April 29, 2006
له‌عنه‌ت له من ... قه‌زای ئه‌و كورده نازداره كه هه‌موومان سه‌رجه‌م هه‌م شاعیرین و هه‌م عاشق و هه‌م سیاسی و هه‌م مێژووناس و هه‌م ئه‌دیب و هه‌م ئه‌ده‌بناس، هه‌م ڕه‌خنه‌ی سیاسی ده‌زانین و هه‌م شێعر لێكده‌ده‌ینه‌وه و هه‌م یارمه‌تی شاعیره‌كانمان ده‌ده‌ین شێعر بخوڵقێنن و ببن به شاعیری گه‌ل... (خۆت هه‌ندێ شتی تریشی پێوه نێ). بۆ بوونی هیچكام له‌وانه‌ش پێویست ناكات هیچی له سه‌ر بزانین، بۆ هیچ قسه‌یه‌كمان به‌ڵگه‌مان پێویست نی‌یه، ته‌نانه‌ت پێویست ناكا ناوی خۆمان له ژێر وته‌كانمان بنووسین.... نااااا، كوردین ئاخر. چوونكه وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆمان نی‌یه و چوونكه پارچه پارچه كراوین بۆمان هه‌یه هه‌موو شتێک به هه‌موو شێوه‌یه‌ک تێكه‌ڵ كه‌ین. كوردایه‌تییه ئیتر، نا؟ ماڵپه‌ڕه كوردییه‌كان له بازاری قه‌باكه‌ندی ده‌چن، هه‌ندێكیان ڕێک ده‌ڵێی له ڕووی بازاری "تاناكۆڕا" دارێشتراون، واته شت و متی كۆن به قه‌یمه‌تی هه‌رزان! مرۆڤی بیرته‌سک و هه‌ژار و ته‌نانه‌ت به ته‌ماح هه‌میشه هه‌ن. بازار، نا ببوورن ماڵپه‌ڕی وا قه‌ت بێ موشته‌ری نامێنێت. جا وه‌ک بڵێی له جێیه‌ک به جۆرێک له ناخی خۆماندا هه‌ست به ژانی وژدان ده‌كه‌ین، هه‌ر كارێكی ده‌كه‌ین ناوی "خزمه‌ت به گه‌له داماوه‌كه‌مانی " لێ ده‌نێین. ماڵپه‌ڕ ساز ده‌كه‌ین، بێ گومان مه‌به‌ستمان خزمه‌ت به گه‌لی زوڵم لێكراوی كورده. وتاری بێ ناو و نیشان بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه، بۆ خزمه‌ت به مێژووی ئه‌و گه‌له به‌ستزمانه‌یه. ناوه‌ڕۆكی وتاره‌كان پڕن له بوختان و بێ ڕێزی و قسه هه‌ڵبه‌ستن و مۆر لێ ناوچاوانی یه‌كترین دان، ئه‌وه‌ش هه‌ر به مه‌به‌ستی خزمه‌ت به ئه‌و میلله‌ته چاره‌ڕه‌شه‌یه. ڕادیۆ كوردییه‌كانیش له‌م تایبه‌تمه‌ندییه بێ به‌ش نین. ئه‌وانیش نه‌یانتوانیوه گوێگر له هه‌موو چین و تاقمێک بۆ خۆیان ساز بكه‌ن. ئه‌وه‌ی ده‌توانی له ڕووی ئه‌و كه‌سانه‌ی تله‌فوون بۆ ڕادیۆكان ده‌كه‌ن بزانی. لێكدانه‌وه و "تحلیل" نا، شی كردنه‌وه نا، ڕوون كردنه‌وه نا. فه‌لسه‌فه‌ی كار ئه‌وه‌یه: ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌ک ئێمه بیر ده‌كه‌نه‌وه، فه‌رموون "تریبوونی ئازاد". تا ئه‌و ڕۆژه‌ی به دڵی ئێمه قسه ده‌كه‌ن ئازادن هه‌رچی پێتان خۆشه به گوێی خه‌ڵكی داماوی هیچ نه‌زانی داكه‌وتووی گه‌له‌كه‌مان بگه‌یه‌نن. هه‌موو ڕووناكبیرن. هه‌موو هۆی هه‌موو به‌دبه‌ختییه‌كان ده‌زانن. هه‌موو ڕیشه‌ی دواكه‌ووتووی گه‌لیان دیتۆته‌وه. هه‌موو خۆ به "تاقه ناجی" میلله‌ت ده‌زانن. بێ گومان تاوانبار هه‌میشه كه‌سی به‌رانبه‌ره... ئامۆزایه‌كی دوورم هه‌بوو - ئێستاش دیاره هه‌ر ئامۆزاییه‌كی دوورمه- هه‌ر له ته‌مه‌نی چوارده پانزده ساڵییه‌وه له ماڵ هه‌ڵات چوو بوو به پێشمه‌رگه. گۆیا هۆی چوونه پێشمه‌رگایه‌تی ئه‌و به‌ڕێزه شه‌هید بوونی براگه‌وره‌كه‌ی بوو كه چه‌ند ماوه‌یه‌ک بوو پێشمه‌رگه بووه. من نازانم - تێناگه‌م به ڕاستی- منداڵێكی چوارده پانزده ساڵه له سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی و پێشمه‌رگایه‌تی و چه‌كداری چی ده‌زانێ، قه‌ت تێناگه‌م حیزبێک چۆن ده‌توانێ منداڵ وه‌ک هێزی نیزامی خۆی وه‌رگرێت و چه‌كی بداته ده‌ست، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به چاوی خۆم ده‌یبینم مرۆڤێكی شكاوه كه هیچ شتێک دوورتر له لووتی نابینێ. ئه‌وه‌ش شێوه‌یه‌کی خزمه‌ت كردن به گه‌ڵی لێقه‌وماوی كورده، نا؟ كه منداڵه‌كان به جێی ئه‌وه‌ی بیر و باوه‌ڕ و تێبیننیان په‌روه‌رده بكرێت چه‌كیان ده‌درێته ده‌ست. به منداڵی ده‌بنه هێزی نیزامی و به گه‌نجی داده‌بڕێن و به گه‌وره ساڵی ئه‌گه بگه‌رێنه‌وه ناو بنه‌ماڵه و شار و زێده‌ی خۆیان پێیان ده‌گووترێ جاش و ئه‌گه نیشته جێی هه‌نده‌ران بن ده‌بنه ڕۆحێكی ماندووی كه مننه‌ت له سه‌ر هه‌موو كه‌س ده‌كه‌ن چوونكه بۆ خزمه‌ت به گه‌ڵ ئاواره‌ی هه‌نده‌رانن ... كه‌سیش بۆی نی‌یه ڕه‌خنه له قسه‌یه‌ک یان كارێكیان بگرێ، چوونكه ئه‌وان خزمه‌تیان كردووه ... كـــــوردین، بێ تاوانین! ئه‌گه قه‌تڵی نامووسی ده‌كه‌ین تاوانبار بێ گومان تورک و عه‌ره‌بن. ئه‌گه ژن و منداڵه‌كانمان ئاگر له خۆیان به‌رده‌ده‌ن بێ گومان تاوانبار ئیسلامه. ئه‌گه شه‌ڕی براكوژی ده‌كه‌ین تاوانبار به‌عسییه‌كان و مه‌لاكانن. ئه‌گه به فلانه كه‌س ده‌ڵێن جــــــــاش بێ گومان تاوانی خۆیه‌تی، بۆ وه‌ک ئێمه بیر ناكاته‌وه! ئه‌گه مۆری "پیس و خراپ و بێ ئه‌خلاق بوون" له ناوچاوانی فلانه كه‌س ده‌ده‌ین، تاوانی خۆیه‌تی، باوكی پیاوی باش نه‌بووه و دایكی له ناو بازار به ده‌نگی به‌رز پێكه‌نیوه... ئه‌م پرسیاره دیسان له ناو زه‌ینمدا قوت بۆته‌وه: باشه گه‌لی كورد ئه‌و هه‌موو خزمه‌ت كاره‌ی هه‌یه بۆ هیچ به هیچ ناكات؟ تۆ بڵێی له شتێک به هه‌ڵه تێنه‌گه‌یشتبێین؟
April 28, 2006
ناوی فیلم : Crash ده‌رهێنه‌ر : Paul Haggis ماڵپه‌ڕی فیلمه‌كه چیرۆكی ترسه! ترس له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی نایانناسین. چیرۆكی پێش داوه‌ری و قه‌زاوه‌تی نابه جێی مرۆڤه‌كان له یه‌كترین. ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی. نه‌ک ته‌نیا له وێنه‌ی كلاسیكی خۆیدا واته دوو ڕه‌گه‌زی ڕه‌ش و سپی. ڕه‌گه‌ز په‌ره‌ستی وه‌ک شتێک له ڕه‌گی مل له مرۆڤ نزیكتره وله ناو هه‌موو چین و تاقمێک و به هه‌موو بیر و باوه‌ڕه‌كاندا هه‌یه. ڕه‌ش پێسته‌كان به‌رامبه‌ر به سپییه‌كان، سپی به‌رامبه‌ر به زه‌رد، ئێرانی به‌رامبه‌ر عه‌ره‌ب ... ئه‌و ترس و پێش داوه‌رییانه وای مرۆڤه‌كان له یه‌كترین دوور كردۆته‌وه كه هیچ شتێک ترسی نێوانیان له ناو نابات مه‌گه‌ر ڕووداوێک وه‌ک Crash ئه‌و فیلمه چیرۆكی مرۆڤه كه كۆمه‌ڵێک باشی و خراپی له ناوخۆیدا كۆ كردۆته‌وه و ترس لێناگه‌ڕێ به‌شه باش و ئینسانییه‌كه خۆی بنوێنێ و ڕه‌نگه ته‌نیا له سێبه‌ری ڕووداوێكی ئه‌وها ئه‌و كۆمه‌ڵه تایبه‌تمه‌ندییه باشانه بێنه ڕوو. ئه‌و فیلمه بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌نگی خوێن و ته‌قه‌ی گولله‌ی تێدا بێ، پڕه له توند و تیژی. توند و تیژییه‌ک كه ڕیشه‌ی له ناخی كۆمه‌ڵگه‌كاندا داكووتاوه. ئه‌و فیلمه ترسێكی سه‌یر له مرۆڤدا زیندوو ده‌كاته‌وه. ترسێكی قووڵ له ئه‌و توند و تیژییه‌ی له لامان زۆر ئاسایی بۆته‌وه و ڕۆژانه ده‌گه‌ڵی ده‌ژین. ترسی ئه‌وه‌ی چه‌نده مرۆڤ ده‌گه‌ڵ مرۆڤ نامرۆڤانه ده‌جوولێته‌وه بێ ئه‌وه‌ی دڵی له‌م كرده‌وه‌یه بله‌رزێ! له‌و فیلمه‌دا هیچ شتێک بۆ یه‌ک چركه‌ش ئیزن نادات له بیر بكه‌ی كه ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی و پێش داوه‌ری مرۆڤه‌كان چه‌نده له ناو هه‌مووماندا به هه‌زار شێوه‌ی ورد و درشت خۆ ده‌نوێنێ ... بێ ئه‌وه‌ی قه‌ت بیرمان لێ كردبێته‌وه. ئه‌و فیلمه چیرۆكی بوونی هه‌موومانه. له بیروباوه‌ر و بۆچوونه‌كان و قه‌زاوه‌ته‌كانمان كه بوون به به‌شێک له ژیانمان تا ترسه‌كانمان له نه‌ناسراوه‌كان ... تا نه‌ویستن و خۆماندوو