Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

January 31, 2003

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و پێش له میوانێكی خۆمانه و به‌زمێكی مه‌جلسی به‌شدار بووم. قسه هاته پێش و منیش كه هیچ له بیرم نه‌بوو مه‌جلیس "بنه ماله‌ییه" و كچ و كوڕی گه‌نجی تێدایه !!!! چه‌ندانه له‌و تئۆرییانه‌ی خۆم پێیان گه‌یشتووم و باوڕم پێیانه ، فه‌رمووم. من سێ چوار وشه‌م قسه كرد و مه‌جلیس گه‌رم داهات و تا نیوه‌كانی شه‌ویش ئاگره‌كه نه‌كووژایه‌وه . دایكی هاورێكه‌م سه‌ری هێنا پێش و به سرته پێی گوتم : " هه‌ر ئه‌وه، هه‌ر دانیشه ئه‌و كتێبه سه‌یر و سه‌مه‌رانه بخوێنه‌وه و دوایش وه‌ره تئۆری تازه‌م بۆ دامه‌زرێنه! و كچ وكوڕی خه‌ڵکی له ڕێ به‌ده‌ر بكه !!!! "

پێرێ شه‌و دیسان له مه‌جلیسێكی ئه‌وها به‌شدار بووم. میوانییه‌كی خۆمانه بوو. خاون ماڵ بۆ ڕێزگرتن له میوانێك كه له ڕێگه‌یه‌كی دووره‌‌وه هاتبوو و هاتووه تا بمێنێته‌وه ، میوانی دابوو. میوانی ڕێگه‌ی دوور سه‌رقاڵی قسه‌ كردن بوو. باس باسی ژن هێنان و سه‌ر و سامان گرتن بوو. باس باسی "كچێكی نه‌جیب و سازگار " بوو ، به هۆی ئه‌وه‌ی تا ئێستا " نه‌جیب و سازگار" له فه‌رگه‌نگی ئێمه‌دا یانی "چاو گوێ به‌ستراوی به هه‌موو شتێك ڕازی یان هه‌مان "بێ عه‌قڵ و كه‌ر"، به‌ ده‌ست خۆم نه‌بوو دیسان ده‌نگم هاته ده‌ر و دوو سێ شتی كورتم گووت . له پڕ ‌كاكی میوان قسه‌كانی له گه‌رووی گیرا و ڕه‌نگی به ڕووه نه‌ما. ئه‌مجه‌ره‌یان نۆره‌ێ هاورێیه‌كم بوو به سرته پێم بڵێ :‌" وانابێ، وه‌به‌ر ترێیلیت دا خۆ ".


به‌ڕاست بۆم جێی سه‌رنجه كه ئه‌و دابو نه‌ریت و چوارچێوانه كه هه‌ن،‌ هه‌ر ئه‌و كه‌سانه سازی ده‌كه‌ن كه زۆریش خۆیان پێ به شتێكه و ده‌ڵێن خوێنده‌وارن و ڕووناكبیری ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ن . هه‌ر ئه‌و كه‌سانه كه دنیا دیده‌ن و ئه‌زمۆنی ژیانیان هه‌یه.


ده‌ڵێن خه‌ڵك هه‌ر وا به ئاسانی ناگۆڕدرێت. ده‌ێ ڕاسته، ئه‌گه‌ر ئێوه كه ڕووناكبیره‌كه‌ن ناتوانن باوه‌ڕ بكه‌ن كه قه‌واره‌یه‌كی تریش بۆ ژیان هه‌یه و شێوه‌ دی زۆره بۆ ڕوانین و هه‌ڵسه‌نگاندن ، ئیتر چۆن و له كوێرا ئاڵوگۆڕه‌كان ده‌ست پێبكردرێن ؟ ئێه‌وه‌ش خۆ هه‌ر له‌و خه‌ڵكه‌ن ئیتر ...





January 23, 2003

چیرۆكێكی سه‌یره. زۆر جار به درێژایی ته‌مه‌ن، له هه‌وراز و نشیوه‌كانی ژیانا هاورێته. نازانی بۆ كێ‌ و نازانی تا كه‌ی و نازانی بۆ، به‌ڵام هه‌ستێك، باوه‌رێك ، شتێك پێت ده‌ڵێت چاوه‌ڕێ به...

چاوه‌ڕێی. چاوه‌ڕێی هاتن یان هاتنه‌وه‌ی كه‌سێك . به‌دوایدا ناگه‌ڕێی. ڕه‌نگه له‌به‌ر ته‌نبه‌ڵی خۆت، یان ماندوویه‌تیت، یان به هۆی هێزی ئه‌م باوه‌ڕه‌ كه پێت ده‌ڵێت چاوه‌ڕوانییه‌كان له ڕوانیندا كۆتاییان پێدێت، نیگاكان یه‌ك ده‌بیننه‌وه ... ده‌نا هه‌نگاو بۆ كوێ و كام لا هه‌ڵده‌گری ...


ئێستاش ده‌ڵێی به درێژایی ته‌مه‌نی چاوه‌ڕوانیت، له سه‌ر پێ وه‌ستاوی. ماندوویت ... ئه‌ژنۆكانت ده‌له‌رزن ...


بڕوانه : ڕاست ئه‌و كات كه كۆتری چاوه‌ڕوانیت له سه‌ر لێواری دیواری بیره هه‌رس هێناوه‌كان هه‌ڵكورماوه، له چاوه‌ڕوان نه‌كراوترین كاتدا، ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی هاتن یان هاتنه‌وه‌ی بووی، ده‌توانێ په‌یدایی ‌بێت ، بگاتێ ... به‌ڵام چاوه‌كانی هیچی بۆ تۆ پێ نه‌بێت ...! ئاخر ئه‌ویش كۆتری ڕوانینی له سه‌ر لێواری دیواری بیره هه‌ره‌س هێناوه‌كان هه‌ڵكوڕماوه و چیرۆكی چاوه‌روانی خۆی ده‌ست پێكردووه ....


چیرۆكێك كه كۆتاییه‌كه‌یی تۆ نیت !!!



January 22, 2003

كله : چته؟ بۆ وا په‌شێوی ؟ بۆ وا تێكه‌ڵت كردووه؟
تــــــــه‌وار :‌ نازانم، گشت گیانم وه‌ک بڵێی له ناو ئاگرام ، ده‌سووتێ ...

كله :‌ نه‌كا خه‌ونه ونه‌كانتن هاتوونه‌وه بۆ لات، ڕه‌نگه‌كانن گه‌ڕاونه‌ته‌وه...
تـــــــــه‌وار : ده‌ترسم، چاوم خوی به ڕه‌نگی خۆڵه‌مێشی گرتووه. ئاسمانیش هه‌زار ڕۆژه خۆڵاوییه. هه‌وره‌كانیش هه‌ر ده‌گرمێنن و نابارێن. دۆینێ شه‌و خه‌وم پێوه دیت. هه‌موو شتێك بۆم زیندوو بووه ... ترسه‌كانیش !


