October 30, 2003
نوقمی هه‌واڵه‌کانم، لێره و له‌وێ. چه‌نددانه گۆڤار، چه‌نددانه ڕۆژنامه، چه‌نددانه ماڵپه‌ر و ... هه‌واڵی كوشتن و بڕین و گیران. هه‌واڵی بێ سه‌ڕ و شوێن چوونی چه‌ند كچی گه‌نج. دیتنه‌وه‌ی له‌شی شێواوی ژنێك. دوو پیاو به‌ره به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه به چه‌قۆ بریندار كران ... ژن و پیاوێكی پیر دزییان لێ كرا. چه‌ند مه‌دره‌سه ئاگردرا. دوو ژن، پیاوێك هه‌ڵده‌خڵه‌تێنن ده‌گه‌ڵیان بڕوا. به‌ڵێنی پێده‌ده‌ن وڵامی یارمه‌تییه‌كه‌ی به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت بده‌نه‌وه!!! كه‌مێك دوورتر دوو پیاو چاوه‌رێیان ده‌كه‌ن، ده‌گرن پیاوه‌كه‌ی شل و كوت ده‌که‌ن و هه‌رچی پێیه‌تی لێی ده‌ستێنن. كورێكی 5 ساڵه ده‌ستدرێژی پێكراوه. كچێكیی 13 ساڵه له نه‌خۆشخانه ده‌ستدرێژی پێده‌کرێت ... ئه‌وه چییه، هه‌ڵكه‌وته یان چاره‌نووس؟ باوه‌ر به‌كامیان بكه‌م؟! باران باری. نم‌نم، ورد ورد. هه‌وره ڕه‌شه‌کانیش داخی دڵیان هه‌ڵڕشت. ئێستا وه‌ک شتێك نه‌فه‌س كێشان خۆشتره، هه‌واكه‌ی پاكتره ... شه‌قامه‌کان پیسترن. باران باری. بۆنی باران بوو، تۆ به‌ڵام نه‌بووی! مانگی ڕه‌مه‌زانیش ده‌ستی پێكرد بۆ " افیون زدگان"، ده‌ڵێم خۆزگه‌م به خۆیان كات، هێشتا ئیمانیان هه‌ر ماوه! ده‌لێم یادی سه‌رده‌می منداڵی و ڕۆژوو گرتنه‌کانی خۆم به خێر. نانی به‌یانیم ده‌خوارد، دایكم بۆی گرێ ده‌داده‌مه‌وه. پاش نیوه‌ڕۆش دوای قاشێك شووتی، بابۆله په‌نیرێك ... دیسان دایكم بوو له ئامێزی ده‌گرتم، ڕۆژووه‌که‌ی بۆ گرێ ده‌دامه‌وه و ده‌یلاواندمه‌وه: "كچم هه‌ر وا ده‌بێت، خه‌مت نه‌بێت" ... ئێواران كاتی به‌ربانگ سفره ده‌ڕازا‌وه. رادیۆ، بانگی بڵاو ده‌کرده‌وه. دایكم نوێژی ده‌كرد و بۆ كه‌ماڵ ده‌پاراوه. ئێستاش نه‌مزانی نوێژ و ڕوژووكانی بۆ خوا بوو یان بۆ كه‌ماڵ، قه‌ت نه‌مبیست ده‌گه‌ڵ خوای خۆی قسه بكات، هه‌ر ناوی كه‌ماڵم لێده‌بیست. من ده‌ڵێم هه‌مووی بۆ كه‌مال بوو، هه‌مووی ! مانه‌وه یان گه‌ڕانه‌وه؟ ساز كردنه‌وه‌ی پرده ڕووخاوه‌کان یان پشت تێكردن له هه‌رچی هه‌یه و هه‌بوو؟ كه‌ڵافی كۆنی بیره‌وه‌رییه‌کان هه‌ڵكردنه‌وه یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و یادانه‌ی شیی بوونه‌ته‌وه و چی تر نامبه‌ن ده‌گه‌ڵ خۆیان؟ دێـــــی من و تــــــــــۆ زمانی یه‌کترین فێر بین!؟ بریا هه‌وره ڕه‌شه‌كان زۆرتر ببارێن ... وه‌ک شتێك بۆنی باران پڕه له تاسه‌ی دایكم و تۆش لێره نیت!
