Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

August 31, 2002

تازه له كوردستان هاتۆته‌وه. چه‌ند ساڵێك بوو باسی ئه‌و سه‌فه‌ره‌‌ی ده‌كرد. چه‌ند ساڵێك بوو به تامه‌زروێیه‌كی زۆره‌وه ، چاوه‌رێی ئه‌و چوونه‌وه و ئه‌و دیداره دووباره‌یه بوو . زۆر جار له ‌ شه‌وانی بێ ئه‌ستێره‌ی ئێره، تا به‌ره‌ به‌ری به‌یانی دا‌نیشتووین و باسی خه‌ونه خۆشه‌كان و خه‌یاڵه‌ ڕه‌نگینه‌كانمان كردووه . سۆز وابوو هه‌ر كاممان زووتر چووینه‌وه ، باوه‌شێك ئه‌ستێره‌ی ئاسمانی وێ به دیاری له‌گه‌ڵ‌ خۆمان بێنینه‌وه . سۆز وابوو هه‌ر كاممان زووتر چووینه‌وه ، به‌ چاوی ئه‌و‌ی تر، تێر تێر ، چاو له دار و دیوار و دیمه‌نه‌كانی كوردستان بكات و مشتێ خاك له‌گه‌ڵ خۆی بێنێته‌وه ... سۆز وابوو، به‌ڵام...

ئێستا هاتۆته‌وه و هێشتا ماندوویه . هێشتا تاسه‌ی نه‌شكاوه . هێشتا تۆزی ته‌مێكی ته‌نك له سه‌ر ئاوێنه‌ی چاوه‌كانی دیاره . ئێستاش هه‌‌موو شتێك هه‌ر وه‌ك خه‌ونێك وایه... به‌ڵام خه‌ونێكی ناخۆش !!

هه‌واڵه‌كانی تاڵه. نه تاسه‌ی دیتنه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌ی شكاوه، نه ئامێزی پڕ بووه له بۆنی گوڵه گه‌زیزه و گوڵه باخ ... ئه‌‌گه‌ر چی له وه‌رزی گوڵ و شكۆفه دا چۆته‌وه، ته‌نیا گه‌ڵارێزانی دیوه ....

گوێ ڕاده‌گرم بۆ قسه‌كانی، هه‌مووی چیرۆكی ته‌نیایی دڵه‌كان و دووری ده‌سته‌كانه ... چیرۆكی بزه‌ی وشك هه‌ڵاتوو و فرمێسكه قه‌تیس ماوه‌كان و ڕوخساره‌كانی وه‌ك گوڵی ژاكاو، چیرۆكی له‌شی بێ گیانی هه‌ڵقرچاو ...

هاوار... هاوار...
ئه‌و هه‌موو نامۆییه‌، ئه‌و هه‌موو ته‌نیاییه‌ له وڵاته‌كه‌ی خۆت ... !! ئاسمانه‌كه‌ی وه‌ك جاران نییه، پڕ بێت له ئه‌ستێره. خاكه‌كه‌ی وه‌ك جاران نییه، بۆنی باران، بۆنی ئاشنایی لێ بێت ...

له بیرم بێت كه چوومه‌وه ، كۆشێك ئه‌ستێره و باوه‌شێك بۆنی باران، له‌گه‌ڵ ‌خۆم به‌رمه‌وه ...
له بیرم بێت، دیارییه‌كانم هه‌مووی زه‌رده‌ خه‌نه‌ بێت، بۆ سه‌ر لێوی منداڵه‌كان، بۆ ڕوخساره وه‌ك گوڵ، ژاكاوه‌كان.
له بیرم بێت هه‌وڵ بده‌م برینی دڵی ئه‌و منداڵه‌ی دایكی بوو به خه‌ڵۆز ، سارێژ بكه‌م ...

****
بۆ له پێكه‌وه بوونه‌كانمان دا، له هه‌میشه ته‌نیاترین ؟!



August 29, 2002

ئه‌گه‌ قه‌راره بێیت ، دره‌نگ مه‌یه ...



ئه‌گه‌ باوه‌ورتان نه‌كردبێت كه خودایه‌ك هه‌یه تا وه‌ختی خۆی ده‌ست به داوێنی بن و چاره‌تان لێی بوێت، یان یه‌خه‌ی بگرن و هه‌موو خه‌تاكان باوێنه سه‌ر شانی وی ، كاتێ وه‌ك ئێستای من بێ تاقه‌تن و سه‌رتان لێ ئه‌ستوور ده‌بێ چی ده‌كه‌ن ؟

سه‌رم ئێشێت .... توره‌م، بێ تاقه‌تم ، ماندووم ...
(تێبینی: ڕه‌ش بینی نییه، پێم وایه خه‌ریكم نه‌خۆش ده‌بم!!)