كله : ‌حه‌ز ده‌كه‌ی باسی چی بكه‌ی؟ بێده‌نگی؟ ته‌نیایی ؟ قسه بكه‌ ... هه‌ر من لێره‌م
تـــــــــه‌وار :‌ نا، حه‌ز ناكه‌م. هه‌ر حه‌ز ناكه‌م باسی هیچ بكه‌م. ماندووم .زۆر ماندووم. ئه‌مرۆ بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه له ته‌واوی ئه‌م شاره گه‌وره‌یه جێیه‌ك په‌یدا نابێ تۆ بێ ترس له قسه‌ی خه‌ڵك و ڕوانینی سه‌یریان هاوار بكه‌ی. ڕاستی تۆ دیار نه‌بووی، چیت لێهات، بۆ ڕۆیشتی؟


كله : ‌ئاخر تۆش ورده ورده گه‌وره ده‌بووی . من هه‌ر له دنیای مناڵان ئه‌ژیم!
تــــــــــــه‌وار : ‌ئی ئێستا ؟ ئێستا بۆ هاتوویه‌وه ؟ مه‌گه‌ من گه‌وره نه‌بووم ؟


كله :‌ نا، ئه‌مشه‌و بوویته‌وه منداڵ. من وه‌بیر ئه‌و كاتانه ده‌خه‌یه‌وه ده‌چوویه ژێرخانه باریك و بچووكه‌كه‌تان، خۆت ده‌شارده‌وه و ده‌گریای و ده‌گه‌ڵ ‌من قسه‌ت ده‌كرد .. چۆن بوو ئه‌و ناوه‌ت له سه‌ر دانام ؟
تــــــــــه‌وار :دایكم كلدانێكی هه‌بوو. منیش به جێیه‌كه‌ی فێر ببووم. تاچاویان لێ غافڵ ده‌كردم ده‌چووم كلدانی دایكم دێنا و چاوم ڕه‌ش ده‌كرد. ناویان نام كله... وا بوو دواتر تۆ هاتی ...
تۆ زۆر له پڕ ‌ون بووی ؟ من هه‌ر نه‌مزانی كه‌ی ڕۆیشی ....


كله : ‌ئاخر مرۆڤ ‌خۆشی نازانێ كه‌ی گه‌وره ده‌بێ ...
تــــــــــه‌وار :‌ بۆ من وا گه‌رمم ؟ بۆ ده‌ڵێی له ناو ئاگرام ؟
كله : ‌تایه، ده‌مێك پێش له خه‌و و بێداری دابووی و قسه‌ت ده‌كرد ...


تـــــــــه‌وار :‌ ئێستا تۆ له كوێ ده‌بی ؟
كله : ‌له لای مناڵه‌كانی تر. به ناوی جۆر به جۆر ... به‌ڵام ئه‌مشه‌و هاتم بۆ لای تۆ تا بزانم چته ...
تــــــــه‌وار : ‌ماندووم . زۆر ماندوو. لێی ده‌گه‌رێم و نایبینمه‌وه . سێبه‌ره‌كه‌شیم ون كردووه . قه‌تت گوێ داوه‌ته مۆسیقای "پینك فلۆید" ... سه‌ره‌تاكه‌ی چه‌ندین ده‌نگی جۆر به جۆر دێت و تێكه‌ڵن و تا باش خۆت مات نه‌كه‌ی نازانی ده‌نگی چییه ... مێشكم پڕه له ده‌نگ ... ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه نایانناسمه‌وه ... سه‌رم وه‌خته بته‌قێ ...‌ حه‌ز ده‌كه‌م بڕۆم جێیه‌ك هیچ ده‌نگێكی لێنه‌بێت ....


كله :‌ جاران له بێده‌نگی ده‌ترسای ...
تـــــه‌وار :‌ ده‌زانم، له بێده‌نگی ، له ته‌نیایی ... ئێستا له شتێكیتر ده‌ترسم ... من ون بووم ... تـــــــه‌وار ون بووه !


كله :‌ ماندووی، ده‌زانم . ماندووی . سه‌ر بكه سه‌ر سینگم و چاو له سه‌ر یه‌ك دانێ ... ده‌مه‌وێ چیرۆكی ماسییه‌كی بچووكت بۆ بگێرمه‌وه كه ڕێی كه‌وته ده‌ریا ... چاو له سه‌ر یه‌ك دانێ ...


تـــــــــه‌وار :‌ مه‌ڕۆ تا خه‌وم لێده‌كه‌وێ ... حه‌ز به ته‌نیایی ناكه‌م ...
كله : ناڕۆم ... تۆ بخه‌وه ........



January 20, 2003

ئه‌مڕۆژانه به بۆنه ساڵڕۆژی كوژرانی فادیمه ، كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی جۆر به جۆر پێكهاتووه و پێكدێت. بوو به ساڵێك فادیمه كوژرا و بوو به ساڵێك میلله‌ت هه‌وڵ ‌ده‌ده‌ن بۆ شه‌رمه‌زار كردنه‌وه‌ی ئه‌م كرده‌وه‌یه، به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك كه بووه، هه‌ر چی له ده‌ستیان دێت بیكه‌ن. نیشاندانی فیلم له سه‌ر ژیانی ژنان له كوردستان ، ڕێوڕه‌سمێكی سێ ڕۆژه له شاری ستۆكهڵم له لایان كۆمه‌ڵه‌ی

"پێلا و فادیمه هه‌رگیز له بیر مه‌كه‌ن". ئه‌مڕۆش ، كۆ بوونه‌وه‌ی میلله‌ت له ناو شار، به مۆم و گوڵ و وتار خوێندنه‌وه. هه‌ر كه‌س به شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ ‌ده‌دات یادی فادیمه زیندوو ڕاگرێت. هاورێكانی، بنه‌ماڵه‌كه‌ی ، ڕێكخراوه‌‌ی ژنان و ... به‌ڵام له ڕاستیدا هه‌موو بۆ زیندوو ڕاگرتنی ناوی خۆیانه كه خۆ ماندوو ده‌كه‌ن !


پار، به دوای كوژرانی فادیمه هه‌ڵا هه‌ڵایه‌كی زۆر ساز بوو. هه‌م له لایان ده‌وڵه‌ته‌وه، هه‌م كورده‌كانی"خۆمان". بۆ نموونه جه‌ماعه‌تێك كوڕی كورد كه له مێژ ساڵه له هه‌نده‌ران ده‌ژین كۆمه‌ڵه‌یه‌كیان ساز كرد به ناوی "پیاوانی كورد دژ به توند وتیژی به‌رانبه‌ر به ژنان" . دڵمان خۆش بوو . گوتمان هه‌نگاوێكی تازه‌یه. پیاو ئه‌گه بێته ریزی دژایه‌تی ده‌گه‌ڵ لێدان وكووشتنی ژنان، ئه‌ویش پیاوی وا كه سه‌ر به هیچ لایانێكی نییه ، زووتر و ئاسانتر به ئه‌نجام ده‌گه‌ین. ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ش دوای چه‌ندانه وتووێژ له سه‌ر teve و له ڕۆژنامه‌كاندا ، ناوی نه‌ما. له یه‌كێك له كوڕه‌كانم پڕسی چیتان لێهاته‌وه ؟ گوتی؛ ‌جارێ هه‌ین، كاتمان نییه به‌ڵام هیچ بكه‌ین.


