Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

November 27, 2002

هات به‌رامبه‌رم دانیشت، قژ كاڵێكی به باڵا نه زۆر به‌رز ، كه‌مێك " گۆشتن". چاوه‌كانی ڕه‌ش‌ كردبوو و گۆنای ئاڵ ئاڵ . چاوێكی له من كرد و زۆر ناقایلانه ڕووی له‌وبه‌ر كرد . منیش چاوم لێكرد ، به‌ڕواڵه‌ت زۆر جیاواز بووین .
ئه‌و كاڵ بوو، من ئه‌سمه‌ر ، ئه‌و قژی وه‌ك تیشكی هه‌تاو زه‌رد بوو ، من قژم هاوڕه‌نگی شه‌و . ئه‌و ڕوانینێكی بێقه‌راری هه‌بوو و من ده‌مێك بوو كۆتری نیگام هێلانه‌یه‌كی بۆ خۆی چێ كردبوو و ئارامیی گرتبوو . هات به‌رامبه‌رم دانیشت ... لاقی له لاقم كه‌وت ، داوای لێبووردنی نه‌كرد ، هه‌ر چاوی بڕییه چاوم ... منیش، هه‌ر چاوم لێكرد... !!

له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی مێترۆ كه ته‌واو بووم ، خستمه سه‌ر نه‌رده‌ی پێش په‌نجه‌ره‌كه و ئانیشكم له سه‌ر دانا و ده‌ستم كرد به كۆڵه‌كه‌ی سه‌رم ... چاوم له ده‌رێ ده‌كرد .... دوای بارانی شه‌وی ڕابردوو هه‌موو شتێك بێداد جوان بوو.
ده‌ستی درێژ كرد، ڕۆژنامه‌ی مێترۆكه‌ی له ژێر ده‌ستم ڕاكێشا ، داوای لێبووردنی نه‌كرد، نه‌یپرسی ئه‌گه ده‌توانم ده‌ستم به‌رز كه‌مه‌وه یا نا، ئه‌گه‌ بۆی هه‌یه ڕۆژنامه‌كه هه‌ڵگرێ یا نا، چاوی بڕییه چاوم و ڕۆژنامه‌كه‌ی كێشا بۆ لای خۆی ... منیش هه‌ر چاوم لێكرد ... !!

خه‌ڵكێكی زۆر به پێوه بوون ، له ناو ئه‌وانیشا ، پیره پیاوێك به حووكمی گۆچانه‌كه‌ی، خۆی ڕاگرتبوو. هه‌ستام جێی خۆمی بده‌مێ دانیشێت ، ئه‌و كوڕه‌ی له په‌نام دانیشتبوو وتی : نا ، من هه‌ڵده‌ستم ، با له جێی من دانیشێت !!
پیاوه پیره‌كه دانیشت، چاوێكی له من و چاوێكی له كوڕه‌كه كرد، وتی: سوپاس ....
كچه قژ كاڵه به باڵا نه زۆر به‌رزه گۆشتنه‌كه پێی وت : سوپاسی ناوێ . ئێره وڵاتی ئێمه‌یه. حه‌قه هه‌وڵ ئێمه دانیشین، ئێمه تێر بین، ئێمه كار بكه‌ین ، ... خۆ له دوومان نه‌ناردوون بێن بۆ ئێره . به‌شی ئه‌وانه ....
ئه‌و هه‌ر قسه‌ی ده‌كرد و منیش به چركه‌یه‌ك زیاتر له نیو سه‌ده له مێژووی خۆمانم هاته به‌ر چاو ... به درێژایی مێژوو كوژران، له داردران ،ده‌ركران ، ئاواره بوون ، چوارچرا، پێشه‌وا ، شه‌ڕی ناو شار ، هاتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌كان، گرمه‌ی فڕۆكه و بۆمباردمان ، ئێعدامی 59 كه‌س له سابلاغ ، حه‌وزی خوێنی بۆكان، كوشتاری سه‌قز ، نه‌ورۆزی 58 سنه ، هێمن و ناڵه‌ی جوداییه‌كه‌ی ، شورشی بارزانی ، شه‌ڕی براكووژی ، هه‌ڵه‌بجه ، ....

كچه قژ كاڵه به باڵا نه زۆر به‌رزه گۆشتنه‌كه هه‌ر قسه‌ی ده‌كرد ، چاوی له من بڕیبوو : " به‌شی ئه‌وانه ...... "
منیش هه‌ر چاوم لێ ده‌كرد !! .... هه‌موو گیانم ڕق و توڕه‌یی ......

وێستگه‌ی من بوو ، هاتمه خوارێ . ڕێگه‌ی ماڵێ درێژتر له هه‌میشه ... وه‌ك بڵێی قه‌ت نا‌گه‌مه‌وه ....
زرینگه‌ی ده‌نگێك له ناو گوێما ئازاری ده‌دام : " به‌شی ئه‌وانه ........."

قورسایی پرسیارێك : به‌ڕاستی به‌شی من چی بووه .... به‌ڕاستی به‌شی من چییه ..... ؟؟




باران ده‌بارێ ، په‌نجه‌ره‌م كردۆته‌وه و خۆم له په‌توو شینه‌كه‌ما پێچاوه‌ته‌وه .... به‌خت یار بێت ، ئه‌مشه‌و به لایه‌لایه‌ی باران خه‌وم لێده‌كه‌وێت ....

سه‌رم هێشتا هه‌ر دێشێت !!





November 26, 2002

ساعه‌ت 04.52 به‌یانییه. من هێشتا چاوه‌ڕێم خه‌و بێت ، بمڕفێنێت. سه‌رما له جێی خۆی، سه‌ریشم دێشێت. ئه‌و چه‌ندانه حه‌بی ژانه‌ سه‌ره‌ش كه خواردوومه وادیاره خۆماندوو كردن بووه. بریا خه‌وم لێ كه‌وتبا، به‌شكوو ئه‌و خه‌ونانه‌ی له بێداریما ، ئۆقره‌یان لێ هه‌کگرتووم، له خه‌وا ونم كه‌ن و من تۆزێك ئارام ببمه‌وه!

سه‌رم زۆر دێشێت، خه‌وم دێت و خه‌و له هیچ كوێ دیار نییه. وه‌ك بڵێی بارانی خۆڵه مێش باریبێت ، مژێكی ناخۆش ئاسمانی به‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌می داپۆشیوه. نه هاژه‌ی ماشێن ، نه هاواری ڕێبوارێكی مه‌ست ، ته‌نیا هه‌ناسه ته‌نكه‌كانی بای به‌ره به‌یانی ده‌نگی دێت و نایه‌ت ....

سه‌رم دێشێت . هه‌ستام ته‌واوی كه‌لێن و قوژبنه‌كانی مالێ گه‌ڕام، كتێبه‌كانم لاپه‌ڕه به لاپه‌ڕ‌ه هه‌ڵداوه، ناو ڕۆژنامه كۆنه‌كان و ته‌نانه‌ت كوته كاغه‌زه‌كانی وا لێره و له‌وێش كه‌وتبوونم پشكنی ... ژێر مێز و سۆفا و ڕاخه‌ره‌كان، پشت وێنه هه‌واسڕاوه‌كان، ناو پێخه‌فه شپرزه‌كه‌م و ژێر سه‌رینه‌كه‌م ، ... هه‌مووی گه‌ڕام ....

چم نه‌دیته‌وه ! نه‌مده‌زانی له چی ده‌گه‌رێم ... وه‌ك بڵێی شتێكم پێویست بێت، له‌م ژانه سه‌ڕه بێتامه‌م دوور كاته‌وه ،
یان نازانم چی ... سه‌رم زۆر دێشێت!!

چ خۆشه ورده ورده ڕۆژ ده‌بێته‌وه .... نازانم بۆ ، پێم وایه ژانه‌كه ده‌گه‌ڵ شه‌و ته‌واو ده‌بێت ، یان له‌وانه‌یه تاقه‌تم هه‌بێت بچم هه‌‌ندێ حه‌‌بی تازه بكڕم .... به‌ڵام ئێستا ماندووم، خه‌وم دێت و خه‌و خۆم تێناگه‌یێنێت .... له‌عه‌نه‌ت .....

