Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

February 28, 2003

من ئێستا شادم ، خۆشم، سه‌رخۆشم ... ساته‌كان سێبه‌رێكی سه‌وز له خۆیان جێ دێڵن و ده‌ستێكی مێهره‌بان بۆت به پردی نێوان من و ئارامی ... وه‌ك بڵێی ساته ساكاره‌كانی سه‌رده‌می منداڵی گه‌راونه‌ته‌وه، ئه‌و سه‌رده‌مه‌‌ی ئاسمان هه‌میشه شین بوو و دڵ به هیچ خۆش ! پێكه‌نین قه‌ت له هه‌نگاوێك دوورتر نه‌بوو و شه‌رم نه ده‌بوو به گۆڕی فرمێسكه‌كانی كاتی دڵته‌نگی ! ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی تۆزی تووڕه‌ییه‌كان به دڵۆپه فرمێسكێك ده‌شۆرانه‌وه و ڕقه‌كان ته‌مه‌ن كورتتر له‌وه بوون مانا په‌یدا بكه‌ن !!



February 27, 2003

شته‌كان هه‌موو تازه‌ن . ڕه‌نگه‌كان نه له ئێستا ده‌چن نه له ڕابردوو !!
هه‌سته‌كان، له دایك بوونه و هه‌ست پێ كردنه‌كان دوو پات بوونه‌وه‌ی ویستی حه‌شار دراوی دڵێكی ساوان !! ده‌نگه‌كان هه‌مووی گۆرانی دیتنه‌وه‌ن !!
لێره‌م، ڕاكشاوم ، ده‌تبینم، ده‌تبیسم ... یا نا... حه‌ز ده‌كه‌م بتبینم، حه‌ز ده‌كه‌م بتبیسم .... پڕم له ویستن ... تۆش ئارام دێیت و ده‌چیت ! دڵنیا ده‌نوێنیت . ده‌ڵێی ده‌زانیت له كوێی ، ده‌ڵێی ده‌زانیت چیت ده‌وێت . ده‌ڵێی تۆیت گۆرانییه‌كان ده‌ڵێیته‌وه ....
گه‌رمای ده‌ستت له سه‌ر شانم و سرته‌ی "خۆشم ئه‌وێیت" له گوێما . باوه‌ڕه‌كان زیندوو ده‌بنه‌وه ، یان حه‌ز ده‌كه‌م زیندوو ببنه‌وه ... ویسته‌كان هاوار ده‌كه‌ن، یان من حه‌ز ده‌كه‌م هاوار بكه‌ن ....

"خۆشم ئه‌وێیت! "
ئه‌وه زایه‌ڵه‌ی ده‌نگی تۆیه یان هاواری دڵی من؟ ئه‌وه تۆی له ئاوێنه‌ی ده‌نگی منا خۆ ده‌نوێنی یان شه‌پۆله‌كانی ده‌ریای ده‌رونمه ملوانكه‌ی شینی خۆشه‌ویستیمی به دیاری بۆ تۆ هێناوه ؟
تۆ به مێهره‌بانییه‌وه به سه‌ری په‌نجه‌ت ، قژی شێواوم شانه ده‌كه‌ی ، باسی به‌یانی ده‌كه‌ی و من نازانم چۆنت پێ بڵێم له‌مڕۆدا ونم ... له ئێستای بوونی تۆ دا !!

.................
شته‌كان نه له ئێستا ده‌چن نه له ڕابردوو .



February 26, 2003

بۆت نووسیوم بۆ باسی شه‌ڕ ناكه‌م، بۆت نووسیوم پێت سه‌یره بۆ باسی ئه‌و شه‌ڕه‌ی به رێوه‌یه و بمانه‌وێ یان نا، داوێنی ئێمه‌ش ده‌گرێته‌وه. ناكه‌م. بۆت نووسیوم تۆ ده‌گه‌ڵ ‌ئه‌و شه‌ڕه نی، بۆت نووسیوم ئه‌و شه‌ڕه نابێ ببێت، پێم سه‌یر نییه، من خۆم دژ به شه‌ڕم به‌ڵام ناتوانم بڵێم با ئه‌م شه‌ڕه نه‌بێت. من دژ به كوشت و كوشتارم و ناتوانم بڵێم با ئه‌م كوشت و كوشتاره نه‌كرێت .

شه‌ڕ ، شه‌ڕ ، شه‌ڕ ...
دیسان مڕۆڤه ، مرۆڤی بێگوناح كه ده‌كوژرێت. هه‌ژاره‌كان، هه‌ژارتر ده‌بنه‌وه ، ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌وڵه‌مه‌ندتر. دیسان كۆچ و كۆڕه‌و . دیسان ئاواره‌یی و ماڵ وێرانی. هه‌ڵه‌بجه‌ت له بیره؟ ئه‌گه مێژوو دووپات بێته‌وه چی؟ ئه‌گه‌ نه‌هاتی و تاڵی و ئاواره‌یی بۆ كورد ، هه‌ر بۆ كورد بێت چی؟

خۆپێشاندانی به كۆمه‌ڵ دژ به شه‌ڕ ده‌کرێت، میلیۆنها كه‌س هاواری دژ به شه‌ریان به گوێی دنیا ده‌گه‌یێنن، له خۆم ده‌پرسم شه‌ڕ‌ده‌گه‌ڵ ‌شه‌ڕ ‌جیاوازی زۆره مه‌گه‌ر كه كاتی شه‌‌‌ڕی ئێران و عێراق كه‌س نه‌هاته شه‌‌‌قامه‌كان و كه‌س هاواری نه‌كرد شه‌ڕمان ناوێت. خۆ ئه‌وه‌ش هه‌ر هێرش بوو ئیتر !! كاتی بۆمباردمانی هه‌ڵبجه كه‌س ، هیچكه‌س ده‌نگی به‌رز نه‌کرده‌وه ، شارێكیان كوشت و بێده‌نگیان لێكرد. ‌خۆ شه‌ر هه‌ر شه‌ره !!!