نه‌كردنمان بۆ ناسینیان! ئه‌گه نه‌تاندیوه بیبینن! توڕه‌م! زۆر توڕه! بێ ئه‌وه‌ی هیچ دژایه‌تییه‌كم ده‌گه‌ڵ ئازادی ده‌ربڕینی بیروباوه‌ڕ هه‌بێ، له داوای فێدراسیونی كومه‌ڵه ئیسلامییه‌كان له سوئێد سه‌رم سووڕماوه! له هه‌واڵه‌كانی دۆینێ و ئه‌مڕۆ باسی وه‌یه كه ئه‌م فێدراسیونه له نامه‌یه‌کدا داوای له ده‌وڵتی سوئێد كردووه كه یاسای تایبه‌ت به موسڵمانان په‌سه‌ند بكات. بۆ نمووونه "ئیمام" بۆی هه‌بێ ده‌رس به منداڵان بڵێته‌وه و ته‌ڵاقی ژن و مێردی موسڵمان له ژێر چاوه‌دێری "ئیمام" و به پێی یاسای ئیسلام بێ! سوئێد یه‌كێک له‌و وڵاتانه‌یه یاساكانی سه‌باره‌ت به بنه‌ماڵه و ژیانی هاوبه‌ش پێكهێنان و جیابوونه‌وه، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر زۆر جنسییه‌ت له به‌ر چاو ناگرێ و مافه‌كانی ژن و پیاو سه‌باره‌ت به منداڵ، پێكهێنان یان هه‌ڵبڕانی ژیانی هاوبه‌ش وه‌ک یه‌كه. كێ توانایی زۆرتری هه‌یه ئاگای له منداڵ بێ ماف و ئه‌ركی منداڵداری به‌ئه‌و ده‌سپێردرێ نه‌ک وه‌ک یاسای ئیسلام كه باوک به خاوه‌ن منداڵ ده‌زانێ و دایک هیچ مافێكی نی‌یه. لێره ژن ئه‌گه بڕیار بدات جیا بێته‌وه و مندالیان نه‌بێ، پێویستی نی‌یه هیچ شتێک بسه‌لمێنێ و مافی خۆیه‌تی درێژه به ژیانێک كه نایه‌وێت نه‌دات، نه‌ک وه‌ک یاسای ئیسلام كه پیاو هه‌موو مافه‌كانی هه‌یه، نه ژن و منداڵ كوتانی، نه مۆعتاد بوونی، نه خیانه‌ت كردنی ... هیچ شتێكی تاوان نی‌یه و هیچیان هۆیه‌كی "باش" نین بۆ ئه‌وه‌ی ژن بۆی هه‌بێ كۆتایی به ژیانێک بێنێت كه ئیتر هیچی پێ نابه‌خشێت، كه‌چی له هه‌مان حاڵ‌دا پیاو مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه خۆی بڕوا ده‌گه‌ڵ ژنی تر - چ شه‌رعی و چ سیغه- ژیانی خۆی بكات... له بیرمه هاوسێیه‌کمان هه‌بوو كچه شانزده ساڵه‌كه‌یان به مێرد دابوو به پیاوێكی ده پانزده ساڵێک له كچه‌كه گه‌وره‌تر و ته‌نیا دوای چه‌ند مانگێک ده‌ستی كردبوو به لێدان وكوتانی بووكی تازه. كه بووكی چه‌ند مانگه ویستی جیا بێته‌وه، پیاوه‌كه قه‌بووڵی كرد ته‌لاقی بدات به‌ڵام ته‌نیا و ته‌نیا به‌و مه‌رجه كه ئه‌و پیاوه‌ی دواتر ده‌گه‌ڵ ئه‌م ژنه گه‌نجه زه‌ماوه‌ند ده‌كات نزیكه‌ی دوو سه‌د هه‌زار بدات به‌م پیاوه تا ئه‌ویش كاغه‌زی ته‌لاق ئیمزا بكات و ژنه مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت ده‌گه‌ڵ‌كه‌سێكی تر ژیانی هاوبه‌ش پێك بێنێت. یاسای ئیسلام ئه‌و مافه‌ی دابوو به پیاوه‌كه كه مه‌رجێكی ئاوا نامرۆڤانه دابنێت ... ئێستا فێدراسیونی كۆمه‌ڵه ئیسلامییه‌كان له سوئێد به‌ته‌مان یاساكانی ده‌وره‌ی غارنشینی بێننه‌وه ئاراوه و لێ ناگه‌ڕێن ژن ته‌نانه‌ت لێره‌ش له هه‌ڵومه‌رجێكی ئینسانی دا بژیت ... له كاتێکدا كه مێژووی ئه‌م وڵاته پڕه له خه‌باتی ژنان بۆ یه‌كسان بوونی هه‌موو ئینسانه‌كان به‌رامبه‌ر یاسا، جه‌ماعه‌تێک دێن وداوا ده‌كه‌ن یاسا به پێی چین و ئایین و ڕه‌گه‌ز دامه‌زرێت و ژن له‌مه‌ش زیاتر له مافی ڕه‌وا و سه‌ره‌كی خۆیان بێ به‌ش بكه‌ن ... هه‌موو دڵخۆشییه‌كه‌م ئه‌وه‌یه حكومه‌تی سوئێد سكولاره، بنه‌مای یاسای گشتی وڵات بایخی ئینسانییه نه‌ک وته‌ی هه‌زاران ساڵ كۆن و لێكدانه‌وه‌ی هه‌ندێ مێشكی وشک. هه‌موو دڵخۆشییه‌كه‌م ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌تی سوئێد گوێ به‌م ئه‌م داوایه شل ناكات ... به‌ڵام به ده‌ست خۆشم نی‌یه زۆر ده‌ترسم ببێته كایه‌یه‌كی سیاسی و ژن بكه‌ن به قوربانی هه‌ندێ ئامانجی هه‌ردووک لایان ...