به‌ ئه‌م لێڵاییه‌ی به‌ره‌به‌یان دڵته‌نگ ده‌بم ... وه‌ك ‌بڵێی بارانی خۆڵه مێشه‌كه‌ به سه‌ر دڵی منا باریبێت ....
بریا باران با، به لایه لایه‌كه‌ی له‌وانه‌بوو خه‌وم لێبكه‌وێت ...
نا، شه‌وی وا خۆش نییه، ئاسمانی به مژ داپۆشراو خۆش نییه، ژانه سه‌ر خۆش نییه ، بێ‌حه‌بی خۆش نییه ....هات و چووكردن له ژوورێكی بچووكدا خۆش نییه... بێ خه‌وی ... بێ‌خه‌وی .... خۆش نییه .....

05.21 ... من چاوه‌ڕوانی خه‌وم و پێخه‌فه‌كه‌م چاوه‌ڕێی من ...
له ده‌رێ شه‌و له گیانه‌ڵڵا دایه ...

05.35، سه‌رم .... !!





November 25, 2002

له سه‌ر پلیكانی دووهه‌م له سێ پلیكانی پێش هه‌یوان دانیشتبووم. ماڵه‌كه پڕ بوو له خه‌ڵکێك كه من نه‌مده‌ناسین، نه‌مده‌ناسینه‌وه. هه‌موو كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ له‌یه‌ك كۆ ببوونه‌وه.به‌ ده‌م قسه‌ و پێكه‌نین، هه‌واڵه‌كان بڵاو ده‌بوونه‌وه . دیار بوو هه‌موو یه‌ك ده‌ناسن ، ئاگایان له زۆر شتی یه‌ك هه‌یه. من له سه‌ر پلیكانی دووهه‌م له سێ پلیكانی پێش هه‌یوان دانیشتبووم. نه‌ كه‌س كاری به من بوو، نه من ده‌متوانی كارم به كه‌س بێت. چاوم ده‌گێرا بوو بینینی ڕووخسارێكی ئاشنا، هه‌ر كه‌س بێت، هه‌ر ئاشنا بێت، یان مه‌یلی ئاشنایی هه‌بێت ... هه‌ر چاو ده‌گێرم و كه‌س وێناچێ مه‌یلێكی وای هه‌بێت.
له دوور خۆشكم ده‌بینم، جلی كوردی له به‌ردایه. كورد گوته‌نی شۆخ و شه‌نگه،جلی كوردی زۆر پێ ده‌كه‌وێت. به دیتنی ئه‌و كه‌مێك ئارام ده‌بمه‌وه، به‌رامبه‌رم دێت، له سه‌ر پلیكانی دووهه‌می پێش هه‌یوان كه‌مێكی جێ بۆ ده‌كه‌مه‌وه بێت له لام دانیشێ ... هات، به ئارامی ، وه‌ك سێبه‌ر به ته‌نیشتما تێپه‌ری ... هه‌ر چاویشی لێ نه‌كردم...
-- كاری زۆره، كاتی نه‌بوو ئێستا، دێته‌وه ... ! خۆم به خۆم گوت !!

خه‌ڵک هه‌ر دێن و ماڵه‌كه پڕتر ده‌بێت. ده‌ڵێی ئه‌وانی دێن، قه‌ت نارۆنه‌وه . من ناو ماڵه‌كه‌م هێشتا نه‌دیوه، به‌ڵام دیاره زۆری خه‌ڵك لێیه، ده‌نگی قسه و پێكه‌نینه‌كانیان ده‌گاته منیش ...
لای ڕاستی حه‌وش، پڕه له گوڵ. دیواره‌كه به یاسی زه‌رد و وه‌نه‌وشی داپۆشراوه. ژێر پای یاسه‌كان پڕه له ڕۆزی سوور و زه‌رد و په‌مه‌یی. بابم !! بابم به‌ر ‌ ماڵی گوڵه‌كانی كردۆت به به‌ڕماڵ و هه‌ر وه‌ك بڵێی نوێژ بكات، چۆكی داداوا.
جار نا هه‌ر وه‌ك بڵێی سوژده به‌رێت، ئه‌وه‌نده ده‌نیشتێته‌وه، ناوچاوانی له گوڵپه‌ڕی گوڵه زه‌رد و سوور و په‌مه‌یه‌كان ده‌که‌وێت. ده‌یبینم چۆن به سه‌ر په‌نجه‌ی ده‌سته ماندووه‌كانی خاك و خۆڵی سه‌ر گوڵه‌كان لاده‌دات....


به‌رامبه‌رم ده‌رگایه، ده‌رگایه‌كی گه‌وره‌ی ئاواڵا... براكه‌م له به‌ر ده‌رگا ده‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سی تر وه‌ستاون ... نایانبیستم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر براكه‌م باش ناسیبێت باسی ئاڵوگۆڕه‌كانی ئێستای ناوچه ده‌كات ...
خوشكه‌زاكانم دیار نین ... یان من نایانناسمه‌وه !!! كیژێك به لاما ڕه‌ت ده‌بێ، ده‌مه‌وێ لێی پرسم بزانم ڕۆیا له كوێیه دیار نییه ... فریا ناكه‌وم هیچ بڵێم ، هاوار ده‌كات : ڕۆیـــــا .... ده‌نگی ئه‌و كیژه ده‌بێت به گۆچانی چاوم ....
ڕۆیا ... شه‌ڵواری جین و تی- شێرتێكی په‌مه‌یی له به‌ر دایه. قژی ڕه‌ش و درێژه ... گۆنای هاوڕه‌نگی گوڵه په‌مه‌یه‌كانی ناو باخچه‌كه‌یه ... ئه‌ویش نامبینێ.... یان نامناسێته‌وه ....


له سه‌ر پلیكانی دووهه‌م له سێ پلیكانی به‌ر هه‌یوان دانیشتووم ... خه‌ڵكی دێن و ده‌ڕۆن ... ڕامانیشم دیت، باوه‌شم بۆ كرده‌وه، به‌ڵام ده‌ستی ڕادینی ڕاكێشا چوون بۆ لای حه‌وزه بچووكه‌كه‌ی ناوڕاستی حه‌وشه‌كه ...
له‌وانه‌یه ماسی سووری بچووكی تێدا بێت و حه‌زی لێ بێت كایه‌یان ده‌گه‌ڵ ‌بكات ... خۆم به خۆم گوت !!


براكه‌م هات و ڕه‌ت بوو، خۆشكه‌كه‌شم ... بابم له خه‌ڵوه‌تی خۆیا ده‌گه‌ڵ ‌گوڵه‌كانی هۆشی له من نه‌بوو . خوشكه‌زاكانم، یان نه‌یاندیتم ... یان نه‌یانناسیمه‌وه ....!!
گومانم كرد .... بڵێی من لێره بم ...؟! هه‌ستامه سه‌ر پێ ... ئه‌ژنۆم ڕاست نه‌ده‌بوونه‌وه! ... گومانم كرد ...
ده‌بێ شتێك بڵێم ... ‌هه‌رچی بێت ... ناویان دێنم ... گومانم كرد ....


چاوم گێرا، له سه‌ر پلیكانی دووهه‌م له سێ پلیكانی پێش هه‌یوان خۆمم بینی دانیشتووم چاو ده‌گێرم بۆ ئاشنایه‌ك، یان بۆ كه‌سێك كه مه‌یلی ئاشنایی هه‌بێت ... نه‌كه‌س منی ده‌دیت، نه كه‌س منی ده‌دواند ... گومانم له بوونی خۆم كرد...گومانم له بوونی هه‌موو كه‌س كرد ....


****
خه‌م نییه ، ترسه!
ترسی وه‌ی هه‌موو ڕۆیشتبێن و هه‌ر من مابێتمه‌وه ! ترسی وه‌ی هه‌موو له بیریان كردبێت و هه‌ر من له بیرم مابێته‌وه ،،،


خــــــــــــــــــه‌م نییه ، تـــــــــــــــــــــــرسه !





November 24, 2002

كه له چنینی گوڵه‌كان گه‌ڕایه‌وه، دڕكی چاوه‌ڕوانی له جه‌سته‌ی ماندووم ده‌رده‌كێشییه‌ ده‌رێ ؟ دڕكی ئه‌و بووغزه‌ی ڕێی به هه‌ناسه‌م گرتووه؟





بــــــــــــریا كه‌سێك منی به ناو بانگ كردبا




November 22, 2002

به‌ڕێی ماڵه‌وه بووم، به وریایی ده‌ڕۆیشتم هه‌ڵنه‌خلیسكێم ، سه‌هۆڵبه‌ندانێكه مه‌پرسه !! نزیك ماڵی خۆم ، بۆنێكی خۆش ده‌هات . بۆنی چێشتێك كه هه‌رچی بیرم لێ كرده‌وه ، ناوه‌كه‌ی نه‌هاته‌وه بیرم!

