December 30, 2003
بۆ هاورێ " كۆنه" پێشمه‌رگه‌كه‌م : ده‌یی باشه، خۆت بڕیارت دا بڕۆیی و شه‌ڕ بكه‌یی! بڕیاری خۆت بوو بڕۆیی و له پێناو شتێك كه ناوت نابوو "بایه‌خ" ، لووله‌یی تفه‌نگه‌كه‌ت به‌ڕوویی "دوژمنت" ڕاگریی! ئه‌گه‌رچی ئێستاش نازانی ئه‌وه كام "بایه‌خ" بوو كه له "ژیان" به‌رزتر، پیرۆزتر بوو له لات! كام بایه‌خ بوو كه به‌ڵێنیت دابوو گیانت له پێناویدا به‌خت بكه‌یی! ئـــــــازادی؟ ئـــــــازادی كێ؟ ئــــــــــــــازادی خۆت؟ ئێستا ئـــــــــــــازادیی؟ دوایی ئه‌و هه‌موو ساڵه به شاخ و داخه‌كانی كوردستاندا هه‌ڵگه‌ران، شه‌ڕ كردن، خوێن دیتن، خوێن ڕشتن، خوێن ڕژان، سه‌ربه‌ستیی ئێستا؟ ئه‌و ڕۆژه‌یی له دۆڵه‌كه‌یی فلانه گوند لووله‌یی تفه‌نگه‌كه‌ت نیشانه گرت، ئه‌و جاره‌یان كه هاورێ پێشمه‌رگه‌كه‌ت له ناو باوه‌شتدا گیانی دا، بیرت له چی ده‌كرده‌وه؟ له كوڕه بێ‌نازه‌كه‌ت كه هێشتا چوار حه‌فته‌یی ته‌مه‌ن بوو مه‌لۆتكه‌ت كرد ناردته‌وه؟ پێت وابوو دوایی 16 ساڵ نه‌یبینه‌وه؟ بیرت له‌م ڕۆژه ده‌كرده‌وه؟ به چی دڵی خۆت ڕازیی ده‌كرد؟ ئه‌گه‌ر نه‌یانكوژیی، ده‌تكوژن؟ قه‌ت بیرت له‌و ترسه‌نۆكانه‌یی فه‌رمانی شه‌ڕیان به تۆ ده‌دا، ده‌كرده‌وه؟ هاتن ئه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ تاقه جارێكیش بێت شان به شانی تۆ "بایه‌خه‌كان" بپارێزن؟! ئێستا بۆ شاد نیت ئه‌دی؟ ئه‌وه بڕیاری خۆت بوو ئاخر، بۆ ئه‌مڕۆ وا ده‌كه‌یی من هه‌ست به تاوانبار بوون بكه‌م؟ خۆ من له بیرم نایه داوام له تۆ، له هیچ كه‌س كردبێت بۆ پاراستنی مافی من بچن ببن به پێشمه‌رگه! ئه‌گه‌ر بۆ باوه‌ڕیی خۆت كردت، بۆچی پێت وایه من ئه‌مڕۆ ده‌بێ سه‌ر بۆ تۆ داخه‌م؟ من ڕێزم بۆت هه‌یه وه‌ك مڕۆڤ، ڕێزم بۆ باوه‌ڕه‌كه‌ت هه‌یه، به‌لام هاورێم، من باوه‌ڕم به باوه‌ڕیی تۆ نی‌یه. هه‌ر چوونكه تۆ پێشمه‌رگایه‌تیت كردووه ئه‌و مافه له من ناستێندرێته‌وه كه خاوه‌ن بۆچوونێكی جیاواز بم! هه‌ر چوونكه تۆ پێشمه‌رگایه‌تیت كردووه به‌و مانایه نی‌یه كه تۆ ڕاست ده‌كه‌یی! تۆ ئه‌گه‌ر ڕۆیشتیت، بڕیاری خۆت بوو. بۆ باوه‌ریی خۆت بوو. ڕێزم هه‌یه بۆت، به‌لام مافی مننه‌ت كردنت نی‌یه به سه‌رمان! هه‌ر ئه‌وه! **** هه‌ر شتێك بڕزێ، خوێی لێده‌ده‌ن، سه‌ڵا له‌و ڕۆژه‌ی خوێ بڕزێ: له ده‌رێ هه‌موو سوێند به سه‌ریی ده‌خۆن. ده‌چێته هه‌ر كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌یه‌ك جه‌ماعه‌ت "جووت پێ" له به‌ر پێی هه‌ڵده‌ستن، "مامۆستا گیان، مامۆستا گیان" كه‌ریی نێر نایكێشێت. ئه‌وه‌نده‌یی من بزانم به "ڕووناكبیر" ناویی ده‌ركردووه. ده‌لێن ژماره‌یی ئه‌و كتێبانه‌یی خوێندویه‌تێوه له هه‌زار تێپه‌ریوه. ده‌لێن "مشته‌ری" شه‌و و ڕۆژیی مزگه‌وتی گه‌ره‌که. ده‌لێن هه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌ك گرفتی هه‌بێت، هه‌ر ژن و مێردێك نێوان ناخۆشیان هه‌بێت، هه‌ر دایكوبابێك ده‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان، كچه‌كانیان موشكله‌یان هه‌بێت، ئه‌وه مامۆستا گیان یارمه‌تیان ده‌دا و تا ئێستا زۆر ژن و مێردی له "غه‌زه‌بی ته‌لاق" ڕزگار كردووه. مامۆستا گیان پیاوی ناو پیاوان، ته‌مه‌ن 59 ساڵ، بابی 6 منداڵ، كه چه‌ند مانگ پێش دووهه‌م ژنی ـ ته‌مه‌ن سی ساڵ ـ له كوردستان ڕا هێنا بوو، پێرێ ئه‌وه‌نده‌یی له كچه 23 ساڵه‌كه‌ی دابوو ته‌واویی له‌شی شین و ڕه‌ش هه‌ڵگه‌رابوو و خوێن له سه‌ر و لووتی ده‌هاته خوار ... ئه‌گه‌ر گرفتێكتان هه‌یه یان هاورێیه‌كتان ده‌وێ بۆ هاتوچوویی مزگه‌وت، بڵێن به مامۆستاتان بناسێنم!
December 26, 2003
ده‌زانی پێموایه هه‌موو شته‌كان له دابڕان را ده‌ست پێده‌كه‌ن. له دابڕان، دوور كه‌وتنه‌وه، جیا بوونه‌وه، ته‌نیا مانه‌وه. ڕێك وه‌ك ئه‌و كاته‌یی بێ‌ویستی خۆت له دایك ده‌بیت و ژنێكی پیر كه ناتناسێت و نایناسیی، دێت و ناوكت ده‌برێت و تۆش له هه‌موو شتێك بێ‌خه‌به‌ر دوایی نۆ مانگ و كه‌مێك چاوه‌روانی، له دایكت و له شوێنه گه‌رم و ته‌ڕ و له‌وانه‌یه خۆشه‌كه‌یی خۆت دادبڕێت و ده‌بیت به خۆت، ته‌نیا خۆت! ئه‌وه‌ش وات ده‌ترسێنێت كه ده‌ست ده‌که‌یی به گریان و ئێستا هیچ نه‌بووه به‌هانه‌یی باوه‌شیی ده‌گریت. باوه‌شیی تا ئه‌و ترسه‌ت تێدا بمرێنێت ... یان، له‌وانه‌یه ترس نه‌بێت ئێش بێت، پێت وانییه؟ ئه‌رێ باوه‌ڕ ده‌كه‌م ئه‌م جیا بوونه‌وه ده‌بێت ئێشی زۆر بێت ده‌نا گریان بۆ؟ له ده‌رێ باران ده‌بارێت. منیش هه‌ستی كه‌سێكم هه‌یه به ڕووتی له ژێر باران له سه‌ر به‌رزاییه‌ك وه‌ستاوه و هه‌ر دوو ده‌ستی وه‌ك دوو باڵ كردۆته‌وه و ئاماده‌یی فڕینه. له‌و به‌رزاییه را هه‌موو شتێك زۆر ورد دیاره، ئه‌وه‌نده ورد و دوور كه ئیتر لێیان ناترسیت. باران ده‌تخووسێنێت و ته‌زێك داگیرت ده‌كات. لێده‌گه‌رێی باران ده‌ست به ته‌واوی له‌شت دابێنێت و بتلاوێنێته‌وه. لێده‌گه‌رێی باران ته‌پ و تۆزی ڕوحت بشواته‌وه و سووكت كات. چاو له سه‌ریه‌ك داده‌نێیت و بیر له بوون ده‌كه‌یه‌وه تا هه‌موو به‌تاڵاییه‌كان، بۆشاییه‌كانی دوایی ئه‌م دابڕانه پڕ كه‌یه‌وه. بیر له بوون ده‌كه‌یه‌وه تا نه‌بوون و نه‌مانه‌كان له بیر خۆت به‌ڕییه‌وه... له سه‌ر ئه‌و به‌رزاییه وه‌ستاوم، ترسی دابڕان دیسان پڕی كردووم. بازده‌مه خوارێ؟ بفڕ‌م؟ یان له سه‌ر ئه‌م لێواره تیژ و باریكه بمێنمه‌وه؟ ڕووتم و باران ده‌مخووسێنێت، داده‌نیشم، خۆم گرمۆڵه ده‌كه‌م، چكووله ده‌بمه‌وه، زۆر بچووك، ده‌ڵێی تازه له دایك بووم، ده‌ڵێی دیسان ناوكم ده‌بڕن و دیسان من ده‌گریم و دیسان بیانووی باوشیی ده‌گرم تا ئێشی ئه‌م دابڕانه‌م له بیر به‌ڕێته‌وه. تا له باوه‌شیدا خه‌و بمباته‌وه و دوایی كه هه‌ستام ئه‌م ژانه نه‌مابێت ...