تۆ له بیرت ماوه كازم چۆن شه‌هید بوو ؟ كێ چی گوت؟ ده‌زانی شه‌هاب چی لێهات؟ یان ئومێد؟ یان كه‌ماڵ‌؟ خۆ شه‌ڕ‌هه‌ر شه‌ڕه . بۆ له بۆبماردمانه‌کانی مه‌هاباد و سنه و سه‌رده‌شت كه‌س ده‌نگی نه‌كرد؟ تۆ شه‌رمین و شه‌پۆلت له بیره؟ دوو خوشكه بچكۆلانه‌كه‌ی له بۆمباردمانی مه‌هاباد كوژران ... یه‌كیان بووكه‌که‌ی هه‌ر له باوه‌ش دابوو ... پێم ناڵێی بۆ كه‌س هیچی نه‌وت .... ؟؟؟؟

سه‌دام نه‌خۆشێكی شێتێكی بێ عاقڵێكی ڕه‌وانییه. شێتی ده‌سه‌ڵات . قێزم له ناوی ده‌بێته‌وه. ده‌زانی شه‌ڕم پێخۆش نییه به‌ڵام به خۆم ده‌ڵێم به‌شكوو شه‌ر كۆتایی به بوونی بێنێت ... به‌شكوو شه‌ڕ‌كۆتایی به مانی بێنێت. له بیرته كاتی شه‌ڕ‌حاڵمان چۆن بوو ؟ له بیرته له ژێرزه‌وییه‌که‌ی جێی 15 كه‌سی هه‌بوو 40 كه‌س ده‌ژیاین؟ له بیرته قه‌راغی نانه‌كان و نانی ناو ته‌لیسی وركه نانه‌کانمان ئاو ده‌كرده‌وه و ده‌مانخوارد ... له بیرته ژانت چۆن له باوه‌شی دایكیدا مرد؟ له بیرته یه‌که‌م جار كه ته‌رمی خوێناویمان دیت چۆن دوو به دوو ده‌ستمان كرد به گریان ؟ شه‌ڕ‌پیسه، سیاسه‌ت پیستر، كه شه‌ر ده‌بێت ئاسمان شار هه‌میشه خۆڵه مێشییه، هه‌وره‌كان هه‌میشه‌ ڕه‌شن ، هه‌میشه بۆ كرووز دێت، بۆنی بارووت ، بۆنی سووتاو ...
له بیرته دایكیی كازم چۆن ده‌گریا؟ له بیرته خوشكه‌كانیی شه‌هاب چیان ده‌كرد؟ ده‌زانی شه‌هاب ته‌نیا 15 ساڵی بوو؟ تۆش‌پێت وایه هه‌ر مرۆڤێك خۆی دنیایه‌كه !؟

ئاخر من تێناگه‌م بۆ ئه‌و ده‌م سه‌دام ده‌ستی دا به عه‌رب كردنی شاره كورده‌كان و ده‌ستی به سه‌ر نه‌فته‌كانا داگرت و كه‌س له دمی نه‌داوه؟ تێناگه‌م بۆ ئه‌و ده‌م ئه‌نفالی كرد ، كه‌س پێی وانه‌بوو سه‌دام مه‌ترسییه‌كه بۆ دێمۆكراسی ؟ بۆ ئێستا ؟ چ جیاوازییه‌ک هه‌یه ...

به‌رێزم ، من شه‌ر م پێخۆش نییه، من دژ به شه‌ڕم ... سه‌دام و شه‌ڕ نه‌قلی هه‌ڵبژاردنی له نێوان خراپ و خراپتره ... به‌ڵام نازانم كا‌میان خراپه‌كه و كامیان خراپتره‌كه‌ن ... پێت وایه شه‌ڕ خراپه و سه‌دام خراپتر؟ یان سه‌دام خراپه‌كه‌یه و شه‌ڕ‌ خراپتره‌كه ؟ هه‌رجۆرێك بێت من نه‌مانی سه‌دام هه‌ڵده‌بژێرم ... بمبووره !!!!!



February 25, 2003

قه‌ول وایه "به‌یت الهاوسی مالی كورد" ساز بێت!!!!