گوتم : ‌به‌راست چۆن بوو ئه‌و كۆمه‌له‌یه‌تان ساز كرد ؟‌ گوتی :‌ بابه ئابرویان بۆ پیاوی كورد نه‌هێشتبووه. نه‌مانده‌وێرا بڵێین كوردین، به مۆڕه چاویان لێده‌كردین یا به ئاشكرا لێیان ده‌پرسین ئێمه‌ش حازرین دایك و خوشكی خۆمان بكوژین ...


ده‌ڵێم كه وابوو سازكردنی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه په‌یوه‌ندی به ژنان و ئازاری ژنان نه‌بوو. بۆ كڕینه‌وه‌ی ئابرۆی خۆتان بوو . ده‌ڵێ : ‌ئێمه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان له‌ ده‌ست دێت !!!


ئه‌وه ته‌نیا نموونه‌یه‌ك بوو. به دوای كوژرانی فادیمه هه‌موو لایانێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی قۆڵی هه‌ڵماڵێ . جه‌ماعه‌تی كۆمۆنیستی كرێكاری هه‌ر چی كورده و ناوی كوردی له سه‌ر بوو به قسه‌كان و له وتووێژه‌كانیان لێره وله‌وێ ، به جارێك له قوڕ نا.


هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ئه‌و كاره‌ساته ، خۆم له لایان رادیۆ ، په‌یوه‌ندی ته‌له‌فوونیم ده‌گه‌ڵ‌ كۆمه‌ڵێك شاعیر و نووسه‌ری "ڕووناكبیر" گرت. داوام لێكردن بۆ نیشان دانی ڕق و بێزاری خۆیان وه‌ك كۆمه‌ڵی ڕووناكبیران شتێك بڵێن، نووسراوه‌یه‌ك بڵاو كه‌نه‌وه . هیچیان حاز نه‌بوون ئه‌م كاره بكه‌ن. یه‌کیان گه‌ڕاوه به منی گوت : ‌ئه‌وه گرفتێكی بنه‌ماڵه‌ییه ، ده‌بێ خۆیان چاره‌ سه‌ری بكه‌ن !!


ئه‌مسال من به‌شداری هیچ رێ وڕه‌سمێك نه‌بووم. ده‌بینم هه‌موو وا سه‌ر قاڵی قازانج وه‌رگرتن له ناوی ئه‌م ئینسانانه‌ن كه له بیریان نه‌ماوه به‌ڵێن بوو چی بكه‌ن !!



نازانم، له‌وانه‌شه ژیان هه‌ر ئه‌وه بێ !

سه‌دان به‌ڵێنی شكاو، دوو دڵی و گومان ، ماندوویه‌تی. پرده ڕوخاوه‌كانی پشت سه‌ر! و تارماییه‌ك به ناوی داهاتوو ...!!



هه‌زاران قسه‌ی نه‌گووتراو. هه‌زاران خه‌ون كه قه‌ت وه‌ڕاست نه‌گه‌ران. هه‌زاران ئاواتی گه‌وره و بچووك، هه‌میشه ساكار! پێم خۆش بوو باسی تۆ بكه‌م و یه‌كمجار كه یه‌كمان دیت. باوه‌شێكت گوڵ ‌بۆ هێنابووم . باسی مێهره‌بانییه‌كانت. ئامێزی گه‌رمت، لاواندنه‌وه‌كانت. پێم خۆش بوو باسی ئه‌و شه‌وه‌ی بكه‌م به گریانه‌وه هاتم گوتم ده‌بێ بچین بۆ نه‌خۆشخانه ... ئه‌و شه‌وه‌ی من تا به‌یانی گریام. ئه‌گه بزانی بیری ئه‌و له ده‌ست دانه چه‌نده ژانی هه‌بوو . ئه‌گه بزانی ئه‌و شه‌وه ، له ژووره سارد و دڵته‌نگه‌كه‌ی نه‌خۆشخانه من له به‌ر هه‌رچی خودا و شه‌یتانه پارامه‌وه ، حازر بووم ئیمان به هه‌رچی هه‌یه بێنم .... قه‌تم پێ نه‌گووتی نامه‌م بۆ ده‌نووسی ؟ با، نامه‌م بۆ ده‌نووسی . هه‌ر كه هه‌واڵی هاتنیم بیست، پڕ‌بووم له هه‌ستێك ... هه‌ستی گه‌وره بوون، به‌خته‌وه‌ری ، شانازی ... نامه‌كانیم هێشتا ماوه. دامنابوو كه هات خۆی بیانخوێنێته‌وه تا بزانێ چ به تاسه‌وه چاوه‌ڕوانیی بووم. ئه‌و شه‌وه و شه‌وانی دوایی و ته‌نانه‌ت هێشتا و دڵنیام هه‌میشه بیریی ده‌كه‌م . ناتوانم بیری لێنه‌كه‌مه‌وه ئه‌گه لێره‌با ، ئێستا ژیانی من، چۆن ده‌بوو...؟ له یه‌كه‌م نامه‌دا بۆم نووسی:"بۆ خۆشویستنی تۆ هیچ بیانویه‌كم پێویست نییه، جگه له بوونت . تۆ هه‌ی و منیش خۆشمده‌وێی " دوا نامه‌م دوای هاتنه‌وه له نه‌خۆشخانه بۆ نووسی :" ڕۆیشتی، به‌ڵام خۆشه‌ویستت ، خۆ هه‌ر ماوه ... " پێم خۆش بوو له ئاخر جار كه یه‌كمان دیت و باسی به‌یه‌كه‌وه نه‌بوونمان كرد بنووسم ، ئه‌و ڕۆژه‌ی من تاڵ ‌بووم و تۆ مێهره‌بان. ئه‌و ڕۆژه‌ی من ده‌گریام و تۆ ئارام . ئه‌و ڕۆژه‌ش گوڵت بۆ هێنا بووم ... رۆزێكی سوور! سێبه‌ره‌كان هه‌ر ماون. ئه‌و شه‌وه‌ی چاوت له من بوو به‌ڵام ناوێكیتر مێشكی داگیر كردبووی. ئه‌و ڕۆژه‌ی من لادرام تا سێبه‌ره‌ك جێی من بگرێته‌وه . ئه‌و ڕۆژه‌ی من چاوه‌روانت بووم به‌ڵام ...



زۆر شت به نه‌گووتراوی ده‌مێنێته‌وه ...



چییه بۆ دیسان كه‌وتوومه‌ته دنیایه‌ك پڕ له بیری تۆ ... ڕه‌نگه هۆیه‌كه‌ی هه‌وڵی من بۆ به‌ستنی ده‌ربیجه‌كانی ڕابردوو بێت. هه‌وڵی من بۆوه‌ی چیتر بیرت نه‌كه‌م ... هه‌وڵی من بۆوه‌ی بڕۆم ....



ده‌ڵێی هه‌وره‌ ڕه‌شه‌كانی ئاسمانی ئه‌مرۆ له ناو دڵی منا ده‌بارێن !!