December 24, 2003
قالۆنچه‌كان و فێمینیسته‌كان و ... له بیرم نایه قه‌ت به خۆم گوتبێت فێمینیست. هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه هێشتا پێموایه ده‌بێت زۆر زۆرتری له سه‌ر بزانم دوایی وه‌ك باوه‌رێك هه‌ڵیبژێرم. به‌ڵام له‌وه‌تی له بیرمه باوه‌ڕم به‌وه بووه كه چوارچێوه په‌سه‌ندكراوه‌كان چ به به‌رژه‌وه‌ندیی من نی‌یه و له‌و كۆمه‌ڵگه به‌و كۆمه‌ڵگه ته‌نیا كورتی و درێژی په‌تی ده‌ست و پێ جیاوازه، ده‌نا نایه‌كسانی هه‌ر هه‌یه. هه‌ربۆیه‌ش باوه‌رێكی توند وتیژم به بوونی ڕوانگه‌یه‌كی "فێمینیستی" له كۆمه‌ڵگه و بۆ ژن و پیاو هه‌یه! به‌زمێكی ناخۆش، هه‌ره ناخۆش ئه‌وه‌یه كه ئێستا ناوێری هیچ بكه‌یی و هیچ بڵێیی دۆست و بێگانه وه‌ده‌نگ دێن كه: فێمینیستی؟! ده‌لێی حه‌زم له چێشت سازكردن نی‌یه! ده‌لێن ئاها تۆش لێمان بوویی به فێمینیست! ده‌لێی گووتنی فڵانه وشه بێ‌ڕێزی كردن به ژنه. ده‌لێن ده‌ست هه‌ڵگره له‌و فێمینیست و مێمینیستییه! ده‌ڵێی ژن ...، ده‌لێن ئه‌یی هاوار له ده‌ستی ئێوه فێمینیست جه‌ماعه‌ت. یا نا ده‌لێی: گوڵم (پیاوه‌که) لیوانێكم ئاو بۆ دێنیی؟ ده‌لێ: "تۆ كه باسی یه‌كسانی ژن و پیاو ده‌كه‌یی خۆت هه‌سته لیوانێك ئاو بێنه .... ئێستا خۆ هه‌ر به پێوه‌یی لیوانێكیش بۆ من بێنه! " دۆینێ ده‌گه‌ڵ دوو سێ چواردانه له هاورێیان دانیشتبووین و قسه‌یی خۆش و ناخۆشمان ده‌كرد و له دنیا بێ‌خه‌به‌ڕ، خه‌می ته‌واویی دونیامان چاره ده‌كرد كه له ناكاو نازانم له كوێرا یه‌ك قالۆنچه‌یی زۆر خوێنتاڵی ئێسك گرانی عاجباتی له سه‌ر مێزه‌كه‌مان په‌یدایی بوو و منیش و یه‌كێ‌تر له هاورێیان هاوارمان لێ به‌رز بووه و هه‌ر یه‌كه به لایه‌كیدا هه‌ڵاتین. له‌و ناوه‌دا "پیاوێكی زۆر پیاو" ده‌نگی به‌رز كرده‌وه كه ته‌ح له‌و فێمینیستانه‌یی! ئه‌وه به‌و حاڵه داوایی مافی خۆتان ده‌كه‌ن؟!!! له جه‌نگه‌یی ئه‌و به‌زم و ره‌زمه‌دا كه‌سێك زۆر به ئارامی پته‌یه‌كی له قالۆنچه‌كه دا و به سینگی كابراكه‌یی دادا، جێتان خاڵیی له ژیانما قیژه‌یی ئاوا "پیاوانه"مان نه‌بیستبوو كه بیستمان ... ئێستا حه‌ز ده‌كه‌م له فێمینیسته ڕاستییه‌كان بپرسم ئایا ئه‌وان له قالۆنچه ده‌ترسن یان هه‌ر ئێمه "جووجه فێمینیست"ین كه قالۆنچه هه‌ڵمانده‌به‌زێنێته‌وه؟ ئایا ئه‌و ژنه‌یی له قالۆنچه بترسێت قه‌ت به مافی خۆیی ناگات؟ ئایا بۆ گه‌یشتن به یه‌كسانی ژن و پیاو ده‌بێ هه‌موو ئه‌و قالۆنچه سه‌گ و سه‌گبابابه له‌ناو به‌رین؟ گه‌لۆ، له سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان فێمینیست و قالۆنچه چ وتار نووسراوه یا نا، بمده‌نێ بیخوێنمه‌وه با به نه‌زانیی نه‌مرم!
December 23, 2003
مڕۆڤ مافی خۆیه‌تی ده‌گه‌ڵ بیره‌وه‌رییه‌كانی ده‌سته‌ملان بێت. هه‌ركه‌س بۆ هه‌لاتن له چنگ تاڵییه‌كان یان بۆ نه‌شكانیی له ژێر قورسایی باڕیی ژیان هانا ده‌باته شتێك. یه‌ك خۆ نوقمی كار ده‌كات، یه‌ك به خواردنه‌وه و یه‌ك به خه‌و، یه‌ك به بێده‌نگی و هه‌ندێ خۆ له گێلی ده‌ده‌ن، هه‌ن ئه‌وانه‌ی حاشا له هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن و ئی‌واش هه‌ن "خواپێداون" و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دڵ ناده‌ن به كه‌س و به هیچ. یه‌كێكی وه‌ك منیش هه‌ندێ بیره‌وه‌ری خۆیی گوڵبژێر ده‌كات و وه‌ك تۆویی چاویی ئاگایی لێیان ده‌بێت! ژیان به‌ڵام چاوه‌رێی كه‌س نامێنێته‌وه. كێ هه‌یه ئه‌مه نه‌زانێت؟ ژیان ده‌گه‌ڵ بیره‌وه‌رییه‌كان هه‌ندێ جار یانی ڕۆچوون. ژیان ده‌گه‌ڵ یاده‌كان هه‌ندێ جار یانی وه‌ستان، زۆر ڕاسته، به‌ڵام ئاخر هه‌ندێ بیره‌وه‌ریی یانی مڕۆڤ خۆیی، یانی به‌شێك له "من"ی مڕۆڤ. هه‌ندێ بیره‌وه‌ریی ئاوێنه‌ن، خۆتی تێدا به‌دیی ده‌كه‌یی. هه‌ندێ بیره‌وه‌ریی هه‌ن پردن تۆ به خۆت ده‌گه‌یه‌ننه‌وه. پردن بۆ گه‌رانه‌وه‌ت بۆ ناخ، بۆ دۆزینه‌وه‌ی له‌ته ونه‌كان، بۆ پڕكردنه‌وه‌یی بۆشایی، هه‌ندێ بیره‌وه‌ریی دیوارن بۆ پاڵدانه‌وه، حه‌سانه‌وه، پشوودان. بۆم ده‌نووسیی:" تۆ كچی وڵاتی سوور و سه‌وز و زه‌ردی. خاكی ڕه‌نگ و گه‌رما. سه‌رما و تاریكی به به‌ژنی تۆوه نه‌براوه. ئێمه گه‌ڵی سه‌ما و شێعرین، له جنسی فرمێسك نین. گه‌ڵی ئێمه له‌و په‌ڕیی ناخۆشییه‌كان و ئه‌شكه‌نجه‌كان ئه‌ژنۆیی نه‌شكاوه و پشتی نه‌چه‌ماوه و پێكه‌نینی له بیر نه‌كردوه و تاڵ نه‌بووه. هه‌سته‌وه سه‌ر پێ. ئه‌گه‌ر ڕۆیی، نه‌وه‌ستا و له ناخۆشترین ڕۆژه‌كانی ژیانتدا نه‌ما و تێپه‌ر بوو، تۆش ئاوڕ مه‌ده‌وه و چاوه‌روانیی مه‌به ..." نازانم چۆن له من تێگه‌یشتوویی، به‌ڵام ده‌زانی هه‌ندێ جار ده‌بێت گرێی ئه‌و بوغزه‌یی ڕێ به هه‌ناسه‌ت ده‌گرێت، بكه‌یه‌وه تا نه‌تخنكێنێت. هه‌ندێ جار ده‌بێت چاو له چاویی تاڵترین بیره‌كانت ببڕیی تا ترست بشكێت. هه‌ندێ جار ده‌توانی فرمێسكه قه‌تیس ماوه‌كان بنووسیی ... بۆ نا؟ منیش سه‌رده‌مێ بوو عاشقانه‌م ده‌نووسی، عاشقانه بیرم ده‌كرده‌وه و عاشقانه ده‌ژیام، منیش سه‌رده‌مێك عاشق بووم ... بـــــــووم؟ نـــازانم! هه‌ندێ جار ده‌كه‌ومه گومان. ئێستا تاڵم، ده‌زانم. هه‌ندێ جار هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌وه‌نده ئه‌وینداری "ئه‌وینداربوونم"، ئه‌وه‌نده عاشقی "عاشق بوونم" كه كه‌م تا زۆر له ڕاستییه‌كان دوور بوومه‌ته‌وه. پێموایه منیش له شێت بوونه‌كانی خۆمدا دڵداریم كردووه، عاشق بووم و عاشقانه گریاوم. ده‌زانی وا هه‌ست ده‌كه‌م كۆتایی هه‌موو چیرۆكه‌كان وه‌ك یه‌كه. هه‌موو قاره‌مانه‌كانیی چیرۆكه‌كان "ڕێبوارن"، هه‌موو دێن تا بڕۆن، وه‌ك بڵێی ئه‌وه ویست و ئه‌وین نی‌یه كه مه‌رجی مانه‌وه‌یه... ده‌بێ له جنسێكی‌تر بیت، ساكاریی دڵ و هه‌ست، شێتانه خۆشویستن و ... ئه‌وانه هین دنیایی ئه‌فسووناوی خه‌یاڵن. مانه‌وه وه‌ك شتێك ئیتر مانایه‌كی نی‌یه. ماوه‌یه‌كه وه‌ك شتێك توڕه‌م. وشه‌كان تێكه‌ڵی تاڵییه‌كی نامۆ ده‌بن. من حه‌ز ناكه‌م ڕه‌نگیان كه‌م، با چۆنن هه‌روا له دایك بن. زۆرجار حه‌ز ده‌كه‌م بڕووخێم و بڕووخێنم، حه‌ز ده‌كه‌م هیچ له پشت سه‌رم نه‌هێڵم. حه‌ز ده‌كه‌م وشه‌كان تاڵترین بن، وه‌ک نووكی چه‌قۆ تیژبن، بریندار بكه‌ن. ئیتر با شه‌رم مانایه‌کی نه‌مێنێت، عه‌یبه نه‌بێت. زۆرجار حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌و كاره‌یی "زوربا" ده‌گه‌ڵ گێلاسه‌كانی كرد، من ده‌گه‌ڵ توڕه‌یی خۆمی بكه‌م! ماندووم. به‌ڵام ماندوویی به مانایی ناهومێدیی نی‌یه. ئه‌وه‌یی له‌بیر مه‌که! ماندووم، وه‌ك بڵێی هه‌موو چیا به‌رداوییه‌كانی كوردستان به‌سه‌ر منا ڕووخاون و من هه‌ناسه‌م نایه‌ته ده‌ر، به‌ڵام... به‌ڵام ورده‌و، ئـــــــــازادم. ئـــازاد له هه‌ر په‌تێكی له ده‌وری ده‌ستو پێم گرێ درابێت. ئازادم، بێ‌ئه‌وه‌یی هه‌ست بكه‌م به شتێك، یان به كه‌سێك یان به هه‌ستێك كه نامه‌وێت گرێ درابێم. ئێستا ئه‌گه‌ر دڵته‌نگی ئه‌وم، دڵته‌نگییه‌كه‌م له جنسی نیاز و ناچاریی نی‌یه، هه‌موو ویسته. ویستی بوونیی. هه‌ر ئه‌وه!