April 27, 2006
ئـــارام گیــــان خێرهاتی گیانا
April 26, 2006
1- لینک و مینک ماڵپه‌ڕی گاگه‌ش: شێعری كلاسیک و نوێی كوردی تێیدا په‌یدا ده‌بێ. چه‌ند شێعری مامۆستا هێمن و چه‌نددانه‌ی سواره و ... زۆر شێعر و شاعیری تر. وێبلاگی چاڵاوه ، ماوه‌یه‌كه ده‌نووسێ ... هیوادارم به‌رده‌وام بێ. ***** 2- چه‌ند ساڵ پێش مینای ڕه‌حمه‌تی که بڕیاری دابوو له‌م وڵاته بڕوا، ماڵ و حاڵه‌که‌ی دانا بۆ فرۆشتن. ڕۆژه‌کیان خۆی ده‌بایه ڕۆیشتبا و به منی ئه‌سپارد که چاوه‌ڕێی دوو که‌س بم که دێن و ئه‌و خرته و پرتانه‌ی کڕیویانه ده‌یبن و پاره‌که‌ی ده‌ده‌ن. ئه‌و دوو که‌سه هاتن و شته‌کانی خۆیان برد و چاوێکیان گێڕا و شه‌ش دانه لیوانیان په‌سه‌ند کرد و له منیان پرسی به‌چه‌ند، منیش که ڕوحم ئاگاداری هیچ نه‌بوو سه‌رێکم له‌قاند و گوتم بۆ ئێوه به سی کرۆن. پاره‌که‌یان دا و ڕۆیشتن، شه‌و که مینا هاته‌وه به مینام گوت لیوانه‌کانم به سی کرۆن فرۆشت، دایه قاقای په‌که‌نین و گوتی خۆم به ده کرۆن کریبووم! جا مه‌به‌ست: ئه‌مڕۆ (ئێستا ئیترده‌بێته دۆینێ) ده‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌ک چووین هه‌ندێ شت بکڕین. دڵی دادم(نازانم لینكی بده‌مێ، نه‌ده‌مێ) له لای دامه‌نێکی ڕه‌ش گیری کرد، له کابرای پرسی به چه‌ندی؟ کابرا من ئاسایی سه‌رێکی له‌قاند و گوتی سه‌دو نه‌وه‌دونۆ و هێنانه‌وه‌شی نی‌یه! هاوڕێم ملی به مۆدێل فیلمی هیندی که‌مێک له‌قاند و خۆی ڕازی کرد بیکڕێ و کڕی. له بیرتان بێ سه‌دونه‌وه‌دونۆ کرۆنی پێدا. هاتینه ده‌ر، دوو دووکان ئه‌ولاتر هه‌مان دامه‌ن به سه‌دوچلونۆ کرۆن داندرابوو... تا ئه‌و كاته‌ی به‌ره‌و ماڵ بووینه‌وه ده‌ستی بۆ هه‌ر شتێک برد كه بیكڕێ، گوتم ده‌ست ڕاگرا له‌وانه‌یه له دووكانێكی تر به گرانتر بیكڕی ... خوا سه‌بری ئه‌یوبی پێ‌بدا، نازانم تا که‌ی، به‌ڵام ده‌زانم ئه‌و هاوڕێیه‌م تا ماوه‌یه‌کی زۆر ئاوی خۆشی له قورگی ناچێته خوار... هێنده من ئه‌وه‌ی به ڕوو بێنمه‌وه :) ***** 3- كوردۆ باكسی ڕۆژنامه‌وانێكی كوردی دیاربه‌کرییه و له ستۆكهۆڵم نیشته جێیه. ئه‌و ڕۆژه له كۆڕه‌كه‌ی یادی مامۆستا هێمن بوو. له سه‌ر ناوی هێمن "Hemin" كوردۆ گوتی به ڕای ئه‌و: H له ناوی هێمندا یانی هاوڕێ، E یانی ئه‌وین، M یانی موكرییان، I یانی International و N یانی نیشتمانپه‌روه‌ر... من زۆرم ئه‌و قسه‌ی پێ شیرین بوو! كوردۆ باسی ئه‌وه‌شی كرد كه له سه‌ر مامۆستا هێمن هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ک به زاراوه‌ی كورمانجی نی‌یه تا كورده‌كانی باكوور و كورمانج زمانه‌كان بتوانن بۆ ناسینی هێمن كه‌ڵكی لێوه‌رگرن... ئاره‌زووی بوونی ماڵپه‌ڕێكی كرد به ناوی هێمن و له سه‌ر ژیانی مامۆستا هێمن... چه‌ند كه‌سێک له كۆڕه‌كه گووتیان كه ماڵپه‌ڕێكی ئاوا هه‌یه. من قه‌تم نه‌دیوه ماڵپه‌ڕێكی وا هه‌بێ. بێ گومان ئه‌گه مه‌به‌ستیان ئه‌و یه‌ک دوو شوێنه نه‌بێ كه هه‌ندێ له شێعره‌كانی مامۆستایان به فۆنتی كۆن و ناستاندارد یان به فایلی PDF داناوه ... ئه‌گه مه‌به‌ستیان ئه‌وانه بووبێ كه به ڕای من هیچ نین ...
