بێ ڕه‌نگ بێ. وه‌ک ئه‌و ده‌مانه‌ی گۆنات به ڕه‌نگی گوڵه‌باخه. عاشق بوون كات و ڕۆژ و ڕێكه‌وتی نییه. دێت و قوژبنێكی دڵت داگیر ده‌كات. بته‌وێ یا نا... ئه‌وه‌ت له بیر بێت! ده‌پرسی به‌ره‌و كوێ؟ سه‌یره. ئه‌م پرسیاره هه‌میشه من وه‌بیر قسه‌كانی گوڵی كه‌ویر ده‌خاته‌وه كه به شازده بچكۆله‌ی گوت. له‌بیرته؟ ئه‌وده‌مه‌ی له وڵامی شازده‌دا گوتی: " بنیامه‌كان؟ ... با ده‌گه‌ڵ خۆی ده‌یانبا. ئاخر نه‌كا بنیامه‌كان ڕیشه‌یان نییه ..." چی بڵێم! ئیتر ناترسم "با" ده‌گه‌ڵ خۆی بمبا. ئه‌وه‌ی لێی ده‌ترسم ڕۆچوونه. ڕازی بوونه! ئێستاش وه‌ک جاران حه‌ز ده‌كه‌م زیڕه‌ی ڕیشه‌كانم به بۆنی خاک ئارام كه‌مه‌وه. به‌ڵام ده‌مه‌وێ فێر بم بۆنی خاكیش وه‌ک بۆنی یاس و گوڵه‌باخ ده‌گه‌ڵ خۆم بگێرم. ده‌پرسی له كێ ده‌چم؟ ده‌زانی ئه‌مڕۆ دلجان باسی دایه گه‌وره‌ی خۆی كرد. دایكی دایكی. كه چۆن وه‌ک بێوه‌ژنێكی سی ساڵه، نه‌خوێنده‌وار و بێ ئیش و بێ پاره، له كوردستان، ته‌نیای ته‌نیا شه‌ش منداڵ، شه‌ش كچی به‌خێو كردووه و پێ گه‌یاندووه. بیرم كرده‌وه ئه‌وانه ئه‌و قاره‌مانانه‌ن له هیچ چیرۆكێکدا باسیان لێ ناكردرێت. بیرم كرده‌وه بریا چیرۆكه‌كان سه‌ر له نوێ بنووسرێنه‌وه. بیرم كرده‌وه بریا له‌و چیرۆكه‌كانی بۆ منداڵه‌كانی ده‌گێرینه‌وه فێریان بكه‌ین نه‌ک هه‌ر سێوێک، كه هه‌موو سێوه مه‌منووعه‌كان لێ كه‌نه‌وه! نازانم تا ئێستا له كێ چووم، له‌مه‌و به‌دوا به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌م له دایه گه‌وره‌ی دلجان بچم و نه‌ترسم له هیچ. ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌مانه‌ی هه‌موو ترسه‌كانی بوون له ناخما ده‌ڕشێنه‌وه... ده‌زانی حه‌ز ده‌كه‌م ئیتر له ترسه‌كانم نه‌ترسم. ...... تا جارێكی تر!
April 14, 2007
چوار ژن. چوار چیرۆک. یه‌ک وێنه! قاقا و پێكه‌نینی چوار ژن، له ده‌وری مێزێكی باریكی له‌ق، ده‌نگده‌داته‌وه. هیچیان له هیچیان ناچن. هه‌موو به‌ڵام داوه هاوڕه‌نگه‌كانی ناو چیرۆكه‌كانیان ده‌ست نیشان ده‌كه‌ن و هه‌ر ئه‌وه له یه‌کیان نزیک ده‌كاته‌وه یا نا، به یه‌کیان ده‌شوبهێنێت. هیچیان هاوته‌مه‌ن نین. له هه‌مان شار و شارۆچكه‌ش گه‌وره نه‌بوون. به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆیان و بنه‌ماڵه‌ی هیچكامیان له یه‌ک ناچێت، كه‌چی شتێک، نا زۆر شت به یه‌كیان گرێ ده‌داته‌وه. چاویان لێ ده‌كه‌م و بیرده‌كه‌مه‌وه ئه‌و هه‌موو شته‌مان له یه‌ک ده‌چن و ئه‌و هه‌موو له یه‌ک دوورین؟ چیرۆكه‌كانمان پڕه له داوی هاوڕه‌نگ و ئه‌و هه‌موو ته‌نیاین؟ پڕین له ده‌نگ و ئه‌و هه‌موو بێده‌نگین؟ ئه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی ئێمه كه‌ی، كێ بیگێرێته‌وه؟ ******** ده‌گه‌ڵ هه‌ستێكی سه‌یر، هه‌ستێک له نێوان ته‌م و توڕه‌یی ده‌ستی پێ كرد، ته‌مه‌نی یانزده ساڵی خۆم ده‌ڵێم! یانزده ساڵانه بووم و ده‌نگه‌كان له گوێیاندا ده‌خوێندم كه گه‌وره بووم و كه ده‌بێت ژیــــــــر بم. ڕه‌نگه ئه‌وه سه‌ره‌تای ته‌مه‌نێک "خۆ نه‌دیتن" و "حاشا له خۆكردن" بوو. نازانم! شته‌كان كاڵن. هه‌ندێ شت هێنده حاشایان لێ ده‌كرێت كاڵ ده‌بنه‌وه، ده‌توێنه‌وه یان له بیرده‌چنه‌وه. وه‌ک سه‌رده‌می منداڵیمان. منیش هه‌ر سه‌ره‌تای ڕۆژانی یانزده ساڵیم بوو كه فێربووم ده‌بێ حاشا له خۆم بكه‌م. له گوتنی شتێک وه‌ک بڵێی بێ به‌ش كرابێم. شتێک نا، زۆر شت. زۆریانم هێشتا نه‌ده‌زانی چین. به‌ڵام ده‌مزانی هه‌ن و نابێ دان به بوونیان دابێنم. بیری ئه‌و ئێوارانه‌ی به تاسه‌وه چاوم له یاری تۆپێنی کوڕه‌کانی گه‌ره‌ک ده‌كرد و من، كه چه‌ند ساڵێک منداڵتر له هه‌موویان بووم، ئیتر ئه‌وه‌نده گه‌وره ببووم ده‌بایه وه‌ک سێبه‌ر هاتبام و ڕۆیشتبام تا نه‌بیندێرم. تا نه‌بیسترێم. له بیرم نایه قه‌ت خۆزگه‌ی ئه‌وه‌م خواستبێت كه كوڕ بایه‌م. به‌ڵام هێشتا جوان له‌بیرمه خۆزگه‌ی ئه‌وه‌ی لێم گه‌ڕابان كه‌مێكی تر منداڵ بمێنمه‌وه، پڕی كردبووم. من یانزده ساڵم بوو. ده‌مویست وه‌ک منداڵه یانزده ساڵه‌كانی تر له خاک و خۆڵێ كۆڵان بگه‌وزم و پیس و تۆزاوی بم، به دیواره‌كاندا سه‌ركه‌وم و له به‌رزاییه‌كانڕا بازده‌م. حه‌زم ده‌كرد لێم گه‌ڕابان كه‌مێكی تر منداڵ مابامه‌وه و ئه‌وه‌نده زوو تۆڕ نه‌ده‌درامه دونیای گه‌وره ساڵه‌كان. نا، نا، دونیای گه‌وره ساڵه‌كانیش نه‌بوو. ئه‌وه‌نێ کوڕه‌کانی گه‌ره‌ک هه‌موو چه‌ند ساڵ گه‌ورتر بوون و هه‌ر ده‌نگی پێكه‌نین و هه‌رای یاری تۆپێنیان گوێی گه‌ره‌كی كه‌ڕ كردبوو. من یانزده ساڵم بوو و تۆڕدرامه دونیای پڕ له عه‌یب و حاشای ژنانه! دونیایه‌ک پڕ له وا مه‌كه و وا مه‌ڕۆ. دونیایه‌ک كه به سه‌ر هه‌ڵدانی دوو خاڵی ورد ورد له سه‌ر سنگم ده‌ستی پێ كرد. دوو خاڵی ورد كه من ده‌بایه تا دره‌نگ نه‌بووه، دامپۆشیبان. به كوڕ بوونه‌وه، به جلی هه‌زارجار له خۆم گه‌وره‌تر شاردبامنه‌وه تا سه‌یدزاده‌ی هاوسێمان هێنده چاو نه‌بڕێته سنگم و پێم نه‌ڵێت "شه‌رم ناكه‌ی، ژنێكی ته‌واوی و له كۆڵان كایه ده‌كه‌ی!" ، ڕه‌نگه ئاوا بوو خۆشم باوه‌ڕم كرد كه گه‌وره بووم كه ژنێكی ته‌واوم و كه ده‌بێ خۆزگه‌ی خۆشییه‌كانی منداڵی له‌بیر بكه‌م. ئاوا بوو كه ئه‌و داوه ناسكه‌ی منی به منداڵی گرێ دابووه پسا و من تۆڕدرامه دونیای پڕ‌له عه‌یبه و حاشای ژنانه ... ******** به‌ڵام ئاخر دونیای ژنانه چی بوو؟ چۆن بوو؟ بۆ كه‌س نه‌بوو به من بڵێت منداڵێكی یانزده ساڵانه چۆن بێت یان چی بكات تا ژنێكی ته‌واو بێت؟ كه‌س نه‌بوو كه‌ڵافی ئاڵۆزی پرسیاره‌كان هه‌ڵكاته‌وه. ڕۆژه‌كان به خێرایی تێده‌په‌ڕێن و منیش ئیتر، وه‌ک بڵێی، سڕ ببووم. ئیتر ته‌می ئه‌و ساڵانه‌ی منداڵی كه لێیان دزیم ته‌پ و تۆزی له سه‌ر نشتبوو، توڕه‌ییه‌كانم به‌ڵام هه‌میشه ده‌گه‌ڵم مان. دواتر زۆر دواتر كه هێشتا هه‌ر توڕه بووم، ئیتر وه‌بیرم نه‌ده‌هات بۆ ئه‌وه‌نده توڕه‌م. به‌ڵام هه‌ستم به قورساییه‌كه‌ی هه‌ر ده‌كرد. ده‌مزانی نابێ ئاوا بێت. ده‌مزانی شتێک له شوێنێک هه‌ڵه‌یه. هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ش، قه‌ت، خۆزگه‌ی وه‌م نه‌بوو كه بریا ژن نه‌بایه‌م. به‌ڵام هێشتا، منێ كه له ته‌مه‌نی یانزده ساڵییه‌وه مۆری ژن بوون له ناوچاوانم درابوو، نه‌مده‌زانی ژن بوون یانی چی. هه‌موو تاقه‌كانی ماڵه بچووكه‌كه‌مان پڕ بوو له كتێب. نوقمی كتێبه‌كان بووم. هه‌موو كتێبێک و هه‌ر كتێبێكم ده‌خوێنده‌وه به‌و هیوایه‌ی پرسیارێک له پرسیاره‌كانم كه‌م بێته‌وه. به‌ڵام هیچكام له كتێبه‌كانیش وڵامێكی بۆ من تێدا نه‌بوو. نا، ژن بوون خه‌می ئه‌وانی تر نه‌بوو! پرسیاره‌كانم ده‌گه‌ڵ خۆم گه‌وره بوون و وڵامه‌كان تاسه‌یان هه‌ر نه‌ده‌شكاندم. من قه‌ت نه‌مزانی ئه‌گه كوڕێک به‌دوامدا دێت بۆ هه‌ڵه‌ی منه؟ من قه‌ت نه‌مزانی ئه‌گه پیاوێک قسه‌م پێ ده‌ڵێت، چاوم لێ داده‌گرێت یان ده‌ستم بۆ دێنێت بۆ منم كه شه‌رم ده‌كه‌م؟ بۆ منم كه ده‌گریم؟ من قه‌ت نه‌مزانی بۆ ده‌بێ شه‌رم له دوو خاڵی وردی سه‌ر سنگم بكه‌م؟ من قه‌ت نه‌مزانی بۆ جلی ژێری ژنانه عه‌یبه؟ من قه‌ت نه‌مزانی بۆ من به دزی و براكه‌م به ئاشكرایی دڵداریمان ده‌كرد؟ مه‌گه‌ر یه‌ک شت و هه‌مان شت نه‌بوو؟ گوتیان "وا مه‌كه. وا مه‌ڕۆ. جوان دانیشه. به ده‌نگی به‌رز پێ مه‌كه‌نه. به ده‌نگی به‌رز قسه مه‌كه. چاو له چاوی كه‌س مه‌كه. دڵ به كس مه‌ده..." گوتیان ئه‌وانه یانی "ژن بوون". ******** ئاوا بوو كه "به ژن كراین!" ******** ئه‌میان گوتی چه‌ند دڵۆپه خوێنی یه‌كه‌مم كه دی پێموابوو "بنم ڕژاوه". گوتی بیرم له خۆكوشتنیش كرده‌وه ئه‌و شه‌وه، و من دڵم بۆ ته‌نیاییه‌كانی ئه‌و شه‌وه‌ی كچۆڵه‌یه‌كی دوانزده ساڵانه سووتا و ژانی ئه‌وه‌ی هیچ باوه‌شێک نه‌بوو ترسه‌كانی له بیربه‌رێته‌وه، تاڵی كردم! كچۆڵه‌یه‌كی دوانزده ساڵانه، منداڵێكی دوانزده ساڵانه كه ده‌یزانی، حاڵی كرابوو "بن" چییه و نه‌یده‌زانی، كه‌س پێی نه‌گوتبوو ئه‌و چه‌ند دڵۆپه خوێنه‌ی دوانزده ساڵی ترسی ناوێ. ژانی هه‌یه به‌ڵام ترسی نییه! ******** توڕه‌ییه‌كه‌م هه‌ر ما. توڕه‌ییه‌ک كه له یانزده ساڵییه‌وه ده‌ستی پێ كرد و ڕیشه‌ی داكوتا و به هێزتر بوو. مه‌گه من چیم ده‌ویست؟ له شه‌ڕه‌كانی ته‌مه‌نی شانزده ساڵیم ده‌گه‌ڵ براكه‌م تا یاغی بوونی بیست ساڵیم به‌رامبه‌ر خوا و خه‌ڵک و خۆم، هه‌موو هه‌وڵی من بووه بۆ تێگه‌یشتن. من شتێكی سه‌یرم نه‌ویستووه. من ده‌مویست كه‌سێكی ئاسایی بم. هه‌ر ئه‌وه! نه زیاتر. نه كه‌متر! ده‌مویست ژیانێكی ئاسایم هه‌بێت. نه‌مده‌ویست شه‌رم بكه‌م. له خۆم. له له‌شم. له ژن بوونم. ده‌مویست به ده‌نگی به‌رز پێبكه‌نم، قسه بكه‌م، بیر بكه‌مه‌وه. ده‌مویست ده‌رفه‌تی هه‌ڵه كردنم هه‌بێت و ده‌رفه‌تی خۆناسین. ده‌مویست عه‌یبه‌كانی من و براكه‌م له یه‌ک بچن. ده‌مویست ئه‌وه‌ی بۆ من عه‌یبه بۆ ئه‌ویش عه‌یب بێت. ئه‌وه‌ی ئه‌و به ئاشكرا ده‌یكات منیش، ئه‌گه ویستم، به ئاشكرا بۆم هه‌بێت بیكه‌م! به‌ڵام له دونیای ژنانه هیچ شتێک ئاسایی نه‌بوو. ژن بوون له خۆیدا ئاسایی نه‌بوو. قائیده و قانوونی سه‌یری هه‌بوو. یاسا ئه‌وه بوو ژن ناز بكات. لاروله‌نجه‌ی هه‌بێت. دڵی پیاو ڕابگرێت. بڵێت نا ته‌نانه‌ت ئه‌و كات خۆی حه‌زی لێیه‌تی. نه‌ده‌با قسه‌ی دڵی راسته‌وخۆ گوتبایه. چاوی كه له چاوی پیاوێک كردبا، به ڕووی پیاوێک كه پێكه‌نیبا، ژنه "خراپ" بوو. "خراپه" بوو! .... ********* چوار ژن دانیشتوون. قسه ده‌كه‌ن. پێده‌كه‌نن. فرمێسكی قه‌تیس ماوی چاوه‌كانی یه‌كیان، برژانگه‌کانی ته‌ڕ ده‌کات. ئه‌مه‌ی تریان، بێده‌نگ، به مێهره‌بانی ده‌ستی ده‌خاته سه‌ر ده‌سته‌كانی ئه‌و. چوار ژن چوار چیرۆكی جیاواز باس ده‌كه‌ن و هه‌موو، ته‌نیا یه‌ک وێنه ده‌خه‌نه به‌ر چاو. چوار ژن كه ڕه‌نگێكی خۆڵه مێشی ناو وێنه‌كه به یه‌كیان گرێ ده‌داته‌وه. چوار ژن كه هه‌موو چه‌ند جارێک له چه‌ند شوێنێک گرێ پووچكه‌ی بوغزێكی گه‌وره‌یان قوت داوه‌ته‌وه، ترساون و گریاون. چوار ژن كه چه‌ند جارێک له چه‌ند شوێنێک كه‌وتوون و كه‌وتوون و كه‌وتوون به‌ڵام هه‌ستاونه‌ته‌وه. چوار ژن كه هه‌زار جاری تریش بترسێن، بگرین، بكه‌ون، هه‌ر هه‌ڵده‌ستنه‌وه!
April 11, 2007
یادێک له "خوشكان": 1) پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان (صلى الله علیه وسلم) ده‌فه‌رموێت: (إياكم والدخول على النساء فوالذى نفسي بيده ما خلا رجل بامرأة إلا دخل الشيطان بينهم) (رواه الطبراني)، واته: ئه‌ممان هیچ كات مه‌چن به‌سه‌ر ئافره‌تان و تێكه‌ڵیان مه‌بن، سوێند به‌و خوایه‌ی ڕۆحی منی به‌ده‌سته هیچ پیاوێك جیا نابێته‌وه له‌گه‌ڵ ئافره‌تێك و به‌ته‌نها ببن دوو به‌دوو مه‌گه‌ر شه‌یتان سێ هه‌میان نه‌بێت. درێــــــژه! 2) پێنج خه‌سڵه‌ت هه‌یه كه بنه‌ڕه‌تی پاك وخاوێنین بۆ مرۆڤ: خه‌ته‌نه، لابردنی تووكه‌به‌ر، هه‌ڵكێشانی مووی بنباخه‌ڵ، قرتاندنی نینۆك ، به‌رسمێڵكردن ، تاده‌ركه‌وتنی سوورایی لێو. درێــــــژه! ئه‌ممان ئه‌ممان، شه‌یتان نه‌كه‌وێته نێوانتان!