سوچی به‌ندی بۆ ده‌ڕازێننه‌وه بێ خه‌م بژی
كه‌ی نیشانه‌ی ژینی بێ خه‌م، زیوه‌ری كاشانه‌یه؟



به‌رێز كۆڵكه زێرینه :

هه‌ر ئینسانێك به پێی تێگه‌‌یشتن و پێگه‌یشتنی خۆی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی هه‌یه بۆ ژیان. ڕوانگه‌كانی و هه‌ڵسه‌نگانده‌كانی ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر وه‌ی كه شته‌كان چۆن ده‌بینێت و چۆنی بۆ خۆی لێكده‌داته‌وه .

من خۆم وه‌ك تاكه‌ كه‌س باوه‌رم وایه هه‌ر جۆره ئاڵ و گۆڕێك له هه‌ر بوارێكی ژیاندا، ده‌ستپێكرده‌كه‌ی ده‌بێ خودی ئینسان بێت . تا مرۆڤ خۆی ئاڵ و گۆری به‌ سه‌ر دانه‌یه‌ت، ناشتوانێ شوێن له سه‌ر كۆمه‌ڵگاكه‌ی دانێت.

باسی" قانوونی كردنی له‌ش فرۆشی" ، له لایان هه‌ندێك جه‌ماوه‌ر، باسی گوناح بار بوونی ژن خۆی، له چۆنیایه‌تی ژیانیدا، نه‌بوو و نییه.

ڕاسته، ژن خۆی زۆری كه‌متر خه‌می كردووه و ده‌یكات. ژن هێشتاش دیلی كۆت و زنجیری ئه‌و داب و نه‌ریتانه‌یه خۆی په‌سه‌ندی نه‌كردووه . ژن هێشتاش به پێی یاسا و ڕێسایه‌ك ده‌ژیت كه خۆی قه‌بووڵی نییه و به‌ دژ مافه‌ ڕ‌ه‌واكانی خۆی ده‌زانێت. هێشتاش ژن هه‌ن كه ئه‌و هه‌موو زه‌خت و زۆرییه‌ی به دژ ژنان هه‌یه ، به بێ ده‌نگی لێی ده‌گوزه‌رێن و به شتێكی ئاسایی ده‌زان و له ژێر ناوی " چاره‌ نووس" و " قسمه‌ت و نه‌سیب" سه‌ری بۆ داده‌خه‌ن... ئه‌وانه هه‌مووی ڕاسته و ده‌بێ قسه‌ی له سه‌ر بكردرێت و شی بكردرێته‌وه .

به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه له ژێر ناوی "پێشكه‌وتوو خواز" بوون
و "شۆرشگێری" خه‌باتی ژنان هه‌وڵ بدرێت بێ لێكۆڵینه‌وه له گرفتێك ، چاره‌ی بۆ بدۆزنه‌وه‌ ، چاو نووقاندن له ڕاستییه‌كان و خۆ فریو دانه!

ئه‌گه‌ رۆژێ باس له سه‌ر كه‌متر خه‌می خودی ژنان بۆ ڕزگار بوونیان كرا، ده‌توانین به وردی قسه‌ی له سه‌ر بكه‌ین !



August 27, 2002

ده‌نگی ئینسانی ده‌ردێنن. هه‌ر ده‌ڵێم با خۆی لێ نه‌ده‌م و كارم پێی نه‌بێ . هه‌ر ده‌مه‌وێ بیری لێ نه‌كه‌مه‌وه ، ناتوانم.

جه‌ماوه‌رێك به‌ناو، پێشكه‌وتوو خواز هه‌ن بۆ مافی ژن خه‌بات ده‌كه‌ن . ژنانی ته‌واوی دنیا! باسی ژنی كورد نییه. ده‌ڵێن ژن هه‌ر ژنه.
من به‌ڕاست تێناگه‌م چۆن ته‌واوی ژنانی دنیا ده‌توانێ وه‌ك یه‌ک هه‌ڵسه‌نگێندرێ . ژنی كورد كوا ده‌توانی له‌گه‌ڵ ‌ژنی ئورووپی یان ئه‌مریكی له یه‌ك ڕیز، خه‌بات بكات.
منی كورد كه هێشتا بۆ سه‌ره‌تاییترین مافی ئینسانی خۆم ، واته هه‌ڵبژاردنی" هاورێی ژیان" ده‌بێ به‌شه‌ڕ بێم. من كه هێشتا له سه‌ر پشتی لانكێم ، چاره‌نووسم دیاری ده‌كردرێ .
من كه هێشتا له سه‌ر دڵداری ده‌كووژرێم ، كه هێشتا ژن به ژنه‌م پێ ده‌كه‌ن، كه هێشتا مافی بریاردان له سه‌ر له‌شی خۆمم نییه . من كه هێشتا خۆشاوی شه‌وی په‌رده‌م لێ ده‌بێت به ژار ئه‌‌‌‌گه‌‌ر سێ دڵۆپه خوێنی خوێری نه‌بێت به ئاڵای رووسوری من.
من كه دوو دانه‌م وه‌ك " یه‌ک" حیسابه !! كوا ده‌توانم له ڕیزی خه‌باتی ژنی ئورووپی دابم كه له مێژ ساڵه ئه‌م قۆناخه‌‌ی جێ هێشتووه !