April 24, 2006
بۆ مه‌رزه جه‌وانمه‌رد! ده ساڵم. به‌شی هه‌ره زۆری كتێبه‌كانمان له ناو ته‌لیس و كارتۆنان چوونه ژێر گڵ و به‌شێكی تری "ئه‌وان" بردییان، ته‌نانه‌ت كتێبه‌كانی من كه هه‌مووی چیرۆكی منداڵان به زمانی فارسین.... ماڵی بێ كتێب وه‌ک له‌شی بێ گیان وایه. یانزده ساڵم. له كۆڕی سروودی مه‌دره‌سه‌دا بووم. سروودی "خوایه وه‌ته‌ن ئاوا كه‌ی" ته‌مرین ده‌كه‌ین و ڕۆژی خۆی به‌ڵام بوومان نی‌یه بیخوێنینه‌وه. من و سینا به‌رپرسی ڕۆژنامه‌ی دیواری مه‌دره‌سه‌كه‌مان- هه‌تاو- ین. ده‌قی شێعره‌كه له گۆشه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ڕۆژنامه‌كه‌مان داده‌نێین. ڕۆژنامه‌كه‌مان له دیوار ناده‌ن! چوارده ساڵم. له حه‌وشی مه‌دره‌سه‌ی شه‌ره‌ف من و شلێر و په‌خشان و شایسته له ده‌وری یه‌ك كۆ ده‌بینه‌وه و دوور له چاوی "خواهر صالحی" به‌رپرسی ئیرشادی ئیسلامی مه‌دره‌سه، سـروه ده‌خوێنینه‌وه. هیچمان پیته كوردییه‌كان به باشی ناناسین. مانای وشه‌كان له یه‌کترین ده‌پرسین. هه‌ر ئه‌و ساڵه من له به‌شی یه‌كه‌می كێ به‌ر كێی ئینشا نووسین دا یه‌كه‌م دێمه‌وه. بۆم نی‌یه به‌ڵام له به‌شی دووهه‌می كێ به‌كێ كه‌دا به‌شدار بم. هۆیه‌كه‌ی؟ له كۆتایی ئینشاكه‌كمدا - بێ ئه‌وه‌ی بیرم لێ كردبێته‌وه- به جێی لیــــــــلا نووسیبووم له‌یــــــــــــلا. پانزده ساڵم. مامۆستای ئه‌ده‌بیاتی فارسی، ئاغای ئیبراهیمی، پێمان ده‌ڵێ ئینشایه‌ک له سه‌ر هه‌رچی پێمان خۆشه بنووسین. ڕۆژی خۆی خۆم داوا ده‌كه‌م ئینشاكه‌م بخوێنمه‌وه. هه‌ڵده‌ستمه سه‌ر پێ، ڕووبه‌ڕووی كچه‌كان، كتێبی پاشه‌ڕۆک ده‌ردێنم. لاپه‌ڕه‌ی هه‌فتاوچوار ده‌كه‌مه‌وه. خۆم ترپه‌ی دڵی خۆم ده‌بیستم. مامۆستا به سه‌یره‌وه چاوم لێ ده‌كات. بێ هیچ پێشه‌كییه‌ک ده‌ست پێ ده‌كه‌م و چیرۆكی "مه‌هاباد" ده‌خوێنمه‌وه. ده‌نگم ده‌له‌رزێ. هه‌ست به گه‌رمی گۆنام ده‌كه‌م. هیچ كه‌س ده‌نگی لێ نایه‌ت... چیرۆكه‌كه كه ته‌واو ده‌بێ سه‌ر به‌رز ده‌كه‌مه‌وه و چاوم به چاوی شلێر ده‌كه‌وێت، فرمێسكی سه‌ر گۆنای و بزه‌ی سه‌ر لێوی ئارامم ده‌كاته‌وه. هه‌موو كچه‌كان چه‌پڵه لێده‌ده‌ن و پێیان له عه‌رز ده‌كووتن. بۆ ئه‌وه‌ی بێده‌نگی مامۆستا بشكێنم به فارسی ده‌ڵێم: این بود انشای من! و ده‌چم داده‌نیشم ... "ئینشاكه‌م" بوو به بیست و نمره‌ی ئینزباتم بوو به دوانزده. شانزده ساڵم و سووڕی ده‌وران ده‌خوێنمه‌وه و شتێک كه له هیچ شتێک ناچێ، پڕم ده‌كات. یه‌كه‌م جاره وشه‌ی ژن، مرۆڤ، ماف و ئازادی له په‌نای یه‌ک ده‌بینم و سه‌رشێتییه‌كانی خۆم ناو په‌یدا ده‌كه‌ن. له چوارچێوه‌كان دێمه ده‌ر! فێری خه‌و بینین ده‌بم! .... ئێستا، ئه‌مشه‌و لێره، له پشت مێزه شپرزه‌كه‌ی ئاشپه‌زخانه‌كه‌م، دانیشتووم. وشه‌كانی تۆ له گوێمدایه و ڕوو له هه‌ر لایه‌ک ده‌كه‌م مامۆستا ده‌بینم له سه‌ر دۆشه‌گێكی هه‌وری دانیشتووه. شتێک وه‌ک شه‌رم، بێ ده‌سه‌لاتی و تاسه داگیری كردووم و پڕ پڕ پڕم له ڕێز و خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌و مرۆڤه كه منی له خۆم نزیک كرده‌وه، كه فێری كردم به زمانی خۆم بیر بكه‌مه‌وه، كه وای كرد زمانی كوردیم خۆشبوێت! ده‌زانی، هه‌ر ویستم بڵێم چ فه‌رق ده‌كات ئه‌م و ئه‌و چی ده‌ڵێن تا ئه‌و ڕۆژه‌ی تۆ و وه‌ک تۆ هه‌ن ته‌پ و تۆزی سه‌ر ڕاستییه‌كان لاده‌ده‌ن! ده‌زانم به‌هایه‌كی قورسی دا، بمرم بۆ ته‌نیاییه‌كانی ... تازه دره‌نگه و ئه‌و دوور. ناتوانم ماندوویی ده‌سته‌كان و ته‌نیاییه‌كانی لێ بدزم، به‌ڵام خۆ ده‌توانم، ده‌زانم كه ده‌توانم "كیژی وریای چاوكراوه‌ی فێره زانین" بم و قه‌ت له بیرم نه‌چێته‌وه كێم و له كوێرا هاتووم. شتێک پێم ده‌ڵێ ئه‌ویش ئه‌وه‌ی پێ خۆش ده‌بێ!
