November 22, 2004
منیش شاعیر بووم، خۆم نه‌مده‌زانی! ماوه‌یه‌کی زۆر پێش ئێستا هه‌ر ئه‌و كوبی گوڵه‌ی خۆمان، له ناو قسه‌کانیدا وه‌بیری هاته‌وه بۆم باس بكات كه یه‌کدانه له نووسراوه‌كانی ئێره‌ی بیستووه كه له ڕادیۆیه‌كی خوێندراوه‌ته‌وه، به‌ڵام پشتی نووسراوه‌كه وه‌ها شكابوو كه هه‌ر نه‌بێته‌وه. ڕاستییه‌كه ئه‌وه‌یه ده‌مزانی كه جار وبار لێره و له‌وێ، له‌وانه‌یه پۆستێک له دوو ڕادیۆی ئه‌م شاره و شارێكیتر بڵاو بێته‌وه، به‌لام خۆم قه‌تم نه‌بیستووه و نه‌مده‌زانی دوای پشت شكاندیان ته‌رح و دیداری پۆسته‌كانم، چۆن ده‌بێت. تا به‌ختم گرتی و ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا، نامه‌یه‌کی كورت له وڵاتێكی هاوسێمانه‌وه هات كه به‌ڵێ ئێمه "شته‌كانی" تۆمان دیوه و ده‌مانه‌وێ له ڕادیۆی خۆمان بڵاوی كه‌ینه‌وه! نیشان به‌و نیشانه كه ناوی ماڵپهرهكهشیان ناردبوو كه خۆم بچم سه‌ردانیان بكه‌م كه منیش كردم. ده‌ی من ئه‌وه‌م له بیر نه‌مابوو تا ڕۆژی یه‌ک شه‌ممه كه دانیشتبووم و به ناو ماڵپهڕاندا ده‌گه‌ڕام و ڕێم كه‌وته‌وه ئه‌وێنده‌رێ. ملی ڕێم گرت و چوومه به‌شی ڕادیۆكهیان و كرته‌م كرده سه‌ر تاقه به‌رنامه‌كه‌یان كه ڕۆژی بیستی مانگ بڵاو بۆته‌وه. كاكی به‌ڕێوبه‌ر ڕاگه‌یاند كه به‌رنامه‌كانی ئه‌مڕۆیان هه‌واڵه‌كان و گۆرانی و شێــــــعره! گوێم له هه‌واڵه‌كانیان گرت و گوێم‌دا به گۆرانییه‌كه‌یان و دوایی كاكی به‌رێوبه‌ر، به "هه‌سته‌وه" ده‌ستی كرد به " شێــــــــعر" خوێدنه‌وه. "شێـــــــعر" خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و "برایه‌مان" هه‌مان و داچۆڕانی لێو لووچی من هه‌مان. له داخان پێكه‌نینم ده‌هات. ئێوه‌ش، ئه‌گه‌ر حه‌ز ده‌كه‌ن، گوێ بده‌نێ، به‌تایبه‌ت ده ده‌قه‌ی ئاخری به‌رنامه‌كه‌یان مه‌به‌ستی من ڕوونتر ده‌كاته‌وه. به‌ڵام جێی خۆیه‌تی هه‌ر لێره‌ڕا سوپاسی ئه‌و به‌رێزانه بكه‌م كه منیان به ئاواتی خۆم گه‌یاند كه پێش مردنم پۆستێكی خۆم به پشت شكاوی ببیستم! ئێستا به توون كه ده‌مرم، ئیتر هیچ خه‌مێكم نییه، به هه‌موو ئاواته‌كانم گه‌یشتووم!
November 20, 2004
په‌ندی پێشینیان ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر شه‌ممه بوو و بێتاقه‌ت بووی، دانیشه وێبلاگ بنووسه". تاقی ده‌كه‌مه‌وه، یه‌ک، دوو سێ ... ده‌نگ دێت؟ ده‌گه‌ڵ سانا قسه‌م كرد. خۆش بوو. كه‌مێک له پشت سه‌ری دایكی قسه‌مان كرد، كه‌مێک باسی "دارین" و دانیێل"مان كرد. قه‌رار وایه حه‌فته‌ی داهاتوو من ده جار‌و سانـــــــــاش پێنج جار، ده‌نگ بده‌ین به دارین. ئه‌وه‌ش له كوردایه‌تی كردنی من و سانـــــــا. ده‌لێم سانا به‌ڵام بۆیه ده‌نگی پێده‌ده‌ین چونكه ده‌نگی خۆشه، وهنـــــــــێ؟ دهڵــــــــێ: بێگومان، به‌ڵام چونكه كوردیشه! شه‌ممانه ناخۆشه. هه‌میشه پێم ناخۆش بووه. ئه‌و قسه ڕاست نه‌بوو، له‌وه‌تی "كوردی هه‌نده‌رانم" پێم ناخۆشه، ده‌نا جاران هه‌ر هه‌ینی، ئه‌و ڕۆژه پیرۆز و موباره‌كم پێ ناخۆش بوو. له به‌یانییه‌وه، ده‌جار ویستوومه خۆ ساز بكه‌م و بڕۆمه ده‌رێ و كه‌مێک خرتهوپرته بكڕم، كه‌چی په‌توو شینه‌كه‌م وه‌ک چارشێو شانی نه‌نه‌ی ڕه‌حمه‌تی به سه‌ر شانم داداوه و دێم و ده‌چم و هیچ ناكه‌م. قه‌ت باسی نه‌نه‌م بۆ نه‌کردووی، نا؟ نا، باسی زۆر شتم بۆ نه‌کردووی. ئه‌و نه‌نه‌یه، نه‌نه‌ی من نه‌بوو، به‌ڵام هه‌موومان منداڵ و گه‌وره‌ی گه‌رێک به نه‌نه با‌نگم ده‌كرد، كۆم ببۆوه، زۆر پیر بوو. نزیک سه‌د ساڵی ده‌بوو. هه‌میشه، به هاوین و به زساتن چارشێو شانی په‌شمینه‌ی شینی به شانییه‌وه بوو. هه‌میشه له‌و كلاوانهی قه‌دیم مۆد بوون و دهورادهورهكهی به پوڵه‌که و مرواری ڕازابۆوه، له سه‌ری ده‌كرد، هه‌میشه ده‌سماڵی سپی به‌سه‌ر داده‌دا. شه‌وانی زستان ده‌هاته لای ئێمه. نه‌نه به‌س سێ ده‌نک ددانی مابوو. دوو له خوارێ و یه‌ک ده‌نک له سه‌رێ. حه‌زی بێداد له چای و توو بوو. چای ده‌خوارده‌وه، تووی به ده‌ستی ده‌قرتاند و له زاری ده‌نا و چیرۆكی