April 9, 2007
What an amazing world it would be if we were known as people who have a smile and a kind word for everyone. No matter what our jobs are, perhaps the most important work we can do is to help and encourage others, especially by our actions. With constant threats targeted towards our morale and human spirit, kind and encouraging actions are needed to get us through our everyday situations, no matter how big or small they may be Here
April 8, 2007
چركه‌یه‌ک: له سه‌ر پشت ڕاكشابووم. نه خه‌و ده‌هات نه خه‌م ده‌ڕۆیشت. نه دڵته‌نگییه‌كانم له پێچ و په‌نای كۆڵانی زه‌ینم ون ده‌بوون و نه خۆمم له ناو كه‌لافی ئالۆزی بیره‌كانمدا ده‌دیته‌وه. كات ده‌ڕۆیشت و من له سه‌ر پشت ڕاكشابووم. كات تێده‌په‌ڕی و من بیرم له خۆم و ئه‌و كاتانه‌ی تێ په‌ڕم كردووه ده‌كرده‌وه: سه‌ر و ژێری ساڵه‌كانی ژیانم. له‌وان ساڵانێک بوون پڕ له عاشق بوون، له ئامێزگرتن، له ماچ كردن، پڕ بوون له خه‌و دیتن، له ژێر باران ته‌ڕبوون، له خۆشه‌ویستی كردن! بیرم چوو بۆ ئه‌و كاتانه‌ی پڕ بوون له هیچ. پڕبوون له ترس. پڕ بوون له ته‌نیایی و توڕه‌یی و تاسه. پڕ بوون له بێزاری و بێده‌نگی و بێ باوه‌ڕی. به خۆم ده‌ڵێم چركه‌ی وا هه‌بوون ماونه‌ته‌وه. ده‌مێننه‌وه. ئه‌و چركانه‌ی له‌تێكی خۆمم دیتۆته‌وه. به خۆم گه‌یشتوومه‌ته‌وه. چركه‌كانی پڕ له سه‌رهه‌ڵدان، له گه‌وره بوون. له سارێژبوونه‌وه‌ی برینێک، ئه‌و چركانه‌ی تێیدا حه‌ساومه‌ته‌وه. ئارام بوومه‌ته‌وه. بیرم له‌و چركه‌ی كرده‌وه كه چی تر بۆم گرنگ نه‌بوو "بــــــــۆ؟"، چی تر بۆم گرنگ نه‌بوو شته‌كان بۆ وایان لێ هات. ئیتر گرنگ نه‌بوو بزانم ئه‌و و ئه‌و و ئه‌و بــــــــــــــۆ وایان كرد ... بیرم له‌و كاته‌ی كرده‌وه دیم به‌دوای ئه‌وه‌یدام بزانم "چــــــــۆن؟"، چۆن شته‌كان جۆرێكی تر ساز كه‌مه‌وه تا ڕۆژه‌كانم ڕه‌نگێكی تر بن. ئه‌و كاته‌م بیركه‌وته‌وه گرێی بوغزێكی كۆنم قوت داوه و چاوم له ئاسمان كرد كه داوێنه‌كه‌ی سوورمه‌یی و په‌مه‌یی بوو. منێک كه زۆر ساڵ چاوه‌رێی هاتنی ڕۆژێک بووم كه " له هیچ ڕۆژێکی تر ناچێت" و قه‌رار بوو بێت تا ببێته سه‌ره‌تای شته تازه‌كان، ڕۆژێک، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه كه له سه‌ر پشت ڕاكشابووم و نه خه‌و ده‌هات نه خه‌م ده‌ڕۆیشت و نه دڵته‌نگییه‌كانم له پێچ و په‌نای كۆڵانی زه‌ینم ون ده‌بوون و نه خۆمم له ناو كه‌لافی ئالۆزی بیره‌كانمدا ده‌دیته‌وه، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه، ماندوو له چاوه‌ڕوانییه‌كی بێ بڕانه‌وه، بڕیارم دا