October 25, 2003
ژیانی من چیرۆكێكه. چیرۆكی هاتن و ڕۆیشتنه‌كان. به‌ڵام نازانم بۆ له‌م چیرۆكه‌دا هه‌موو هه‌ر ده‌ڕۆن و هه‌ر خۆم هه‌میشه ده‌مێنمه‌وه! هه‌موو هه‌میشه هه‌ر ده‌ڕۆن ... هه‌موو! تـــــــــــــــــۆش! *** دوای تــــــــــــۆ، ئه‌گه‌ر هه‌زار جاری تریش ده‌ستم بگرن، من ده‌سته‌كانم له سه‌ره‌تاوه گه‌رم گه‌رمن و دواتر ده‌بنه‌وه به سه‌هۆڵ! هه‌موو جارێ به خۆم ده‌ڵێم، ترست نه‌بێت، ئه‌مجاره‌یان ئاخرجاره! كه‌چی زۆری پێناچێت سه‌رمای سه‌ر په‌نجه‌كانم سڕم ده‌كات ... سڕیان ده‌كات! ئێستا من ئاوا ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر تۆ تا سه‌د ساڵی تریش نه‌گه‌رێیته‌وه، من تا سه‌د ساڵی‌تر هه‌ر سه‌رپه‌نجه‌كانم گه‌رم ده‌بن و سڕ ده‌بنه‌وه... *** چیرۆكی شێتایه‌تی من و تۆ، له‌و چیرۆكانه‌یه كه له‌وانه‌یه سه‌د ساڵ جارێك له ژیانی مڕۆڤێكی وه‌ك من بێته پێش! چیرۆكی دوو مڕۆڤ كه بێ خواردنه‌وه، خۆشن، سه‌رخۆشن! ... به‌زمه‌كه‌یه! دیسان قسه بۆ خۆم ده‌كه‌م و ده‌گه‌ڵ تـــــــــــــــــۆمه ...
October 24, 2003
دره‌نگ خوو گرتن... له قوڵایی دڵه‌وه خۆشوێیستن، ویستن ... سووك ڕۆیشتن!
October 23, 2003
"منداڵ كه بووم، هیچ میچێكم له بان سه‌ر نه‌بوو. چ له‌و میچانه‌ی سپی سپین و هه‌موو جێیه‌كی له یه‌ك ده‌چێت و كاتێ ڕوانینی سه‌رلێشێواوت ئۆقره‌ت لێده‌بری، به ئاواته‌وه‌ی په‌ڵه‌یه‌ك، شتێكی به سه‌ره‌وه بێت تا نیگات له دوا خات، چ له‌و میچانه‌ی گێچكاری كراون و پڕن له نه‌قش و نیگارێ كه مڕۆڤ زۆر زوو له پێچ و په‌نای نه‌قشه‌كانیدا ڕێگه‌ی ڕوانینی ده‌دۆزێته‌وه و ون نابێت! ته‌نیا ئاسمان بوو، ئاسمانێكی پڕ‌له ئه‌ستێره كه هه‌ر شه‌وه‌ێ به شكڵێك خۆی ده‌نواند، شه‌وێك مانگه شه‌و بوو، شه‌وێك هه‌وراوی، شه‌وێك بێ مانگ و بێ هه‌ور، پڕ پڕ له ئه‌ستێره. جێی ئه‌ستێره‌كانیش هه‌ر وه‌رزێك، ڕۆژ به ڕۆژ، كات به كات ده‌گۆڕدرا. تازه ئه‌گه‌ریش جێیان نه‌گۆردرابا، له ئاست بچووكی من، ئاسمان هێند گه‌وره بوو كه قه‌ت نه‌ده‌گه‌یشتمه كۆتاییه‌كه‌ی و نه‌مده‌توانی هه‌مووی پڕ به دڵ چاو لێبكه‌م. جا ئه‌وانه هه‌موو له لایه‌ك، ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی ده‌خوشیان و ون ده‌بوون به‌ڵام یادیان تا ماوه‌یه‌ك ده‌ماوه، له لایه‌ك. باسی ئه‌و ئه‌ستێرانه ده‌كه‌م كه ئه‌گه‌ر دیبات دره‌نگت پێزانیون، دڵت ده‌گیرا، هه‌ر ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی بروسكه‌یان چاو، گیرۆده‌ی