وه‌ك بڵێی به دوایی 1000 ساڵ دووری له ماڵ و حاڵم، گه‌راومه‌ته‌وه . بیری ژووره‌كه‌م كردبوو . ماوه‌یه‌كی زۆر نییه له مال نیم به‌ڵام هه‌ر به‌و چه‌ند ڕۆژه‌ش فێری زۆر شت بووم ، بۆ نموونه چۆن خۆ به سه‌ر ماڵاندا بڕین، سه‌ره‌ڕای هه‌موو بیانووكانی خاوه‌ن ماڵ‌:‌ گوتمان دێین. گوتی:‌ هه‌واكه‌ی زۆر سارده بۆ وه‌ی نابێ سه‌فه‌ر بكه‌ن . گوتمان نه‌خه‌مه، سه‌رما ناتوانێت شێره ژنی وه‌ك ئێمه بترسێنێت. گوتی :‌ ئێره زۆر خۆشه، حه‌‌یفه بۆ چوار ڕۆژان مه‌یه‌ن ، جارێكی تر وه‌رن زۆرتر بمێننه‌وه ، گوتمان :‌چ ‌نییه، جارێكی تریش هه‌ر دێین و هه‌ر زۆرتر ده‌مێنینه‌وه . گوتی ئه‌گه‌ر بێن ده‌بێ زه‌وی بكێڵن ، به‌ڵێنیم داوه له ماڵ‌ نه‌‌بم و یارمه‌تی خزمێكی بده‌م بۆ كێڵان . گوتمان : خۆ ئێمه به‌ڵێنیمان نه‌داوه. گوتی :‌ هه‌ر دێن؟ گوتمان:‌ خۆت زۆر "سه‌خله‌ت" مه‌كه، هه‌ر دێین و چووین .
هه‌روه‌ها فێر بووین چۆن ماڵی قاچاخ له سنوور ده‌رباز كه‌ین، چۆن بامیه پڵاوێك من سازم كرد بێت خۆش ده‌رده‌چێت و هێشتا له سه‌ر ئاگر دانه‌گیراوه، ته‌واو ده‌بێت . فێر بووین ئه‌گه میوانمان هات چۆن فریویان بده‌ین بچن هه‌موو ڕۆژێ له Macdonalds نان بخۆن و خۆشیان "نیگه‌بان" نه‌كه‌ن له قه‌ڵه‌و بوون و شتی وا :)

هه‌ر ئه‌و هێرشه‌ی ئێمه كردمانه سه‌ر خاوه‌ن ماڵ( كه پیاوێكی زۆر ئاوه‌دان بوو) بوو به هۆی پێك هاتنی بیرۆكه‌یه‌کی زۆر جوان :‌ قه‌ول وایه "به‌یت الهاوسی مالی كورد" له پراگ ساز بكردێت. ئایدیاكه له خۆیدا جوانه، گرفت ئه‌وه‌یه هه‌موو كورده‌كه‌كانی هه‌‌ده‌ران ده‌بێ سه‌ره‌و "دۆلارێك" بده‌ن بۆ ساز كردنی ئه‌م كۆشكه !!!!! ئایا كه‌س هه‌یه ده‌ست بۆ گیرفانی به‌رێت؟ میلله‌ت په‌ژیوان نابنه‌وه ، دیاره من گوتوومه دۆلار ناده‌‌م به‌ڵام له ئایدیا جوانه‌که‌یان پشتگری ده‌که‌م .



‌درێژه‌که‌ی لێره بخوێنه‌وه ......



February 24, 2003

له شه‌وه‌ تاره‌كه‌ی پراگ را تا ئێستا ده‌ڵێی سه‌د ساڵه هه‌موو شتێك كۆتایی پێ هاتووه یه‌ک شت نه‌بێت ... خۆشویستنی تۆ ... خۆشه‌ویستی تۆ ... ئه‌ویش هێشتا ... ئه‌مرۆ ... ئێستا ... تا بوون ...ده‌مێنێت !!!



February 14, 2003

ئه‌‌مڕو ڕۆژی ‌دڵانه، ڕۆژی دڵداران ... دیم هه‌رچی چاوه‌رێ بم كه‌س پیرۆزبایم لێناكات و گوڵم ناداتێت، چووم چه‌پكێك گوڵی زۆر جوانم بۆ خۆم كڕی و ده‌گه‌ڵ كارتێكی جوان پێشكه‌شی خۆمم كرد ....

پیــــــــــــــــــــــــــــرۆزم بێت، هیوادارم به زوویی دڵه ناسكه برینداره ئێش پێگه‌یوه‌ ئازاردراوه ماندووه‌كه‌م بكه‌وێته‌وه سه‌ر ده‌ور...



February 13, 2003

گوتوویانه:‌

ــــ وا قسه مه‌كه كه گوێدان له بیر بكه‌ی !!
ـــ ئه‌و شتانه‌ی لێی ده‌گه‌ڕێین، زۆربه‌ی كات له ناخی خۆمانه په‌یدا ده‌بن، بۆیه زۆر گرینگ نییه له كوێ ده‌ژین !!

ــــ ئه‌و شته‌ی ده‌به به‌ڵامانه‌وه گرینگ بێت،"چـــــــۆن ژیـــــــــانه" نه‌ک "چـــــــــــه‌نده ژیـــــــــان" !!!
ـــ ڕۆژێك به‌و قه‌ناعه‌ته ده‌گه‌یی كه بۆ ئه‌و كارانه‌ی كردووته په‌ژیوان نیی، به‌ڵكوو بۆ ئه‌وانی نه‌تكردوون !!