زه‌مانی هاتنی ڕووسه‌کان بۆ شاری خۆمانی بۆ ده‌گێراینه‌وه و هه‌میشه‌ش له كۆتایی قسه‌كانیدا ئاخێكی هه‌ڵده‌کێشا كه بۆ هه‌ر ئه‌و ده‌م كه كچێكی جوان و له‌بار بووه، مێـــــــــردی به كوڕێكی ڕووس نه‌کردووه و نه‌ڕۆیشتووه. ده‌یگوت یه‌ک دوودانه ڕووس داواین كردبوو، به‌ڵام بابی نه‌یدابوو. نه‌نه پێشه‌وای دیبوو. پێم وایه من له چیرۆكه‌كانی نه‌نه را بوو عاشقی پێشه‌وا بووم. تا پاره‌كه‌ش ئه‌و عه‌شقه سه‌یره‌م هه‌ر مابوو. ئه‌ی هاوار، هێشتا هه‌ر شه‌ممه‌یه! ته‌واوی نایه. پهندێكیتری پێشینیان هه‌یه كه ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر كه‌س نه‌بوو چای ده‌گه‌ڵ بخۆیه‌وه، هه‌ڵێ تێكیلایهک بۆ خۆت تێكه و به سڵامه‌تی خۆت بیخۆوه و دانیشه وێبلاگ بنووسه" كه‌مێک، ئه‌وه‌نده كه‌م كه به گوناحی نه‌نووسن، سانڕایز ساز ده‌كه‌م و به سلامه‌تی خۆم و خۆت دهێخۆمهوه. با نه‌قڵی " شتی وا" تان بۆ باس بكه‌م. كاكه من خوشک و برایه‌کم هه‌نه(!!) وه‌ک به‌رگی گوڵ وان. دڵنیام ئه‌گه‌ر ئه‌و دووانه گه‌رنی من ئازا نه‌كه‌ن، من قه‌ت له پردی "سیرات" به ساغی ناپهڕێمهوه. به منداڵی زۆرم ئه‌زیه‌ت ده‌كردن. به‌تایبه‌ت خوشكه‌كه‌م. ئه‌و كچه فه‌قیره هه‌ر جاره‌ی "ژوانی" هه‌بوو، ده‌گه‌ڵ من تووشی گرفت ده‌بوو. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه بوو خوشكه‌كه‌م و هاورێیه‌كی دوو كچی زۆر شه‌یتان بوون. ئه‌و دوو كچه حه‌زیان له دوو كوڕ كه هاوڕێ بوون ده‌كرد. ئه‌وه‌ی خوشكه‌كه‌م ناوی هیوا بوو. هیوا به‌راستی جوان بوو. بۆیه هه‌موو جارێ كه خوشكم ده‌گه‌ڵ هیوا ژوانی هه‌بوو، من شینی دونیا‌م ده‌گێرا كه منیش دێم ده‌نا بۆ دایکم و كاكم و هه‌موو كه‌س ده‌گێرمه‌وه! خۆ به پێی شه‌رع و دین كچی نۆ ساڵه ته‌واو دڵی هه‌یه!!! نازانم بۆ خوشكم تێنه‌ده‌گیشت بابه گیان منیش دڵم هه‌یه و حه‌ز ده‌كه‌م هیوا ببینم. هیواش، هه‌موو جارێ به خوشكمی ده‌گوت: بیهێنه ده‌گه‌ڵ خۆت، قه‌ی ناكا! به‌و جۆره بوو من ژوانه‌كانی خۆشكم تێكده‌دا. ئاخر تا من له‌وێ بام هیچی "دڵــــدارانه" نه‌ده‌قه‌وما. كه‌چی ڕۆژێكی خوشكم گوتی ئه‌گه بشمری ناتبه‌م ده‌گه‌ڵ خۆم. منیش وه‌ک منداڵێكی لووسی ( لووسی هه‌ولێری نا، لێتان تێكنه‌چێت) پاشه‌به‌ره، هینده گریام تا دایكم وه‌ده‌نگ هات. له خوشكمی پرسی باشه بۆ كوێ ده‌چی نایبه‌ی ده‌گه‌ڵ خۆت؟ خوشكم سه‌ری لێ شێوا فه‌قیره. گوتی: ده‌گه‌ڵ هاوڕێكان كۆ ده‌بینه‌وه، كتێب و "شتی وا" ده‌خوێنینه‌وه، قسه و "شتی وا" ده‌كه‌ین، به‌حس و "شتی وا" دێته گۆڕێ، جێی منداڵان نییه. منیش خۆش خۆش به دایكم ده‌گوت: لێی پرسه، ئه‌تۆ لێی پرسه " شتی وا" یانی چی! با سه‌رتان نه‌هێنمه ئێش، ئه‌و ڕۆژه خوشكم به بۆنه‌ی منه‌وه نه‌یتوانی بچێته ژوان، جارهكانیتریش به‌دزی من ده‌چوو و منیش ورده ورده هیوام له بیر چووه و ئه‌و دڵدارییهشم به ناكامی ته‌واو بوو. باوه‌ڕ ده‌كه‌م هه‌ر له‌و كاته‌وه بوو " ... و شتی وا" بۆ من مانای په‌یدا كرد. جارێكیش ده‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی گوڵی زۆر ماقوڵ، له وڵاتێكی غه‌ریب، له ناو قه‌تاردا دانیشتبووین و به‌ره‌و شارێک كه نه‌مانده‌زانی كوێیه ده‌ڕۆیشتن. ئاشنایه‌كی ئه‌و هاوڕێ گوڵه‌م لێمان په‌یدا بوو. منی پێ ناساند. له به‌ختی ڕه‌ش به ئاشنای كۆنی براكه‌م ده‌رچوو. ئاشنای كۆنی براكهكم نازانم بۆ پێی وابوو ده‌گه‌ڵ منیش ده‌بێت "ئاشنا" بێت، ده‌ستی كرد به پرسیار كردن و پێداهات، كێم و له كوێ ده‌ژیم و چی ده‌كه‌م، شه‌وانه چه‌ند ساعه‌ت ده‌خه‌وم، چی ده‌خۆم، چه‌ند كیلۆم و فلانی منداڵی هه‌یه و یان بـــــۆ منداڵیان نییه، منداڵیان نابێت؟ (جا هه‌ر بڵێین ژن به قسه وباسن، خۆ ئه‌وه پیاو بوو!) و دوایی له‌ناكاو پرسی: مێـــــــــرد و " شتی وات" هه‌یه؟ منیش له‌سه‌ره خۆ گوتم: " مێرد نا، به‌ڵام شتی وام هه‌یه"، ئاشنای كۆنی براكه‌م ئیتر قسه‌ی ده‌گه‌ڵ نه‌كردم، و هه‌ستم به له‌ره له‌ری شانی هاوڕێكه‌م كرد، خۆی بۆ ڕانه‌گیرا، عه‌یب نه‌بێت، هه‌ستا چوو "ئاوده‌ست"! نازانم لــــــــــــهوێ چـــــــــی كرد! هاوار به ماڵم ... هێشتاش هه‌ر شه‌ممه‌یه! وه‌کی ئێوه بزانن سه‌باره‌ت به ڕۆژی شه‌ممه و شتی وا هیـــــچ فه‌توایه‌ک نه‌دراوه؟
