Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

July 31, 2002

ده‌چم بۆ لای . تازه له كوردستان ڕا هاتۆته‌وه. چاوه‌كانی هێشتا پڕن له ئه‌ستێره و ده‌سته‌كانی هێشتا بۆنی خاكی ئه‌وێی لێ دێت. زۆر بێ ده‌نگه ، وه‌ك جاران نه‌ماوه. باسی هه‌رچی له‌گه‌ڵ بكه‌ی ، به شێوه‌یه‌كی ده‌یباته‌وه سه‌ر باسی كوردستان و ژیانی منداڵان له‌وێ.

ده‌چمه ژووری منداڵه 4 ساڵانه‌كه‌ی ! دوو كارتۆنی گه‌وره ، پڕ له كایه‌ی منداڵانه له ناوڕاستی ژووره‌كه‌ی داندراوه . كچه‌ نه‌شمیل و ناسكه‌كه‌ی ده‌ستم ده‌گرێ و كتێبه‌ تازه‌كانی وا له كوردستان له گه‌ڵ خۆی هێناوێتی پێم نیشان ده‌دات و قه‌ولم لێ ده‌سێنێ بۆی بخوێنمه‌وه !

له هاورێكه‌م ده‌پرسم ئه‌م كارتۆنانه بۆ لێره‌ن؟ ده‌نگی ده‌له‌رزێ ، سه‌ر هه‌ڵناهێنێ ، به‌ڵام ته‌ڕ بوونی برژانگی ده‌بینم...
- له خۆم زۆر شه‌رمه‌نده‌م . كچه‌كه‌ی من ئه‌وه‌نده‌ی بووك هه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ی كایه‌ی سه‌یر هه‌یه كه زۆریانی هه‌ر له بیر نه‌ماوه... به زۆریان هه‌ر كایه ناكات. كه‌چی له‌وێ ، مناڵی وام دیت به شتی شكاو و له‌ت و په‌ت، كه دیار نه‌بوو چییه كایه ده‌كات و به دنیایه‌ك حه‌سره‌ته‌وه چاوی له شته‌كانی مناڵه‌كه‌ی من ده‌كرد ... منداڵی وام دیت لیباسی به‌ری پینه‌ و په‌رۆ كراو و سه‌ر ئه‌ژنۆ و ئانیشكی دڕاو ، چاوی له جل و به‌رگی به‌ری كچه‌كه‌ی من ده‌كرد....

له دڵم ده‌رناچێ... دوو ڕۆژه هاتوومه‌وه هه‌ر خه‌ریكی كۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و كایه و جل و به‌رگانه‌م وا هێشتا هه‌ر
له كارتۆنه‌كه‌شیان نه‌هاتوونه ده‌ر ، ده‌ینێرمه‌وه....

ئه‌و هه‌ر قسه‌ی ده‌كرد، ده‌نگی هه‌ر ده‌له‌رزا ، فرمێسك له چاویا قه‌تیس مابوو ... منیش بیرم چوو بوو بۆ لای ئه‌و منداڵه ڕه‌ش و ڕووتانه‌ی هاورێكه‌م باسی ده‌كرد ...
و ده‌مزانی ئه‌م دوو كارتۆنه‌ی بشنێرێته‌وه .....





زۆر ده‌ترسم
زه‌رووی ژانی چاوه‌ڕوانی،
دوا دڵۆپه‌ ژینم بمژێ و
ده‌ستێ نه‌بێ ،
له‌م دۆزه‌خه‌م ده‌ربهێنێ .



July 30, 2002

ته‌نانه‌ت ئاویش ئه‌گه‌ر بێ جووڵه بمێنێته‌وه و بوه‌ستێ
بۆگه‌نیو ده‌بێ......



پێم خۆش نییه ئه‌وه‌ی باوه‌ر بكه‌م ، به‌ڵام جار نا، وا هه‌ست ده‌كه‌م نه‌زانین، نه‌بیستن و بێ خه‌به‌ر بوون له هه‌مووی باشتر و خۆشتره. تا نه‌زانی له‌و دنیایه‌ دا چی ده‌گوزه‌رێ ، تا ئێش و ئازاره‌كان نابینی و هه‌ستی پێ ناكه‌ی ، ده‌ڵێی به شێوه‌یه‌ك ژیان ئاسانتره و خۆشت ئارامتری. ئیتر ئه‌م هه‌ستی بێ ده‌سه‌ڵاتی وات لێ ناكا ئارام و ئۆقره‌ت‌‌ لێ هه‌ڵگیرێت .

ئه‌مرۆ ، دوای ماوه‌یه‌كی یه‌کجار زۆر، ده‌نگی خۆشه‌ویستێكمم بیست . ئه‌و ئازیزه‌ی چێژی خۆشه‌ویستی پێ ناساندم و دوای هاتنی ئه‌و بۆ ناو ژیانم
بوو كه زانیم خۆشه‌ویستی ده‌توانێت بێ سنوور بێت.