ـــ بوون ئاسانه ، به‌ڵام ژیان كردن به دڵی خۆت ئازایه‌تی ده‌وێت .
ـــ كه‌م كه‌س بۆ " ئــــــــه‌مــــــــرۆ" ده‌ژین، زۆربه‌ی خه‌ڵك خۆیان بۆ " داهاتوو" ئاماده ده‌که‌ن !

ـــ چوار شت كه ڕۆیشتن ناگه‌رێنه‌وه :‌

** گولله‌یه‌ك كه ئاگر ده‌درێت.
** قسه‌یه‌ك كه له زار ده‌رده‌چێت.
** ده‌رفه‌تێك كه له كیس ده‌چێت.
** ساڵه‌كانی ته‌مه‌‌ن كه تێده‌په‌رێت .



February 12, 2003

شحن :‌
ئه‌مڕۆژانه هه‌وا له خۆشیی داوه و من ئه‌وه‌نده‌ی بكرێ و ده‌رفه‌ت هه‌بێت هه‌وڵ ‌ده‌ده‌م له ماڵ‌نه‌بم. ئه‌مرۆ به‌ رێی ناو شاره‌وه له ناو مێترۆ دانیشتبووم و نوقمی ده‌نیای خه‌یاڵی خۆم بووم و كه‌یفیشم زۆر ساز بوو. به‌ڵام ده‌نگی زه‌نگی مۆبایلی ئه‌و جه‌ماعه‌ته‌ی ده‌ور و پشتم زوو زوو ڕشته‌ی خه‌یاڵیان هه‌ڵده‌بڕیم و ده‌یانگه‌رانمه‌وه دنیای نه زۆر ڕه‌نگینی ڕاستییه‌كان. كاكه وای لێهات ده‌ستم له خه‌یاڵ هه‌ڵگرت و گوێم ڕاگرت بۆ قسه‌ی ئه‌و میلله‌ته‌. كوڕێك به‌رامبه‌رم دانیشتبوو. دوو سێ ته‌له‌فوونی بۆ كرا و ئه‌ویش به كوردی وڵامی دانه‌وه ، بۆیه زانیم كورده و زانیشم جێژنی قوربانه و میلله‌ت ئه‌وه پیرۆزبایی له یه‌ك ده‌كه‌ن ... زۆری پێ نه‌چوو كوڕه كورده‌كه خۆی مۆبایله‌که‌ی ده‌رهێنا و ژماره‌یه‌‌كی گرت و د‌ه‌ستی كرد به قسه كردن، ئه‌ویش به فارسی :‌

ـــ یاڵلا، خوب هستید شما ؟ خواستم بهتان بگویم كه شما راست بودید ... حرف شما راست بود ...ده‌ی یاللا ...وه‌ڵلا شحن ندارم ...یاڵلا ....بای (bye) ...

كه‌مێكم بیر كرده‌وه تا زانیم شحن یانی چی ... (زۆرم پێ خۆش بوو قیافه‌ی كابرای فارسم دیبا به‌‌دوای ئه‌م ته‌له‌فوونه‌دا )



ترس
به‌فر تا جێی بڵندتر بێ
پتر له ‌هه‌تاو ده‌ترسێ
ژن تا شۆخ و ده‌لالتر بێ
گه‌شتر چرای ترسی پیری
له نیگایدا داده‌گیرسێ
له‌م ‌‌جیهانه
'هه‌ر كه‌س له شتێك تۆقیوه
كونده‌بۆ - له ئاوه‌دانی
دز - له سه‌گ و كۆكه‌ی بێدار
كه‌ر - له هه‌وراز
دیوار - له سینگ
دار - له بزمار
كه‌ڵه‌كێوی -- له خڕه‌ی به‌رد، له خشپه‌ی دار
منیش زراوم ڕژاوه
ده‌ترسم له سه‌ره‌مه‌رگا
سییه‌كانم بزریكێنن
بۆ تۆسقاڵێك هه‌وای وڵات
ده‌ترسم بمنێنه خاكێك
نه من ئاشنای بۆنی ئه‌و بم
نه زمانم ئه‌و تێی بگات !

په‌شێو



February 11, 2003

ڕۆژێكی دیش تێده‌په‌ڕێ. ئه‌وه ئه‌مرۆش ورده ورده خۆی له داوێنی " دۆینێ" داوێت و ده‌بێت به ڕابردوو. ئه‌ورۆش تێپه‌ر ده‌بێ. به هه‌را هه‌را و ده‌نگه ده‌نگ، به پێكه‌نین، ته‌نانه‌ت گریان و تاسه‌ش! قوورسایی ئه‌و قسانه‌ی ده‌با گوترابان و نه‌گوتران! قوورسایی ئه‌و ڕوانینانه‌ی خۆت لێ ده‌شاردنه‌وه و ده‌یان دیتێوه‌. پێكه‌نین به هیچ و گریان له خۆشیان ! تاسه‌ی گه‌رانه‌وه و ویستی ون بوون ، هه‌وای ڕۆیشتن و ڕۆیشتن و قه‌ت نه‌‌هاتنه‌وه ... خۆ دیتنه‌وه له ئاوێنه‌ی ئاواتێكی دوور، بزر بوون له داوێنی ئاواته‌ دووره‌كان... شاد بوون به پێك گه‌یشتنه‌وه‌یه‌كی تازه و بریندار بوون به‌ ده‌ست ئه‌وانی خۆشت ئه‌ویستن، ئه‌وانی هێشتاخۆشت ئه‌وێن! كه‌وتن و كه‌وتن . هه‌ستانه‌وه به‌ داوی هه‌ستانه‌وه . لێگه‌ران و نه‌دیتنه‌وه، چاو لێكردن و نه‌دیتن ، گوێ گرتن و نه‌بیستن ...