November 18, 2004
كه دۆینێ شه‌و یه‌كه‌م به‌فری ساڵ ده‌ستی كرده بارین، تازه له خۆم پرسی پایز كه‌ی ته‌واو بوو من نه‌مزانی؟ كه‌ی ڕۆیشت من نه‌مبیست؟ گه‌ڵا قاوه‌ییه وشكهكانم هاته‌وه به‌رچاو كه ده‌كه‌وتنه ژێر پێم و منیان وه‌بیر هیچ نه‌ده‌خسته‌وه. سهرچلی داره ڕووته‌كان تاق ولۆق گهلایهكی پێوه مابوو و نه‌مابوو، ئه‌وه ئه‌مڕۆش هه‌موو شار سپییه. وه‌رزه‌كان دێن و ده‌رۆن و من وه‌ک بڵێی له‌شوێنی خۆم ڕۆده‌چم. هه‌ندێ جار پڕده‌بم له هیچ! هه‌ندێ جار هه‌ست ده‌كه‌م كات له لای من وه‌ستاوه. هه‌ست ده‌كه‌م ژیان له ناو یه‌كێ له‌و خه‌ونه ناخۆشانه‌ی هه‌موو شه‌وێ دووپات ده‌بێته‌وه، قه‌تیس ماوه. هه‌ست ده‌كه‌م له شوێنێک خۆم به جێ هێشتووه. شوێنک كه ئیتر نه كوردستانه، نه ئێره، نه چواردیواری ژووره‌كه‌م، نه شه‌قامه نامۆكانی شاره‌كه‌ی تۆ، نه وێستگه‌ی قه‌تاره‌كه‌ی، له ئێواره دره‌نگی شه‌ممه‌یه‌ک. نه بۆنی باران مه‌ستم ده‌كات، نه سانرایز و نه پاسۆوا. نه ده‌نگی جوان حاجو... تۆڕه‌م، ماندووم، له ناو گێژاوی پرسیاره بێوڵامهكاندا پهلهقاژهمه. هه‌ندێ جار پێموایه هه‌رئه‌وه‌نده زار بكه‌مه‌وه، ده‌توانم خۆ ڕزگار بكه‌م له چنگ ئه‌و هه‌موو قسه نهگوتراوانهی مێشكیان داگیر كردووم. هه‌ندێ جار پێم وایه به‌س ئه‌گه‌ر دانیشیم و خۆم بنووسمه‌وه. به‌س ئه‌گه بتوانم ئه‌و ده‌نگانه‌ی له ناو مێشكمدا به‌سه‌رما ده‌ڕوخێن، بێده‌نگ كه‌مه‌وه. به‌س ئه‌گه خۆ بسپێرمه ویستی ڕۆیشتن و بڕۆم، له چنگ ئه‌و ڕۆچوونه ڕزگارم ده‌بێت، هه‌ندێ جار پێم وایه به‌س ئه‌گه‌ر بگه‌مه ئه‌مڕۆ، بگه‌مه ئێستا، ئارام ده‌بمه‌وه. هه‌ندێ جار كه خۆم ده‌بیستمه‌وه كاتێ باسی تـــــــۆ ده‌كه‌م، یان ئه‌وێ، یان ئه‌وان، ترسێک دامده‌گرێت، له خۆم ده‌پرسم خه‌یاڵه یان ڕاستی؟ خه‌ونه یان خۆزگه؟ سنووری ڕاستی، خه‌یاڵ و خه‌ون تێكه‌ڵ ده‌كه‌م! هه‌ندێ جار له‌وپه‌ڕی سنووری خه‌یاڵ، خه‌ون، له‌و په‌ڕی سنووری ترسه‌وه، بیرت ده‌كه‌م! ڕۆژه‌كان پڕن له هه‌لات هه‌ڵات. خۆ سه‌رقاڵ كردن بۆ بیرنه‌كردنه‌وه. خوێندنه‌وه بۆ له‌بیر بردنه‌وه. خه‌ڵک سه‌ر به‌رده‌ده‌نه‌وه و ده‌ڕۆن. هه‌موو هه‌میشه په‌له‌یانه! كه‌س، قه‌ت كاتی بۆ هیچ و بۆ كه‌س نییه! هه‌ندێ جار وا هه‌ست ده‌كه‌م له شتێک ههڵدهێن، به‌ره‌و شتێک كه نازانن چییه! هه‌موو هـــهڵـــدێن. منیش! منیش هه‌ڵدێم و بیرده‌كه‌مه‌وه به‌و هه‌نگاوه خێرایانه‌ی هه‌ڵیده‌گرمه‌وه، ده‌مه‌وێت به كــــوێ بگه‌م؟ له‌م هه‌ڵات ههلاتهمدا، چه‌ند جار به ته‌نیشت ژیاندا تێپه‌ڕیوم؟ چه‌ندجار ئارامی ڕووبه‌رووم هاتووه و نه‌مدیوه؟ چه‌ند جار ده‌متوانی وچانێک بده‌م و تاوێک بحه‌سێمه‌وه؟ منیش هه‌ڵدێم. بـــــۆ؟ له‌چی؟ به‌ڕه‌و چی؟ نازانم و دیسان پڕ ده‌بم له هیچ! شه‌و به‌ڵام كه دێت، له‌سه‌ر پشت كه ڕاده‌كشێم و ده‌ست ده‌خه‌مه ژێر سه‌رم، كه سه‌یری سه‌مای سێبه‌ره‌كانی سه‌ر میچی ژووره‌كه‌م ده‌كه‌م، ڕێک ئه‌و ده‌مه‌ی یه‌ک چركه به درێژایی ته‌مه‌نێک ده‌كێشرێته‌وه، ئه‌وكاتانه‌یه زۆرتر له هه‌میشه خۆشمده‌وێیت و پڕدهبمهوه له خۆم، له تۆ ، له ویستن. وه‌بیرم دێته‌وه كه تۆ نه‌بووی، كه تۆ هێشتا نه‌هاتبووی، كه تۆم نه‌ناسیبوو، كه هێشتا سڕی سه‌رپه‌نجه‌كانم به گه‌رمای ناو ده‌ستت نه‌شكابوو، كه هێشتا باران ته‌ڕی نه‌كردبووین، كه هێشتا هیچ شه‌وێكی له ناو باوه‌شتدا، ون نه‌بووبووم، ته‌نیایی ئه‌وه‌نده تاڵ نه‌بوو، منیش كه‌متر ده‌ترسام، كه‌متر بیانووم ده‌گرت. كه‌چی، هه‌موو شه‌وێ، له‌سه‌ر پشت كه ڕاده‌كشێم و ده‌ست ده‌خه‌مه ژێر سه‌رم، سه‌یری سه‌مای سێبه‌ره‌كانی سه‌ر میچی ژووره‌كه‌م كه ده‌كه‌م، ڕێک ئه‌و ده‌مه‌ی یه‌ک چركه به درێژایی ته‌مه‌نێک ده‌كێشرێته‌وه، من دیسان، به قه‌د هه‌میشه خۆشمده‌وێیت!
