Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

August 30, 2003

ژن له ڕوانگه‌ی مـــــــــــه‌حه‌ممه‌د (س.د.خ. پ)

پێغه‌مبه‌ر فه‌رموویه‌تی :
* ژن له بارێكه‌وه خوار خۆلقاوه! ئه‌گه‌ر بته‌وێت ڕاستی كه‌یه‌وه، ده‌شكێت و له كار ده‌كه‌وێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بته‌وێت هه‌ر وا به‌هره‌ی لێوه‌رگری، ده‌توانیت، لێی گه‌رێ به خواری بمێنێته‌وه!!!

* مساحقه ( سێكسی ژن ده‌گه‌ڵ ژن) وه‌ك له‌وات (سێكسی پیاو ده‌گه‌ڵ پیاو) وایه. هه‌ر دوو ژنێك كه كاری ئاوایان كرد، بیانكوژن، بیانكوژن ، بیانكوژن !

* هه‌ر كات ژنێك له جێیه‌ك كه دانیشتووه، هه‌ستا، پیاو نابێ له‌وێ دانیشێت تا جێیه‌كه‌ی سارد ده‌بێته‌وه!
* به شولك له ژنه‌كانتان مه‌ده‌ن، به‌ڵكوو به برسییه‌تی و بێ جل و به‌رگی ته‌نبێیان بكه‌ن، با خوا له دونیا و ئاخرت ڕزگارتان كات!

* باشترین كار بۆ ژن "ڕێسین" ه !!!
* ئه‌گه‌ر ئه‌مرم كردبا كه بۆ غه‌یری خوا سوژده به‌رن، ده‌موت كه ژنان بۆ مێرده‌كانیان سوژده به‌رن!!!!

* هه‌ر كه‌س به قسه‌ی ژنه‌كه‌ی بكات، خوا ده‌ینێرێته جه‌هه‌ننه‌م! پرسیان مه‌به‌ست له "به قسه كردن" چییه؟ فه‌رمووی:" وه‌ك ئیزن وه‌ر‌گرن بچن بۆ حه‌مام یان بۆ زه‌ماوه‌ند و پیاو ئیزنیان بدات" !!!!

* له‌ چه‌ند حه‌دیسدا پێغه‌مبه‌ر ئاوای فه‌رمووه :

باشترین ژن ئه‌و ژنه‌یه كه منداڵی زۆری بێت، هاورێی مێردی بێت و به حه‌یا و نامووس بێت. له ناو كه‌س و خزم وكه‌سی خۆی عه‌زیز و له لای مێردی خۆی زه‌لیل بیت. خۆی ته‌نیا بۆ مێرده‌كه‌ی جوان بكات و خۆ له كه‌سی تر داپۆشێت. هه‌رچی مێرد وتی، به قسه‌ی بكات و گوێ له مست بێت. كه ده‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی ته‌نیا بوون، هه‌رچی ئه‌و داوای لێكرد، كه‌مترخه‌می نه‌كات، به‌ڵام به‌زم نه‌گرت و داوا نه‌كات كه ئه‌ویش "به كامی دڵ" بگه‌یه‌نێت!!!

خراپترین ژن، ژنێكه كه له ناو خزم و كه‌سی عه‌زیز نه‌بێت و به سه‌ر مێرده‌كه‌یدا زاڵ بێت و منداڵدار نه‌بێت و كینه له دڵ ‌بێت و شه‌رم له كاری خراپ نه‌کات. كه مێرده‌كه‌ی له ماڵ‌ نه‌بوو خۆی بڕازێنێته‌وه و خۆ به كه‌سی تر نیشان بدات. كه مێرده‌كه‌ی هاته‌وه، گوێ به فه‌رمانی ئه‌و نه‌بێت و شه‌وانه ئاواتی دڵی پیاوه‌که‌ی به جێ نه‌هێنێت!

* كاتێ پێغه‌مبه‌ری خوا بڕیاری بۆ شه‌ڕێك ده‌دا، ژنه‌كانی خۆی هه‌موو كۆ ده‌كرده‌وه و ڕاو بۆچوونیانی ده‌پرسی، دوایش به پێچه‌وانه‌ی قسه‌كه‌ی ئه‌وان، بڕیاری خۆی ده‌دا!

* كه پێغه‌مبه‌ر ده‌‌ینارد بۆ داواكاری كچێك، ده‌یفه‌رموو "بۆن به ملیه‌وه بكه‌ن‌‌، بۆنی خۆشی لێبێت و چاو له گوێزینگی لاقی بكه‌ن، خڕ وخۆڵ بێت"



August 27, 2003



Min b�riya te Kiriye





Min bêriya te Kiriye

min bêriya te kiriye
bawerke m' bêriya te kiriye
min bêriya te kiriye
bawerke m' bêriya te kiriye

bipirse ji rengê buharê
bipirse ji gulen wê darê
min bêriya te kiriye
bawerke m' bêriya te kiriye

ev çend sal e ez girti me
zulm û zori gelek dime
ev çend sal e ez hapsi me
zulm û zori gelek dime
bê bi evina te dijime
bawerke m' bêriya te kiriye

jina bê te ne tu jine
jina bê te ez dejime
her ku te’d bêriya xwe tinim
hêz dide min û dijime
min bêriya te kiriye
bawerke m' bêriya te kiriye

evin nebe jin shin e
jina bê evin qimet nine
bipirse ji kevokên ash‏tiyê
bipirse ji hevaltiyê û dostiyê
bipirse ji diwarên hapsê
ewê wi te re bêjin rastiyê
min bêriya te kiriye
bawerke m' bêriya te kiriye






August 26, 2003

كوڕه‌كه‌مان فێری كوردی بووه...