هاتنی ئه‌و ڕۆژه وه‌پێش خه‌م و هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ش بوو، "ڕۆژێک كه له هیچ ڕۆژێكی تر نه‌ده‌چوو" هات و ژیان ده‌ستی پێ كرد! هه‌ر ئاوا بوو كه له ته‌نیاییه‌كانم خۆش بووم. ڕۆژێک ماندوو له بۆ برشی ته‌نیاییه‌كان بڕیارم دا له ته‌نییاییه‌كانم خۆش بم! بۆ هه‌موو ئه‌و ئێواره دره‌نگانه‌ی به په‌نجه‌ی تیژی ڕۆحمی بریندار كردبوو. بۆ هه‌موو ئه‌و شه‌وانه‌ی تا به‌یانی وه‌ک ژان داگیری كردبووم و له ناخمدا ڕشابووه. بۆ هه‌موو ئه‌و پاش نیوه‌ڕۆ دڵته‌نگانه‌ی و‌ک پڕمه‌ی گریانێكی بێ وه‌خت به سه‌رمدا ڕووخابوو. بۆ هه‌موو ئه‌و ڕۆژانه‌ی سێبه‌ری خستبووه سه‌ر چركه‌كانم و ده‌نگمی لێ دزیبووم. لێی خۆش بووم. ڕۆژێک ماندوو له بۆ برشی ته‌نیاییه‌كانم بڕیارم دا ده‌ست له‌و شه‌ڕه بێ مانایه هه‌ڵگرم. شه‌ڕ ده‌گه‌ڵ ته‌نیایی شه‌ڕێكی نابه‌رابه‌ره. ئێستا من مابوومه‌وه و بیره شیی بووه‌كانی ڕابردووم. ئه‌و داوێنه تیتۆڵ تیتۆڵ كراوه‌ی چنگم لێ قایم كردبوو تا ڕۆنه‌چم. له‌و په‌له‌قاژه‌یه‌دا بوو تاقه ڕۆژێكی به‌هاری سێ ساڵ پێشم كه‌وته‌وه بیر. ئه‌و ڕۆژه‌ی من و "به‌شێک له ڕابردووم" تووشی یه‌ک بووینه‌وه. ده‌ستی یه‌كترمان گرت. له ژێر باران ته‌ڕ‌بووینه‌وه. شه‌و تا به‌یانی له ئامێزی یه‌کدا گوتمان و پێكه‌نین و له كۆڵانی بیره‌وه‌رییه‌كانماندا خوولاینه‌وه. كه‌چی بۆشاییه‌كان پڕ نه‌بوونه‌وه. دیم ئه‌و به‌شه ئیتر هی من و بۆ من نییه. ده‌با تێپه‌ڕیبام. به‌ڵام ته‌نیا پاییزی پار، كه به لاساری، گه‌ڕامه‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانم و پێم وابوو سه‌هۆڵبه‌ندانی هه‌موو دڵته‌نگییه‌كانم ده‌توێنه‌وه، وێرام ده‌گه‌ڵ ئه‌م ڕاستییه ڕووبه‌روو ببمه‌وه. ئیتر دڵنیا بووم له دابڕان. دابڕام! ژیان به‌رده‌وامه. چی تر به سه‌ر چوارخانه به‌تاڵه‌كاندا بازناده‌م. ساتێک ده‌گیرسێمه‌وه. هه‌میشه تۆزێک ڕه‌نگ هه‌یه له سووچێكی به یادگار داینێم. ئێستا ئیتر ترسه‌كانم له جنسێكی ترن. خه‌ماكنیشم. هێشتا جارنا، دڵته‌نگ ده‌بم. هێشتا ته‌ڕایی سه‌رگۆنام به پشتی ده‌ست ده‌سڕمه‌وه. هێشتاش هه‌موو ئێواران به لای گۆمه مه‌نده ناوچاوان گرژه‌كه‌ی لای ماڵی خۆمدا كه تێده‌په‌ڕم، ژنێک ده‌بینم به ناو ئاوه‌كه‌دا ده‌ڕوات و گیرفانه‌كانی پڕكردووه له به‌ردی گه‌وره گه‌وره، دوور و دوورتر ده‌بێته‌وه، ڕۆده‌چێت و بچووک و بچوکتر ده‌بێته‌وه ... به‌ڵام من ئیتر بیر ناكه‌مه‌وه به‌دوایدا بڕۆم! چاو له سۆناكان ده‌كه‌م. وێنه ده‌گرم. گۆرانی ده‌ڵێم و ده‌ڕۆم و دوور ده‌بمه‌وه. بێ ئه‌وه‌ی په‌له‌یه‌كم هه‌بێت بۆ گه‌یشتن... یان ویستێک بۆ گه‌ڕانه‌وه! ژیان به‌رده‌وامه!
