March 30, 2004
March 26, 2004
گوڵــــــــم، ئێستا ئیتر بێده‌نگیی ژووره‌كه‌م، شه‌و ده‌گه‌ڵ شه‌و، زۆرتر زمان ده‌كاته‌وه. له سه‌ره‌تاوه ته‌نیا زایه‌له‌ی خۆڵه‌مێشی بێده‌نگیی بوو كه سێبه‌ری خستبوو سه‌ر دیواری میچی ژوورێ و شه‌وانه تا دره‌نگ ده‌مه خێچكه‌یی لێ ده‌كردم، دواتر كه ورده ورده، تێكه‌ڵاوی تارمایی ته‌نیاییه‌كانم بوو، قورس‌تر له هه‌میشه، خۆیی وه‌بیر د‌ه‌هێنامه‌وه. هه‌موو ئێواران كه دێمه‌وه دیبینم چۆن له سووچی ژووركه‌م دانیشتووه و په‌رده‌كانی داداوه‌ته‌وه و چاوی بریوه‌ته چاوی تاریكی. پێم وتبووی بێده‌نگی دڵی زۆر پڕه؟ هه‌موو ئه‌و قسانه‌یی من نایكه‌م، ئه‌و له خۆیدا حه‌شار داوه! هه‌ندێ جار لێی ده‌گه‌رێم بڕژێته ناو پارچه مۆسیقایه‌ك تا بۆشاییه‌كانیی خۆی پڕكاته‌وه. ده‌زانی، بێده‌نگی كه وه‌ده‌نگ دێت، هه‌نــــــدێ جار تاڵه، هه‌نـــــدێ جاریش سوێر! خۆشی وه‌ك منداڵێكی لاساری دڵناسك، هه‌نــــــــدێ جار سه‌یر، گڕوو ده‌گرێت ... بێده‌نگی كه دێت و سه‌ری قسان ده‌كاته‌وه، وڵامی زۆربه‌ی پرسیاره‌كانم ده‌داته‌وه. هه‌ندێ جار لێم ده‌بێت به به‌رۆكێك پڕ له بۆنی مێخــــه‌ك! هه‌نــــدێ جاریش باوه‌شیی تۆم وه‌بیر دێنێته‌وه. جارنا هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی حه‌زده‌كه‌م له تۆیی ببیستم و نایبیستم، پێم ده‌ڵێت! به‌لام هێشتا نه‌یتوانیوه جێی چۆڵیی پێكه‌نینه‌كانی تــــــــۆ پڕ كاته‌وه! ئاها، ئه‌وه‌ش بڵێم، ئه‌گه‌رچی بێده‌نگی هه‌موو شه‌وێ، ده‌ست له قۆڵی ته‌نیایی ده‌كات و دێته سه‌ردانم، به‌ڵام ڕاستیت بوێت، خۆشیم ناوێت، لێی ده‌ترسم. ده‌ترسم ڕۆژێك له‌م ڕۆژانه قوتــــــــم بدات! ده‌ترسم من له خۆیدا بتوێنێته‌وه. ده‌ترسم ڕۆژێك گیرۆداویی بم و تازه نه‌مه‌وێت، یان نه‌توانم قه‌ت لێی جیا ببمه‌وه! ده‌ترسم هێنده له‌لام بمێنێته‌وه، خوویی پێ بگرم، ده‌ترسم وام لێبكات، كه ڕۆژێك ئه‌گه‌ر ویستی بڕۆات، به‌دوایا بڕۆم...