من ده‌ڵێم لێم گه‌رێن وه‌ك ئینسانێكی ئازاد بژیم. ده‌ڵێم
لێم گه‌رێن بۆ خۆم خاوه‌نێ له‌ش و بیر و هه‌ست و ویستی خۆم بم. من ده‌ڵێم به‌سه ، له ژیر ناوی " ژن و مێردایه‌تی" ده‌ست درێژیم پێ مه‌كه‌ن. له ژێر ناوی عه‌یبه و ئیراده ، له خۆشییه‌كانی ژیان بێ به‌شم مه‌كه‌ن . من ده‌ڵێم با ئه‌و كۆت و زنجیره‌ی له پێی بیری منیان كردووه بپسێندرێ . ئه‌وان، جه‌ماوه‌ری به ناو پێشكه‌وتوو خواز، ده‌ڵێن با " له‌ش فرۆشی" له كوردستان قانوونی بكردرێت و وه‌ك ئیشێكی ئازاد چاوی لێبكردرێت، ئه‌وه‌نێ له وڵاتانی ئورووپی وایان كردووه !!!



August 25, 2002

كه‌وا بوو به‌شی ئێمه ترازان له باوه‌شی بیره‌وه‌رییه‌كان و ده‌ست گیر گردن به داوێنی خه‌ونه‌كانه ...

خه‌ونه‌كان بۆشایه‌كان پڕ ده‌كه‌نه‌وه ... ؟



هه‌وڵ دان بێ فایده‌یه، وه‌بیرم نایه ! نازانم خه‌ون بوو یان ڕووداوێكی ‌ڕاست .

ڕاكشابووم، په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌م تا ئاخر كرابۆوه . گوێم دابویه مۆسیقایه‌كی ئارام، ده‌نگی سه‌نتوور! ژووره‌كه‌م تاریك تاریك بوو، ئاسمانی ڕه‌ش ڕه‌شی شاره‌كه‌م لێ دیار بوو . ئاسمانێكی ڕووت ڕووت! ده‌تگوت هه‌ر چی ئه‌ستێره‌یه له ئاسمانی ئه‌‌م شاره كۆچی كردووه. تاسه‌ی بینینی ئه‌ستێره‌یه‌ك ....


هه‌ناسه‌ی فێنكی شه‌و ، دڵی په‌رده‌ی ناسكی ژووره‌كه‌می ده‌له‌رانده‌وه ، په‌رده‌كه ، ده‌تگوت سه‌مایه ده‌كات ، نه‌رم نه‌رم. هێدی هێدی !
خشپه‌ی پێی سێبه‌رێكم له تاریكیا ‌بیست، گه‌رمای په‌نجه‌یه‌كی مێهره‌بانم له ناو قژما هه‌ست پێ كرد. بۆنێكی ئاشنا... ژووره‌كه‌م پڕ بوو له بۆنی مێخه‌ك !! له باوه‌شی گرتم ، بۆنی به‌رۆكی پڕ‌بوو له بیره‌وه‌ری.‌ باوه‌شی پڕ بوو له حه‌سانه‌وه ! ئاره‌زووم كرد له باوه‌شیا بتوێمه‌وه !!


چاوم برییه ئاسمان ....
ده‌تگوت هه‌ر چی ئه‌ستێره‌یه ، له‌و بسته ئاسمانه‌ی له ‌من ڕا دیار بوو كۆ ببونه‌وه !

***
هه‌وڵ دان بێ فایده‌یه ، وه‌بیرم نایه خه‌ون بوو یا ....



August 23, 2002

Home sweet home =)



August 22, 2002

ڕۆژێكی دیش تێپه‌ر بوو. ئه‌وه ئه‌مرۆش ورده ورده خۆی له داوێنی " دۆینێ" داوێت و ده‌بێت به ڕابردوو .
ئه‌ورۆش تێپه‌ر بوو. به هه‌را هه‌را و ده‌نگه ده‌نگ، به پێكه‌نین، ته‌نانه‌ت گریان و تاسه‌ش !

قوورسایی ئه‌و قسانه‌ی ده‌با گوترابان و نه‌گوتران! قوورسایی ئه‌و ڕوانینانه‌ی خۆت لێ ده‌شاردنه‌وه و ده‌یان دیتێوه‌. پێكه‌نین به هیچ و گریان له خۆشیان !
تاسه‌ی گه‌رانه‌وه و ویستی ون بوون ، هه‌وای ڕۆیشتن و ڕۆیشتن و قه‌ت نه‌‌هاتنه‌وه ...

خۆ دیتنه‌وه له ئاوێنه‌ی ئاواتێكی دوور، بزر بوون له داوێنی ئاواته‌ دووره‌كان... شاد بوون به پێك گه‌یشتنه‌وه‌یه‌كی تازه و بریندار بوون به‌ ده‌ست ئه‌وانی خۆشت ده‌ویستن. كه‌وتن و كه‌وتن . هه‌ستانه‌وه به‌ داوی
هه‌ستانه‌وه . لێگه‌ران و نه‌دیتنه‌وه، چاو لێكردن و نه‌دیتن ، گوێ گرتن و نه‌بیستن ...
هه‌سته‌كان كه‌ی و به‌ ده‌ست كێ سه‌ریان بڕدرا؟

ئه‌وه ڕۆژێكی دیش تێپه‌ری ... !!

