Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

December 30, 2006



سه‌دام له دار درا. به تاوانی كوشتنی سه‌د و چهل و هه‌شت كه‌س ...

پیرۆزبایی خۆتان پێشكه‌شی سه‌رۆک بووش و داروده‌سته‌كه‌ی بكه‌ن! ‌





دارودیواری شاریان له سلێمانی به دروژم و پیرۆزبایی پڕكردبووه. هه‌واڵی حوكمی له داردانی سه‌دام كه بڵاو بووه. كاناله كوردییه‌كان قسه و بۆچوونی هاوولاتییه‌كانیان بڵاو ده‌كرده‌وه كه چۆن شادی و به‌خته‌وه‌ری خۆیان دوایی بیستنی ئه‌و هه‌واڵه ده‌رده‌بڕی و له پڕ گوتیان كۆڕێكی شایی و خۆشی بۆ جێژن گرتنی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه ده‌گیرێت و ...

نازانم كۆڕه‌كه گیرا یا نا. به‌ڵام چه‌پڵه ڕێزان و پیرۆزبای كردنی خه‌ڵک له یه‌كترینم خۆم به چاوی خۆم دیت و به گوێی خۆم بیست. هه‌موو پرسیاری منیان به‌لاوه سه‌یر بوو كه ده‌مگووت حوكمه‌كه‌ی بۆ تاوانه‌كانی به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد نییه. ئه‌ی ئه‌نفال و هه‌له‌بجه و ...؟ هه‌موو گوتیان خه‌م نییه، ئه‌و دادگاییه‌كه‌ی درێژه‌ی هه‌یه و پرسیاره‌كانی ئه‌نفال و هه‌له‌بجه‌ش دێنه ئاراوه و ... هه‌موو گوتیان گرنگ ئه‌وه‌یه له سێداره بدرێ! هه‌موو گوتیان فه‌رق ناكات، بۆ تاوانه‌كانی به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردیش هه‌ر حوكمه‌كه‌ی ده‌بێته له سێداره‌دان، چ ئێستا له دار بدرێ چ دواتر ...

***

نووسراوه سه‌دام تا چه‌ند ساعه‌تی تر له دار ده‌درێ. نازانم ده‌درێ یا نا. بۆ من هیچ گرنگ نییه. گرنگترین شت به‌لامه‌وه ئه‌وه بوو بۆ تاوانه‌كانی به‌رامبه‌ری گه‌لی من چووبایه ژێر پرسیار و له به‌رچاوی دونیا تاوانبار كرابا ... له سێداره‌دانی سه‌دام وڵامی پرسیاره‌كانی به‌داوه نییه. بێ سه‌روشوێنه‌كان ناگه‌رێنه‌وه. ئه‌و ژان و ئازاره‌ی ئه‌و خه‌ڵکه دیتوویانه و چێشتوویانه سارێژ نابێته‌وه. سه‌دام ده‌بایه به حوكمی دادگایه‌ک مۆری تاوانی ئه‌نفالی له ناوچاوان درابا ... ده‌بایه حوكمێكی مۆركراو له مێژوودا تۆماركرابا.

نووسراوه سه‌دام تا چه‌ند ساعه‌تی تر له سێداره ده‌درێت. چاو كه له سه‌ر یه‌ک داده‌نێم، ده‌نگی چه‌پڵه‌ڕێزانی خه‌ڵک و كۆڕی شایی شه‌قامه‌كانی سلێمانی دێته به‌رچاوم ...

سه‌دام با له سێداره‌ش بدرێ، ئه‌ی دواتر چی؟








December 23, 2006



ئه‌سرین گیان "فقط به خاطر تو" :

اولیش: اولین بار که عاشق شدم کلاس دوم ابتدایی بودم. تازه قول و قرار ازدواج هم گذاشته بودیم. هنوز اسمش یادمه. حتا قیافه‌اش. اسمش آرمان بود. سبزه بود و یه کم تپل. بعدها، که دیگه بزرگ شده بودیم، دوبار اتفاقی دیدمش. بدجنس بار دومش اومد جلو گفت:"این قول و قرار ما چی شد؟" ؟ دیگه اینکه راستش ته‌دیگ هم خیلی خیلی خیلی دوست دارم!

دومیش:دو سال کودکستان رفتم. خیلی دردناکه، مخصوصا که "پایه‌ام" هیچ قوی نشد! آها راستش اون موقعها موهام فرفری بود، فرفری و قرمز. از اون فرها که یه سانت هم رو به پایین رشد نمی‌کنند. برعکس حالا! دیگه اینکه خیلی وقتها دلم خواسته چهار پنج سانتی قدم بلندتر بود!

سومیش:‌ از همون چهارده پونزده سالگی با وجود اینکه "اکیدا ممنوع" بود، یواشکی، تنهایی سفر می‌رفتم. اولین جایی هم که رفتم ارومیه بود. اصولن تا امروز از هرچی که "اکیدا ممنوع" بوده، تو کارنامه من ردپایی پیدا میشه! دیگه اینکه فقط چند سالیه که من رنگی به جز رنگ سیاه هم می‌پوشم!

چهارمیش: دوران دبستان و راهنمایی از زرنگهای کلاس بودم. تمام چهار سال دوران دبیرستان رو اما تجدید آوردم و یکی دو بار هم تک ماده دست غیبی شد و از آستینی برون آمد. دیگه اینکه هیچ‌ آهنگی رو تا آخر، حتا نا نصف هم حفظ نیستم!

پنجمیش:‌ نمیتونم به پشت بخوابم. همیشه هم باید رو به دیواری که نزیکتره بخوابم. چراشو واقعا نمیدونم. بزرگترین دشمن خوابم صدای خرناسه. حتا اگه این صدا از یه اتاق دیگه بیاد، من تا خود صبح درد میکشم از بیخوابی. از بوی سیگار، از دود سیگار و از قیافه سیگار متنفرم. ربطش به بی خوابی چیه، شاید همین که تو اتاقی که بوی سیگار بیاد نمی‌تونم بخوابم. نفسم بند میاد. دیگه اینکه دلم می‌خواد همیشه عاشق باشم. با وجود این وقتی هم که عاشقم دور می‌شم و وقتی عاشق نیستم دلم برا عاشق بودن تنگ میشه... بد دردیه!



****

خوب من که نمی‌تونم کسی رو دعوت کنم. فکر نکنم بچه‌های این محله اهل بازی باشند :)







December 20, 2006



ئه‌مڕۆ ڕۆژی له دایكبوونم بوو. ساڵێكی تر تێپه‌ڕی و ژیان هه‌روا به‌رده‌وامه. ژیان هه‌ر به‌رده‌وامه و شته‌كان له جێێ و شوێنی خۆیان نه‌ماون. بیر ده‌كه‌مه‌وه شته‌كان بۆ مانه‌وه نین! ئیتر ئه‌وه‌ی ده‌زانم. بیرده‌كه‌مه‌وه كاتی خۆیه‌تی باوه‌ڕ بكه‌م به ئه‌زمۆنه‌كان. باوه‌ڕ بكه‌م به ته‌‌جره‌به‌كان. بیرده‌كه‌مه‌وه شته‌كان بۆ مانه‌وه نین، ته‌نانه‌ت سێبه‌ره‌كان. شته‌كان بۆ مانه‌وه نین، با ئێمه‌ش حه‌ز بكه‌ین بمێننه‌وه. بیرده‌كه‌مه‌وه شته‌كان ‌له سه‌ره‌تاوه ساده و ساكارن. سازده‌بن، ڕه‌نگه سازیان ده‌كه‌ین. ده‌یانخوولقێنین و ده‌بین به عه‌بدیان. په‌نجه‌یان لێ قایم ده‌كه‌ین و په‌له‌قاژه‌مانه بۆ مانه‌وه‌یان. بۆ ڕاگرتنیان چوونكه ته‌نیاین. چوونكه له ته‌ناییه‌كانی خۆمان تێناگه‌ین... چوونكه پێمانوایه مانایه‌كه‌ی زۆرترمان پێ ده‌به‌خشن. چوونكه پێویستمانه خۆمان له قالبێكدا تاریف بكه‌ین ...