خۆم هاته به‌ر چاو. ده‌گه‌مه‌وه ماڵێ له ده‌رگای ده‌ده‌م و ده‌چمه‌وه ژوورێ .چراكان داگیرساون!! ماڵێكی گه‌رم و خۆش! بۆنێكی خۆش، بۆنی چێشێك وا من زۆری حه‌ز لێ ده‌كه‌م. شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌كان هه‌ڵمیان گرتووه. ده‌نگی مۆسیقایه‌كی ئارام دێت. كه ده‌مبینێت، دێ به ئامێزێك ماندوو نه‌بوونیم لێ ده‌كات . شتێك ده‌ڵێم. هه‌رچی بێت. " ده‌رێ زۆر سارده" ... "ئه‌و بۆنه خۆشه چییه؟" .. " تۆ كه‌ی هاتێوه ؟" .....

لێم ده‌‌پرسێ: گوڵم ڕۆژه‌كه‌ت چۆن بوو ؟ دوایی گوێ ڕاده‌گرێت بۆ ناز و گلێیه‌كانم. سارد بوونی ده‌رێ و گرفته‌كانی مێترۆ و هه‌ڵات هه‌ڵاتی خه‌ڵك و لووس بوونی ڕێگه و بان و .... هه‌روا كه قسه ده‌كه‌م چاوه‌كانی ده‌بینم پڕن له مێهره‌بانی . له‌پڕ هه‌رچی گازه‌نده‌یه له بیر ده‌كه‌م. حه‌ز ده‌كه‌م له ناو ئه‌و هه‌موو دلۆڤانییه‌دا نوقم بم . حه‌ز ده‌كه‌م له ناو ئه‌و هه‌موو مێهره‌بانییه‌دا ناز و گلێیه‌كانی ڕۆژێكی سارد و سڕ له بیر بكه‌م و گه‌رم ببمه‌وه ....

ماڵێكی گه‌رم، هه‌ڵمی شووشه‌كان، بۆنی چێشتێكی خۆش ، ده‌نگی مۆسیقایه‌كی ئارام ، جووتێك چاوی پڕ له مێهره‌بانی ئه‌وه‌نده به‌سه تا ماندووییه‌كانی من بحه‌سێته‌وه............

گه‌یشتمه‌وه ماڵێ ...له ده‌رگام نه‌دا . ماڵێكی سارد و بێ‌ده‌نگ !! خۆم چراكانم داگیرساند ...........





بـــــــــــــــۆ مێــــــــــلۆدی :

" سه‌رمامه . سه‌رمایه‌كی سه‌یر! گشت گیانم ده‌له‌رزێت. په‌نجه‌ره‌كان به‌ستراون ... ئه‌ی ئه‌و سه‌رما به سۆزه له كوێرا دێت ؟ بۆ وا هه‌ڵده‌له‌رزم ؟ ڕاستیان گوتووه، ئه‌و سه‌رمایه‌ی وشكت ده‌كات، ده‌تته‌زێنێت ، سه‌رمای ناخه، سه‌رمای سه‌‌هۆڵبه‌ندانی ده‌روونه! سه‌رمایه‌كی به سۆز كه هه‌ناسه‌ت پێ ده‌برێت. گه‌ده‌لولێكی بێ ڕه‌حمه كه له ده‌روونتا ده‌گه‌رێ و لێت ناگه‌رێ به گه‌رمای هیچ ئاگرێك، گه‌رمت بێته‌وه . ده‌ڵێی سه‌رما سه‌ره‌تای هه‌ست و هه‌ست پێكردن بووه . ده‌ڵێی سه‌رما سه‌رچاوه‌ی هه‌رچی هه‌یه و بووه و ده‌بێ یه! تۆش وه‌ستاوی ... نه ڕێگه‌یه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه نه سه‌ره‌تایه‌ك بو سه‌ر له نوێ ساز كردنه‌وه .... به خۆم ده‌ڵێی: ‌چۆن ده‌بێت ، خۆ من خۆم خه‌ریكم له ئاگرا ده‌سووتێم ، ئه‌ی چۆنه وا سه‌رمامه و هه‌ڵده‌له‌رزێم .... ؟
وانه‌ی ئه‌مڕۆ تا هه‌میشه به خۆت ده‌ڵێیه‌وه : س به‌وێنه‌ی سه‌رما .... س به‌وێنه‌ی سه‌هۆڵبه‌‌دان ... س به‌وێنه‌ی سووتان ..."






مێهره‌بانیت بكه به سه‌یوان بۆم ، خه‌م وه‌ك گللێره به سه‌رما ده‌بارێ ....





November 21, 2002

چیت وت ؟ كوردستانێكی سه‌ر به‌خۆ .... ؟


كورد‌: مریشكه ڕه‌شه‌یه‌كه
به تۆپیش ناجوڵێته‌وه .
نازانم ، ماوه یا مردووه.
ده‌یان ساڵه
له سه‌ر لوغمی ئۆتۆنۆمی ... كڕ كه‌وتووه!

"په‌شێو"





ب: وێنه‌ی بێ ده‌نگی
ب: وێنه‌ی بیر كردن
ب : وێنه‌ی بێ تۆ بوون .

لـــــــه بێ تۆ بوونه‌كانا، به بیری تۆ، بێ ده‌نگی شكاندن ...





دووپاته بوونه‌وه‌ی كات ، دووپاته‌ بوونه‌وه‌ی ساته‌كان... دووپاته بوونه‌وه‌ی خۆت له ژوورێكی به پانایی ته‌نیاییه‌كانتدا! دووپاته بوونه‌وه‌ت له چاوی ئاوێنه‌یه‌كی خۆڵاوی كه خۆتی تێدا ناناسێوه ... دووپاته بوونه‌وه‌ی چركه‌كان له زه‌نگی ته‌له‌فوونێكدا كه حه‌ز ناكه‌ی وڵامی بده‌یه‌وه .... دووپاته بوونه‌وه‌ی ژیان له ده‌نگی پێكه‌نین و گریانێك كه نازانی له كوێرا سه‌رچاوه‌ی گرتووه ... دووپاته بوونه‌وه له خۆشییه‌كاندا كه بۆ برشیان لێ دێت . دووپاته بوونه‌وه له بریاكاندا، له خۆزگه‌كاندا. دووپاته بوونه‌وه له درۆكان، له فریوه‌كاندا ... دووپاته بوونه‌وه له خه‌وه‌كاندا، خه‌وه بێ خه‌ونه‌كان...
دووپاته بوونه‌وه‌یه ناوت ناوه ژیان به‌و هیوایه‌ی ئه‌مڕۆ ، سپێی، ئه‌وین له ده‌رگای دڵت بدات...

ده‌گه‌ڵ كۆچی خه‌مینی ساته دووباره بووه‌كان ، دووباره ده‌بییه‌وه ، تا ئه‌مڕۆ ، سپێی ... كه خۆشه‌ویستی بانگی كردی بگه‌ی به بوون، به مان، به ژیان .....





November 20, 2002

دوای ماوه‌یه‌كی زۆر كه یه‌كیان نه‌بینیبوو، تا شه‌و دره‌نگانێك دانیشتن و قسه‌یان كرد و كاتێكی خۆشیان ڕابووارد.
پێی گووت مه‌ڕۆوه ، هه‌ر لێره بخه‌وه ..... زوو هاته جواب و وتی :‌ " نا... ناتوانم، قه‌ولم داوه online بم !!

بیرم كرده‌وه ، دیم چ شیرینه ، جاران چوونه كانی و سه‌ر ڕێگه‌ی كچان بوو، ئێستا on line . جاران نامه‌ی ناو قوتوو شه‌مچه بوو ئێستا e - mail ... جاران كیژۆڵه كه‌م ته‌مه‌نه‌كانی گه‌رك نامه‌كانیان ده‌هێناو ده‌برد ، ئێستا Messenger و Paltalk و mirc و .....

نا... هه‌ر به‌ڕاست شته‌‌كان وه‌ك خۆیان نه‌ماون . چ خۆش ........