خۆ دیتنه‌وه له ئاوێنه‌ی ئاواتی دواڕۆژ ، پڕ بوون له دیتن و دیتنه‌وه ، بیستن و هه‌ست پێ كردن ...

ڕۆژێكی تازه به‌ڕێوه‌یه ....



August 20, 2002

له به‌ر خۆره‌كه‌ دانیشتبووم و خه‌ریكی چاو لێكردنی هێندێك وێنه بووم
كه شاكاری خۆم بوون، به‌راست ئاگام له ده‌ور و به‌ر نه‌مابوو و بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه كه من چه‌ند كار جوانم،
له ناكاو چه‌ند كه‌س به هه‌را هه‌را و ده‌نگه ده‌نگ هاتن و له‌وێ چاویان بۆ جێی دانیشتن گێرا. لای من جێ هه‌بوو،به‌ڵام پێم خۆش نبوو له‌وێ دا‌نیشن ، زۆر به‌رز قسه‌یان ده‌كرد، كه‌چی یه‌كیان پرسی ئه‌گه‌ بۆیان هه‌یه دانیشن . مڵكی من نه‌بوو . وتم فه‌رموون و خه‌ریكی كاری خۆم بوومه‌وه. ئه‌وانیش به زمانێكی كه من نه‌مده‌زانی چینیه یان ژاپۆنی یان... قسه‌یان ده‌كرد
كه چی له پڕ ئه‌وه‌ی ته‌نیشتم به كوردی پرسی " خواردنه‌وه چیت ده‌وێ بۆت بێنم ؟ " سه‌رم سووڕ ما، ناتوانێ له‌گه‌ڵ منی بێت ، له لای خۆم بیرم كرده‌وه. پێم وابوو خراپ حاڵی بووم و لێی گه‌ڕام ... دیسان ئه‌وه‌ی دیم بیست به كوردی ده‌ڵێ : هه‌ر چی بێت، به‌ڵام سارد سارد بێ ...
دوو كچ و كوڕێك بوون . یه‌كیان دیار بوو خه‌ڵكی "چین " ، "ژاپۆن" یان ئه‌و ده‌ورو به‌ره‌یه . به‌ڵام ئه‌وانی دی لێیان دیار نه‌بوو به‌ڕاست ... كچه‌كه‌ی ته‌نیشتم به ئینگلیزی لێمی پرسی "به‌رز قسه‌ ده‌كه‌ین؟" وتم زۆریش بێ ده‌نگ نین. پێكه‌نی . چ گه‌رم و خۆشه‌ ئه‌ورۆ . ئه‌و گوتی . منیش بیرم كرده‌وه هه‌میشه سه‌ری قسه له گه‌ڵ كه‌سێك كه نایناسی یان به ساعه‌ت پرسین ده‌ست پێ ده‌كات یان به باس له سه‌ر هه‌وا !

پرسی: خه‌ڵكی كوێی ؟
- كوردستان
- (چاوی خڕ بوو. پێم وایه پێی سه‌یر بوو) : منیش. ئێمه‌ش . من و براكه‌م و ئه‌و خانمه‌ش ژاپۆنییه هاورێی براكه‌مه ! له كام وڵات ده‌ژی ؟
پێی ده‌لێم كام وڵات ... ئه‌ویش ده‌ڵێ‌: ‌ئێمه 15 ساڵه له ژاپۆن ده‌ژین !! براكه‌ی دێته‌وه . خواردنه‌وه‌ی هێناوه‌ و بزه‌ی له سه‌ر لێوه . هه‌ر ده‌گاتێ هاوره كچه‌كه‌ی ماچ ده‌كات . پێی ده‌ڵێن منیش كوردم. ئه‌ویش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ێ پێ سه‌یر ده‌بێ .

نزیك 6 ساعه‌ت دانیشتین و قسه‌مان كرد. باسی هه‌موو شتێك و هه‌موو كه‌سێك . زانیم ئه‌و كوڕه ئه‌وه 6 ساڵه له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و كچه ژاپۆنییه هاورێیه به‌ڵام قه‌راره ساڵی داهاتوو له كوردستانه‌وه‌ ژنی بۆ بێت !! زانیم خوشكه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر چی 2 ساڵ له براكه‌ی گه‌وره‌تره تا ئێستا بۆی نه‌بووه دۆستی كوڕی هه‌بێ .
" ڕاسته له كوردستان ناژین ، به‌ڵام ئه‌وه بۆ كچی كورد جوان نییه دۆست بگرێ ، قسه‌ی خه‌ڵکی ...." براكه‌ وای ده‌گووت . خوشكه‌كه‌ش به ئارامی و له سه‌ره خۆ وتی :
" دنیا هه‌ر وا نامێنێته‌وه ، ده‌مێنێته‌وه ؟"

***
به‌یانی ئه‌و شاره جوانه به‌ جێ دێڵم =(



August 19, 2002





پێم وانییه بتوانی ئه‌و هه‌موو جوانییه ببینی و سه‌ر بۆ سروشت دانه‌نوێنی !