April 1, 2007
به بیانووی كۆنگره‌ی یه‌كه‌می ڕێكخراوه‌ی "مافی ژنی كورد، مافی مرۆڤ" ** ژنان: لێره، له باشوری كوردستان، گروپێک هه‌یه به ناوی گروپی هه‌ڵوێست که له چه‌ند ڕێکخراوه‌ی ژنان پێک هاتووه. سه‌ره‌تای پێکهاتنی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ هه‌ڵوێستی ژنان به‌رامبه‌ر هه‌ندێ له یاساکانی ده‌ستوری عێراق که مافه‌کانی ژنانی به ئاشکرا پێشێل کردووه. یه‌کێ له به‌رهه‌می چالاکییه‌کانیان هه‌مان په‌سه‌ند کردنی ماده‌ی 59 یه که کوشتن به بیانووی شه‌ره‌ف وه‌ک قه‌تڵی ئاسایی چاوی لێده‌کرێت و سزاکه‌ی که‌متر له سزای قه‌تلی تر نییه. هه‌ر وه‌ها یاسای 62 سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی فره ژنی بوو که ئاڵوگۆڕێکی تێدا پێکهات و بۆ فره ژنی مه‌رجی دانا. دیاره ژنانی هه‌لوێست به‌مه ڕازی نه‌بوون و چالاکییه‌کانیان بۆ گۆڕینی ته‌واوی ئه‌و یاسایه به‌رده‌وامه. ماوه‌یه‌ک پێش ئه‌و گروپه کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان بوو له سه‌ر ماده‌ی 41ی ده‌ستوری عێراق. به پێی ئه‌و ماده‌یه هه‌رێمه‌کانی وڵات ده‌توانن به پێێ مه‌زهه‌به‌کانی خۆیان بڕیار له سه‌ر پرسیاره‌کانی سه‌ر به "احوال شخصی" بده‌ن به‌و مه‌رجه له چوارچێوه‌ی یاسای گشتی ئێراق که هه‌مان شه‌ریعه‌تی ئیسلامه، لانه‌ده‌ن. پارێزه‌رێکی ژن هاتبوو و له ڕووی یاساییه‌وه خاڵه به هێز و بێ هێزه‌کانی ئه‌و یاسایه‌ی ڕوون ده‌کرده‌وه. دواتر کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تر کرا تا ئه‌ندامه‌کانی گروپه‌که ڕاوبۆچوونه‌کانی خۆیان بێننه ئاراوه و بڕیــار بده‌ن بۆ گه‌یشتن به مه‌به‌سته‌که‌یان، واته نه‌که‌وتنه گڕی ئه‌و یاسایه له هه‌رێمی کوردستان، چی بکه‌ن. مه‌به‌سی گروپه‌که ئه‌وه‌یه که بنه‌ما و چوارچێوه‌ی یاساکان به پێی خاڵه په‌سه‌ندکراوه‌کانی جارنامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤ بێت و نه‌ک شه‌ریعه‌تی ئیسلام که تێیدا به ئاشکرا مافی ژن پێشێل ده‌کرێت. ئه‌وانه ته‌نیا چه‌ند نموونه‌یه‌کی بچووک له چالاکییه‌کانی ژنان لێره‌یه. باری کۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی بۆ چالاکی ژنان ئه‌وها نییه که کارئاسانی بکات. هه‌ر هه‌نگاوه‌ی که به‌ره‌و پێش ده‌چن، ناچار چه‌ند هه‌نگاوێک به‌ره‌ودواوه دوور ده‌خرێنه‌وه. به‌ڵام کۆمه‌ڵێک له ژنان هێشتا به‌رده‌وامن و کۆڵ‌یان نه‌داوه. کارکردن لێره ئاسان نییه. هه‌ندێ جار ئه‌وه یاسا نییه بۆته کۆسپی سه‌ر ڕێیان، به‌ڵکوو عه‌قلییه‌ت و شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک پیاو و ژنی ده‌وروبه‌ره که ڕێ گره! هه‌ندێ شت هه‌ن یاسایان له سه‌ر نییه، به‌ڵکوو داب و نه‌ریت و زه‌ینییه‌تی خه‌ڵکه‌که وا ده‌کات ڕێ به هه‌موو هه‌نگاو و ده‌نگێکی جیاواز ده‌گرێت. شتێک که لێره سه‌رنجی ڕاکێشاوم جیاوازی کاری ژنانی کورد له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ناوه‌وه‌یه. له ده‌رێ، به هه‌ندێ دروشمی گه‌وره‌تر كاره‌كان ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و زۆرجار به داخه‌وه هێشتا تا نیوه‌ی ڕێگه نه‌هاتوون، ده‌وه‌ستێن. لێره کاره‌کان له چوارچێوه‌ی بارودۆخی کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌کرێت و پرسیار به پرسیار، هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌ڕۆنه پێش. بۆیه زۆر جار لێ تێگه‌یشتنیان ئاسانتره . له ده‌ره‌وه‌ی وڵات جۆڕه ئایدیالیسمێک هه‌یه که له ناو قاڵبێکی به‌ر ته‌سکی ئایدۆلۆژیاییه‌ک خۆ ده‌نوێنێت. له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، دروشمه‌کان گه‌وره‌تر و هه‌نگاوه‌کان