March 21, 2004
ئۆریانا فالاچی "به‌و منداڵه‌ی قه‌ت له دایك نه‌بوو" : "ڕۆڵه‌م، ئه‌گه‌ر كچ بیت، شه‌ڕێكی گه‌وره‌ت له پێشه تا بتوانی بسه‌لمێنیت ئه‌و ڕۆژه وا "حه‌وا" سێوی مه‌منووعی له‌دار كرده‌وه، گوناح له دایك نه‌بوو، به‌ڵكوو جوانترین ڕووداوی ژیان سه‌ری هه‌ڵدا كه پێی ده‌گوترێت "یاغی بوون". شه‌ڕێكی قورست له پێشه تا بتوانی بسه‌لمێنیت كه له ناو ئه‌ندامی نه‌رم و ناسكت، شتێكیش هه‌یه به ناوی "عه‌قڵ" كه ده‌بێت گوێی بۆ شل بكرێت. بوون به دایك ئه‌رك نییه، پیشه نییه، ته‌نیا مافێكه له هه‌زاران مافی‌تر. له سه‌ر ئه‌وشتانه ئه‌وه‌نده هاوار ده‌كه‌یی كه ماندوو ده‌بیت و زۆربه‌ی جار چۆكت پێداده‌دات. به‌ڵام نابێت دڵ‌سارد بییه‌وه. هه‌وڵدان له سه‌ركه‌وتن خۆیی، جوانتر و پیرۆزتره. كه سه‌ركه‌وتیت، كه به ئامانج گه‌یشتیت، دیسان هه‌ست به بۆشاییه‌كی سه‌یر ده‌كه‌یت و بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ش ده‌بێت سه‌رله‌نوێ ڕێ بكه‌ویت و ئامانج و ئاواتی تازه بخووڵقێنیت"
March 19, 2004
له ژێر تینی تیشكی خۆری ئه‌مڕۆ، نازانم چۆن بوو بیرم چوو بۆ لای كچێكی كوێر كه سه‌رپه‌نجه‌ی به نه‌رمی به سه‌ر ساعه‌تی ده‌ستیی دادێنا، له خۆم پرسی بڵێی ئه‌ویش وه‌ک من له تێپه‌ربوونی كات تێبگات و هه‌ستیی پێبكات؟ حه‌زم كرد به سه‌رپه‌نجه‌كانم قژتم شێواندبا و بیرم كه‌وته‌وه ئه‌گه‌ر هیچ عه‌ترێكیش له خۆت نه‌ده‌یی، بۆن و گه‌رمای له‌شت شتێكی‌تره! ده‌با ئه‌و شه‌وه كه به‌ره‌و وێستگه‌ی قه‌تار ڕێكه‌وتین و باران ده‌باریی، پێم گوتبایی با ئیتر چی‌تر پێكه‌وه بوونه‌كانمان وه‌دواوه نه‌خه‌ین و له‌مه زیاتر بێ‌یه‌ك نه‌بین... حه‌ز ده‌كه‌م پێت بڵێم وه‌ره با ڕۆژێكی، ئاوابوونی خۆر پێكه‌وه چاو لێبكه‌ین و ... نازانم بۆ، دیسان هیچم نه‌وت! ده‌زانی، حه‌زم ده‌كرد ئێستا له لایی گۆمه‌كه‌ی خۆمان باین كه جارنا، سه‌وز ده‌نوێنێت. سه‌وز سه‌وز. ده‌مه‌و كازێوه بایه و سه‌مای تیشكی خۆری به‌یانی له سه‌ر ئاو، له داوی خستبام و منیش داوێنی كراسه‌كه‌م هه‌ڵكێشابا و په‌نجه‌ی پێم نابایه ناو ئاو و فێنكایی ڕژابایه ناو ده‌ماره‌كانمه‌وه و مچوركێك به له‌شما هاتبا و تۆ له پشته‌وه‌را له ئامێزت گرتبام و بۆنت به قژمه‌وه كردبا و نه‌رمه‌ی گوێم ماچ كردبام و وتبات: "من لێره‌م. هاتووم تا بمێنمه‌وه!" كه‌مێك سه‌یره، نازانم بــــــــــۆ دیواره‌كان هه‌موو زۆر به‌رزن و كۆتایی هه‌موو كۆڵانه‌كان ده‌گاته هیچكوێ! كه‌ی ده‌ستمان له خه‌و بینین هه‌ڵگرت؟ و ... كه‌مێك سه‌یره، هه‌ر نازانم كه‌ی بڕیارماندا گه‌وره بین! زۆریشم بیر لێكرده‌وه، ڕاستیت ده‌وێت فه‌رقی نییه من لێره باسی كێشه‌كانی ژیانم وه‌ك ژن بكه‌م یان وه‌ك مرۆڤێكی كورد بۆ بستێك خاك بناڵم، فه‌رق ناكات ئه‌گه‌ر له باران بدوێم یان تاسه‌ی بۆنی به‌هار و درێژ بوونه‌وه‌ی وه‌رزی سه‌رما، فه‌رقی نییه ئه‌گه‌ر باسی نه‌برانه‌وه‌ی شه‌وه بێ‌خه‌وه‌كان بكه‌م یان ڕۆژه خه‌والووه‌كان كه وه‌ك سێبه‌ر تێده‌پڕن و من هه‌ندێ جار ده‌نگیی پێیان نابیستم. باوه‌ركه فه‌رق ناكات ئه‌گه‌ر من لێره سروودی "ئه‌ی ره‌قیب" دانێم یان شێعره‌كانی پابلۆ، له كێشه‌كانی خۆم ده‌گه‌ل خۆم بنووسم یان له دۆزینه‌وه‌ی له‌ته بزربووه‌كانی ڕوحم، فه‌رق ناكات ئه‌گه‌ر من به‌دوای خۆمدا بگه‌رێم یان چاوه‌رێی هاتنی تۆ بم، فه‌رقی نییه ئه‌گه‌ر سه‌رپه‌نجه سڕه‌كانم له‌ناو ده‌سته‌كانی تۆدا گه‌رم ده‌بنه‌وه یان له باوه‌ش خه‌یاڵتدا ... چ فه‌رق ده‌كات چی بنووسم كاتێ، له پشت هه‌موو وشه‌كان، له په‌نا هه‌موو ساته‌كان، له ناو هه‌موو هه‌سته‌كان و هه‌ناسه‌كان، خۆ تۆیی هه‌ر تێدایه ... ناتوانم باسی ئه‌و دووباره بوونه‌وه بكه‌م، ناتوانم بڵێم چۆن بوو، چی بوو! دوایی ئه‌و هه‌موو سات و ئه‌و هه‌موو ڕۆژه كه پڕ بوون له نه‌بوون و نه‌دیتن، دوایی ژماردنی چركه‌كان بۆ دووباره بوونه‌وه، هه‌م نامۆییه‌كان دیار بوون كه وه‌ك تارایه‌كی ته‌نك، تارمایی خستبوو سه‌ر هه‌ندێ شت، و هه‌میش ده‌تگوت دونیا له لاوه وه‌ستاوه تا من دیسان هه‌موو ساته بێ‌تۆ تێپه‌ر بووه‌كان، له‌باوه‌شتدا بژیمه‌وه و مه‌وداكان بسڕمه‌وه ... به‌هارێكی‌تر لێره‌یه، كه‌وتوومه‌ته خه‌و بینین. بڵێی ئه‌و به‌هاره هه‌مان به‌هاربێت كه من هه‌زار ساڵه چاوه‌ڕێی ده‌كه‌م!؟ "له‌وه‌تی هه‌م خه‌و ده‌بینم"، نا، هێشتا ماندوو نه‌بووم، به‌س جارنا تاقه‌تم نامێنێت. ده‌لێم خاك ده‌گه‌ڵ خاك هیچ فه‌رقێكی نییه، بستێك خاک كه بۆنێكی ئاشنایی لێبێت! چ لێره بێت و چ له‌وێ! جارنا، وه‌بیرم دێته‌وه ئێره گوڵاله سووره‌ی لێ نییه، یاسیی نییه، گوڵه‌باخی نییه، گوڵه گه‌زیزه‌ی نییه، وه‌بیرم دێته‌وه گوڵه‌كانیی، خاكه‌که‌یی هیچ بۆنیان نییه، وه‌بیرم دێته‌وه "ئه‌ستێره‌كانی دونیای هه‌نده‌ران قه‌ت له ئه‌ستێره‌ی كوردستان ناچن" .. هه‌ر لێی گه‌رێ، خۆشم نازانم ده‌بێت چیم بوێت! سه‌رم لێشێواوه! ئێره یان ئه‌وێ ...؟ له بۆنی خوێن ماندووم. له خاكی سوور ماندووم. خاك ده‌بێت سه‌وز بێت! ڕه‌نگی سوور له گوڵاله سووره‌كان جوانه، ڕه‌نگی سوور بۆ سه‌ر گۆنای کچ و كوڕی تازه پێگه‌یشتوو جوانه، ئه‌و ده‌مه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار دڵداریی ده‌كه‌ن، ڕه‌نگی سوور بۆ لێوی كیژانی لاو جوانه ئه‌وده‌مه‌ی به‌ره‌و ژوان ده‌چن .... به‌هــــــــــــار لێره‌یه، ئه‌رێ به‌ڕاست ده‌زانیی، من تـــــــــــۆم قه‌ت، به به‌هار نه‌دیوه؟ **** ئه‌و به‌هاره‌ی خه‌وی پێوه ده‌بینم ...
