September 29, 2003
چه‌ند رۆژێكه بای دێت و سارده! خۆره‌تاوی پایزی وا دیاره دڵی له‌و ئاسامنه خۆڵاوییه نابێته‌وه، هه‌ر جارنا جارێ خۆیی و تیشكێكی بێتینی ڕوو ده‌نوێنن و زوو ون ده‌بنه‌وه. كۆمه‌ڵێك كچی جوان هێشتا خه‌ریكی ڕه‌ق به‌ڕه‌قایه‌تی ده‌گه‌ڵ سه‌رمای ئه‌و وه‌رزه‌ن. ئه‌وه‌ی ده‌توانی له جله هاوێنێكانیان و خۆ هه‌ڵخستنیان له ژێر تیشكی بێتینی خۆردا ببینیت. له پشووكانی نێوان دوو ده‌رسدا، هه‌رای جه‌ماعه‌ت له تله‌فوون و ڕیز بوونی میلله‌ت بۆ كڕینی چایی و قاوه، دیمه‌نێكه قه‌ت ناگۆڕدرێت. مامۆستاش هه‌موو ڕۆژێ ده‌ێت و ماوه‌یه‌ك چاوه‌روانی هاتنه‌وه‌ی هه‌مووان ده‌كات و دوایی به ئارامی ده‌لێت : "جاران، ئه‌وه‌نده‌ی من له بیرم بێت، ده ده‌قیقه قه‌ت ئه‌وه‌نده دوور و درێژ نه‌بوو ... " منیش ئه‌گه‌رچی هه‌وڵم داوه هێشتا نه‌متوانییوه ده‌ست له شێوه‌ی ژیانی "شێتانه‌ی" خۆم هه‌ڵگرم. كه‌م ده‌خه‌وم و كه‌م ده‌خۆم و كه‌م ده‌دوێم. گۆڤان گوتی "جلال آل احمد" گوتوویه‌تی: "مرۆڤه‌كان یان ده‌ژین یان بیر ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌و ده‌لێت من( یانی ته‌وار) نه ده‌ژیم و نه بیر ده‌كه‌مه‌وه. ویستم به شێوه‌یه‌ك پێی بسه‌ڵمێنم وا نییه، به‌ڵام تاقه‌تم نه‌بوو "بیری" لێبكه‌مه‌وه... نا، بۆ چی پێویسته من شتێك بسه‌لمێنم؟ پێوه‌ر و پێوانه‌كان... نا، من و كاك جه‌لال خواشمان یه‌ك نییه! له سێهه‌م دێڕی نامه‌که‌تدا نووسیوته :" مردن یانی ژیان له بیره‌وه‌رییه‌كانی ڕابردوو". له بیرم بێت پرسه‌یه‌ك بۆ خۆم دانێم. ئه‌مجاره‌یان به‌ڵام ئه‌گه‌ر نامه‌ت نووسی كه‌متر له سی لاپه‌ره‌ی بنووسه با من له كۆڵانی نامۆی پشت وشه قورسه‌كانیی، ڕێگه‌ی گه‌رانه‌وه ون نه‌كه‌م. ده‌خیلت بم تۆزێ بۆنی نانی گه‌رم و گه‌رمای ڕوانینی نیگات بنێره با من لێره كلێن و قوژبنه‌كانی پێ پڕ كه‌مه‌وه. هاورێم پێوانه‌ی به‌خته‌وه‌ری هه‌ر كه‌س تایبه‌ته. جا كه تۆ دێی ده‌لێی:" تۆ به‌خته‌وه‌ریی و ناشكوور"، لێت ده‌گه‌رێم چۆنت پێ خۆشه وا بیر بكه‌یه‌وه. به‌ڵام بریا وتبات بۆ من كه دیواری ئیمانم ڕووخاوه و هه‌موو خواكانم له ژێریدا چاڵ بوون، هات و شكوورانه بژێریم هات، ڕوو له كوێ بكه‌م؟ تێده‌په‌رێت، ڕۆژه‌كان ده‌لێم. نه‌خه‌مه! تا پایز هه‌یه و تا ده‌مه‌و زه‌رده‌په‌ر جوانترین ڕه‌نگه‌كانی سرووشت دێن و داوێنی ئاسۆ ده‌رازێنه‌وه و چاوی منی پێده‌ڵاوێنه‌وه، تا باران هه‌یه و تا من " ئــــــــــه‌وم" خۆشده‌وێت، به‌خته‌وه‌ری شان به شانم دێت ...