" ئه‌ڤرۆ لێ قۆتابخانێ ژێ من پسیار كرن خه‌لكێ كیرێمه. من گۆت كۆردستان. گۆتن باشه پای ته ختێ كۆردستانێ كیڤه یه؟ من گۆت كه‌ركوك. ئه‌ز بێ خۆ نه عۆنسریمه، نه بۆ من گرنگه كو ناڤێ بۆسته‌ك ئاخێ دێ چێ دانن، تۆركستان بیت یان كۆردستان؟ فه‌رقه‌ك بۆ من نینه. جانه‌ك من هه یه. جاره‌ك دێ ژیم. چۆ جارا ناكم گازی: ئازادی یان نه مان. به س دا بزانن كو هه‌گه‌ر خوین ئو ئاخ تێ كه ل بێ بێن، بێ ئاسانی ژێ بیر ناچیت. دا بزانن ئه‌گه‌ر چاڤێت وان ئاگرێ دۆژمناتی هه‌بیتن، ده ستێ برایه‌تی ژێ من نابینن. دا بزانن ئه‌ز نه شه‌رمه زارێ وانم، نه ده‌یندارێ وان. دێ ڤێت ئه‌و شه‌رمه‌زار ئو ده‌ین‌دار بێن. "



August 23, 2003

چاوم له ئاوێنه ده‌كرد. ده‌موت: باشه ئاخر چیته تۆ، پێم ناڵێی؟ دوایی گرێی گریانێك قورگمی ده‌گرت و جوتێك چاوی پڕ له فرمێسكم ده‌دیت. دڵم بۆی ده‌سووتا، ڕازی ده‌بووم:" باشه، هه‌ڵیانڕێژه. خۆت ڕزگار كه...." زۆر زوو فرمێسكه‌كان دڵۆپ دڵۆپ ده‌ڕژانه سه‌ر گۆنا و به‌ره‌و چه‌نه‌گاو به‌رگه‌ردن ده‌ڕۆیشتن ...

ده‌ی باشه، ئێستا پێبكه‌نه، تكایه!
بزیه‌ك ... به لوتی سوور و برژانگه ته‌ڕه پێكه‌وه نووساوه‌كانی ...

******
وه‌ك چۆن فاڵچی فینجانی قاوه سه‌ر و خوار ده‌كات و تێی ڕاده‌مێنێت، ئاوێنه به وردی سه‌یری سه‌ر و خوار و ڕاست و چه‌پی كردم و وتی وه‌ره پێش: " ژێر چاوت ڕه‌ش هه‌ڵگه‌راوه. پێموایه هین بێخه‌وی بێت. لێوه وشكه‌كه‌ت من وه‌بیر ماسییه‌ك ده‌خاته‌وه له ئاو دوور كه‌وتبێته‌وه! جێ پێی دوو دڵۆپی قه‌تیس ماو، به سه‌ر برژانگه‌كانته‌وه دیاره... سوێر! ڕه‌نگی چاوه‌كانت ... وه‌ره پێشتر بزانم ... ڕه‌نگی چاوه‌كانت ماندوویی چاوه‌روانی پێوه دیاره!

ئاوێنه ده‌پرسێت: ده‌سره‌یه‌كت بده‌مه؟
تۆ خۆت وڵامی بده‌وه، من هیچ تاقه‌تیم نییه. پێی بڵێ ئه‌و فرمێسكانه زۆر سوێرن، ئیتر نامه‌وێت بڕژێنه خوار. بزه‌یم به‌و ماسییه‌ دادێت له ئاو دوور كه‌وتۆته‌وه... پێی بڵێ ئه‌و دڵۆپه قه‌تیس ماوانه ناكه‌ونه خوار، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر شاعیر خۆی بێت، به‌رامبه‌رم دانیشێت و تا به‌یانی به گوێما بخوێنێت : " به‌ڵێ گریانی نیوه‌ی شه‌و ده‌كا ناسۆری دڵ مه‌رهه‌م"



August 18, 2003

هه‌ندێ جار به خۆم ده‌ڵێم: تۆی له‌ خۆی دوور كردۆته‌وه، تۆش وره‌ و ده‌ستی لێهه‌ڵگره! هه‌ندێ جار زۆرت لێ دڵگیر ده‌بم. بۆ هێشتت ئه‌وه‌نده‌ت لێ دوور ببمه‌وه؟ به خۆم ده‌ڵێم ئیتر بیری لێناكه‌مه‌وه، كه‌چێ زۆری پێناچێت، خه‌ریكم نان ده‌خۆم یان به تله‌فوون قسه ده‌كه‌م و ده‌بینم دیسان هاتوویه ناو بیر و خه‌یاڵم!

هه‌ندێ جار به خۆم ده‌ڵێم:‌ وه‌ره ئیتر قه‌ت نه‌گه‌رێینه‌وه لای! وره با ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌وانی ترمان لێبێت. خۆش بین، بیره بخۆینه‌وه و دوو قسه‌ی زل بكه‌ین و دوایی هه‌موو شتێك وه‌لا نێین تا بیره خواردنه‌وه‌یه‌كی‌تر. ده‌لێم وه‌ره بچین خۆش بین، بژین، له‌و ڕێز و ئازادییه‌ی لێره هه‌یه كه‌لك وه‌رگرین. ده‌لێم وه‌ره ده‌ست له هه‌رچی خه‌ون و خه‌یاڵه بشۆینه‌وه! ئاخر خۆ قه‌راره هه‌ر یه‌كجار بژین ...