March 17, 2004
"كوردستان یه‌كپارچه‌یه ....... قامیشلۆ هه‌له‌بجه‌یه" ئه‌مشه‌و خۆپێشاندانه‌كانی شاره‌كانی كوردستان‌م دیت كه بۆ پشتگری له كورده‌كانی شاری قامیشلۆ ڕێك خرابوون. قه‌ت قه‌ت قه‌ت له ژیانمدا ئه‌وه‌نده‌م شانازی به كورد بوونی خۆم نه‌كردبوو وه‌ك ئه‌مشه‌و، ئه‌و یه‌كگرتووییه و ئه‌و هاوده‌نگ بوونه فرمێسكی شادی و هیوای له چاوان هێنام. شاد له یه‌كده‌نگ و هاوده‌نگ بوونی میلله‌ته‌كه‌م و هیوای ئه‌وه كه ئیتر ئه‌و هاوارانه بێده‌نگ نه‌كرێن و ئه‌و هه‌موو خوێنه چی‌تر به فیرۆ نه‌چێت ... بیستنی ئه‌وه‌ی كوردێكی باشور له جه‌نگه‌ی خۆشییه‌كانی ده‌ستكه‌وته‌كانمان ده‌ڵێت " لێدان و كوشتنی هه‌ر كوردێك له هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان، لێدان و كوشتنی هه‌موو كوردێكه .....ئه‌وان له خۆشی سه‌ركه‌وتنی ئێمه ڕژانه شه‌قامه‌کان، ئێمه‌ش ئێستا پشتی ئه‌وان به‌رناده‌ین .... "، زۆر تایبه‌تی بوو، زۆر! بۆ ئێوه نازانم، به‌ڵام بۆ من دوای شه‌ڕی براكوژیی نێوان دێمۆكرات و كۆمه‌ڵه و پارتی و یه‌كێتی ... كه هه‌موو هیواكانمی دانه دانه په‌ڕپه‌ڕ كرد، ئه‌و یه‌كدڵی و یه‌کگرتووییه‌ی خه‌ڵك وه‌ك سارێژ بوونه‌وه‌ی برینێكی كۆن وایه ... هاوار به ماڵم .... دیسان كه‌وتوومه‌ته خه‌و بینین ...
March 15, 2004
تێرۆر و كوشت و بڕ، لێره و له‌وێ، ڕاسته‌خۆ پرسیارێك دێنێته ئاراوه: هه‌لوێستی ئێمه‌ی مرۆڤ، وه‌ك تاكه كه‌س و وه‌ك كۆ، چییه؟ ئه‌وه كه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كان به مه‌به‌ستی سیاسی یان سیاسه‌ته‌كانی خۆیان ده‌یان و هه‌زارن مرۆڤی بێ‌تاوان ده‌كوژن و له ناو ده‌بن، خۆی له خۆیدا تاوانێكی گه‌وره و كرده‌وه‌یه‌كی دژه مرۆڤانه‌یه، له‌م تاوانه‌ش گه‌وره‌تر بێده‌نگی ئێمه خۆمانه به‌رامبه‌ر به‌م ڕووداوانه‌ی هه‌ر ڕۆژه لێ شوێنێك و هه‌ر جاره‌ی له ژێر ناوێك و به بیانوویه‌ك ژن و منداڵ و پیاوی بێ‌تاوان ده‌كه‌ن به قوربانی ویسته‌كانی خۆیان. له مادرید به سه‌دان كه‌س ده‌بن به قوربانی بیری چه‌په‌ڵی تێرۆریسم، به میلیۆن خه‌ڵك ده‌ڕژێنه ناو شه‌قامه‌كان و به ده‌نگێكی یه‌كگرتوو ڕق و توڕه‌یی خۆیان ده‌ردبڕن، زۆری پێناچێت تاوانبار ده‌ست نیشان ده‌كرێت و به پێی "یاسا" سزای تاوانه‌که‌ی خۆی ده‌داته‌وه. 16 ساڵ پێش، له به‌شێكی وڵاته‌كه‌ی ئێمه پێنج هه‌زار كه‌س بوون به قوربانی بیرێكی چه‌په‌ڵ، هه‌زاران منداڵ و گه‌وره له