September 27, 2003
ڕه‌زبه‌ریش هات، جێ پێی له سه‌ر گه‌ڵای داره‌كان دیاره. ڕ‌زبه‌ر بۆ من پڕه له بۆنی مه‌دره‌سه ، هه‌نار... بۆنی كاغه‌ز ... خشه‌ی پێنووس ... بۆنی گڵ ... ! پڕه له ڕۆژی ڕه‌نگاوڕه‌نگ، ساتی سوور و ناره‌نجی! ڕه‌زبه‌ر پڕه له ده‌نگی خشه خشی گه‌ڵای وه‌ریو و هه‌ناسه‌ی فێنكی شنه ... ڕه‌زبه‌ر سه‌ره‌تای ئه‌و شه‌وانه‌ی زوو ده‌ست پێده‌كرێن و دره‌نگ ته‌واو ده‌بن ... ئه‌و شه‌وانه‌ی پڕن له بیره‌وه‌ری و ... ڕه‌زبه‌ر لێره‌یه! ... بریـــــــــــــا تۆش لێره بایی .....
September 26, 2003
ئه‌مینه ده‌ڵێت:" بۆ درووست بوونی منداڵ دوو كه‌س پێویسته. بۆ ته‌نیا من سزا ده‌درێم؟ " به‌ڵام یه‌حیا مه‌حه‌ممه‌د، ئه‌و پیاوه‌ی ئه‌مینه په‌یوه‌ندی سێكسی ده‌گه‌ڵ هه‌بووه و بابی منداڵه‌كه‌یه، به هــــــــــــــۆی نه‌بوونی چوار شایه‌ت كه به پێی یاسای شه‌رع پێویسته، سزا نادرێت و بێ‌تاوان ده‌ناسرێت. حوكمی به‌رده باران كردنی ئه‌مینه هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و ڕه‌نگه بتوانێ وه‌ك مڕۆڤێكی ئاسایی درێژه به ژیانی بدات، ئه‌گه‌ر تاكه كه‌سێك، به ناوی نامووس و غیره‌ت قۆڵ بۆ كوشتنیی هه‌ڵنه‌ماڵێت! به ڕاست ئێوه ده‌تانزانی كه به پێی یاسای شه‌رع ئه‌و شته ده‌گونجێت و ژن ده‌توانێ تا پێنج ساڵ پێش "زان" ، حامله بێت؟ مه‌به‌ست : یــــــــانی به پێی یاسای شه‌رع ده‌گونجێت كه ژنێك تا ماوه‌یه‌كی زۆر پاش جیابوونه‌وه له مێرده‌كه‌شی و ته‌نانه‌ت زۆر پێشتر له "له دایك بوونی منداڵ"، ئاووس بێت یا sperm پیاوی له ناو منداڵدانی خۆیدا هه‌بێت!!! ئه‌و ماوه‌یه به پێی یاسای شه‌رعی ئیسلام 5 ساڵه! وه‌كیلی ئه‌مینه به یارمه‌تی وه‌رگرتن له‌م یاسا شه‌رعییه، توانی حوكمی به‌رده باران كردنی ئه‌مینه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه! واته "له‌وانه‌یه" ئه‌و كچه‌ی ئه‌مینه كه ئێستا 2 ساڵێتی له مێردی پێشووی بێت. دیسان یانی sperm ی ، مێردی پێشووی له منداڵدانی ئه‌مینه‌دا ماوه‌ته‌وه و دوای دوو سێ ساڵ ئه‌مینه تازه ئاووس بۆت !!!! به عه‌قلییه‌تێك كه باوه‌ڕی به یاسای ئاوایه ده‌بێ پێبكه‌نین یا بگرین؟
September 23, 2003