November 19, 2002

به‌فر ئه‌وه‌نده باریوه من بتوانم له‌پی ده‌ستمی لێ پڕ كه‌م . هێدی هێدی تامی كه‌م و توانه‌وه‌ی له سه‌ر زمانم هه‌ست پێ بكه‌م . به‌فر ده‌بارێ ! من په‌توویه‌كی شینم به سه‌ر شانم داداوه‌ و چاوم بریوه‌ته ئه‌و شه‌وه سپییه! تازه لیوانێك سووپی گه‌رم و له‌تێك نانی ڕه‌قم خواردووه . كاناڵه‌كانی "teve" ی گه‌رام . له هه‌ر هه‌شتیان چم وه‌به‌ر چاو نه‌كه‌وت حه‌زم له بینینی بێت. سێ كاناڵ فیلمی هه‌یه، هه‌ر سێیانم چه‌ند جار دیوه . نازانم یان من زۆر فیلم ده‌بینم یان هه‌ر كاتی بڵاو بوونه‌وه‌ی فیلمه كۆنه‌كانه من ڕێم ده‌كه‌وێته پێش teve .

چه‌ند ڕۆژێكه كارته پۆستاڵێكی سه‌وزم بۆ هاتووه، ئه‌ویشم وا داناوه تا دێمه پێش كۆمپیوتێره‌كه‌م ، ده‌یبینم . له سه‌ر كارته پۆستاله‌كه‌ به خه‌تێكی ئاشنا نووسراوه :" له‌وانه‌یه كاتێك ئه‌م پۆستكارده ده‌گات من خۆم له لات بم ......... ده‌زانم هه‌ر ڕۆژ ....... قسه ده‌كه‌ین، به‌ڵام نووسین تامێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. خۆشم ده‌وێی ئه‌گه‌ر ئێره و مانگیش ماوه‌ی نێوانمان بێت، هه‌ر ده‌م بیرم له لاته " .......

مه‌لی خه‌یاڵم باڵ ده‌گرێت، ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌ره‌تاكان، بۆ كاتی ده‌ست پێ كردنی ئه‌م گۆرانییه! ، ساتی له دایك بوونی ئه‌م چیرۆكه .... به‌ڵام .... ده‌ڵێی هه‌میشه هه‌ر بووه، ده‌ڵێی نه سه‌ره‌تایه‌كی هه‌یه و نه كۆتاییه‌كی ده‌بێت. ده‌لێی ده‌گه‌ڵ بوون ده‌ستی پێ كردووه و هه‌ر ده‌بێت . ده‌ڵێی به‌شێكی ونبووی من ده‌گه‌ڵ ئه‌م گۆرانییه گوترایه‌وه !

قه‌ت بووه بۆنی كۆنی بیره‌وه‌رییه‌كان لوتت ئازار بدات؟ قه‌ت بووه لاپه‌ڕه‌ زه‌رد هه‌ڵگه‌راوه‌كانی بیرت بدرێنی و بۆ نووسینه‌وه‌ی لاپه‌ره ‌تازه‌كان ده‌گه‌ڵ نه‌گووتراوه‌كان و نه‌بیسراوه‌كانی ناخت تۆقه بكه‌ی ؟

ئه‌وه تۆقه‌ی هه‌سته سه‌ربراوه‌كه‌ی ناخ ده‌گه‌ڵ ده‌نگی حه‌پس كراوی دڵه وا ئه‌مڕۆ لاپه‌ره تازه‌كان پڕ ده‌كه‌نه‌وه! ئه‌م چیرۆكه نه سه‌ره‌تایه‌كی هه‌یه ، نه كۆتاییشی ده‌بێت. ئه‌م گۆرانییه ده‌گه‌ڵ ‌بوون ، ده‌ستی پێكردۆت و هه‌ر ده‌بێت!

به‌فر ده‌بارێت. چرای دارتێله‌كان كز ده‌سووتێن. من ده‌نگی teve - یه‌كه‌م به‌ستووه، خۆم له په‌توویه‌كی شین پێچاوه‌ته‌وه و لیوانێك چایی گه‌رم له پێشمه ... جار نا چاوم ده‌كه‌وێته ئه‌و كارته پۆستاڵه سه‌وزه‌ی چه‌ند ڕۆژه بۆم هاتووه و بیر له مه‌ودایه‌ك ده‌كه‌مه‌وه پڕ له خۆشه‌ویستی .......



زمانیش وه‌ك زۆربه‌ی شت پێویستی به ئاگاداری و پێراگه‌یشتن هه‌یه. وشه‌ی تازه داتاشین یه‌كێك له‌و شێوانه‌یه كه زمانیێك پێی ده‌وڵه‌مه‌ند، یان به پێچه‌وانه پێی "عه‌یبدار" ده‌بێت! ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و پێش له وڵاتی سوئید كێبه‌ركێیه‌ك هه‌بوو كه له‌ودا به ‌تایبه‌ت منداڵان به‌شداریان كردبوو و هه‌ر كه‌سه‌ی وشه‌یه‌كی ناردبوو . له ده‌رئه‌نجامی كێبه‌ركێكه‌دا منداڵێكی 5 - 4 ساڵانه بردێوه و وشه‌كه‌ی له لایان سه‌نته‌ری زمانه‌وه قه‌بووڵ كرا و سۆز وایه، قامووسی ساڵانی داهاتوو ئه‌و وشه‌یه‌شی تێدا بێت.

چه‌ند شه‌و له‌مه‌و به‌ر هاورێیه‌كم ـــ كه پێم وایه پاكانه‌ی بۆ خۆی ده‌كرد ــ گێرایه‌وه وتی : كچی هاورێیه‌كی ویستوویه‌تی بزانێ كه‌ی له دایك بووه و هه‌وڵیشی داوه به كوردی پرسیاری خۆی بكات. له دایكی ده‌پرسێت :

دایه من كه‌ی Download بووم ؟



November 18, 2002



له‌خۆمدا به تۆ گه‌یشتم، ده‌ترسم له گه‌ڕانه‌وه‌دا ونت كه‌م ..........

له ڕێیه‌كی دووره‌وه هاتووم. له ونبوون گه‌ڕاومه‌ته‌وه. باوه‌شێك ده‌نگم پێیه! له‌ ڕێیه‌كی دووره‌وه هاتوومه‌ته‌وه . له سیله‌ی چاوه‌‌كانته‌وه بڕوانه، ده‌مناسێوه ! ماوه‌یه‌ك میوانی خه‌ونه‌كانت بووم. ماوه‌یه‌ك ده‌نگه‌كانمان به‌ش كردبوو . ماوه‌یه‌ك ڕێژنه‌ی بارانی هه‌ستمان ته‌ڕی ده‌كردین ... ماوه‌یه‌ك قه‌ڵای بێ ده‌نگیمان به لاوك و چیرۆك ده‌ڕووخاند... بڕوانه، ده‌مناسێوه !

له بیرته، وه‌ك پشكۆی به‌ر باران بووین ئه‌و شه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆیشتین و دواین.... هه‌ر دواین و ڕۆیشتین. ئه‌و شه‌وه‌ی تۆ له باوه‌ش منا دابووی و شه‌و له ناو خۆیا هێلانه‌ی بۆ چێ كردبووین ؟ ...

‌بڕوانه، ده‌مناسێوه ....

ئه‌وه ئێستاش باران ده‌بارێ، ئه‌وه ئێستاش گوێم بۆ لایه لایه‌ی باران شل كردووه . ئه‌وه ئێستاش جارنا، بروسكه‌یه‌ك ڕه‌شایی شه‌و ده‌شڵه‌‌ژێنێت ...! باران، ئه‌و هاوڕازه‌ی هه‌موو جارێ تۆزی گومانی ده‌شۆرده‌وه ... هه‌موو جارێ جێ پێی ترسی له خۆیا ون ده‌كرد و هه‌موو به‌یانییان شه‌ونه‌می ئاواته شینه‌كانی له سه‌ر گوڵپه‌ڕی گوڵی ئه‌وینمان به دیاری بۆ داده‌ناین! له بیرته ...؟ ... باران .......

بۆیه باران یانی من ... یانی تۆ ... یانی گه‌رمای په‌نجه‌كانت كه ده‌سته سڕه‌كانمی له ناو خۆیا حه‌شار دابوو . باران یانی پێكه‌وه بوون ، گه‌ڕانه‌وه . یانی گه‌رم بوونه‌وه له باوه‌شدا، ته‌ڕ بوون به ماچ ! باران، یانی پێكگه‌یشتنه‌وه !

تێكه‌ڵ بوونی بۆنی باران ده‌گه‌ڵ هه‌ناسه‌ی تۆ، تێكه‌ڵ ‌بوونی ده‌نگی تۆ ده‌گه‌ڵ ڕه‌نگی شه‌و...