ئێستا لێره‌م . لێره تێكه‌ڵ بوون له‌گه‌ڵ جوانی و ژیان هێنده ئاسانه ، كه ته‌نانه‌ت هه‌ناسه‌كانت بۆنی بوون و مانه‌وه‌یان لێ دێت!



به‌‌ڕێزێك په‌یامی ناردووه ئه‌وه بۆ وا زوو كۆڵت دا؟ واز مه‌هێنه، خۆت به! باسی خۆت بكه ! به‌‌ڕێزێكی دی وه‌بیرم دێنێته‌وه‌ باسی كێشه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌م و یه‌كی دی پێم ده‌ڵێ ئه‌وه‌نده ڕه‌ش بین نه‌بم . له په‌یامێكی دی هاتووه كه بۆ ده‌ترسێم و باسی هه‌موو شتێك ناكه‌م .

سه‌فه‌ری من هه‌ڵاتن نه‌بوو ، به‌زین یان كۆڵ دان نه‌بوو . سه‌فه‌ری من هیوای دۆزینه‌وه‌ی وڵامه نادیاره‌كان و پرسیاره ونه‌كان بوو . هیوای دۆزینه‌وه‌ی وێنه‌یه‌ك بۆ ئه‌و سێبه‌ره‌ی قوورسایی ده‌كاته سه‌ر بیرم .

بۆ دیتنه‌وه‌ی خۆم له خۆمدا، بۆ وه‌ده‌نگ هێنانی ئه‌و هه‌موو ده‌نگه‌ی له دڵما سه‌ریان بڕدڕاوه. ئه‌و سه‌فه‌ره هیوای دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌یه‌ك بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگا داخراوه‌كانی به‌رامبه‌رم بوو .


ئه‌و سه‌فه‌ره بۆ دیتنه‌وه‌ی خۆم له خۆمدا بوو. بیری خۆم ده‌كه‌م . حه‌ز ده‌كه‌م خۆم و ده‌نگه بێ سه‌ر و شوێنه‌كه‌م ببینمه‌وه.


منیش به‌شێك له‌م كۆمه‌ڵگایه‌م . كێشه‌ی من كێشه‌ی كۆمه‌ڵگای منه. ئه‌وه‌نده‌ی من به‌رامبه‌ر به كۆمه‌ڵگا به‌رپرسم ، كۆمه‌ڵگاش به‌رامبه‌ر به‌ من وه‌ك تاكه كه‌س به‌رپرسه ! تا ئه‌و ڕۆژه‌ی خۆشه‌ویستی تاوانه و منی له سه‌ر ده‌كووژن، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی مافی بریار دان له سه‌ر خۆم و له‌شم ، له سه‌ر داهاتوو و بیر و هه‌ستم پێ شل ده‌كردرێ ، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ژیانی من نه‌بێته‌وه‌ هین خۆم، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی من ته‌نیا، گۆپاڵ ‌به‌ده‌ست ئه‌ركی پاراستنی " نامووس و شه‌ره‌فی" كه‌سانی دیم له سه‌ر شانه ، و بۆ ڕاگرتنی ئه‌و " نامووسه‌" كه كه‌س نازانێ چییه ، من قووربانی بكردرێم، نایه‌م باسی شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات له نێوان كار به‌ده‌سته سمێڵ زله‌كان بكه‌م كه خۆ به ‌‌هه‌موو شتێكه‌وه ماندوو ده‌كه‌‌ن ، به‌ڵام خۆ له خه‌می ئینسانه‌كان ناده‌ن !


من باسی ده‌ردێكی هاوبه‌ش ده‌كه‌م ... هه‌ر ئه‌وه !!



August 18, 2002

ئینتێر نێت گه‌یشتۆته ئێره‌ش ، ناو دارستانێكی چڕ و دوور. ئێره كه مرۆڤ بۆ حه‌سانه‌وه داگیری كردۆت ئێستا ئینتێر نێت سێنتری لێیه‌ . پیاوێكی پیری ڕزا سووك له گۆشه‌یه‌كی دانیشتووه و خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی
ڕۆژنامه‌یه .

به ئارامی ڕۆژباشی لێ ده‌كه‌م . سه‌ری به‌رز ده‌كاته‌وه. چاوی شین شینه ، هاوڕه‌نگی ئه‌و ده‌ریایه‌ی ئه‌وه من چه‌ند ڕۆژێكه له‌گه‌ڵ ‌هاواری شینی شه‌پۆله‌كانی بوومه‌ته یه‌ک .