December 21, 2003
ده‌زانم تا تله‌فوون بۆ كوبی نه‌كه‌م و پێی نه‌لێم گه‌ێشتوومه‌ته‌وه خه‌وی لێناكه‌وێت. ده‌زانم شه‌و دره‌نگه و من ده‌بێ به په‌له په‌ل خۆم بگه‌ینمه‌وه ماڵ و ده‌رگای له سه‌رخۆم داخه‌م، چونكه ژن نابێت به شه‌و، ئه‌ویش شه‌و دره‌نگان له ده‌رێ بێت. ده‌زانم به‌و سه‌رما سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یی له ناكاو خۆیی به سه‌ر شاردا سه‌پاندووه و من كه جلی زۆر گه‌رمم له به‌ردانییه، نه‌خۆش ده‌كه‌وم. ده‌زانم ده‌با ئێستا له ناو پێخه‌ڤه سارده‌كه‌ما ڕاكشابام، كتێبێكی قه‌به‌یی زلم به ده‌سته‌وه گرتبا با خه‌وم لێبكه‌وێت، ده‌زانم ... به‌ڵام ناتوانم په‌له‌یی بكه‌م، هه‌نگاوه‌كانم ده‌گه‌ڵم نایه‌ن. شه‌و له نیوه لایی داوه و من هێشتا ورده ورده له ژێر نه‌رمه بارانێكی سارد، ئه‌و جاده چۆڵه ده‌پێوم و خه‌یاڵم نازانم له كوێ ده‌خولێته‌وه. ناتوانم په‌له‌یی بكه‌م، هه‌ر دوو ده‌ستم له ناو گیرفانه‌كانی پاڵتۆكه‌مدا ده‌شارمه‌وه و هێدی هێدی تێكه‌ڵی ڕه‌شایی شه‌و ده‌بم و له ژێر باران، له ژێر ئاسمانێكی ڕووت ڕووت، له ژێر هه‌ندێ هه‌وری ڕه‌شی چڵكندا ده‌ڕۆم و ده‌ڕۆم و ... هه‌ر ده‌ڕۆم و ناگه‌مێ. هه‌ر ده‌ڕۆم و وه‌ك بڵێی ئه‌و جاده‌یه قه‌ت كۆتایی نایه‌ت له ژێر پێم‌دا ده‌کێشرێته‌وه و درێژتر ده‌بێته‌وه. هه‌ر ده‌ڕۆم و ده‌نگی پێی هه‌نگاوه‌كانی خۆم ناناسمه‌وه. هه‌ر ده‌ڕۆم وبه خۆم ده‌لێم ده‌یی ئه‌گه نه‌زانی به‌ڕه‌و كوێ به‌رێوه‌ی چۆن ده‌ته‌وێ بگه‌یه‌یی ... ناتوانم په‌له‌یی بكه‌م. ده‌زانم كوبی چاوه‌رێیه تله‌فوون بكه‌م بڵێم "به سڵامه‌ت" گه‌یشتمه‌وه ماڵێ. ده‌زانم، هه‌زارجاریان به منی بێ گوێ گوتووه ژن نابێ به ته‌نیا بچێته ده‌ر. ده‌زانم نه‌خۆش ده‌كه‌ووم ... له‌عنه‌ت له تۆ، به قه‌د بێ‌كۆتاییه‌كان بیرت ده‌كه‌م. له‌عنه‌ت له تۆ كه بێ‌خه‌به‌ر هاتی و بێ‌خه‌به‌ر ڕۆیشتی. له‌عنه‌ت له تۆ كه ڕۆیشتی ... له‌عنه‌ت له تۆ كه من ئه‌وه‌نده‌ت بیر ده‌كه‌م. له‌عنه‌ت له تۆ كه ئه‌وه‌نده‌م خۆشده‌وێی. بڕیا زانیبات كه چه‌نده‌م ڕق لێته كه ڕۆیشتیی ... ڕقم لێته كه لێره نیت ... ڕقم لێته كه بیرت ده‌که‌م ... دایكم كراسه وه‌نه‌وشه‌یه‌كه‌ی له‌به‌ر دایه. قژی سپی و خاویی له ژێر لێچكه سپییه‌كه‌ییه‌وه ڕژاوه‌ته ده‌رێ. ئه‌گه‌ر بگه‌مێ سه‌ر له سه‌ر سنگی دانێم، ئه‌گه بگه‌مێ بۆن به به‌ڕۆكییه‌وه بكه‌م، ئه‌گه بگه‌مێ مستێ بۆنی مێخه‌ك له ناو سینگی دایكم بدزم ... ده‌زانی بیری كه‌یی ده‌كه‌م، ئه‌و ئێواره‌یی چراكان كوژابوونه‌وه، من به تاریكی له پێش په‌نجه‌ریی ژوورێ وه‌ستابووم چاوم له ده‌رێ ده‌كرد. تۆ هاتیی، له پشته‌وه‌ڕا له باوه‌شت كردم، بۆنت به قژمه‌وه كرد ... نا، ئه‌و ئێواره‌یی چاومان له فیلمی The Green Mile كرد ومن بۆ John Coffey گریام ... نا، ئه‌و شه‌وه‌یی سه‌رم له سه‌ر ڕانت دانا، تۆ كایه‌ت به قژم ده‌كرد ومن خه‌وم لێكه‌وت ... نا، ئه‌و شه‌وه‌یی تا به‌یانیی له ناو باوه‌شتدا ئه‌ستێره‌م ده‌ژمارد... نا ... له‌عنه‌ت له تۆ ... ئه‌و ده‌ڵێ ئه‌و "خه‌ماوی‌ترین" زه‌رده خه‌نه‌یی دونیایه‌ت له كوێرا هێناوه؟ من ده‌ڵێم مه‌دره‌سه‌كان كه‌یی ده‌كرێنه‌وه!؟ ئه‌و ده‌ڵێ: بێده‌نگیی هه‌میشه نیشانه‌یی نه‌بوونی قسه نی‌یه، شتێك بڵێ! من ده‌ڵێم : زستانی ئه‌و ساڵ سه‌یر سه‌ریی لێشێواوه! ئه‌و ده‌ڵێ: ده‌گه‌ڵ هه‌ستی خۆشه‌ویستیت به شه‌ڕ مه‌یه! من ده‌ڵێم : بڕیا توانیبامان هه‌والێكی مینا بزانین! ئه‌و ده‌لێ : بۆ ده‌بێ بێ‌تاوانێك ساز بدرێت؟ من ده‌لێم : دێی هاوینێ بگه‌رێینه‌وه بۆ كوردستان؟ ده‌زانی گوڵه زه‌رده‌كانی گوڵدانه بچووكه‌یی داتمێ هێشتا وشك نه‌بوون؟ له‌عنه‌ت له تۆ، له گوڵه‌كانت، له گوڵدانه‌كه‌ت، له جێی خاڵیت ... له‌عنه‌ت له من كه بیرت ده‌كه‌م. له‌عنه‌ت له من كه خۆشمده‌وێی ...