January 16, 2003

ساڵێك ده‌بێ زه‌ماوه‌ندیان كردووه. دۆینێ له ده‌رێ یه‌كمان دیت. دوای شوكردنی ئه‌وه یه‌كه‌م جار بوو پێكه‌وه ده‌مدیتن. بۆ جوانی و ناشیرینی نا، به‌ڵام هه‌ر وا كه ده‌مدیتن و ده‌مبیستن خۆشحاڵ ‌بووم به جێی هیچكام له وان نیم !! چوار ساڵ ‌پێش بۆ یه‌كه‌م جار ناسیم، هاورێی هاورێیه‌كه‌م بوو.زۆر زوو زانیم له‌و بنه‌ماڵانه‌ن كه كچ " ده‌بستنه‌وه" له ژێر سێبه‌ری ترسی " قسه و باسی خه‌ڵکی" ژیانیان لێ حه‌رام بووه. هه‌ر له یه‌كه‌م ڕۆژه‌كان لێم بیست كه ده‌یه‌وێ مێرد بكات، ده‌یه‌وێ له چنگ "وابكه و وامه‌كه‌ی بنه‌ماڵه ڕزگاری بێت. ئه‌وانه‌م كه لێ بیست به‌لامه‌وه زۆر دڵته‌زێن بوو. بیرم كرده‌وه زه‌ماوه‌ند بۆ ده‌ست پێكردنی ژیانی هاوبه‌ش و خۆشه‌ویستییه یان ڕاكردن له چنگ ڕووگرژییه‌كانی باب و برا. ئایا زه‌ماوه‌ند ده‌توانێت ڕێگه‌ی گه‌یشتن به "ئازادییه‌ک" بێت كه له ماڵی باب بۆ كچ نییه ...؟ چووه بۆ كوردستان ، ده‌گه‌ڵ ئامۆزایه‌كی باوكی زه‌ماوه‌ندی كرد و دوای مایه‌ك چاوه‌روانی كاكی زاوا هات بۆ ئێره .

ئێستا ساڵێك تێپه‌ریوه. منیش ئه‌وه یه‌كه‌م جاره پێكه‌وه ده‌یان بینم. شێوه‌ی قسه كردنیان پێكه‌وه زۆرتر له به‌رد هاویشتن ده‌چێت ...هه‌ر ته‌وس و لاتاوه به یه‌كی داده‌ده‌ن . دیاره ئه‌و ئازادییه‌ی خه‌وی پێوه ده‌دیت، پێینه‌گه‌یشتووه. كوڕه‌ش دیار بوو له نواندی هه‌ستی" پیاوه‌تی" غافڵ ‌نییه و ئاگای له " نامووسی" خۆیه‌تی . كچه‌كه هه‌موو قسه‌كانی سكاڵا بوون، ده‌یان جار لێم بیست كه گوتی : من له ماڵی بابم زۆر ئازاد بووم ، فڵانم ده‌كرد و بیسارم ده‌كرد ... و منیش ده‌مزانی وا نییه. زۆرم پێ خۆش بوو پێی بڵێم : ‌به‌ڕێز بۆ درۆ ده‌گه‌ڵ ‌خۆت ده‌كه‌ی؟ كوا وا بوو؟ بۆ به‌و قسانه مێشكی هاورێی ژیانت ده‌خووی ، مه‌گه نازانی پیاوی بێ مێشك به كاری" هیچ" ‌نایه‌ت ؟؟؟

ئه‌وه هه‌ر بۆچوونی منه و پێویست ناكا ڕاست بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی ژن هه‌ر كه‌مێك ده‌گه‌ڵ ‌خۆمان ڕاست بین ، ده‌گه‌ین به‌و ڕاستییه تاڵه كه زه‌ماوه‌ند كردن له زۆربه‌كی كات بۆت به ڕێگه‌یه‌ك بۆ گه‌یشتن به " ئازادییه‌ك" كه له ماڵی باب نییه. كه به باوه‌ری من ئه‌وه دڵته‌زێن‌ترین مانایه بۆ ژیانی هاوبه‌ش كه به داخه‌وه به‌شێكی گه‌وره‌ی كچه‌كان ده‌گرێته‌وه. مێرد كردنێكی ئاوا ده‌بێته سه‌ره‌تای تۆڵه ستاندنه‌وه‌ی كچی بێبه‌ش كراو و ده‌رفه‌تێك بۆ خۆ نواندنی هه‌ستی "پیاوه‌تی" كوڕ كه له‌پڕ بۆت به خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له سه‌ر ژیانی ئینسانێكی تر. دیاره لێره‌دا هه‌ر دوو لایان ڕۆڵێكی گرینگیان هه‌یه و ئه‌گه‌ر بتوانن پشتیوانێكی ڕۆحی باش بۆ یه‌كترین بن و یاریده‌ری یه‌ك بن تا هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌گه‌ڵ ڕووداوه‌ تازه‌كانی ژیانیان بچێنه پێش، گرفتێكی كه‌متر دێته پێش و ده‌بێته بناغه‌یه‌كی پته‌و بۆ ژیانی هاوبه‌شیان.كه دیسان به داخه‌وه له زۆربه‌ی كات وا نییه و به پێچه‌وانه ده‌بن به خۆره و مێشكی یه‌ك ده‌خۆن .....



January 15, 2003

سیمین دانشور" له جێیه‌ك له كتێبی "ساربان سرگردان"دا ده‌ڵێت :

"كاتێ مرۆڤ له ناخه‌وه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه ... نا، وشه‌ی درووستی ده‌بێ ته‌قینه‌وه بێت ، چ فه‌رق ده‌كات؟ نه فه‌رق ده‌كات. وشه گرینگه . یه‌كه‌م وشه بوو و دوایی بوو به ڕه‌سته! كه توانیت وشه‌یه‌كی پته‌و هه‌ڵبژێری، یانی له هۆی سه‌ره‌كی ژانه‌كه‌ت حاڵی بوویت."



January 14, 2003

پێش ئه‌وه‌ی هانا به‌رمه ته‌نیاییه‌كانی خۆم ، سكاڵام له‌وانی ‌تر ده‌ست پێكرد كه به جێیان هێشتووم . بۆ له خۆم نه‌پرسی ؛‌ كه‌سێكم هه‌یه كه هه‌ست و بیر و خه‌ون و ژیانمی ده‌گه‌ڵ‌ به‌ش كه‌م ؟ ده‌ستپێكردی جوداییه‌كان ڕه‌نگه له‌وان ڕا نه‌بووبێت....

مارگوت بیكل



نازام كێ بوو گوتی: خه‌ڵك دێوێكی گه‌وره له هه‌ڵه‌كانی خۆیان ساز ده‌كه‌ن و ناوی ده‌نێن " چاره‌نووس" .


- - - - - - - - - - - - - - -

بوو به 10 ساڵ ...
دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه، مه‌ودای نێوان دڵه‌كان و ده‌سته‌كان به چی كورت ده‌بێته‌وه !؟



January 13, 2003

فه‌رامۆشی ڕۆژگاری پێ تاڵ ‌كردووم . ئه‌و شتانه‌ی پێویسته له بیری بكه‌م، قیت قیت له زه‌ینمدا دێن و ده‌چن و ئه‌و شته گرینگانه‌ی نابێ له بیریان بكه‌م، كه‌وتوونه به‌ر غه‌زه‌بی فه‌رامۆشی .

