Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

October 31, 2002

كه قسه‌م له‌گه‌ڵ كردی دڵم پڕ بوو. گرێی گریانێك ڕێی قسه‌ی پێ گرتم و ده‌نگم له‌رزی ... كه ماڵئاوایمان كرد، هه‌ستێكی زۆر نامۆ ئازاری دام. ماوه‌یه‌كه دڵم زۆر ناسك بۆته‌وه !! تاقه‌تی هیچی نییه، دڵم لێم به به‌هانه‌یه ، گڕوو ده‌گرێ ... وه‌ك منداڵێكی لاساره و من ناتوانم ئارامی كه‌مه‌وه...

ڕۆژه‌كان ده‌ڵێی سێبه‌ری شوومیان كه‌وتۆته سه‌ر. ماندوویی له ته‌نیشتمه، شان به شانم دێت و ده‌ڕوات.
خۆ گێژ كردنیش فایده‌ی نییه، چاو قووچاندن، ڕوو وه‌رگه‌ران، بیر له شتی تر، له هه‌زاران شتی تر كردنه‌وه
هیچیان... هیچ شتێك سوودی نییه .... گرێیه‌كی قورسه و ڕێ به هه‌ناسه‌م ده‌گرێت .
به پشت ده‌ستم هه‌ر ته‌ڕایی سه‌ر گۆنام ده‌سرمه‌وه، هه‌ر
ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ دواتر، هه‌ر خۆ به داوێنی ئه‌مرۆ هه‌ڵداوه‌سم ، هه‌ر ساته‌كان ده‌ڕازێنمه‌وه ، به‌یانی پڕ ده‌كه‌م له خه‌یاڵ، به‌ڵێنی و سۆز ....
دیسانیش هه‌ر ده‌بێ به پشت ده‌ستم ته‌رایی گۆنام وشك كه‌مه‌وه ... هه‌ر ده‌بێ .....
ئه‌و ڕۆژانه سێبه‌ری شوومیان له سه‌ره ، ده‌ڵێی هاتوون بمێننه‌وه، ده‌ڵێی هاتوون بتتوێننه‌وه ... لاسارن...


لاسارن وه‌ك دڵی من ... گڕووم پێ ده‌گرن ....





October 30, 2002

هه‌ر چی به زۆری و نابه‌ دڵی بێت ناخۆشه ! هه‌ر چی ناچارت بكات سه‌ر بۆ زۆرییه‌كان و نابه دڵییه‌كان دانوێنی ناخۆشه ! هه‌رچی ببت به كه‌ڵه‌بچه به ده‌وری ده‌ست و پێتا، هه‌ر چی بێت به داوێ له هه‌نگاوه‌كانت
هاڵێ، هه‌ر چی ببێت به په‌رده پێش ڕوانینت پێ بگرێ، ناخۆشه ! كه‌سی وا هه‌ن هه‌ول ده‌ده‌ن به زۆره‌‌ملی هه‌ندێ شتت به سه‌ردا داسه‌پێنن ... هه‌ندێ شتت پێ بسه‌ڵمێنن. هه‌ندێ شتیش هه‌ن نازانی چون، یان بۆ یان كه‌ی پێت ده‌سه‌لمێندرێت ، تا وه‌خۆ بێیته‌وه له چنگیان ڕزگار بیت، خۆت ڕزگار بكه‌یت، ده‌بینی كار له كار ترازاوه ....
جار نا ماندوویی دڵ و بیر، بێزاریت به سه‌را داده‌سه‌پێنێ. ته‌نیایی ، بیرێكت له لا زیندوو ده‌كاته‌وه.
وه‌ك بیری مردن ... بیری خۆ كوشتن. ڕۆیشتن و نه‌گه‌رانه‌وه . پشت تێكردن له هه‌ر چی هه‌یه و ده‌بێت .
له هه‌ر كه‌س هه‌یه و ده‌بێت . ده‌ست هه‌ڵگرتن له ژیان، هه‌ڵاتن له ژان ... ئه‌وه‌نده ماندووی ته‌نانه‌ت بۆت گرینگ نییه ئه‌گه‌ مردن به‌ڕاستی كۆتایی به ژانه‌كان دێنێت یا سه‌ره‌تایه‌كی دووباره‌یه بۆ ده‌ستپێكردنێكی تازه ... بۆ جوره ژانێكی تر ....
له‌وه‌تی هاتوومه‌ته ناو دنیای وێبڵاگه‌وه ، هه‌واڵی دوو مه‌رگم بیستووه. دوو د‌لی گه‌نج ... یه‌كیان مه‌رگ وه‌ك ڕه‌شه بایه‌كی له ناكاو هات و به بێ ڕه‌حمی نه‌مامی ژیانی شكانده‌وه، یه‌كیان خۆی په‌نجه‌ره‌كانی به‌رووی ڕه‌شه‌بای مه‌رگ كرده‌وه و ڕێی كۆچی گرته به‌ر ..... دوای
مردنیان، ئه‌و دوو كه‌سه ناویان ده‌ر كرد.
بینه‌ر و خوێنه‌ری نوسراوه‌كانیان گه‌یشته 1000 و بگره زۆرتریش . هه‌موو گریان، له سینگیان دا، ڕۆ ڕۆیان كرد ، تازیه‌یان گرت ... خه‌تی ڕه‌شیان كێشا به سه‌ر لاپه‌ره‌كه‌یان ... له پڕ هه‌موو وه ئاخوداخ كه‌وتن بۆ وڵام نه‌دانه‌وه‌كانیان به e-mail ، بۆ كه‌متر خه‌مییه‌كانییان ...

ئێستا بیر له مردن ناكه‌مه‌وه .. بیر له زیندۆكان ده‌كه‌مه‌وه كه چه‌ند گێژن ، چه‌ند كوێرن، كه‌ڕن .... ئێمه‌ی مرۆڤ تا هه‌ین قه‌دری یه‌ك نازانین ، یه‌كترین ئازار ده‌ده‌ین، هه‌ستی یه‌ك بریندار ده‌كه‌ین . یه‌ك ده‌گرێنین، درۆ به یه‌ك ده‌ڵێین، له كاتی ته‌نیایی و دڵته‌نگی پشتی یه‌ك به‌ر ده‌ده‌ین ....
كه مه‌رگ هات ... كه ڕه‌شه بایه‌كی له‌ناكاو نه‌مامی ژینی شكاند ... تازه وه‌بیرمان دێته‌وه هــــــــــــــــــاوار، ده‌مانتوانی زۆرترمان ئاگا له یه‌كتر بێت ... زۆرتر له فریای دڵی یه‌ك بین ...‌ مێهره‌بانتر بین ... له‌گه‌ڵ خۆمان، ئه‌وانی خۆشمان ده‌وێن، خۆشیان ده‌وێین ، ئه‌وانی پێویستییان پێمانه ...
بۆ ڕاوه‌ده‌ستین تا دره‌نگ بێت ... بۆ چاوه‌ڕێ ده‌بین له كیسیان بده‌ین و دوای سینگیان بۆ بكووتین !! بۆ تا هه‌ین یه‌ك نابینین، هه‌ست به یه‌ك ناكه‌ین ، دوایش ...