December 18, 2003
من نازانم سروشت له ڕووی چ یاسایه‌ك ده‌سوورێت، من نازانم كێ یاسایی هاتن و ڕۆیشتنی وه‌رزه‌كان داده‌ڕێژێت، هه‌رچی بێت و كاری هه‌ر كه‌س بێت، چه‌ند ڕۆژێكه سه‌یر سه‌ریی له شێواوه و هه‌وا به شێوه‌یه‌کی زۆر گومان لێكراو خۆشه! ئه‌وه‌نده خۆش كه بۆ كه‌سێكی وه‌ك من كه ئیتر حیسابی تێپه‌ڕ‌بوونی ڕۆژه‌كانی بۆ گرنگ نی‌یه، زۆر دژوار نی‌یه باوه‌ر بكه‌م ئێستا سه‌ره‌تایی به‌هاره و زستان هه‌زار ساڵی‌تریش پێی ناگاته ئێره! به‌یانییان زۆر زوو كه ده‌چمه ده‌ر، سییه‌كانم پڕ‌ده‌كه‌م له هه‌وای به‌هار و ورده ورده تا ده‌گه‌مه‌وه پێی مه‌ست مه‌ست ده‌بم. ئه‌وه‌نده مه‌ست كه ئیتر هێزی ئه‌ژنۆم نامێنێت و زۆری پێناچێت ده‌بینم زه‌ویی و هه‌رچی ژانه به جێم هێشتووه و گه‌یشتوومه‌ته ئاسمانی حه‌وتووم یان نازانم چه‌ندم ... ئێستا كه هه‌وا ئه‌وه‌نده خۆشه و ئێستا كه من ته‌واوی بۆشاییه‌كانی ڕوح و دڵ و گیانم به‌و هه‌وا خۆشه پڕ‌كردۆته‌وه، ئه‌وه‌نده پڕ كه مه‌ستی كردووم، با شتێك بڵێم؛ ده‌ڵێن مه‌ستی و ڕاستی! ده‌زانی، من زۆر ده‌تــــــــــرسم! قه‌ت وه‌ك ئه‌مڕۆژانه‌یی ژیانم هه‌ستم به ترس نه‌كردووه. ترس له كێ و له چی؟ ... ترس له ڕامان، له وه‌ستان و بیر كردنه‌وه، ترس له‌وه‌یی چركه‌یه‌ك ڕاوه‌ستم، بیر بكه‌مه‌وه و ئه‌و هه‌موو نه‌بوونانه دیسان ئه‌ژنۆم بشكێننه‌وه... ترس له ماندوویی، ترس له دیسان دۆڕاندن، ترس له دیسان "درۆ" بیستن، ترس له بێ‌باوه‌ڕیی، ترس له ته‌نیایی ... ئه‌وه‌نده ده‌ترسم كه ناوێرم بۆ یه‌ك چركه‌ش ڕاوه‌ستم و پشوویه‌ك بده‌م، ئه‌وه‌نده ده‌ترسم كه پێموایه ده‌بێت تا ئاخر چركه‌یی ژیانم بێ‌ئاوڕدانه‌وه بچمه پێش تا كه‌س نه‌توانێت دیسان ئاوا ئازام بدات ... **** من نازانم بڕیارت داوه تا كه‌یی له ناو كۆڵانی زه‌ینمدا بێی و بچی و لێم نه‌گه‌رێی شه‌وانه چاو له سه‌ر یه‌كدانێم. نازانم بڕیارت داوه تا كه‌یی به ڕۆژ وه‌ك خه‌یاڵێكی لاسار به‌دواما بێیت و شه‌وانه وه‌ك تاسه له ئامێزم بگریی... نازانم كه‌یی ماڵی دڵم به‌جێ دێڵیت ... له بیرت بێت ئه‌مجاره‌یان وه‌ك جاریی پێش بێ‌خه‌به‌ر نه‌ڕۆیت با من ئیتر چاوه‌رێی گه‌رانه‌وه‌ت نه‌بم ... **** وا وێده‌چێت بـــــــــــۆ بیـركردنه‌وه له‌و بڕیاره‌یی بۆ باقی ژیانم ده‌بێ بیده‌م، به قه‌د ته‌واوی باقی ژیانم كاتم پێویسته ...
December 16, 2003
سایتی كــــــــــوردئای‌تی گروپ ده‌كه‌مه‌وه، خۆی ده‌چێته سه‌ر لاپه‌ڕه‌یی هه‌واڵه‌كان. به‌رده‌قــــــــــــانی نووسیوێتی مژده و له بیر چووه بنووسێت مژده‌یی چی ... دواتر هه‌واڵی گیرانی سه‌دام و وێنه‌كانی. دڵی منیش وه‌ك بڵێی باری ته‌واوی دونیایی له سه‌ره خه‌ریكه گیان ده‌دا. تی‌ڤی، ئینتێرنێت، رادیۆ، چه‌ند تله‌فوون. دیسان هانا دێنمه‌وه بۆ ساتی كورد ئای‌تی. چه‌ند وێنه‌یی تر... منیش ته‌نیا به ناو هه‌واڵنه‌ره جۆر به‌جۆره‌كانا ده‌گه‌رێم. باوه‌ر ناكه‌یی ئه‌گه‌ر بڵێم چه‌ند گریام. ئێستاش نازانم بـــــــــــۆ من له پڕ دڵم ئه‌وه‌نده پڕ بوو. بۆ من له پڕ به سه‌ر هه‌موو ساڵانی ژیانما چوومه‌وه ... ده‌زانی ناویی به درێژایی ته‌مه‌نم ده‌گه‌ڵما بووه؟ ده‌زانی سێبه‌ری وه‌ك خه‌ونه ناخۆشه‌كه‌ی شه‌وانی ژان و تا ده‌گه‌ڵما بووه؟ وێنه‌كه‌یی، هاواریی عه‌ره‌به‌كان و چه‌پڵه رێزانیان، شایی و هه‌ڵپه‌ركه‌یی كورده‌كان و ئاڵای كوردستان و ... ده‌ڵێ خۆ تۆ خه‌ڵكی باشووری كوردستان نیت، تۆ بـــــــــۆ؟ ده‌ڵێم قسه له سه‌ر ئێمه و ئه‌وان نی‌یه. قسه له سه‌ر باشور و ڕۆژهه‌لات نی‌یه. قسه له سه‌ر به‌شێك له میلله‌تی منه كه بێ‌سه‌ڕ وشوێن چووه. قسه له سه‌ر ژنان وكچانی ئه‌نفاله، قسه له سه‌ر زارۆكێكی بێ‌گیانه له ئامێزی باوكی له سه‌ر شه‌قامێكی خۆڵاویی حه‌له‌بجه. قسه له سه‌ر منه، منی كورد... لێم دڵگیر ده‌بیت ئه‌گه‌ر بڵێم من ناتوانم وه‌ك ئێوه شاد بم؟ لێم دڵگیر ده‌بیت ئه‌گه‌ر بڵێم من هه‌ڵنه‌په‌ڕیم، من پیرۆزباییم له كه‌س نه‌كرد؟ سه‌دام گیرا، So what ؟ چاره‌نووسی سه‌د و هه‌شتا هه‌زار ئه‌نفال كرا‌و ده‌گۆڕدرێت؟ برینه‌كان سارێژ ده‌بن؟ ئه‌و كچ و ژنانه‌یی فرۆشتراون، ئاواره بوون، بێ‌سه‌ر و شوێن چوون ده‌حه‌سێنه‌وه؟ سه‌دام نه‌مێنێت، سه‌دام نه‌ما، كورد به ئاواته‌كانی ده‌گات؟ كوردستان ئازاد ده‌بێت؟ یان له چوارچێوه‌یی عێراقی سه‌ربه‌خۆدا ده‌توێنه‌وه؟ ده‌توێینه‌وه؟! تۆڕه مه‌به، گیرانی سه‌دام خۆشترین هه‌واڵی ساڵ بوو. به‌لام برینه‌كانی میلله‌تی من قوڵتره له‌م شتانه! *** ئاخرێكه‌یی نه‌تكرده نامردیی مستر بووش. گرتت. ده‌ست خۆش! سوپاس، تۆ نه‌بایی ئێمه‌مانه چیمان كردبا؟ یان ... ئێمه نه‌باین تۆ به‌راست چیت ده‌كرد؟ نانت چۆن له ڕۆن ده‌كه‌وت؟ چۆن ده‌بوویی به قاره‌مان؟ سوپاسمان ناكه‌یی؟ ده‌ڵێم نه‌ده‌كرا پێش ئه‌وه‌یی ژن و پیاو منداڵ و گوڵ و دار و باڵنده‌كانی هه‌له‌بجه ده‌بوون به خه‌ڵۆز، پێش ئه‌وه‌یی سه‌دام به‌یانییه‌ك له خه‌و هه‌ستێت و بڕیاری ئه‌نفال بدات، پێش ئه‌وه‌یی ... پێش ئه‌وه‌یی ... كارێكت كردبا؟ ده‌ڵێم خۆ ئه‌وكات من منداڵ بووم و شاره‌كه‌میان بۆمباردمان كرد، ئه‌و كات كه بۆمبه‌كانی سه‌دام... ببووره بۆمبه‌كانی تۆ به ده‌ست سه‌دام هات و شه‌پۆل و شه‌رمین-یان كوشت، تۆ دیار نه‌بوویی كارێك بكه‌یی! ئه‌وكات كه مه‌لاكان به نه‌ورۆزی خوێناوی په‌نجاو هه‌شتی سنــــــــــه لاپه‌ڕه‌كانی مێژوویی منیان سوور كرد، ئه‌و كات كه سه‌قز و سابلاغ و بۆكان ببوونه مه‌یـــــــــــدانی له سێداره‌دانی لاوه‌كان، تۆ كاربه‌ده‌ست نه‌بوویی تا پێشیان پێبگریی! ناكرێ ئێستا ... ده‌ڵێم ناكرێت ئێستا پێش ئه‌وه‌یی زۆر دره‌نگبێت، پێش ئه‌وه‌یی پێنج هه‌زار مرۆڤی‌تر ببن به خه‌ڵۆز، پێش ئه‌وه‌یی سه‌وزایی نه‌ورۆزه‌كان سوور هه‌ڵگه‌رێت، پێش ئه‌وه‌یی .... یان ده‌بێت چاوه‌رێ بین یانزده‌ی سێپتامبرێكی‌تر ... ؟ یان جارێ مه‌لاكان خێری خۆیانت پێده‌گه‌یێنن ؟ نازانم پیرۆزبایی له كێ بكه‌م؟ بووش موسته‌حقتره! ده‌زانیی ده‌سكه‌وتی بووش له‌م كه‌ینه و به‌ینه‌دا له هین هه‌موومان زۆرتره؟ ده‌زانی ته‌نیا ئه‌وه قازانجی كردووه؟ لێم توڕه ده‌بیت ئه‌گه‌ر بڵێم بڕیا یانزده‌یی سێپتا‌مبر قه‌ت نه‌با یان زۆر زۆر زۆر زووتر ببا ... ؟ ئاخر له دڵم ده‌رناچێت، ئه‌و هه‌موو كوشتن و بڕینه، ئه‌و هه‌موو ده‌ستدرێژی پێكردنه، ئه‌و هه‌موو زینده به‌چاڵ كردنه، ئه‌و هه‌موو ئاواره كردنه، ئه‌و هه‌موو سووكایه‌تی پێكردنه، ئه‌و هه‌موو ... بووش بووه به قاره‌مان، سه‌دام و مه‌حكه‌مه‌یه‌كی عادلانه، كورد و چوونه‌وه‌یی ژێر ئاڵایه‌ك غه‌یری ئاڵای كوردستان ... .... دڵگیر ده‌بیت ئه‌گه‌ر بڵێم ڕشانه‌وه‌م دێت چۆن یه‌كیتر به نرخی خوێنی میلله‌تی من ده‌بێت به قاره‌مان؟ ...... یه‌كێك به من بڵێت هێشتا هیوایه‌ك هه‌ر هه‌یه ... !