چه‌ند چركه‌یه‌کدا بوون به خه‌لۆز، شارێك وێران كرا، وێنه دڵته‌زێنه‌كان لێره و له‌وێ بڵاو بوونه‌وه. میدیاكان باسیان كرد، دۆكۆمێنته‌كان كۆ كرانه‌وه، زلهێزه‌كان به دڵنیاییه‌وه ده‌یانزانی تاوانبار كێیه، .... دونیا به‌ڵام له ئاست ئه‌م كاره‌ساته، كه‌ڕ‌بوو، كوێر بوو، كه‌س هیچی نه‌وت. ته‌نانه‌ت خۆمانیش، وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك! له مادرید به سه‌دان كه‌س ده‌بن به قوربانی بیری چه‌په‌ڵی تێرۆریسم، به میلیۆن خه‌ڵك ده‌ڕژێنه ناو شه‌قامه‌كان و به ده‌نگێكی یه‌كگرتوو ڕق و توڕه‌یی خۆیان ده‌ردبڕن و ئێمه‌ش یه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌مان هه‌یه و هه‌موو ساڵێ دوو سێ كۆڕی جیاوازیی له یه‌ك ڕۆژ و هه‌مان ڕۆژ، له چه‌ند شوێنی جیاوازی شار یان هه‌مان شوێن یه‌ك به دوای یه‌کدا، به به‌شد‌اری په‌نجا، شه‌ست كه‌س، بۆ ده‌به‌ستین! هه‌ر ده‌سته و لایانێك به جۆرێك خۆ ده‌كه‌ن به "خاوه‌نی شه‌هیدان" و سنگیان بۆ ده‌كووتن! یه‌ك هه‌ڵه‌بجه هه‌یه و كه‌چی هێشتا جارێك نه‌مانتوانیوه ده‌نگه‌كان و هه‌نگاوه‌کانمان ڕێك بخه‌ین و ڕق و توڕه‌یی خۆمان نیشان بده‌ین. خۆ زامه‌كه هاوبه‌شه، ئه‌ی بۆ ...
March 11, 2004
هه‌ندێ جار هه‌سته‌كان له ڕووبارێك ده‌چن كه به نه‌ڕمی به سه‌ر سنگی زه‌ویدا ده‌خشێن و تێده‌په‌ڕێن. ده‌ڕۆن به‌لام جێ پێیان ده‌مێنێت. كۆتایی نایه‌ت. هه‌ندێ جار تۆش ده‌گه‌ڵ ئه‌و ڕووباره، پێ په‌تی به سه‌ر چیمه‌نه ته‌ڕه‌كانی قه‌راغدا ده‌ڕۆیی و خۆت ده‌سپێرییه ساته‌كان وا وه‌ك سێبه‌رێكی ته‌ر به ته‌نیشتا تێده‌په‌ڕن. كه ماندووش بیت، كه توڕه‌ش بیت، كه ته‌نیایی وه‌ک ته‌مێكی تاڵ بڕژێته ناو ده‌ماره‌كانیشته‌وه، به‌سه ئه‌گه‌ر وه‌ك ماسییه‌كی بچووكی بزۆز بكه‌وییه مه‌له و ده‌گه‌ڵ هه‌نگاوه نه‌رمه‌كانی ڕووبار سه‌ر به هه‌موو كه‌لێن و قوژبنه‌كانی بیره‌وه‌رییه‌كاندا بكه‌یی و له ڕۆیشتن نه‌وه‌ستیت ... و بزانی و ده‌زانیی كه تا هه‌یی، هه‌یه و تا ئه‌م ڕێگه‌یه‌ت له پێشه، ئه‌م ڕووباره‌ش ده‌گه‌ڵته و جارنا به مێهره‌بانی دایكێك تۆزی ته‌می ماندوویت له ڕوو ده‌شواته‌وه ... هه‌ندێ جار هه‌سته‌كان له ڕووبارێك ده‌چن كه له باوه‌شی سه‌وزی چیمه‌ندا به ئارامی ڕێگه ده‌بڕن و تۆش ده‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن و ئارامیت پێ ده‌به‌خشن. تۆش ئه‌وه‌نده ئارامیت كه نه بیر له تێپه‌ربوونی زه‌مان