كه‌مێك بیرم كرده‌وه باسی چیت بۆ بنووسم. باسی خۆم؟ خۆت؟ سه‌رده‌مێك كه تێیدا ده‌ژین؟ دوورییه‌كان؟ دابڕان؟ دوو دڵییه‌كان؟ له‌و هه‌ستانه‌ی به ده‌ستی گومان خنكاندران؟ له خۆشه‌ویستییه‌كی "نائاسایی" كه نه‌یتوانی به سه‌ر شته "ئاساییه‌كان"دا زاڵ بێت؟ ... بۆت بنووسم كه دیسان پایزه و كۆڵێك بیره‌وه‌ری گه‌مارۆیان داوم! كه باران ده‌بارێ و تۆ لێره نیت بچینه پیاسه كردن، تا تۆ گۆڕانی " قژ كاڵی لێو ئاڵم" بۆ بڵێی ؟ كه دیسان پێش پێی داره‌كان پڕه له گه‌ڵا زه‌رده ته‌ڕه‌كان كه له ژێر پێم ورد نابن و خشه‌یان نایه! .... نـــــــا، وتم با باسی ڕۆیا بكه‌م كه تا ئه‌و په‌ڕی بێ كۆتایی بیری ده‌كه‌م... یان باسی ئه‌وانه‌ی دوو ساڵه به بێده‌نگی خۆیان كه‌ڕیان كردووم! وتم پێت بڵێم چه‌ند حه‌ز ده‌كه‌م بۆ جارێكیش كه بووه ڕامان ببینم و له ئامێزی بگرم. وتم باسی ڕادین بكه‌م كه ئێستا ئیتر ئه‌وه‌نده گه‌وره بووه كه له باوه‌شی مندا جێگه‌ی نابێته‌وه... نــــــــــا،پێموانه‌بوو تاقه‌تی بیستنی چیرۆكی منت هه‌بێت. وتم با باسی "سه‌میرا" بكه‌م كه 16 ساڵی بوو و مێرده‌كه‌ی كوشتی. یان مه‌رزه كه ئاگری له خۆی به‌ردا. وتم باسی "ئامینه" بكه‌م كه حوكمی به‌رده باران كردنه‌كه‌ی نه‌گۆڕدرا و دره‌نگ یان زوو به پێی یاسایه‌كی دژ به مڕۆڤایه‌تی ده‌كوژرێت. وتم باسی "به‌هار" بكه‌م كه له‌م ڕۆژانه له سێداره ده‌درێت ... وتم به‌شكوو پێم بڵێی ئه‌و دونیایه به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟ كه‌مێك بیرم كرده‌وه، دیم چ فایده! ئه‌وانی "ده‌بێ"، خۆ نایه‌ن ئێره بخوێننه‌وه. نه تۆ ڕێگه‌ت لێره ده‌که‌وێت تا بیخوێنێوه و بزانی " بێ تــــــــــۆ چــــــــۆنم" ... نه ڕۆیا و ڕادین و ڕامانیش ... نه ئه‌وانی حوكمی به‌رده‌بارانی "ئامینه" مۆر ده‌كه‌ن و نه ئه‌وانی به‌هار له سێداره ده‌ده‌ن ... هه‌ر بۆ ئه‌و چه‌ند دێره‌ش كه نووسیم، ده‌بێ خۆم بۆ به‌ردی چه‌ند ته‌شه‌ر ئاماده بكه‌م كه ده‌ڵێ تـــــــــــــــه‌وار هه‌ر قوڕ ده‌پێوه ... به هه‌ر حال ئه‌گه‌ر له حاڵی من ده‌پرسی خراپ نییه بزانی خه‌می دووری له "دڵمه" داگیری كردووم ... "
September 17, 2003
ده‌توانی چاو له سه‌ر یه‌ک دانێی و بچیه ژێر باران و تا حه‌ز ده‌كه‌ی ته‌ڕ‌بیت. ده‌توانی له ژێر باران بڕۆیی و گوێ بۆ جوان حاجو ڕاگری و بیر له‌و كچه نه‌كه‌یه‌وه بابی "دوو دڵۆپ تێزابی به قاچیا كرد با نه‌چێته ده‌رێ و نه‌سیحه‌ت وه‌ر گرێت". ده‌توانی هه‌روا كه ده‌ڕۆیی و ته‌ر ده‌بی بیر له مانای "دوو دڵۆپ" له زمانی شیرنی كوردیدا نه‌كه‌یه‌وه با سه‌ڕت سووڕ نه‌مێنێت. ده‌توانی ده‌نگی جوان حاجو به‌رزتر بكه‌یه‌وه و بیر له‌و كچۆڵه بێنازه نه‌كه‌یه‌وه "دایكی چه‌قۆی له چاوی ڕۆكرد و كوێری كرد... چوونكه هێزی به مێرده‌كه‌ی كه