هه‌‌ندێ جار كه مه‌ودایی نێوانمان زۆرتر له هه‌میشه ده‌مترسێنێت، ئه‌و ڕۆژانه‌ی زۆر هه‌ست به ته‌نیایی ده‌كه‌م، كه زۆر ماندووم، كه هه‌ست ده‌كه‌م هیچ كارێكم له ده‌ست نایه‌ت، ئه‌و ڕۆژانه‌ی هه‌موو شتێك دووره، مه‌حاڵه، ڕۆژی وا سه‌یر سه‌ڕم لێده‌شێوێت. ده‌ڵێم: نا، هه‌ر لێره ماڵێكی بچووكی جوان ده‌كرم، ماڵێك كه باخچه‌یه‌کی خنجیلانه‌ی هه‌بێت، له گه‌ره‌كێكی خۆش، كه‌مێك دوور له شار و هه‌را وهوریاكه‌ی، بیر ده‌كه‌مه‌وه منداڵم بێت، دوو سێ منداڵی چاوڕه‌ش. بیر ده‌كه‌مه‌وه هه‌ر لێره ماڵێك بكڕم، كار بكه‌م و منداڵه‌كانم گه‌وره بكه‌م و تا ڕۆژه‌كانی ئاخری ته‌مه‌نیشم، پاره‌ی قه‌رزی بانك بده‌مه‌وه و ... هه‌ندێ رۆژ به خۆم ده‌ڵێم :‌ نا، تازه قه‌ت ناگه‌رێمه‌وه لات...

جار هه‌یه زۆر دووری ... ئه‌وه‌نده دوور، ئه‌وه‌نده نامۆ كه هه‌ستت پێناكه‌م. وه‌ك بڵێی قه‌تم نه‌دیوی، نه‌ناسیوی... به‌ڵام ... به‌ڵام ئه‌م هه‌سته قورسه زۆر ناخایێنێت، دێیه‌وه، دڵم بۆت لێده‌دات، ده‌كه‌ومه‌وه خه‌و بیبین. خۆم له ئامێزتدا ده‌بینم، پڕ ده‌بمه‌وه له‌و شتانه‌ی بایه‌خیان هه‌یه بۆم. پڕ ده‌بم له‌و شتانه‌ی خۆشمده‌وێن. دیسان كاتی نان خواردن، كاتی قسه كردن، كاتی پیاسه كردن و ... بیرم له لاته. بیر له خۆشییه‌كانت ده‌كه‌مه‌وه. بیر له ژان و له ته‌نیاییه‌كانت ده‌كه‌مه‌وه. بیر له بۆنی ئاشنات و گه‌رمای ئامێزت ده‌كه‌مه‌وه. ده‌بینم نا، به‌ تۆوه ژیان مانایه‌كی تری هه‌یه. به تۆوه ئامانجێكی تم هه‌یه. به تۆوه هه‌ست به كامڵ ‌بوون ده‌كه‌م...

ڕاسته، ڕه‌‌نگه سنوور شتێكی باش نه‌بێت. ڕه‌نگه جیا كردنه‌وه‌ی مڕۆڤه‌كان باش یان ڕاست نه‌بێت. به‌لام ده‌چمه هه‌ر جێیه‌ك، به هه‌ر زمانێك ده‌دوێم، بۆن له هه‌ر گوڵێك ده‌كه‌م، جێی تۆ ناگرێته‌وه. بۆشایی دووری تۆ پڕ‌ناكاته‌وه! خاكه‌كه‌ت، باغ و گولستانه‌كان، دارستانه‌كان، چیاكان، باڵنده‌كان، ڕووبار و گۆم و چه‌مه‌كان ... كه بیریان لێده‌كه‌مه‌وه ، پڕ ده‌بم له‌ هه‌ستێكی دایكانه. خۆزگه‌ی له ئامێز گرتنت وه‌ك منداڵه چاوڕه‌شه‌كه‌ی خۆم...

هه‌ندێ جار لێت توڕه ده‌بم، ده‌لێم تۆ منت له خۆت دوور كرده‌وه. هه‌ندێ جار بریارده‌ده‌م تازه قه‌ت نه‌گه‌رێمه‌وه لات، هه‌ندێ جار ترس داگیرم ده‌كات كه نه‌كا ئه‌و برینانه‌ی گۆپاڵی فه‌رهه‌نگ و دین و داب ونه‌ریتی باب وباپیران خستوویانه‌ته سه‌ر له‌ش و گیانت، بۆم سارێژ نه‌بێته‌وه، ده‌لێم نه‌كا زامه‌كانی سه‌دان ساڵ شه‌ر و پارچه پارچه بوون ده‌رمانی نه‌بێت ... هه‌ندێ جار توڕه‌م و ده‌ترسێم و ... به‌ڵام هه‌ر خۆشمده‌وێیت!

نـــــــــــــاوی ده‌نێیه چی؟ نۆستالژی یان هه‌ر وشه‌یه‌كی قه‌به و زلی تر... بۆم گرینگ نییه. بیرم كردووی. مه‌رج بێت ئه‌مجار كه هاتمه‌وه له قامیشلی له ئامێزت ده‌گرم، له هه‌ولێر سه‌ر ده‌كه‌مه سه‌ر سنگت، له مه‌هاباد بۆن به قژته‌وه ده‌كه‌م و له سنه و كرمانشان و بانه و سه‌قز و .... چیرۆكی دڵداری خۆمت بۆ ده‌گێرمه‌وه...



August 16, 2003

هێشتا هه‌ر هاوینه و باران دوو ڕۆژه نه‌وه‌ستاوه! دایكم ده‌یگووت : " باران ڕه‌حمه‌ته، با ببارێت" ! بایه‌کی توندی دێت و ده‌رگای ئاوه‌ڵای بالكۆن، پێكداده‌دات، ناخۆشه! هه‌ستێكی ڕه‌ش داگیرم ده‌كات، ده‌ترسم! دایكم ده‌یگووت : با ترسی بۆ چییه!