ده‌نگی ناسك و منداڵانه‌ی پڕ‌ بوو له ئاه و هه‌ناسه ! له حه‌سره‌ت و تاسه . له ویستن و پێ نه‌گه‌‌یشتن !


ووتی‌: هاوینه ، زۆریش گه‌رمه !
پرسیم : ئه‌ی بۆ له ژوورێی ؟ بۆ ناچی ده‌رێ ، هه‌وایه‌كی بخۆی...


ووتی: بچمه ده‌رێ ؟ نازانی به قسه و باسان چی له
ئینسان ده‌كه‌ن ! باوه‌ر كه په‌نجه‌ره‌ش ناكه‌مه‌وه، چوونكه كۆڵانه‌كه‌مان زۆری كوڕ پێدا دێ ، ده‌ترسم پێیان وا بێ له به‌ر كوڕان كردوومه‌ته‌وه، خۆ كه‌س باوه‌ر به‌ كه‌س ناكات !!...
سه‌فه‌ر كردن گرانه ‌! هیچ جێیه‌كیشمان نییه له‌گه‌ڵ‌هارێكانمان كۆ بینه‌وه و كاتێكی خۆش پێكه‌وه تێپه‌ر كه‌ین ... نه‌ پاركێك... نه جێیه‌ك بۆ دانیشتن و قسه كردن... نه....
نه دایكم ئیزن ده‌دا من بچم بۆ ماڵی هاورێكانم، نه ئه‌وان بۆیان هه‌یه . كچ نابێ ماڵان گه‌ڕ بێ، وا ده‌ڵێن ! منیش نازانم بۆ ... خۆ ئێمه هیچ ناكه‌ین، هه‌ر حه‌ز ده‌كه‌ین پێكه‌وه بین.... ئه‌وه كوێی خراپه؟ ...


سه‌ری قسانی كرابۆوه. منداڵێكی 14 - 13 ساڵه و خه‌می گرانی و نه‌داری !!! وه‌ك گه‌و‌ران قسه‌ی ده‌كرد! منداڵێتی ئه‌ویشیان دزی!!

دیار بوو دڵی پڕه. من چیم پێ ده‌کرا !! له بیرمه زه‌مانی خۆی هه‌ر چی به‌زاز و به‌قاڵی شار بوو له خۆمان زیاتر ساحه‌ب ژیانی ئێمه بوو. له بیرمه بۆ وه‌ی دوو جار به شه‌قامێكی دا نه‌رۆین، ڕێگه‌ی خۆمان دوور ده‌كرده‌وه و به كوچه‌و كۆڵانی پێچ و په‌نا دا ده‌رۆیشتین. له بیرمه چوونه ده‌ر و پێكه‌نین و گه‌رانییان له به‌ر چاومان وا لێ كردبوو به دڵ لێی بتۆقه‌ین... لێی تۆقا بووین !!!


ئێستا دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه ده‌بینم كیژێكی جوانی حه‌سره‌ت به دڵ باسی ئه‌و خه‌مه‌ی ده‌كات وا ببوو به خۆره‌ی ژیانی ئێمه !


بۆ پێم وا بوو خه‌ڵك گۆردراون؟ بۆ پێم وابوو ئه‌وان، ئه‌و كیژانه‌ی ئێستا پێ ده‌گه‌ن له هه‌ڵ و مه‌رجێكی باشتر دا ده‌ژین ؟ ژیانیێكی ئینسانیتریان هه‌یه ؟


ده‌ڵێی هیچ شتێك نه‌گۆردراوه . ده‌ڵێی كات له‌وێ وه‌ستاوه و مێشكه‌كان له كار كه‌وتوون ! ده‌ڵێی ئه‌و نه‌دامه‌تییه قه‌ت داوێنی ژیانمان به‌ر نادات !! ده‌ڵێی مرۆڤ هه‌ر دێت و بچووكتر ده‌بێته‌وه !! ئێمه به‌ره‌و كوێ ده‌چین ؟


من منداڵێتی ئه‌و كیژۆڵه له كێ بستێنمه‌وه ؟



July 27, 2002



مناڵه‌كان


ئه‌ی برسییه ژین تاڵه‌كان
سبه‌ی ئێوه كه گه‌وره بوون
له لاوكا
له حه‌یرانا
له مزگه‌وت و دیوه‌خانا
له چیرۆكا
له هۆنراوه‌ی
شاعیرێكی ترسه‌نۆكا
ڕه‌نگه زۆرتان به‌ر گوێ كه‌وێ
باسی ئێمه و ئازایه‌تی
باسی ئێمه و كوردایه‌تی
به‌ڵام نه‌كه‌ن بڕوا بكه‌ن
هه‌مووی درۆن ، درۆی په‌تی.