هه‌موو ڕۆژێ لێیده‌دا و ئازاری ده‌دا نه‌ده‌گه‌یشت! " ده‌توانی له سه‌ر جۆلانه ڕه‌شه‌كه‌ی باخچه‌ی بێ گوڵی پێش مالی خۆت دانیشی و بیر له له‌شی سووتاوی چه‌ند كچی میرمنداڵ له باشوری كوردستان و له‌شی بێ‌گیانی كچێك له كوێره دێیه‌كی زاهیدان، نه‌که‌یه‌وه. ده‌توانی چاو له سه‌ر یه‌ك دانێی و خۆت بده‌یه ژێر بارانی پایز و بیر له‌و ته‌رمانه نه‌كه‌یه‌وه كه بایخیان به قه‌د هه‌والێكی بچووك له گۆشه‌ی چه‌پی لاپه‌ره‌ی ڕۆژناه‌یه‌ك بووه! ده‌توانی ده‌نگی خۆشی جوان حاجو ئه‌وه‌نده به‌رز كه‌یه‌وه تا چیتر بیر نه‌كه‌یه‌وه له‌و كچۆڵه 13 ساڵه‌ی بابی كوشتی چونكه نه‌یویست له لای پێره پیاوێكی 80 ساڵه كه به یه‌ك میلۆن كریبوویه‌وه، دانیشه... تا سێبه‌ری بیری ئه‌و كچه 9 ساڵه‌ی مامۆی ده‌ست درێژی پێكرد قورسایی نه‌خاته سه‌ر زه‌ینت! به تۆ چی ئه‌و شتانه! ئه‌وانه ته‌نیا هه‌واڵی ناو ڕۆژنامه‌كانه! ئه‌وانه ته‌نیا له دنیایه‌كی دوور، زۆر دوور ڕوو ده‌ده‌ن! به تۆ چی ئاخر ... به تۆ چی "ڕوناك فه‌رج" به كچێكی له‌ش برینداری بێ ده‌ره‌تان ده‌لێ:" بۆ یاخی بووی". به تۆ چی ئاخر بچی هه‌نبانه بۆرینه هه‌ڵده‌یه‌وه و له مانای وشه‌ی یاخی بوون بگه‌رێی، ئه‌ی، نه‌كا تا ئێستا به هه‌ڵه‌ی تێگه‌یشتبێی! به تۆ چی كچێكی له‌ش سووتاوی بێ ده‌ره‌تان ده‌لێ :" له چاوی هه‌موو پیاوێكدا بابی خۆم ده‌بینم، بۆیه ڕقم له هه‌موو پیاوێك ده‌بێته‌وه و حه‌زم له ئازاردانیانه"، به تۆ چی كه‌س هاواری كچێكی له‌ش سووتاوی بێ‌ده‌ره‌تان نابیستێ كاتێك ده‌لێ :"من له شوێنێك ده‌گه‌ڕام تێدا بحه‌سێمه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی تێدا ته‌ریق بكرێمه‌وه و دایكم به چاوی پڕ له فرمێسك به‌رامبه‌رم دا‌نیشێت" ... ده‌نگی جوان حاجو تا ده‌توانی به‌رز بكه‌وه و له بیر خۆت به‌ره‌وه له سه‌رده‌می ئێمه مڕۆڤ هه‌رزانترین كاڵایه! له بیر خۆت به‌ره‌وه له سه‌رده‌مێكی بۆگه‌نیودا ده‌ژیت. له بیر خۆت به‌ره‌وه ئێره و ئه‌وه‌ی نییه، مڕۆڤ بۆ له ناو بردنی مڕۆڤ قۆڵی هه‌ڵمالیوه... له بیر خۆت به‌ره‌وه له به‌شێكی ئه‌م دونیایه منداڵ له ڕیزی مرۆڤ داناندرێت ... دانیشه به‌شكوو گه‌رمای سۆزی ده‌نگی جوان حاجو سه‌هۆڵبه‌ندانی گیانت بتوێنێته‌وه ... دانیشه به‌شكوو باران ته‌پ و تۆزی ئه‌م ته‌مه‌ت له ڕوو بشواته‌وه ... دانیشه به‌شكوو ئه‌م گریانه گرێی ئه‌م خه‌مه‌ت بكاته‌وه ... دانیشه، بیر مه‌كه‌وه ... بۆ خۆشت ده‌زانی باشتره چیتر ڕۆژنامه‌كان نه‌خوێنێوه!