ده‌ڵێ ئه‌گه‌ زانیبام ده‌روات ... ئه‌گه‌ر زانیبام خه‌یاڵی ڕۆیشتنێكی بێ گه‌رانه‌وه‌ی له سه‌ر دا، پێم ده‌گووت كه چه‌نده‌م خۆشده‌ویست ، چه‌ند بووم ئازیز بوو ...

ئه‌ی تێناگه‌م ، هه‌ر ده‌بێ له مردنی یه‌كێ دڵنیا بین جا پێی بڵێین خۆشمان ده‌وێت؟ هه‌ر ده‌بێت مردن وه‌بیرمان بخاته‌وه هه‌لی پێكه‌وه بوون كورته با هه‌ر وا به فیرۆی نه‌ده‌ین ...؟





October 29, 2002

-- ده‌ڵێ: " له‌ سه‌رده‌مێكا كه مرۆڤ، مرۆڤی زاڵم ته‌نانه‌ت ڕوحم به كوێریش ناكات و گۆچانی له ده‌ست ده‌فڕێنێت، منی شه‌‌یدا، به داوای هاورێیه‌ك ده‌گه‌ڕێم...

حـــــــــه‌ز ناكه‌م چیتر ته‌نیا بم ! سه‌یــــــره ؟ "





You need to keep finding yourself, a little more each day

كتێبی خۆشه‌ویستی من به منداڵی " ماهی سیاه كوچولو" بوو . له‌و كتێبانه بوو كه ده‌یان جار خوێندوومه‌ته‌وه و ده‌توانم ده‌یان جاری تریش بیخوێنمه‌وه . ماسی ڕه‌شه‌كه بۆم ببوو به ئاوێنه‌یه‌ك خۆم و زۆر دۆست و ئاشنام تێدا ده‌دیته‌وه . ئاواتی بۆ دیتنه‌وه‌ی ده‌ریا، ڕۆیشتن ، گه‌ڕان و وه‌ده‌ست هێنانی وڵامی پرسیاره‌كانی .....
دنیای ماسییه‌كان زۆر وه‌ك كۆمه‌ڵگای خۆمان ده‌چوو. جیاواز بوون تاوان بوو. وه‌ك " ئه‌وان" نه‌چوون، به‌ڵگه‌ بوو بۆ تاوانبار كردن. هه‌موو ده‌یان ویست ماسییه‌كه‌ نه‌سیحه‌ت بكه‌ن، بیگه‌ڕێنننه‌وه سه‌ر ڕێگه‌ی ڕاست . ته‌نیا دایك و بابی خۆی نه‌بوون، ته‌نانه‌ت ماسییه‌كانی تریش، ده‌ر و هاوسێكانیش لێی ببوون به كوێخاو ڕیش سپی و خاون بیر و ڕا كه ماسی ده‌بێت چۆن بژیت ....
ئه‌وی مانای نه‌بوو خه‌ونه‌كانی ماسی ڕه‌شی بچكۆله بوو. ئه‌وی گرینگ نه‌بوو ئاواتی ئه‌و بوو بۆ دیتنی ده‌ریا!

به‌ڵام بوێری ماسییه‌ ڕه‌شه‌كه زۆر شێتانه بوو. وێرانی ده‌وێت له وێرانه‌یه‌كی ئه‌وها دا خه‌ونی ئاوا گه‌وره ببینی . وێرانی ده‌وێت وه‌ك كه‌س نه‌چی و به‌دوای خه‌ونه‌كانی خۆتا ڕێگه‌یه‌كی نه‌ناسراو بگرییه به‌ر ....

ده‌ڵێم له كۆمه‌ڵگایه ئێمه دا چه‌ندانه سه‌ری ئاوا پڕ خه‌یاڵمان هه‌بووه كه ناچار خه‌ونه‌كانیان ناشتووه؟
چه‌ند كه‌س به حه‌سره‌تی ده‌ریا و دیتنی دنیایه‌كی تر
شه‌وانه ، به درێژایی ژیانیان، سه‌ریان ناوه‌ته سه‌ر سه‌رین و ورده ورده ته‌نانه‌ت خه‌ونه‌كانیشیان له بیر كردووه؟ چه‌ند دڵی ئاوا لێوڕێژی ژیان، له لێدان كه‌وتوون و بوون به دیلی ژیانێكی نائاسایی ، نابه‌دڵی؟

له‌م ڕۆژانه‌ كتێبێكی ترم هاته‌وه ده‌ست ، كه یه‌كه‌مجار منی خسته بیری ماسییه ڕه‌شه بچكۆله‌كه .....
Jonathan Livingston seagull by Richard Bach
ئه‌ویندارێكی تر كه تاوانه‌كه‌ی جیاواز بوونێتی . وه‌ك كه‌س نه‌چوونێتی ! سه‌رێكی پڕ خه‌یاڵ و دڵێكی پڕ هیوا.

ئه‌وه‌ی مانــــــــــای هه‌یه ئه‌وه‌یه كه بوێری خاون خه‌یاڵ و خه‌ون بی .....

نا ... ده‌ڵێم ئه‌وه‌ی مانای هه‌یـــــــه وێرانه‌ ! بوێری به‌دوای ئاواتی دڵت كه‌وی . بوێری قۆڵ هه‌ڵماڵی بۆ وه‌ی
ئاره‌زۆكه‌ت وه‌ڕاست گه‌رێنی ....



It is right for a gull to fly, that freedom is the very nature of his being, that whatever stands against that freedom must be set aside,beit ritual or superstition or limitation in any form

" ? even if it be the LOW of the flock " ---
" The only true low is that which leads to freedom " ---



ئه‌مڕۆش له‌و ڕۆژانه‌یه ، ڕۆژێكی لێواولێو له چاوه‌ڕوانی، چاوه‌ڕوانم، هه‌ر ئه‌وه !!

خه‌یاڵێكه و دڵمی كردۆت به لانكی خۆی . خه‌یاڵێكه، وه‌ك فرمێسك له گۆشه‌ی چاوما
قه‌تیس ماوه . خه‌یاڵێكه و ده‌ستم ده‌له‌رزێنێت ، خه‌وم لێ ده‌دزێت ، قژی سه‌وزی خه‌ونه‌كانم ئاڵۆز ده‌كات ... خه‌یاڵێكه ، سێبه‌ری خستۆته سه‌ر باڵی شینی په‌پووله‌ی
خۆزگه‌كانم !! ... چاوه‌ڕوانم ... هه‌ر ئه‌وه !!

چاوه‌ڕوانی ده‌نگی ته‌له‌فوون ، كه ناته‌ت ... نایه‌ت ... نایه‌ت ... !
چاوه‌ڕوانی هاتنی نامه‌یه‌ك كه نایه‌ت ... نایه‌ت ... نایه‌ت .... !
دڵم داوات ده‌كات، نازانم له كوێی ؟ نازانم له‌ ناو دڵی ئه‌م ڕه‌شاییه چۆنت بدۆزمه‌وه؟
ڕه‌شاییه‌ك وه‌ك مردن... بڵێی ده‌ستێك هه‌بێت چرایه‌ك، ڕووناكاییه‌ك به دیاری بێنێت... ؟ بڵێی بتبینمه‌وه ...؟

ئه‌مڕۆش له‌م ڕۆژانه‌یه . ڕۆژێكی لێواولێو له چاوه‌ڕوانی . چاوه‌ڕوانم . هه‌ر ئه‌وه !
گوێ بگره! بایه . با كه پایزی دێنێت ... با كه پڕه له باران... با كه چیرۆكی ڕۆیشتن ده‌ڵێته‌وه! ڕۆیشتنی تۆ...
ڕویشتنێكی بێ گه‌ڕانه‌وه‌ت !!