ڕۆژی له دایكبوونم بوو. ده‌ڕۆم بیرده‌كه‌مه‌وه ئه‌مساڵ ساڵی دابڕان بوو. ساڵی ڕۆیشتن و نه‌گه‌ڕانه‌وه. ساڵی خاڵی كۆتایی دانان. ساڵی داخستنی كه‌وانه‌كان. "تێده‌گه‌ی له‌یلا؟"، خۆم به خۆم ده‌ڵێم و سه‌رم سووڕ ده‌مێنێت له‌و بۆشاییه‌ی هه‌ر دیت و قورستر ده‌بێت و من بیرده‌كه‌مه‌وه ده‌ستم به‌تاڵه، سێبه‌ره‌كان نه‌ماون و بۆشاییه‌كان پڕ‌نابنه‌وه و بیرده‌كه‌مه‌وه "له‌یلا سێبه‌ره‌كان قه‌ت بۆشاییه‌كانیان پڕ‌نه‌كردبووه، قه‌ت!" و له‌ناكاو ته‌نیاییه‌ک به قوڵی مێژووی هه‌موو ئه‌و ساڵانه داگیرم ده‌كات.

ساڵ، ساڵی دابڕان بوو. ساڵی دانان و دڵ هه‌ڵقه‌ندن و ده‌ست هه‌ڵگرتن له سێبه‌ره‌كان. بیرده‌كه‌مه‌وه "ده‌ی ئێستا چی؟" و ناوێرم ئاوروو بده‌مه‌وه و ده‌زانم ده‌ستم به‌تاڵه و ده‌زانم به‌تاڵی لای چه‌پی سنگم قورسه و ده‌زانم ده‌ترسم.

بیرده‌كه‌مه‌وه بریا نه‌مده‌زانی! بریا نه‌مده‌زانی به تێپه‌ڕبوونی كات، شته‌كان ئاسان نابنه‌وه. بریا نه‌مده‌زانی تێپه‌ڕبوونی كات هیچ برینێک سارێژ ناكاته‌وه و حه‌یف ده‌زام تۆ ته‌نیا فێرده‌‌بیت ده‌گه‌ڵ ئازاری برینه‌كانت بژیت... حه‌یف!

بیرده‌كه‌مه‌وه شته‌كان له سه‌ر جێی خۆیان نین. "بێ قه‌راری له‌یلا"، خۆم به خۆم ده‌ڵێم و له بێ قه‌رارییه‌كانی خۆمدا ده‌گه‌ڵ ‌ئاننا كارین پێده‌كه‌نم و كوبی له ئامێز ده‌گرم و ده‌گه‌ڵ په‌ری باسی هه‌موو شتێک ده‌كه‌م و به ساعه‌ت ده‌گه‌ڵ ‌گوڵپه‌ر قسه ده‌كه‌م. له بێ قه‌رارییه‌كانمدا بیر له كه‌وانه داخراوه‌كان ده‌كه‌مه‌وه و بیر له ڕۆیشتن ده‌كه‌مه‌وه. "بێ قه‌راری له‌یـــلا، بـــــۆ؟" خۆم به خۆم ده‌ڵێم و هیچ وڵامێكم نییه و بیر له‌مه‌وداكان ده‌كه‌مه‌وه كه ئیتر به هیچ كورت نابنه‌وه و ئیتر هێزی په‌له‌قاژه‌م تێدا نه‌ماوه و ئیتر ناوێرم، ناتوانم، نابێ، نامه‌وێ، نامه‌وێ، نامه‌وێ له سه‌ر وێرانه‌كان هیچ ساز كه‌مه‌وه. بیرده‌كه‌مه‌وه ماناكان چیان به سه‌ر هات؟ مه‌وداكان ماناكانیان له خۆدا نوقم كردووه، هه‌موو ئه‌و مانایانه‌ی سه‌رده‌مێک خۆمم تێدا تاریف ده‌كرده‌وه، خۆم به خۆم ده‌ڵێم. "ماناكان له دووری و دره‌نگی مه‌وداكاندا ون بوون له‌یــــلا!"


دابڕاوم. دوورم، دوورتر له هه‌میشه! ڕۆژی له دایكبوونم بوو ئه‌مڕۆ.




December 16, 2006



"هه‌مووتان قۆنده‌ره‌ن و هه‌ر ڕۆژه‌ی یه‌كتان له پێ ده‌كه‌م!"

منداڵه‌كان له ده‌ورم كه كۆ ده‌بنه‌وه، هه‌واڵی شار و قوتابخانه‌م بۆ ده‌گێرنه‌وه. سه‌رم له بیستنی هه‌واڵی قوتابخانه‌كان سووڕ ده‌مێنێت. بۆ دڵنیا بوون جارێكی تر ده‌پرسم "مامۆستا وای گوت؟"، خراپم نه‌بیستووه. ده‌ڵێ مامۆستا هه‌ر هاته ژووری كلاسه‌كه‌ ڕووی كرده هه‌موومان و گوتی " هه‌مووتان قۆنده‌ره‌ن و هه‌ر ڕۆژێ یه‌كتان له پێ ده‌كه‌م!" ده‌ڵێ شه‌پ و پێلاقه و زلله ئاساییه‌، ده‌ڵێ‌ لێدان به شوولک و دار و قسه‌ی ناشیرین و سووک پێ گوتن، هه‌ر زۆر زۆر ئاساییه. ئه‌و قسانه‌م به پێكه‌نینه‌وه بۆ ده‌گێرێته‌وه. ده‌ڵێـم بۆ كه‌س هیچ ناڵێت؟ بۆ ناچن به مودیری قوتابخانه بڵێن؟ ده‌ڵێم ئه‌ی دایكوباوكه‌كان بۆ ده‌نگ ناكه‌ن؟ دیسان پێده‌كه‌نێت. ده‌ڵێ مودیره‌كه‌مان ملی له به‌ر ملی یه‌كێ له قوتابییه‌كان نابوو و جوێنی به دایک و خوشكی كوڕه‌كه ده‌دا. گوتی نامه‌یه‌ک هاتووه بۆ قوتابخانه‌كان كه مافی ئه‌وه ده‌دا به مامۆستاكان به كه‌یفی دڵی خۆیان ده‌گه‌ڵمان بكه‌ن ... ده‌ڵێم قوتابخانه‌ی كچانیش هه‌ر وایه؟ ده‌ڵێ له‌وێ لێدان نییه یان كه‌مه. به‌ڵام شكاندنه‌وه و سووكایه‌تی پێ كردن به شێوه‌ی تر هه‌یه. ده‌گێرێته‌وه ده‌ڵێ كچێک دوو كونی له گوێی كردبوو، مامۆستایه‌ک لێێ توڕه ده‌بێت. كچه‌كه داوا ده‌كات لێی گه‌ڕێ با گوواره بچووكه‌كه‌ی له گوێدا بمێنێت با كونه‌كه نه‌پووچێته‌وه. كه‌چی مامۆستا ئه‌وه‌نده‌ی تری لێ توڕه ده‌بێت كه بۆچی "بێ ئه‌ده‌بی كردووه و جوابه جه‌نگی" ده‌گه‌ڵ ‌مامۆستا ده‌كات!