- ژوورێكم ده‌وێ بۆ دوو شه‌وان ... هه‌وكات سه‌ر به‌رز ده‌كه‌مه‌وه و چاو له ئه‌و وێنانه‌ ده‌كه‌م له دیواری پشت سه‌ری هه‌ڵواسراوه . به سه‌ر سوورماوێوه ده‌بینم وێنه‌یه‌كی مامۆستا ‌هێمن له ناو وێنه‌كانی دی دا خۆ ده‌نوێنێ . ناتوانم درێژه به قسه‌كانم بده‌م ، ئاماژه به وێنه‌كه‌ ده‌كه‌م و ده‌پرسم : ده‌یناسی ؟

- ئه‌رێ ، ساڵی 77 بۆ یه‌كه‌م جار ناویم بیست. شێعره‌كانی ....
- تۆ كوردی ؟
- نا... نا، ته‌نانه‌ت قه‌ت كورستانیشم نه‌دیوه . به‌ڵام چه‌ند ساڵان له‌گه‌ڵ چه‌ند هاورێی كورد یه‌ک مال بووم. ئه‌و ده‌م بوو ناویم بیست و شێعره‌كانیم خۆش ویست .

لێی ده‌پرم ئه‌گه‌ بۆم هه‌یه له ئینتێر نێت كه‌لك وه‌رگرم... بۆم هه‌یه .
- هه‌ر كات حه‌ز بكه‌ی ده‌توانی !

ده‌چمه ژووره‌كه‌م . له په‌نجه‌ره‌‌وه كه ده‌روانی تا چاو بڕ ده‌كات ئاوه ... ئاوێكی شین شین، هاوره‌نگی چاوی ئه‌و پیاوه ڕزا سووكه به ‌ته‌مه‌نه .

ئێوارێ كه ده‌چم دوو چه‌رخه‌یه‌ك ( پاسكیڵ) كرێ بكه‌م تا كه‌مێك ئه‌و ده‌ور و پشته‌ بگه‌رێم و ببینم ، پێم ده‌ڵێ
ئێره زۆر چۆڵ و بێ ده‌نگه‌ ....

ده‌ڵێم، نه‌ خه‌مه ، من خۆم پڕ بوومه له ده‌نگ .



August 11, 2002

وه‌رزی بێ ده‌نگییه و منیش تینووی هاوارێكم،
...
تا دیدارێكی دووباره ...
ماڵاوا.



August 10, 2002

گووتن گوناحه، هه‌ر وه‌ك چۆن، دیتن و بیستن ... !!
هه‌ر وه‌ك چۆن، هه‌ست پێ كردن ... !!
بیری ئازادی ، ته‌نانه‌ت له ته‌نیاییش دا، تاوانه !!
هه‌ر وه‌ك چۆن، خۆشویستن !!

ئای مرۆڤ... مرۆڤی زاڵم ...



خۆ ئێمه خۆمان هه‌ستمان به هه‌ستان و وه‌خه‌به‌رهاتنمان نه‌كرد ... !! گوتیان هه‌ستاون ...

... باوه‌ڕمان كرد كه هه‌ستاوین...



من له چنگ ترس و دوو دڵی ڕزگار كه، با ڕزگار بم ....



هه‌وره‌كانی ئاسمانی چاوم، بارین. تێر تێر. به‌ڵام تاسه‌م هه‌ر نه‌شكا.

دڵم كرد به گۆره‌پانێك بۆ خه‌مه‌ داگیركه‌ره‌كه‌ی ڕۆحم ، تا ئه‌وه‌نده‌ی حه‌ز ده‌كات خۆ بنوێنێ و بمرووخێنێ ...



August 8, 2002

شه‌و به پێ دزكه خۆی كێشاوه‌ته ناو ژووره‌كه‌م و تاریكی منی تووند له باوه‌ش گرتووه.
بێ ده‌نگی گۆمێكی مه‌نده و ماسیی یاده دوور و خه‌یاڵاوییه‌كان تێیدا مه‌له‌ی ده‌كه‌ن .
منیش به‌دوای ئه‌و ماسییه ڕه‌نگاو ڕه‌نگانه دا وێڵم، هه‌ر ده‌مه‌ی بۆ لایه‌ك و هه‌ر ساته‌ی له شوێنێك .

له‌و ناوه‌دا ماسی پووڵك ره‌نگینی یادی ئه‌و به‌دوای خۆیدا كێشاندمی بۆ دنیای سێحراوی خۆشه‌ویستی و باوه‌ڕ . دنیای هه‌زار ڕه‌نگی دڵداری و ئه‌وینداری . ئه‌و دنیایه‌ی ئه‌و تێیدا بوو به خاتوونی خه‌ونه دزراوه‌كان، شاسواری ئازای وڵاتێكی بێ باوه‌ر، بێ باوه‌ر به ده‌نگ و ده‌ست و دیتن. بێ باوه‌ڕ به هێزی بیر......

یادی ئه‌و، كه ماندوو بوو له دنیای ته‌نگی بیری ته‌سك، گۆمی بێ شه‌پۆلی ئێمه‌ی به‌جێهێشت و رێی ده‌ریای گرته‌ به‌ر... ، یادی ئه‌و، ئه‌مشه‌و له گۆمی مه‌ندی بێ ده‌نگی ختووكه‌ی گیانم ده‌دات ....

بیری ده‌كه‌م !