April 22, 2006
Pay it forward ئه‌و چه‌ند نامه‌ی كه هاتوون هه‌ڵده‌گرم و دوودانه‌یان له سه‌ر مێزی ئاشپه‌زخانه داده‌نێم و ئه‌وه‌ی تریان ده‌گه‌ڵ خۆم ده‌به‌مه ژوورێ. بۆ خوێندنه‌وه‌ی هیچ په‌له‌م نی‌یه. له پێش خۆمی داده‌نێم. ده‌گه‌ڵ خۆم گرێ‌و ده‌كه‌م كه ده‌توانم بێ خوێندنه‌وه‌یی، وڵامه‌كه‌ی بنووسمه‌وه! چه‌ند لاپه‌ڕه‌ی سپی و پێنووسه شینه‌كه‌م دێنم و ده‌ست پێ ده‌كه‌م، سێ لاپه‌ڕه وڵامی نامه‌یه‌كی هێشتا نه‌مخوێندۆته‌وه ده‌نووسم و به شێنه‌یی له سه‌ر یه‌كیان داده‌نێم... نامه‌كه كه ده‌كه‌مه‌وه وێنه‌كان زۆرتر سه‌رنجم ڕاده‌كێشن. جارێک، دوو جار ... ده جار دانه دانه‌یان چاو لێده‌كه‌م، له چاو و بزه‌ی لێو و ڕه‌نگی قژ و جله‌كانیان ورد ده‌بمه‌وه، له نیشانه‌یه‌كی ئاشنا ده‌گه‌ڕێم. له شتێک كه له شوێنێک به شێوه‌یه‌ک شتێكم وه‌بیر بخاته‌وه. نامه‌كه ده‌خوێنمه‌وه. گرێوه‌كه له خۆم ده‌به‌مه‌وه و بزه‌یه‌كی تاڵ له گۆشه‌ی چه‌پی لێوم ده‌مێوێ ... نامه‌كانی ئێستا ناوی كه‌سی تێدا نی‌یه. وشه‌كان به دوای یه‌کدا ڕیزكراون و سه‌رقاڵی هیچ نه‌هێنییه‌كت ناكه‌ن. نامه‌كانی ئێستا نه ڕووتن و نه ڕازێکیان له خۆدا حه‌شار داوه. نامه‌كان هه‌ر نامه‌ن و به‌س، "باری به هر جهت" نووسراون. دڵه كوته‌ی بیستنی هه‌واڵێكت پێ نابه‌خشن ... بیر له خۆم ده‌كه‌مه‌وه چیم لێ هاتووه، جاران وا نه‌بووم. نووسینی وڵامی هه‌ر نامه‌یه‌ک بۆ من سه‌فه‌رێک بوو. سه‌ر پێداكردن به هه‌موو كه‌لێن و قوژبنه‌كانی هه‌زار ساڵه ده‌نگی كه‌سی لێ نه‌بیستراوه، جێ پێی كه‌سی پێوه دیار نه‌ماوه. نووسینی وڵامی نامه‌یه‌ک وای ده‌كرد سه‌رنج بده‌مه ده‌وروبه‌ری خۆم، سه‌رنج بده‌مه منی خۆم تا بتوانم له خۆم بنووسم. نامه‌کان ئاوێنه بوون بۆ دیتنه‌وه‌ی له‌ته ونه‌كان، بۆ تێرامان، بۆ ڕووت بوونه‌وه و پێدا چوونه‌وه. بۆ وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی خۆم، كه كێم و له كوێرا هاتووم ... دوونیایه‌ک بوو كه ده‌یتوانی ماوه‌یه‌کی زۆر له خۆیدا ونم كات. پڕم كاته‌وه له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌بێ هه‌بن تا بتوانم بوون له چوارچێوه‌ی خۆیدا مانا بكه‌مه‌وه. نامه‌كان پردێک بوون تا ڕێگه‌ی گه‌رانه‌وه ون نه‌كه‌م. شته‌كان بۆ وایان لێ هات؟ كه‌ی وای لێهات؟ یان هه‌میشه هه‌ر وا بووه؟ بڵێی وشه‌كان هه‌مان وشه‌كانی جاران بن و له دووپات بوونه‌كانی خۆیاندا كاڵ بوونه‌ته‌وه و كۆن بوون و چونكه من ئیتر من نیم هیچم پێ نابه‌خشن؟ تینووی بیستنی چیم؟ چاوه‌ڕوانی كام هه‌واڵم؟ یانی قسه‌یه‌ک نه‌ماوه بۆ گوتن؟ ... چ دڵته‌نگم ئه‌مشه‌و! دڵم نامه‌یه‌كی ده‌وێ كه حه‌ز بكه‌م ده‌یان جاری بخوێنمه‌وه. به تاسه‌ی خوێندنه‌وه‌ی نامه‌یه‌كم بوونم وه‌بیر بهێنێته‌وه. دڵنیام كات كه هێشتا هه‌ن. كه هێشتا قسه‌یه‌ک ماوه بۆ گوتن. كه هێشتا سه‌ره‌ڕای هه‌موو دوورییه‌كان بۆ هیچ شتێک دره‌نگ نی‌یه. نامه‌یه‌ک پڕ بێ له پرسیار... نا درۆم كرد... ته‌نیا یه‌ک پرسیار به‌سه! ده‌زانی، ته‌نیا یه‌ک پرسیار!