September 14, 2003
ڕۆژه‌كان تێده‌پڕن! به خۆم ده‌گووت با ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ش تێپه‌رێت، هه‌موو شتێك باشتر ده‌بێت. به خۆم ده‌گووت قه‌ی ناكا، با ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ش بڕوات و ئێمه نه‌زانین له كوێ وه‌ستاوین و له كوێ یه‌كترینمان هه‌یه، دوایی هه‌موو شتێك باشتر ده‌بێت... چه‌ند ڕۆژه‌که تێپه‌ری... چه‌ند ڕۆژی تر ده‌بێ تێپه‌رێت؟ ده‌بێ بنووسم، بێده‌نگی ده‌ستی ناوه‌ته قورگم. ده‌بێ بنووسم .. دووگمه‌کانی كێیبورد داده‌گرم، ده‌بێ بنووسم، ده‌بێ بیر بكه‌مه‌وه. ده‌بێ به ده‌نگی به‌رز بیر بكه‌مه‌وه. ده‌ترسم نه‌نووسم ئه‌و گه‌رمایه‌ی جار نا له‌ناو دڵما سه‌ر هه‌ڵده‌دات، نه‌مێنێت! ده‌ترسم ئه‌گه‌ر نه‌نووسم ئه‌و هه‌سته سه‌ر لێشێواوه له بێده‌نگیدا بتوێته‌وه! ده‌ترسم ئه‌گه‌ر نه‌نووسم باوه‌ر بكه‌م تازه هیچ شتێك باشتر نابێت! ده‌ڵێ ماوه‌یه‌كه تاڵه قسه‌كانت. ده‌لێم ماوه‌یه‌كه نامۆین به یه‌كه‌وه! ده‌ڵێ ورده‌و، هه‌موو بۆ یه‌ك بێگانه‌ین! ده‌لێ: دنیا هه‌ر وانابێت، ڕۆژی باشتر به‌رێوه‌یه. هیوات هه‌بێت! ده‌لێم ئه‌گه‌ر هیوا نابا، ئێستا لێره ده‌بووم؟ ده‌لێ: شاد به! تاڵ مه‌به ... تاڵی ... وڵامێكم بۆی نییه! فڕێدانی ماسك دژواره! له پشت ئه‌و په‌نجه‌ره خۆڵه مێشییه‌وه هاوار كردن ئاسانه! فێر بووین بیره‌كانمان ته‌نیا ده‌گه‌ڵ ته‌نیایی به‌ش بكه‌ین! لێره‌وه كه كه‌س ناتبینێت، كه كه‌س ناتناسێت "خۆت بوون" ئاسانتره! نامێهره‌بانییه‌كان كه‌متر ئازارت ده‌دات. له قسه ڕه‌قه ڕقاوییه‌كان كه‌متر ئێشت پێده‌گات! ڕۆژه‌كان تێده‌پڕن ... حه‌فته‌كان ده‌بن به مانگ! به خۆم ده‌گووت چه‌ند ڕۆژی‌تر تێپه‌ربێت، هه‌موو شتێك باشتر ده‌بێت ... ئه‌وه چه‌ند رۆژی‌تریش تێپه‌ری! ... ئه‌رێ زۆری ماوه؟
September 11, 2003
دوو ساڵ له 11 سێپتا‌مبر تێپه‌ڕێ! دوو ساڵ له‌و ڕۆژه‌ی "دنیا" زانیی به هه‌ڵه چووه و زڵ هێزێكی وه‌ك ئه‌مریكاش ده‌توانێت بكه‌وێته به‌ر هێرش، تێپه‌ڕی. دوو ساڵ له‌و ڕۆژه‌ی سه‌دان و هه‌زارن مرۆڤی بێ‌تاوان له گۆشه و كه‌ناری دونیا مردن تێده‌په‌رێت، به‌ڵام ته‌نیا، هه‌ر بێتاوانه‌كانی " نیۆیۆرك" له بیر ماون و ئه‌مڕۆ مۆمیان بۆ داده‌گیرسێت!