December 13, 2003
هه‌ر مڕۆڤێك جار نا، پێویستی به بێده‌گیی هه‌یه. جار هه‌یه حه‌ز ناكه‌یی قسه بۆ كه‌س بكه‌یی یان كه‌س قسه‌ت بۆ بكات. جار هه‌یه ته‌نانه‌ت پێویستیت به‌وه نی‌یه كه‌س لێت حاڵی بێت... ته‌نیا و ته‌نیا بێده‌نگیت ده‌وێت تا بتوانی ده‌نگی خۆت ببیستی... ڕیك وه‌ك ئێستایی من. ئه‌و ده ساڵه‌یی ئاخری ژیانم وایی كردووه كه من باوه‌ڕم به هه‌ندێ شت هێناوه. باوه‌رێك كه ئه‌م ڕۆژانه زۆر سه‌یر چوونه‌ته ژێر پرسیار و وه‌ك شتێك دیواره‌كان یه‌كه یه‌كه ده‌ڕووخێن. "منی" بێ‌باوه‌ڕیش وه‌ك پشیله‌یه‌ك سمێلیان قرتاندبێت، وایه. بالانسی نامێنێت، بالانسی نه‌ماوه. ماوه‌یه‌كه ته‌نانه‌ت به پرسیارێكی ساكار وه‌ك "چۆنیی؟"، یان "چ باسه له لایی تۆ؟" سه‌یر هه‌ڵده‌چم! نه‌ک بڵێی توڕه ده‌م یا شتێك، نا. دڵم پڕ ده‌بێت و چاوم ته‌ڕ. ماوه‌یه‌كه زۆربه‌یی شته‌كان له ون بوونیاندا مانا په‌یدا ده‌كه‌ن. ماوه‌یه‌كه ئاواته‌كان زۆرتر ده‌بن به بیره‌وه‌رییك تا دواتر ببن به چه‌ند وێنه‌یی خۆڵاویی بۆ سه‌ر مێزه‌كه‌م ... یان جێ پێی چه‌ند یادێك له گۆشه‌یه‌كی كه‌س پێنه‌زانی مێشكم. وانییه بڵێم شتێكی تازه ڕووی داوه، كه ڕه‌نگه بۆشاییه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌و ڕوونه‌دانی شتێكی تازه بێت! ئێستا پێت وانه‌بێت دوو ئه‌ژنۆم له باوه‌ش گرتووه و سه‌رم ناوه‌ته سه‌ر چۆكم و به ده‌نگی جوان حاجو خۆم ڕاده‌ژێنم و ده‌گریم... پێت وانه‌بێت چراكانم كوژاندۆته‌وه و له ژێر په‌توو شینه‌که‌م هه‌نیسكان ده‌ده‌م و...! نا، هه‌ر زۆر بێتاقه‌تم. زۆر ماندووم. ده‌لێی بڕێنه‌کانی ئه‌و ده ساڵه‌یی ئاخری ژیانم هه‌مووی یه‌کجێ كوولاونه‌ته‌وه ... ئێستا زیاتر له هه‌موو شتێك پێویستم به بێده‌نگیی هه‌یه نه‌ک به ته‌نیایی، سه‌یره نا؟ ئه‌رێ خۆشم به لامه‌وه شتێكی زۆر ئاسایی نی‌یه. به‌ڵام پێویستیم به بوونی كه‌سێك هه‌یه. نه‌ك بۆ گوتن یان بیستن، ته‌نیا بۆ بوون. بۆ هه‌ست پێكردن. ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یی ده‌نگی تێپه‌ڕ‌بوونی زه‌مان ئه‌وه‌نده‌م نه‌ترسێنێت. كه‌سێك كه پێویستی به لێكدانه‌وه‌یی هۆیی بێده‌نگییه‌كان نه‌بێت. كه‌سێك كه له بێده‌نگیی نه‌ترسێت، نه‌مترسێنێت ... ئـــــــای كه بیـــــــــــــری باوه‌شیی دایكم ده‌كه‌م. ناكڕێت له ڕاستییه‌كانی ژیان خۆ بشارینه‌وه. هه‌موو ڕووداوه سه‌یر و سه‌رسووڕ هێنه‌رێكیش هین ناو چیرۆكه‌کان نین، یان چۆن بڵێم، سه‌یر نی‌یه ڕۆژێك چاو بكه‌ینه و خۆمان له ناو گه‌رده‌لوولی ڕووداوێكی ئاوادا ببینینه‌وه. جوان كه لێی ورد بینه‌وه، ده‌بینین شته‌كان ساكارتر له‌وه‌ن كه پێمان وابووه یان پێمان وایه! یان لانی كه‌م ... هه‌ر لێی گه‌رێ! هه‌موو شتێ هێشتا هه‌ر سه‌یره. هێشتا من نابێ بیدركێنم كه ده‌زانم. هێشتا نازانم شته‌كان له كوێرا ده‌ستیان پێكرد، چۆن وایان لێهات، بۆ وایان لێهات؟ له نێوان به‌رانگاربوونه‌وه و هه‌ڵاتن، من هه‌ڵاتنم هه‌ڵبژارد ... باشتر بڵێم، ئه‌وه ته‌نیا ڕێگه بوو... شتێك بۆ خۆت ساز ده‌كه‌یی. قه‌ڵایه‌ك... هیوایه‌ك، مانــــــــایه‌ك، ده‌یكه‌یی به بناغه‌یی باوه‌ره‌كانت، ژیانت! گیرۆداویی ده‌بیت... له ناكاو چاو ده‌كه‌یه‌وه و ده‌بینی هه‌موو ئه‌و بورج و قه‌ڵایه‌ت له سه‌ر لم ساز كردووه و نه‌رمه بایه‌كی به‌س بوو بۆ ڕووخان و ته‌نیا شتێكی بۆت ده‌مێنێته‌وه ته‌پ و تۆزیی دوایی ڕووخانه كه پێش چاوت ده‌گرێت و وشكاییه‌كه كه خه‌ریكه ده‌تخنكێنێت ... ده‌تویست باوه‌ر بكه‌م كۆتایی چیرۆكه‌كان به ده‌ستی من و تۆ نی‌یه. ده‌تویست باوه‌ر بكه‌م ترس به هێزتره له ویست. ده‌تویست باوه‌ر بكه‌م و منیش، چۆن بڵێم ... ئه‌وه خه‌ریكم وه‌ك تۆم لێدێت! ڕووداوه‌كانی ژیان هه‌ندێ جار چاوه‌ڕوان نه‌کراون. ئه‌و شته‌یی من باوه‌ڕم پێی نه‌بوو و قه‌ت بیرم لێنه‌ده‌كرده‌وه قه‌زا و قه‌ده‌ر و چاره‌نووس بوو. له بیرم چووبووه یان فێـــــــــــــر نه‌بووم ده‌وری قه‌زا و قه‌در له هه‌وراز و نشێوه‌كانی ژیان له به‌رچاو بگرم. منی شێت! پێموابوو منی مرۆڤ خۆم چاره‌نووسه‌كه‌م هه‌ڵده‌بژێرم! با وابێت، نه‌خه‌مه! با هه‌موو شتێك، با هه‌موو كۆتاییه‌كان له ده‌ست من و تۆدا نه‌بێت. به هه‌رحال من و تۆش و هه‌موومان ته‌نیا ئه‌كته‌ری سه‌ر شانۆین و ده‌رهێنه‌رێك كه عه‌قڵ و مێشك و هه‌ستی هه‌یه پێمان ده‌لێت چی بكه‌ین و چۆن بكه‌ین ... وه‌نێ؟ هه‌موو شتێ كاڵ ده‌بێته‌وه. په‌له‌م لێ مه‌که! ورده ورده. هێدی هێدی! ڕۆژێك دێت تۆزقاڵه ڕه‌نگێكیش له هیچ كه‌لێن و قوژبنێك به‌دیی نه‌كه‌ین. بێ‌ڕه‌نگ و مردوو ... لێوڕێژ له هیچ! به‌تاڵ له " ئێمه". په‌له‌م لێ مه‌كه ...