له‌م ڕۆژانه‌یه . لێواولێو له ... چاوه‌ڕوانم . هه‌ر ئه‌وه !!





October 27, 2002

خه‌یاڵی ده‌ست هه‌ڵگرتن گیانی لێواولێو كردووم. له هه‌میشه‌وه تا ئێستا ، ئه‌و خه‌یاڵه سێبه‌ری قه‌ت ون نه‌بووه . ئه‌گه ده‌ست هه‌ڵگرم چی ده‌بێت؟ ئه‌گه خۆم ڕزگار بكه‌م له هه‌موو ئه‌و بیر و یاد و ئاره‌زو و ئاواتانه‌ی بوون به كه‌ڵافێكی ئاڵۆز و لێم هاڵاون، چی ده‌بێت؟ ده‌ست هه‌ڵگرم له خه‌م، له خه‌یاڵ، له خه‌ون، له خۆم .... شتێك پێم ده‌ڵێت هه‌موو شت خۆشتره له چاوه‌ڕوانی ... له به ته‌ما بوون، ده‌ست هه‌ڵگره !!!

تا ئێستا به‌ڵام ده‌ستم هه‌ڵنه‌گرتووه . ته‌نیا خه‌ونه‌كانم بوون هانیان داوم ئه‌م ڕێگه‌یه بكووتم . خه‌ونه‌كانم !

بۆ وا ده‌ستم به داوێنی تیتۆڵ تیتۆڵ كراوی خه‌ونه‌كانمه‌وه گرتووه؟ ئه‌و داوه شڕه تا كه‌ی ڕامده‌گرێت؟ له چی ده‌ترسێم ؟ بۆ ده‌ست به‌ر ناده‌م؟! ئه‌گه‌ چاو بكه‌مـه‌وه چی ده‌بێت؟ چی ده‌بینم ؟ له‌م هه‌موو نامۆییه دڵم ده‌گیرێت ، ترس دامده‌گرێت؟

دوورتر لێره چی لێیه؟ دوورتر له تۆ چی هه‌یه؟ ده‌نگ؟ ده‌نگێك به زایه‌ڵه‌ی، نامۆییه‌كان ورد كات؟ ده‌نگێك شته ناحه‌ز و ناله‌باره‌كان بشكێنێت و جوانییه‌كان وه‌بیر بێنێته‌وه؟ ده‌ست به‌رده‌م تا بكه‌ومه ناو قووڵایی ئه‌و نادیاره، بكه‌ومه باوه‌شی بێ كۆتایی، بگه‌م به دنیای دوور له تۆ ...


شتێك پێم ده‌ڵێت ده‌ست له داوێنی تیتۆڵ تیتۆڵ كراوی خه‌ونه‌كانم هه‌ڵگرم ...





October 23, 2002

كه‌ره‌م تــــــــــــــه‌ر!
جا وه‌ره ئه‌وه‌‌ت بۆ ساغ بێته‌وه!





October 22, 2002

ده‌زانی، من هه‌میشه ترسێكم له دڵ دا هه‌یه . ترس له خۆم، له تۆ . ترسی له كیس دان، ترسی وه‌چنگ هێنان. ترسی كۆڵدان ، ترسی وه‌ستان، ڕۆیشتن، مانه‌وه، دیتن، نه‌دیتن. ترسی له یاد كردن، ترسی وه‌بیر هێنانه‌وه ... ترسێك هه‌میشه له دڵما هه‌یه!

له كوێم ؟ چاو ده‌كه‌مه‌وه . ڕێیه‌كی درێژم بریوه . مه‌وداكان، مه‌ودای من و خۆم، من و تۆ ، مه‌ودای من و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێم وابوو هه‌من . مه‌ودای نێوان من و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی پێیان وابوو منیان هه‌یه ....

له ژۆره بچكۆلانه‌كه‌ما ، له باوه‌شی ڕه‌شی ته‌نیاییما، گوێ شل ده‌كه‌م بۆ ده‌نگی پێیه‌ك ... ده‌نگی پێی بوون! بۆ ده‌نگی پێی هه‌ستێكی نادیار وا منی كردۆته دیل و به دوای خۆیا ده‌مكێشێت! بیر له بێ كۆتاییه‌كان ده‌كه‌مه‌وه ، له بێ سنوور بوون ، له وورد بوون، له خۆم ... ترسێك له دڵما سه‌ر هه‌ڵده‌دات، هێدی هێدی ... له باوه‌شم ده‌گرێت . چاو له سه‌ر یه‌ك داده‌نێم ، گوێ شل ده‌كه‌م ...

ناتوانم ، جار هه‌یه هیچ له خۆم ڕا نابینم . ناتوانم هه‌موو له‌ت و په‌ته‌كان له لای یه‌ك دانێم ، وێنه‌یه‌ك بده‌م به‌و شته‌ی كه هه‌یه ...
ده‌زانی ، خۆشه‌ویستی كه نه‌بێت ژیان جۆره‌یه‌كی تره، ده‌زانی ، خۆشه‌ویسته‌كه‌ت كه نه‌بێت، مرۆڤ جۆره‌یه‌كی تره ... جۆرێك كه من ده‌ترسێنێت ...





داره‌كه‌ت له بیره وا دڵت بۆی ده‌سووتا؟ گه‌ڵای هیچ پێوه نه‌ماوه . نه‌رمه به‌فرێكیش باری و زوو بزر بوو. ڕۆژه‌كان ساردتر نین، به‌ڵام دڵته‌نگترن ! من هێشتا هه‌ر وه‌ك هه‌موو شتێك خه‌ونێك بووبێت ، مه‌ستی بۆنی بیره‌كانمم . هێشتاش جار و بار بۆ گرتنی ده‌ستت ، ده‌ست ده‌گێرم . حه‌ز ناكه‌م هیچ شتێك ‌له بیر بكه‌م . نه گریان، نه پێكه‌نینه‌كان . نه دڵه كووته‌كان و نه بێ ده‌نگییه‌كان . حه‌ز ناكه‌م هیچ شتێك له بیر بكه‌م ... هیچ شتێك !!
له‌رزی په‌نجه‌ت له ناو ده‌ستم ، گه‌‌رمای ده‌ستت له سه‌ر سینگم ، مێهره‌بانی چاوه‌كانت ، ئه‌و گوڵانه‌ی له‌گه‌ڵ ‌باوه‌ش و ماچ بوون به زمانی هه‌ستی دڵ ... ته‌نانه‌ت فرمێسكه‌كان، دوور بوونه‌وه‌كان، ترس و گومانه‌كان ...
حه‌ز ناكه‌م هیچ شتێك له بیر بكه‌م !! خۆشم ده‌وێن .