قسه‌ی سووک و جوێن، سووكایه‌تی پێ كردن و شكاندنه‌وه، لێدان و داركاری له قوتابخانه‌كانی سلێمانی بۆته به‌شێک له سیستمی په‌روه‌رده و منداڵه‌كان و ته‌نانه‌ت دایكوباوكه‌كانیش وای پێ ڕاهاتوون كه هیچیان هیچ ناڵێن و وه‌ک شتێكی زۆر ئاسایی چاوی لێ ده‌كه‌ن.

******

"بڕۆم ناگه‌ڕێمه‌وه ها!"

نه‌مردم له هه‌ولیریش ون بووم! ئه‌گه‌رچی بڕیارم دابوو بێ ئه‌وه‌ی قه‌ڵات بكه‌م به نیشانه، ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌م بدۆزمه‌وه، به‌ڵام دیتنی ئه‌و مزگه‌وته و حه‌زی وێنه‌گرتن له بیری بردمه‌وه به كام لادا هاتووم و ده‌بێ به كام لادا بگه‌ڕێمه‌وه. بۆیه دوای ئه‌وه‌ی نزیک چوار ساعه‌ت به ڕێگه‌دا ڕۆیشتم و وێنه‌كانم گرت و كه‌مێک خرته و پرته‌م كڕی، كه ویستم به‌ره‌و شوێنی خۆم بگه‌ڕێـمه‌وه، ڕێگه‌م ون كرد! ملی ڕێگه‌م گرت و ڕۆیشتم و ڕۆیشتم و ڕۆیشتم و هه‌ر نه‌گه‌یشتم. كه له كاكی "مرورم" پرسی چۆن بگه‌مه لای قه‌ڵات، گوتی: ناگه‌ییه‌ی، دووره. كه ڕازیم كرد ده‌گه‌مێ ئه‌گه بزانم به كام لا دا بڕۆم، گوتی: ئه‌م ڕێگه‌یه بگری ده‌چی بن قه‌ڵایه! سوپاسم كرد و گوتم بن قه‌ڵا كه نا، بگه‌مه هه‌ر نزیک قه‌ڵایه به‌سمه! كه‌مێک كه ڕۆیشتم دیم كوڕێكی باڵا به‌رزی كاڵ، ده‌مێكه به دوومدا دێت. هه‌ر من ده‌ڕۆم و ئه‌ویش دێت. هه‌وا تاریک ببوو و من هێشتا قه‌ڵاتم لێ دیار نه‌‌‌بوو. نازانم كچه‌كانی كوردستان چۆن تاقه‌ت دێنن، به‌ڵام من نه‌متوانی بێده‌نگ بم. كوڕه‌م بانگ كرد. گوتم چیت ده‌وێ؟ و ڕانه‌وه‌ستام وڵامم بداته‌وه، گوتم پێش ئه‌وه‌ی توڕه بم باشتره بروات و نه‌گه‌ڕێته‌وه!!! كوڕه چاوی بۆ خومار كردم، كه‌مێک بێده‌نگ و به نازه‌وه چاوی لێ كردم و دوایی گوتی: باشه، ده‌ڕوم، به‌ڵام بڕۆم ناگه‌ڕێمه‌وه ها!" نازانم ئه‌وه ناز بوو یان هه‌ره‌شه.

گوتم تۆ بڕۆ من هه‌وڵ ده‌ده‌م به‌رگه‌ی خه‌فه‌تی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ت بگرم!
چركه‌یه‌ک دواتر دیم هه‌ر به‌دوامدا دێت !!! بیرم کرده‌وه‌:"به‌ڕاست قسه‌ی پیاویان یه‌که‌!"


*****

"كچن، هه‌ر ده‌بێت فێر بن!"

خانه‌ی نه‌وجه‌وانانی كچانه. كۆمه‌ڵێک كچی منداڵ و گه‌نج - ژێر هه‌ژده ساڵ- به هۆی جۆراوجۆر له‌وێ ده‌ژین. به‌رپرسی شوێنه‌كه باسی كچه‌كان ده‌كات و ئه‌وه‌ی كه خه‌ریكی چین و ڕۆژه‌كانیان به چی پڕ‌ ده‌كه‌نه‌وه. ده‌ڵێت "مه‌کته‌ب" ده‌چن. ده‌رسه‌كانیان ده‌خوێنن. هه‌ندێكیان ڕۆژانی پێنج شه‌ممه و هه‌ینی ده‌چنه‌وه سه‌ردانی دایک یان باوكیان یان دایكوباوكیان! ئه‌وانی كه‌سیان نییه لێره ده‌بن و به شتێک سه‌رقاڵ ده‌بن. له ناو شوێنه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێم. ژووره‌كانم پێ نیشان ده‌دات. به‌رپرسه‌كه گلێی هه‌بوو ده‌یگوت حكومه‌تی هه‌رێم پێیان ڕاناگات و یارمه‌تیان نادات. گوتی:" یارمه‌تیان دابام، ئه‌م شوێنه‌م ده‌كرد به شتێكی نموونه!!!" نه من تێگه‌یشتم مه‌به‌ستی ئه‌و له "شتێكی نموونه" چییه و نه ئه‌و خۆی شتێكی زیاتری باس كرد. به‌ڵام كه گه‌ڕاوه گوتی كچه‌كان كاری خاوێن كردنه‌وه و شووشتن و ... ده‌كه‌ن، چوونكه "كچن، هه‌رده‌بێت فێر بن!" وا سڕ بووم که زمانم نه‌گه‌ڕا هیچ بڵێم. ئه‌وه‌ی تریان كه پرسیم منداڵه‌كان به‌ڕۆژوو ده‌بن گوتی:" ئه‌ی خۆ هه‌ر ده‌‌بێت. چۆن به‌ڕوژوو نه‌بن!" . بیرم كرده‌وه به‌ڕاستی ئێره شوێنێكی گونجاوه بۆ ئه‌و منداڵانه؟

زه‌ینییه‌ت و ڕوانگه‌ی به‌رپرسه‌كانی شوێنێكی ئاوا، جێی تێڕامانه. له شوێنێكی ئاوا و له كار ده‌گه‌ڵ ‌منداڵ، قه‌رار نییه گه‌وره‌كان بایه‌خه‌كان و باوه‌ڕه‌كانی خۆیان به سه‌ر منداڵ ‌داسه‌پێنن. فێربوونی كاری شووشتن و خواردن سازكردن و ... باشه، زۆر باش. به‌ڵام نه‌ک‌ به هۆی كچ بوون... ڕاستی ئه‌وه‌یه تا بیری ئاوا به‌رپرسی په‌روه‌رده كردنی كچ و كوڕه‌كان بن، باوه‌ڕ‌ناكه‌م هیوایه‌ک هه‌بێت بۆ ئاڵوگۆڕ!






December 13, 2006


اصلا چه‌ کار به‌ کار من دارید؟

دارید رو به‌ دریا از دریا سخن می‌گوئید؟

....

من اهل صراحتم

لهجه آب از آب سخن می‌گوید

تعبیر تشنگی حرف دیگری ست

اجازه می‌خواهم اندکی آسودگی را تجربه‌ کنم

حالا سالهاست گاهی اوقات برمی‌گردم و

سمت چپ شانه‌ام را نگاه می‌کنم

حالا سالهاست گاهی اوقات از دوست دانای خود

از همان راه‌بلد رویای گمشده‌ سؤال می‌کنم:

- پس کی وقت رفتن فرا خواهد رسید؟



من خسته‌ام

خسته از آینه، از آدمی، از آسمان!

مگر تحمل یک پرنده کوچک خانه‌زاد

یک پرنده جامانده از فوج بارانخورده بی‌بازگشت

تا کجای آسمان تمام رویاهاست؟


من بریده‌ام

بریده مثل باران تنبل عصر آخرین جمعه خرداد

بریده مثل شیر ماسیده بر پستان آهوی مضطرب

بریده مثل باد، باد خستهء به بن بست نشسته‌ء دی ماه

بریده مثل تسبیح دوره‌‌ گردی کور بر سنگفرش بی‌چراغ

حالا هی بگو برو خانه چراغ بیاور!