November 16, 2004
له هه‌ندێ له ماڵپه‌ڕ و بلاگه فارسییه‌كاندا هه‌واڵی شه‌ڵاق لێدانی میرمنداڵێكی چوارده ساڵه‌ی خه‌ڵكی شاری سنه بلاو بۆته‌وه. هه‌واڵه‌كه باسی كوڕێكی چوارده ساڵانه ده‌كات كه به تاوانی "به‌ڕۆژوو" نه‌بوون، له لایان قازییه‌كی شاری سنه، به 85 زه‌ربه شه‌لاق مه‌حكووم ده‌كرێت. ئه‌م منداڵه دوای ئه‌م 85 زه‌ربه شه‌لاقه گیانی خۆی له ده‌ست ده‌دات... لێـــــــــــره ده‌توانن زۆرتری له سه‌ر بخوێننه‌وه. چه‌ند مانگێک پێش بوو كیژێكی شانزده ساڵه له سێداره درا. هه‌ر ئێستا چه‌ندین منداڵ له به‌ندیخانه‌كانی ئێران چاوه‌ڕوانی مردن ده‌كه‌ن، به‌سه‌رهاتی ژیلا و به‌ختیاری برای هێشتا برنێكی تازه‌یه. كوشتنی میرمنداڵێكی چوارده ساڵه له ژێر شهڵاقدا ته‌نیا وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستییه كه له‌م وڵاته‌دا مرۆڤ هه‌رزانترین كاڵایه ...
November 12, 2004
فیلمی " Submission " لێـــــــــــره یان لێـــــــــــره ده‌توانن ببینن. گۆیا به هۆی ئه‌و فیلمه بوو كه ده‌رهێنه‌ری هۆله‌ندی Theo Van Gogh كوژرا .
November 8, 2004
من وه‌ک ژنێک باوه‌ڕ ده‌كه‌م كه... * داده گیان كچی ماڵه كێی؟ بابت كێیه؟ ته‌مه‌نت چه‌نده؟ شووت كردووه؟ من وه‌ک كوردێک پێموایه .... * ژن و سیاسه‌ت؟ ژن و بۆچونی كۆمه‌ڵایه‌تی؟ به دڵی نه‌گری ها.ڕێزمان هه‌یه. خۆ وه‌ڵلا ئێمه‌ش (بیستوومانه) ژن و پیاو فه‌رقیان نییه! من وه‌ک مرۆڤێک ... * ئه‌و بۆچوونه‌ت هیچ كوردانه نه‌بوو...
November 7, 2004
چاوێک له نووسراوه‌ی سه‌ر ئه‌و تابلۆیه‌ی ئه‌م كابرا مل پانه به ده‌ستییه‌وه گرتووه، بكه‌ن، كه‌مێک پێبكه‌نن و كه‌مێک ... ده‌ڵێی چی، هه‌ندێ جار، قه‌ل به قه‌ل ده‌ڵێت ڕووت ڕه‌ش بێت. دنیایه‌كی سه‌یره، وه‌نێ؟
November 6, 2004
هه‌واڵه‌كانی ئه‌مڕۆم كه خوێنده‌وه دڵم گیرا. سه‌ردێری زۆربه‌ی هه‌واڵه‌كان، باسی "یاسر عه‌ره‌فات" و باسی مان و نه‌مانی ئه‌وه. ئه‌مڕۆ نووسیبوویان به زۆری زیندوویان ڕاگرتووه تا گرفتی جێگر و شوێنی ناشتنیی، دیاری ده‌کردرێت. واته ده‌بێ له شوێنێک بنێژرێت كه هه‌م فه‌له‌ستینییه‌كان و هه‌میش ئیسرایلییهكان به‌دڵیان بێت و په‌سه‌ندی بكه‌ن. له‌و ڕۆژه‌وه عه‌ره‌فات له نه‌خۆشخانه‌یه، ده‌یان جار هه‌واڵی مردنی له لایه‌که‌وه بڵاو بۆته‌وه و له‌لایان لایه‌نگره‌كانییه‌وه وه‌درۆ خستراوهتهوه. واههستدهكهیی هه‌ردوو لا باوه‌ڕیان كردووه نه‌مانی یاسر عه‌ره‌فات به مانای نه‌مانی خه‌باتی خه‌ڵکی فه‌له‌ستینه. وه‌ک بڵێی خه‌بات ئازادیخوازی ئه‌و گه‌ڵه یانی بوونی ئه‌و و نه‌مانی به مانای فه‌وتانی هیوا و هه‌وڵه‌كانه بۆ ڕزگار بوونیان. من یه‌كه‌م جار ناوی "فه‌له‌ستین"م له ناو شێعری شه‌ریف له كتێبی "ملوانكه‌ی شین"دا دیت. ئه‌ی سه‌رگه‌ردانی مانوو لێقه‌وماوی بێخانوو ئه‌ی ماڵ و منداڵ له كۆڵ ئاواره‌ی نیشتمان چۆڵ ئه‌ی برای فه‌له‌ستینی كه‌ی مافی خۆت ده‌ستێنی .... دواتر، نۆ یان ده ساڵم بوو وێنه‌یه‌کی یاسر عهرهفاتم دیت، لایه‌کی وێنه‌كه ئه‌و بوو و لایه‌کیتر خومه‌ینی. عه‌ره‌فات " ئاغابانوویهكی" (كوبی پێی ده‌ڵێت جامانه) له‌سه‌ر بوو. به شهرهمهزارییهوه ده‌ڵێم من له سه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تییه و خه‌باتی گه‌لی فه‌له‌ستین زۆر نازانم. به‌س ده‌زانم سه‌ره‌ڕای هه‌موو ههورازونهشێوهکانی سهرڕێگهیی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جارێک گوتیان نۆكه‌ری ئه‌مریكایه و جارێک مۆری جاسووسی ڕوسه‌کانیان له ناوچاواندا (ڕاست یان درۆكه‌ی وه‌باڵ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی گوتیان و ده‌یڵێن!)