ئه‌وه ڕۆژێكی دیش چوو ... !!

خۆ دیتنه‌وه له ئاوێنه‌ی ئاواتی دواڕۆژ ، پڕ بوون له دیتن و دیتنه‌وه ، بیستن و هه‌ست پێ كردن ...
ڕۆژێكی تازه به‌ڕێوه‌یه ....



February 10, 2003

كه تاریكی داهات، په‌رده‌‌كه‌م داداوه تا تاریكی هێرش نه‌كاته ناو ژووره‌كه‌م ....



خۆ بۆم باس كردبووی، ئه‌و دڵه‌ی من جارنا، وه‌ک شێتانی لێدێت ، جارێك ده‌كه‌وێته دڵه كوته و پشووم سوار ده‌كات و جار هه‌یه هێند به كاوه‌خۆ لێده‌دات وه‌ک بڵێی قه‌ت ناگاته به‌ر . ئه‌و جارانه‌ی وا ده‌که‌وێته په‌له په‌ل ، وه‌ك وه‌یی وایه كه‌سێك له تاریكیدا ڕه‌پێی نابێت. نازام بۆ وای لێدێت، به‌ڕاست هه‌ر وه‌ک گیانی له مه‌ترسی دابێت، ڕاده‌كات و به هیچ نایه‌ته‌وه سه‌ره خۆ ... هه‌رچیش پێی ده‌ڵێم؛ گیانا ئێستا لێره‌ێن، له ماڵی خۆمان، هیچ مه‌ترسییه‌ك نییه، ده‌ڵێ :‌ نا، ده‌زانم شتێك هه‌یه، شتێك به ڕێوه‌یه، من ده‌بێ په‌له‌ی بكه‌م ... دوایش هاوار و هاوار كه بۆ من هه‌ر ڕاده‌كه‌م و له جێی خۆم ناجوڵێم ....

خۆش ئه‌وه‌یه كه ئارام ده‌بێته و پشووی له سه‌ره خۆیه و من لێی ده‌پرسم چی بوو و بۆ وات لێهات بوو ؟ كه‌مێك بیر ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ : همممم ... به‌ڕاستی نازانم ... خۆ من خه‌ونه‌کانم قه‌ت له بیر نامێنێت !!



February 8, 2003

ئه‌مڕۆ به دوای حه‌وتوویه‌ك به‌فر و سه‌رمای زۆر، خۆر هه‌وره ڕه‌شه‌كانی لادا و خۆی نواند. من له ناو جییه‌كه‌مدا ئه‌و دیو ئه‌و دیوم كرد و وه‌رسووڕام ، تیشكی خۆریش ڕێك خۆی خسته باوه‌شم ... دیم خۆره، ئاسمان شین شینه ...

نه‌‌مگوت ئه‌ی ‌‌گیان خۆر ... نه‌‌مگوت ئه‌ی گیان به‌هار ... سڵاوم له ڕۆژێكی تازه نه‌کرد ... ته‌نیا به خۆم گوت :
" ئاها، ئه‌مرۆ ده‌بێ جل بشۆم ... "



February 7, 2003

ئه‌و دڵه‌ كوته‌یه، ئه‌و دڵه كوته‌یه ئارام و قه‌راری بۆ نه‌هێشتووم. دڵم سه‌یرێكێتی مه‌پرسه. جار نا وا هه‌ست ده‌كه‌م ڕیتمی خۆی له ده‌‌ست ده‌دات و له هه‌وایه‌كی تر لێده‌دات!!! ئه‌و دڵه‌كوته قه‌ت كه‌س نه‌ماوه ، شه‌و و ڕۆژی بۆ نه‌هێشتووم.لێ ناگه‌رێ وه‌ك مرۆڤێكی ئاسایی ژیان به‌رمه سه‌ر! هه‌ر وه‌ك بڵێی ته‌ماحی له گیانم كردبێت. داده‌نیشم چاو له teve بكه‌م، ده‌گاتێ. دێم شت بنووسم، دێت به‌رۆكم ده‌گرێت. ده‌ستم ده‌له‌رزێ، ئه‌وه‌ی له زه‌ینما هه‌بوو بۆ نووسین، له بیری ده‌که‌م، قسه‌ نه‌گووتراوه‌كان كۆ ده‌بنه‌وه ، له گۆشه‌یه‌كی دڵما، قورسایی ده‌كه‌ن، دوایی ورده ورده وه‌ک ‌بڵێی ڕێ به هه‌ناسه‌م ده‌گرن ... هه‌ناسه‌م نایه، ته‌رایی فرمێسك له سه‌ر گۆنام نه‌بێ هیچ هه‌ست پێناكه‌م... هه‌ناسه‌كان به كۆمه كۆمه دێن... وه‌ک بڵێی قه‌ت ناگه‌نێ! له مۆمێك ده‌که‌م كه‌وتبێته پته پت، هه‌ربینا كووژایه‌وه!!