خۆیان ده‌كه‌ن... هه‌موو شه‌وێك به دوای ئه‌ستێره‌ی خۆم ده‌گه‌ڕام. بیرم نایه كێ پێی گوتبووم هه‌ر مڕۆڤێك ئه‌ستێره‌یه‌كی هه‌یه. نازانم، هه‌ر كه‌س بێت،ڕه‌نگه خۆشی له ناو چیرۆكاندا به‌مه‌ی زانیوه، چیرۆكێ كه ڕه‌نگه ته‌مه‌نی له ته‌مه‌نی مرۆڤ زیاتر بێت. ئاخر ده‌زانی، ته‌نیا من نه‌بووم، هه‌ر كه‌سم ده‌دیت ده‌یگوت: منیش به دوای ئه‌ستێره‌ی خۆما گه‌ڕاوم. كه لێم ده‌پرسین دیتوویانه‌ته‌وه یا نا، ده‌یانگوت نا، دوای ماوه‌یه‌ك ماندوو بووین له گه‌ڕان! یان ده‌یانگوت: "تۆش دڵت خۆشه ها، من له حه‌وت ئاسمانیش تاقه ئه‌ستێره‌یه‌كم نییه". ئه‌و كات بوو من دڵم ده‌گیرا. له ئاسمانێكی ئاوا گه‌وره ده‌بێت ئه‌ستێره‌یه‌ك بۆ هه‌ر دڵێك هه‌بێت. چۆن ده‌بێ كه‌سێك له حه‌وت ئاسمانا ئه‌ستێره‌یه‌كی وه‌ده‌ست نه‌كه‌وێت؟ به‌ڵام ئه‌وانی ئه‌ستێره‌ی خۆیان دۆزیبۆوه، قه‌ت هیچیان نه‌ده‌گوت. دیار بوو ئه‌وه‌ی لێی گه‌راون دیتوویانه‌ته‌وه. ئاخر ڕوانینیان سه‌رلێشێواو نه‌بوو. جۆرێك ده‌تتوانی كۆتری ڕوانینیان ببینی كه له شوێنێك هه‌ڵكوڕماوه و گیرساوه‌ته‌وه. وه‌ك بڵێی هه‌میشه شتێك، شوێنێك هه‌یه له سه‌رلێشێواوی نیگا، ڕزگاریان بكات. هه‌رچه‌نده زۆر جاریش پێموانه‌بوو هیچ ده‌بینن. ده‌تگوت نوقمن، ونن، له جێیه‌كی ترن، به‌ڵام وه‌ك بڵێی هیچ نابینن وا بوو. له ڕووم هه‌ڵنه‌ده‌هات باسی ئه‌ستێره‌كه‌یان لێ بپرسم، ده‌مـگوت پرسیاریش بكه‌م، ڕه‌نگه حه‌ز نه‌که‌ن وڵامم بده‌نه‌وه و ئه‌ستێره‌كه‌یان ده‌گه‌ڵ من به‌ش بكه‌ن! ئاوا بوو، هه‌موو شه‌وێك له سه‌ر پشت ڕاده‌کشام و چاوم ده‌برییه ئاسمان و به دوای ئه‌ستێره‌ی خۆما ده‌گه‌ڕام. ده‌مویست بزانم كامیان ئه‌ستێره‌ی منه. هه‌ندێ جار یه‌كیانم هه‌ڵده‌بژارد، به‌ڵام دواتر نه‌مده‌توانی بیبینمه‌وه. یان یه‌ك دوو شه‌و دواتر به دڵم نه‌بوو ئیتر، لێی ماندوو ده‌بووم. یان هه‌ندێ جار دوو سێ شه‌و هه‌ور بوو و ئه‌ستێره ون، كه هه‌وره‌كان ده‌رۆیشتن ئیتر له بیرم كردبوو. هه‌ندێ جاریش له تریفه‌ی مانگه شه‌وا لێم ون ده‌بوون و دڵم پڕ ده‌بوو و گوڵی گریانم هه‌لده‌ستا. جۆرێك كه ئیتر ئه‌و ئه‌ستێره‌م نه‌ده‌ویست. نه‌مده‌ویست تا ئیتر دڵم ئاوا پڕ نه‌بێت. نه ئه‌وه‌ی كه من ئیره‌یی به مانگ به‌رم و بڵێم بریا مانگ هین من بایه، نا، به‌ڵام كه ئه‌ستێره‌ی مرۆڤ له تریفه‌ی مانگه شه‌ودا ون ده‌بێت، بیر ده‌که‌یه‌وه چه‌نده خۆت و ئه‌ستێره‌كه‌ت بچووكن. كه مانگ هه‌یه، ئیتر من هیچ نیم، مڕۆڤێكی سه‌رلێشێواوی بێ ئه‌ستێره نه‌بێت! ئیتر