August 7, 2002

خه‌وم لێ ناكه‌وێ... دیسان !!
ئه‌وجاره‌یان بۆ ؟ نه‌كه‌ له خۆشیان بێت ؟؟؟



هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بوو ترسه‌كه‌ شكا ، ئێستا ده‌ڵێی به سه‌ر هه‌وران دا ده‌ڕۆم ، ده‌ڵێی هه‌ر چی ڕه‌نگی جوانی دنیایه ساته‌كانی منیان ڕازاندۆته‌وه. له سه‌ر قه‌ڵاندۆشی په‌لكه‌زێرینه ، چاوم له فڕینی بالنده بێ خه‌مه‌كانه . بیانوو بۆ پێكه‌نین و شاد بوون زۆرن .

حه‌ز ده‌كه‌م باوه‌شم پڕ كه‌م له‌و ڕه‌نگه‌ جوانانه و به دیاری بیهێنمه‌وه. حه‌ز ده‌كه‌م له‌و شادییه‌ی له دڵما ده‌گه‌رێ ملوانكه‌یه‌ك بهۆنمه‌وه بۆ گه‌ردنی هه‌موو دڵ خه‌ماوییه‌كان. حه‌ز ده‌كه‌م زه‌رده‌ خه‌نه بكه‌م به موورویه‌كی شین و بیده‌م به منداڵێك كایه‌ی پێ بكات.

=)



August 6, 2002

دانیشتووم . ماندوو له هه‌ڵات هه‌ڵاتی ڕۆژانه‌م. له ناو مێترۆ دام، به‌ره‌و ماڵ ده‌چمه‌وه. هه‌را وپێكه‌نین و قاقای دوو سێ كیژۆڵه‌ی 15...14 ساڵه له‌گه‌ڵ كوڕێكی ڕه‌ش پێستی هاو ته‌مه‌نیان ناهێڵێ چاو له سه‌ر یه‌ك دانێم، ناهێلێ دوو لاپه‌ره كتێبیش بخوێنمه‌وه. بیستنی پێكه‌نین و قاقاكانیان، جۆرێك منیش وه‌پێكه‌نین ده‌خات. چ شادن، چ جوانه شاد بوون.

له دنیای خۆیان دان، خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته نین، دیاره .
به‌ڵام به زمانی وان قسه ده‌كه‌‌ن. ده‌نگێكی دی له پشت سه‌رم د‌ێت و ده‌بێت به په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش بۆ ڕوخساری ئه‌و شادی و پێكه‌نینه جوانه... پیاوێكه به كوردی له‌گه‌ڵ هاورێكه‌ی ده‌دوێ : ئه‌وه سه‌رپه‌ره‌ستیان نییه؟ دیاره بێ كه‌س و كارن. وه‌ڵا كچی من بایه‌ن به شه‌پ ده‌مكووشتن. دڵنیام ئه‌و جانه‌وه‌ره‌ ڕه‌شه‌ هه‌موویانی.... !

هاورێكه‌ی: وه‌ره لێره‌را چاو لێ بكه‌، سینگ و مه‌مكی ته‌واو گه‌یشتووه ، ناسكه... ( ده‌نگی پێكه‌نینیان كه من ڕشانه‌وه‌م پێی دێت.) ...........

ئه‌وان وه‌ك گورگی برسی چاویان بڕیوه‌ته له‌شی منداڵانه‌ی ئه‌و كیژانه و له‌ هه‌مان كات دا قسه‌ێ زۆر سووكیان پێ ده‌ڵێن.........
منیش ئێشێك به‌قه‌د درێژایی ته‌مه‌نی ژن بوون ، به‌قه‌د درێژایی ته‌مه‌نی بوونی ژن ، په‌نجه‌ی ڕه‌قی له دڵ و گیانم ڕۆ كردبوو و ئازاری ده‌دام . بیرم ده‌كرده‌وه‌ هه‌رێمی ژن ، رێز له ژن، هه‌ر ئه‌وه نا، هه‌رێمی رێز له مرۆڤ ، جێیه‌كی له ناو دنیای پیاوانه‌ی ئه‌مرۆكه نییه.
دنیایه‌ك كه پێوانه‌كانی بۆ پیاوه‌تی پیاو هێزی مست و شه‌پی باب و برا و مێرده.
دنیایه‌ك كه پێوانه‌ی شه‌ره‌ف و نامووسی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن و پێ شل كردنی مافه‌كانێتی ، كوا چاوی دیتنی پێكه‌نین و شاد بوونی چه‌ند كیژۆڵه‌ی 15...14 ساڵه‌ی هه‌یه..... كوا ئه‌وه‌یان پێوه‌ ڕه‌وا ده‌بینێ .



كچ : بۆ ناته‌وێ من ئه‌و جۆره‌ی خۆم، ده‌مه‌وێ به‌خته‌وه‌ر بم...

دایك : خه‌یاڵی خاوه، ئه‌و به‌خته‌وه‌رییه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌ی وجوودی نییه . من ئه‌وه‌ی له ڕووی ته‌جره‌به‌وه ده‌ڵێم.