له خۆمدا به تۆ گه‌یشتم ، ده‌ترسم له گه‌ڕانه‌وه‌دا ونت كه‌م . ده‌ترسم تامانی نامۆیی و گومان بێته سنووری نێوانمان! ده‌ترسم باران چی تر تۆ ته‌ڕ نه‌كات ....


یان ... ورده‌و ، تۆ ده‌توانی تۆزی گومان به شه‌ونه‌می ماچی سه‌ر لێوی من بشۆیته‌وه !!!





November 15, 2002

شه‌و، مینا دڵی من، گۆمێكی شلوێیه! نه ئه‌‌ستێره‌یه‌ك تا نه‌هێنی تاریكی بدركێنێت، نه باران تا ئه‌و گۆمه مه‌نده بشڵه‌ژێنێت! ته‌نیایی ئاوێنه‌یه و من به‌رامبه‌ری ڕووت ده‌بمه‌وه تا ڕازه بزر بووه‌كانی ڕۆحم بدۆزمه‌وه ! سه‌فه‌ری من به‌ره‌و خۆم ....... ڕۆ چوون یان گه‌ڕانه‌وه ؟




November 14, 2002

پێش داهاتنی شه‌و، به‌ته‌ما بووم بگه‌رێمه‌وه . پێش ده‌ست پێكردنی ئاییه‌ته‌كانی تاریكی، به‌ته‌ما بووم وه‌ڕێ كه‌وم بگه‌مه‌وه لات . به‌ته‌ما بووم خه‌ونه‌كانم بده‌مه ده‌ستت ، تۆزی ته‌مێكی كۆنیان له سه‌ر بته‌كێنی، تا په‌نجه‌ت بكه‌ی به شانه‌ بوو قژی شێواویان . به‌‌ته‌ما بووم ڕه‌شماڵی ته‌نیایی له‌گه‌ڵ تۆ بدڕێنم ، به ته‌ما بووم به زرینگه‌ی ده‌نگی تۆ ، بێ‌ده‌نگی جیهانی ده‌روونم بشكێنم .....به ته‌ما بووم" گومان" وه‌ك باوه‌شێك گه‌ڵای وشك له ژێر پێتا هه‌ڵوه‌رێنم، به ته‌ما بووم ، وه‌رزێكی تازه بخوڵقێنم . به‌ته‌ما بووم دڵم فێری تامژاندن بكه‌م ئه‌وینت بكات به دایكی خۆی! تا باوه‌ڕ بێنین و نامۆیی -- تامانی نێوانمان -- چی تر نه‌مێنێت !
به‌ته‌ما بووم ئامێزت بكه‌م به لانكی خۆم ، جه‌سته‌ی سڕم به هه‌ناسه‌كانی تۆ گه‌رم كه‌مه‌وه، به ته‌ما بووم بۆشایی نێوانمان به خۆشه‌ویستی پڕ كه‌مه‌وه .

به ته‌ما بووم ..........
كه‌چی به‌ره‌به‌یانییه‌كی زوو ، ماندوو ، گه‌یشتمه " هه‌وارێه‌كی خاڵی "

ئێستا نازانم :
بــــوونت خه‌ونه یان بێداری؟ گومانه یان باوه‌ڕ ؟ خه‌یاڵه یان ڕاست ؟ ........





November 13, 2002

مێژووی نایاب !!

كچی هاورێیه‌كم كه ته‌مه‌نی 10 -11 ساڵ ده‌بێت، ده‌چێت بۆ فێر بوونی زمانی كوردی و تا ئێستاش زۆر شتی تازه و باش فێر بۆت . قازانجێكی تری فێر بوونی ئه‌م كیژۆڵه‌یه‌ ڕه‌نگه ئه‌وه بێت كه دایكیش ورده ورده " ناچار" ده‌بێت
خۆی فێری كوردی بكات، تا كاتی یارمه‌تی دان به كچه‌كه‌ی تووشی هه‌ندێ ڕووداوی پێش بینی نه‌كراو نه‌بێت.

خۆی باسی ده‌كرد چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌و پێش یارمه‌تی كچه‌كه‌ی ده‌دا بۆ خوێندنه‌وه‌ی وانه‌یه‌كی تازه !
وتی ئاوام ده‌ست پێ كرد : مێـــــــژووی نـــــــایـــــــاب !
پرسی : دایه مێژووی نایاب چییه ؟
ده‌ڵێ ده‌ستم كرد به باس كردنی هه‌ندێ شتی ساكار له سه‌ر مێژووی كوردستان و كه چی بووه و چۆن بووه ....ماوه‌یه‌ك
هه‌ر باسم بۆ كرد و ئه‌ویش به سه‌یره‌وه چاوی لێ ده‌كردم. دوای ماوه‌یه‌كی كچه‌كه‌م هه‌ستا چوو مستێكی " كشمیش" هێنا و گوتی : نا دایه ناتوانێ ئه‌و شته بێت كه تۆ باسی ده‌كه‌یت ، چونكه مامۆستاكه‌مان شتێكی ئاوای پێنیشان داین ، و "كشمیشه‌كانی" له پێش ڕۆ كردم ....
كه‌مێك له نووسراوی كتێبه‌كه ورد بوومه‌وه . ڕوانیمه وێنه‌ی ئه‌م پیاوه سه‌وه‌ته‌یه‌كی له سه‌ر شان بوو... ڕاستی ده‌كرد، نه‌نووسرا بوو :‌ "مێژووی .... " ، نووسرا بوو :

" مێــــــــوژی نـــایــاب "





هــــــــــــه‌م تۆم خۆش ده‌وێ هــــــــــه‌م ئه‌ویش

كه من ته‌نیا جارێك بژیم :
هه‌م تۆم خۆش ده‌وێ هه‌م ( ئه‌و)یش.

كه من ته‌نیا جارێك بژیم:
نه تیشكی ڕۆژ ده‌تۆڕێنم
نه تریفه‌ی مانگه شه‌ویش.

ئه‌گه‌ر دوو جار ژیابام:
خۆشه‌ویستم هه‌ر تۆ ده‌‌بووی له مه‌یانا.
له‌وه‌ی ‌ترا ، ئه‌وم ده‌كرد به تاقانه !

به‌ڵام چبكه‌م !
كه من ته‌نیا جارێك بژیم ،
چاره‌م نییه :
هــــــــــه‌م تۆم خۆش ده‌وێ، هــــــــــه‌م (ئه‌و)یش
هه‌م تیشكی ڕۆژ ده‌په‌رستم ،
هه‌م تریفه‌ی مانگه‌ شه‌ویش !!

په‌شێو





November 12, 2002

شه‌و وه‌ك منه، بێدار. بێ‌ده‌نگی وه‌ك منه، پڕ ! ته‌نیایی وه‌ك منه، تینوو ...!!

هه‌ناسه‌ی شه‌و په‌رده‌ی سپی ژووره‌كه‌م پڕ ده‌كات له خۆی و باوه‌شێك تریفه‌ی مانگه شه‌و ده‌ڕژێنێته‌ ناوه‌وه. سه‌ر مێزه‌كه سێ مۆمی نیوه سووتاوی له سه‌ره، ده‌فته‌رێكی نیوه دڕاو و پێنووسێكی ڕه‌ش . نه ده‌ستم بۆ پێنووس ده‌چێت و نه هێزی داگیرساندنه‌وه‌ی مۆمه‌كانم هه‌یه. نامه‌‌كه‌ی تۆ له ناو په‌نجه‌كانما به‌ستوویه‌تی. هه‌موو شتێك زۆر دوور ده‌نوێنێت. هاتنه‌وه‌ی من، دیتنه‌وه‌ی تۆ، گه‌ڕانه‌وه‌ی "ڕۆژه‌كانمان" ، هه‌ست پێكردنی دووباره‌ی ئه‌و هه‌سته‌ی 10 ساڵه بۆت به پردی نێوان من و تۆ ، ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی مه‌ودای نێوانمانی پڕ كردۆته‌وه ....

باوه‌ڕ به چی بكه‌م‌؟ كه ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ تێپه‌ر بوونی زه‌مه‌ن به ناخه‌كاندا ڕۆ چووین و نه من چیتر منم، نه تۆ تۆیت!
كه ئێستا ئه‌و بیره‌وه‌رییانه شی بوونه‌ته‌وه و چیتر ئه‌و گه‌رمایه له دڵما زیندوو ناكه‌نه‌وه ؟ كه ناوێرم پێ بنێمه سه‌ر ئه‌و پرده‌ی چیتر من به تۆ ناگه‌یێنێت؟ چی بكه‌م ........