December 9, 2003
به‌ڕێز ویكتۆر هۆگۆ ، ئه‌م كاته‌ت باش! شه‌و دره‌نگایه‌كی پایز وه‌ك ئێستا، تۆ لێره بایی چیت ده‌كرد؟ تۆش دڵت ده‌گیرا؟ تۆش لاپه‌ره زه‌رد هه‌ڵگه‌راوی بیره‌وه‌رییه‌كانت هه‌ڵده‌داوه؟ یان داده‌نیشتی چاره‌نووسێكی‌ترت بۆ دایكی Couzet داده‌رشت؟ لێره بایی درێژه‌ی چیرۆكی "بێنه‌وایان"ت ده‌نووسی؟ یان باوه‌رت ده‌كرد "Couzet" هینده زۆرن ئێستا، كه ئیتر كه‌س بۆ سه‌ر په‌نجه سوڕهه‌ڵگه‌راوه‌که‌ی و كوڵمه ته‌زیوه‌كه‌ی دڵی ناسووتێت؟ دانیشتم ده‌گه‌ڵ سانا چاوم له The Hunchback of Notre Dame كرد، نازانیی، هێشتا دوو ڕۆژ تێنه‌په‌ڕیوه، بیریی"كواسیمۆدۆ"م كردووه. یا نا، ڕاستیت ده‌وێت"كواسیمۆدۆ"كانی كوردستان بوون به قاره‌مانه‌كانی چیرۆكی من ... منیش هه‌وڵم دا كۆتایی چیرۆكه‌كه‌م جۆرێك فێنكایی هیوایه‌ك له دڵا زیندوو كاته‌وه. گه‌وره‌م شه‌ره‌مه‌زاری تۆش بووم ، بۆم نه‌كرا! دیم سه‌یریش نی‌یه. من له وڵاتێك هاتووم قاره‌مانه‌كانی ده‌بن (یان ده‌یان كه‌ن) به "كواسیمۆدۆ" و كواسیمۆدۆی تۆ بوو (یان كردیان) به قاره‌مان! په‌توو شینه‌كه‌مان به خۆمان دادابوو. سه‌ری خستبوو سه‌ر سینگم و ده‌ستی توند له باوه‌ش گرتبووم. بڕیا خۆشت ده‌گه‌ڵ بایی، بریا ده‌گه‌ڵ بایی و دیبات چۆن سانا له شه‌قامه‌كانی پاریس ده‌گه‌ڵ ئێسمێرالدا، كچه جوانه قه‌ره‌جه‌كه سه‌مایی ده‌كرد، چۆن بۆ دڵته‌نگییه‌كانی كواسیمۆدۆ دڵته‌نگ ده‌بوو و چۆن به شیرن كارییه‌كانی بزن و هاوڕێ خه‌یاڵییه‌كان پێده‌كه‌نیی. سانا به درێژایی فیلمه‌که له شه‌قامه‌كانی پاریس ده‌خوولاوه و قورسایی خه‌می و شادی دونیایه‌كی بۆت ساز كردبووین له سه‌ر شانه‌كانی ئه‌وه بوو. ده‌زانی له چی ده‌ترسم؟ ده‌ترسم سانا و ساناكان به دیتن و بیستنی چیرۆكه‌كانی تۆ باوه‌ر بكه‌ن هه‌موو چیرۆكێك به خۆشی ته‌واو ده‌بێت و هه‌موو ده‌گه‌ن به‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت! ده‌ترسم باوه‌ر بكه‌ن ته‌نیا دڵێكی پاك و هه‌ستێكی قوڵ به‌سه بۆ ئه‌وه‌یی نه‌یه‌ڵیت جوانییه‌كان بمرن. ده‌ترسم باوه‌ر بكه‌ن دنیایی گه‌وره‌كانیش وه‌ك دونیایی ئه‌فسووناوی خۆیان بێ‌گه‌رده. ده‌ترسم .... نازانم بۆ ده‌بێت جیاوازییه‌كان ئه‌وه‌نده گه‌وره بن. نازانم بۆ كوڕه پشت چه‌ماوه‌كه‌ی تۆ له چنگ تاریكی ڕزگاری دێت و ده‌بێت به خۆشه‌ویستی میلله‌ته‌كه‌ی و كوڕه پشت چه‌ماوه‌كه‌ی ئێمه ده‌بێته گه‌پجاری عاڵم و هه‌تا هه‌تایه له تاریكی ته‌نیایی خۆیدا ده‌توێته‌وه. نازانم بۆ كۆزێتی تۆ توشی به ژان واڵژان ده‌بێت و دواتر گیرۆداویی ئه‌وینی كوڕێكی جوانی دڵپاك ده‌بێت و كۆزێته‌كانی ئێمه ده‌ست درێژیان پێده‌كرێت و سه‌ریان ده‌بردرێت و ... نا، ئیره‌یی به قاره‌مانه‌کانی تۆ نابه‌م، ته‌نیا ... بڕیا... چۆن بڵێم ... بڕیا چیرۆكه‌كانی سه‌رده‌میی ئێمه‌ش ئاوا كۆتایی هاتبا! ڕه‌نگه خۆت باشتر بزانی، ئێستا " فرۆلۆس"ه‌كان قۆڵیان بۆ بڕینی سه‌ری باوه‌ڕمان هه‌ڵماڵیوه و له سه‌ر ژیانی پشتكوڕه‌كانی سه‌رده‌می ئێمه، كه‌س فیلم ساز ناكات. ئیتر بۆ دینتی "كۆزێت" ه‌كان، كه‌س لاپه‌ره‌كانی كتێبه كۆنه‌كان هه‌ڵناداته‌وه. شه‌قامه‌كانی شار پڕن له دایكی كۆزێت، "ژان واڵژان"ه‌كان لێره و له‌وێ خۆیان مات كردووه بۆ دزینی له‌تێك نان یان فرۆشتنی ئه‌ندامێكی له‌شیان ... "ژوار" تا بڵێی زۆره ... ئه‌وه‌نده زۆر كه ئیتر كه‌س له بوونیان سه‌ری سوڕ نامێنێت. كورتی كه‌مه‌وه، ده‌مویست داوات لێبكه‌م بێی سه‌ردانێكمان بكه‌یی. به‌ڵام ... نا، ئه‌و شوێنه‌یی خۆت شتێكی هه‌یه له لای ئێمه وه‌چنگ ناكه‌وێت! قه‌رار نه‌بوو ئاوا زۆر بنووسم ... باقی قسه‌کانم ڕاده‌گرم بۆ كاتێ یه‌كمان دیت!