ده‌كه‌یته‌وه و نه دڵه‌كوته‌ی گه‌رانه‌وه‌ت هه‌یه و نه ترسی دره‌نگ بوون داگیرت ده‌كات و نه هه‌وڵی له خۆ دوور بوونه‌وه، ئۆقره‌ت لێ ده‌بڕن! تۆش تێده‌په‌ڕیت و خۆ ده‌سپێرییه بێده‌نگییه‌كان ... *** دانیشتووم و بیر له مه‌وداكان ده‌كه‌مه‌وه. مه‌وداكان كه به ده‌ستی خۆمان سازمان كرد، مه‌وداكان كه سازكران! دانیشتووم و بیرده‌كه‌مه‌وه له نه‌هاتنه‌كانی تـــــــۆ، له نه‌ڕۆیشتنه‌كانی خۆم! له‌و ڕۆژانه‌ی هێشتا نه‌هاتوون و ناڕۆن، له‌رۆژانه‌ی چوون و هه‌ر دێنه‌وه بیرم تا من تاوانی شێتانه خۆشویستنه‌كانی خۆم بده‌مه‌وه! ئه‌و ڕۆژانه‌ی هاتن و دێن و من به‌تاڵم له هه‌موو چاوه‌روانییه‌ك! وه‌ك بڵێی ئیتر هیچ نه‌ماوه بمه‌وێت! ڕاستیت ده‌وێت هێشتا هه‌ر ماندووم، ماندووم له سه‌مای سێبه‌ره سڕه‌كانی سه‌ر ڕێم كه سه‌رم لێ ده‌شێوێنن و ...! ماندووم له نه‌هاتنی تـــــــۆ، له نه‌ڕۆیشتنی خۆم، له‌و ڕۆژانه‌ی هه‌ر نایــه‌ن، نایـــه‌ن، نایـــه‌ن، له‌و ڕۆژانه‌ی ڕۆیشتوون و هه‌ر خۆیانم وه‌بیر دێننه‌وه. **** " ئازارت نه‌دام ... ته‌نیا چاوه‌رێت ڕاگرتم "
March 5, 2004
Love
March 4, 2004
چی‌تر به ته‌ما مه‌به! مرۆڤی "پێشكه‌وتووی" سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، شه‌یدای تێكنۆلۆژیا و شێتی مۆدێرنیته، سه‌رلێشێواو له ناو كه‌لافی ئالۆزی مانا تازه‌كان كه هێشتا نه لێیان تێگه‌یشتووه و نه پێیان گه‌یشتووه، هه‌ر ئه‌و مرۆڤه كۆنه‌په‌رسته‌یه كه ته‌سبێحه‌كه‌ی هه‌ڵده‌سوورێنێت، زكری خوایه‌كه‌ی ده‌كات و له به‌ر ده‌رگای مزگه‌وت ده‌وه‌ستێت و به چاوه حیزه‌كانی مه‌مك و مه‌چه‌كی هه‌رچی كچی میرمنداڵ و گه‌وره ژنه، ئه‌ندازه ده‌گرێت. هه‌ر ئه‌و مرۆڤه‌یه كه "پیاوه‌تی" له قه‌فی سمێل و "ئازایه‌تی" له هێزی باسكدا ده‌بینێت و هێشتا به جێی قسه كردن ده‌گرمێنێت و ده‌رووخێنێت! هه‌ر ئه‌و مرۆڤه‌یه كه به درێژایی مێژووی بوونیی ژێرچه‌پۆكه بووه و هێشتا چاوی له ده‌ستی یه‌كی‌تره بێت ڕزگاری بكات! هه‌ر ئه‌و مرۆڤه‌یه قۆڵی فلانه شێخ و مه‌لا ماچ ده‌كات تا دوو خه‌تی بۆ بنووسێت به‌شكوو به‌ختی بكرێته‌وه یان گرفته‌كه‌ی چاره بێت. هه‌ر ئه‌و مرۆڤه‌یه كه به شاخ و باڵی فلانه نووسه‌ر و بیساره شاعیردا هه‌ڵده‌ڵێت چونكه قازانجی ئه‌مڕۆیی له‌وه‌دا ده‌بینێت، ده‌نا كـــــــــــــــــوا باوه‌ڕ ... ! چی‌تر به ته‌ما مه‌به! ئه‌و پیاوه‌ی له سه‌ر نامووس ژن ده‌كووژێت هه‌ر ئه‌وه‌یه