نامه‌كه‌ت له ناو په‌نجه‌كانمایه. وشه‌كانت ئیتر باران نین ته‌رم ناكه‌ن. له ناو كۆڵان و شه‌قامی په‌یڤه‌كاندا ده‌گه‌ڕێم خۆم نابینمه‌وه . ئیتر بۆنی گڵم وه‌بیر ناهێنێته‌وه . تاسه و تینوویایه‌تیم ناپڕژێنێته سه‌ر كێڵگه‌ی له‌ش.
چی بكه‌م ... نامه‌كه‌ت ده‌خوێنمه‌وه و باڵ ناگرم ، ته‌نیا ... ته‌نیا نیاز و نامۆییم بۆ زیندوو ده‌كاته‌وه ....


شه‌ویش وه‌ك منه، بێدار. بێ‌ده‌نگی وه‌ك منه، پڕ ! ته‌نیایی وه‌ك منه، تینوو .............





November 11, 2002

ڕه‌نگه ئه‌مه دوا ژوان بوو!

شه‌و ، شه‌كه‌ت و ماندوو به‌ره‌و كازێوه ده‌چوو. ئـــــێمه به‌ڵام، هێشتا له گه‌رمه‌ی ئاخاوتندا بووین . ده‌گه‌راینه‌وه بۆ سه‌ره‌تاكان .... خه‌ونه‌كانمان بۆ یه‌ك ده‌گێراوه، له گه‌رمای ئاگری ئاخاوتندا خۆمان و سه‌رمای زستانمان له بیر ده‌كرد ... شــــــــــــه‌و تێده‌په‌ری و ئێمه‌ش له مه‌وداكاندا ده‌گه‌راین، ملوانكه‌ی شینی یاده‌كانمان ده‌هۆنده‌وه ، قـــــــــژی سه‌وزی خه‌ونه‌ شێواوه‌كانمان شانه ده‌كرد ، فڕینمان وه‌بیر یه‌كترین ده‌هێناوه ! بێده‌نگی ده‌ورووبه‌رمان به زرینگه‌ی پێكه‌نین ده‌شــــــــــــكاند . له تاریكی شه‌قامه چۆڵه‌كاندا ون ده‌بووین .

ڕه‌نگه ئه‌مه دوا ژوان بوو!

شار له خه‌و دابوو، به‌فر ده‌باری ... مـــــــــن و تـــــۆ به دڵی تاریكیدا ڕۆ ده‌چووین . به‌ده‌م په‌یڤینه‌وه شه‌ومان شه‌ق ده‌كرد.
تا ئه‌و شه‌وه هه‌ر تۆ بووی منت ده‌برده‌وه بۆ سه‌ره‌تاكان ، بۆ ساته‌ تێپه‌ر بووه‌كان ، منیش له تاسه‌ی داهاتوودا باڵم ده‌گرت و تۆم ده‌كرد به میوانی خه‌یاڵی دواڕۆژم ....
كه‌چێ ئه‌و شه‌وه شتێك جیاواز بوو .... من بۆ یه‌كه‌م جار چیرۆكێكی كۆنم وه‌بیر هێنایه‌وه ، تۆ ڕووت له من دزییه‌و و هێشتت كولله‌ی به‌فری سپی به گه‌رمای ئه‌سرینت بتوێته‌وه .... ئه‌و شه‌و تۆ بۆ یه‌كه‌م جار له داهاتوو ده‌دوایی. له دوور بوونه‌وه، له له‌یه‌کدابرین ، له سه‌ره‌تایه‌كی تازه وا چاوه‌رێ منی ده‌كرد ... ئه‌و شه‌وه شتێك گۆڕدرا!

تۆ ، تۆ نه‌بوویت ، منیش !! ترسێكی نامۆ پڕی كرد بووم، نازانم له ڕوانینی تۆ ده‌ترسام یان له‌و ده‌سته نه‌ناسراوانه‌ی خۆم ده‌په‌نادا ده‌شارده‌وه .... نازانم له دابرین بوو ده‌ترسام یان له فڕین له ئاسمانێك، چی له ئاسمانی شاری ئاواتی من نه‌ده‌چوو !! نازانم له گه‌یشتن به سه‌ره‌تایه‌كی تازه ده‌ترسام یان له خه‌می خه‌ونه‌كانمان كه ورده ورده ڕه‌نگیان ده‌گۆری .... هه‌ر چی بوو ئه‌و شه‌وه من له‌‌گه‌ڵ تارمایی ترسێكی ته‌نك ئاشنا بووم .....

ڕه‌نگه ئه‌مه دوا ژوان بوو !!

ئه‌و شه‌وه ئێمه ده‌دواین، ده‌دواین، ده‌دواین ... له‌یه‌ك نامۆ و به یه‌ك ئاشنا ، له‌یه‌ك دوور ، به‌یه‌ك نزیك . ده‌دواین، ده‌دواین، جۆرێك كه ده‌تووت په‌له‌مانه بۆ ده‌ركاندنی نه‌هێنییه‌كان، بۆ یه‌ك ناسین ، بۆ ئاشنا بوون ... به‌فر ده‌باری، شار له خه‌و دابوو ، ئێمه به دڵی تاریكیدا ڕۆ ده‌چووین و له‌به‌ر ڕووناكی ئاگری ئاخاوتندا له نه‌هێنیه‌كانی ڕۆحی یه‌كترین ده‌گه‌ڕاین ....

ئه‌وه دوا ژوانی ئێمه بوو !





November 9, 2002

ئه‌مڕۆش له‌و ڕۆژانه‌یه!! ته‌نانه‌ت سێبه‌ره‌كانیش قوورسایی ده‌كه‌ن! ئاسمان ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوه و شار خۆڵه مێشییه!
له‌و شاره سه‌رما بردوویه ساته‌كان ده‌لێی به‌ستوویانه ... كات وه‌ستاوه و زه‌مه‌‌ن پڕه له دووپاته‌ بوونه‌وه !!
بێده‌نگی وه‌ك منداڵێك سه‌ر كردۆته سه‌ر باسكم ، بیره‌كان له كۆتری ماندوو ده‌چن له سه‌ر لێوارێ هه‌ڵکوورماون !

ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر توانیبام بگه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌ره‌تا ، بۆ كاتی خوڵقاندنی مه‌وداكان ، مه‌ودای په‌یڤین و ڕوانین، مه‌ودای
ناسین، به ناخی تاریكییه‌كاندا ڕۆ ده‌چووم ، تا تۆزێك ڕووناكی به دیاری بێنمه‌وه! ئه‌گه‌ر توانیبام بگه‌ڕێمه‌وه بۆ
سه‌ره‌تا، بۆ كاتی خوڵقاندنی ده‌نگ، هه‌موو بێده‌نگییه‌كانم ده‌پشكنی تا ڕه‌ختێك هاوار به دیاری بێنمه‌وه .....

ئه‌گه‌ر توانیبام بگه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌ره‌تا، ڕۆحم فێری ڕامان ده‌کرد تا نهێنییه‌كانی دڵ مه‌ودای ده‌ركاندنیان هه‌بێ ...
ئه‌گه‌ر توانیبام بگه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌ره‌تا، داڵانه تاریك و‌ ته‌نگ و ته‌سكه‌كانی فه‌رامۆشیم ده‌رووخاند تا خه‌ونه‌كان چیتر ون نه‌بن.... ئه‌گه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك هه‌با ....

ئێستا مه‌ودای نێوان من و سه‌ره‌تا، پڕه له ڕابردوو !! پڕه له دووری ده‌نگ و ده‌سته‌كان .... پڕه له خه‌ونی شێواو ...
ده‌ڵێم ده‌كرێت ئه‌مڕۆ سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ خوڵقاندن ... بۆ دیتنه‌وه‌ ، بۆ هێنانه‌وه .... ؟
ده‌ڵێم ئه‌مڕۆ ده‌توانێت ده‌رفه‌تێك بێت بۆ ڕووخاندنی داڵانه ته‌نگ و ته‌سكه‌كان، تا ئیتر چی دی ئاواته‌كان و خه‌ونه‌كان ون نه‌بن .....؟

بێده‌نگی وه‌ك منداڵێكی لاسار خۆی به داوێنی كات هه‌ڵواسیوه ...





November 7, 2002

ڕامـــــــــــــانێــــك .....