"چراغ ما هم در همین خانه شکسته است"

دروغ می‌گویم؟



هی دوست دانای من!

فقط بگو کی وقت رفتن فراخواهد رسید؟





سید علی صالحی






December 12, 2006



مامۆستا فه‌رمووی: ئیسلام دینی کوردانه، دوور بین له ته‌قلیدی کوێرانه و له مۆدێلی بێگانه!

*****

به‌رنامه‌ی ڕادیۆیی:‌ " ده‌روازده‌ی شه‌ریعه‌ت"، ڕۆژی سێ شه‌ممه، 2006-10- 10 سلێمانیه:‌



- ناوم دایکی ژیانه. له ته‌مه‌نی سێنزده‌ ساڵی شووم کردووه و ئێستا بیست و دوو ساڵم دوو منداڵم هه‌یه. مێرده‌که‌م به‌ته‌مایه ژنی دووهه‌م بێنت. ده‌زانم ئایه‌تی قورئان هه‌یه له‌م باره‌وه و من باوه‌ڕی ته‌واوم به‌م ئایه‌ته هه‌یه ... به‌ڵام مێرده‌که‌م خۆش ده‌وێت و مل که‌چی ده‌که‌م و نامه‌وێ خۆشه‌ویستم ده‌گه‌ل که‌س به‌ش بکه‌م، بۆیه ڕێگه‌ی پێ ناده‌م ژنی دووهه‌م بێنێت. زۆر ده‌ترسم تووشی تاوان بم. ئایا گوناحم کردووه‌ که ڕێگه‌ی پێ ناده‌م؟



مامۆستا: ئه‌گه‌ ڕێی لێ بگرێت گوناحبار ده‌بێت، ئه‌گه‌رچی ناتوانێ ڕێی لێ بگرێت... که مێرده‌که‌ی خۆش ده‌وێت ده‌بێ حه‌ز و مه‌یلی مێرده‌که‌ی له به‌رچاو بگرێت و به‌ دڵی ئه‌و بکات ... هه‌ر چه‌نده ئه‌و ژنه هه‌ر ناتوانێ ڕێ له مێرده‌که‌ی بگرێت... شه‌رع ڕێی به ژن نه‌داوه ...



*****

- به‌رێوبه‌ری به‌رنامه: مامۆستا گیان بڵێێ وروژاندنی باسی فره ژنی له هه‌لومه‌رجی ئێستای کوردستان به به‌رژه‌وه‌ندی کێیه؟ خۆ ئێمه کێشه‌ی گه‌وره‌تری نه‌ته‌وایه‌تمان هه‌یه ...


مامۆستا: ئێمه له کوردستان گرفتی فره ژنیمان نییه. یانی فره ژنی گرفت نییه!


*****

- گوێگرێک: ئایا به پێی شه‌رع قه‌ناعه‌تی ژنی یه‌که‌م بۆ هێنانی ژنی دووهه‌م واجبه؟

مامۆستا: وه‌للا هیچ ژنێک ڕازی نابێ ژنی دووهه‌می به‌ سه‌ر بێت. پیاو باشتره قه‌ناعه‌تی پێ بێنێت. له سه‌دی په‌نجاش قه‌ناعه‌تی پێ بێنێت خراپ نییه. هه‌ر به قسه‌ش بێ خراپ نییه، خۆ ژن به شتێكی به‌سیت دڵخۆش ده‌بن ... ئه‌گه قه‌ناعه‌تیشی نه‌کرد، پیاو له سه‌ر ئیزنی ژن پێویست ناکات ڕاوه‌ستێ.



*****

- مامۆستا: شه‌رع ڕێگه‌ی داوه کچ و کوڕ یه‌کتر ده‌ست نیشان بکه‌ن. به‌ڵام عیلاقه‌که درووست نییه. که کچ و کوڕ پێکه‌وه بوون، شه‌یتان که‌سی سێهه‌میانه و زلله‌ی گوناحیان لێ ده‌وه‌شێنیت ...



*****

- گوێگرێک: مامۆستا گیان پیاوێک دوو ژنی هه‌یه و ئه‌و دوو ژنه‌ی بۆ خۆشی دڵی خۆی هێناوه. شه‌وانه ئه‌م پیاوه‌ له نێوانیاندا ده‌خه‌وێت و کاری شه‌رعیان ده‌گه‌ڵ ده‌کات. ئایا گوناحه؟



مامۆستا (که جوان دیاره زاری پڕ بووه له ئاو): مافی شه‌رعی خۆیه‌تی بۆ خۆشی خۆی دوو ژنی هه‌بێت و که له نێوانیاندا ده‌خه‌وێت زۆر شتێکی جوان و پیرۆزه و دیاره ته‌بایی و خۆشه‌ویستی و عیداله‌تیان له ناودا هه‌یه. به‌ڵام کاتێ کاری شه‌رعیان ده‌گه‌ل ده‌کات باشتره ژنه‌كان یه‌کتر نه‌بینن و په‌رده‌یه‌کیان له نێواندا هه‌لواسن، چوونکه مه‌کرووهه ... (مامۆستا لێره ئاوی زاری به ئیشتیاوه قووت ده‌داته‌وه‌) به‌ڵام شتێکی جوانه که له نێوان هه‌ردوویاندا ده‌خه‌وێت... با کاتێ "کاری سه‌ر جێ" ده‌که‌ن، چاو له یه‌کتر نه‌که‌ن!!!


******

به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه: سوپاسی به‌ڕێزاتان ده‌که‌م مامۆستا. خوا پاداشی کاری خێرتان بداته‌وه و نمووونه‌تان زۆر بێت و گوێگرانی به‌ڕێز سڵاوی خواتان به‌ سه‌ردا بڕژێت!


مامۆستا: هیوادارم پیاوان به یه‌ک ژن و دوو ژن و سێ ژن و ... بتوانن عیداڵه‌ت ڕه‌چاو که‌ن و له‌ شه‌‌رع لانه‌ده‌ن كه خوا ده‌گه‌ڵیانه...






December 11, 2006




له‌ت و په‌ت:

گوتی "کۆنه به‌عسییه"، گوتی دوای ڕاپره‌رینه‌که‌ پارتی "حیمایه‌ی" بۆ کردووه‌ ومانگانه‌ شه‌ش سه‌د هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت. گوتی منیش خۆم شانزده‌ ساڵ پێشمه‌رگه‌ بووم، ئێستاش به‌م ته‌مه‌نه‌وه‌ سایه‌قی ده‌که‌م و ڕوبعێکی ئه‌و کۆنه‌ به‌عسییه مه‌عاشم نییه!

****
ده‌ڵێت بڕوانه‌ له‌یلا، ئه‌وه‌ش بابا گورگور. ده‌ڵێت خاک نییه، ئالتونه. ده‌ڵێت کوردستانه‌ و له‌ سه‌ر نه‌وت خه‌وتووین و ... ده‌ڕوانمه‌ بابا گورگور. چاوم ده‌که‌وێته‌ ئه‌و کوڕه منداڵانه‌ی له‌ سه‌ر جاده‌ ڕیز وه‌ستاون و گۆنایان له سڕی سه‌رما سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه و به‌نزین ده‌فرۆشن و بیرده‌که‌مه‌وه‌ " مناڵێکی چاوگه‌شی کورد له برسا مرد!"