September 9, 2003
1) ئه‌مڕۆ كه هه‌روا خه‌ریكی نووسین بووم و لاپه‌ره‌كانی ده‌فته‌ره‌كه‌م خێرا خێرا هه‌ڵده‌داوه، تووشی ڕسته‌یه‌ك بووم كه به تاقی ته‌نیا له ناوڕاست لاپه‌ره‌یه‌كی سپی نووسرابوو : " دۆینێ، ئه‌مڕۆ هه‌میشه بیرت ده‌كه‌م. سه‌رزل خۆشمده‌وێی" نه‌منووسیوه كه‌ی نووسراوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مرۆش ویستبام شتێك بنووسم هه‌ر ئه‌وه‌م ده‌نووسی ! 2) "ڕۆژی له دایك بوونی فاتمه‌ی زارا، ڕۆژی ژنت لێ پیرۆز بێت" ده‌ی من زۆرم هه‌وڵ دا خۆمی لێ گێژكه‌م، به‌ڵام كه ئه‌مڕۆ بۆ باری نازانم چه‌ندم پیرۆزباییان لێكردم سه‌ڕم سووڕ ما... فاتمه‌ی زارا ... هممممم ، ڕۆژی ژن ... ئاهااااا ... پیرۆزه !!! پیرۆزه ؟؟؟؟؟ 3) " ئه‌و جۆره‌ی تۆ باسی مافی ژنت ده‌كرد، قه‌ت پێموانه‌بوو شوو بكه‌ی". خۆم زۆرم هه‌وڵدا حاڵی بم كه شوو كردن و باسی مافی ژن كردن چ په‌ێوه‌ندییه‌كی به‌یه‌كه‌وه هه‌یه! دیاره ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه بێت كه چوونكه داوای مافی خۆت ده‌كه‌ی و تا ڕاده‌یه‌كی ئاگادری مافه‌كانی خۆتی، ئه‌و چاوه‌روانییه هه‌یه كه نه‌بییه ژێر چه‌پۆكه و ژیانێكی به‌رابه‌ر و یه‌کسانت ده‌گه‌ڵ هاورێ و هاوده‌می ژیانت هه‌بێت ، ئه‌وه من تێده‌گه‌م و پێشموایه چاوه‌روانییه‌كی به جێ و ڕه‌وایه! به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه بێت كه نا، چوونكه تۆ ده‌ڵێی مافی ژن پێشێل ده‌کردرێت و ده‌گه‌ڵ پیاو یه‌كسان چاولێناكردرێت، كه‌وابوو " نــــــابێت" شوو بكه‌ی و هیچ پیاوێكت خۆش بوێت! من له‌و ئارگومێنته تێناگه‌م و باوه‌ریش ناكه‌م كه‌مترین مانای هه‌بێت! ئه‌گه‌ر باش بۆ شته‌كان بچین هیچ پێویست ناكات "پاك و پیس" تێكه‌ڵ كه‌ین و هه‌موو به ئاگرێك بسووتێنین. ئه‌وه‌م له‌و ماوه‌یه به هاورێكانی خۆم وتووه و دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه له پێشێل كردنی مافی ژن، ته‌نیا پیاو نییه كه تاوانباره. ئێمه‌ی ژن له نه‌شكانی ئه‌و بازنه داخراوه به‌شمان هه‌بووه و هه‌یه!