، یاسر عه‌ره‌فات له‌سه‌ر مافی گه‌لی فه‌له‌ستین سوور بوو و كه‌مترین به‌رهه‌می كاره‌كانی ئه‌وه‌یه كه دونیا - و كه ده‌ڵێم دونیا مه‌به‌ستم زلهێزه‌كانه- ئیتر ناتوانێت چیتر خۆ له هه‌ڵومه‌رجی ژیانی ئه‌و گه‌له گێل بكات و حاشا له بوونیان بكات. هه‌واڵه‌كانی ئه‌مڕۆم كه دیت به‌ڵام زۆرتر دڵم بۆ یاسر عه‌ره‌فات وه‌ک مرۆڤ سووتا. وه‌ک مرۆڤێك كه باوه‌ڕ ناكه‌م ژیانێكی ئاسایی هه‌بووبێت، عه‌ره‌فات هه‌ركه‌س كه بوو و هه‌رچی كه كردی، به‌شه‌که‌ی خۆی ژیاوه و ئێستا مافی خۆیه‌تی لێیگه‌ڕێن له ئارامیدا و به‌ئارامی گیان بدات. هه‌ڕچه‌نده بۆ ڕوحێكی نائارام وه‌ک ئه‌و، دژواره به ئارامی مردن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به زۆری زیندووی ڕاده‌گرن و له بوونیی به‌درۆی كه‌ڵک وه‌رگرن، به‌ڕای من شكاندنی سنووری ڕێزی مرۆڤایه‌تییه. لێیگه‌رێن با له ئارامیێدا چاوبنێتهوه! له هه‌مان كاتدا كه بیر له ژیانی پڕ بهسهڕهاتی یاسر عه‌ره‌فات ده‌كه‌مه‌وه، بیرم ده‌گه‌رێته‌وه سه‌رئه‌و ڕاستییه تاڵه كه له‌به‌شێک له‌و دونیا سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه‌دا، خه‌ڵكانێک هه‌ن كه پێویستیان به "شه‌هید و قاره‌مان"هه‌یه تاخۆیانی پێوه هه‌ڵواسن. شتێک یان كه‌سێک كه مۆری پیرۆزبوونی لێبده‌ن و بیكه‌ن به ڕێبازێک. قاره‌مانێکی لێ‌ساز بكه‌ن و بیكه‌ن به بووتێک و له‌ژێر سێبه‌ری ناوی بژین. نموونه‌ی ئاوامان له‌ده‌وری به‌ری خۆمان زۆره. بێماناترین نموونه‌ی مه‌نسوری حیكمه‌ت و سازبوونی حیكمتیسم بوو. هه‌ندێ جار بیر له "ئاپۆ" ده‌كه‌مه‌وه. دڵنیام ئه‌گه ئاپۆ له به‌ندی توركه‌كاندا كوژرابا، شه‌هیدێكی مێژوویی لێ‌ساز ده‌بوو و ده‌بوو به بووتێکیتر له مێژووی خه‌باتی كورددا. ئاپۆ ئه‌گه‌رچی ده‌ورێكی گرنگی كه خه‌باتی كورد - لانیكه‌م له به‌شێكی كوردستان - هه‌بووه، به‌لام چونكه هێشتا "شه‌هید" نه‌بووه، كه‌متر دێته به‌رچاوان. به هه‌رحال ئه‌وه‌ش كه‌مایه‌تی جولانه‌وه‌کانی ئه‌م به‌شه له دونیایه. هه‌موو بایه‌خه‌كانی خه‌باتێک، جوولانه‌وه‌یه‌ک له یه‌ک كه‌سدا ده‌گونجێنن و بوون و نه‌بوونی ئه‌و تاكه كه‌سه، له زۆربه‌ی جاران ده‌توانێت به مانای مان یا نه‌مانی ئه‌و خه‌بات و ئه‌و جولانه‌وه‌یه بێت. ئیتر كێ و كه‌ی جوولانه‌وه‌یه‌كی ئه‌وها، ده‌باته ژێر پرسیار ڕه‌نگه زۆری مابێت. من به‌لام ئه‌گه‌ر بم هه‌ر ئه‌مڕۆ بۆ خه‌باتێكی ئاوا كه گرێدراوی یک كه‌س بێت، "پرسه‌یه‌كی گشتی" ڕاده‌گه‌یه‌نم. الفاتیحه! ئاخر جار كه قسه‌م ده‌گه‌ڵ كردی، ده‌نگم له‌ناو گرێ پووچكه‌ی بوغزی كۆنی گریانێک، ڕێگه‌ی وون كردبوو. تاسه و ته‌مێكی تۆزاوی، دڵته‌نگییه‌كانم كه نه‌مده‌زانی له كوێرا ده‌ستییان پێكردووه تا بێره گه‌یشتوون، خۆزگه‌ی دووباره دیتنه‌وه‌ت و بریای سه‌رله‌نوێ یه‌ک ناسینه‌وه، سه‌یر داگیریان كردبووم. هێشتاش بوونت بۆم گرنگترین شته. هه‌میشه خۆشم ویستووی، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی له نامۆیی نیگاتدا خۆم نه‌ده‌دیته‌وه. هه‌میشه بێدهنگییهكانت ترساندوویانم. ترس له‌وه‌ی نه‌ک ئیتر هیچ قسه‌یه‌كمان نه‌مابێت پێكه‌وه بیكه‌ین! نه‌ک ڕێگه‌ی دڵی یه‌کترینمان وون كردبێت! نه‌ک تازه قه‌ت نه‌توانین شته‌كان، له‌وێرا كه وه‌ستاوون، ده‌ست پێبكه‌ینه‌وه! هه‌ندێ جار، له پێكه‌وه بوونهکانماندا ته‌نیا بووین، هه‌ندێ جار مـــــهودای نێوانمان ده‌گه‌راوه خه‌ونه‌كانی من و ترسه‌كانی تــــۆ. هه‌ندێ جار نامۆیی نێوانمان پڕبوو له ویستی من بۆ ژیانی خۆم و داوی داب ونه‌ریتێک به‌ده‌وری ده‌ست وپێی تــــۆوه... له‌من، بۆخۆم ده‌ترسای. نیگه‌رانم بووی. هه‌میشه. هه‌رچه‌نده هه‌ندێ جار نه‌تده‌زانی چۆنی بدركێنیت. له‌بیرته، شه‌وێكی نه زۆر ساردی زستانێک، داوام لێكردی پێكه‌وه بچینه ده‌رێ؟ هێشتاش ده‌نگی پێمان له سه‌ر به‌فره تازه باریوهكان، له گوێم‌دا ده‌زرینگێته‌وه. تــۆ په‌نجه‌كانت له پشته‌وه‌را به یه‌ک گه‌یشتبوونه‌وه. باڵا به‌رز. شانه‌كانت هه‌میشه به‌ره‌و پێشه‌وه خواردهبوونهوه، وه‌ک بڵێی به‌ته‌مابیت دابێیتهوه. قه‌ت دانههاتییهوه. منیش ڕێک وه‌ک تۆ، په‌نجه‌كانم له پشتهوهرهرا له‌یه‌ک گرێ ده‌دا و هه‌وڵم ده‌دا هه‌نگاوه‌كانم ڕێكی هه‌نگاوه‌کانت بێت. هه‌میشه ده‌بوو. ئه‌و شه‌وه زۆر جیاواز بوو. من بڕیارم دابوو بڕۆم. ماندوو ببووم. بێقهرار بووم، ده‌مزانی چیتر به‌رگه ناگرم. پێم گوتی هه‌ست ده‌كه‌م ئاسمان خه‌ریكه