June 30, 2003
پیاوێك خه‌ریكه پێش ده‌رگای ماڵه‌كه‌ی ئاوپڕژێن ده‌كات. بۆنی گڵ بۆ چركه‌یه‌ك ده‌مباته‌وه كۆڵانی منداڵیم و ئێواره‌كانی. چاو له كۆڵانه‌كه ده‌كه‌م. ته‌سكه. عه‌رزه‌كه‌ی به‌رداوی و دیواره‌كانی ئه‌مبه‌ر ئه‌وبه‌ری گڵن و جێ به جێ، به گوڵه لاولاو و یاس و كه‌مێك ئه‌ولاتر گه‌ڵا مێو ڕازاونه‌ته‌وه. ملی رێگه ده‌گرم و به كۆڵانه‌كه‌دا هه‌ڵده‌كشێم.... له سه‌ر تاقه پلیكانی ماڵێك كه ده‌رگا وپه‌نجه‌ره‌ی ته‌خته‌ی هه‌یه، داده‌نیشم . لای ڕاستم تا نێو قه‌دی دیواره‌كه گوڵی یاس شۆڕ بۆته‌وه و دیواره‌كه‌ی به‌رامبه‌رم به گوڵی سپی و په‌مه‌یی و سوور داپۆشراوه. هه‌ر ڕێبوارێكی تێده‌په‌رێ ، hello یه‌كم لێده‌كات و هه‌ندێ جار ته‌نانه‌ت ڕێگه‌شم لێده‌پرسن :كۆتایی ئه‌م كۆلانه به كوێ ده‌گات ؟ ژن و پیاوێكی پیری ره‌زا شیرین كه نزیك ده‌بنه‌وه ده‌پرسن : بۆمان هه‌یه وێنه‌یه‌ك له خۆت و ماڵه‌كه‌ت بگرین؟ - ماڵه‌که‌م؟ به سه‌ێره چاویان لێده‌كه‌م ! - مه‌گه‌ر خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته نیت تۆ ؟ ئه‌مه ماڵی تۆ نییه؟ - نا، منیش میوانم. ئێره ماڵی من نییه ... - ده‌زانی زۆر له خه‌لكی ئه‌م وڵاته ده‌كه‌ی!! له كام وڵات را هاتووی ؟ .. - ...... ده‌ست كه درێژ بكه‌م ده‌توانم گوڵه یاسه‌كان به سه‌ر په‌نجه‌م هه‌ست پێبكه‌م. چاو له سه‌ریه‌ك كه دانێم هه‌موو شتێك ڕه‌نگ و بۆنی ئه‌و ده‌می هه‌یه: سه‌ربانی ماڵی حاجی عه‌لی، ڕاكشان له ژێر سێبه‌ری گۆڵه یاسه‌كانی به‌ره‌و ماڵی ئێمه شۆر ببوونه‌وه، گه‌رمای خۆری پاش نیمه‌رۆ و جار جاره ده‌نگی پێی چه‌ند ڕێبوارێ ... پێنج ڕۆژ زیاتر نییه گه‌یشتوومه‌ته جێ و كه‌چی ئێستا شاره‌زاری هه‌موو شه‌قام و كۆڵانه‌كانی ئه‌و به‌شم. ده‌زانم بۆ لێكردنه‌وه‌ی گه‌ڵا مێو به كام كۆڵاندا ئه‌گه‌ر هه‌ڵكشێم ده‌گه‌مه به‌ر كام ماڵ و كام دیوار . ده‌زانم گوڵه یاسه‌كانی كام گه‌ره‌ك نزمترن بۆ چنین و ده‌زانم له كوێ " قۆره"ی ده‌توانم لێبكه‌مه‌وه. هه‌موو ئێواران ده‌گه‌ل ئاوا بوونی خۆر ده‌گه‌مه قه‌راغ ئاوه پان و به‌رینه‌كه‌ی هه‌موو شه‌وێ ده‌نگی شه‌پۆله‌كانیی له خه‌وم ده‌كات. پێ په‌تی به سه‌ر لمه نه‌رم و ته‌ره‌كاندا هه‌نگاو ده‌نێم و لێده‌گه‌رێم پێله‌كان ته‌رم كه‌ن... خۆم نوقمی خه‌یاڵاتم و زۆر جار هاورێی خه‌یاڵی ئه‌م كاتانه‌م "سه‌ر زلێكه" . *** ـ "یاشوو" (به سڵامه‌تی ، نۆش) - چاو لێده‌كه‌م. ئه‌ویش وه‌ده‌زانێت من خه‌ڵكی وڵاتی ئه‌وانم. ئیستكانێك " ئۆزوو" هه‌ڵدێنێت و به سڵامه‌تی من ده‌یخواته‌وه. دیسان ده‌لێم نا ، من میوانم. تا ده‌بیستێ من كوردم به ڕێزه‌وه هه‌ڵده‌ستێت و ده‌ڵێ " كالۆسیرتێس" (به خێر بێی ). سوپاسی ده‌كه‌م و دوور ده‌بمه‌وه. كه‌مێك دوورتر سێ چوار ژن دانیشتوون و گه‌رمی قسانن. "كالیمێرا". به مێهره‌بانی وڵامم ده‌ده‌نه‌وه. كه‌مێك دوورتر له‌وان داده‌نیشم. یه‌کیان ده‌ڵێ :" كاچێ ئێزۆ ... كاچێ ئێزۆ" ( لێره دانیشه) و ئاماژه به جێیه‌كی به‌تاڵی لای خۆی ده‌كات. ده‌چمه لایان داده‌نیشم. هه‌ر چواریان خه‌لكی ئه‌م شاره‌ن و یه‌کیان ده‌ڵێ بچمه هه‌ر جێیه‌كی ئه‌و دونیایه دڵم هه‌ر لێره‌یه، بۆیه ڕۆیشتن فایده‌ی نییه، قه‌ت نارۆم .... شه‌و به باوێشكدان به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت و ئێمه‌ش! یه‌كیان باوه‌شێكم گوڵ ده‌داتێ :" سێ سێنا ..." ( بۆ تۆ) ... دڵم داده‌كه‌وێت. باوه‌شێكم گوڵی یاس بۆ هاتووه. چه‌ند رۆژ ، ژووره‌كه‌م پڕ بوو له بۆنی یاس و یادێكی شیرین ...