به ڕوی خۆم ناهێنم، ده‌چم ڕاده‌كشێم، هه‌وڵ ‌ده‌ده‌م له سه‌ره خۆ بم. ڕاده‌كشێم ... به "خۆم" ده‌ڵێم :‌چ‌ نییه! تێده‌په‌ڕێ. تاوێكی تر هه‌ڵده‌ستێوه، كار و باری ڕۆژانه‌ت ده‌ست پێده‌كه‌یه‌وه. هه‌ڕ به "خۆم" ده‌ڵێم :‌چاوه‌که‌م، گیانه‌كه‌م، بڕاوانه چۆن كات تێده‌په‌رێ، ڕۆژه‌كان بوون به سێبه‌ر، به ته‌نیشتدا ڕه‌ت ده‌بن! چۆن دڵت دێ لێبگه‌ڕێ ئه‌و ساتانه هه‌ر وا بڕۆن و له گێژاوی مان و نه‌ماندا ون بن ... سه‌یر لێره‌دا هه‌رچی زۆرتر له به‌ر"خۆم" ده‌پارێمه‌وه ،"خۆم" زۆرتر نوقم ده‌بێت ... له ژێر په‌تو شینه‌‌كه‌م گرمۆله ده‌بمه‌وه ... هێدی هێدی "خۆم" ڕاده‌ژێنم ... گوێ ده‌سپێرمه لایه لایه‌ی باران،"خۆم" ده‌سپێرمه لاواندنه‌وه‌ی سه‌ر په‌‌نجه‌ی نه‌رمی شه‌و! چاوم له سه‌ریه‌ك داده‌نێم هیچ ده‌‌نگێك نایه ده‌نگی ترپه‌ی دڵی من نه‌بێ ... ترپه‌ی دڵم وا ئۆقره‌ی لێ هه‌ڵگرتووم ...




ڕامان گیان، سوپاس گوڵی شیرینم ...
...



February 6, 2003

ده‌ڵێ :‌ چیته؟ ماندووی؟ هه‌سته ، تۆ هێشتا زیندووی ... ده‌بێ بژیت !
ده‌ڵێم : ناكرێ ئه‌م "ژینه" دانێم بۆ كاتێكی تر. ئێستا نه ... هیچ تاقه‌تم نییه !

ده‌ڵێ : كاتێكی‌تر؟ كێ ده‌ڵێ تۆ تا به‌یانی ده‌ژیت ؟ كێ ده‌ڵێ داهاتوو به‌شی تۆشی تێدایه ...
ده‌ڵێم :‌ یانی ناكرێ به جۆرێك له ژێر باری ئه‌م ئه‌ركه ڕزگاریم بێت ... تا ...
ده‌ڵێ :‌ نا ... ناكرێ ! تۆ ده‌بێ به‌شه‌كه‌ی خۆت بژیت ... كه‌س به جێی تۆ ناژیت ...

ده‌ڵێم :‌ دڵم گیراوه ... سه‌یر دڵته‌نگم !
ده‌ڵێ : حاڵیم ، باش لێت حاڵیم
ده‌ڵێم . باوه‌ڕ ناكه‌م .... نا تۆ لێم حاڵی نیت !
ده‌ڵێ :. ڕاستیت ده‌وێ وایه، تێناگه‌م ....

ده‌ڵێم :‌ شتێك بڵێم ... نه‌هێنییه‌كی خۆم ...
ده‌ڵێ :‌ ها ، فه‌ڕموو !

ده‌ڵێم :‌ نه ئێره به ماڵی خۆم ده‌زانم و نه ‌ئه‌وێ ....
ده‌ڵێ : تێنــــــــــاگه‌م !
ده‌ڵێم : با ، زۆر باش تێده‌گه‌ی ...زۆر باش !!
ده‌ڵێ : .....

ده‌ڵێ :‌ هه‌سته ، تۆ هێشتا زیندووی ، ده‌بێ بژیت ... كه‌س به‌شه‌كه‌ی تۆی پێنابرێت !!!!



February 4, 2003

بــــه‌ره‌‌به‌یانییه‌. به‌ره‌ به‌یانییه‌كی زوو. په‌تووكه‌م تا سه‌ر چه‌نه‌گه‌م كێشاوه و خۆم سپاردۆته ده‌ست خه‌یاڵاته‌وه . بێده‌‌گی ژوور‌ێ به وزه‌ی سماوه‌ر و سرته سرتی دایكم ده‌گه‌ڵ خودای خۆی ده‌شكێت. خه‌ریكه نوێژ ده‌كات، وه‌ك هه‌موو به‌یانییان به ده‌نگێك تێكه‌ڵاوی بوغزی گریانیی، له به‌ر خوداكه‌ی ده‌پارێته‌وه به دیداری كـــــه‌ماڵ شاد بێته‌وه ، ده‌نگی دایكم و سه‌رمای به‌یانیی له‌رزێك ده‌خه‌نه گیانمه‌وه. ئه‌و ده‌‌م كه نا، ئێستا به‌ڵام زۆرجاران ده‌ڵێم بریا من كه‌چه ئیمانێكم هه‌‌‌با تا له ساته سه‌ڕگرانه‌كانم ، له ڕۆژه ناخۆشه‌كانما هانام بۆ بردبا. تا ساته دڵته‌‌گه‌كانم كه كه‌میش نین، خۆم به داوێنیا هه‌ڵواسیبا و بۆشاییه‌كانم پێ پڕ‌كردباوه. تا هه‌ر كات وه‌ك ئێستا كه پڕ ده‌بووم له ترس، له ئامێزیا خۆم حه‌شار ده‌دا و ساتێك ده‌حه‌سامه‌وه ...