به‌سه‌رما ده‌ڕووخێت. گوتم من ده‌ڕۆم، ده‌ڕۆم بۆ شارێكیتر. گوتم لێـــــــمگــــــهرێ بڕۆم. چكووله بووم، له چاوی تۆدا. بۆ تۆ من هه‌میشه خـــوشـــــكه شه‌یتانه بــــــــزۆزهكه بووم كه ئارام و قه‌راری نه‌بوو. خوشكه بچووكه كه‌لله شهقهكهت. گوتم با ماوه‌یه‌ک له‌م شاره و خه‌ڵكه خۆڵاوییه‌که‌ی دوو ببمه‌وه. دێمه‌وه. پێشت پێنـــــهگرتم. نه‌تگووت نا. ئه‌و شه‌وه چه‌ند ساعه‌تێک له شه‌قامه چۆله بهفراوییهكانی شاردا گه‌راین. كه‌مێک گریاین، كه‌مێک پێكه‌نین، كه‌مێک دڵته‌نگ بووین و من ڕۆیشتم و دوور بوومه‌وه و كه‌مێک گه‌وره‌تر بووم و ئارام هه‌ر نه‌بوومه‌وه. دوای ساڵێک كه گه‌رامه‌وه، هیچ شتێک نه‌گۆڕدرابوو، كه‌چی هیچ شتێكیش وه‌ک خۆی نه‌مابوو و هه‌ردووكمان ئه‌وه‌مان باش ده‌زانی. هه‌ردوومان ده‌مانزانی ئه‌وه به‌س سه‌ره‌تایه‌که. سه‌ره‌تای ڕێگه‌یه‌كی دوورتر... دوورییه‌كی درێژتر... دوایی دیسان دوور كه‌وتینه‌وه و ئه‌و هه‌موو ساڵه هاتن و تێپه‌ڕین و من و تۆ ده‌یان جار یه‌کترینمان وون كرد و یه‌کمان گرته‌وه. شه‌ڕمان كرد و ئاشت بووینه‌وه. گریان و پێكه‌نین. دیسان دوایی ئه‌و هه‌موو ساڵه خوشکوبرا بوون، هێشتا سه‌رمان له كاری یه‌ک سووڕده‌ما. دیسان پرسیاره‌كان، دیسان باسه دوور‌و درێژه‌كان، دیسان بێ‌وڵام مانه‌وه. دیسان په‌یمان و به‌ڵێنییه‌كان. ئه‌و هه‌موو ساڵه تێپه‌ری و زۆر شت له‌نێوانماندا گۆڕدرا و زۆر شت به نه‌گوتراوی مانه‌وه و زۆرشتیش له‌وانه‌یه لهبیركران ... هه‌ر من و تۆ ده‌زانین ئێمه چه‌نده جیاواز بووین. به‌لام هه‌موو ئه‌و جیاوازییه‌ش نه‌یتوانی وابكات من تۆم كه‌متر خۆشبوێت، نه‌متوانی چاوهروانییهكانم له تۆ كه‌م كه‌مه‌وه. ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو ئێشی وون بوونه‌كان، ئێشی دابڕانه‌كانی زۆرتر ده‌كرد. هه‌ستم ده‌كرد له‌هه‌مان كات هه‌م براكه‌م و هه‌م هاورێكه‌م له‌ده‌ست داوه... ئێستا دوورین و بۆ زۆرشت زۆر دره‌نگه، كه دوو ڕۆژ پێش دیسان تۆم بیسته‌وه، ده‌نگت له ناو گرێ پووچكه‌ی بوغزێكی كۆن، ڕێگه‌ی وون كردبوو. ده‌نگت ماندوو و دڵتهنگییهكانت له دووره‌وه ده‌ستیان پێكردووه و گه‌یشتوونه‌ته ئێره. تۆیه‌ک كه من قه‌تم نه‌دیت دابێیتهوه، بشكێیتهوه، ئێستا له شاری خۆت، له ناو خۆمانهكاندا، له ژێر باری ته‌نیایی و نامۆییدا چه‌ماویته‌وه. ده‌ڵێیت وونم كردیت، ببووره. ده‌ڵێیت باوه‌ڕم به هیچ و به‌که‌س نه‌ما. ده‌ڵێیت خۆم له‌خۆمدا وون بووم. ده‌ڵێیت دابڕام، ته‌نانه‌ت له‌خۆم. ده‌ڵێیت وه‌ک سێبه‌ری سه‌رلێشێواوین، خۆمان ناناسینه‌وه، ده‌ڵێیت هه‌ندێ جار نازانین چی بكه‌ین تا له نامۆییهكان دووربینه‌وه. بۆم باس ده‌كه‌یت كه چۆن نه‌سلی تــــۆ، ئه‌و نه‌سله‌ی شۆرشیان كرد، ته‌نیا ماونه‌ته‌وه، كه چۆن هه‌موو شته‌كان له بێماناییدا مانا كراونه‌ته‌وه. كه چۆن كۆتایی هه‌موو ڕێگاكان ده‌گه‌نه بنبه‌ستێکی تاریک و كه‌چۆن پرده‌كانی پشت سهڕتان هه‌موو ڕووخاون. تــــۆ قسه ده‌که‌یت و من له دڵتهنگییهکانتدا ده‌توێمه‌وه و دیسان خۆزگه‌ی دیتنه‌وه‌ت و بریای بوونت سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه ... ئاخرجار كه له‌ئامێزم گرتی، به سرته داوام لێكردی ئاگات له چه‌ند كه‌سێک بێت. به سرته داوام لێكردی نه‌هێڵیت فڵانی قه‌ت هه‌ست به ته‌نیایی بكات. له‌بیرم چوو ... نا، هه‌ر به پێویستم نه‌زانی پێت بڵێم ئاگات له خۆت و دڵه‌كه‌ی خۆت بێت، به پێویستم نه‌زانی پێت بڵێم، ئاخر قه‌ت نه‌مدیبوو دابێیتهوه، بشكێیتهوه. باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد شتێک هه‌بێت ئه‌ژنۆت پێدابدات... ئێستا ده‌تبیستم و له دڵتهنگییهكانتدا ده‌توێمه‌وه و بۆ یه‌ک چركه هه‌ست ده‌که‌م دڵم له لێدان ده‌وه‌ستێت كه پێم ده‌ڵێیت: باشتر كه لێــــــــــــره نیت. قه‌ت مــهیــــهوه، قـــــهت!! براكه‌م، خۆشه‌ویستی دڵی خوشكی خۆت، ببووره كه ناتوانم ته‌نیاییه‌كانت بدزم، كه ناتوانم له نامۆییهكان دوورت كه‌مه‌وه. ببووره له‌وێ نیم تا له‌نزیكه‌وه خۆشم بوێیت!