June 14, 2003
خوێنه‌رێك :: 13-06-03 11:24 ”قسه‌كانت له قسه‌ی كه‌سێك ده‌چێ كه عومری خۆی كردوه و چ نه‌ماوه بیكا و دانیشتووه چاوه‌رێ‌ی مه‌رگه ، له قسه‌ی كه‌سێكی كه ئیتر هیچ ئاره‌زوویه‌كی له ژیان دا نه‌مابێ و ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ دانیشتبێ له‌سه‌ر ته‌رمی ئاواته وه‌دی نه‌هاتۆكانی دا شیوه‌ن بكا . ناتناسم و نازانم چه‌ند سه‌د ساڵت عومره بۆ ئه‌وه‌ی ئاوا قسه بكه‌ی ، به‌ڵام پێم وایه له ژیان دا هێنده‌ت نه‌دیوه و ئه‌وه‌نده‌شت به‌سه‌ردا نه‌هاتووه كه قه‌دری ژیانت بزانی . هیوادارم ئه‌وه‌ی تۆ پێیدا تێده‌په‌ڕی گێژ‌ه‌ڵووكه‌یه‌ك بێت كه به‌زوویی دامركێت.“ بـــــــــــــــــــه‌ڕێز: ژیان كۆمه‌لێكه له "سه‌ره‌تاكان" و "كۆتاییه‌كان" ، هه‌میشه له جێیه‌ك را ده‌ست پێده‌كات و دره‌نگ یا زوو، ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه زووتر له‌وه‌ی چاوه‌روانی ده‌كه‌ین، ده‌توانێت كۆتایی بێت. ئه‌وه له خۆی دا گرفتێك نییه. گرفت ئه‌وه‌یه كه ئێمه له هه‌موو ڕووداوه‌كانی ژیانمان چاوه‌روانی " درێژه په‌یدا كردنی" ڕووداوه‌كه‌ین. ئه‌وه‌نده له خه‌م و شادی چۆن بوونی به‌یانی و ڕۆژانی نه‌هاتوو هه‌ڵبه‌ز دابه‌ز ده‌كه‌ین كه خۆشی "ڕووداوه‌كه‌مان" له بیر ده‌چێته‌وه. هه‌ر "چركه‌یه‌كی" خۆش له ژیانمانا ڕوو ده‌دات ده‌كه‌وینه ده‌ریای خه‌یال كه ڕه‌نگه ئه‌وه "سه‌ره‌تای" خۆشییه‌كان بێت. ڕه‌نگه ئه‌و كۆتایی ناخۆشییه‌کان بێت. ئه‌وه‌نده نوقمی خه‌یاڵ و هیوای سه‌ره‌تا و كۆتاییه‌كان ده‌بین كه ئیتر ئه‌م "چركه" خۆ‌شییه له بیر ده‌که‌ین و له بیرمان ده‌چێت بۆ "ئێستا" بژین و هه‌ر ئه‌م "چركه‌یه" خۆش بین. من ده‌ڵێم "ئاواتێكی هه‌مبوو و ئیتر نایه‌ته دی"، ئه‌و ئاواته هین moment ، هین ئێستایه، بۆ ئه‌مرو بوو. بۆ به‌یانی نازانم ، له‌وانه‌یه ده‌یان ئاواتی ترم هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌و ئاواته نییه كه ئیتر مرد و ناشترا. ئه‌وه بێنه پێش چاوی خۆت(hypothetical، ته‌نیا فه‌رزێكه و پێویست ناكا ڕاست بێت): تۆ كه‌سێكت خۆش ده‌وێت و پێویستیت به بوونی ئه‌م ئینسانه له ژیانتا هه‌یه. ئه‌ویش وڵامت بۆ ده‌نێرێت كه "هه‌تاهه‌تایه خۆشم ده‌وێیت، به‌لام ناتوانم (یان نامه‌وێت یان ناوێرم) ده‌گه‌لت بم و هاورێ وهاوبه‌شی ژیانت بم! ده‌ی ده‌توانی ئێستا پێم بڵێی ئه‌م هه‌تاهه‌تایه خۆشویستنه و خۆشه‌ویستییه چ ده‌ردێكی تۆ ده‌رمان ده‌كات؟ چه‌نده تاسه و تامه‌زرۆیی تۆ ده‌شكێنێت؟ چه‌نده له وه‌دی هاتنی ئاواتی تۆ بۆ پێكه‌وه بوون كاریگه‌ر بووه؟ ئاواتی تـــــــــــۆ ئه‌مڕۆ پڕ كردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كانی ژیان بوو، كه وه‌دی نه‌هات، ده‌ی به‌یانی هه‌رچی ڕووی ده‌دات با ڕووی بدا، له ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ هیچ ناگۆڕدرێت كه تۆ به ئاواته‌كه‌ت نه‌گه‌یشتیت ... به‌رێز هه‌ندێ كه‌س شته‌كان ئه‌و جۆره‌ی هه‌یه ده‌بینن و ماناكان بۆیان ده‌چێته ژێر پرسیار‌و هه‌ن ئه‌وانه‌ی شته‌كان ئه‌و جۆره‌ی "ده‌بێ" بن، ده‌بینن و ده‌ڵێن بۆ نا، "ده‌بێ" ئاوا بێت !! من له ڕیزی یه‌كه‌می گروپی یه‌که‌م دام. شته‌كان ئه‌و جۆره‌ی هه‌ن، لانی كه‌م له ژیانی خۆمدا ، ده‌بینم و هه‌ست پێده‌كه‌م و هه‌ر ئاواش به ڕووتی باسی ده‌که‌م. باسی من باسی باشی و خراپی ژیان نییه ، ته‌نیا شتێكی كه من باسی ده‌كه‌م چۆن هه‌ست پێكردنی شته‌كانه له لایان خۆمه‌وه . چاوه‌روانی ئه‌وه‌شم نییه تۆ وه‌ك منت لێ بێت یان شێوه‌ی منت پێ باش بێت. من ئه‌وه له خۆمه‌وه ده‌بینم. باش یان خراپ نازانم. به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌م زۆر دره‌نگ كه‌وتمه خۆناسین و به خۆ گه‌یشتن. زۆر دره‌نگ ده‌ستم كرد به "ده‌نگی به‌رز بیر كردنه‌وه" و به دوای وڵامی پرسیاره‌كانما گه‌ران. زۆر دره‌نگ ده‌ستم كرد به لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی بێ ئه‌وه‌ی بزانم بۆ، باوه‌رم كردبوون! به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم هه‌ر من وانیم. په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵگاو كولتوورێكین كه فێری پرسیار كردنمان ناكه‌ن، له هه‌مان سه‌ره‌تاوه هه‌ندێ وڵامی له قالب دراومان له مێشك ده‌نێن و لێمان ده‌گه‌رێن. ئێستاش تێكڕووخانی ئه‌م قه‌لایه، خشت به خشت ئاسان نییه و هێزی ده‌وێت و زۆر جار ماندووت ده‌كات. وانییه كه پێم وابێت به وه‌دی نه‌هاتنی ئاواتێكی من ڕه‌وره‌وه‌ی ژیان ده‌وه‌ستێت. به‌ڵام باوه‌ر ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ تاسه‌ی من بۆ .... نه‌شكێت، ئیتر به‌یانی دره‌نگه و هه‌میشه‌ش زۆر زوو دره‌نگ ده‌بێت!! وه‌دی هاتنی ئه‌و ئاواته‌ی ئێستا هه‌ته، ئه‌مڕۆ ده‌توانێ بزه‌ی به‌خته‌وه‌ریت بخاته سه‌ر لێو، كه‌چی به‌یانی فرمێسكی "خۆزگه"ت دێنێته چاو ... خۆزگه زووتر .. خۆزگه پێشتر ... خۆزگه ئه‌و كات ... شتێكت پێ‌بڵێم : ویستی مردن هه‌میشه به مانای كۆڵدان و ترسه‌نۆكی نییه. زۆر ئاساییه كه مرۆڤ بیه‌وێت كۆتایی به شتێك بێنێت كه ئیتر حه‌زی لێناكات! و دوا قسه : به‌رێزم بۆ ئه‌وه‌ی قه‌دری ژیانت بزانی پێویست ناكات زۆرت به سه‌ر بێت . به‌سه ئه‌گه‌ر لێی حاڵی بیت!