بچووکترن. مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه که ژنانی کورد له هه‌نده‌ران خاوه‌ن ئه‌زمۆن نین. به پێچه‌وانه، ئه‌زمۆنیان هه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه توانایی که‌ڵک وه‌رگرتن له ئه‌زمۆنه‌کانیان نییه. یه‌کیش ئه‌وه که په‌ویوه‌ندی نێوان ژنانی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه زۆر که‌مه یان هه‌ر نییه. له ئه‌زمۆنی یه‌کتری که‌ڵک وه‌رناگرن. ژنان له ده‌ره‌وه زۆر شتیان له ده‌ست نایه، یه‌کێ له هۆیه‌کان دوور بوونیان له هه‌ڵومه‌رج و بارودۆخی کوردستان و نه‌ناسینی زه‌ینییه‌ت و مێنتالیته‌ی ژن و پیاوی کورده( به هه‌ر چوار پارچه‌یه‌وه)، به‌ڵام زۆر توانایی و ئه‌زمۆن و بینین و تێڕوانینیان هه‌یه که ده‌توانێ یارمه‌تیده‌ری ژنانی ناووڵات بێت. له باری فیکری، مه‌عنه‌وی و یان هیچ نه‌بێت گه‌یاندنی ده‌نگی ژنانی ناو وڵات به ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کان. بۆ نموونه لێره نووسراوه له سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ژنانی جیهان ده‌ست ناكه‌وت. خوێندنه‌وه‌ی مێژووی خه‌باتی ژنان له وڵاتانی تر باشترین ڕێگه‌یه بۆ فێربوون و ئه‌زمۆن وه‌رگرتن و ئه‌وه مه‌خابن لێره زۆر به هه‌ند ناگیرێت. لێره نووسین له سه‌ر شێوازی ڕێکخستن و ئیش کردن له بواره جۆراوجۆره‌کانی چالاکی ژنان نییه و گرنگی په‌روه‌رده كردنی فیكری ئه‌وانه‌ی ده‌گه‌ڵ گرفته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئیش ده‌كه‌ن له به‌رچاو ناگیرێت. جێی چۆڵی نووسراوه‌ی به پێــــز له بواری ده‌روونناسی، کۆمه‌ڵناسی ، سایکۆلۆژیای کۆمه‌ڵ و شێوه‌ی به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه ده‌گه‌ڵ گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگه زۆر به ڕوونی هه‌ست پێ ده‌کرێت. گرفته‌كان به وردی و به شێوه‌یه‌كی عیلمی پێناسه ناكرێن و زۆربه‌ی كات، به تایبه‌ت كاتی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه ده‌گه‌ڵ توند وتیژی دژ به ژن، به شێوه‌یه‌كی كاتی چاره‌یان بۆ ده‌دۆزرێته‌وه! زانیاری ژنان له سه‌ر یاسا و مافه‌كانی خۆیان زۆر كه‌مه. زمانی كتێبی یاسا زمانێكی ئاسان نییه و هه‌موو ژنێكیش خوێنده‌وار نییه. به‌ڵام گه‌وره‌ترین بۆشاییه‌ک كه هه‌ستم پێ كرد نه‌بوونی فه‌رهه‌نگی خوێندنه‌وه‌یه له ناو ژنانی خوێنده‌وار و چالاک! گرنگ بوونی په‌یوه‌ندییه‌کی به‌رده‌وام و پته‌وه که تا ئێستاکه نییه. بۆ نموونه هه‌ر بۆ پشتیوانی کردن له ئه‌و چالاکیییانه‌ی بۆ گۆڕێنی هه‌ندێ یاسای سه‌ر به "احوال شخصی" كه لێره به‌رده‌وامه، ده‌كرا بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوری سازدرابا. ژنانی کوردی چالاک له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌یانتوانی به نووسین له سه‌ر گرنگی ئه‌و هه‌نگاوانه، به کۆ کردنه‌وه‌ی ئیمزا، به نووسینی نامه بۆ ڕێکخراوه‌کانی چالاک له بواری مافی مرۆڤ له هه‌موو وڵاته‌کانی تر، پشتیوانی خۆیان له ژنانی باشوور ده‌ربڕێبا. ئه‌وه هه‌م زه‌خت ده‌خاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات له ناو وڵات و هه‌م په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوان ژنان ساز ده‌کات. جیا له زۆر به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی، ژنان له زۆر خاڵ ده‌توانن ده‌نگێکی یه‌کگرتوو بن. ئه‌مڕۆ بۆ خوشکه‌کانیان له باشوور، کێ ده‌ڵێ به‌یانی نۆره‌ی ژنانی ڕۆژهه‌ڵات یان باکووری کوردستان نییه؟ ** ئه‌و نووسراوه‌یه، هی ئه‌و كاته‌یه له كوردستان بووم و ئێستا لێره‌ی داده‌نێم! |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|