ده‌نگی ده‌رگا دێت، ده‌‌نگی پێیه‌ك له پشت ده‌رگا دێت! داڵان تاریكه ومن هیچ‌ نابینم! بۆ یه‌ک چركه هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌ژنۆم ده‌له‌رزێت! گوێم له ده‌نگی ترپه‌ی دڵی خۆم ده‌بێت! ده‌ترسم، له هه‌وره تریشقه‌كانی ئه‌مشه‌و، له‌و بایه تونده، له ده‌‌نگی پێی ناو داڵانی تاریك ... ده‌ترسم له‌و هه‌موو ترسه‌ی دایگیری كردووم!

دایكم ده‌یگووت: "باران ڕه‌حمه‌ته با ببارێت" ... حه‌ز ده‌كه‌م چی تر نه‌ترسێم، حه‌ز ده‌كه‌م چراكانی ئه‌و داڵانه تاریكه داگیرسێنم ... حه‌ز ده‌كه‌م بچمه ژێر بارانی "ڕه‌حمه‌ت" تا به‌شكوو تۆزی ئه‌و هه‌موو ترسه‌م لێ بشۆردرێته‌وه ... تا به‌شكوو من چی تر نه‌ترسم له هه‌موو ترسه‌ی داگیریان كردووم!

****
ده‌زانم خۆ قسه له سه‌ر بردنه‌وه و دۆڕاندن نییه! ده‌زانم زۆر گێژم ئه‌گه‌ر بڵێم من دۆڕاوم، ئه‌گه‌ر بڵێم من ئه‌و قوماره‌م دۆڕاندووه... به‌ڵام ئاخر ...
من ، من و ئه‌و بێقه‌رارییه، من و ئه‌و دڵه كوتانه‌ی ئۆقره‌م لێ ده‌دزن! تۆ و ده‌سته‌كانت، تۆ و چیرۆكی هه‌ناسه‌كانت! من و تۆ و ئه‌و ویستنه كه وه‌ك ئاگر وایه ... پیاسه‌ی ئێواره‌ی پایز، ماچی ژێر باران، به‌ڵێنی چاوه‌کان ..

ئێستاش ئێمه و مه‌وداكان، مه‌ودای نێوان ده‌ست و دڵمان ...

بۆ ئێستا ؟ بۆ زووتر نا؟ یان دره‌‌نگتر؟ ... بۆ ڕاست ئێستا ؟ ئه‌و چیرۆكانه‌ش كۆتاییان نایه‌ت. چیرۆكی ئه‌گه‌ر و به‌ڵامه‌كان، خۆزگه وبریاكان ... چیرۆكی بۆ نا و بۆ ئاكان ...

ڕه‌نگه ئه‌مشه‌و بگریم ... نازانم! ئه‌و بوغزه‌ی ڕێی به هه‌ناسه‌م گرتووه ڕه‌نگه ئه‌مشه‌و قورگم به‌ردات ...
ئه‌مشه‌و یان به‌یانی ... یان قه‌ت !!!

*****
دێمه سه‌ر لاپه‌ره‌ی نووسه‌ری كوردئای تی گرووپ! تامه‌زرۆی نووسینم! لاپه‌ره‌كه ده‌كرێته‌وه! له ده‌رێشڕا ده‌نگی باران ده‌ێت! بۆ یه‌ك چركه گومان ده‌كه‌م: چی بنووسم؟ گومان ده‌كه‌م ...

ده‌فته‌ره شینه‌که‌ی وێنه‌ی" دیدلی" له سه‌ره ، هه‌ڵده‌گرم و ده‌یكه‌مه‌وه : " له ئێواره‌یه‌كی ... خۆشمویستی. ده‌ڵێی هه‌زار ساڵبوو كه‌سم خۆشنه‌ویستبوو. له ئێواره‌یه‌كی ... خه‌ریكبوو جوانترین خه‌ونی ژیانم ونبكه‌م، خه‌ریكبوو هه‌موو چراكان بكوژێنه‌وه. ئێستا ... ئه‌مڕۆ ... به‌یانی ... خۆشمده‌وێی ..."
دڵم ده‌گیرێت، ته‌مێك سێبه‌ر ده‌خاته سه‌ر سۆمایی چاوه‌كانم ... له خه‌می هه‌موو ئه‌و شێعره دڵدارییانه‌ كه‌ هێشتا كه‌س نه‌ینووسیوه... هێشتا كه‌س هه‌ستی پێنه‌كردووه! نا، له خه‌می هه‌ستی جوانی تۆ كه له دووشه‌مه‌یه‌كی خۆڵاوی دڵته‌نگ ون بوو ...

******
ساعه‌ت دوو و نیوی به‌یانییه! تۆش خه‌وتووی! منیش خه‌ریكم له ناو كتێبه‌كانی به‌رامبه‌رم له دوای وشه‌یه‌ك، ڕسته‌یه‌كی جوان ده‌گه‌رێم خۆمی تێدا ببینمه‌وه! خۆمی تێدا ون كه‌م! شتێك كه له حاڵ و هه‌وای ئه‌مشه‌وم بێته‌وه ... نا، هیچ
نادۆزمه‌وه!
............
هیچ نادۆزمه‌وه!