April 20, 2006
تکایه‌ک: ئه‌گه ڕۆژێک كه‌سێک، هه‌ر كه‌س بێ، هاتوو و پێی گووتن: :”دیاره هیچ شتێكیش نی‌یه " باوه‌ڕ " تاقیكاته‌وه، باوه‌ڕكردن نه‌بێت.“، تكایه، تكایه، تكایه "باوه‌ڕ" به قسه‌كه‌ی مه‌كه‌ن و قاقا به قۆڕ بوونی وته‌كه‌ی پێبكه‌نن... به‌تایبه‌ت وشیار بن ئه‌م قسه‌یه هی كه‌سێک نه‌بێ كه خۆی ئیمانی به "باوه‌ڕ"ی خـــۆی نی‌یه ...
April 13, 2006
I'm tired, boss. Tired of bein' on the road, lonely as a sparrow in the rain. Tired of not ever having me a buddy to be with, or tell me where we's coming from or going to, or why. Mostly I'm tired of people being ugly to each other. I'm tired of all the pain I feel and hear in the world everyday. There's too much of it. It's like pieces of glass in my head all the time.Can you understand John Coffey
April 12, 2006
Mustafa Can موسته‌فا جان ده‌ناسن؟ پیاوێكی كورده و نیشته‌جێی سوئێد، ڕۆژنامه‌وانه و ئه‌و ماوه‌ی ئاخر بۆ چه‌ند ڕێپۆڕتاژی زۆر باش که سازی كردووه، خه‌ڵات کراوه. كتێبه تازه‌كه‌ی له ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا ته‌واو بوو و قه‌راره له چاپ بدرێته‌وه. ڕۆمانه‌كه‌ی له سه‌ر ژیانی دایكی نووسیوه. ئه‌م لینكه‌ی خوارێ به‌ڵام قسه‌كانی موسته‌فا جان له هاوینی دوو ساڵ پێشه.. لێره‌ش جان باسی دایكی ده‌كات. جوانترین شێوه بۆ ڕێزگرتن له دایکی، به باوه‌ڕی من. لێــــــــــــــــره ده‌توانن گوێ بۆ موسته‌فا جان ڕابگرن.
April 11, 2006
For the benefit of everyone ئه‌وه‌ی ده‌یبینن ته‌نیا وه‌ک خزمه‌ت به گه‌ڵی زۆڵم لێکراوی کورد و به مه‌به‌ستی خێرخوازانه‌ی فێربوون و ناسینه‌وه‌ی ئاڵای وڵاتانی تر داندراوه. تکایه چاوحیزی مه‌که‌ن، به‌تایبه‌ت ده‌گه‌ڵ ئه‌و دوو که‌سه‌مه که به خوێندنه‌وه‌ی " ته‌خشانێکی" ئێرۆتیکی ته‌ڕی ئوقیانووسی، خه‌ریک بوون تووشی موشکیله‌ی "ئه‌خلاقی و نه‌فسی" بن ( زۆری نه‌مابوو دین وئیمانی منیش به با بده‌ن) کۆپی ڕایتی وێنه‌که: نازانم هی کێیه
April 9, 2006
بیست و سێی مانگی چوار یه‌کشه‌ممه‌یه‌که و کۆڕێک به یادی مامۆستا هێمن به‌ڕێوه ده‌چێ، له سه‌رتان واجب و فه‌رزه به‌شداری ئه‌م کۆڕه بن شوێن: ABF Huset كات: 16 - 12 ڕێكه‌وت: 060423 *** له‌وێ به دیدارتان شــــاد ده‌بمه‌وه. ( ئه‌گه ئێوه‌ش وه‌ک فڵانه كه‌س نه‌ڵێن: هه‌ی خوا به دیدارت شاد بێته‌وه!)
April 4, 2006
....If I had one wish . . . . . ! . . . . ?