داره‌كه‌ت له بیره وا دڵت بۆی ده‌سووتا ؟؟ دڵنیام ئه‌ویش بیرت ده‌كات. چه‌ند ڕۆژه منی نه‌دیووه پێبكه‌نم . چه‌ند ڕۆژه ده‌مبینێ به دوای ده‌نگی خۆما وێڵم. چه‌ند شه‌وه، ئه‌ویش هه‌ستی پێ كردووه له‌ته ئاسمانه‌كه‌مان دوو ئه‌ستێره‌ی كه‌مه ...

شه‌و دره‌نگه ، ده‌زانم خه‌و ئیتر حه‌سانه‌وه‌ی شه‌وانی پێشم بۆ به دیاری ناهێنێت ، ته‌نیا دارستانێكی تاریكه من له خۆیا وون ده‌كات ...
پێخه‌فه‌كه‌م چاوه‌ڕوانمه ، جریوه‌ی چاوی خه‌می دووریت له تاریكیدا، ڕێگه‌ی باوه‌شی خه‌یاڵتم پێ نیشان ده‌دات ...





October 19, 2002

ئه‌وه كاته ده‌گۆڕدرێت یان ئێمه؟ ژیانه یاساكان داده‌رێژێت بۆ بوونمان یان خۆمان؟
بۆ قه‌ت ئێمه تاوانبار نین و هه‌میشه كه‌سێك یان شتێك ده‌دۆزینه‌وه بۆ به تاوانكار زانین ؟
هه‌موو لێك دوور بوونه‌وه‌یه‌ك به مانای كۆتایی له‌گه‌ڵ یه‌ك بوونه‌كانه ؟ هیچ كۆتاییه‌ك هه‌یه سه‌ره‌تایه‌كی تازه بێت بۆ ده‌ست پێكردنێكی دووباره ؟
گه‌رانه‌وه بۆ خۆت ، دابرین له كۆیه؟ خۆ ناسین سه‌ره‌تای خۆشه‌ویستییه یان نه‌فره‌ت ؟
دیتنه‌وه كۆتایی سه‌فه‌ره یان گه‌یشتن به ڕێگه‌یه‌كی نوێ؟ پێگه‌یشتن یانی مردنی ویست؟





October 17, 2002

له خه‌م ماندوو ببووم، له گریانیش، ده‌زانی! حه‌زم ده‌كرد شاد بم. حه‌زم ده‌كرد چێژ له ژیان وه‌رگرم و ئاشق بم . حه‌زم ده‌كرد به دیتنی په‌له هه‌ورێكی بچووك له سووچێكی ئاسمان ، به دیتنی چه‌ند باڵنده‌ی جوان له سه‌ر داره‌كان ، له ئامێزی شنه و كایه‌ی په‌‌نجه‌كانی به قژم ، بزه‌ی شادی بێته سه‌ر لێوم . حه‌زم ده‌كرد بۆ ڕێز لێنان له ژیان، له جوانییه‌كانی سروشت پێبكه‌نم، وه‌ك منداڵێكی بچووك و بێ خه‌م، ساده و ساكار. حه‌زم ده‌كرد مه‌ست و سه‌ڕ خۆشی بوون بم و ......
فێر نه‌بووم . زۆر ده‌مێك بوو له قوڵایی دڵمه‌وه پێنه‌كه‌نیبووم . زۆر ده‌مێك بوو ده‌نگی خۆمم نه‌بیستبوو، زۆر ده‌مێك بوو فرمێسكی شادیم نه‌ڕشتبوو. بزه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر هاتبا و نه‌هاتبا. ته‌نیا چركه‌یه‌ك، وون ده‌بووه دیسان، له ناو گه‌رده‌ لوولی فه‌رامۆشی دا، نه ده‌مزانی بۆ بزه‌م هاتێ ، نه دڵنیا بووم له بوونی !!!

شۆخیم ده‌كرد، زۆرتر دۆستانم وه پێكه‌نین ده‌خست! شه‌یتان و شێت بووم ، به‌ڵام " قاقا" لێدان و له دڵه‌وه پێكه‌نین شتێك بوو هه‌ر له خه‌ڵكانم بیستبوو !
كه دڵته‌نگ ده‌بووم ده‌گریام ، كه تووڕه ده‌بووم ده‌گریام، كه هه‌واڵێكی خۆشم ده‌بیست ، فرمێسكم له چاو قه‌تیس ده‌مان، نه ده‌نگم ده‌هاته ده‌ر و نه فرمێسكم ده‌رژان !! بێ ده‌نگ ده‌بووم و شتێكی نه‌گووتراو له سه‌ر دڵما قوورسایی ده‌كرد ! ده‌زانی ، ماندوو ببووم له خه‌م ، له فرمێسكیش !! تاسه‌ی پێكه‌نین، تاسه‌ی شاد بوون ، تاسه‌ی ساتێك نه‌ترسان و
لادانی سێبه‌ره‌كان .... ماندوو ببووم له گریان !!


كه تۆ هاتی ، شته‌كان گۆردران! هه‌وره‌كان لادران، سێبه‌ره‌كان ون بوون ، به سه‌ر قۆڵم فرمێسكه‌كانم سری.
له بوونی " بزه‌" دڵنیا بووم ............


كه تۆ هاتی ده‌نگی خۆمت به دیاری بۆ هێنام . ‌تۆ بووی له‌گه‌ڵ ‌پێكه‌نین ئاشتت كردمه‌وه ، تۆ بووی شێوه‌یه‌كی تازه‌ت فێر كردم بۆ ڕێزلێنان له ژیان و له سروشت ، له جوانی !!


سوپاس بۆ ئه‌م ڕۆژانه‌ی پڕ بوون له ژیان !!






October 15, 2002

" یانی چی ، ئه‌ی هه‌ر خۆت نه‌بوویت داوای یه‌كسانیت ده‌كرد؟ “
چاوه‌كانم گه‌لێك ڕوون بوونه‌وه . ڕاست ئه‌و ده‌مه‌ی ئاهێكی خۆشت له دڵ ده‌گه‌رێ و ده‌ڵێی هێنده‌ی نه‌ماوه
گه‌نجه‌كان و نه‌وه‌ی نوێ ، ڕێگه‌ی خۆیان له باب و باپیران جیا كه‌نه‌وه و به چاوی خۆیان ببینن و به مێشكی خۆیان بیر بكه‌نه‌وه ، له پڕ‌دیسان ڕوو ده‌دات !

تا دۆینێ و پێرێ ، باب و مامه‌كان سڵامه‌ت، ئه‌و ئه‌ركه‌یان خستبوو سه‌ر شان و ملی خۆیان و چه‌پ و ڕاست ، لێره و له‌وێ ، "پیاوه‌تیان" ده‌كرد .

ئه‌مڕۆ گه‌نجه‌كانیش لێمان وه‌خۆ كه‌وتوون و له سه‌ر ساكارترین و ئاسایترین یاساكانی هه‌ڵسووكه‌وت داوای ژنی كورد ده‌خه‌نه به‌ر ڕه‌خنه و ته‌وس و ته‌شه‌ران !!