November 5, 2004
خوێندنه‌وه‌ی په‌یامی موسته‌فا هیجری، دیسان ئه‌و پرسیاره‌ی له لای من درووست كرد به‌راست ئه‌و "نازه‌نینانه" خه‌ریكی چین؟ دوای وه‌بیرم هاته‌وه نه‌كه‌رۆز پێشتر ئه‌م پرسیاره‌ی له خۆی و له جه‌ماعه‌ت كردووه و هیچ وڵامێکی وه‌چنگ نه‌که‌وتووه، دواتر وه‌بیرم هاته‌وه به قه‌ولی سانا گوتـــــهنی دۆشاوووووو، ئاخر پرسیار له كێ ده‌كه‌یی؟ خۆ ئه‌و " ئازیزانه" زانیبایان خه‌ریكی چین، ئیتر خه‌ریكی نه‌ده‌بوون، دیسان شتێكیترم كه‌وته‌وه بیر كه یه‌كێ له‌وانه‌ی خۆیان به شانازییه‌وه گوتبووی كه گۆیا له‌م پهنجاوچهند ساله‌ی خه‌باتیان ئاڵوگۆڕێكی ئه‌وهایان به‌سه‌ردا نه‌هاتووه. كـــــــوڕی هه‌ژارم، پێی وابووه هه‌موو ئاڵ‌وگۆڕێک بڤه‌یه و بۆ بیر‌و مێشكی خه‌ڵک جزهیه .... دوایی دیسان به خۆم گوت ده‌یی كه بیری سیاسی و ئاگری ئایدۆلۆژیاش وه‌ک مه‌روماڵات له بابه‌وه به كوڕ بگات، هه‌روا ده‌بێت ... ئه‌وه‌ش ده‌قی په‌یامه‌که: (ئه‌گه بووش له‌مه هارتر بوو، بچن یه‌خه‌ی موسته‌فا هیجری بگرن كه ئاخر كوڕی باش ئه‌وه قسه بوو كردت!) به‌ڕێز پریزیدێنت بووش! سه‌ركۆماری وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا! سه‌ركه‌وتنی به‌ڕێزتان له هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماریی ئه‌مریكا بۆ جاری دووهه‌م, جێی خۆشحاڵیی ئێرانییه‌كان به گشتی‌و گه‌لی كورد له كوردستانی ئێران به‌تایبه‌تییه. به‌و بۆنه‌یه‌وه پیرۆزباییتان لـێ ده‌كه‌ین‌و هیوادارین له ده‌وری دووهه‌می سهركۆماریتاندا یارمه‌تیده‌رێكی جیددی خه‌ڵكی وه‌زاڵه‌هاتووی ئێران بن له رووخاندنی حكوومه‌تی تیرۆریست‌و دژی ئازادی‌و دێموكراسی كۆماری ئیسلامیی ئێران‌و هێنانه‌سه‌ركاری حكوومه‌تێكی دێموكراتیك له‌و وڵاته‌دا. له نه‌مانی كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا, دنیا زۆر خۆشتر ده‌بێ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سكرتێری گشتی مسته‌فا هیجری 3ی نوامبری 2004
November 3, 2004
فیلمسازێكی هـــۆلهندی به ده‌ست كه‌سێک یان كه‌سانێک، ده‌كوژرێت، ماڵپـــهری بروسكه له ڕیزی یه‌كه‌می هه‌واڵه‌كاندا، وێنه‌یه‌ک بڵاوده‌كاته‌وه و ده‌نووسێت: " قتـــــــل فیلمساز هنــــــدی"! به‌خۆم ده‌ڵێم ته‌ح له‌و به‌خته! له‌ڕۆژێكدا،هـــه‌م كابرایه‌كی مهراكێشی له باكووری ئه‌فریقاوه دێت ده‌تكوژێت و هـــه‌م كوردێک له باكووری ئوروپاوه دێت نه‌ته‌وه‌ت لێده‌گۆڕێت. و بیرم ده‌چێته‌وه بـــۆلای پهیــــڤ و نازانم بۆ به "په‌له‌قاژه" ده‌ڵێت: "وشه‌ی سووک و ناپه‌سه‌ند" *** "جــۆرجه بووش" ده‌بێته‌وه به سه‌رۆک كۆماری ئا‌مریكا. شهر له كۆڵانهکانی فه‌لووجه درێژه‌ی هه‌یه. ژیـــــــلا و به‌ختیار ورده‌ورده له‌بیر ده‌چنه‌وه. ڕادۆ بانگه‌واز ده‌ڵێت له‌سێداره‌دان له زۆر وڵاتی دونیا ، بۆ نموونه ئا‌مریكا، مهممنووعه! و من بیرده‌كه‌مه‌وه حیزب و ڕێكخراوه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی كورد، بڵێی ڕۆژێک له ڕۆژان، به‌م زووانه، تیپی مۆسیقای ههڵپهرێكێ ساز نه‌كه‌ن؟ *** خوێندنی یاسا ناخۆشه. خوێندنی یاسا به زمانێكی نامۆ ناخۆشه. خوێندنی یاسا به زمانێكی نامۆ كه وه‌بیرت دێنێته‌وه مرۆڤ قه‌ت ده‌گه‌ڵ مرۆڤ یه‌كسان نییه، ناخۆشه! *** لێوه‌كانی به حوكمی lipstick سووره، وه‌ک دندووكی كه‌وێ. چاو به كل و قژی "هایلایت"، كورته باڵا و خڕوخهپه. به ده‌نگی به‌رز قسه ده‌كات. به نازانم كێ ده‌ڵێت:" باشترین ڕێگه ئه‌وه‌یه مه‌جبوور بێت بتهێنێت، كارێک بكه مه‌جبوور بێ ..." تكایه چركه‌یه‌ک بێده‌نگی، بـــــــۆ مردنی خهونهكان! ژن هێنان: گرنگ ئه‌وه بزانی چیت ده‌وێت له ژیاندا. ئه‌گه حه‌زت له سه‌فه‌رو گه‌ڕانه و ناته‌وێت خۆماندوو بكه‌یت و كاری بۆ بكه‌ی، ئه‌وه ده‌توانی كچی پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بخوازی و به پاره‌ی بابی "خێزانت" بخۆن و بنوون و خه‌می هیچ نه‌خۆن. هه‌رچیش خه‌زووری به‌ڕێز فه‌رمووی، قسه له قسه‌یدا مه‌كه‌وه با نان و دۆ له خۆت نه‌بڕی! یا نا، حه‌زت له سیاسه‌ته و هیچی لێنازانی. نه‌خه‌مه، كچی پیاوێكی سه‌رۆک حیزبێكی بخوازه و بیر له هیچ مه‌که‌وه. هه‌ربینا بووی به جێگری خه‌زوورت! حه‌زت له كۆڕی هونه‌رمه‌ندانه؟ جا ئه‌وه كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌بێت خه‌می بۆ بخۆیت؟ هه‌رچه‌نده ئێستا هه‌ركه‌س له ماڵی بابی دهتۆڕێت، ده‌بێته گۆرانیبێژ و هونه‌رمه‌ند، به‌ڵام رێگهیهكیتری ئه‌وه‌یه كچیان لێبخوازیت. ڕێگهیهکیتریش هه‌یه. به‌ڵام ئێستا له مۆد كه‌وتووه و باوی نه‌ماوه. ده‌ڵێن ده‌كرێت كه‌سێکت خۆشبوێت. كه‌سێک كه وه‌ک خۆت بێت. دڵی پڕ له هیوا و سه‌ری پڕ له خه‌ون و خه‌یاڵ بێت. خۆشت بوێت. دڵداری بكه‌ن، هه‌نگاوه‌كان پێكه‌وه هه‌ڵگرن و ورده ورده ئاواته‌كان بێننه دی... ئه‌وه‌یان ئێستا ئیتر باوی نه‌ماوه، بۆیه با باسی نه‌كه‌ین!