December 7, 2003
ژیان له سه‌حرای ال- تاش من ناوم ئه‌میره و خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان‌م. من له سه‌حرا وشكه‌كه‌یی ال- تاش، كه چل میل دوورتر له رۆژئاوای شاری به‌غدا هه‌ڵكه‌وتووه، گه‌وره بووم. ئێمه دوایی ڕاكردن له ئێران له كاتی شه‌ڕیی ئێران و عێراق له 80 -كان، كه‌وتینه ال- تاشه‌وه. له سه‌ره‌تاوه له باشووری كوردستان گیرساینه‌وه. به‌ڵام دواتر به زۆری ناچاریان كردین شوێنی خۆمان به جێ بێڵین و به‌ره‌و ال- تاش ڕایان داین، هۆیه‌كه‌شی ته‌نیا كورد بوونمان بوو. له سه‌ره‌تاوه ال-تاش سه‌حرایه‌كی وشك و گه‌رم بوو. هه‌ر وه‌ك هه‌موو سه‌حراكانی‌تر. تۆفانی لم و خۆل و زیخ و وشكایی و وشكایی تا چاو بڕ‌ده‌كات. ئێمه سه‌رجه‌م 25000 بنه‌ماڵه بووین له‌وێ جێیانكردبووینه‌وه. زۆری پێنه‌چوو ال- تاش بوو به ئوردووگایه‌ك بۆ كورده‌كان، ده‌ورتا ده‌وریان به قه‌ڵایه‌ك به‌ستبوو و چه‌كداره‌كه‌كانی به‌عس چاوه‌دێریان ده‌كرد، هه‌ر ئه‌و شته‌یی نازییه‌كان ده‌گه‌ڵ جوویه‌كانیان كرد. ئه‌وه‌یی هه‌وڵیی دابا بێ ئیزنی چه‌كداره به‌عسیه‌کان، له قه‌ڵا‌که وه‌سه‌ر كه‌وێت و خۆیی بگه‌یه‌نێته ئه‌و به‌ڕیی، ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌كرد و له پێش چاویی هه‌موومان سووكایه‌تیان پێده‌كرد. نزیكترین شار لێمان ڕۆمادییه بوو. له‌و جێیه‌وه كه ال - تاش هیچ دوكان و بازارێكی لێنه‌بوو، ناچار بۆ كڕینی خوارده‌مه‌نی و كه‌ل و په‌لی پێویستی ژیان ڕێی ڕۆمادییه‌مان ده‌گرته به‌ر. بۆ ئه‌وه‌ش ده‌با ئیزنی "پۆلیس"مان پێبایه، به‌ڵام وانه‌بوو كه هه‌موو جارێ ئیزنی ڕۆمادییه چوونمان پێبده‌ن. هه‌ر ئه‌وه‌ش به نۆره‌یی خۆی وایی كرد كه هه‌ندێ ورده ورده ده‌گه‌ڵ رێژیمی به‌عس ڕێككه‌وتن، چوونكه پۆلیس ئیزنی هات و چوویی به لایانگرانی ڕژیم ده‌دا. ئیتر مرۆڤه‌كان ده‌ستیان كرد به دژایه‌تی و دوژمنایه‌تی كردن ده‌گه‌ڵ یه‌کترین و بێتاوانه‌كانیان له ژێر ناویی سێخوڕ و چالاكیی سیاسی به دژ رێژیمی به‌عس، به پۆلیس ده‌ناساند، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یی جێیه‌ك له لای پۆلیس بۆ خۆیان بكه‌نه‌وه و به‌م جۆره ژیانیی ڕۆژانه‌یان ئاسانتر بێته‌وه. ئه‌وه بوو به هۆیی ئه‌وه‌یی كه زۆر كه‌س هه‌وڵیی دا خۆیی بگه‌یه‌نێته ئه‌و به‌ری قه‌ڵاكه، ئه‌گه‌ر چی هه‌موو ئاگاداریی ئاكامی ئه‌و كار بوون. ورده ورده خه‌ڵك، به گڵ و قوڕ و دار، ده‌ستیان به سازكردنی خانوچكه‌كانیان كرد، به‌م ناهومێدیه كه ئیتر له‌م شوێنه ڕزگارییان نایه‌ت. وه‌ك شتێك ئه‌ركی پۆلیس دابین كردنی ئارامی و دڵنیایی بۆ خه‌ڵكه، كه‌چی وا وێده‌چوو پۆلیسه‌کانی ال- تاش ئه‌ركێكی‌تریان پێ ئه‌سپاردرا بوو، وه‌ك چۆن كوڕێكی میر منداڵ كه بۆ پاروویه‌ك نان پێڵاو ده‌سرێته‌وه، بده‌نه به‌ر شه‌پ و پێلاقه، یان چۆن سووكایه‌تیی به پیره پیاوێكی گۆچان به‌ده‌ست بكه‌ن! به‌رتیلدان، به‌شێك له ژیانی ڕۆژانه‌ی دانیشتووانی ال- تاش بوو. ته‌نانه‌ت بۆ پیاسه‌كردنێكی ئاسایی ده‌با به‌رتیلمان دابا ده‌نا مافی پیاسه‌كردنمان نه‌بوو! تاساڵی 1990 ئه‌وه ژیانی ئێمه بوو. به‌دوایی شه‌ریی عێراق و كوه‌یه‌ت، هه‌ڵ ومه‌رجی ژیانمان كه تا ئه‌و كات باوه‌ڕمان نه‌ده‌كرد له‌و شته‌ی كه بوو خراپتر بێت، گه‌یشته ئه‌وپه‌ڕیی ناله‌باریی خۆیی و زۆر خراپتر بوو. ژیانمان كه تا ئه‌و كات وه‌ك خه‌وێكی ناخۆش بوو، لێمان بوو به جه‌هه‌ننه‌مێكی ته‌واو. ده‌ست ڕاگرتنی وڵاتانی دونیا له مامله كردن ده‌گه‌ڵ عێراق، داوێنیی ئێمه‌ی زۆر به سه‌ختیی گرته‌وه. وای لێهاتبوو كه ئێمه ته‌نانه‌ت نه‌مانده‌توانیی كیلۆیه‌ك ته‌ماه بكڕین به‌و پاره‌یی مانگانه پێیان ده‌داین. كا‌ره‌بامان نه‌بوو و كه‌م بوونی خوارده‌مه‌نی و ئاوی خواردنه‌وه، ئازارێكی زۆری به‌دواوه بوو. زۆر جار ناچار بووین بۆ هێنانی ئاوی خواردنه‌وه به كه‌ر بچین بۆ ڕۆمادییه. زۆر كه‌س هه‌وڵی ده‌دا ئیشێك په‌یدا بكات، به‌لام كورده‌كان زۆر به‌ده‌گمه‌ن كاریان پێده‌درا، ڕاست به هۆیی كورد بوونیان. زۆر كه‌س رێگه‌یی دێ و دێهاتی گرته به‌ر و به كاری قاچاغ هه‌وڵی په‌یدا كردنی پاروویه‌ك نانی ده‌دا. دیاره هه‌ر ئێمه دانیشتووانی ال - تاش نه‌بووین كه وا تووشی قاتی و قوڕیی هاتبووین، هه‌موو فه‌قیر و هه‌ژاره‌كانی شار ودێیه‌كانی‌تری وڵاتیش تووش ببوون. ئه‌و هه‌ڵ و مه‌رجه ته‌نیا فه‌قیری و ده‌سته‌نگی به‌دواوه نه‌بوو به‌ڵكوو ڕێگه‌یی بۆ زه‌خت و زۆریی و دزی و كوشتن و بڕین خۆش كردبوو. ئیتر په‌یدا كردنیی پاروویه‌ك نان ته‌نیا خه‌می ئێمه نه‌بوو، ئێستا قسه له سه‌ر پاراستنی گیانمان بوو، به هۆیی ئه‌وه‌یی چه‌ته‌یی و لێدان و كوشتن و بڕین ببوون به به‌شێك له ژیانی ڕۆژانه‌مان. بێ‌ڕێزیی كردنی پۆلیس به كورده‌كان وای كردبوو ته‌نانه‌ت عه‌ره‌به‌كانی ده‌ور و به‌ریی ال - تاش ده‌ستیان به ئازاردان و بێ‌ڕێزی كردن به كورده‌كان كردبوو. وای لێهاتبوو كه ئێمه نه خه‌ڵكمان له پشت بوو و نه یاسا و هێزی پۆلیس. بێ‌ڕێزیمان پێده‌كرا، سووكایه‌تیمان پێده‌كرا، لێمان ده‌درا. ژیانێكی پڕ له ترس، خه‌وێكی تابڵێیی تاڵ و پڕ‌ترس، جه‌هه‌ننه‌مێك به ته‌واو مانا. ژیانێك كه ئێمه ته‌نیا دوو رێگه‌مان له پێش بوو : مردن یان زه‌جركوژ بوون . بنه‌ماڵه‌یی من به یارمه‌تیی UN ، توانیی ساڵی 1997 ال- تاش به جێ بێڵێت. دیاره ئێمه زۆر به‌خته‌وه‌ر بووین كه ده‌رفه‌تێكی ئاوامان بۆهاته پێش و شانسی ژیانێكی به بایه‌خمان بۆ ڕخسا. به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ی هێشتا له‌وێ ماونه‌ته‌وه، ئه‌و ژیانه تاڵ و پڕ ترسه درێژه‌یی هه‌یه. زۆریان باوه‌ریان كردبوو كه ڕووخانی ڕژیمی سه‌دام ده‌توانێت بار و دۆخی ژیانی ئه‌وانیش باشتر بكات. به‌ڵام ئێستا به‌دوایی تێپه‌ڕ بوونی هه‌شت مانگ له ڕووخانی ڕژیمی سه‌دام، بار ودۆخی ژیانیی كورده‌كان له‌وێ خراپتر بووه. له جه‌هه‌نه‌مێك ڕه‌نگه ڕزگاریان بووبێت و تووشیی یه‌كی خراپتر بوون. من خۆم ته‌واوی گیانم دێته ئێش كاتێ ناوی ڕۆمادییه ده‌بیستم. ڕۆمادییه ئێستا بووه به بنكه‌ی لایانگرانیی سه‌دام و هێرشه تێرۆریستییه‌كانی خۆیان له‌وێرا رێك ده‌خه‌ن. كورده‌كانی ال-تاش ئێستا زۆر ته‌نیا ماونه‌ته‌وه و ترسی هێرشی به‌عسییه‌كانیان بۆ سه‌ر كورده‌كان زۆر و زۆرتر ده‌بێت، چوونكه كورده‌کان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پشتگرییان له هێرشی ئا‌مریكا بۆ سه‌ر سه‌دام كرد. كورده‌كانی ال- تاش له به‌ندیخایه‌ك ده‌ژین و چاره‌نووسیان ئێستا له ده‌ستی مه‌جلیسی حوكمی عێراق دایه. تكایی من ئه‌وه‌یه ئه‌م كوردانه له‌م به‌ندیخانه‌یه ڕزگار بكه‌ن! ئه‌میر مه‌حموودی
December 4, 2003
دینـــــــــــــــۆ گیان، شازاده ناوچاوان گرژه‌كه ئه‌مشه‌و پێكه‌نیی ... سوپاس!