****
له دایکبووی 1980، دایکی چوار منداڵ. ته‌مه‌نی دوانزده ساڵ بووه به زۆری ده‌یده‌ن به شوو. خۆی ده‌ڵێت "حه‌زم له کوڕێکی هاوسێمان ده‌کرد. که پێێان زانین، به زۆری دایانم به پیاوێک یانزده ساڵ گه‌وره‌تر وله شارێکی تر. گوتی باوکم له ئه‌نفالدا چوو. مام بریارده‌ر بوو" . ده‌پرسم بۆ لێره‌ی؟ ده‌ڵێت "خه‌یانه‌تی زه‌وجی". ده‌ڵێم ده‌گه‌ڵ پیاوی تر بووی به‌ڕاست؟ ده‌ڵێت دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه ئه‌و کوڕه‌ی حه‌زم لێ ده‌کرد له بازاری شار دیمه‌وه. گوتی سواری ئوتومبیله‌که‌ی بووم و برای مێرده‌که‌م دیمانی و تله‌فوونی بۆ مێرده‌که‌م و ئاسایش کردبوو." ده‌ڵێت ئێستا مێرده‌که‌م هه‌فتا وه‌ره‌قه‌ی* ده‌وێت سولحی ده‌گه‌ڵ بکات. براکه‌شم دوو ده‌فته‌ر* و ژنێکی ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مانکوژێت. ده‌ڵێم دادگا؟ ده‌ڵێ من دان به خه‌یانه‌ت داناهێنم. نه‌‌مکردووه. ئه‌گه‌ر بڵێم خه‌یانتی زه‌وجیم کردووه ده‌بێ سێ ساڵ له حه‌بسدا بم. ده‌پرسم خۆت چیت ده‌وێت؟ ده‌ڵێ حه‌ز ده‌که‌م "ته‌لاق بدرێم" تا مێرد به‌و کوڕه بکه‌م که حه‌زی لێ ده‌که‌م. ده‌پرسم کوڕه له کوێیه ئێستا؟ ده‌ڵێ ئه‌ویش هه‌ره‌شه‌ی کوشتنی له‌ سه‌ره‌، خۆی شاردۆته‌وه. گوتی مامم خۆی یه‌کێتییه، ده‌ستی ده‌ڕوا...

***
کۆبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک ژنی چالاکی ڕێکخراوه‌‌ی ژنانه. له یه‌کێک له ژووره‌کانی پارله‌مانی هه‌رێمی کوردستان. دوو ساعه‌تیان ته‌رخان کردووه باسی "فره ژنی" بکه‌ن. قسه له‌ سه‌ر نه‌مانی فره‌ژنی نییه. قسه له سه‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌و ژنانه پێشنیاریان چییه تا مه‌رجه‌کان قورستر بکه‌ن پیاو نه‌توانن به ئاسانی ژنی دووهه‌م و ... ماره بکه‌ن. یه‌کێک له ئیسلامییه‌کان به نوێنه‌رایه‌تی هاوڕێکانی ده‌ڵێت "فره‌ژنی له به‌رژه‌وه‌ندی ژنان دایه. ژنانی ئه‌نفال و پیره کچان به فره‌ژنی نه‌بێت، ده‌مێننه‌وه. بیرده‌که‌مه‌وه‌ له‌و پیاوانه‌ی ژنی دووهه‌م ده‌هێننه‌وه سه‌ر ماڵ، چه‌ند که‌سیان ژنێکی ئه‌نفاڵ یان "پیره کچێکی" هێناوه؟ وا نییه زۆربه‌ی کات ژنی دووهه‌م له ته‌مه‌نی کچه بچووکه‌که‌ی پیاوه‌که‌ دایه؟ ژنی ڕێکخراوه‌یه‌ک ده‌ڵێ " ئه‌ی ژن که ناساز بوو، منداڵی نه‌بوو، پیاو چی بکات ئه‌گه‌ ژنی دووهه‌م نه‌هێنێت؟ بیرده‌که‌مه‌وه‌ ئه‌ی ئه‌گه‌ پیاوه‌که ناساز بوو و منداڵی نه‌بوو، ژن چ مافێکی هه‌یه‌؟ ژنێکی تر پێشنیار ده‌کات با هه‌ر پیاوێک ژنی دووهه‌می ژنێکی ئه‌نفاڵ یان "پیره کچ" بوو، حکومه‌ت پارچه زه‌وییه‌کی پێ بدات! که‌سێک وه‌بیریان دێنێته‌وه‌ سه‌دامیش کارێکی ئه‌وهای کرد. بیرده‌که‌مه‌وه‌ نرخ له‌ سه‌ر مرۆڤ داده‌نێن!

****
گه‌نجه! دڵنیام بێ ئه‌و هه‌موو سوور و سپیاوی رووخساریشی هه‌ر جوانه. خوێندکاری زانکۆیه. خۆی که باسی خۆی ده‌کات ده‌ڵێ "کچێکی ڕوناکبیری وه‌ک من ..." قسه له‌ سه‌ر په‌یوندی سه‌ربه‌خۆیی ئابووری ژنان، خوێنده‌واری ژنان و ئازادی ژنانه. گه‌راوه گوتی: " من کچێکی خوێنده‌وارم. سبێی شوو بکه‌م کوڕه ده‌بێ به قه‌د باڵای خۆم ئالتونم بۆ بکڕێت..."

*****

کوڕێکی گه‌نجه. ژنی هێناوه‌وه و جیابۆته‌وه. بیری هه‌نده‌رانی هه‌یه. له کوردستان ماندوو بووه. هه‌موو جارێ لێی ده‌بیستی که ده‌ڵێت: " ئه‌وه‌ که‌ی وڵاته!؟". نازانم باسی چیان ده‌کرد، بیستم گوتی:" من؟ نا من قه‌ت بێوه‌ژن ناخوازم. ده‌بێت کچ بێت و کچی عائیله‌یه‌کی باش و ناسراو بێت" ده‌ڵێم خۆ تۆ خۆت "بێوه پیاوی" بۆ ده‌بێت کچێک به تۆ ڕازی بێت؟ ده‌ڵێ ئاخر من پیاوم و ژن جیاوازه! ده‌ڵێم ئه‌ی حیسابی خۆشه‌ویستی ناکه‌یت؟ ئه‌ی ئه‌گه ڕۆژێک که‌سێکت خۆشویست بێوه‌‌ژن بوو چی ده‌که‌ی؟ گوتی: " به هیوای خوا قه‌ت شتی وا له من ناقه‌ومێت!" گوتم" به ته‌مای خوا!




******
وه‌ره‌قه‌یه‌ک یانی سه‌د دۆلار
ده‌فته‌ریک یانی ده‌ هه‌زار دۆلار




December 10, 2006




ئه‌و ڕۆژانه ده‌مێکه تێپه‌ڕیون. وه‌ک خه‌ونێک هاتن و چوون. هێشتا کاسم و هه‌ندێ جار ده‌بێ وه‌بیر خۆم بێنمه‌وه ئه‌وی بوو، خه‌ون نه‌بوو. لێره ده‌ینووسمه‌وه بۆ دڵی خۆم. تا بیرم نه‌چێته‌وه. تا هه‌میشه له بیرم بێت "ویستن هه‌میشه توانین" نییه