August 11, 2003

چه‌ند جارێك هه‌ڵكه‌وتووه كه هه‌واڵی مردنی كه‌سێكیان پێداوم، پێش ئه‌وه‌ی بیر له دڵته‌‌نگی خۆم بكه‌مه‌وه بیرم له باشی و به‌جێ بوونی ئه‌م مردنه كردۆته‌وه! ماوه‌یه‌ك پێش كه په‌یوه‌ندی گرت و وتی.... كۆچی دوایی كردووه، یه‌كه‌م شت كه وتم ئه‌وه بوو: چ باش! حه‌ساوه! هۆیه‌‌كه‌شی نه‌خۆشی و زه‌لیل بوونی ئه‌م كه‌سه بوو. ماوه‌یه‌كی زۆر بوو نه‌خۆش بوو، زه‌لیل بوو. پێشتر ژنێكی باڵابه‌رز بوو و له‌م دوایانه كه وێنه‌كانیم ده‌دیت، چ له خۆی جارانی نه‌ده‌چوو، چ شتێكی وای لێنه‌‌مابوو! پێموابوو مردن ته‌نیا كارێك بوو كه ده‌یتوانی بیكات!

به‌ڵام خه‌یاڵم زۆر به مه‌رگی ئه‌وه نه‌گیرساوه و بیرم له هه‌‌ندێ شت كرده‌وه كه ئه‌و مردنه بۆی زیندووكردمه‌وه! چه‌ند كه‌سم هاتنه‌وه بیر كه تازیندوو بوون كه‌س باسی "باشی و چاكه‌"ی نه‌ده‌كردن و كه ڕۆیشتن ئاخ و داخه‌كان و فرمێسك ڕژاندنه‌کان بێ بڕانه‌وه ‌بوون! بیرم له غه‌یبه‌ت كردن و قسه هه‌ڵبه‌ستن و ته‌وس وته‌شه‌ری پێش مردن و به ئه‌ژنۆ دادان و كوڵمه ڕنینی پاش مردن كرده‌وه ... كه هه‌ر دوو به لای منه‌وه قۆڕ و بێمانان!

خۆمان ده‌ڵێن : مردوو كه مرد لینگی درێژ ده‌بێ! درۆمان نه‌گوتووه! تا زیندوون كه‌س سوێند به سه‌ریان ناخوا، چونكه بایه‌خێكی نییه، كه مرد سوێند به گۆڕه‌كه‌ی ده‌خۆن چوونكه ... ! به‌ڕاست چوونكه چی؟ من تێناگه‌م؟ مه‌گه‌ر هه‌ر كه‌س كه مرد ڕێز وحورمه‌تی ده‌چێته سه‌ر؟ یان ده‌بێ بچێته سه‌ر؟

كابرایه‌كم هاته‌وه بیر له ژوور سه‌ر مردووه‌كه وه‌ستابوو، كوڵمی خۆی ده‌ڕنی و ده‌گریا و ده‌یگوڕاند : فلانی گه‌رنت خۆش و ئازا بێت!!! وا دیار بوو ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ده‌نگیان پێكه‌وه نه‌بوو و له هه‌موو جێیه‌ك و له لای هه‌موو كه‌سێك قسه‌یان به یه‌ك ده‌گووت، كاتیان نه‌بوو سه‌ردانی یه‌ك بكه‌ن، دانیشن و گرفته‌كه‌یان چار بكه‌ن و له یه‌ك خۆش بن!!!
یان ئه‌ویان كه ده‌گریا و ده‌گریا كه من قه‌ت خۆم نابه‌خشم قه‌دری دایكم نه‌زانی و ڕێزم لێ نه‌گرت، كه‌چی ئێستا بابه پیره‌که‌ی كردۆته گه‌پجاری عاله‌مێ و خوشك و براكه‌ی نادوێنێت ... دڵنیام چاوه‌رێیه بمرن دوایی هه‌ست به په‌شیمانی بكات!
ڕه‌نگه مرۆڤ هه‌ر وابێ، ڕه‌نگه مرۆڤ مردوو په‌رست بن، نازانم! به‌ڵام له یه‌ك شت دڵنیام هه‌میشه زۆر دره‌نگ تێده‌گه‌ین و زۆر به ده‌گمه‌ن ئه‌زمۆن وه‌رده‌گرین! ئه‌رێ، له‌وه‌ی دڵنیام!

***
من قه‌ت ناچم بۆ پرسه‌ی كه‌س! پێم به شتێكی بێ مانایه! ئه‌ویش به‌و داب و ڕه‌سمه‌ی ناو خۆمان! پرسه‌ی لای ئێمه خه‌مێك ده‌خاته پاڵ خه‌مه‌كانی تره‌وه و بارت لێ قورستر ده‌كات! ئه‌گه‌ر بمه‌وێت و ئه‌گه‌ر له ده‌ستم بێت، به شێوه‌ی خۆم به‌شداری خه‌میان ده‌‌بم، ده‌نا لێی ده‌گه‌ڕێم!
پرسه، له هاتنی خه‌ڵك بگره تا دانیشتنیان به یه‌ک ساعه‌ت و دوو ساعه‌ت، به فاتیحه دادانیان و به قسه و باسی هه‌لله‌ق مه‌لله‌قیان، به مانه‌وه‌یان و به شێوه‌ی دڵدانه‌وه‌یان هه‌مووی له درۆیه‌كی گه‌وره ده‌‌وێنێت، كه چاو له چاوت ده‌كه‌ن و پێتی ده‌ڵێن و پێیان وایه تۆ ئه‌وه‌‌نده نافامی، باوه‌ریان پێده‌كه‌ی.
كه كابرا هات دانیشت و هێشتا ژێر قنی گه‌رم دانه‌هاتووه ده‌ڵێ: ڕه‌حمه‌تی خوا له‌و كه‌سه‌ی فاتیحه‌یه‌ك داده‌دا و خۆی زوو ده‌ڵێ :‌الفاتیحه با ڕه‌حمه‌ته‌كه بۆ خۆی بێت، كه ئه‌وه‌ی تر هێشتا كابرا هه‌ته‌ران په‌ته‌رانی خۆی به عه‌ره‌بی ته‌واو نه‌كردووه ، فاتیحه‌یه‌كی تر به ڕیشی خه‌ڵكه‌وه ده‌كات و هه‌موو ده‌ست ده‌كه‌ن به عه‌ره‌بی ورته ورت ده‌كه‌ن و نازانن ده‌لێن چی ... خۆت و ئینسافی خۆت، ئه‌وه بۆ دڵخۆش كردن ده‌بێت؟ مردوو به‌مه له ئاگری غه‌زه‌بی خوا ڕزگار ده‌بێت؟