"په‌شێو"



July 26, 2002

تێده‌په‌ڕن، ڕۆژه‌كان ده‌ڵێم. هێدی هێدی، نه ئاورویه‌ك له ئێمه ده‌ده‌نه‌وه، نه چاوره‌رێمان ده‌كه‌ن بگه‌ینه لایان تا پێكه‌كه‌وه تێپه‌ر بین.
تێده‌په‌رن، ڕۆژه‌كان ده‌ڵێم، ده‌ڕۆن و ده‌بن به دۆینێ، به ڕابردوو ، به یه‌ك بیره‌وه‌ری یان هه‌ر له بیر ده‌چنه‌وه.

من تێپه‌ر بوونی ساته‌كان و ڕۆژه‌كان ده‌بینم و هه‌ر وا چاوه‌رێم . چاوه‌رێی هاتنی ئه‌و ڕۆژه‌ی له هیچ ڕۆژێكی دی ناچێت. ئه‌و ڕۆژه‌ی له هیچ ڕۆژێكی دی ناچێت و چاره‌نووسه‌كان له پێشدا دیاری نه‌كراون. ئه‌و ڕۆژه‌ی من ده‌نگی خۆمم دیتۆته‌وه و گۆرانییه‌كی تازه بۆ ژیان ده‌ڵێمه‌وه‌. ئه‌و ڕۆژه‌ی له هیچ ڕۆژێكی دی ناچێت و خۆشه‌ویستی تاوان نێت و ئینسان ئه‌وه‌نده هه‌رزان نییه .

ڕۆژه‌كان تێده‌په‌رن و من چاوه‌رێی هاتنی ئه‌و ڕۆژه‌م، وا فڕین خه‌ون نییه و دڵداری چی دی چیرۆكی كۆنی ناو كتێبه‌ كۆنه‌كان نییه. ئه‌و ڕۆژه‌ی دیاری ژیان بۆ من زه‌رده‌ خه‌نه‌ی به‌خته‌وه‌رییه و بیره‌وه‌ری من له ژیان فرمێسكی شادی !

تێده‌په‌رن، ڕۆژه‌كان ده‌لێم، منیش هه‌ر وا چاوه‌روانی هاتنی ئه‌و ڕۆژه‌م له ده‌نگی ئاشنای ماندۆلین و بۆنی باران و تروسكه تروسكی ئه‌ستێران بێ به‌ش ناكرێم. ئه‌و ڕۆژه‌ی من هه‌ڵده‌ستم بۆ وه‌ی هه‌ر به‌و ده‌سته ماندوو و بریندارانه‌م هێلانه‌یه‌كی تازه بۆ خۆم و دڵم و بیره ئاواره‌كانم ساز كه‌م.

تێده‌په‌ڕن، ڕۆژه‌كان ده‌ڵێم. هێدی هێدی، نه ئاورویه‌ك له ئێمه ده‌ده‌نه‌وه، نه چاوره‌رێمان ده‌كه‌ن بگه‌ینه لایان تا پێكه‌كه‌وه تێپه‌ر بین. تێده‌په‌رن....

نازانم ئه‌و ڕۆژه كه‌ی دێت، ئه‌و ڕۆژه‌ی وا له هیچ ڕۆژێكی دی ناچێت. من هه‌ر وا چاوه‌رێم... لێره، له پشت ئه‌و په‌نجه‌ره داخراوه‌ ڕا....



July 24, 2002

به زۆر بشكێ ده‌بێ ده‌ركی قه‌ڵایه
ده‌نا ئه‌و ده‌ركه بۆ كێ ئاوه‌ڵایه!



ده‌ڵێن ویستن، توانینه. ئه‌گه‌ گه‌ره‌كت بێت، ده‌توانی... ئه‌ی من نازانم بۆ من ده‌مه‌وێ به‌ڵام دیسانیش هه‌ر ناتوانم !! خۆ من ده‌مه‌وێ دنیا جۆره‌یه‌كی دی بێت، خۆ من ده‌مه‌وێ ئینسان ، ئینسان نه‌كوژێ، خۆ من ده‌مه‌وێ ئازاد بم، خۆ من هاواری بۆ ده‌كه‌م، ئه‌ی بۆ هیچ ڕوو نادات ؟

نا... ویستن توانین نییه ! هه‌ستان توانینه !
هه‌ستان و وه‌رێ كه‌وتن... بێ ده‌نگ نه‌بوون ، نه‌وه‌ستان
....................
ئێمه كه‌ی هه‌ڵده‌ستین ؟؟



ئه‌سیری بسكی ئاڵۆزی كچه كوردێكی نه‌شمیلم
ته‌ماشا كه‌ن چ سه‌یره،به ده‌ستی دیله‌وه‌ دیلم!