****

ڕۆژ و شه‌وێک پێشتره‌که‌ی هه‌موو شتێک ئاسایی بوو. گاڵته و گه‌پ و پێکه‌نین. لیسته‌که‌م له پێش خۆم دانابوو و ده‌مزانی به‌ته‌مای چیم و چیم له کوێ ده‌ست ده‌که‌وێت. کۆڵه پشتییه‌کی گه‌وره‌ی شینم له بازاری کۆنه‌فرۆشه‌کانی سلێمانی کریبوو. پاره‌م گۆڕیبۆوه و دیاریم بۆ که‌س نه‌کریبوو. ڕووبار شتێکی تا سه‌ر ئه‌ژنۆ درێژی دامێ و خۆشم شتێکی ناسکی ڕه‌شم پێ بوو. ڕۆژ که بووه، هێشتا هه‌موو شتێک وه‌ک خۆی بوو. وه‌ڕێ که‌وتین. ئه‌وه‌ڵ پێنجوێن و دوایش باشماق. له‌وێ که نه خاکی ئێرانه و نه کوردستان، چاوه‌ڕێ بووین که‌سێکمان لێ په‌یدا بێ، بمان په‌ڕێنێته‌وه. قه‌رار بوو به "مۆنیکایه‌کی زه‌رد" بێت. هه‌ر نه‌هات. تا ئه‌و کاتیش هه‌ر هه‌موو شتیک ئاسایی بوو. یان من پێم وابوو که ئاساییه. که په‌رینه‌وه، وه‌ک بڵێێ دڵه‌كوته‌كان له‌وبه‌ری سنوور چاوه‌ڕێم بكه‌ن، داگیریان كردم. ته‌نیا هه‌نگاوێک بوو. له ده‌روازه نه‌رده‌ییه‌كه كه تێپه‌رین، به‌ڕواله‌ت هیچ ڕووی نه‌دا و له ڕاستیدا سنووری وڵاتێكمان دابه‌زاندبوو. نازانم ناوی بنێمه چی، ترس؟ حه‌زی زانین؟ بێ قه‌راری؟ نامۆیی؟ هه‌رچی بوو، به‌رۆكی به‌رنه‌ده‌دام و لێم ببوو به بوغزی گریانێک و سڕی كردبووم. ئوتومبیله‌كه خێرا ده‌ڕۆیشت. جه‌ماعه‌ت بێده‌نگ بوون. منیش هه‌موو گیانم ببوو به چاو و چاوم له جاده و دار و به‌ردی ڕیگه‌ هه‌ڵنه‌ده‌گرت. ئاخر مه‌ریوان بوو و ده‌ستی ڕاستم زرێبار، خۆی ده‌نواند. یه‌که‌مجارم بوو زرێبار ببینم. یه‌که‌م جارم بوو مه‌ریوان ببینم. باران ده‌باری. ڕووبار په‌له‌ی بوو بۆ گه‌یشتن. من به‌‌ڵام له گه‌یشتن ده‌ترسام. نه‌مده‌زانی چی چاوه‌ڕێم ده‌کات. دره‌نگتر که وه‌ڕێ که‌وتین باران توندی کرد، دڵه کوته‌کانی منیش! ڕێگه دوور بوو و ئه‌وه خۆی ده‌ر‌فه‌تێکی باش بوو بۆ ئارام بوونه‌وه. ڕێگه‌ی مه‌ریوان- سه‌قز، به چیا و دۆڵ و گونده‌کانییه‌وه بۆ ئه‌وه نه‌ده‌بوو چاو له سه‌ر یه‌ک دابنێی. ده‌با هه‌موو شتێک ببینم. چۆن بزانم ئه‌و یه‌که‌مجاره نابێته ئاخر جارم؟ نێوان سه‌قز بۆکان ترسه‌کانم تێکه‌ڵی ماندوویه‌تی و بێ قه‌رارییه‌کی زۆر ببوون. له بۆکان بووین که خۆر ئاوا بوو.


****

گوتی گه‌یشتینێ. چراکانی شار ده‌بینی؟ تاریک بوو. شار له دووره‌وه وه‌ک سه‌د هه‌زار ئه‌ستێره‌ی زه‌رد تروسکه تروسکی ده‌هات. من ده‌گریام. پێده‌که‌نیم. ده‌ترسام... به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌ستم پێ ده‌کرد هیچ له‌وه نه‌ده‌چوو که پێم وابوو!

****

منداڵه‌کان گه‌وره بوون. ڕادین زۆر جوانتر له‌و وێنه‌کانی بوو. ڕۆیاش. ده‌نگیان به گوێم زۆر نامۆ بوو. که قسه‌یان ده‌کرد حه‌زم ده‌کرد چاوم لێان بێت، ڕه‌نگه بۆ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ بکه‌م خۆیانن. هه‌ر شه‌وی یه‌که‌م ده‌گه‌ڵ ڕادین چووینه ده‌ر. زۆربه‌ی شه‌قامه‌کانم گه‌ز کرد. زۆر شت گۆڕدرابوو. چوومه‌ه‌وه کۆڵانی سه‌رده‌می منداڵیم. هیچی وه‌ک خۆی نه‌مابوو. جێ پێی بیره‌وه‌رییه‌کانم هه‌موو سڕابوونه‌وه. بۆ به‌یانییه‌که‌ی و سێ چوار ڕۆژ دواتری من بووم به چه‌ند له‌ت! له‌تێکم له ژێر بارانه‌که‌ی ئاسمانی گوندی ئیساکه‌ند خوسا و له ژوورێکی بچووکی قوتابخانه‌‌‌كه‌ی ئه‌وێ، په‌له‌قاژه‌ی بوو. له‌تێکم له ئه‌رمه‌نیان، له‌تێكم له دۆڵی كه‌رۆشكه‌ و له‌ته‌کانی دیم به دوای شتێک که ناوم بۆی نییه، له گۆرستانی شاردا ده‌سووڕانه‌وه. له‌تێکیشم ده‌گه‌ڵ سێبه‌ری خۆم له کۆڵان و شه‌قامه‌کانی شار، به‌دوای شتێکی ئاشنادا، ده‌گه‌ڕا.


شه‌ش ڕۆژ! ته‌نیا شه‌ش ڕۆژ دوای ئه‌و هه‌موو ساڵ دوورییه کاتم هه‌بوو بۆشاییه‌کان پڕ که‌مه‌وه. وڵامی پرسیاره‌کانم وه‌رگرمه‌وه، له‌ته ونه‌که‌ی خۆم ببینمه‌وه، ده‌نگه‌کان و ڕه‌نگه‌کان وه‌بیر خۆم بێنمه‌وه، شته‌کان و که‌سه‌کان ئه‌و جۆره‌ی که هه‌ن له که‌لێن و قوژبنی زه‌ینم دانێمه‌وه، ته‌نیا شه‌ش ڕۆژم هه‌بوو تا ده‌گه‌ڵ خۆم ئاشت ببمه‌وه. خۆم گرێ بده‌مه‌وه له...


شه‌ش ڕۆژ به خێرایی نازانم چی تێپه‌ڕبوو. هه‌موو به‌یانییان هه‌ركه چاوم ده‌کرده‌وه‌، دڵه‌کوته‌کانم ده‌ستیان پێ ده‌کرد. ژیان به ده‌وری خێرا ده‌گه‌ڕا و ده‌رفه‌تی پێ نه‌ده‌دام له‌ سه‌رسوورمانه‌کان دوور که‌ومه‌وه‌. هیچ شتێک و هیچ که‌سێک وه‌ک خۆیان نه‌مابوون. منیش! منیش و شته‌کان و که‌سه‌کان گۆڕدرابووین. جیاوازی کات و شوێن و شێوه‌ی گۆڕانه‌کان منی ترساند! ترسام كاتێ له سه‌ر و بن كردنی شاری خۆم یه‌ک ڕووخساری ئاشنام نه‌دی. ترسام كاتێ له‌‌و شاره‌‌ی که تێیدا له دایک ببووم و پێم گرتبوو و زمانم کردبووه و گه‌وره ببووم، خه‌ڵک لێان ده‌پرسیم " خوشکێ خه‌ڵکی کوێی؟".


شه‌ش ڕۆژ به خێرایی نازانم چی تێپه‌ڕبوو. وڵامی هه‌ندێ پرسیارم به چاو دیت! هه‌ندێ وڵامی ترم هه‌ست پێ کرد. زۆر پرسیاری تازه‌م له لا ساز بوو. زۆر پرسیار که ئیتر قه‌ت بۆیان به‌دوای وڵامدا ناگه‌ڕێم! بۆ من گرنگ بوو بزانم بۆ یان چۆن. زانیم! هێشتا باوه‌ڕم وایه زۆرجار ئه‌وه‌ پرسیاره‌کانن که گرنگترن له وڵامه‌کان. کێ چ پرسیارێک، چۆن و له کوێ له خۆی ده‌کات ...