چه‌ند ڕۆژێكه خۆم له یاد بردۆته‌وه ، ته‌نانه‌ت له بیرم نه‌ماوه به شێوه‌ی هه‌میشه‌‌یی خۆم ، وه‌بیر خۆم بێنمه‌وه كه هه‌م... جار نا تووشی هه‌ستێكی ئاوا ده‌بم . تاڵه، زۆر تــــــــــــــاڵ !! ده‌ڵێن، ڕووداوێكی دڵته‌زێن ده‌توانێت به‌دیهێنه‌ری ئه‌م هه‌سته تاڵه بێت ... به‌ڵام ئێستا ، ده‌ڵێی ، من ئیتر ڕووداوه دڵته‌زێنه‌كه‌م له بیر نه‌ماوه و ته‌نیا
ئه‌م هه‌سته تاڵه‌م بۆ ماوه‌ته‌وه ! هه‌ستی تاڵی له بیر چوونه‌وه ، له بیر كردن !! كه ئه‌و هه‌سته‌ش سێبه‌ری خۆی به سه‌رتا كێشا و توند له باوه‌شی گرتی، وا كه ئیتر هه‌ناسه‌‌شت بۆنی تاڵی لێ بێت، تێپه‌ر بوونی زه‌مه‌ن، شتێكی بێ مانایه! ... نه ڕابردوو مانایه‌كی هه‌یه ، نه داهاتوو !! كاتی وا تۆش له‌گه‌ڵ چركه‌كان تێده‌په‌ری، تۆش له وه‌ستان، بیر كردنه‌وه، وه‌بیر هێنانه‌وه ده‌وه‌ستی ! له‌گه‌ڵ ڕووباری كات ده‌چی پێش ، ده‌ژیت ، بێ وه‌ی هیچ شتێك مانایه‌كی هه‌بێت ... ته‌نانه‌ت بوون ....
جار نا هه‌وڵ ده‌ده‌م له زه‌مه‌ن حاڵی بم ... لێی ورد ده‌‌‌بمه‌وه !! به‌ڵام چركه‌كان وه‌ك سێبه‌ر ده‌خووشێن ... بێ هیچ جێ پێیه‌ك، بێ هیچ نیشانه‌یه‌ك له بوونیان ، له نه‌بوونیدا ون ده‌بن !! چ‌ چاره نووسێكی تاڵ، بێ واته ژیان و له نه‌بوونیدا مردن ...
زه‌مه‌ن هه‌ر وا تێده‌په‌رێت، چركه‌كان ده‌كه‌ونه كۆشی ڕابردوویه‌ك كه هیچ مانایه‌كی نییه ... داهاتوو خۆی به داوێنی بێ ڕه‌نگی ئه‌و چركانه‌وه هه‌ڵواسیوه ....

زه‌مه‌ن تێده‌په‌رێت ، منیش پێ ڕاناگه‌م له مانایان تێبگه‌م .........





November 3, 2002

باوه‌ڕ ناكه‌م، 14 ساڵ ‌تێپه‌ری ... 14 ساڵ به سه‌ر ئه‌و ئێواره شوومه‌ی بارگه‌ت بۆ كۆچ تێكنا، ئه‌و ئێواره ڕه‌شه‌ی هه‌ر چی خه‌فه‌ت و خه‌م بوو هێلانه‌ی كرده ناو دڵم.... 14 ساڵ، ‌تێپه‌ری !!

وێ ناچێ من هێشتا شینی خۆمم كرد بێت ... وێ ناچێ ئه‌و دڵه لاساره‌ی من هێشتا سارێژ بووبێت ...14 ساڵ !
14 ساڵ تێپه‌ری له‌و ئێواره دڵته‌نگه‌ی وه‌ك كۆترێكی سپی له شه‌قه‌ی باڵت دا و فڕیی ... بێ ماڵئاوایی ...
له‌و ئێواره دڵره‌قه‌ی تۆی له‌گه‌ڵ‌ خۆی برد و له تاریكی شه‌ودا ونی كردی! له‌و ئێواره خۆڵه‌ مێشییه وا چیرۆكی ته‌نیایی دڵی منی تێدا نووسرا ...

14 ساڵه سه‌ر ده‌كه‌مه كۆشی خه‌یاڵت، 14 ساڵه سه‌ر له سه‌ر سینگی خه‌مت داده‌نێم، 14 ساڵه لێوی ساردی
ته‌ر‌می پڕ ‌له تاسه‌ی نه‌بوونت ماچ ده‌كه‌م....
14 ساڵه سه‌رینم له‌گه‌ڵ بیری تۆ به‌ش ده‌كه‌م... 14 ساڵه خه‌ونه‌كانم پڕن له بۆنی مێخه‌ك، 14 ساڵه پێخه‌فم بۆت به گۆری شینی دڵم !!

14 ساڵه له خه‌مخانه‌ی خه‌یاڵما مه‌ستی خه‌می تۆم.
14 ساڵه بوویت به په‌پووله‌ی خه‌وه‌كانم ... وێڵی تۆم.
ئه‌و هه‌وره ڕه‌شانه‌ی له ئاسمانی دڵما كۆ بوونه‌ته‌وه، هه‌ر ده‌گرمێنن و نابارێن ، هه‌ر ده‌بارێن و خه‌مه‌كانم ناشوردرێته‌وه ... 14 ساڵه ده‌مه‌وێ چركه‌یه‌ك لێت دوور ببمه‌وه ناتوانم ...

ئه‌و كۆچه زۆر بێ وه‌خت بوو ، كوا ڕه‌سمه‌كه‌ی وایه، كوا بێ ماڵئاوایی ، بێ هیچ قسه‌یه‌ك بار تێكده‌نێن بۆ كۆچ ... كوا له ناكاو هه‌وارگه چۆڵ ده‌كه‌ن ... ئه‌ی ژوانی ئێوارانمان... چۆن دڵت هات...؟ 14 ساڵه چاوه‌رێتم ! 14 ساڵه بیرت ده‌كه‌م ، 14 ساڵه بانگت ده‌كه‌م ، 14 ساڵه به هیوای بیستنی ده‌نگتم ....

باوه‌ڕ ناكه‌م، 14 ساڵ تێپه‌ری. 14 ساڵه باوه‌شی خه‌یاڵت بۆت به لانكی من ... 14 ساڵه تۆ له مندا ده‌ژیت ، من له تۆ دا ده‌مرم ...

14 ساڵ ‌تێپه‌ری ... 14 ساڵه بیرت ده‌كه‌م !!!





November 2, 2002

ژن بوون به ده‌نگی چه‌ند ژن :

--" ژن بوون جارێك لێت ده‌بێت به قه‌ڵا و تێیدا دیل ده‌كرێی. جارێك ده‌بێت به چه‌قۆ سه‌رت ده‌برێت . هه‌ندێ جار داوێنی خۆته ده‌بێت به په‌ت و له ملت ده‌هالێت. جار نا وه‌ك مه‌ر و ماڵات له كڕین و فرۆشتن ده‌ێت. "

--"به‌هه‌شتی ده‌خه‌نه ژێر پێی كه‌چی دۆزه‌خێكی لێره بۆ ساز ده‌كه‌ن و ئاگر له هه‌موو خه‌ون و خه‌یاڵ ‌و ئاواته‌كانی به‌ر ده‌ده‌ن. "

--"ڕۆژێك نامووسی باب و برایه‌تی و جاریش زه‌وی مێرده و به كه‌یفی دڵی ده‌یكێڵێت. بۆ وه‌ی پیاو گوناح نه‌كات ، ده‌بێ خۆی داپۆشێت. له ژووری خه‌و تا پیاو حه‌ز بكات بێ ده‌سه‌ڵاته! "

--"دیلێكی ده‌رده‌داری حه‌سره‌ت به دڵه ! دیلی خۆشه‌ویستی خۆی سه‌باره‌ت به منداڵه‌كانێتی. حه‌سره‌تی نه‌ختێ مێهره‌بانی و خۆشه‌ویستی هه‌میشه له دڵ دایه ! "

--"ده‌ڵێن له وڵاته‌كه‌ی خۆی به نان و شه‌پ ڕازی بوو . سه‌ر و زمانی نه‌بوو ... هاتۆته هه‌نده‌ران خۆی لێگۆردراوه . زمانی گرتووه !! داوای مافی یه‌كسان ده‌كات ، ده‌ڵێ منیش خاوه‌ن كه‌سایه‌تیم ... "

--" ...................."