June 13, 2003
بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی هاتن و نه‌مانه‌وه! ئه‌وانه‌ی مانه‌وه‌یان، بۆشاییه‌كانی پڕ نه‌كرده‌وه. ئه‌وانه‌ی ڕۆیشتنیان بۆشایی خسته ژیانمه‌وه. بۆ تۆش! تۆی كه خۆشمده‌وێی و لێره نیت. و بۆ دڵی خۆم، بۆ ته‌نیاییه‌كانم و بۆ ئاواتێكی هه‌مبوو و تازه نایه‌ته دیی! هه‌وره‌كان لێره‌ن، هه‌وره ڕه‌شه‌كان. ئه‌وانی ده‌گرمێنن و نابارێن. ده‌زانم ئیتر گه‌وره بووم، به‌ڵام هێشتا ده‌نگی هه‌وره توڕه‌كان، ده‌مترسێنێت. ده‌زانم نابێ بترسێم، ده‌زانم هه‌رچی هه‌یه هه‌ر ئه‌وه‌یه، ده‌زانم ده‌بێ باشترین ڕێگه په‌یدا كه‌م بۆ ڕێك كه‌وتن ... تا زووتر تێپه‌ر بێت. به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌م ژێر پێم خاڵییه. ئێستاش وه‌ك هه‌میشه دنیایه‌ك ته‌نیایی ڕووخاوه‌ته سه‌ر ئه‌م ساته پر ترسه‌م. ئێستاش وه‌ك هه‌میشه ته‌نیام! "وه‌ڵامــه‌كه‌ت به" نا" ده‌ستیپێكرد." ئه‌مه سه‌ره‌تا بوو ؟ سه‌ره‌تایی به‌ره‌وو كۆتایی چوون؟ ئاسمان چ تاڵه ئه‌مشه‌و! ناوچاوان گرژ و چڵكن ... چیی، شینایی ئاسمانی هه‌ڵلووشی؟ ده‌ڵێی ئه‌و هه‌سته ئاشناییه‌ی هه‌میشه به سێبه‌ریی، فێنكایی ده‌خسته ناو دڵم، نه‌ماوه . هه‌نگاوه‌كانم ده‌گه‌ڵ ئه‌م شه‌قامه كه ده‌یان جار پێیدا ڕۆیشتووم نامۆیی ده‌كه‌ن! شتێك گۆڕدراوه ، شتێك وه‌ك هه‌میشه نییه . شتێك كه من هێشتا نایناسم به‌ڵام بوونیی ده‌م به ده‌م زۆرتر خۆ ده‌سه‌ڵمێنێ . شتێك، من ته‌نیا هه‌ست به قورساییه‌كه‌ی ده‌كه‌م .... " وه‌ڵامـــه‌كه‌ت به " نا " كۆتایی هات." ئه‌مه كۆتایی بوو؟ كۆتایی سه‌ره‌تاكان؟ بیرم كردووی. ده‌با لێره بایی تا من به بۆنه‌ی بیست و چواره‌مین به‌هاری ژیانت چه‌پكێك ڕۆزی سوورم پێشكه‌ش كردبای. به‌ڵام چ تاڵه ئه‌م ساڵ، كه من ناچارم ڕۆژی له دایك بوونت ده‌گه‌ڵ سێبه‌ری قورسی نه‌مان به‌ش بكه‌م. ده‌بێ دانیشم و گوڵه‌كانم له سه‌ر سنگی ساردی گۆڕێكی ته‌نیا دابنێم و لێ گه‌رێم ئه‌م بارانه فرمێسكه‌كانم بشواته‌وه. سه‌یره ... نا سه‌یریش نییه. منیش كه دیواری ئیمانم ڕووخا، نه‌بوونم هه‌ڵبژارد! تـــۆ خۆت هه‌ڵتبژارد ؟ " په‌رده‌كان داخران چراكان كوژانه‌وه" تاریكیش گومانی به دیاری هێنا، هه‌ر چۆن بێده‌نگیش ... له ده‌رێ باران ده‌بارێت. شه‌و له نیوه تێپه‌ری. من لێره‌م و خه‌مت سه‌ری كردۆته سه‌ر سه‌رینه‌که‌م و چاوم لێده‌كات. ده‌ستی یادێك دێت و تاڵه ته‌نیاكه‌ی سه‌ر ته‌وێڵم لاده‌دات و بزه‌یه‌ك ده‌بخشێته نیگای نیگه‌رانم. ها... له بیرمه. هه‌ر ئه‌و شه‌و بوو وه‌ك مناڵێكی ساوا تا به‌یانی له باوه‌شتا خه‌وتم و خه‌ونه‌كانیشم ته‌نانه‌ت بۆنی تۆیان لێده‌هات. هه‌زار ساڵ بوو ئاوا ئارام نه‌خه‌وتبووم ... " بینه‌ران هۆڵه‌كه‌یان چۆڵ كرد" ... و ته‌نیایی تژی ترسێكی تێكه‌ڵاوی گومان بوو ... ده‌ڵێم ده‌گه‌ڵ تكای دڵم چ بكه‌م؟ ده‌زانم له شوێنێك له‌م نزیكانه جێی ده‌هێڵم و لێی ده‌گه‌رێم بتوێته‌وه له‌م جیهانه ته‌سكه‌ی ئالووده‌ی گومانه! جێیه‌ك له‌م نزیكانه ... ڕه‌نگه له ژێر سێبه‌ری یادی ئه‌و شه‌وه‌ی بۆ یه‌که‌م جار ماچم كردی ... یان له كۆتایی خه‌ونه‌کانی ئه‌و شه‌وه، تا به‌یانی سه‌رم له سه‌ر سنگت بوو ... یان له ناو وشه گه‌رمه‌كانی سه‌ر كارته پۆستاله‌كان ، یان له ناو شووشه عه‌تره‌كه‌ی شه‌وێكی لێم دزیی ... یان له په‌نا پێكه‌نینه‌کان، له ته‌نیشت فرمێسكه‌كان ... یان له قوڵایی قسه نه‌گوتراوه‌كان ... " منیش ته‌نها له پشت په‌رده‌ی شانۆ، له‌م گێژاوه‌دا وونبووم و له‌بیركرام" ....