***
مردن شتێكی باشی هه‌یه، خزم و كه‌س له ده‌وری یه‌ك كۆ ده‌كاته‌وه! یه‌ك خراپه‌ی تریشی هه‌یه، وه‌بیرت ده‌خاته‌وه هه‌موو له ده‌ور یه‌ك كۆبوونه‌وه‌یه‌ك خۆش نییه! زۆر شت كه حه‌ز ناكه‌ی بیبینی، ده‌یبینی. ئه‌وه‌ی نابێ بیبیستی ده‌یبیستی و ئه‌وه‌ی ده‌پارایه‌وه درۆ بێت و وا نه‌بێت، به چاوه جوانه‌كانی خۆت ده‌بینی كه درۆ نییه و وایه و دیاره واش ده‌مێنێت!!!

مردن شتێكه من هیچ تێیناگه‌م! به‌ڵام به باوه‌ڕی من مردن ناتوانێ ده‌ستپێكرد یان كۆتایی هیچ په‌ێوه‌ندییه‌ك بێت! تۆ ناتوانی ده‌گه‌ل كه‌سێك كه ده‌مرێت، په‌یوه‌ندی ده‌ست پێبكه‌ی و خۆشتبوێت و ڕێزی بگری. تۆ ناتوانی ده‌ست له خۆشویستنی كه‌سێك هه‌ڵگری ته‌نیا چوونكه مردووه!
من ده‌زانم به‌یانی كه مردم، دۆستم زۆر ده‌بێت، دڵنیام ته‌نانه‌ت ئه‌وانی زۆرتر له 10 ساڵه هه‌واڵی منیان نه‌پرسیوه و نه‌بیستووه بۆم ده‌گرین و باسی باشی و "به‌ڕۆحم" بوونم ده‌که‌ن!!! دڵنیام ده‌یان بیره‌وه‌رییان وه‌بیر ده‌كه‌وێته‌وه كه من هه‌ر ئاگاشم لێی نییه، به‌ڵام منیشی تێداوێن. دڵنیام شتێكم لێ ساز ده‌كه‌ن كه من قه‌ت نه‌بووم و ناتوانم ببم، ئه‌وه هێشتا نه‌مردووم وایان كردووه چوونكه دوورم ... به‌ڵام هیوادارم، به دڵ ئاواتمه كه مردم كه‌س سوێند به گۆڕه‌كه‌م نه‌خوات! با به‌س بێت... ئیتر به مردوویی درۆم ده‌گه‌ل مه‌كه‌ن!

***
ده‌ڕۆم بیر بكه‌مه‌وه بزانم بۆ ئێمه تا هه‌ین و ده‌رفه‌تمان هه‌یه بۆ یه‌ك و ده‌گه‌ڵ یه‌ك باش نین و بۆ هێنده پێمان خۆشه له مردووكانمان پاڵه‌وان ساز بكه‌ین؟



ئه‌مڕۆ ڕۆژێكی ئارام بوو! ... ئارام، وه‌ک بڵێی له گۆشه‌ی قاوه‌خانه‌یه‌كی چۆڵ و نیوه تاریك دانیشتبێیت و لیوانێك چای گه‌رمت له پێش بێت و هه‌ر وا كه هه‌ڵمی چایه‌كه‌ هه‌ڵده‌كشێت و ده‌گاته چه‌نه‌ و گۆنا و چاوت و تۆ هه‌ست به گه‌رماكه‌ی ده‌كه‌ی و له په‌نجه‌ڕا ده‌ڕوانییه ده‌رێ، سه‌وزایی گه‌ڵاكانی گوڵدانی پێش په‌نجه‌ره ڕوانینت ته‌ر ده‌كات ... لیوانه چایه‌كه‌ت هه‌لدێنی و بێ ئه‌وه‌ی چاو له ده‌رێ هه‌ڵگری، له لێوتی نزیك ده‌كه‌یه‌وه و ورده ورده ده‌یخۆیه‌وه و لێ ده‌گه‌رێی گه‌رماكه‌ی له سه‌ر لیوت بنیشێت و ... تۆ خۆت ون ده‌بیت، له هه‌ڵمی چایه‌که‌تدا ، له ورده شه‌پۆله‌كانی مۆسیقایه‌ك ... یان له ئامێزی بیره‌وه‌رییه‌کدا ...

ئه‌مڕۆ ڕۆژێكی ئارام بوو ...



August 5, 2003

گوڵـــــم؛
ده‌زانی، ئه‌گه‌ر هیچ ناڵێم، به‌و مانایه نییه كه له‌بیرم كردووی. تۆ بۆ من له‌وانه‌ی كه ته‌نانه‌ت نه‌دیتنیشت نابێته هۆی كاڵ ‌بوونه‌وه‌ی بوونت له ژیانما! هه‌میشه هه‌یت، هه‌میشه ده‌بیت! جا چ دوو گه‌ره‌ك ئه‌وبه‌رتر، چ وڵاتێك دوورتر! هه‌موو ڕۆژێ ده‌گه‌ڵ ‌خۆم ده‌ست پێده‌كرێیه‌وه ... بچمه هه‌ر جێیه‌كیش و هه‌ر كارێكیش بكه‌م ، تۆم له بیره! یانی دوو حاڵه‌تی هه‌یه، یان بیرت ده‌كه‌م و ده‌ڵێم بڕیا لێره بایی و یان بیرت ده‌كه‌م و ده‌ڵێم باش بوو لێره نه‌‌بوو، كه ئه‌وه‌ش هه‌ر یانی تۆم له بیره!