جارناجارێ، له باوه‌ش ژنێكی له‌ش‌فرۆش مۆر له پیاوه‌تی خۆی ده‌دات و ئه‌و ژنه‌ی هه‌راو هاواری گوێمانی كه‌ڕ كردووه كه "من ئازادم، ئه‌وه‌نێ پێرێ شه‌و ده‌گه‌ڵ هاورێكانم دانیشتین بیره‌مان خوارده‌وه"، هه‌ر ئه‌و ژنه‌یه هه‌موو شه‌وێ له باوه‌ش ترسه‌كانیدا بێده‌نگ ده‌گریت تا به‌یانی دیسان، ئاڵای به‌خته‌وره‌یه‌ك كه نێتی، هه‌ڵگرێته‌وه. چی‌تر به ته‌ما مه‌به! جارێ ڕووناكبیره‌كانمان - !!! - سه‌رقاڵی شه‌ره قسه‌ن، ڕووناكبیرانی نیشته‌جێی هه‌نده‌ران و ڕووناكبیرانی ناوه‌وه خه‌ریكن "ده‌سته گوڵ" به یه‌ك داده‌ده‌ن، هه‌ندێكیان له قاوه‌خانه نیوه تاریكه‌كانی شه‌قامه قه‌ره‌باڵغه‌كانی ئه‌و سه‌ری دونیا قاوه و ئێكسپرێسۆ ده‌خۆنه‌وه و ئه‌وانی‌تر، له پشت كۆمپیۆتێره‌كان، به ئینتێرنێتێكی سه‌قه‌ت، خه‌ریكی نووسینی وتاری دوور و درێژن تا دواتر به PDF بڵاوی كه‌نه‌وه و "خه‌یانه‌تی" ئه‌و به‌ناو ڕووناكبیرانه، له‌قاو ده‌ن! چی‌تر به ته‌ما مه‌به! داخوازیارانی مافی ژن- نازانم له‌كه‌یه‌وه و له كوێرا- باوه‌رێكی ئه‌وه‌نده پته‌ویان به ئازادی ژن هه‌یه، ده‌ڵێن ده‌بێت "له‌ش‌فرۆشی" به پێی یاسا ئازاد بێت و له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه حازرن خه‌ڵك به كوشت بده‌ن! و ژنه" بێ‌مافه‌كان" هه‌ندێكیان هێشتا نازانن "ستم جنسی" یانی چی و ده‌م ڕاسته‌كانیشیان به فارسی نه‌بێت به هیچ زمانێكی‌تر داوای مافی ژن ناكه‌ن و هه‌ندێكیان هێنده ماندوون له دروژم و قسه‌ی قورس و قه‌به‌ی "مبارزان راه آزادی و برابری زن" كه تا حه‌وت پشتی هه‌موویانیان به له‌عه‌نت كردووه. ئیتر خوێندنه‌وه له ڕووی كتێبی "جنس دوم" و ژست گرتن و له سنگدانی هیچ لایانێك، دڵی ئه‌و ژنانه خۆش ناكات كه ورده ورده خه‌ریكن ده‌كه‌ونه‌وه داوێنی "یاسای ئیسلامه‌وه". چی‌تر به ته‌ما مه‌به، به‌سه! بـــــــــــــۆ مرۆڤی مۆدێرن ، نـــــــــــا ببووره پۆست مۆدێرنی ئه‌مڕۆ كه بیروبۆچونه ڕه‌نگین و سه‌نگینه‌كان له دونیای به‌رته‌سكی خۆیدا هه‌ڵده‌به‌ستێت و هه‌ر ئه‌و كاتیش هه‌ڵیده‌رێژێت، چینێك شین پێویسته، ئه‌وكات ده‌بێت هێنده به گوێیدا بخوێنیت و لۆمه‌ی بكه‌یی تا شه‌رمه‌زاری "وه‌پاشكه‌وتنه مۆدێرنه‌كه‌ی" خۆی بێته‌وه، به‌ڵكوو قۆڵ هه‌ڵمالێت و بۆ چاره‌یه‌ك بگه‌رێت! ... تازه ئه‌گه‌ر ... بـــــــــــــه‌ڵام تۆ چی‌تر به ته‌ما مه‌به ... |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|