سه‌رم له باوه‌ش ده‌گرێت . ده‌ڵێم دایه خۆم ناناسمه‌وه . گه‌رمایی فرمێسكیی له سه‌ر گۆنای خۆم هه‌ست پێده‌كه‌م ...




February 3, 2003

چاوه‌كانم ئه‌وه‌نده ماندوون، هه‌ڵنایه‌ن. سارده. له ژێر په‌توو شینه‌كه‌شم ته‌نانه‌ت ده‌ستی سه‌رمایه به له‌شما هه‌ڵده‌گه‌رێت و ته‌زێت ده‌خاته گیانمه‌وه. كتێبی" سالهای ابری" له پێشما كراوه‌ته‌وه. وشه‌كان و ڕه‌سته‌كان له پێش چاوما هه‌ڵبه‌ز هه‌ڵبه‌زیانه. teve دایسێت، به‌ڵام ده‌نگه‌كه‌م گرتۆته‌وه. هه‌واڵه‌كان نیشان ده‌دات."جۆرج بووش" خه‌ریكه قسه ده‌كات، كه‌مێك دواتر "سه‌دام" نیشان ده‌دات تفه‌‌گێكی به ده‌سته‌وه ...

چاوم زۆر ماندوویه. چیتر تاقه‌تی كتێب خوێندنه‌وه‌م نییه ، ڕوانینم له سه‌ر لووله‌ی تفه‌نگی "سه‌دام" ده‌مێوێ . به‌یانی ئه‌گه شه‌ڕ بێت، سه‌دام له كوێ ده‌بێت؟ له چه‌ند كونا خۆی ده‌شارێته‌وه؟ چه‌ند ئینسانیتر ده‌كوژرێت؟ بووش ده‌بێ بیر له چی بكاته‌وه؟ ئه‌گه‌ر بێت و شه‌ر بێت، ئێمه‌ی ‌كورد چیمان به سه‌ر دێت ؟ ... منم كه بیر ده‌كه‌مه‌وه !!


-- شه‌ر بێت یا نا ؟ ئارامی دڵانه لێم ده‌پرسێ !


-- ڕاوه‌سته بزانم؛ سه‌دام ده‌سه‌ڵاتێك نییه، به هێزی پێشمه‌رگه‌كانی پارتی و یه‌كێتی له ناو بچێت ... سه‌ڕكه‌ردایه‌تییه‌كانیش به‌یانی سه‌دام به‌ڵێنی هه‌ندێ شتیان پێبدات دیسان تۆقه‌ی ده‌گه‌ڵ‌ ده‌كه‌ن و هه‌ر دوو لاچاوی ماچ ده‌كه‌ن و مێژووی دووپات ... ببووره چه‌ند پات ده‌بێته‌وه. بووش به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له به‌ر چاوه، چ خه‌می میلله‌تی منی له به‌ر نییه. ده‌نا دوایی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه سه‌دام چۆن ده‌با مابا یان زلهێزه‌كانی دنیا چۆن ده‌با ڕووی وه‌یان هه‌با باسی پاراستنی مافی مرۆڤ بكه‌ن .... شه‌ڕ ئه‌گه ده‌ست پێبكات هه‌زاران مرۆڤی بێگوناح ده‌كووژرێن ... كورد و عه‌ره‌ب ... به‌ڵام ... به‌ڵام ئه‌رێ با هێرش بكردرێت، با سه‌دام له ناو بچێت، با ئاڵوگۆڕێك پێك بێت، با ده‌رفه‌تێك بۆ كوردستان برخسێت ... منم كه وا ده‌ڵێم !!


-- دیاره كـــــــــــوردی ... ئارامی دڵانه دیسان وام پێده‌ڵێت !!


گوێم له ده‌‌نگی خۆم ده‌بێت : با شه‌ر بێت !!! ڕقم له خۆم ده‌بێته‌وه !! من حه‌زم له خوێن نییه. من حه‌زم له عه‌رزی سوور نییه. من حه‌زم له دیتنی داره مه‌یت و كه‌لاكی له خوێنا شه‌لال نییه ... خوێن ده‌بێ له ده‌ماره‌كاندا بگه‌رێت نه‌ك تێكه‌ڵاوی خاك و خۆڵی شه‌قام و كۆڵانه‌كان بێت ... ماندووم له شه‌ر ... له كووشت و كووشتار. من ئه‌‌‌نفاڵم هه‌یه ... من هه‌ڵه‌بجه‌م هه‌یه. من 8 ساڵ شه‌ری بێ ئه‌نجامی ئێران و عێراقم هه‌یه ... من 50 و چه‌ند ساڵ خه‌بات و كاروانێكی دوور و درێژی شه‌هیدانم هه‌یه ... من شه‌ری ناو شار و بمباردمانی شار و گونده‌كانم هه‌یه ... من هه‌ر له منداڵییه‌وه چاوم به سێداره ڕاهاتووه ... من هه‌ر له منداڵییه‌وه ده‌گه‌ڵ ‌بۆنی خوێن و برینی قوڵ‌ گه‌وره بووم ... من حه‌زم له شه‌ڕ ‌نییه ...