April 3, 2006
دوای نووسینی چه‌ند دێرێک له سه‌رپلینۆمی حیزبی دێمۆكرات، به‌ڕێزێكی ئه‌ندام- كه وا هه‌ست پێكرا ئه‌ندامه‌تی لێ بووه به "دام"- به كوردییه‌كی " دست وپا شكسته- لاتینی، په‌یامێكی سه‌رلێشێواوانه‌ی ( فه‌رموون ئه‌وه وشه‌یه‌كیشم داتاشی!) دانابوو كه ئه‌ی خۆزگه و هه‌زار خۆزگه منیش "سه‌ربه خۆ" بام و توانیبام هه‌ڵوێست بگرم ... ئه‌وه‌ش هیچ، له كۆتایی په‌یامه ڕه‌نگین و سه‌نگینه‌که‌یدا به‌ڵام، نووسیبووی " تكایه حیزب له خه‌ڵک مه‌ستێننه‌وه، حیزب "هینی" خه‌ڵکه ...!" ... باشه خه‌ڵكینه، خۆتان و ئیمانتان، "حیزب هینی خه‌ڵکه" یانی چی!؟ " هینی خه‌ڵک" .... ئه‌وه ده‌توانێ به ده‌یان جۆری ناجوور مانا بكرێته‌وه و زۆربه‌شیان مانای "نامووسیان" هه‌یه ... ده‌ی له من گووتن بوو. ئه‌ندامی به‌ڕێز له پاریس، یان مه‌نووسه و نوێنه‌رایه‌تی "خه‌ڵک و حیزب" وه‌ئه‌ستۆ مه‌گره و له بیرت بێ ڕه‌نگه نه حیزب حه‌ز بكات ببێت به "هینی" خه‌ڵک و نه ڕه‌نگه ئه‌و خه‌ڵكه حه‌ز بکه‌ن "هینه‌كه‌یان" حیزبایه‌تی پێ بكرێت، یانیش ئه‌گه پێت وایه ئاڵا هه‌ڵگری ئه‌م ڕێگه‌یه‌ی و هه‌ر ده‌بێ بنووسی، تكایه كاتی نووسین په‌له مه‌كه! چوونكه به‌راست په‌له كردن ده‌گه‌ڵ "ڕووخساری" ڕێبازی تۆ نایه‌ته‌وه... ورده‌و، ئێوه هێنده په‌له ناكه‌ن هێشتا له خۆپێشاندانه‌كانتان دروژمی سی ساڵ پێش ده‌ڵێنه‌وه و هێشتا دوای په‌نجا و چه‌ند ساڵ خه‌باتی سیاسی و نیزامی، ئاگركردنه‌وه‌ی چه‌ند لاوی سه‌رخۆش و دڵخۆش، له ڕۆژی نه‌ورۆز، له كۆڵانی شارێكی دوور، به ئاكامی خه‌باتی سیاسی و چه‌کدارانه‌تان داده‌نێن! قسه‌م له سه‌ر ئه‌وه نی‌یه كه دوایی ئه‌و هه‌موو ساڵه، به‌ڕاستی خه‌یاتی باشتان تێدا هه‌ڵكه‌وتووه و ده‌رزی و ده‌زوو به ده‌سته‌وه، هێنده ده‌می خه‌ڵكتان دووریوه‌ته‌وه، بوون به وه‌ستا. به‌ڵام ئاخر... ده‌ی هیچ هه‌ر لێی گه‌رێین باشتره. من ئه‌ندامیش نیم له‌وانه‌یه نامه‌م بۆ بێته پێش ده‌رگا كه له‌یلا خانم ئه‌وه تۆش چوویه ناو ڕیزی هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان...!
April 2, 2006
: - جارێک، دوو جار... ده‌جار له ناو قسه‌كانیدا گوتی :" وڵاتی باب و باپیرانمان" ... دڵم گیــــــــــرا! ماندووم له بیستن و بیستن و بیستنی "ماڵی باب" و "وڵاتی باب و باپیران". ئه‌ی به‌شی من!؟ من وڵاتێكم ده‌وێ جێ پێیه‌كانی منیشی پێوه دیار بێت. وڵاتێک وڵاتی منیش بێت. مه‌گه من له سه‌ر بستێک خاكی ئه‌وێ له دایک نه‌بووم؟ مه‌گه من له ژێر ئاسمانی شینی ئه‌وێ، كه‌مێک نه‌گریاوم، كه‌مێک پێنه‌كه‌نیوم، كه‌مێک نه‌ژیاوم؟ مه‌گه له‌وێ نه‌بوو دڵم شكا؟ ئاخر مه‌گه خاكی ئه‌وێ نی‌یه بۆنی ئه‌زیزی منی لێ دێت؟ - - - - - - - - - ده‌ڵێ " قه‌درتان زۆره!"، ده‌ڵێ "ژن فریشته‌ن!"، ده‌ڵێ " هێنده خۆشه‌ویستن به‌هه‌شتی خسته ژێر پێتان!" .... بیرده‌كه‌مه‌وه، چه‌ند جار، چه‌ند چركه به درێژایی ژیانم بۆم هه‌بووه به قه‌د بیره‌كانی خۆم بژیم؟ كه‌ی توانیومه خۆم بم؟ بێ هیچ ماسكێک، بێ هیچ خۆحه‌شار دانێک ... بیرم كرده‌وه كه‌ی، چه‌ندجار، توانیومه چه‌ند چركه‌یه‌ک بێ هیچ ترسێک بژیم... ده‌ستێک به سه‌ر شانه‌كانم دادێنم... نا، هیچ باڵیم نی‌یه! مه‌گه فریشته‌كانی ناو چیرۆكه‌كانی ئه‌وان هه‌مووی باڵدار نین؟ مه‌گه فریشته باڵداره‌كان، حه‌وت حه‌وت و هه‌شت هه‌شت، له لێواری حه‌وزی شیر و هه‌نگوین دانه‌نیشتوون و پیاوێكی به‌خته‌وه‌ر نالاوێننه‌وه؟ ئاخر من نه حه‌زم له شیره و نه قه‌ت هه‌نگوین ده‌خۆم ... خۆ بالیشم نی‌یه ... خۆزگه بۆ ڕۆژێک، نه بۆ دایک بوونم، نه بۆ فریشته بوونم، نه بۆ باڵای به‌رز و مه‌مكی خڕ و ناوقه‌دی باریكم ... به‌س بۆ ئه‌و شته‌ی هه‌م، ئه‌و جۆره‌ی هه‌م. به هه‌موو شادی و خه‌مه‌كانمه‌وه. به هه‌موو ترس و تاسه‌كانمه‌وه، به هه‌ست و بیر و ویسته‌كانمه‌وه ... خۆزگه بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌فسانه‌ی فریشته بوونی ژن له بیر ده‌كرێ. خۆزگه بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی ژن ته‌نیا مرۆڤێكه و به‌س. مرۆڤێک كه ده‌توانێ باش بێ، ده‌توانێ خراپ بێ، ده‌توانێ تاوان بكات، ده‌توانێ ... خۆی بێت و به‌س. خۆزگه بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی خۆبوون تاوان نی‌یه... خۆزگه بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی ژن ئیتر فریشته نی‌یه! |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|