دوو باڵی به‌هێزتان پێشك نایه بۆ فڕین؟

بریا كه‌س هه‌با به منی وتبا بوو هه‌میشه وایه؟ له‌و هه‌موو كه‌سه‌ی ناوێری چاویان لێبكه‌ی نه‌سیحه‌تت ده‌كه‌ن كه‌س په‌یدا نابێ بڵێ چۆنه وایه؟ بۆ هه‌ر كات پێتوایه هه‌موو شتێك ڕێك و پێك و له سه‌ر جێی خۆیه‌تی ، له پڕ ده‌بینی هــــــــاوار، تۆ كوێر بویت و ئه‌و هه‌موو گرێ پووچكه‌ت نه‌دیوه!

كه‌س نییه بڵێ بۆ هه‌ر كات پێتوایه شتێك هه‌ڵه‌یه و كاره‌كان گرێیان تێدایه، شتێك سه‌ر هه‌ڵده‌دات كه ڕێك و پێكه و عه‌یبی تێدا نییه، گرفته‌كه‌ ته‌نیا ئه‌وه بووه كه تۆی كوێر و گێژ چاوت نه‌بووه بیبینی! هه‌میشه جۆرێك، به شێوه‌یه‌ك ده‌بێ بسه‌لمێندرێت كه كوێرین، نابینین و هه‌ر ئه‌و شته‌ی كه توانایی دیتنیمان نییه، ئه‌وانه‌ن وا ڕێ خۆشكه‌رن بۆ گه‌یشتن، بۆ پێگه‌یشتن، یان به پێچه‌وانه!

ئه‌گه‌ له حاڵی من ده‌پرسی ، هه‌ر ئه‌ونده‌ بزانه باش نیم و خه‌می دڵم چ په‌یوه‌ندی به دووری ئێوه نییه ....
له‌وانه‌شه ئه‌گه خه‌فه‌تێك نه‌بێ هه‌ر له سایه سه‌ری نه‌بوونی ئێوه‌ بێت .....






November 1, 2002

ئه‌گه‌ر به‌یانی نا به‌یانی، به ده‌نگی زه‌نگی ته‌له‌فوون وه‌خه‌به‌ر بێیت ، به كۆره كۆر برۆی و وڵام بده‌یه‌وه، كه‌س نه‌بێت ... هه‌ر ئه‌و دیو ئه‌و دیو بكه‌ی هه‌ول بده‌ی خه‌وت لێبكه‌وێته‌وه، فایده‌ی نه‌بێت ، به ‌نابه‌دڵی هه‌ستیی و به چاوی پڕ‌له خه‌و چایی به‌یانی ساز كه‌ی،
ئه‌وه‌نده خه‌واڵوو بیت له‌بیرت نه‌بێ چایی تێكه‌ی و هه‌ر ئاوی ڕووتی وه‌سه‌ر نێی . كاتت نه‌بێ نان بخۆی ، ناچار بی به‌هه‌ڵاتن بچی بۆ مێترۆ ، هه‌ر كه گه‌یشتی به‌ر ده‌رگاكه‌ی به‌جێت بێڵێت و بڕوات ، ببینی كه قه‌تاری دوای 20 ده‌قیقه‌ی پێده‌چێ تا بێت ، هه‌ر بۆیه‌ش دره‌نگ بگه‌ی به سه‌ر قه‌راره‌كه‌ت ، تۆش بایت قژی سه‌رت دانه دانه‌ هه‌ڵنه‌ده‌قه‌ند ؟؟؟

ڕۆژی من دۆینێ ئاوا ده‌ستی پێكرد. 20 ده‌قیقه دره‌نگ گه‌یشتمه سه‌ر قه‌راره‌كه‌م ، 15-10 ده‌قیقه گه‌ڕام تا شوێنه‌كه‌م دیته‌وه، ده‌ستم سڕ ببوو، لوتم سوور هه‌ڵگه‌رابوو ، له‌وانه‌ش ناخۆشتر برسیم بوو، زگم وه‌قۆڕه قۆر كه‌وتبوو. كاره‌كه‌م زوو ته‌واو بوو، ئه‌و هه‌موو هه‌ڵات هه‌لات و سترێسه بۆ كاری 5 ده‌قیقه‌ !!
له گه‌ڕانه‌وه‌ی مێترۆ ئیشی نه‌ده‌كرد ، منی برسی بریارم دا برۆم له جێیه‌کی نزیك دانیشم پاروویه‌ك نان بخۆم،
ئه‌وه‌ش نه‌گوونجا، پاره‌م پێنه‌بوو، كارتیشی وه‌رنه‌ده‌گرت. گه‌ڕامه‌وه ،مێترۆ له گیانه‌ڵڵا دابوو، ....
دوای چاوه‌ڕوانێكی زۆر به له‌نجه‌و لار هات ...
سوار بووم، ڕۆژنامه‌ی مێترۆم هه‌ڵگرت بیخوێنمه‌وه، ئه‌وه‌نده‌م برسی بوو تاقه‌تیم نه‌ما، له به‌ختی من پیرێژنێكی كه‌مێك سه‌ر شێت هات له ته‌نیشتم دانیشت، لاره‌و لار چاوێكی لێكردم و پرسی ؛ خه‌ڵكی كوێی؟
-- جێیه‌كی دوور ...
-- بۆلێره‌ی ؟
-- به ئیشتیا ...
-- كه‌ی ده‌ڕۆیه‌وه ؟
-- پێم وانییه بڕۆمه‌وه ... ئێره خۆشه ...
-- به‌ڵام من پێم خۆش نییه لێره بیت ...
-- ده‌ی تۆ برۆ بۆ جێیه‌كی تر ... من هه‌ر لێره ده‌مێنمه‌وه
-- تۆ سه‌گت پێ پیسه .... به‌راز ناخۆی ...
-- ئێستا ئه‌وه‌نده‌م برسییه تۆشم ده‌نێ ده‌تخۆم ....
-- ..........
بیره‌ێه‌ك ده‌ردێنێت، ده‌ڵێ به سڵامه‌تی هه‌موو كه‌لله ڕه‌شێكی ئه‌و وڵاته وا پاره‌ی ئێمه به مفتێ ده‌خوا ....
-- به‌ سڵامه‌تی تۆش ....
خۆش نییه ، هه‌م برسیمه ، هه‌م خه‌وم دێت ، هه‌م تووره‌م. له‌و ژنه سه‌ر شێته، له‌وه‌ی به‌یانی نا به‌یانی زه‌نگی لێدا و قسه‌ی نه‌كرد ... له به‌رێوبه‌رانی مێترۆ ...

قه‌راره ســـــانا ببینم ... ده‌گه‌مه لای ... باوه‌شێكی ئه‌و گوڵه هه‌زار شتی له‌وه‌ش ناخۆشتر له بیر من ده‌باته‌وه.
دێته باوه‌شم، ده‌ستێك به قژم دادێنێت، ده‌ڵێ بیكه‌وه، پێم جوان نییه قژت كۆ كه‌یه‌وه ...
گۆرانیم بۆ ده‌ڵێت ، دانسی تازه‌ی ده‌بێ ببینم. له پڕ هه‌ڵدێته ژووری خۆی ... شتێكی شین دێنێت و ده‌مداته ده‌ست .... دیاریم ده‌داتێ ! دیارێكه‌می له كاغه‌زێكی شیندا پێچاوه‌ته‌وه، ده‌ێكه‌مه‌وه، خۆشی حه‌زی له ڕه‌نگی شینه . چاوه‌كانی وه‌ك ئه‌ستێره جریوه جریویانه.
ده‌ڵێ : به پووڵی خۆم بۆم كریوی ...

حه‌ز ده‌كه‌م بقیژێنم .... ده‌قیژێنم !!
ده‌قیژێنم، ده‌زانێ خۆشحاڵم، پێده‌که‌نێت. من له باوه‌شی ده‌كه‌م . دڵی من پڕ ده‌بێت له هه‌ستی گه‌رمی به‌خته‌وه‌ری . دیاری وه‌رگرتن خۆشترین شته ... ئه‌ویش دیاری سانا ، له ده‌ست ئه‌زیزێكی وا، كه هه‌ر ته‌نیا بوونی مانایه‌كی تایبه‌تی داوه به رۆژه‌كانی من... جا ئێستاكه خۆشیده‌وێم خۆم به به‌خته‌وه‌رتر ده‌زانم .
.......
بریا هه‌موو كه‌س لانی كه‌م یه‌كجار، هه‌ستی به خۆشه‌ویستی و به‌خته‌وه‌ری كردبا ....







www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------