June 10, 2003
سه‌یری هه‌ر لایه‌ك ده‌كه‌ی، دڵه‌كوته‌ی بیرێكی به جێ ما‌و، ڕاوت ده‌نێت ... كه ملوانه سپییه‌كه‌ت كرده مڵ، بزه‌ی ئه‌وه‌ت له ناو ئاوێنه‌دا دیته‌وه ... كه بێده‌نگ ده‌بی، ده‌نگی پێی یاده‌كان له زه‌ینتا ده‌زرینگێته‌وه ... ده‌ڵێی: بریا توانیبام بۆ ئه‌و هه‌وره ڕه‌شانه‌ی ئاسمانی دڵم، كارێ بكه‌م ببارێن ... گرمه‌یان نابرێته‌وه .... ده‌نگی ماندووی هه‌نگاوه‌كانت پێت ده‌ڵێن وانییه بزانی ئه‌م شه‌قامه به‌ره‌و كوێ كۆتایی دێت ... ورد ده‌بییه‌وه له باڵه له‌رزۆكه‌كانی په‌پووله‌یه‌ك وا له سه‌ر چینی په‌رده نیشتوه كه بفرێ ... و نافرێ ... سه‌رت بارێكی قورسه له سه‌ر شانه ماندووه‌كانت ... ده‌بێ پێلی نائارامی په‌یڤه‌كان ئارام بگرن ... كه ناگرن ... ده‌ڵێی: هه‌ستم چراكان پێكه‌م ... تاریكی پڕه له گومان ... ده‌ڵێی: وانییه بزانم بۆ جار نا، له‌م ژووره بچووكه‌شمدا ون ده‌بم ... ده‌ڵێی: بیره‌وه‌رییه‌كان شیی بوونه‌ته‌وه و چی تر ڕێی گه‌رانه‌وه‌م نیشان ناده‌ن ... ده‌ڵێی: بۆم ناگه‌رێته‌وه ، "وه‌ك ئه‌وه‌یه بمه‌وێ وێنه‌ی مانگ له ئاو بێنمه‌وه ده‌رێ" ... ده‌ڵێی : ئه‌م په‌یڤه شێتانه لێره ڕیز ده‌كه‌م با له چنگ ڕاونانی دڵه‌كوته‌ی بیره به‌جێ ماوه‌كان ڕزگارم بێت ... كه نابێت ....
June 8, 2003
ئه‌م به‌شه‌ی خواره‌وه له وێبلاگێكی فارسی وه‌رگیراوه . باسێكه له سه‌ر ڕوانینی یاسای ئیسلامی وڵاتی ئێران به ژیانی هاوبه‌ش و مافه‌كانی ژن و پیاو له بنه‌ماڵه دا!! باسه‌كه‌م كورت كردۆته‌وه ! **** " هه‌ر رێكخراوه‌یه‌كی كۆمه‌لایه‌تی بۆ ئامانجێك و به هه‌ندێك ئه‌ركی دیاری كرا‌و بۆ ئه‌ندامانیی پێك دێت. ئه‌م یاسایه زه‌ماوه‌ند كردن و پێك هێنانی ڕێكخراوه‌یه‌ك به ناوی "بنه‌ماڵه"ش ده‌گرێته‌وه . ئه‌ركه‌كانی ژن و پیاو سه‌باره‌ت به یه‌كترین چییه؟ بڕیاردان بۆ "بنه‌ماڵه" به پێی كتێبی یاسای مه‌ده‌نی، ماده‌ی 1105 مافی پیاوه.له‌م ماده‌یه‌دا نووسراوه " له په‌یوه‌ندی ژن و پیاودا،ڕیاسه‌تی بنه‌ماڵه بۆ پیاو دابین كراوه" . له ماده‌ی دواتر ، 1106 نووسراوه : " له كاتی ماره‌ی دایم (له ناو شیعه‌كاندا ماره‌یی كاتی( سیغه) و ماره‌یی دایمی هه‌یه) نــه‌فــه‌قــه‌ی ژن ئه‌ركی پیاوه. واته كه دوو كه‌س زه‌ماوه‌ند ده‌كه‌ن و بنه‌ماڵه‌یه‌ك پێك دێنن، پیاو به‌رپرسی دابین كردنی هه‌موو پێداویستییه‌كانی ماڵه. ئه‌وه هه‌موو شتێك وه‌ك، جل و به‌رگ، خوارده‌مه‌نی و جێ و شوێن و ... ده‌گرێته‌وه و ڕیاسه‌ت و مافی بڕیار دان ته‌نیا بۆ پیاوه. ئێستا ئه‌م پرسیاره دێته پێش كه ژن چكاره‌یه و ئه‌و نه‌فه‌قه بۆ چی وه‌رده‌گرێت؟ ڕه‌نگه بڵێن به هۆی ئه‌وه‌ی كه له ماڵ كار ده‌كات و ماندوو ده‌بێت. به‌ڵام وا نییه. به پێی ماده‌ی 1107 به‌شێك له‌م نه‌فه‌قه‌یه كه به ژن ده‌درێت، بۆ به كار گرتنی كرێكارێكه بۆ خانمی ماڵێ . "... ڕاگرتنی كرێكار ئه‌گه‌ر ژن عاده‌تی به بوونی كرێكار هه‌یه .... " ، یانی ژن مه‌جبوور نییه له ماڵی مێرد كار بكات و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ جێ به جێ كردنی كاره‌كانی ڕۆژانه‌ی خۆی پێویستی به كرێكارێك هه‌بێ، ئه‌ركی مێرده ئه‌م پێداویستییه‌ی بۆ بێ جێ بێنێت. ڕه‌نگه بڵێن منداڵداری و