ئه‌وه‌نده‌ی من له بیرم بێت ژنی كورد هاوار ده‌كات : به‌سه مه‌مكووژن ! قه‌تم نه‌بیستووه داوای كرد بێت كه‌س ده‌رگای بۆ بكاته‌وه و " قه‌مسه‌له‌ی" بۆ ڕا گرت !
ئێستا هیچ نه‌بووه كووڕه‌كان " ناوكییان" كه‌وتووه و خه‌مێكی خه‌یاڵاوی دایگرتوون !!
ئه‌وه‌نده‌ش ده‌زانم كردنه‌وه‌ی ده‌رگا و ڕێز گرتن و
" گێنتڵمن" بوون دژایه‌تی نییه له‌گه‌ڵ مافی یه‌ک سانی ژن و پیاو !!

" كه باس له‌ مافی ئافره‌ت ده‌كه‌ن، پێیان وایه دارێك له‌سه‌ر سه‌گه‌ و یه‌كێكیش له‌سه‌ر ئافره‌تی كورده. "جگه له‌وه‌ی زۆر ئاسایی سه‌گ و ژن وه‌ك یه‌ك چاو لێ ده‌كردرێت ، به ده‌ڕ برینی " پێیان وایه" وا ده‌گه‌یه‌ندرێت وا ژن " لێی حاڵی نییه و به هه‌ڵه چووه " و ته‌نیا " پێی وایه " زووڵمی لێ ده‌كردرێت . خۆ ده‌نا به دا‌رێكی خێڕی له سه‌ری بده‌ن یا نه‌‌ده‌ن ئه‌و هه‌موو هه‌را و هوریایه‌‌ی ناوه !
زۆر زۆره‌كه‌ی ده‌كووژڕێت . خۆ له‌وه‌ی زیاتر نییه !!

به‌ڵام من ئێستا لێره، ته‌نیا بۆ ڕوون كردنه‌وه‌ی یه‌ک شتی ساكار ئاوا ده‌ڵێم :

خۆم ده‌رگای ده‌كه‌مه‌وه . قه‌مسه‌له‌شم بۆ ڕامه‌گرن. كه هاتم یان ڕۆیشتم له به‌ر پێشم هه‌ڵمه‌ستن . به‌ڵام ده‌خیــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــلتان بم لێم گه‌رێن بژیم . مــــــــــــــــــــه‌مكـــــــــــــــــــــــــــــووژن !!





October 14, 2002

شه‌و بوو!
شه‌وه !
له ناو پێخه‌فێكی سارد ، ده‌سته‌مالانی بێ خه‌ویم ! باوه‌شم پڕی خه‌یاڵێكی وه‌نه‌وشه‌ییه و بێده‌نگیم پڕی تاسه‌ی ئاوازێكی ئاشنا ...

نه‌ باران ده‌بارێت ، نه ده‌نگی پێی ڕێبواره‌ مه‌سته‌كان شووشه‌ی شه‌و ده‌چڕژێنێت . نه سه‌مای خه‌ماوی گه‌ڵا زه‌رد و سووره‌كان له داوێنی داره ڕووته‌ڵه‌كانی پێش په‌نجه‌ره‌كه‌م له ته‌نیاییم كه‌م ده‌كاته‌وه!

چاوه‌ڕێم و چاوه‌رێ نیم . چاوه‌ڕێی هاتنێكی دووباره‌تم و ده‌شزانم سێبه‌رت نه‌بێت ، تازه خۆت قه‌ت پێ نانێیته ماڵی چۆڵم . چاوه‌ڕێ نیم بێیت و بمێنییه‌وه ، به‌ڵام نازانم بۆ ، دڵنیام دێیت و چیرۆكێكی تازه‌م بۆ ده‌گێریته‌وه ... ته‌نیا چیرۆكێكی تازه.

شه‌و بوو !
شه‌وه!
دیسان هێندێ یادی كۆن و تۆزاوی كۆڵانی زه‌ینمیان كردۆت به گۆره‌پانێك بۆ شه‌ری خۆیان.

شه‌و بوو !
شه‌وه !
ده‌نگی پێ دێت! هه‌ڵده‌ستیم، تا پێش په‌نجه‌ره‌ی ڕه‌ش ده‌چم! تۆ دیار نیت، منیش! چاو له ئاوێنه‌ی شه‌و ده‌كه‌م، سێبه‌رێكی نامۆ دێته پێش چاوم. بووه تا ئێستا بڕوانی ئاوێنه و خۆت نه‌بینی ؟؟ لێی ورد ده‌بمه‌وه، سێبه‌ری من نییه.... هین تۆش !

كوا هه‌ناسه‌یه‌كی گه‌رم تا قژی ته‌زیوی داره‌كان خاو كاته‌وه، كوا ده‌ستێك، تا داوێنی ته‌ڕی تریفه‌ی مانگه شه‌و كۆ كاته‌وه، كوا دڵێك تا له ژێر باران، تژی تاسه‌ی ئامێزێ بێته‌وه ؟؟ .... باران ده‌بارێ .

ملوانكه‌ی شینی خه‌یاڵم پچكراوه. سه‌ر په‌نجه‌ ته‌ڕه‌كانم قژی سه‌وزی بیرت شانه ده‌كه‌ن . قژت پڕه له بۆنی باران. مه‌ستم ؟؟ ئه‌ی بۆ شته‌كان له بیر ناكه‌م؟ ئه‌ی بۆ كۆتری خه‌یاڵ له شه‌قه‌ی باڵی نادات؟ بۆ من هه‌ر وه‌ك خۆمم؟

شه‌و بوو !
شه‌وه !
من سه‌ر ده‌كه‌مه سه‌ر باسی بێ خه‌وی و خه‌یاڵی تۆ لێوی وشكم ماچ ده‌كات ! ده‌ست ده‌كه‌م به ژماردنی ئه‌ستێره‌كانی ئاسمانی ده‌وه‌ شار، كه له شه‌وه‌وێكی هاوین له ژیانێكی پێشوو دا، ده‌بێت بۆیان چووبمه ژوان!

شه‌و بوو !
شه‌وه !
من مه‌ستی خه‌وم و خه‌و له چاوی من زیز! نه یادی ئه‌ستێره‌كان ، نه ماچی تۆ، نه بێ ده‌نگی شه‌و ، نه سه‌مای گه‌ڵاكان ، نه ون بوونی خۆم له ئاوێنه دا هیچ له تاسه‌ی دڵم كه‌م ناكاته‌وه !






October 12, 2002

نه‌كــــــــــه‌ن داوای باوه‌شێك مێهره‌بانی بكه‌ن.
له‌و سه‌رده‌مه بۆگه‌نیوه‌ی ئێمه دا ئه‌وی مانای نه‌مابێت، دڵۆڤانییه !!

بۆ شتی تر چاو بگێڕن !!





October 11, 2002

تێگه‌ێشتن له شته‌كان هه‌میشه ئاسان نییه ! واته‌یه‌ك ده‌توانێت به سه‌دان شێوه‌ی جۆر به جۆر مانا بكرێته‌وه. وه‌ك پێوانه‌كان! پێوانه په‌سه‌ند كراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه زۆر پیاوانه‌ن ، ئه‌وه‌ش له خۆی دا وا ده‌كات ئه‌و پێوانانه بۆ هه‌موو كه‌س له هه‌موو جێیه‌ك قه‌واره‌یه‌كی ڕێك و پێك و درووستی نه‌بێت .