گرنگ بوو ژنێک كه منم، كچی ده‌روونم ده‌گه‌ڵ ترسه‌كانی هه‌موو ساڵانی گه‌وره بوونی، ده‌گه‌ڵ ‌پرسیاره‌كانی هه‌موو ساڵانی دووری، ده‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و "ئه‌گه‌ر" و "به‌ڵام" و "بۆ" و "چۆن"-ی زه‌ینی ڕووبه‌ڕوو بكه‌مه‌وه. ڕووبه‌ڕووی بكه‌مه‌وه تا به‌شكوو ڕزگار بێت.



هممم، ڕزگار بێت‌؟

2006-11-06





December 7, 2006



* کۆرپه‌ی دڵی من باوه‌ش تۆی ده‌وێ
گڕوی لێ گرتوم بۆم نانوێ شه‌وێ *



سه‌رما ده‌ستی پێکردووه و ئه‌وه‌نده‌ مامه‌وه‌ تا باران و شڵێوه‌یه‌که‌ی ئێره‌شم دی. پیره‌مه‌گرون ده‌مێکه به‌فری لێنیشتووه و به‌فره‌که‌ی سه‌ر شاخی سه‌فین ده‌مێکه هه‌نگاوه‌کانی سه‌ر شه‌قامه‌کانی شه‌قڵاوه‌ی تێکه‌ڵی ته‌زو له‌رزی سه‌رمایه‌ک کردووه. ڕۆژی گه‌رانه‌وه‌ نزیک ده‌بێته‌وه. ئه‌و ڕۆژانه‌ی تێپه‌ڕین، پڕ بوون له به خۆدا چوونه‌وه، شکان، شکانه‌وه‌، گریان و دڵته‌نگی و توڕه بوون. پڕ بوون له پێکه‌نین و له خۆشیان هه‌ڵخستنه‌وه‌. ئاشنا بوونم ده‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێکی زۆر باش و تێگه‌یشتوو. دیتن و قسه‌ کردن ده‌گه‌ل کۆمه‌ڵێک کچ و کوڕی گه‌نجی چالاک به دڵێکی پڕ له خه‌یال و ئاواتی ڕه‌نگاوڕه‌نگ بۆ کوردستان، کۆمه‌ڵێک گه‌نج به سه‌رێکی پڕ له خه‌یاڵ و ده‌ستێک له ده‌سه‌ڵات دوور ...

ئه‌و ڕۆژانه پڕ بوون له وۆرک شۆپ، کۆبوونه‌وه و کۆنفرانس، له وۆرک شۆپه‌کانی "هاندانی ژنان و گه‌نجان بۆ به‌شداریان له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن" و کۆبوونه‌وه‌‌کانی گروپی هه‌ڵوێست له‌ سه‌ر ده‌ستور و ماده‌کانی و کۆبوونه‌وه‌ له پارله‌مان بۆ قسه‌ له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی فره‌ ژنی تا کۆنفرانسی "به‌ره‌و ڕووبوونه‌وه‌ ده‌گه‌ل توند وتیژی دژ به‌ ژنان" که هه‌ر ڕاپۆرته‌که‌ی پێشکه‌شیان کرد به‌س بوو بۆ کۆلانه‌وه‌ی برینه کۆن و تازه‌کان. ئه‌و ڕۆژانه‌ی تێپه‌ڕین پڕبوون له سه‌ردانی ڕێکخراوه جۆر به‌ جۆره‌کانی هه‌رێمی کوردستان. ڕێکخراوه‌کانی ژنان و گه‌نجان و سه‌نته‌ری ڕاهێنانی ڕۆژنامه نووسان و و خانه‌ی نه‌وجه‌وانانی کچان و ...

ئه‌م ڕۆژانه که تێپه‌ڕین پڕبوون له سه‌فه‌ر، له‌ یه‌که‌م سه‌فه‌رم بۆ پێنجوێن ده‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێک تا چه‌ند سه‌فه‌ری ئاخرم بۆ ده‌هۆک و زاخۆ و ڕواندز به‌ ته‌نیایی. دیتنی هه‌له‌بجه و گه‌ڕان به ناو شه‌قامه‌کانی، خه‌مێکی قورسی خسته‌ سه‌ر دڵم. ماوه‌یه‌کی باش دوای یه‌که‌م سه‌فه‌رم بۆ هه‌له‌بجه پڕبووم له توڕه‌ییه‌کی سه‌یر. گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ هه‌ولێر و که‌رکووک دوایی ئه‌وی ڕۆژی یه‌که‌می هاتنم به خێرایی پێیدا تێپه‌ریبووم و وێنه‌یه‌کی زۆر خۆڵاوی بۆ سازکردبووم ده‌رفه‌تێک بوو تا ئه‌م دوو شاره باشتر ببینم و هه‌ستیان پێ بکه‌م. بۆ دیتنی که‌رکووک ئه‌وه‌نده‌ تامه‌زرۆ بووم به هه‌موو مه‌رجه‌کان ڕازی بووم. دیتنی قه‌ڵات و سه‌یری شاری هه‌ولێر کردن له به‌رزایی قه‌ڵاوه‌ هه‌ستێکی تایبه‌ت بوو. قه‌ڵای هه‌ولێر ئه‌گه‌رچی هیچی له وێنه‌کانی نه‌ده‌چوو به‌ڵام جێ پێی کۆنی مێژوو به سه‌ریدا، له‌ مێژووی کۆنی بوونی نه‌ته‌وه‌که‌م ده‌دوا. له دووکان و ده‌ربه‌ندیخان که ده‌رکه‌وتم، گه‌رمیان ده‌ستی پێ کرد. هه‌زار ساڵ بوو ده‌ست ڕه‌نگینی سروشتم ئاوا له نزیکه‌وه نه‌دیبوو. دۆڵ و چیا به‌رزه سه‌وزه‌کان، سه‌دی سیروان و ... که‌لار. که‌لار و بۆنی ئه‌نفال...

دواتر نۆره‌ی کۆیه بوو. شاری شه‌قامه ته‌سکه‌کان و بۆنی نانی گه‌رم. شه‌قڵاوه‌ به‌ڵام دڵی به‌ یه‌کجاری بردم. شه‌قڵاوه‌ جوان بوو، زۆر جوان. له نه‌رمه‌ سه‌ره‌وژێرییه‌که‌ی ناو بازار که ده‌چییه خوار، دووکانه‌کانی ئه‌م به‌ر ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌که باریکه‌که‌ت، ته‌واو له به‌رچاوه. دووکانه‌کان بچووک و پڕن. زۆریش سه‌یر نییه ئه‌گه‌ قاوه‌خانه‌یه‌ک، چێشتخانه‌یه‌ک، نووسینگه‌یه‌ک و سه‌رتاشخانه‌یه‌ک و... به ڕیز ناویان "سه‌فین" بێت. له هه‌رلایه‌کی شه‌قڵاوه‌ لاکه‌یه‌وه، چیای سه‌فینت لێ دیاره که به‌ مێهره‌بانییه‌وه ده‌ڕوانێته سه‌ر شار و شار به دڵنیاییه‌وه پاڵی به سنگییه‌وه ناوه. له هه‌موو ئه‌و گۆنده بچووک و زۆر بچووکانه‌ی پێیاندا ڕۆیشتووم یان لێیان دابازیوم، دیتنی بێرکۆت و گه‌ران له ناویدا و دانیشتن ده‌گه‌ڵ پیره‌کان و منداڵه‌کانی گونده‌که مانایه‌کی تایبه‌تی بۆم هه‌بوو. هه‌میشه پێموابوو بێرکۆت گوندێکی سه‌وزه. پێموابوو سه‌ربانی ماڵه‌کانی نزمن و کۆتایی کۆڵانه‌کانی به کۆڵانێکی تر ده‌ست پێده‌کات و ڕێک له سووچی دوو کۆڵانی ئاوادا کیژ و کوڕ دڵداری ده‌که‌ن. پێموابوو باران که ده‌باری بێرکۆت پڕ ده‌بێت له بۆنی گڵ ... بێرکۆت سه‌وز نه‌بوو. کۆڵانه‌کانی هه‌ڵقه‌ندرابوو و منداڵه‌کانی له‌ سه‌ر بلۆکی گه‌وره‌ی سمیت کایه‌یان ده‌کرد و ...