په‌روه‌رده كردنی منداڵه‌كانه كه ژن نه‌فه‌قه‌ی بۆ وه‌رده‌گرێت. ئه‌و وڵامه‌ش هه‌ڵه‌یه. به پێی ماده‌ی 1176 یاسای مه‌ده‌نی "ژن مه‌جبوور نییه ته‌نانه‌ت شیر بدات به منداڵه‌كه‌ی، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ تێر كردنی منداڵ ڕێگه‌یه‌كی تر جگه له شیردان نه‌بێت ". واته ئاگا لێبوونی منداڵ له لایه‌ك، ته‌نانه‌ت بۆ شیردانی منداڵه‌كه ژن ده‌توانێ داوای پاره‌یه‌كی زۆرتر كه مێرده‌كه‌ی بكات. ژن ته‌نیا و ته‌نیا له به‌رابه‌ر " ته‌مكین" (فه‌رمانبردن، به گوێ كردن، سه‌رداخستن، لێره‌دا نووستن ده‌گه‌ل پیاوه‌كه‌ی) نه‌فه‌قه وه‌رده‌گرێت. بڕینی نه‌فه‌قه له لایان مێرد ئه‌و كاته ئیزن پێدراوه كه ژن "ته‌مكین" نه‌كات. ماده‌ی 1108 ئاوا ده‌ڵێ : " هه‌ر كاتێك ژن بێ هۆی شه‌رعی له به جێ هێنانی ئه‌ركی ژن و مێردایه‌تی ، خۆ لادات ، مافی وه‌رگرتنی نه‌فه‌قه‌ی نییه". به پێی ماده‌ی 642 یاسای سزادانی ئیسلامی كه له ڕێكه‌وتی 02 - 03 - 1375 (1996) له پارله‌مان په‌سه‌ند كراوه، پیاوێك كه نه‌فه‌قه‌ی ژنی نه‌داوه ته‌نیا كاتێك سزا ده‌درێت كه ژن "ته‌مكین"ی كردبێت . واته ئه‌گه‌ر ژن ته‌مكینی كردبێت، پیاو ناچار له دانی نه‌فه‌قه‌یه ، و ئه‌گه‌ر ژن به هه‌ر هۆیه‌ك، ته‌نانه‌ت به سود وه‌رگرتن له‌و مافانه‌ی یاسا داوێتی، ته‌مكین نه‌كات ، مافی نه‌فه‌قه‌ی نامێنێت. شته‌كه‌ی زۆر له خۆمان دژوار ناكه‌مه‌وه. به گشتی ئه‌وه‌ی له كۆمه‌لی یاساكان دێته ده‌ست ئه‌وه‌یه : ئه‌وه ئه‌ركی ژنه هه‌ر كات پیاو ویستی و ئیشتیای كرد، ده‌بێ ده‌گه‌ڵی بخه‌وێت و سێكسی هه‌بێت . مه‌گه‌ر ئه‌و كاته‌ی پیاو نه‌خۆشی جنسی هه‌بێت یان ژن به هۆی شه‌رعی وه‌ك "عاده‌تی مانگانه" یان هه‌ر هۆیه‌كی شه‌رعی تر، نه‌توانێ ده‌گه‌ل مێرده‌كه‌ی بخه‌وێت. (نه‌فه‌قه نرخی سێكسی ژن ده‌گه‌ل مێرده‌كه‌یه‌تی ) ئێستا به له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌م باسه، ئایا جیاوازییه‌ك هه‌یه له نێوان ئه‌و ژنه‌ی مێردی كردووه و ئه‌و ژنه‌ی له‌ش فرۆشی ده‌كات ؟ بێگومان جیاوازییه‌ك هه‌یه. ئه‌و ژنه‌ی له‌ش فرۆشی ده‌كات به پێی یاسای " عرضه و تقاضا " له‌شی خۆی ده‌فرۆشێ و ئه‌و ژنه‌ی مێردی كردووه یه‌كجێ به پێی یاسای "ماره‌یی" و نه‌فه‌قه خۆی فرۆشتووه . پرسیار زۆر دێنه كایه‌وه. بۆ نموونه : ئایا تا ئه‌و كاته‌ی ڕوانینێكی ئاوا به ژن و ژیانی هاوبه‌شی هه‌یه ، كه‌م و زۆر كردن یان پاش و پێش كردنی یه‌ك دوو ماده له یاسای مه‌ده‌نی هه‌ل و مه‌رجی ژیانی ژنان باشتر ده‌كات ؟ چه‌ند له سه‌دی ژنان ئاگایان له‌م یاسا په‌سه‌ند كراوانه هه‌یه؟ چه‌ند له سه‌دی ژنان به مافه‌كانی خۆیان به پێی یاسای وڵات ئاگادارن؟ به له به‌ڕ چاو گرتنی هه‌موو ئه‌وانه، ئایا كاتی ئه‌وه‌ی نییه باوه‌ر بكه‌ین ئه‌وه بناغه‌یه كه ده‌بێ سه‌ر له نوێ دامه‌زرێته‌وه ؟ **** ئه‌م یاسایانه ژماره‌یه‌کی زۆری ژنانی كورد كه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ژین، وه‌خۆی ده‌گرێت. ڕه‌نگه ته‌نانه‌ت له به‌شه‌كانی تری كوردستانیش كه یاسای ئیسلامی حاكمه هه‌ر هه‌مان شت بێت. مه‌به‌ست له وه‌رگێرانی ئه‌م چه‌ند دێره وه‌به‌ر چاو خستنی ئه‌وراستییه بووه و به‌س!