November 2, 2004
كه ده‌رگام لێكردییهوه، وه‌ک هه‌میشه چارشێوه قاوهییهکهت كه‌وتبوو سه‌رشانت و سه‌رپۆشه سپییه‌که‌ت نیوه‌ی قژتی داپۆشیبوو. قابله‌مه‌یه‌کی بچووكت به ده‌سته‌وه بوو، له ئامێزم گرتی، به‌خێرهاتنم كردی، قابلهمهكهم لێوهرگرتی و بردمه سه‌ر مێزه‌كه دامنا. چارشێوهكهم لێكردییهوه و قه‌دم كرد. تۆ چوویه ژوورێ دانیشتی، ڕێک به‌رامبه‌ر به په‌نجه‌ره. چووم ئیستكانێكم چای بۆ هێنای. له پێشم دانای. گوتم هه‌واش ورده‌ورده فێنكی كردووه. گوتم ژووره‌كه‌م زۆر سارده. گوتم هه‌ر بینا بارم كرد. گوتم ده‌مـێک بوو چاوه‌رێت بووم. گوتم بیرم كردووی. دڵه كووتهم بوو، به‌خۆم گوت ئه‌گه‌ر ده‌یزانی قسه‌م ده‌گه‌ڵ ناكات، بۆ ده‌هات؟ ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌کی ده‌گه‌ڵم نییه بۆ لێره‌یه؟ كه‌مێک میوه‌م شۆرده‌وه و دامنا. به گۆشه‌ی چاو ئاگام لێت بوو. چاوت له من نه‌بوو. ڕوانینت له جێیه‌کی دوور گیرسابۆوه. چاوم له قژه خاوه سپییه‌که‌ت بوو، له به‌رۆكت، پڕببووم له بۆنێکی ئاشنا. به خۆم گوت گلێیی بكه‌م؟ بڵێم بۆ ئه‌و هه‌موو ساڵه دیار نه‌بووه؟ ترسام، ترسام گلێیی بكه‌م، لێم بتۆڕێیت. ترسام بتۆرێیت و دیسان تا پانزده ساڵی‌تر نه‌گه‌رێیته‌وه. به‌خۆم گوت پێیبڵێ، ئیتر نه‌روات، بمێنێته‌وه، پێیبڵێ بیری ده‌نگی ده‌كه‌ی، بیری بۆنی به‌رۆكی، بیری كایه‌ی سهرپهنجهكانی ده‌گه‌ڵ تاڵه‌كانی قژت، بیری باوه‌شی. به‌خۆم گوت ده‌ترسم، ده‌ترسم پێم بڵێی گه‌وره بووی، بڵێی ئیتر له باوه‌شمدا جێت نابێته‌وه، ده‌ترسم بڵێی دره‌نگه، ده‌بێت زوو برۆیته‌وه. به‌خۆم گوت ده‌رگای قفل بكه و چارشێوه‌كه‌ی بشاره‌وه. به‌خۆم گوت بڕۆ له‌ته‌نیشتی دانیشه سهربكه سه‌ر شلكه‌ی ڕانی. به‌خۆم گوت بڕۆ گوێ بۆ ده‌نگی ترپه‌ی دڵی ڕاگره، بڕۆ بۆن به قژییه‌وه بكه، به‌خۆم گوت بڕۆ تا دره‌نگ نه‌بووه بیره‌وه‌رییه‌كی خۆشی بۆ بگێره‌وه تا پێبكه‌نێ و تۆ تاسه‌ی ده‌نگیت بشكێت. به‌خۆم گوت ئه‌گه‌ر به گریان بێت یان به پاڕانه‌وه ... مه‌هێڵه بڕواته‌وه، مههێـــڵه دیسان ون بێته‌وه ... دانیشتووی. چاوت له من نییه، ڕوانینت له جێیه‌كی دوور گیرساوه‌ته‌وه. "چایه‌كه‌ت بۆ گه‌رم كه‌مه‌وه؟" چه‌ند حه‌زده‌كه‌م بچمه باوه‌شی و شه‌رم ده‌كه‌م. ده‌مه‌وێت كارێک بكه‌م خۆمانی وه‌بیر بێنمه‌وه، به‌شكوو شتێک بڵێت، به‌شكوو دوایی ئه‌و هه‌موو ساڵه تاسه‌ی بیستنی ده‌نگی بشكێت. قسه‌ی ده‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، قسه‌ی ده‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، قسه‌ی ده‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، پێده‌كه‌نم، ده‌گریم، ده‌گریم، پێده‌كه‌نم، شێعری بۆ ده‌خوێنمه‌وه.... "شتێك بڵێ، تكایه، به‌س یه‌ک وشه، با ده‌نگت ببیستم ..." چاوی له من نییه، ڕوانینی له جێیه‌کی دوور گیرساوه‌ته‌وه و دڵی نازانم له كوێ! ............... چاو كه ده‌كه‌مه‌وه، تۆ له‌وێ نیت، وه‌ک هه‌میشه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی كه ده‌با لێره باییت و نه‌بوویت. وه‌ک هه‌موو ئه‌و ڕۆژانه‌ی نه‌بوویت تا له باوه‌شتدا خۆم بشارمه‌وه، نه‌بووی تا چیرۆكی ناتــــهواوی دڵدارییهكهمت بۆ بگێرمه‌وه. چاو ده‌كه‌مه‌وه و تۆ لێره نیت و من توڕه ده‌بم. له تۆ، له مردن، له خوا، له شه‌یتان. له سروشت. ئێره‌یی به خاک ده‌بم، ئێره‌یی به خواكهت، كه تۆیان له‌لایه. ئێره‌یی ده‌به‌م به هه‌موو ئه‌وانه‌ی دایكیان هه‌یه و بۆن به قژییه‌وه ده‌كه‌ن. به هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌توانن له ده‌رگای ماڵی دایكیان بده‌ن و ده‌نگی ببیستن و ده‌گه‌ڵی بگرین و پێبكه‌نن ... توڕه‌م لێت، زۆرتر له هه‌میشه. وێنه‌كه‌ت ده‌شارمه‌وه، ناوت ناهێنم، چیتر چاوه‌ڕێت نابم، ڕێگه‌ی خهونهكانمت لێ ده‌گرم. توڕه‌م لێت. زۆرتر له هه‌میشه. ده‌زانی، ده‌با پێش رۆیشتنه‌كه‌ت فێرت كردبام منێ كه ئاوێته‌ی بۆنی بوونت بووم، دوای ون بوونت، ئه‌و بۆشاییه به‌چی پڕكهمهوه. ده‌با فێرت كردبام كه تۆ نیت من خه‌ونه خۆش و ناخۆشهكانم بۆ كێ بگێرمه‌وه، یان ئه‌و جارانه‌ی دڵم ده‌شكێت، له باوه‌ش كــــــێدا بروخێم، ده‌با فێرت كردبام دوای خۆت بیره سه‌یره‌كانی زه‌ینم بۆ كێ ڕووت كه‌مه‌وه تا قاقا به شێتایهتیم پێبكه‌نێ و بترسێ و پێیسهیر بێ. ده‌با فێرت كردبام كه تۆ نیت باسی ئه‌و كوڕه‌ی شه‌وێكی پایزی ساڵێكی دوور له ژێر باران ماچم كرد و ته‌پ و تۆزی ترسێكی هه‌زار ساڵه‌ی ڕۆحمی سڕییه‌وه، به تێر وته‌سه‌لی بۆ كـــــێ بگێرمه‌وه، یان چۆن قه‌ت چاوه‌ڕێت نه‌بم بێی له ده‌رگای ماڵه‌كه‌م بده‌ی. ده‌زانی ده‌با پێش ون بوونت ئه‌وانه و زۆر شتیترت فێر كردبام. ده‌با فێرت كردبام ئه‌گه‌ر بیری ده‌نگتم كرد چی بكه‌م ... لێت توڕه‌م ... ده‌با لێره بایی، بریا لێره بایی، بیرت ده‌كه‌م ... |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|