December 3, 2003
.... i carry your heart with me " i carry it in my heart ....................... هه‌ندێ جار به خۆم ده‌ڵێم: هه‌ر دووری نی‌یه، نامۆییه ئه‌وه‌نده تاڵ و قورسه! هه‌ندێ جار زۆرت لێ دڵگیر ده‌بم. خۆم ده‌ڵێ: بۆ هێشتی ئه‌وه‌نده دوور بێته‌وه؟ خۆم ده‌ڵێ: ئیتر بیری لێ مه‌كه‌وه، كه‌چی زۆری پێناچێت، نازانم له كوێرا ونازانم به كوێدا له پێشم قیت ده‌بیه‌وه ... ....... ئه‌وه بوو به هه‌شت مانگ! هێشتا ئه‌و هه‌موو "كه‌وانه"یه ماون بیانبه‌ستمه‌وه و نوقته‌ی كۆتایی بۆدانێم. ته‌نانه‌ت كچه كورده‌كه‌ی به هه‌ڵكه‌وت دیت و چه‌ند جارێك قسه‌ت ده‌گه‌ڵ كرد نه‌یتوانی هێزی وه‌م پێ‌بدا... ده‌زانم شێتایه‌تییه ... ........ له سووچی قاوه‌خانه‌یه‌كی نیوه‌تاریكی بچووك له ناو ده‌نگی مۆسیقایه‌ك كه نایناسم نوقم ده‌بم تا ڕووخساری هیچ كچه كوردێكی به هه‌ڵكه‌وت به پێشمدا تێده‌په‌رێت نه‌بینم، ئه‌ی نه‌كا جێ پێی سه‌رپه‌نجه‌كانی تۆ له سه‌رگۆنا و به‌رگه‌ردنیی بناسمه‌وه ... ....... نه‌خه‌مه، ڕۆژێك منیش وه‌ك تۆم لێدێت. ڕۆژێك منیش جێ پێی تۆ له ناو ساته‌كان نابینمه‌وه. ڕۆژێك منیش ئه‌و چوارسه‌د نامه‌ی لێت به جێ ماوه بێ ئه‌وه‌ی چاوم ته‌ر بێت، به ئه‌وه‌ی ده‌ستم بله‌رزێت، بێ‌ئه‌وه‌ی بیرت بكه‌م ده‌خوێنمه‌وه و وه‌ك بیرێكی دوور، زۆر دوور لێت ده‌گه‌رێم ده‌گه‌ل زه‌مان تێپه‌ر بیت ... نازانم ... له‌وانه‌یه هه‌شت مانگی‌تریش من بێم لێره بۆت بنووسم هێشتا كه‌وانه‌كانم نه‌به‌ستووه، هێشتا به "هه‌ڵكه‌وت" چاوم به كه‌س نه‌که‌وتووه و چه‌ند ساعه‌تێك ده‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێكم قسه نه‌كردووه. ڕه‌نگه بۆت بنووسم .... له‌وانه‌شه بۆت بنووسم قاقا پێكه‌نیم كه خوێندمه‌وه نووسیوبووت : " ئه‌گه‌ر كه‌سێكت خۆشده‌وێ لێی گه‌رێ با بروات، ئه‌گه‌ر گه‌راوه بۆلات ئه‌وه ... " قاقا پێكه‌نیم ... تۆ له‌م قسانه‌دا به‌دی ناكه‌م ... به‌ڵام ئێستا ... ئه‌م هه‌شت مانگه‌ی یه‌كه‌م، من هێشتا نه‌یگشتوومه كۆتایی هه‌نگاو یه‌كه‌م بۆ دوور بوونه‌وه!
December 2, 2003
:: X :: 13-01-03 01:19 ”دیاره هیچ شتێكیش نی‌یه " باوه‌ڕ " تاقیكاته‌وه، باوه‌ڕكردن نه‌بێت. “ *** ده‌مووچاوی له ناو له‌پی هه‌ر دوو ده‌ستی خۆیدا شارده‌وه و دیگووت و ده‌یگووته‌وه : ببووره ... ببووره! نه‌ده‌با ئه‌و قسانه‌م بۆ باس كردبایی. نه‌ده‌با گێرابامه‌وه! له‌عنه‌ت ... بۆ وام كرد، ببووره! نازانم چی له سیمای مندا به‌دی كرد كه ئاوایی ترساند. نازانم چی له‌مندا دیت كه وا كه‌وتبوو داوای لێبووردن كردن. نازانم هه‌ستی به چی كرد كه وا ترساندیی و له گێرانه‌وه‌ی قسه‌كان په‌شیمان بووه ... منیش به‌ڵام له ناكاو بێده‌نگ بووم. له ناكاو په‌شیمانی به‌رۆكی گرتم، په‌شێمان له‌وه‌ی داوام لێ كردبوو باسی بكات. پێم گوتبوو مافی خۆمه بیزانم ... به بیستنی قسه‌کانیی سڕ بووم. سڕ سڕ. هه‌ستم به هیچ نه‌ده‌كرد. نه ژانی هه‌بوو، نه توڕه‌یی به دواوه بوو، نه دڵم گیرا، نه ته‌نانه‌ت توانیم ڕقم لێی بێت. هه‌ستێكی نامۆ بوو. قه‌ت خه‌ونی وات دیوه ده‌كه‌وییه ناو چاڵاوێكی تاریك و سارد و هه‌ر كۆتایی نایه‌ت؟ قه‌ت خه‌وی وات دیوه كه هه‌موو گیانت پڕه له ترس و ده‌ته‌وێ هه‌ڵێی، به‌لام ناتوانی هه‌نگاو هه‌ڵگریت و هه‌رچی زۆرتر هه‌وڵ ده‌ده‌ی قورس‌تر ده‌بیت و زۆرتر نوقم ده‌بێت؟ به بیستنی قسه‌كان هه‌ستێكی ئاوام هه‌بوو ... چه‌ند ڕۆژێك وه‌ك ڕۆحێكی سه‌رگه‌ردان هاتم و ڕۆیشتم. پڕ پڕ له هیچ! لێوڕێژ له بۆشاییه‌كی سارد كه كۆتایی نایه‌ت! چه‌ند ڕۆژێك بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت هه‌ست به بوونی خۆم بكه‌م، هاتم و ڕۆیشتم، خه‌ڵكم دیت، خه‌ڵكم بیست، پێكه‌نیم، گریام، نامه‌م نووسیی، به‌ڵام یه‌ک چركه‌ش هه‌ستم به بوون نه‌كرد. بۆ یه‌ك چركه‌ش هه‌ستم به هیچ شتێك نه‌كرد ... قسه‌کان له گوێما ده‌نگی ده‌داوه. بێ‌بڕانه‌وه. چه‌ند ڕۆژێك چاوم له هه‌رچی ده‌كرد، گوێم بۆ هه‌رچی ڕاده‌گرت ئه‌و قسانه ببوون به كوتك له سه‌رم ده‌كه‌وتن، وه‌ك سندان مێشكی منیان له ژێر قورسایی خۆیان پان ده‌كرده‌وه ... تێناگه‌م، تێناگه‌م چۆن مرۆڤ دڵی دێت ده‌گه‌ڵ ئه‌وانی خۆشیان ویستووه، خۆشی ویستوون، درۆ بكات؟! چۆن مرۆڤ دڵی دێت ئاوا سووك، ئاوا به ئاسانی هه‌موو شته‌كان بخاته ژێر پێی و هێشتا بتوانێت سه‌ر به‌رز كاته‌وه!؟ تێناگه‌م ... ئێستا ئه‌و قسانه وه‌ك كه‌ڵاكێكی كۆن له ناو دڵما بۆگه‌نیو بوون. نه ده‌توانم بیدركێنم نه ده‌توانم وا به ئاسانی له بیریان بكه‌ن. نه ده‌توانم ئه‌و ده‌مه‌ی له ئامێزم ده‌گرێت و سوپاسی بوونم ده‌كات به سه‌ریدا برووخێم و تف له ڕووی هه‌رچی درۆزنه بكه‌م ، نه‌ده‌توانم خه‌م و تاسه‌ی ڕوانینی سه‌رلێشێوام بشارمه‌وه ... نازانێت كه ده‌زانم! ئێستا ئه‌و قسانه وه‌ك ناسۆر له سه‌ردڵما ماوه‌ته‌وه! نه‌ده‌توانم هه‌ڵیڕێژم و نه ده‌توانم خۆمی له چنگ ڕزگار بكه‌م. نازانیی چ به‌رزه‌خێكه! نازانی چ له مرۆڤ ده‌كات! نازانیی ڕووخانی دیواری باوه‌ڕه‌كان له ناختا چۆنت وێران ده‌كات! بێ‌باوه‌ر شه‌و ڕۆژ كردنه‌وه ... بێ‌باوه‌ڕ سه‌رنانه‌وه، چاوكردنه‌وه، بێ‌باوه‌ڕ ڕوانین، دیتن، بیستن ... هێشتاش ژانیی زۆره ... **** پێكه‌نینم به خۆم دێت! به ساكاری ڕوحم، به ساكار بوونی داواكانم له خۆشه‌ویستی، له دۆستایه‌تی، له پێكه‌وه بوونه‌كان. پێكه‌نینم به ساكاری دڵم دێت. دڵێك كه باوه‌ری به یاسایه‌ك هه‌بوو، ته‌نیا یه‌ك یاسا: "درۆ مه‌كه"، ... شتێك له‌مه قۆڕترتان بیستوه؟ درۆ مه‌که!؟ یانی چی درۆ مه‌که، مه‌گه‌ر مرۆڤ بێدرۆ ده‌ژیت؟ مه‌گه‌ر ناوكی مرۆڤیان به درۆ نه‌بڕیوه؟ سه‌رم له خۆم سوڕده‌مێنێت، جار و بار ئیشی قۆڕ ده‌كه‌م ... ئه‌مه‌ش نموونه‌كه‌ی ! *** شته‌كان چه‌ند زوو و چه‌ند ئاسان ده‌گۆڕدرێن. ئه‌و هاورێتیه‌ی تا دۆینێ بایه‌خێكی تایبه‌تی هه‌بوو بۆم، ئه‌مڕۆ هیچ مانایه‌كی نی‌یه، هیچ هیچ ! ڕشانه‌وه‌م دێت. *** ڕۆژێك X بۆی نووسیبووم :”دیاره هیچ شتێكیش نی‌یه " باوه‌ڕ " تاقیكاته‌وه، باوه‌ڕكردن نه‌بێت.“، ئه‌گه‌رچی خۆیی قه‌ت له كرده‌وه نه‌یتوانی به پێی ئه‌م قسه‌ی خۆی بجوولێته‌وه، به‌ڵام هیوادارم من بتوانم ئه‌و كه‌للاوه‌ی به‌جێ ماوه به "تاقیكردنه‌وه‌ی باوه‌ڕ" جارێكی‌تر ئاوه‌دان كه‌مه‌وه ... به‌س نازانم كه‌ی ! |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|