ڕواندز و ده‌هۆک و زاخۆ و بێخاڵ و ئاکرێم دیت. ڕواندز و ده‌هۆکم ئه‌گه‌ نه‌دیبایه، مانه‌وه‌ی ئه‌و سێ مانگ و دوو هه‌فته‌یه‌م شتێکی گه‌وره‌، زۆر گه‌وره‌ی که‌م ده‌بوو. ڕواندز به قه‌د وێنه‌کانی لێم دیبوو، نا، بگره جوانتریش بوو. زۆر جوانتر. ڕواندز شاری ڕه‌نگه‌کان، شاری سه‌ربانه نزمه‌کان، شاری هه‌موو ڕه‌نگه سه‌وزه‌کان. ڕواندز شاری ژیکۆی چلمن و ئه‌حمه‌دی شه‌رمن و ڕه‌وای پڕ قسه‌یه که به له‌تێک دار به خاکه وشکه‌که‌ی پێش ده‌رگای ماڵه‌کانیان به ساعه‌ت کایه ده‌که‌ن...

زێی بادینان که ده‌ستی پێ کرد، سیمای سروشتیش گۆڕدرا. چیاکان به‌رز و سه‌وز بوونه‌وه، دۆڵه‌کان ڕازاوه‌ترین دیمه‌نیان ده‌خستی به‌رچاو. سه‌وزی دۆڵ و چیا ڕوحی ده‌لاواندییه‌وه و له دڵه کوته‌کانتی دوور ده‌کردییه‌وه. ده‌هۆک، شه‌قامه قه‌ره‌باڵغه‌کانی، دووکانه ڕێک و پێکه‌کانی، چێشتخانه و خواردنه خۆشه‌کانی، کوڕه جوانه‌کان و کچه جوانه‌کانی، په‌یکه‌ری دایک و دوومنداڵه‌کانی له مه‌یدانێکی شار، پیاوه پیره "دڵ ته‌ڕه‌کان و چاو چاوێن کردنه‌کانیان"، ... ده‌هۆکم خۆشویست. ده‌هۆکم زۆر خۆشویست...

ئیتر ئه‌وانه و دیتنی په‌یکه‌ری خانزاد میری سۆران و دیتنی چیای هه‌ڵگورد و هه‌ندرێن و بیستنی چیرۆکی "دانه‌ری تۆپی زه‌مان" و ... و زۆر شتی تر له خۆشییه بێ وێنه‌کانی ئه‌و سه‌فه‌ره‌م بوون.

ئه‌و سه‌فه‌رانه له خۆمیان نزیک کردمه‌وه. زۆر شتی تازه‌یان فێرکردم، هه‌ندێ شتیان وه‌بیر هێنامه‌وه. له زۆر ئاواتمی دوور کردمه‌وه‌. یه‌ک دوو له ئاواته‌کانمی کرده ژێر گڵ و ده‌ربیجه‌یه‌کی تازه‌ی بۆ چاولێکردن به‌ڕوو کردمه‌وه. ئیتر ئێستا، دوایی ئه‌و سێ مانگ مانه‌وه و گه‌ران و چاو لێکردن و دیتن و گوێدان و بیستن و هه‌ست پێکردنه، جۆرێکی تر چاو له شته‌کان ده‌که‌م، جۆرێکی تر هه‌واڵه‌کانی کوردستان هه‌ڵده‌سه‌نگێنم، جۆرێکی تر بیر له "کوردستان" ده‌که‌مه‌وه‌، جۆرێکی تر باس له "ژن و پیاوی کورد" ده‌که‌م، جۆرێکی تر له مانای حیزبایه‌تی، سیاسه‌ت، کوردایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی بیرکردنه‌وه، ورد ده‌بمه‌وه و ئیتر هه‌ندێ شت مانایه‌کی تریان بۆم ده‌بێت و ئیتر ئه‌و جار ئه‌گه‌ "ژیان" و "تاڤی" و ... باسی سه‌فه‌ره‌کانی کوردستانم بۆ بگێرنه‌وه‌، سه‌ره‌ گێژه نامگریت و له نامۆیی و خۆزگه و بریاکانمدا سه‌رم لێ ناشێوێت.

ده‌ستم پڕتره ئێستا. ئه‌مجاره‌یان که دڵته‌نگ بووم و ڕه‌شبینیم سه‌ری هه‌ڵدا، بیر له چاوه سه‌وزه‌کانی ئالان و ئاواته جوانه‌کانی ده‌که‌مه‌وه‌، بیر له ڕازاو و بیرکردنه‌وه‌کانی ده‌که‌مه‌وه‌، بیر له نه‌جیبه و کاره‌کانی ده‌که‌مه‌وه‌، بیرله ڕووبار و "پاسکیله‌که‌ی" ده‌که‌مه‌وه‌، بیر له ئه‌ستێره و چالاکییه‌کانی ده‌که‌مه‌وه‌، بیر له چۆمان ده‌که‌مه‌وه‌، بیر له ... و دڵنیا ده‌بم ئێمه ته‌نیا نین. که‌مین، به‌ڵام ته‌نیا نین...

ڕۆژی گه‌رانه‌وه‌ نزیک ده‌بێته‌وه‌. هه‌ر دێم و ده‌ڕۆم و ئه‌و بیرانه و بیری ده‌یان کچ و کوڕی تردڵگه‌رمم ده‌کات و به‌ خۆم ده‌ڵێم قه‌ی ناکا، ڕۆژێک هه‌ر دێ ژنی کوردیش هیچ مه‌رجێک بۆ هیچ سووکایه‌تییه‌ک له هیچ که‌س قه‌بووڵ نه‌کات. ڕۆژێک هه‌ر دێ پیاوی کوردیش له ژێر هیچ ناوێک بێ ڕێزی به هیچ ژنێک نه‌کات ... به‌ خۆم ده‌ڵێم ڕۆژێک هه‌ر دێ هه‌واڵی کوشتن، سووتان یان بێ سه‌روشوێن چوونی ژنێک، به‌ ده‌گمه‌ن، زۆر به‌ ده‌گمه‌ن گۆشه‌ی چه‌پی ڕۆژنامه‌کان ڕه‌ش کاته‌وه‌. به‌ خۆم ده‌ڵێم ڕۆژێک هه‌ر دێ که‌س حه‌ز نه‌کات مه‌نفا بکات به نیشتمان. ڕۆژێک هه‌ر دێ ڕازاویش وه‌ک مالین، له هه‌ر شوێنێکی ئه‌م دونیایه بێت بێ تاقه‌تی گه‌رانه‌وه‌ بۆ وڵاته‌که‌ی خۆی بێت و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ ڕێگه‌ی ڕۆیشتنیشی هه‌بێت بریار بدات بمێنێته‌وه ...


خه‌ونه؟ ده‌زانم. به‌ڵام من "له‌وه‌تی هه‌م خه‌و ده‌بینم!"


2006/12/04

* فۆلکلۆر




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------