پێوانه‌ی كوردی چییه ؟ پێوانه‌ی بێگانه چییه ؟ پێوانه‌ كوردییه‌كان و پێوانه پیاوانه‌كان چه‌ند لێك جیاوازن؟ وێده‌چێت هه‌ر پێوانه‌یه‌كی ساكاری نوێ كه به‌ دژ ئه‌م قه‌واره كۆنانه‌دا بچێته‌وه و له ژێر پێیان دانێت، به پێوانه‌ی بێگانه ده‌ناسرێت و ناو ده‌ندرێت !! پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌م جۆره تێڕوانیینه دروسته؟

شێوازی نووسین و هه‌ڵسه‌نگاندن و لێكدانه‌وه ئایا ده‌بێت له هه‌موو كاتێك دا هه‌ر به پێ یاسا كۆنه‌كان و قه‌واره ناله‌باره‌كان بێت، ئه‌ویش ته‌نیا له به‌ر وه‌ی كه ئه‌م پێوانانه په‌سه‌ند كراون؟

ئه‌ی گۆرانكاری و شتی نوێ له كوێی كۆمه‌گای ئێمه دا و له كام سه‌رده‌م ده‌رفه‌تی خۆ نواندنی پێ ده‌درێت؟





October 10, 2002

ساته ساكاره‌كانی سه‌رده‌می منداڵی ، ئاسمانێكی هه‌میشه شین و دڵێكی به هیچ خۆش ! پێكه‌نین قه‌ت له هه‌نگاوێك دوورتر نه‌بوو و شه‌رم نه ده‌بوو به گۆری فرمێسكه‌كانی كاتی دڵته‌نگی !

تۆزی تووڕه‌ییه‌كان به دڵۆپه فرمێسكێك ده‌شۆرانه‌وه و ڕقه‌كان ته‌مه‌ن كورتتر له‌وه بوون مانا په‌یدا بكه‌ن! ساته ساكاره‌كانی سه‌رده‌می منداڵی پڕ بوون له هه‌ست و هه‌ناسه و شته‌كان هه‌مووی سێحراوی بوون ...





October 9, 2002

نه ده‌زانم له كوێم و نه ده‌مه‌وێ بزانم ! شته‌كان هه‌موو تازه‌ن. ڕه‌نگه‌كان نه له ئێستا ده‌چن نه له ڕابردوو! هه‌سته‌كان، له دایک بوونه و هه‌ست پێ كردنه‌كان دوو پات بوونه‌وه‌ی ویستی حه‌شار دراوی دڵێكی ساوان! ده‌نگه‌كان هه‌مووی گۆرانی دیتنه‌وه‌ن!

هه‌م یا نیم ، نازانم! له خه‌و دام یا وشیار، دڵنیا نیم! لێره‌م، ڕاكشاوم ، ده‌تبینم، ده‌تبیسم. یا نا، حه‌ز ده‌كه‌م بتبینم، حه‌ز ده‌كه‌م بتبیسم .... پڕم له ویستن، یان لێوڕێژم له نه‌ویستن .... نازانم ، سه‌رم لێ شێواوه!

تۆش ئارام دێیت و ده‌چیت ! دڵنیا ده‌نوێنیت . ده‌ڵێی ده‌زانیت له كوێی ، ده‌ڵێی ده‌زانیت چیت ده‌وێت . ده‌ڵێی تۆیت گۆرانییه‌كان ده‌ڵێیته‌وه .... گه‌رمای ده‌ستت له سه‌ر شانم و سرته‌ی "خۆشم ئه‌وێیت" له گوێما . باوه‌ڕه‌كان زیندوو ده‌بنه‌وه ، یان حه‌ز ده‌كه‌م
زیندوو ببنه‌وه ... ویسته‌كان هاوار ده‌كه‌ن، یان من حه‌ز ده‌كه‌م هاوار بكه‌ن .... نازانم ، سه‌رم لێ شێواوه!

خۆشم ئه‌وێیت !
ئه‌وه زایه‌ڵه‌ی ده‌نگی تۆیه یان هاواری دڵی من؟ ئه‌وه تۆی له ئاوێنه‌ی ده‌نگی منا خۆ ده‌نوێنی یان شه‌پۆله‌كانی ده‌ریای ده‌رونمه ملوانكه‌ی شینی خۆشه‌ویستیمی به دیاری بۆ تۆ هێناوه؟ تۆ به مێهره‌بانییه‌وه به سه‌ری په‌نجه‌ت ، قژی شێواوم شانه ده‌كه‌ی ، باسی به‌یانی ده‌كه‌ی و من نازانم چۆنت پێ بڵێم له‌مڕۆ دا ونم ... له ئێستای بوونت دا!

خه‌ونه یان بێداری؟ چاو بكه‌مه‌وه، ئه‌و خه‌ونه كۆتایی دێت ؟! چاو له سه‌ر یه‌ك دانێم ، تۆ ون ده‌بیت؟! ...

نازانم ...
نه‌ده‌زانم له كوێم، نه ده‌مه‌وێ بزانم . شته‌كان نه له ئێستا ده‌چن نه له ڕابردوو .

ئه‌مه چیرۆكی ئه‌مرۆیه !




October 8, 2002

چه‌ند دڵۆپه ئاو له ناو له‌پی ده‌ستم ، بۆنی مێخه‌ك، گه‌رمای چه‌ند دڵۆپه فرمێسك له سه‌ر گۆنام ، باوه‌شێكی به‌تاڵ ، شه‌وێكی پڕ‌ خه‌یاڵ !

كه‌ی بۆ ئاخر جار سه‌رم كرده سه‌ر شلكه‌ی ڕانت، كه‌ی بوو ئاخر جار ده‌ستت به سه‌رما داهێنا و چیرۆكی خه‌مباری شه‌وی بوكێنی خۆتت بۆ باس كردم ؟ كه‌ی بوو ئاخر جار پێكه‌وه پێكه‌نین ؟ كه‌ی بوو ئاخر جار به سه‌ر په‌نجه‌ی هه‌میشه گه‌رمت فرمێسكت سڕیم ؟ كه‌ی بوو ئاخر جار قژی سپی و خاوت پلكه كرد ، له ئاوێنه بچووكه‌كه‌ت سه‌یری خۆت كرد و هه‌ناسه‌ت هه‌ڵکێشا ؟

هێشتاش ده‌تبینم ، شه‌وانه به سه‌ر په‌نجه ده‌هاتی و داتده‌پۆشیمه‌وه، قژمت له ناو چاوانم لا ده‌دا و هه‌ر وا به سه‌ر په‌نجه ده‌ڕۆیشتێوه !!
هێشتاش هه‌ستت پێ ده‌كه‌م چۆنت له ئامێز ده‌گرتم .
هێشتاش بۆنی مێخه‌ك ده‌مباته‌وه بۆ ناو ئامێزی تۆ ، گه‌رمای هه‌ناسه‌تم ده‌خاته‌وه بیر ....