ڕۆژێك به دوای ئه‌ستێره‌دا نه‌گه‌ڕام. ئه‌وه‌نده كه خه‌ڵك گوتیان ده‌ی ئه‌وه ئه‌ستێره‌یه‌كیشت دیته‌وه، خۆ هه‌ر نابێت به هین تۆ. ئاخر ڕه‌سمه‌که‌ی وایه، هه‌ر شتێك كه بێته هین تۆ ده‌بێ به‌ڵگه و سه‌نه‌دت بۆی هه‌بێت، ده‌بێ له شوێنێك تۆماری كه‌ی. خۆ ناتوانی هه‌ر وا له گۆتره، له دووره‌وه بڵێی ئه‌وه ئه‌ستێره‌ی منه. ده‌بێ بتوانی ده‌گه‌ڵی به ڕێگه‌دا بڕۆی، ده‌بێ بتوانی ده‌ستی لێده‌ی، هه‌ستی پێبكه‌ی. ئه‌گه‌ریش تۆ هه‌ستی بچی بۆ لایی، چوزانی ده‌توانی له‌وێ بژیت؟ له برسان نامریت؟ ئه‌گه نه‌خۆش بووی چی ده‌كه‌ی؟ زستان كه هات به چی خۆت گه‌رم ده‌كه‌یه‌وه؟ بێ كاره‌با چی ده‌که‌ی؟ گوتیان به جێی ئه‌و ده‌بێ و نابێیه، بڕۆ "بژی" باشتره. ماڵ بكڕه. زه‌وی بكره. ئوتومبیل بكڕه. ئه‌و كات ئیتر هیچت كه‌م نابێت. ئه‌وه‌نده‌یان ئه‌و قسانه له گوێما گوت كه من ئیتر نه‌مویست به دوای ئه‌ستێره‌كه‌مدا بگه‌ڕێم. چه‌ند ساڵ ئاوا تێپه‌ڕێ. دیم هه‌موو ئه‌وانه‌ی ماڵ و زه‌وی و ئوتومبیلیان هه‌یه، دیسان هه‌ر ده‌ڵێی شتێكیان كه‌مه. ده‌لێی به دوای شتێك‌دا وێڵن. ده‌ڵێی شتێكیان ون كردووه. بێ ئه‌وه‌ش، هه‌موو مڕۆڤه بێ ئه‌ستێره‌كان و ئه‌ستێره‌داره‌كان ده‌مرن. ئه‌وانی بێ ئه‌ستێره كه ده‌مرن، ماڵ و زه‌وی و ئوتومبیله‌که‌یان ده‌بێت به هین كه‌سێكی تر. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌دار كه ده‌مرێت، ئه‌ستێره‌كه‌ی هه‌ر ده‌مێنێت، به‌ڵگه‌شی به ناوی كه‌س ناكرێت. ئه‌و كات بوو به خۆم گوت كه دیسان به دوای ئه‌ستێره‌كه‌مدا ده‌گه‌رێم. به‌ڵام ئه‌و جار به چاوی به‌ستراو. ته‌نانه‌ت له ژێر میچیش. ئاخر ده‌زانی، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ئه‌ستێره ببینی ده‌بێ له تاریكی‌دا لێی بگه‌رێت. ئه‌وه‌نده گه‌ڕام تا ڕوژێك ئه‌ستێره‌یه‌كی بچووكی دوورم بۆ خۆم دیته‌وه. سه‌ره‌تا خۆشحال بووم. گوتم چیتر نیگام سه‌گه‌ردان نابێت... به‌ڵام دوای چه‌ند ڕۆژێك دیم هه‌ردڵته‌نگم. بیرم كرده‌وه ... ئه‌هااااا، ئه‌ستێره‌ی من گوڵی نه‌بوو. گوڵێك كه من هه‌موو به‌یانییه‌ك ئاوی بده‌م. گوڵپه‌ره‌كان بسڕمه‌وه و ئاگام لێی بێت. ڕۆژێ جارێك بۆنی بكه‌م و تا ڕۆژی دواتر له بۆنیی مه‌ست بم. ده‌زانی، ئێستا چاوه‌ڕێم. چاوه‌ڕێم بایه‌ك بێت تۆی گوڵێكم بۆ بێنێت. چاوه‌ڕێم، هه‌موو ڕۆژێك هه‌ر وا چاوه‌رێم...." *باوه‌ر بكه هیچ هۆیه‌كی تایبه‌تی نه‌بوو كه ئه‌و نووسراوه‌یه زوو ون بوو لێره! و *تــــــــۆش ده‌زانی كه هه‌ر خۆشمده‌وێی!