نه‌گبه‌تی ئه‌گه هات، یه‌ك و دوو نین. هه‌موویان هاوكات دێن و پێش ده‌رگات پێده‌گرن! ژماره ته‌له‌فوونه‌كه‌م گرت، هێشتا وڵامیان نه‌دابۆوه، هه‌رچی كردم وه‌بیرم نه‌هاته‌وه ته‌له‌فوونم بۆ كێ كردبوو! یان بۆ! كه ئه‌مڕۆ چوومه ده‌ر نامه‌كانیشم برد كه پۆستیان بكه‌م، به ده‌ستمه‌وه گرت مه‌بادا له ناو جانتاكه‌می بخه‌م له بیرم بچێ. كه هاتمه‌وه ماڵێ نامه‌كانم له سه‌ر مێزی پێش ئاوێنه‌كه‌ دانا... تازه وه‌بیرم هاته‌وه .... !!!

به هاورێكه‌م ده‌ڵێم ئه‌و كتێبه بخوێنه، زۆر كتێبێكی باشه. ده‌ڵێ باسی چییه؟ تێده‌فكرم، به‌ڕاست وه‌بیرم نایه‌ته‌وه له سه‌ر چی و باسی چی بوو، هه‌ر ده‌زانم باش بوو. ئه‌و نامانه‌ی بۆم دێن - لانی كه‌م - دوو جار ده‌خوێنمه‌وه ، هێشتا نه‌گه‌یشتوومه ناوڕاسته‌كان، سه‌ره‌تایه‌كه‌م له بیر كردووه ... دیسان له دێری یه‌كه‌مه‌وه ... كه‌چی فه‌رقی پێناكه‌م !!

ڕۆژی هه‌ینی نامه‌م هه‌بوو. به‌رێزیان ده‌ڵێ ، سێ نامه‌ت له سه‌ر یه‌ك شت بۆ ناردووم، ئه‌وه وڵامی هه‌ر سێ نامه‌ت !! ناچار بووم جارێكی تر داوای ژماره ته‌له‌فوونه‌كه‌ی لێ بكه‌مه‌وه ، ئارامی دڵان گوتی : ئه‌وه‌ نیشانه‌ی وه‌یه قه‌ت ته‌له‌فوون بۆ من لێناده‌ی. نه‌موێرا بڵێم وا نییه. نه‌گبه‌تی به‌رۆكی گرتووم!! چووم پاره‌ ده‌رێنم ، كارته‌كه‌م لێدا، كۆده‌كه‌م كه نووسی، وتی : ‌هه‌ڵه‌یه! جارێكی‌تر ... جارێكی‌تریش ... سێهه‌م جار كارته‌كه‌ی نه‌دامه‌وه، ده‌بێ بچمه بانك و داوای كارتێك بكه‌م ....

فه‌رامۆشی ده‌ردێكی پیسه! هیوادارم تووشی كه‌س نه‌بێت . به‌تایبه‌ت به سارد وسه‌رمای زستان. كه چوویه‌ ده‌رێ و له بیرت نه‌یه‌ته‌وه بۆ له ماڵ ‌وه‌ده‌ركه‌وتووی ...



January 12, 2003

كورد گوته‌نی نه ڕێسراوه نه پێچراوه ، ماڵیشم كۆ كردۆته‌وه . بارگه وبنه‌م تێكناوه . چه‌ندانه كارتۆن به‌ڕێوه‌ن بچن بۆ ئه‌نباری و هه‌ندێك شت كه ناتوانم له خۆمیان دوور كه‌مه‌وه ، دامناوه ده‌گه‌ڵ ‌خۆم بیانبه‌م ... ئه‌گه ڕۆیشتنێك له گۆڕێ دابێت !!! چه‌ند ساڵ پێش كه له كه‌مپ ده‌ژیام ، هه‌موو جارێ كاتی باركردن، خه‌مێكی سه‌یر دایده‌گرتم . جۆرێك هه‌میشه به ڕێوه‌‌بووین ، تا ده‌هاتین له شوێنێك هه‌ست به حه‌سانه‌وه بكه‌ین، خوی پێ بگرین، ده‌گه‌ڵ ژووره‌كه‌ و ئینسانه‌كانی كه نه‌مانده‌ناسین و ده‌با ده‌گه‌ڵیان ژیاباین، ڕاهاتباین ، ته‌ق ته‌ق له ده‌رگایان ده‌دا كه خۆ بپێچنه‌وه ، لێره‌ش ده‌ڕۆن .. بۆ كوێ ...؟ ڕاستی ئه‌وه بوو له‌م ‌ئاخرییانا قه‌ت نه‌مانده‌پرسی بۆ كوێ ... زۆر گرینگ نه‌بوو ... هه‌ر جێیه‌كیش كه بایه، دوور یان نیزیك ، ده‌مانزانی هه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كورته و هه‌ر جۆرێك بێت و له هه‌ر كوێ بێت ، ماڵ ‌نییه و ناتوانی به ماڵی خۆتی بزانی !! بار كردن هه‌میشه جۆرێك ناخۆشه ... دابڕانه .. له لایه‌كیشه‌وه دڵه كووته‌ی سه‌ر له نوێ له جێیه‌كی نوێ ده‌ست پێكردنه‌وه ، كه‌م تا زۆر ترسێك ده‌خاته ناو دڵ .

ئه‌مجاره‌یان به‌ڵام جیاوازه .....



January 9, 2003

شته‌ جوانه‌كان دووپات نابنه‌وه ... ده‌بنه‌وه ؟

سارده. زۆر سارد. له ده‌رێ به‌فر ده‌بارێ. كولله‌ی به‌فری سپی، وشك و ورد دێنێ خوارێ. سارده. شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌‌ی ژوورێ به‌ستوویه‌تی. من سڕ و ساردم، ژووره‌كه‌م تژی تاریكی و تاریكی پره له ده‌نگی سه‌نتور. من سڕ و ساردم . نه ده‌ستت سه‌ر په‌نجه ته‌زیوه‌كانم و نه وشه‌كانت گیانی سڕم گه‌رم ده‌كاته‌وه . دووری، به‌ڵام نه دوورتر له ئاخر جار كه پێكه‌وه بووین . كه له پێكه‌وه بوونه‌كانماندا هه‌ستمان به ته‌نیایی كرد. له لای یه‌ك بووین كه چی نامۆیی ببوو به تامانی نێوانمان. ڕوانینه‌كان پڕ بوون له غه‌ریبی، ده‌نگه‌كان ئاشنا بوون به‌ڵام له سه‌هۆڵبه‌ندانی غوربه‌تی نێوانماندا، ده‌یبه‌ست و نه‌ده‌گه‌یشته دڵه‌كان. فرمێسكه‌ قه‌تیس ماوه‌كان و بزه مه‌ییوه‌كان، چ له ژانی ماڵئاواییه‌كه‌ی كه‌م نه‌كرده‌وه ...