خۆ تۆ هه‌ر له‌گه‌ڵمای، خۆ تۆ بووی به په‌پووله‌ی خه‌وه‌كانم ، ده‌تبینم، هه‌ستت پێ ده‌كه‌م ، بۆنت ده‌كه‌م، به‌ڵام ... چۆنت پێ بڵێم .... بیری ده‌نگت ده‌كه‌م .

بیری ده‌نگت ده‌كه‌م !!





October 6, 2002

ئارامی دڵان، ئه‌و بۆ تۆ ده‌نووسم ، ده‌زانم ساتی وا هه‌یه ده‌بی به ڕێبواری كۆڵانی بیرم و كۆتری هه‌ڵکوورماوی خه‌ێاڵم له باوه‌ش ده‌كه‌ی ... من ئێستا شادم ، خۆشم، سه‌رخۆشم ... ساته‌كان سێبه‌رێكی سه‌وز له خۆیان جێ دێڵن و ده‌ستێكی مێهره‌بان بۆت به پردی نێوان من و ئارامی ...

ئاسمانی نزمی شاره‌كه‌مان ناوچاوانی به هه‌وره ڕه‌شه‌كان داپۆ‌شرا بوو ... ویستم به هه‌ناسه‌م ، یان هه‌ر نه‌بێت به تكا و پارانه‌وه لایان بده‌م ... ئاخر من هه‌وری بێ‌بارانم بۆ چییه .....

به‌ڵام ده‌زانی ، باران باری و قژم پر بووله ده‌نگیی !!

ئه‌رێ، شادم ، خۆشم ، سه‌ر خۆشم ! ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر كورد نه‌بام، ئه‌گه‌ر كچه كورد نه‌بام ، وێرابام بڵێم ئاشقم ، ئه‌ویندارم ، دڵداری ده‌که‌م له‌گه‌ڵ باران، له‌گه‌ڵ بۆنیی ، له‌گه‌ڵ ده‌نگی .....

به‌ڵام وێرانی ده‌وێت له‌م وێرانه ماڵه‌دا باسی دڵداری كردن ...
من بوێرم .... ؟؟

خۆت ده‌زانی ..........






October 4, 2002

من ڕقم له هه‌موو شتێك هه‌ستاوه! له‌وانه‌‌ی كه ڕۆژێ پێنج جاران ڕاست و خوار ده‌بێته‌وه و به زمانێك كه تێیناگان، له به‌ر كه‌سێك كه‌ نایناسن بۆ شتێك كه لێی حاڵی نیین، له كاتێكدا كه پێویستیان پێی نییه، ده‌پارێنه‌وه ! ڕقم له‌وانه‌یه وا ده‌رگای بیریان قفڵ ده‌كه‌ن و كلیله‌كه‌ی فڕێ ده‌ده‌ن و خۆیان ده‌بن به یه‌خسیری بیرێكی كۆن كه بۆگه‌نیوی لێدێت !!
له‌وانه وا له گه‌نداوی بیری گه‌نیوی خۆیانا خنكاون و هه‌رچی و هه‌ر كه‌س بۆنی تازه‌‌یی لێ بێت، له ژێر پێیان ده‌نین و له ناوی ده‌به‌ن !

ڕقم هه‌‌ستاوه له ئینسانه‌كانی ده‌وروبه‌رم، كه چاویان ده‌بستن و هاوار ده‌كه‌ن . پێیان وایه هه‌ر چی ده‌نگیان به‌رزتر بێت، قسه‌كانیان حه‌قتره !!
ڕقم له‌و پیاوانه‌ هه‌‌ستاوه وا له ژووره‌كانی چه‌قه‌خانه كوردییه‌كان، له سه‌ر مافی ژن چه‌نه لێ ده‌ده‌ن و كه ژنێكیش قسه‌ی كرد پێی ده‌ڵێن تۆ بێده‌نگ به، كێ له‌گه‌ڵ ‌تۆیه‌تی ... !!
من ڕقم هه‌‌ستاوه له‌و ژنانه‌ كه پێیان وایه ئازادی ده‌بێ له كاغه‌زی ڕه‌نگی بپێچرێته‌وه و وه‌ك دیاری پێیان بدرێت !!

من ڕقم هه‌ستاوه له خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌، كه پێیان وایه هه‌ر كه‌س قژی ڕه‌ش بێت، عه‌ره‌به !! من ڕقم له ‌و كاته‌یه كه هه‌ر بچی ناو مێترۆ ، پیره ژنێكی له‌چك به‌ سه‌ر لێت دێته پێش و به توركی شتێكت لێ ده‌پرسێ ...

من ڕقم هه‌ڵده‌سێ له‌و پیاوه مه‌سته‌ی مه‌یدانی ناوڕاستی شار، كه هه‌ر به لادا ده‌كه‌وێ و زۆر جار میز به خۆیدا ده‌كات !
یان له‌و ژنه‌ی نازانم له كام وڵات ڕا هاتووه‌ته ئێره و له شه‌قامه‌كانا ده‌گه‌رێ و منداڵێكی چڵكنی گوناح به‌دوای خۆیا ده‌كێشێت و سواڵ ده‌كات !!

****
ڕقم له خۆمه بۆوه‌ی كه ئێستا فرمێسكم ڕژاونه‌ته سه‌ر گۆنام! بۆوه‌ی كه ئێستا ئه‌وه‌نده دڵته‌نگی ئه‌وم !
بۆوه‌ی كه ئه‌وه‌نده بیری ده‌كه‌م !! بۆوه‌ی كه ئه‌وه‌نده ماندووم ، بێ قه‌رارم ...






October 3, 2002

وتت دێی، ئه‌گه‌ر هاتی، كۆشێك هاوار، باوه‌شێك ڕه‌نگ بۆ من بێنێ! ئه‌مڕۆ سێبه‌ری بێ ده‌نگی قوورسایی ده‌كاته سه‌ر كات و شته‌كان هه‌موویان خۆڵه مێشین ...

وتت دێی ... ئه‌گه‌ر هاتی ....
نا،،، هه‌ر وه‌ره !!





زۆر بێ قه‌رارم ئه‌مڕۆ !!





وه‌ره !
وه‌ره با گۆرانییه‌ك بدزین
له‌سه‌ر پردی لێوه‌كانمان دابه‌شی كه‌ین .

وه‌ره !
وه‌ره با ده‌ستێكی گه‌رم بدزین
له نێوانی پرچ و سه‌رماندا
بیبه‌شینه‌وه .

وه‌ره !
وه‌ره بتدزیم
له نێوان برژانگه‌كانما
دابه‌شت كه‌م.

وه‌ره بمدزه
هه‌رچیم لێده‌كه‌یت، ئاره‌زووی خۆته
ته‌نیا مه‌هێڵه
ئیتر ته‌نیا بم !!