کچ : وایه، به‌ڵام تۆ ته‌نیا ته‌جره‌به‌ی یه‌ك ژیانت هه‌یه
ئه‌ویش ژیانی خۆت ! ڵێم گه‌رێ با منیش به ته‌جره‌به‌ی ژیانی خۆم به باوه‌رێك بگه‌م .



هه‌ر ڕۆژێك سه‌ره‌تایه‌كی تازه‌یه بۆ ده‌ست پێ كردنێكی نوێ .... ئه‌ی تێ ناگه‌م ئه‌و هه‌موو دووپات بوونه‌وه بۆ ؟



به‌ڕاست ئایا ئه‌و جۆرێك به‌خته‌وه‌ریی نییه كه هه‌ر ده‌وره‌یه‌ك شه‌ڕێكی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، به‌م شێوه‌یه ئینسانه‌كان ده‌توانن خه‌تاكانی خۆیان بخه‌نه پێی شه‌ڕ و پاكانه بۆ خۆیان بكه‌ن ؟

ئه‌گه‌‌ر شه‌ڕ نه‌ده‌بوو ، به‌دبه‌ختییه‌كانی خۆمان به خه‌تای كێ یان چی داده‌نا...؟



August 2, 2002

ئه‌و : شێتی ، سه‌ر شێتی، هه‌ر به قسه‌ی خۆت ده‌كه‌ی ،......
من : وانییه. ئه‌وه‌نده‌یه من و تۆ جیاوازین. هه‌ر ئه‌وه‌ و به‌س. ته‌نیا تێناگه‌م، تۆ بۆ هینده له جیاوازییه‌كان ده‌ترسی.... ؟؟؟ من بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی باشی و خراپی پێویستیم به ئه‌مۆنی خۆم هه‌یه....

ئه‌و : نا، ئه‌‌زمۆنه‌كانی تۆ بایخێكی نییه، ده‌بێ كه‌ڵك له ته‌جره‌به‌ی ژیانی خه‌ڵكانی تر وه‌رگری....


من : من وای بۆ ناچم ، ئه‌گه‌ وا بێت ، هیچ شتێك قه‌ت ناگۆڕدرێت. هه‌موو شته‌كان هه‌میشه وه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه... ناخۆشییه‌كان و كه‌م و كۆرییه‌كانی دۆینێ ، به میرات پێمان ده‌گات . ده‌بێ ئێستا ئه‌و كۆته‌ی بپسێنین، ده‌نا دواتر چمان پێ ناكرێ....


ئه‌و : شێتی، سه‌ر شێتی. هه‌ر به قسه‌ی خۆت ده‌كه‌ی...



حه‌ز ده‌كه‌م سه‌ر له نوێ ده‌ست پێ بكه‌مه‌وه به ژیان.....
ته‌نیایی ته‌ماوی ئه‌و ساته، ئه‌و هه‌سته‌ی له مندا زیندوو ده‌كاته‌وه !



زۆر جار له خۆم ده‌پرسم بۆ ده‌نووسین؟ كام نیاز، كام بۆشاییه وا هه‌ستی نووسین له مرۆڤا زیندوو ده‌كاته‌وه؟
خۆ ناسین‌؟ ترسی له بیر كردنی ڕووداوه‌كان؟ ڕوون كردنه‌وه‌ی شته داپۆشراوه‌كان؟ بیستنی ده‌نگێكی هاوده‌نگ؟ پڕ كردنه‌وه‌ی بۆشایی ده‌روون به هاوده‌ردی ؟
داوای یارمه‌تی؟ به‌ش كردنی ساته‌كانی ته‌نیایی و له‌گه‌ڵ ‌خۆ بوون؟

بۆ ده‌نووسین؟ بۆ وه‌رگرتنی ئه‌نجامێك له ژیان ؟ قه‌ت به‌و ئه‌نجامه ده‌گه‌ین ؟.....

ده‌ی ئه‌وه خۆشمان ناسی، سه‌رپۆشمان له سه‌ر نه‌هێنێكانی ناخیشمان هه‌ڵگرت، ڕووداوه‌كانیشمان له بیر نه‌كرت ... شته‌كانیشمان ڕوون كرده‌وه... ده‌توانین له‌گه‌ڵ‌ " منی ڕووتی خۆمان" بژین ؟ تاقه‌تی دیتنی ڕاستییه‌كانمان هه‌یه ؟



August 1, 2002

كه‌س گوێی له هاواری من هه‌یه.....؟
دیواری ئه‌و بێ ده‌نگییه بۆ نارووخێ... ! كێ ڕه‌نگه‌كانی دزیوه ؟



وا نابێ، بێ ده‌نگی قوورستر له‌وه‌یه بتوانی باره‌كه‌ی به‌ته‌نیایی له سه‌ر شانه ماندۆكه‌ت دانێی و ئه‌ژنۆت نه‌له‌رزێ ...

هه‌سته، وه‌دووی ده‌نگێك كه‌وه . په‌نجه‌ره‌ی بكه‌وه . ئاسمانی شین بانگ كه بۆ ژووره‌كه‌ت ، چاوت پڕ‌كه‌وه له
ئه‌ستێره، كۆتری دڵت فێری فڕین كه‌وه...




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------