شته جوانه‌كان دووپات نابنه‌وه ... ده‌بنه‌وه ؟

سێبه‌ری بیره‌وه‌رییه‌كانمان ده‌گه‌ڵ ڕه‌شایی گومان تێكه‌ڵ ‌بۆته‌وه . بێده‌نگی من و بێقه‌راری تۆ چ له ئێشی گومانی دواڕۆژ كه‌م ناكاته‌وه. مه‌وداكان درێژتر و بۆشاییه‌كان قوڵتر ده‌بنه‌وه . سارای گیانی سڕم هانا ده‌باته باوه‌شی بیره‌وه‌رییه‌كان، گه‌رم نابێته‌وه. خه‌م به خه‌و له بیر كردن و ده‌سته‌ملان بوون ده‌گه‌ل بێخه‌وی له پێخه‌فێكی سڕدا... كۆتایی چیرۆكی هه‌موو شه‌وه‌كانه ...

شته جوانه‌كان دووپات نابنه‌وه ... ده‌بنه‌وه ؟



January 7, 2003

له‌ وڵامی نامه‌ی به‌ڕێز هاوژین كه ده‌ڵێ : " ژنان ئه‌مڕۆ زیاتر له‌و شته‌ی پێویستیانه هه‌یانه .... "

من بۆ جوڵانه‌وه‌‌ جۆر به جۆره‌كانی ژنان بۆ وه‌ده‌ست هێنانی مافی خۆیان و گه‌یشتن به ویست و داواكانیان ، ڕێزم هه‌یه. زۆریش. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خۆشم ده‌گه‌ڵ هیچ تاقم و ده‌سته‌یه‌ك نه‌بم و هیچ " ئیسم ـ ێكم " وه‌ك ڕێباز هه‌ڵنه‌بژاردبێت.

گرفتی گروپێك مرۆڤ به ناوی "جنسی دووهه‌م" نه‌ك وه‌ك مه‌ڕام و باوه‌ڕێكی سیاسی به‌ڵكوو وه‌ك به‌شێكی ئاسایی له ژیان به درێژایی ته‌مه‌نم ده‌گه‌ڵما بۆت و ده‌بێت . باوه‌ر ده‌كه‌م " ژن" بوون خۆی هه‌ستێكی تایبه‌ت ده‌خوڵقێنێ بۆ ده‌رك و لێحاڵی بوونی"جنسی دووهه‌م" بوون، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌مترین زوڵمیشت لێچوو بێت، دیسان وه‌ك ژن زۆرتر و ئاسانتر هه‌ست به ناله‌بار بوونی یاسا كۆمه‌لایه‌تی و ئاینییه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ی. خۆ من لێره مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه هه‌ست و ده‌ركی پیاوه‌كان به‌رمه ژێر پرسیار. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاواری ژنێك به دژ پێ شل بوونی مافه ڕه‌واكانی و به جنسی دووهه‌م دانانی ( به نیوه ئینسانێك حیساب بوونی) ببیسم، منیش وه‌ك ژن ، له هه‌ر جێیه‌كی دونیا كه بژیم، مافی خۆم پێ شل كراو ده‌بینم و ده‌نگم ده‌ردێت. ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ی بڵێم كه ئه‌وه بۆ پیاواكان به جۆره‌یه‌كی تره. پیاو به دیتنی ئه‌و زوڵم و زۆرییه‌ی كه له ژن ده‌كرێت تا سه‌ر حه‌دی" حاڵی بوون" ده‌گات ، به‌ڵام ده‌رك و هه‌ست پێكردنی گرفته‌كه بۆی زۆر ئاسایی نییه و مافی خۆی پێ شل كراو نابینێ. یانی هه‌مان ده‌سته كردنی مرۆڤه‌كان به پیاو و ژن. نه‌ك پێ شل بوونی مافی مرۆڤ!! هه‌ندێك ده‌ڵێن تا گرفتی " گه‌وره‌تر" هه‌یه، تا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نه‌بێ و تا ده‌و‌ڵه‌تێكی سه‌ربه‌ خۆی كورد ساز نه‌بێت، ژنان ده‌بێ به‌و شته‌ی ئێستا هه‌یانه ڕازی بن و ده‌نگیان نه‌یه‌ت و هه‌وڵ ‌بده‌ن بایه‌خێكی زۆرتر به گرفته گرینگه‌كان بده‌ن.( كه به من وایه ده‌بێته هه‌مان چاوه‌ڕوانیی هه‌میشه كه ژن ده‌بێ له خۆ بوردویه‌كی زۆرتری هه‌بێ وزۆرتر له خۆ مایه دانێت. نموونه: دایك ) پرسیاری من ئه‌وه‌یه : بۆ ؟؟؟ به‌ڕاست بۆ ده‌بێ ئه‌و چاوه‌روانییه هه‌بێت ؟ بێگومان مه‌به‌ست ئه‌وه نییه كه ئه‌گه‌ر ئینسانێكیان له پێش چاوی من كووشت من ڕاوه‌ستم بیر له‌وه‌ بكه‌مه‌وه كه بۆ من وه‌ك ژن پاره‌ی مانگانه‌م له پیاو كه‌متره؟ به‌ڵام كه‌مێك ئینساف ... ساڵانی زوو كه ژن وه‌ك ئه‌مڕۆ وه‌ده‌نگ نه‌هاتبوون، و داوای مافه‌كانی خۆیان نه‌ده‌كرد، ئه‌و " گرفته گه‌ورانه" خۆ هه‌ر هه‌بوون و هێشتاش هه‌ر چاره سه‌ر نه‌كراون ...

به چاو پێداخشاندنێكی خێرا و سه‌رسه‌ریش بۆمان ‌ده‌ر ده‌كه‌وێ كه ئه‌و گرفته گه‌وره و ئه‌ساسییانه‌ی كه ئه‌مڕۆ باسی ده‌كه‌ن ، زۆر له مێژساڵه هه‌یه و ده‌بێ و بێ ئینسافی و خۆ گێل كردنه ئه‌گه بڵێین با ئه‌مانه چاره سه‌ر بن دوای بۆ له‌به‌ر چاو گرتنی مافی ژنانیش ڕێگه‌یه‌ك ده‌دۆزرێته‌وه . بێگومان له‌خۆ بوردوی و فیداكاری نیشانه‌یه‌كی جوانی ئینسانییه و هیوادارم هه‌میشه بمێنێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه به لامه‌وه سه‌یره ئه‌وه‌یه بۆ ده‌بێ هه‌ر ژن بێ كه له‌خۆبوردوی ده‌كات یان ده‌بێ بیكات ... بۆ ژن له مافی ئه‌مرۆی چاو پۆشی بكات تا گرفته‌كانی تر به گشتی حه‌ڵ‌ بن. (كه مێژوو نیشانی داوه وا زوو حه‌ڵ‌ نابن ) ...