چوار مانگ تێپه‌ری! چوار مانگی ناخۆش، چوار مانگی بێتام ناخۆش! هه‌ست ده‌كه‌م ئیتر ئێستا كاتی خۆیه‌تی ورده ورده عاده‌ت به نه‌بوونت بكه‌م! ده‌بینم هه‌ندێك "كه‌وانه‌"م كردۆته‌وه و هه‌روا به جێم هێشتووه! ده‌ڵێم ڕه‌نگه باشتر بێت ورده ورده "كه‌وانه‌كانی" ژیانم كه‌مێك كۆ كه‌مه‌وه و هه‌ندێكیان داخه‌م! وه‌ك... وه‌ك بریای دیتنی تۆ! بریای بوونی تۆ. ئه‌وه‌ش ڕاستیت ده‌وێ شتێك نه‌‌بوو كه من خۆم به بیرمدا هاتبێت، نا! به‌ڵام له بیرته ئه‌و ڕۆژه‌ی كه بۆ یه‌كه‌م جار وشه‌ی" قه‌ت"، ئه‌وها ئاسایی و به ئاسانی به سه‌ر زمانمانا هات، دڵم له‌رزیی ... زۆر ده‌مێك بوو ئاوا تاڵ ‌نه‌گریا بووم. باوه‌ڕم به‌و كۆتاییه‌ نه‌بوو! ... نازانم، ده‌توانم ناوی بنێمه كۆتایی ؟

گرفته‌كه ئه‌وه‌یه هه‌رچی بیر ده‌كه‌‌مه‌وه، نازانم "ئێمه" له كوێرا ده‌ستی پێكرد، ده‌زانی؟ ده‌ڵێی"ئێمه" هه‌ر بووه‌ و ده‌ڵێی پێش"ئێمه‌" هیچ شتێك نه‌بووه، بۆیه من هیچم وه‌بیر نایه ... نازانم هه‌موو شتێك له كوێرا ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام ده‌زانم ئه‌و ڕۆژه، ئه‌م چركه‌یه، سه‌ره‌تای زۆر شت بووه بۆ من، له مندا. جا ئێستا سه‌یره، شتێك كه سه‌ره‌تایه‌كی نه‌بوو بێت چۆن كۆتایی پێدێت ؟ ...

بۆشاییه‌كانی دنیای ده‌روونم ئێستا زۆر گه‌وره بوون، ئه‌وه‌ش، ده‌زانی، هێز بۆ مرۆڤ ‌ناهێڵێت! ماندووی ده‌کات! سه‌رده‌مێك بوو له چنگ تاڵی و تارماییه‌كان و ته‌م و مژی ده‌ره‌وه هانام برده ده‌روونی خۆم و ده‌رگام له سه‌ر خۆم گاڵه دا، ئه‌وه‌ش به شێوه‌ی خۆی یارمه‌تی دام ڕێگه‌ی گه‌رانه‌وه بدۆزمه‌وه! به‌ڵام ئیتر، ئێستا ... بۆشایی ...

چوار مانگ تێپه‌ری! چوار مانگی ناخۆش!
ئه‌مڕۆ حه‌زم ده‌كرد هه‌روا بڕۆم و بڕۆم و بڕۆم ... له هه‌رچی ڕێگه‌ی ئاشنا بوو خۆم ده‌پاراست، ویستم له هه‌رچی تۆم وه‌بیرده‌خاته‌وه، خۆم حه‌شارده‌م، كه‌چی زۆر به لاساری ده‌گه‌ڵما هاتی، ده‌گه‌ڵما بووی و ته‌نانه‌ت یه‌ك چركه‌ش دواێنی بیرت به‌رنه‌دام . چوارمانگ تێپه‌ری و من هێشتا عاده‌تم به نه‌بوونی تۆ نه‌گرتووه، هێشتا بێ خه‌به‌ریت تاڵترین ئازاره و هێشتا هه‌ر چركه‌یه‌ك به هیوای بیستنی تۆم ... سێبه‌ری تۆ به سه‌ڕ ڕۆژ و شه‌وه‌کانمدا شۆر بۆته‌وه ...

نامه‌وێ بڕۆم، باوه‌ركه! نامه‌وێ هیچ شتێك له بیر بكه‌م، به‌ڵام دره‌نگ یا زوو ده‌بێ له جێیه‌كڕا ده‌ست پێبكه‌م! ده‌بێ فێربم ده‌گه‌ڵ نه‌بوونتدا بژیم. ده‌بێ فێربم چیتر چاوه‌ڕوانت نه‌‌بم. ده‌بێ باوه‌ر بكه‌م ناگه‌رێیته‌وه! ( ناگه‌رێیته‌وه، نا؟... نا، خۆت وتت!) ده‌بێ فێر بم ده‌گه‌ڵ كه‌سی تر بتبینم یان بتبیسم! خۆ ده‌زانم ڕۆیشتن له باری خۆشه‌ویستیم كه‌م ناكاته‌وه ... به‌ڵام جۆرێك هیوادارم ئه‌م گریانه قورگم به‌ردا ......

چوار مانگ تێپه‌ڕی! ڕاستیت ده‌وێت هێشتا نازانم ژانی ئازاری دووریت زۆرتره یان خه‌می نامۆیی نێوانمان !؟‌

بمبووره ئه‌گه‌ر هێشتا خۆشمده‌وێی ....