October 21, 2003
ئه‌مڕۆش ده‌باریی. ورد ورد. ساردیش بوو. ته‌زێك به له‌شما هات. ئوتوبووسه‌كه هێدی هێدی ده‌ڕۆیشت. شووشه‌كانی ته‌ڕ ببوون. من دڵته‌نگ بووم. بۆ كـــێ؟ بۆ چی؟ باران دڵۆپ دڵۆپ به سه‌ر شووشه‌كانا شۆڕ ده‌بووه! من دڵه كوته‌م بوو. بــــــــــــــــۆ؟ ڕێگه‌م دووره. باران ده‌بارێت. شه‌قامه‌كان ته‌ڕن! نه‌كا ئوتوبووسه‌كه‌مان وه‌رگه‌رێت! نه‌كا ده‌نگی نه‌بیستم. ده‌نگێ كـــێ؟ نه‌كا نه‌گاتێ؟ بۆ كـــــــــــــــوێ؟ ده‌ڵێم بڕیا ئه‌م ئوتوبووسه زه‌بتی هه‌با. بریا بۆ میوانییه‌ك بانگ كرابام. بریا وا زوو شه‌و دانه‌ده‌هات! بریا ده‌متوانی خۆم له باوه‌شیدا حه‌شار بده‌م. باوه‌شی كــــــــــــێ ؟ باران ده‌بارێت. چ پڕم له هه‌ستێكی به هێز. حه‌ز ده‌كه‌م كارێ بكه‌م، ئه‌و هه‌سته به جۆرێك له هه‌ناسه‌م جیا كه‌مه‌وه. دڵه كوته‌مه. ... باران ده‌بارێت. سه‌رمامه. بریا كه‌س چاو له چاوم نه‌كات با ده‌نگی دڵم نه‌بیستن. بریا ئه‌مڕۆ كه‌س لێم نه‌پرسێت چۆنم، با ئه‌و هه‌سته‌م نه‌یه‌ته زمان... دڵه كوته‌مه، نه‌كا ئه‌مشه‌و نه‌گاتێ؟ بۆ كــــــــــــوێ؟ نه‌كا ده‌نگی نه‌بیستم،، ده‌نگێ كـــــــــــــــــــــێ؟
October 19, 2003
" ... پێ به پێی ڕامان ده‌ڕۆیشتم و گوێم بۆ قسه خۆشه‌كانی ڕاگرتبوو. نیزیك كه بووینه‌وه، ڕامان وه‌پێش كه‌وت، ڕێگه‌ی پێده‌زانی. منیش هێدی هێدی به دوایدا ... كه گه‌یشتمه ناو كوچه، ڕامان دوور ببۆوه و منیش به بۆنی گوشتی سووتاو ناوچاونم تێكچوو، بۆكزی سووتاو ته‌واوی گه‌رێكی داگرتبوو. چوومه‌وه ژوورێ. تاریك وه‌ك هه‌میشه. منداڵه‌كان له ماڵ نه‌بوون، ڕامان خه‌ریكی كایه و منیش چێشت ساز كردن. له ناكاو هاواری ڕامان بوو وه‌خۆی هێنامه‌وه: "دایه ... دایه ئامپۆلانچ... ئامپۆلانچ..." -- ڕۆڵه ئامپۆلانچ نا، ئامبوولانس.. تۆ كه‌ی فێر ده‌بێ، به قه‌د منی ... ویژه‌ی ئامبوولانس و هه‌رای میلله‌ت منیشی كێشانده كۆڵان. له سه‌ری كوچه خه‌ڵك كۆ ببوونه‌وه، منداڵ ده‌گریان و ژنان به خۆیان داده‌دا. هه‌رچی من نزیكتر ده‌بوومه‌وه، هێزی ئه‌ژنۆم كه‌متر ده‌بووه... ئه‌و بۆ كزه، ئه‌و بۆگه‌نیوه‌ی بڵاو ببۆوه ... "ئاگری له خۆی به‌ردا ..." دوو منداڵی هه‌یه، كچه‌كه‌ی هاوته‌منی ڕۆیای منه . كوڕه‌كه‌ی سێ ساڵی زۆرتر نییه ... سیمایم