June 7, 2003
وڵامی چه‌ند پرسیار له لایان چه‌ند منداڵ : پ: باشتره مرۆڤ زه‌ماوه‌ند بكات یان ته‌نیا بمێنێته‌وه؟ و: بۆ كچ باشتره ته‌نیابێت. به‌ڵام كوڕه‌كان كه‌سێكیان پێویسته به دوایاندا بڕوات و شت كۆ بكاته‌وه.(ئانا 9 ساڵه) پ: مرۆڤ چۆن بریار ده‌دات ده‌گه‌ڵ كه‌سێك زه‌ماوه‌ند بكات؟ و: ده‌بێ له پێشدا كه‌سێك بدۆزێوه وه‌ك خۆت بێت. یانی ئه‌و شتانه‌ی تۆ پێت خۆشه، ئه‌ویش پێی خۆش بێت. ئه‌گه‌ر تۆ وه‌رزشت پێخۆشه ئه‌ویش له به‌ر خاتری تۆ پێی خۆش بێ و دانیشێ كاتی چاو لێكردنی وه‌رزش له teve چیپست ده‌گه‌ل بخوات.(ئێمیل 10 ساڵه) پ: چ ته‌مه‌نێك بۆ زه‌ماوه‌ند كردن باشه؟ 1و: هیچ ته‌مه‌نێك !!! مرۆڤ ده‌بێ زۆر گێژ و نه‌زان بێت كه زه‌ماوه‌ند بكات. (فرێدریك 6 ساڵه) 2و: 84 ساڵی، له‌و ته‌مه‌ندا ئیتر كار ناكه‌ی و ده‌توانی له به‌یانییه‌وه تا شه‌و خۆشه‌ویستی بكه‌ن.( كارۆلا 8 ساڵ) 3و: من كه كوده‌كستانم( day-care centre ) ته‌واو كرد ، ئیتر له دوای ژن ده‌گه‌رێم.( مارتین 5 ساڵه) پ: چۆن وه‌ك غه‌ریبه‌یه‌ك ده‌توانین بزانین ژن و پیاوێك پێكه‌وه ژن و مێردن؟ و: ئه‌وه‌ی زه‌ماوه‌ندی كردبێت، كاتی قسه كردن ده‌گه‌ڵ كه‌سێك جگه له هاوسه‌ری خۆی، زۆر خۆشحالتر دێته به‌ر چاو. (ئێلین8 ساڵ) و:زانینی سه‌خته. به‌ڵام یه‌كێك له نیشانه‌كانی ده‌توانێ ئه‌وه بێت كه هه‌ر دوویان به سه‌ر منداڵێكیدا ده‌قیژێنن. (سێباستییه‌ن 8 ساڵه) پ: دایك وبابت له چ بارێكه‌وه له یه‌ك ده‌چن؟ و: هیچكامیان ئیتر منداڵیان ناوێت .( كیكی 8 ساڵه)
June 6, 2003
ئه‌مشه‌و هاورێیه‌كم ئادرێسی لاپه‌ره‌یه‌كی بۆ ناردبووم كه له سه‌ر سرودی ئه‌ی ره‌قیب نووسراوه‌یه‌كی بلاو كردبووه. چووم و خوێندمه‌وه . ڕێك و پێك نووسرابوو. ده‌مارگرژیم تێدا به‌دی نه‌کرد ، به پێچه‌وانه زۆر به جوانی بۆچوونی خۆی باس كردبوو. سرودی ئه‌ی ڕه‌قیب بۆ من زۆرتر وه‌بیر هێنه‌ره‌وه‌ی سه‌رده‌مێكی تایبه‌تییه تا سرودی نه‌ته‌واته‌تی. هه‌میشه به بیستنی هه‌ستێكی تایبه‌تم تێدا زیندوو ده‌بێته‌وه. هه‌ر سه‌رده‌مێك سرودێكی هه‌بووه، هه‌ر رێكخراوه‌یه‌ك و هه‌ر خه‌باتێك به پێی قوناغێك كه تێدا بووه، سرودێكی خستۆته سه‌ر زاران. ئه‌و كاته‌ی من منداڵتر له‌وه‌ی بووم به‌شداری شۆرشی ئێران بم، سرودی "ده‌می ڕاپه‌رینه ده‌می ڕاپه‌رین" سرودێك بوو هه‌موو ده‌یانگووته‌وه. باش له بیرمه كچ و كوڕه گه‌نجه‌كانی گه‌ره‌ك مێشكی سه‌ری گه‌و‌ره‌كانیان به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م سروده بردبوو. كه‌مێك دواتر سرودی "ئه‌ی شه‌هیدان" كه‌وته سه‌ر زاران ... كه‌س نه‌بوو نه‌یزانێ. "تا شه‌هید خوێنی نه‌ڕێژێ تا گه‌لێك تاڵی نه‌كێشێ داری ئازادی شین نابێ باخچه‌ی ژینمان ڕه‌نگین نابێ" . ته‌نانه‌ت ئێمه‌ی منداڵیش له هه‌ڵات هه‌لاته‌كانمان ئه‌م سروده‌مان