(به‌ڕۆژ)





October 2, 2002

جارێكی تر شتێكی تاڵیان وه‌بیر هێنامه‌وه، جارێكی تر گرم له سه‌ریان دام، هۆی‌ی‌ی‌ی‌ ... تووند مه‌رۆ ، خۆت شێت مه‌كه، كورد... كچه كورد و ئه‌و ئاواتانه‌یان نه‌وتووه .... تۆ تۆی ، تۆ هه‌سته و دانیشه له نێوان ئه‌و سنوورانه‌ی بۆیان كێشاوی ... به پێی ئه‌و شتێی كه
" فێریان كردووی" ، ئه‌و جۆره‌ی ده‌بێ ، نه‌ ئه‌و جۆره‌ی ده‌ته‌وێ ، بژی . هیچی تریشت نه‌وێت... ئه‌وه ئێمه هه‌ین به جێی تۆ بیر ده‌كه‌ینه‌وه ، به جێی تۆ بریار ده‌ده‌ین ، پێت ده‌ڵێین چی باشه و چی خراپه بۆت ...

ئای .... كورده‌واری ، ئه‌ی وڵاته جوانه‌كه‌م ....






دوای پێنج شه‌ش مانگ بێ خه‌‌به‌ر بوون، ته‌له‌فوونی كرد. ده‌ڵێم چۆنی؟ چی ده‌كه‌ی؟ هه‌واڵی تازه‌ت چییه ؟

ده‌ڵێ؛ هیچ، خه‌ریكی كار و بارم. ڕۆژه‌كان وه‌ك خۆیانن. ژنم هێنا ... نا، هیچ شتێكی تازه ڕووی نه‌داوه !

ده‌ڵێم ؛ ژنت هێناوه، هێشتاش ده‌ڵێی خه‌به‌ری تازه‌ت نییه ؟ ده‌ڵێ؛ نازانم ، وتیان ئه‌وه كچێكی باشه، منیش هێنام، ئێستاش هیوادارم هه‌ر وا بێت كه خه‌ڵك باسیان ده‌كرد...

ده‌بینم ڕاست ده‌كات، هیچ نه‌گۆردڕاوه، شته‌كان هه‌ر وه‌ك خۆیانن !!





October 1, 2002

من پێش تۆ هاتمه دنیا
تا عومری گوڵ درێژتر،
گڕی ئاگر په‌تیتر ،
ته‌می خه‌م ته‌نكتر، كه‌م

تا فێر بم به ئاسانی،
له سه‌ر سنگت سه‌وز بم،
تۆ له خۆمدا بزر كه‌م !





من هه‌ر ڕۆژه‌كانی سه‌ره‌تا ئه‌م چه‌ند دێره‌م نووسی :

Tuesday, June 18, 2002
ئیستێك له مه‌و پێش له‌گه‌ڵ هاورێیه‌كم دانیشتبووین باسی ده‌وله‌مه‌ندی و فه‌قیری زمانی كوردیمان ده‌كرد، به هۆی بوونی چه ندین زاراوه ی جیاواز، هه ر شتێك له وانه یه چه‌ندین ناوی هه بێت و به چه‌ند وشه‌ی جۆر به جۆر بناسرێ، به ڵام كه گه‌یشتینێ وشه‌كانی سه‌ر به "سێكس" دیمان زۆر كه‌ممان هه‌یه و هه‌رچی هه‌مانه ئه‌وانه‌ن كه كاتی شه‌ره جوێن و سووكایه‌تی كردن، پیاوان به یه‌كی داده‌ده‌ن! (پێی ده‌ڵێن جوێنی نامووسی !!)
زۆرمان بیر كرده‌وه، ئێستاش نه‌مانزانی هاومانای
make love و fuck به كوردی ده بێته چی؟
نه شمان وێرا له كه‌س پرسیار بكه‌ین... كه‌سیش نیه خۆی له خۆرا له ڕێی خودا دا ئه‌م شته‌مان بۆ ڕوون كاته وه.........
(نووسراوه له‌كاتژمێری 10:18 PM له‌لایه‌ن ته‌وار)

*****
ئه‌و دوو comment نووسراوون،، منیش ئه‌مرۆ بینیمن،
پێم خۆش بوو كه هه‌ر هیچ نه‌بێ دوو كه‌س خۆی له باسه‌كه دا، به‌ڵام ئه‌وش سه‌رنج ڕاكێش بوو كه هه‌ر دوو كه‌س به ناوی نه‌ناسراو بۆچوونی خۆیان ده‌نووسن!

Aug - 13 23:00
نه‌ناسراو

”تۆ بڵێی رۆژێك رێت بكه وێته وه ێره؟ زۆر ووشه ی كوردی(بێگه رد)ی جیاواز هه ن له بواری ره‌گه زباز یا"سێكس" كه ته نها له زاری مامۆستا بیستومانه یان جار جار له په رتووكا ده یبینین. بیستنیان له جێی تر ته زووی شه رمه زاری دروست ده كات...........


Oct - 1 13:37
نه‌ناسرا

fuck= gan
make love= ashiq bazi
?pet chone
..................................

ڕه‌نگه بۆیه ده‌ڵێن به كوردی دڵداری ناكردرێت .

هیچ ئیتر ... هه‌ر وا پێم خۆش بوو ئێوه‌ش بیبینن .... !!!



زۆر ده‌مێكه ده‌نگی باوكم نه‌بیستووه! زۆر ده‌مێكه نازانم له‌گه‌ڵ ڕۆژه‌كانی چۆنه‌؟‌ ته‌نیایه‌كانی به چی پڕ ده‌كاته‌وه ، تاقه‌تی گوڵه‌كانی ماوه؟ هه‌موو ئێواران ده‌چێته لایان و گه‌ڵا زه‌رده‌كانیان لێ ده‌كاته‌وه ؟ نازانم داره گه‌ڵا مێوه‌كه چه‌نده گه‌وره بووه ... داره‌كانی دی به‌ریان هه‌بووه ؟ نازانم هێشتاش رادۆ كۆنه ڕه‌شه بچووكه‌كه‌ی ماوه كه تا ده‌ستت به ئانتێنه‌كه‌ی نه‌گرتبا ڕانه‌ده‌وه‌ستا ... نازانم هێشتاش گوێ بۆ هه‌واڵه‌كانی هه‌موو ئاژانسه‌كان ڕاده‌گرێت یا نا ...

جاران بابم هه‌میشه بۆنی گڵ و گوڵی لێ ده‌هات. ده‌ستی، هه‌ر ئه‌و ده‌ستانه‌ی ته‌واوی ته‌منیان كاریان كردبوو ، گرێ گرێ بوو... چه‌ند حه‌ز ده‌كه‌م ده‌ستی بگرم ، تا كه‌مێك بحه‌سێته‌وه ! نازانم ئه‌و ده‌ستانه وه‌رزی حه‌سانه‌وه‌یان هه‌یه یا نا؟

بۆ له‌ لای ئێمه زۆر باو نییه كه‌س به كه‌س بڵێ خۆشم ده‌وێی؟ بۆ له گووتن دا وا بێ ده‌سه‌لاتین!؟ حه‌ز ده‌كه‌م جارێكی تر بیبینمه‌وه، ده‌سته ماندووه‌كانی بگرم و ماچی كه‌م ، پێی بڵێم خۆشم ده‌وێت . حه‌ز ده‌كه‌م ته‌نیاییه‌كانی بدزم و كه‌ڵافی ئاڵۆزی بیره‌كانی هه‌ڵوه‌شێنمه‌وه و سه‌ر له نوێ هه‌ری كه‌مه‌وه ! .....






كات له لای ئێوه‌ش وه‌ستاوه؟





www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------