سه‌رده‌مه‌كه گۆڕدرواه .ڕاده‌ی ژنانی خوێنده‌وار و پله‌ی زانیاری ژنان به گشتی ئه‌مڕۆ له سه‌رتره. چاوه‌ڕوانی ئه‌و ژنانه‌ش ئه‌وه‌یه به‌شداری بازاری كار و به‌شه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمه‌ڵگا بكه‌ن . بێده‌نگ كردنیان ئه‌مجاره زۆر ئاسان نابێت و پێموانییه وڵامده‌ری ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ش بن كه تا وه‌ده‌ست هێنانی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی ددان به جه‌رگیانه‌وه داگرن. هه‌ر بۆیه‌ش ڕووبه‌روو بوون ده‌گه‌ڵ‌ گرفتی پێ شل كردنی مافی ژن له كۆمه‌ڵگادا ده‌بێ له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه دیاریكراوه‌کانی حیزبایه‌تی و ئایدیالۆژییه‌‌وه ، هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵگیرێت و هه‌وڵه‌كان له خزمه‌ت مڕۆڤ دابن نه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئامانجێكی حیزبی.

تا ژنان باسی خه‌بات بۆ وه‌ده‌ست هێنانی مافی به‌رابه‌ر ده‌كه‌ن، به ده‌یان و سه‌دان شێوه‌ی جیاواز و سه‌یر ، به سه‌دان لێكدانه‌وه و ده‌لیل و هۆ هێنانه‌وه و له هه‌ندێ جێ ته‌نانه‌ت به ده‌مارگرژی و تاڵ كردنی بیری " فێمینیست" ده‌یانه‌وێ پێیان بسه‌لمێنن كه ئه‌و جۆره جولانه‌وه و خه‌بات كردنه هه‌ڵه‌یه و جیا كردنه‌وه‌ی پیاو و ژنه و ده‌مارگرژی ژنانه‌یه...!!! نامه‌وێ و ناتوانم بڵێم هه‌موو كه‌س وایه، به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌و پیاوانه‌ی به چاوێكی به‌رابه‌ر چاو له هاورێ و هاوسه‌ری ژیانیان ده‌كه‌ن ئه‌وه‌نده كه‌مه كه ترسێنه‌ره!!! له به‌ر چاو گرتنی مافی مرۆڤێكی‌تر كه به هه‌ڵكه‌وت ژنه ، بۆ زۆر پیاوان بۆت به پرێستیژ و پۆزی پێ لێده‌ده‌ن و منه‌تێكی چاكیش له سه‌ر نه‌ك هه‌ر هاوسه‌ری خۆیان كه ته‌واوی ژنان داده‌نێن ، وه‌ك بڵێی شاكارێكیان كردووه ... له ڕاستیدا ئه‌و پیاوه‌ی كه ده‌توانێ له ژێر ناوی ڕووناكبیری ، پێشكه‌وتوو ، چه‌پ یان هه‌ر شتێكی تر خۆی و ژن له یه‌ك ئاستدا ببینێت، ئه‌وه تازه سه‌ره‌تای ڕێگه‌یه‌كی دوور و دڕێژه بۆ ساز كردنه‌وه‌ و خوڵقاندنی مێژوویه‌كی ڕوونتر ... به شتێكی ئاسایی زانینی له به‌ر چاو گرتنی مافی ژن سه‌ره‌تایه‌كه بۆ پێگه‌یشتن به‌و ڕاستییه كه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی یاسای دژ به مرۆڤ و ئایین و داب و نه‌ریتی كۆن و بۆگه‌ن داوێتی به پیاو ده‌بێ بخرێته ژێر پرسیار و ئه‌وه‌ش هه‌وڵێكه پیاویش ده‌بێ به‌شداری بێت خۆی ئه‌و بازنه ته‌نگه بشكێنێت ....

هیوادارم من له هه‌ڵه دابم. به‌ڵام ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی ئه‌و پیاوه به ناو ڕووناكبیرانه‌ی من دیومه یان بیستوومن ، دره‌نگ یان زوو له جێیه‌ك كه‌م دێنن و دیسان ده‌كه‌ونه‌وه ناو ڕۆڵی " زه‌عیفه" و " پیاویان پیاو گوتووه و ژنیان ژن " !!! یان به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ، خوی باب و باپیرانیان ڕه‌چاو ده‌كه‌ن و ژن به مڵكی خۆ ده‌زانن و زۆر به ئاسانی بریاربۆ ژیانی ده‌ده‌ن ...!!

حه‌ز ناكه‌م له سه‌ر دڵم بێته گرێ، بۆیه ئه‌وه‌ش ده‌ڵێم كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی كه ساپۆرتی ئه‌و جۆره پیاوانه ده‌كه‌ن و هه‌موو شتێكیان به ناوی "چاره‌نووس" قه‌بووڵ كردووه . باوه‌ر ده‌كه‌م كه‌ڵكی درووست و به جێ وه‌رگرتن له ده‌سه‌ڵات، ئه‌ویش ئه‌و ده‌سه‌ڵاته كه مفت و مه‌رحه‌با كه‌وتۆته ده‌ستی پیاوان، كاری هه‌موو كه‌س نییه، به‌ڵام دڵته‌زێنترین شت ئه‌وه‌یه كه پیاوان و ژنانی "‌ڕووناكبیر" و "خوێنده‌وار" و "پێشكه‌وتووخواز" دێن داده‌نیشن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن " هۆی مه‌نتقی" بۆ ئاشكراترین فۆڕمی زوڵم لێكردن ببیننه‌وه!!!



January 5, 2003

ئه‌مڕۆ له جێیه‌كی بووم قسه‌ی زۆر لێده‌‌كرا. هه‌موو جۆره قسه‌یه‌ك ده‌بیسترا. هه‌ندێ كه‌س به ده‌نگی به‌رز بیریان ده‌كرده‌وه و هه‌ندێ شت، كه باوه‌ر ده‌كه‌م بۆ شاردنه‌وه و حاشا لێكردنی خۆیان زۆر ماندوو كردبوو ده‌ركه‌وتن .

سه‌رنجتان داوه هه‌ندێ جار ، هه‌ندێ پیاو( كه‌خۆ به ڕووناكبیریش ده‌زانن) هه‌ر به مه‌به‌ستی" به سووكی" باسی كچێك كردن ده‌ڵێن : "ئه‌و كچه له دوای مێردێك ده‌گه‌رێ ..." . من خۆم ئه‌وه‌م ئه‌مڕۆ بیست و زۆرم پێ سه‌یر بوو. تێنه‌گه‌یشتم بۆ " له دوای مێرد گه‌رانی كچان" ده‌بێ شتێكی نێگاتیڤ بێت و وه‌ك شتێكی سووك به‌راورد بكردرێت. مه‌گه ژن دڵی نییه؟ مه‌گه ‌‌ژن هه‌ستی نییه؟ بۆ ژن به‌ دڵی خۆی به دوای پیاوێك نه‌گه‌رێت و هاوبه‌ش و هاوسه‌ری خۆی هه‌ڵنه‌بژێرێت؟ بۆ ده‌بێ هه‌میشه "خێرخوایه‌ك" په‌یدا بێت تا هه‌ڵیبژێرێت ؟ بۆ ده‌بێ هه‌میشه " شازاده‌یه‌ك به ئه‌سپێكی سپی بگاتێ " و بۆ به‌خته‌وه‌ریان قۆڵ هه‌ڵماڵێت تازه‌ ئه‌ویش ئه‌گه‌ر هه‌ڵیماڵێت !!!!!