ده‌گوته‌وه. سه‌رده‌مێك هات سرودێكی تر باو بوو. "خوایه وه‌تن ئاوا كه‌ی" . ئه‌و كات من ساڵی دوو و سێی سه‌ره‌تاییم ده‌خوێند و له گروپی سرودی قوتابخانه‌دا بووم . ئه‌و سروده‌مان هه‌موو به‌یانیان ده‌خوێنده‌وه ... یان ئه‌و ساڵانه‌ی پێشمه‌رگه ده‌هاتنه‌وه ناو شار و دوو سێ ڕۆژ ده‌مانه‌وه، سرودی "ئه‌ی پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان" له هه‌موو لایه‌كی ده‌بیسترا. ئه‌و سرودانه هه‌ركامیان به‌شێك له هه‌ڵو مه‌رجی سه‌رده‌مێكی تایبه‌ت وه‌بیر ده‌خه‌نه‌وه . بۆ ئه‌وانی له ساڵانی شۆرشی 79 له ئێران ژیابن، زۆر سرود ئێستاش تایبه‌تین. ده‌زانی هه‌رچی بیر ده‌كه‌مه‌وه ده‌بینم ، بۆ سه‌رده‌می ئێستا ئێمه هیچ سرودێكمان نییه !!! منداله‌كان و میرمنداڵان و گه‌نجه‌كانی ئێمه بۆ ده‌ربرین و وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی ئه‌و ساڵانه و كێشه و هه‌راكانی چ سرودێكیان هه‌یه ؟
June 5, 2003
باران ده‌نكه ده‌نكه ده‌باری. كاتی وا من په‌نجه‌ره‌م ده‌كرده‌وه و گوێم بۆ ده‌نگی پێی باران له سه‌ر شووشه‌ی په‌نجه‌ره ڕاده‌گرت. ئه‌و شه‌وه به‌لام هه‌را و گرمه‌ی ده‌رێ بێده‌نگی شه‌وی ده‌شكاند و ده‌نگی بارانی له خۆ‌یا ون ده‌كرد. چاوێكم گێرا. دیم هاوسێكانیش هاتوونه ده‌ر بزانن چ باسه. یه‌كێك له هاوسێكان سه‌ر به‌رز ده‌كاته‌وه و من ده‌بینێ. به سه‌ر سلاو ده‌كات و منیش سه‌ر ده‌جوڵێنمه‌وه. خه‌ریكه شتێكم پێ ده‌لێت و منیش شان هه‌ڵداوێم یانی نازانم ده‌ڵێی چی. به ده‌ست ئاماژه ده‌كات وه‌ره خوارێ. ده‌ست هه‌ڵناگرێ ... له‌عنه‌تێك بۆ خۆم ده‌نێرم بۆ هاتمه به‌ر چاوان. ده‌چمێ خوارێ. دێته پێش و سڵاو و چاكی و چۆنی... ده‌زانم ده‌یه‌وێت بزانێ ئه‌و هه‌را هه‌رایه هین چییه ... باران توندی ده‌كات ... زۆر زوو ده‌خوسێم... هاوسێكه‌م هه‌ر قسه ده‌كات و من هۆشم هه‌ر له لای ماڵی هاوسێكه‌م و هه‌را هه‌راكه‌یه ... ها ... كه‌وابوو ئاخرێكه‌ی ڕازی بوو و "به‌ڵێی" گوت! ئه‌ی ئه‌و هه‌موو گریان و شیوه‌ن و زارییه چی بوو؟ ئه‌و هه‌موو فرمێسكه‌ی هه‌ڵیڕشت؟ هه‌موو به فیرۆ چوو! ... ده‌زانم پێش به‌ڵێ گوتنه‌كه‌ی هه‌موو ئاواتێكی له ژێر خۆڵه‌مێشی ئاره‌زوو سوتاوه‌كانی ناشتووه. و ده‌زانم ڕۆژێك دێت ئه‌م ئاره‌زوویه سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه و گیانێكی دێته‌وه به‌ر ...و ده‌زانم ڕۆژێك به نه‌رمه شنه‌یه‌ك ئاگری خۆشه‌ویستییه‌ك له ناو دڵی ئه‌م كچه داده‌گیرسێته‌وه ... " له‌و جێیه‌ی زه‌ماوه‌ندێكی بێ خۆشه‌ویستی ده‌گیرێت، خۆشه‌ویستییه‌كی بێ زه‌ماوه‌ند سه‌ر هه‌ڵده‌دات " نێوان خۆشمده‌وێی و دووباره خۆشمده‌وێی جیاوازییه‌ك هه‌یه ؟ نازانم ، به‌ڵام من هێشتاش و دووباره‌ش خۆشمده‌وێی ... |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|