به‌ڵام ... نازانم كه‌ی ترسی ئه‌نفالێكی تر له دڵما ده‌مرێت... نازانم كه‌ی خه‌ونی ڕه‌شی هه‌ڵه‌بجه كۆتایی دێت، نازانم كه‌ی ئیتر دارتێله‌كانی سه‌ر شه‌قامه‌كان نابن به سێداره و بای بێڕه‌حمی ده‌مه‌و ئێوارێ كایه به قژی ئاڵۆز و خۆڵاوی مه‌یته‌كان ناكات ...


ده‌ڵێم ڕه‌نگه نه‌مانی سه‌دام ببێت به سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ده‌ستپێكردێكی نوێ . بۆ نووسینی مێژوویه‌کی تازه ... بۆ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه و هه‌موو ئه‌و گوندانه‌ی وا به‌عس كاوڵی كردن ...


چاوه‌كانم ئه‌وه‌نده ماندوون، هه‌ڵنایه‌ن. سارده. له ژێر په‌توو شینه‌كه‌‌شم ته‌نانه‌ت ده‌ستی سه‌رمایه به له‌شما هه‌ڵده‌گه‌رێت و ته‌زێت ده‌خاته گیانمه‌وه. كتێبی" سالهای ابری" له پێشما كراوه‌ته‌وه . وشه‌كان و ڕه‌سته‌كان له پێش چاوما هه‌ڵبه‌ز هه‌ڵبه‌زیانه.


بریا ده‌متوانی هاوار بكه‌م نا ... بریا هێزی وه‌م هه‌با نه‌‌مهێشتبا هیچ‌ هێرشێك بۆ هیچ ‌جگایه‌ك بكردرێت. بریا ئازادی به خوێن نه‌دكڕدرا ... بڕیا "نا" گووتنه‌كانی من و هه‌زارانی وه‌ك من هێزێكیان ده‌بوو ... بریا ده‌سه‌ڵات به ده‌ستی كه‌ر و بێعه‌قڵان نه‌ده‌بوو ...


بــــــــــــریـــــــــــــــــــــا ....





February 1, 2003

ده‌ڵێم بریا مه‌ودای نێوانمان كه‌مێك زۆرتر ده‌بوو . ئاوا نزیك بێت و بزانی قه‌ت پێی ناگه‌ی، ژانێكی هه‌یه له گووتن نایه. كه ده‌بینی كات وا به ئاسپایی تێده‌په‌رێ و تۆش له سه‌‌هۆڵبه‌ندانی چاوه‌ڕوانییه‌كاندا به‌ستووته، به ده‌ست خۆت نییه، ئه‌ژنۆكانت ده‌له‌رزن، هه‌ست به ماندوویه‌تی ده‌كه‌ی . به ده‌ست خۆت نییه، حه‌ز ده‌كه‌ی چاو له سه‌ر یه‌‌ك دانێی تا چیتر روخساری گرژ و تاڵی ڕاستییه‌كان نه‌بینی. حه‌ز ده‌كه‌ی باوه‌ر بكه‌ی هه‌موو شتێك خه‌ونێكی په‌رێشان یان خه‌یاڵێكی خه‌ماوی بووه و هیچیتر ...

باوه‌ڕمان به دووری نه‌بوو، كه‌چی سێبه‌رمان كه‌وته نێوان و لێكدابڕاین ... پێش ئه‌وه‌ی چاو بكه‌ینه‌وه كات تێپه‌ڕی و قسه نه‌گووتراوه‌كان وه‌ك كه‌لاكی كۆن، بۆنیان گرت... ده‌زانی له سه‌رده‌می ئێمه‌شا مۆعجه‌زه ڕووی نادا ... مردووه‌كان به هیچ زیندوو نابنه‌وه ....



خۆ زووتر ده‌كرا مه‌وداكان كورت كه‌ینه‌وه. زوتر ده‌كرا بۆشاییه‌كان پڕ‌كه‌ینه‌وه ... زووتر ده‌كرا قسه نه‌گووتراوه‌كان بدركێنین و له ئامێزی یه‌كا گه‌رم بینه‌وه ... نه‌مانكرد ، ئێستاش چاو ده‌كه‌یه‌وه و ده‌بینی كات تێپه‌ریوه و نه تۆ، تۆیت و نه من وه‌ك خۆمم .



نازانم چۆنت پێ بڵێم كه له ناو ئه‌و هه‌موو گه‌رما و گڕی بوون ده‌گه‌ل هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆشم ده‌وێن، نه‌بوونی تۆ ، ته‌زی سه‌رمایه‌ك ده‌خاته گیانمه‌وه ... سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش بریا بزانی كه ژانی نه‌بوونی یه‌كجاریت له ئێشی كه‌م بوونی جارانت خۆشتره ...



منیش هه‌ول ده‌ده‌م فێر بم عاده‌ت به نه‌بوونت بگرم ...




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------