هاته‌وه به‌ڕ چاو، قسه‌كانیی ... دڵم پڕ‌ده‌بێت، كوڵی گریان هه‌ڵمده‌گرێت. وه‌بیرم دێته‌وه هێشتا نه‌بۆته مانگێك یه‌كی تر خۆی و منداڵه سێ ساڵانه‌كه‌ی ده‌كوژێت .. ئاگری له خۆیان به‌رده‌دات ... له دووره‌وه ڕامان ده‌بینم بۆ لام دێت، نه هێزم هه‌یه به‌ره‌و پیلی بچم، نه هێزم هه‌یه بانگی بكه‌م. ئه‌ژنۆم ده‌شكێنه‌وه و چۆك داده‌ده‌م ، ده‌ڕووخێم ، ده‌یده‌مه پڕمه‌ی گریان! وه‌ك بڵێی هه‌زار ساڵه نه‌گریاوم. وه‌ک بڵێی فرمێسكه‌كانی ته‌واوی ئه‌و ساڵانه كۆ ببوونه‌وه و ئێستا ده‌ڕژانه سه‌ر گۆنا وشكه‌كانم ... ترسێك ده‌ستی له ئۆقره نابووم ... من چۆن كۆتایم پێدێت!؟ چه‌ندی تر تاقه‌ت دێنم؟ ڕامان خه‌ریكه فرمێسكه‌كانم وشك ده‌كاته‌وه ... "
October 10, 2003
هه‌ندێ كه‌س هه‌ن كه له لات نین، زۆرتر له هه‌میشه هه‌ست به بوونیان ده‌كه‌ی! ته‌نانه‌ت زۆرتر له‌و كاته‌ی كه له‌لاتن. - هه‌ندێ قسه هه‌ن كه ده‌گوترێن بۆوه‌ی بگوترێن نه‌ك بۆوه‌ی ببیسترێن. - هه‌ندێ نووسراوه هه‌ن كه ده‌نووسرێن بۆ ئه‌وه‌ی بنووسرێن نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بخوێندرێنه‌وه. له كاتی وا دا،وشه‌كان وا ڕووت ده‌بنه‌وه، شه‌رم له چاوی خوێنه‌ر ده‌كه‌ن و په‌نا بۆ دڵی نووسه‌ر ده‌به‌نه‌وه ....
October 7, 2003
ده‌ڵێی بارانی هه‌زار ساڵ له پشت ده‌رگا به‌ستراوه‌كانی ئاسمان، ئه‌مڕۆ ڕێگه‌ی بارینیان پێدراوه. ده‌بارێت، ده‌بارێت و ده‌ڵێی قه‌ت ته‌واوی نایه‌ت. له ماوه‌یه‌كی كه‌متر له چاره‌گێك ته‌ڕ ته‌ڕ بووم. ده‌نگی باران شێتم ده‌كات. ئه‌و گه‌ڵا ته‌ره زه‌رد و سوورانه شێتم ده‌كه‌ن. ئه‌مڕۆ زۆرتر له هه‌ر كاتێك پێویستم به بوونت بوو. ئاخ ئه‌گه‌ر بزانی چه‌نده به تاسه‌ی ئامێزت بووم، چه‌ند هه‌ستم به دووری و ته‌نیایی و له بیرچوونه‌وه ده‌كرد. ئاخ ئه‌گه‌ر بزانی هه‌ندێ ڕۆژ چه‌ند سه‌خته چاو كردنه‌وه و نه‌دیتنی تۆ له په‌نام. كه هه‌ندێ ڕۆژ چه‌ند سه‌خته هاتنه‌وه و نه‌بوونی تۆ، نه‌بیستنی تۆ ... ده‌لێی بارانی هه‌زار ساڵ، ئه‌مڕۆ ده‌بارێت. ده‌لێی ئه‌و بارانه قه‌ت لێنابێته‌وه. ماندوو بووم هه‌نده‌ی قسه‌م ده‌گه‌ڵ خۆم كرد. ماندوو بووم هه‌نده هه‌ر ده‌نگی خۆم بیست و ده‌گه‌ڵ تۆم بوو ... چۆنت پێ بڵێم ئه‌و بێده‌نگییه خه‌ریكه كه‌ڕم ده‌كات ...