پیاوه‌كان ( به‌شێكیان) هێشتا ناتوانن ئه‌مه به شتێكی ئاسایی ببینن و هێشتا وه‌ك كه‌مایه‌سییه‌ك بۆ ژن چاوی لێده‌كه‌ن . پیاویانی به‌رێز ئه‌گه‌ر هات و كچێك هه‌‌نگاوی یه‌كه‌می هه‌ڵگرت بۆ ناسینتان نه له خۆتان ده‌رچن و نه به چاوێكی سووكیش بڕواننه كچه‌ی. باوه‌ر كه‌ن شته‌كه زۆر زۆر ئاساییه. دیسان باسی به‌رابه‌ری مافی مرۆڤه. ناكرێت یه‌ك شت و هه‌مان شت بۆ پیاو عه‌یب و كه‌مایه‌‌سی نه‌بێت و بۆ ژن ببێت به مۆرێك له ناو چاوانی. باوه‌ر ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ژنێك به‌دوای دیتنه‌وه‌ی هاوسه‌ر و هاورێی ژیان نه‌بێت سه‌یره. یاسایێكی سروشتییه و ژن و پیاو نازانێت. كه‌وابوو ده‌گه‌رێته‌و سه‌ر فێر بوونمان و ته‌رجوومانمان له شته‌كان كه ئه‌وه‌ش شتێك نییه كه نه‌گۆڕدرێت. ویستم به‌و پیاوانه‌ی ئاوا بیر ده‌كه‌نه‌وه یه‌ك شت بڵێم : جارێكی تر كه زار ده‌كه‌نه‌وه قسه به ئینسانێكی‌تر بڵێن ، له بیرتان بێت ئه‌م جۆره بۆچوونانه ته‌نیا نیشانه‌ی بیركورتی و ده‌مارگرژییه و هیچی‌تر و ده‌گه‌ڵ‌ ژێستی "ڕووناكبیریتان" نایه‌ته‌وه ، نایه‌ته‌وه و نایه‌ته‌وه ...


له من گوتن بوو، جا ئیتر خۆتان ده‌زانن !!!



January 2, 2003

هه‌ر یادی كۆنن كه به كۆمه كۆم دێن و له بن دیواری هه‌ره‌س هێناوی بیره‌وه‌رییه‌كانما هه‌ڵده‌تروشكێن. ئه‌و یادانه‌ی نه ده‌مبه‌نه‌وه دنیای ڕه‌نگ و نه هیچ ‌ده‌نگێكم وه‌بیر دێننه‌وه . هه‌ر یادی كۆنن دێن و لاپه‌ڕه زه‌رد هه‌ڵگه‌راوه‌كانی بیره‌وه‌ریم هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه ... ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی له نازانم كوێڕا ده‌ست پێده‌كه‌ن و به گریان كۆتاییان دێت ... ڕۆژگارێك بوو خه‌و ده‌بوو به گۆڕی فه‌رامۆشی خه‌مه‌كان .. ئێستاش بێخه‌وی بۆت به كوێره ڕێیه‌ك بۆ باوه‌شیان !!!

ده‌زانم ئاوا نابێت. ده‌زانم دره‌نگ یان زوو ده‌بێ هه‌ڵبژێرم. ده‌زانم بمه‌وێ یا نا، كه‌سێك بریندار ده‌كه‌‌م ...گه‌یشتوومه‌ته سه‌ر ئه‌م دوو ڕێییه‌ .... نازانم چی بكه‌م . نازانم به‌ كام ڕێگه‌دا بڕۆم پێیده‌گه‌م ... نازانم !!

ماندووم له بیر كردنه‌وه.چما ڕێگه‌یه‌كی ئاسانتر نه‌بوو بۆ دیتن، بۆ تێگه‌یشتن ... ؟



January 1, 2003

نیوه شه‌وه..په‌نجه‌ره‌م كردۆته‌وه . وه‌ک بڵێی بمه‌وێ ده‌گه‌ڵ ‌تاریكی ده‌رێ تێكه‌ڵ ‌بم و شووشه‌كانی په‌نجه‌‌ره ڕێیان لێگرتووم . بای دێت. هه‌ست به سه‌ر په‌نجه‌ی له سه‌ر گۆنام ده‌كه‌م. كه بۆ لام دێت، گۆشه‌ی په‌رده‌ی‌ سپی په‌نجه‌ره‌ی ده‌گه‌ڵ خۆی دێنێ و تا قه‌راغ مێزه‌كه‌ی ده‌گات، نامه‌ نیوه نووسراوه‌كه‌ی ڕۆیا ده‌كه‌وێته خوارێ و گوڵی سووری فه‌رشه‌كه‌ی داده‌پۆشێت ... ده‌ڵێی له سه‌ره‌تای زستانی ستۆكهۆڵم هاتۆته میوانی من، هاتووه شه‌وم ده‌گه‌ڵ ‌شه‌ق كات .... هاتووه شه‌‌وم ده‌گه‌ڵ ‌ڕۆژ كاته‌وه. ده‌یبینم چۆن په‌رده‌ ناسكه سپییه‌كه‌ی خستۆته سه‌ما و جار نا به نه‌رمی لایده‌دا و باوه‌شێك ڕوناكیی له دارتێله‌كانی ده‌رێ ده‌زێت بۆ ژووره‌كه‌م ....داده‌نیشم ... لێده‌گه‌رێم شنه‌ی نیوه ‌شه‌و كایه به قژی درێژ و ئالۆزم بكات ...

نیوه شه‌وه، خه‌وم لێناكه‌وێت. دیسان بێخه‌وی ... هاوااااااار !!!

دیسان شه‌وم شه‌ق كرد. دیسان بێخه‌وی یه‌خه‌ی گرتووم. سه‌یره، ئه‌و شه‌وه بڕانه‌وه‌ی نییه. هه‌رچی ده‌كه‌م شه‌و ته‌واوی نایه. نه‌كا ئه‌‌مشه‌وه شه‌وی یه‌لدا... !! هه‌رچی ده‌كه‌م كات ناگوزه‌رێت. هه‌ر چی ده‌نووسم، داده‌نیشم، ده‌ڕۆم ، چاو له teve ده‌كه‌م، نه‌‌خه‌و ده‌گه‌رێته‌وه نه ڕۆژ ده‌بێته‌وه ... جۆرێك بێقه‌رارم... بۆ چی ، نازانم !! وه‌ك بڵێی دڵم ڕیتمی خۆی لێگۆڕابێت، ده‌نگیی ناناسمه‌وه‌ . بوغزێك ڕێی به هه‌ناسه‌م گرتووه ، ناكرێته‌وه .... ده‌ڵێی چاوه‌رێم ... چاوه‌ڕێی كێ ، نازانم !! .... له‌عنه‌ت ... ده‌ڵێی ئه‌و هه‌ورانه هه‌زار ساڵه لێره‌ن . ده‌ڵێی ئه‌ستێره‌‌كان هه‌زار ساڵه ڕۆیشتوون....

چ هه‌ست به ته‌نیایی ده‌كه‌م، هه‌ست به به‌تاڵی، هه‌ست به تاڵی ...




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------