September 6, 2003
لێم بۆت به مه‌رقه‌دی شێخێك، پیاوچاكێك! دێم به‌رامبه‌ری داده‌نیشم، چاوی تێده‌بڕم. ده‌ست ده‌به‌م كه‌مێك ده‌نووسم، زۆر نا، هه‌ر دوو سێ دێڕ ... ده‌یسڕمه‌وه! هه‌ڵده‌ستم ده‌ڕۆم كه‌مێك كتێب ده‌خوێنمه‌وه. نامه‌یه‌ك كه هێشتا نازانم بۆ كێی ده‌نووسم، درێژه پێده‌ده‌م. تاقه‌تم نامێنێت، ده‌ست هه‌ڵده‌گرم، كتێبه‌که‌ش وه‌لا ده‌نێم. جوان حاجو ده‌خه‌مه سه‌ر و گوێ ده‌ده‌مێ... ده‌چمه‌وه سه‌ر نامه نووسین، خشه‌ی پێنووس له سه‌ر لاپه‌ره‌كه هه‌ستێكی خۆشم تێدا زیندوو ده‌كاته‌وه... سێ لاپه‌ڕه‌م نووسیوه، نازانم بۆ كێی ده‌نێرم، نازانم قه‌ت بۆ كه‌سی ده‌نێرم یا نا! دێمه‌وه ئێره، ده‌ست ده‌كه‌م به نووسین، ئه‌مجاره‌یان ده‌زانم بۆ كێ ده‌نووسم... ده‌مه‌وێت بۆت باس بكه‌م چۆن فێر ده‌بیت ئیتر چاوه‌روانی وڵامی نامه‌كانت نه‌بیت و چۆن به سه‌ر "خانوو به‌تاڵه‌كانی" ژیان بازده‌ده‌ی و بۆشاییه‌كان له بوخچه‌یه‌كدا جوان جوان ده‌پێچێوه و له نازانم كوێی مێشك و دڵت حه‌شاری ده‌ده‌ی... ده‌مه‌وێت پێت بڵێم چه‌نده خۆشه گریانی ژێر باران، سه‌مای ژێر باران ... یان له سه‌ر جۆلانه‌یه‌ك دانیشی و گوێ بۆ مێلۆدییه‌كه‌ی ڕا‌گریت. ئاخر ده‌زانی مرۆڤ‌كه ته‌ڕ بوو، ئیتر له باران ناترسێت! ده‌مه‌وێت بۆت باس بكه‌م چ هه‌ستێكی هه‌یه له ناو " شته‌كان"دا ون بوون! له ناو كۆمه‌لێك مرۆڤدا هه‌ست به ته‌نیایی كردن! له جه‌نگه‌ی پێكه‌نیندا كه‌وتنه به‌ر هێرشی پڕمه‌ی گریانێك، گریانێكی تاڵ تاڵ! ده‌توانم لاپه‌ره‌كانی ڕۆژ ژمێری ته‌مه‌نم هه‌ڵده‌مه‌وه و پێت بڵێم كه‌ی بۆ له ناو ئاوێنه‌دا ون بووم، كه‌ی بوو چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆم بووم به‌ڵام هه‌ر نه‌هاتمه‌وه، كه‌ی بوو هاوارم بوون به هه‌ناسه و ... بوون به هه‌نیسك .... ده‌مه‌وێت بڵێم ته‌نیایی سنوورێكی هه‌یه، كه لێی ده‌رباز بوویی سێبه‌رت ده‌گه‌ڵت نایه! خه‌م سنوورێكی هه‌یه كه لێی ده‌رباز بوویی ده‌نگت ده‌گه‌ڵت نایه! ده‌مه‌وێت بڵێم ساتی وا هه‌یه زمان، گومان له وشه ده‌كات! .... قۆڵ هه‌ڵده‌ماڵم ئه‌و شتانه‌ت بۆ بنووسم، ئه‌مشه‌و به ده‌نگی به‌رز بیر ده‌كه‌مه‌وه...
September 2, 2003
ئه‌و كاتانه‌ی كه هه‌رچی هه‌وڵ ده‌ده‌ی ناتوانی بیر له شتێكی باش بكه‌یه‌وه، بــــــــــــریا ده‌كرا بیر له شتی ناخۆشیش نه‌كه‌یه‌وه. بـــــــــــــریا ده‌كرا كاتی ئاوا هه‌ر بیر له هیــــــــــــــــــــــچ نه‌كه‌یه‌وه! **** وتی: شتێكی قورسی خوار و خێچی ناله‌باره له سه‌ر دڵم بۆته گرێ... وتی: وه‌ك لاپه‌ڕه‌یه‌کی سپی سپی وایه كه په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش ڕه‌شی كه‌وتۆته سه‌ر ... وتی: ماندووم ده‌چم ده‌خه‌وم، شه‌و خۆش! وتی: سه‌خته، زۆر سه‌خت ... وتی: به‌ڵام بیستوومه ڕۆژێكی نوێ به‌ڕێوه‌یه .... |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|