August 4, 2003

ئه‌م شه‌وه‌ش تێده‌په‌رێت ... بێ یان ده‌گه‌ڵ ‌تۆدا، بێ یان ده‌گه‌ڵ‌ مندا. ئه‌م شه‌ویش تۆ وه‌ک سێبه‌ر له ته‌ڕایی نیگای مندا ده‌خزییه خوار و ده‌كه‌وییه ناو داوێنی بیره‌وه‌رییه‌كان ... و من دیسان به هه‌ر به‌شێكی گیانی تینووم داوای تۆ بكات ده‌ڵێم:‌ ڕۆیشتوویی! چاوه‌كانم، ده‌سته‌كانم، لێوه‌كانم، قژم ... هه‌موو داوای تۆ ده‌كه‌ن ... ده‌یانه‌وێت بزانن كه‌ی دێیه‌وه!

پێیان ده‌ڵێم: نازانم كه‌ی، به‌ڵام دڵنیام ڕۆژێك دێته‌وه تا ئه‌و به‌شه‌ی دڵیی كه لای من جێ ماوه‌، بیباته‌وه ... به‌س نازانم ئه‌و ڕۆژه من ده‌مێنم یان نا ...

نیوه شه‌وه‌ و تۆ ده‌گه‌ڵ تا و تاریكی دووپات ده‌بییه‌وه ...



August 3, 2003

ڕۆژێك كابرایه‌ك ده‌چێت بۆ لای خوا و ده‌ڵێت : خوا گیان سه‌ڕم لێشێواوه، ون بووم، تكایه ڕێی به‌خته‌وه‌ریم نیشان بده! خوا چاوێكی لێده‌كات و د‌‌ڵێت: زۆر باشه! به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌وا زۆر گه‌رمه، بڕۆ لیوانێك ئاوی ساردم بۆ بێنه و وه‌ره‌وه با پێت بڵێم!

كابرا ملی ڕێگه ده‌گرێت و ده‌روا تا فێنكترین و خۆشترین ئاوی دونیا په‌یدا بكات و بۆ خوا به‌رێت. به‌ڵام له ڕێگه دوو چاوی جوان ده‌بینێت و عاشق ده‌بێت و هه‌ر خوای له بیر نامێنێت و له بیر ده‌كات به‌دوای چیدا ده‌گه‌را!

چه‌‌ند ساڵ تێده‌په‌رێت، تا ڕۆژێك تۆفانێكی سه‌یر هه‌ڵده‌كات و باران وه‌ك گۆزه‌ی سه‌ره‌وژێر داده‌كات و هه‌موو شت وه‌سه‌ر ئاو ده‌‌خات و هه‌موو جێیه‌ك وێران ده‌‌كات و كابراش كه هیچ هیوای نه‌ماوه هاوار ده‌كات: خواااااااا گیان هاواااااااار، به دادم بگه!

كابرا له پڕ ده‌نگێك ده‌بیستێت ... ده‌‌‌نگێك كه ده‌ڵێت: ئه‌و لیوانه ئاوه‌ی داوام لێكردبووی چی لێهات ؟!؟!؟!



August 2, 2003

حه‌ز ده‌كه‌م چاو له سه‌ر یه‌ك دانێم! حه‌ز ده‌كه‌م گوێم له هیچ نه‌بێت! حه‌ز ده‌كه‌م خۆم بم و ده‌نگی عود ... نه ڕابردوویه‌ك، نه داهاتوویه‌ك ... نه ته‌نانه‌ت ئێستایه‌ك!! حه‌ز ده‌كه‌م چاو له سه‌ر یه‌ك دانێم و له خۆم دوور ببمه‌وه! حه‌ز ده‌كه‌م ئیتر بیر له هیچ شتێك نه‌كه‌مه‌وه ... هیچ شتێك! حه‌ز ده‌كه‌م هێنده له خۆم نپرسم بۆ ؟ ... بۆ ؟ ... بۆ؟ حه‌ز ده‌كه‌م بڕۆمه جێیه‌کی دوور، زۆر دوور! به‌رز، زۆر به‌رز! حه‌ز ده‌كه‌م زه‌مان نه‌بێت، هیچ‌ زه‌مانێك! مرۆڤ نه‌بێت، هیچ مرۆڤێك! شوێن نه‌بێت، هیچ شوێنێك! ته‌نیا بۆشاییه‌كان ! من... بۆشایی... بێ هیچ ‌زه‌مه‌نێك ... بێ هیچ بیرێك !

****
كه‌ی گرینگه؟ من هه‌بم، تۆ هه‌بیت، نه‌بین! بوون یا نه‌‌بوون. نووسین یان نه‌نووسین... ڕۆژێك هه‌موو شتێك ته‌واو ده‌بێت. ته‌نانه‌ت ده‌نگیش! ئه‌وه‌نێ ئێستا ئیتر ده‌نگت نییه! نه‌ماوه! ئه‌وه‌نییه من تاسه‌ی ده‌نگت ده‌كه‌م ...

***
چاوم له سه‌ر یه‌ك داناوه! گوێم له ده‌‌نگی عوده و بیر له‌و شه‌وه‌ی ده‌که‌مه‌وه هه‌ناسه‌كان تێكه‌ڵاوی ده‌‌نگی عود بوون! چاوم له سه‌ر یه‌ك داناوه! نا، هیچ شتێك ناتوانێ من له خۆم بستێنێت! ئه‌و نامۆییه پێی ناگاته ئه‌و دنیایه‌ی له قوڵایی دڵم سازت كردووه! لێره من ته‌‌نیام! نامۆیی نییه! لێره هیچ ‌هه‌ستێك سه‌ری لێنه‌شێواوه! لێره هه‌ر منم و دڵم و ده‌نگی عود و هه‌ناسه ... ئیتر هیچ !




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------