October 6, 2003
ساڵانێك بوون كه بیرم ده‌كرده‌وه حه‌یف كه مڕۆڤ تاقه گیانێكی هه‌یه و پشیله بێ سفه‌ته‌كه‌ی خۆمان وه‌ك بیستوومه نۆ گیان. بیرم ده‌كرده‌وه چ باش ده‌بوو ئه‌گه‌ر منی مرۆڤ نۆ گیانم هه‌با تا له كاتی پێویست دانه دانه به‌ختم كردبان. بۆ نموونه ڕۆژێك كه زۆرم پیش خۆاردۆته‌وه و تاقه‌تی هیچم نه‌ماوه، ده‌متوانی بڕۆم و خۆم له به‌رزاییه‌ك فڕێ ده‌مه خوار و گیانێكی خۆم بكوژم. یان هه‌ر كات زۆر له خۆم توڕه‌م به سندانێك له سه‌ری خۆم ڕاكێشم و پڕش و بڵاوی كه‌م و داخی دڵم هه‌ڵڕێژم. ماوه‌یه‌ك پێش كه تۆ ڕۆیشتی و من مردم، بۆ یه‌كه‌م جار باوه‌ڕم كرد كه منیش زۆرتر له یه‌ك گیانم هه‌یه. چوونكه ده‌مزانی مردووم كه چی هات و چووی شه‌و و ڕۆژم ده‌دیت و ژیان قیت قیت به پێش چاومدا تێده‌په‌ڕی. ویتسم تاقی بكه‌مه‌وه بزانم هه‌ر من وام یا نا، بۆیه كه تۆ هاتێوه، تۆشم كوشت! و تۆش زیندوو بوویه‌وه و من دیسان باوه‌ڕم كرد كه ئێمه‌مانه زۆرتر له گیانێكمان هه‌یه و خۆمان پێمان نه‌زانیوه. ئێستا ماوه‌یه‌ك له‌و كات تێپه‌ریوه. من و تۆش چه‌ند جارێك له‌و خه‌ته سووره‌ی پێموان وابوو سنووری نێوان مان و نه‌مانه تێپه‌ریوین و مردووین و هێشتا هه‌ر لێره‌ین و ژیان، ده‌مه خێچكه‌مان لێده‌كات و قیت قیت له پێش چاومان دێت وده‌چێت و ئێمه به دوای خۆیدا ده‌کێشێت . ئیتر ئێستا دوایی ئه‌و هه‌موو جارێ مردن وزیندوو بوونه‌وه له چنگمان وه‌ئه‌مان هاتووه و ته‌نانه‌ت له ڕۆژی پرسه‌مان چركه‌یه‌كیش ناوه‌ستێت. ده‌زانی، ئێستا به پێچه‌وانه‌ی جاران بیر ده‌كه‌مه‌وه هیچ خۆش نییه مرۆڤ چه‌ند گیانی هه‌بێت. ئیتر ئێستا ئێره‌یی به پشیله ناكه‌م. ئێستا به خۆم ده‌ڵێم باشتر كه مڕۆڤ تاقه گیانێكی هه‌یه و هه‌ر كات به هه‌ر هۆیه‌ك ده‌مرێت، هه‌موو شتێك ته‌واو ده‌بێت، ئاوا ئیتر له هه‌موو ژیانه‌کانیدا ژانه‌كان دووباره وچه‌ند باره ته‌جره‌به ناكاته‌وه ...
October 4, 2003
ده‌بایه چاوه‌روانی ئه‌وه‌شم كردبا. هه‌ناسه‌كان هه‌ر دێن و قورس‌تر ده‌بن ... هه‌ست ده‌كه‌م خه‌ریكم ده‌گه‌ڵ ژیانم مامله ده‌كه‌م. ماوه‌یه‌كه بۆ هه‌ڵاتن له چنگ ئه‌و بیرانه‌ی گه‌مارۆیان داوم، له خۆم دوو بوومه‌ته‌وه. تاقه‌تم نه‌ماوه. ته‌نانه‌ت پرسیارێكی ئاسایی وه‌ك : چۆنی؟ هه‌وره ڕه‌شه‌كان دێنێته ئاسمانی زه‌ینم... ماوه‌یه‌كه ناوێرم چاو له چاوی كه‌س بكه‌م، ده‌ترسم هاواری دڵم ببیستن ... **** له خۆم ده‌پرسم ئه‌گه‌ر بگه‌رێمه‌وه سه‌ره‌تای سه‌ره‌تا، چی ده‌بێت؟ توانایی ده‌ست پێكردنێكی دووباره‌م هه‌یه؟ نازانم بۆ ئه‌و كوێره ڕێگانه‌ی له پێشمن هه‌ر درێژتر و درێژتر ده‌بنه‌وه ... *** ئه‌و پرسیاره‌مت قه‌ت وڵام نه‌داوه. بۆ ئه‌و تاڵییه‌ی ڕژانته ناو گیانم له بیرت كردووه، به‌ڵام تاڵییه‌كانی من له بیر ناكه‌ی ؟ *** چه‌ند تاسه‌ی شه‌وێكی ناو باوه‌شت ده‌که‌م، تا به‌یانی ... تا ماندوویه‌تی ته‌واوی ئه‌و ساڵانه‌م له بیر بچێته‌وه ... لێبڕان، له بیر كردن یان هه‌وڵدان بۆ لێبووردن هه‌میشه وا گرانه یا هه‌ر منم ئه‌ژنۆم له به‌ری چه‌ماوه ؟ ...... كێوه‌كان ئێوه‌ش وه‌رن ...
October 1, 2003
ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا، ده‌وڵه‌تی توركیا ڕایگه‌یاند كورده‌كانی دانیشتووی ئه‌م وڵاته، بۆیان هه‌یه ناوی كوردی هه‌ڵبژێرن، به‌و مه‌رجه ناوه‌كان ئه‌و پیتانه‌ی له ئه‌لفوبێی توركی دانییه، نه‌یانبێت. ئه‌وه‌ش هه‌وڵێكی تری ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیه بوو، بۆ نیشاندانی "ڕوخسارێكی" مرۆڤ دۆستانه له خۆیان ... ده‌مێنێته‌وه كێ باوه‌ڕیان پێبكات! هه‌ر له‌م ڕوژانه‌دا كۆمه‌ڵێك توركی چالاك بڕیاریان دا ناوه‌كانی خۆیان له توركییه‌وه بكه‌ن به ناوی كوردی، به‌م شێوه‌یه ویستیان كاربه‌دستان به تاقی بكه‌نه‌وه! سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی مێترۆ 2003- 10 -01 " تـــــــــــــه‌وار خان کرد بودن خود يک درد است..." ئه‌وه وته‌ی كاك سه‌لاح نووسری ئه‌م وێبلاگه‌یه له وڵامی من كه نووسیبووم "باری ئێش و ئازاری سووكایه‌تی پێكردن و زوڵم و زۆری به پێی نه‌ته‌وه و قه‌ومییه‌ت و ڕه‌گه‌ز، كه‌م و زۆر نابێت. مڕۆڤ، مڕۆڤه و له هه‌ر خاك و ڕه‌گه‌زێك بێت، ئازار هه‌ر ئازاره. من ده‌ڵێم ئێش و ئازاری ئه‌نفال و ئه‌و برینه‌ی له خۆیی به جێی هێشت به پێی كورد و فارس و .. بوون كه‌م یا زۆر نابێته‌وه، به‌ڵكوو ئه‌و ڕاده‌ی ده‌رك و لێ‌حاڵی بوون و هه‌ست پێكردنی مڕۆڤه‌كانه كه ده‌گه‌ڵ یه‌ك جیاوازه. كورد بوون خۆی له خۆیدا ئێش نییه. به‌ڵكوو ئه‌وه سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و هه‌ڵ‌و مه‌رجی دونیای ئه‌مڕۆیه كه ئێش و ئازاری بۆ كورد به دواوه‌یه. من وه‌ک كوردێك چ قازانجێك له‌وه دا نابینم كه كورد بوونم بچێته ژێر پرسیار، له هه‌مان كاتدا به پێویستی ده‌زانم ئه‌و سیاسه‌ته‌ی دژ به كوردان له ڕه‌چاو ده‌كردرێت بچێته ژێر پرسیار و لێكۆلێنه‌وه و ئاڵ و گۆڕی به سه‌ردا بێت. جگه له كورد كه هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالی هه‌یه، كوشتاری به كۆمه‌ڵی بوسنییه‌كان به ده‌ست سێربه‌کان، له ناو بردنی به كۆمه‌ڵی یه‌هوودیه‌كان به ده‌ست نازییه‌كان، له سێداره‌دانی هه‌زران ژن و پیاو له به‌ندیخانه‌کانی كۆماری مه‌لاكان و یان ئه‌و گۆڕه گشتییانه‌ی ئه‌م دوایانه له چه‌ند شوێنی عێراق دۆزرایه‌وه و گۆیا ئێسك و پلوسكی شیعه‌کان بوو كه به ئه‌مری سه‌دام له ناو چووبوون، هه‌مووی باس له سه‌ر سیاسه‌تی دژ به ئینسان ده‌كات و به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتداران كه گیانی مڕۆڤی به قوربان ده‌که‌ن و له پێناو مانه‌وه‌ی خۆیان و ڕاگرتنی باوه‌ری بۆگه‌نیان بیره جیاوازه‌كان له گۆڕ ده‌خه‌ن.... كورد بوون ئێش نییه. كورد بوون خۆی له خۆیدا ئێش نییه. ئه‌وه‌نێ كورد له هه‌نده‌ران ده‌ژین و زۆریان ژیانێكی سه‌ڕكه‌وتوویان هه‌یه. ئه‌وه سیاسه‌ت و ڕه‌وتی دژی مڕۆڤایه‌تی داگیركه‌رانی كوردستانه كه ئێش و ئازاری بۆ كورد به‌دواوه هه‌یه. |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|