له منداڵێوه فێری درۆیانمان ده‌كه‌ن! له منداڵێوه ده‌سته‌مۆی لێدانمان ده‌كه‌ن ! له منداڵێوه فێرمان ده‌كه‌ن باوه‌ر كه‌ین تا بێ ده‌نگتر بین، خۆشه‌ویسترین.
فێرمان ده‌كه‌ن مه‌زڵووم بوون و وه‌ده‌نگ نه‌هاتن یانی شه‌رم و حه‌یا. له منداڵێوه فێرمان ده‌كه‌ن لێیان بترسێین و پێمان ده‌ڵێن ئه‌وه یانی رێز گرتن !

له منداڵێوه فێرمان ده‌كه‌ن چاو له ده‌ست بین، فێرمان ده‌كه‌ن له سێبه‌ری خۆمان بترسێین، داوێنی خۆمان لێ ده‌بێته به‌ڵا، هه‌موو نرخ و بایه‌خی ئینسانیمان له سێ دڵۆپه خوێن گرێ ده‌درێ ،
له جێی ئێمه بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، له جێی ئێمه بریار ده‌ده‌ن، له جێی ئێمه ده‌ژین...
ده‌مان كه‌ن به پاسه‌وانی حه‌یا و نامووسیان، ده‌مان كه‌ن به پاسه‌وانی پیاوه‌تی و ده‌بین به دار به‌ده‌ست بۆ پاراستنی شه‌رفیان، بێ ئه‌وه‌‌ی قه‌ت بزانین بۆ....


قه‌ت نه‌مانزانی ئه‌و "نامووس و حه‌یایه‌" چییه و له كوێرا هاتووه! نه‌مانزانی له چی درووست بووه ! نه‌مانزانی بۆ نابێ هه‌ر كه‌س خۆی پاسه‌وانی "نامووسی" خۆی بێت؟ بۆ لێ ناگه‌رێن "ئه‌وه‌ی" هه‌ر كه‌س هین خۆی بێت !


به‌ڕاست "نامووس" چییه ؟ شتێكی تاكه‌ كه‌سییه یان گشتی ؟ بۆ وه‌ی ده‌بێ له ژێر ناویی كه‌س بكووژرێت ؟


*****

له كۆمه‌ڵگاییه‌ك دا ده‌ژین درۆ و فریودان و دزی كردن باوه و ئینسان كاڵایه‌كی هه‌رزانه !!


ئه‌وه هه‌ر بیری بۆگه‌ن و ده‌ستی پیسن، سه‌ر چاوه‌كانی ژین یه‌كه‌ یه‌كه له ناو ده‌به‌ن و كه‌سیش هیچ ناڵێ...


قوربانییه‌كانی نامووس ، نه به دڵی خۆیان ده‌ژین و نه به وه‌ختی خۆیان ده‌مرن...



July 22, 2002

به‌یانی كه چاوم كرده‌وه، بسته ئاسمانه‌كه‌ی خۆمم دیت هاتبوو سه‌ری به په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌مه‌وه نابوو. نه‌مناسێوه! خاك و خوڵی دۆینێی له ڕووخسار شۆردرابۆوه، شین شین بوو. باران كاری خۆی كرد... بارانی دۆینێ تۆزی ته‌می له ڕووی ئاسمان پاك كرده‌وه، بژی باران !!



July 21, 2002

ئه‌مڕۆش له‌و ڕۆژانه‌یه وا ده‌ڵێی خاك و خۆڵی دنیات به سه‌ر و ناوچاوانی ئاسمان پڕ‌ژاندووه ، ده‌ڵێی قه‌تی خۆر به خۆیه‌وه نه‌دیوه، جاروبار بارانێك دای ده‌كا و هه‌وره تریشقه‌یه‌ك بێ‌ ده‌نگی ده‌شكێنێ.

لێره‌وه وا من دانیشتووم، بستێك ئاسمانی نێوچاوان گرژم لێ دیاره، ده‌بیسم چۆن تنووكه‌ی باران خۆ له سنگی په‌‌نجه‌ره داخراوه‌م ده‌كووتێ و دوایی به به‌ژنی تاریكایی دا شۆر ده‌بێته‌وه و له به‌ر چاوان وون ده‌بێ !

نازانم بۆ ئه‌و بارانه خاك ۆ خۆلی ‌‌نێوچاوانی ئاسمان ناشواته‌وه‌ !!؟



July 20, 2002

ئه‌مرۆ له كاناڵی یه‌كی ئێره، documentary فیلمێكم دیت، له سه‌ر منداڵه‌كانی فلستینی و ئیسرائیلی ! و شه‌ری نێوان یه‌هووده‌كان و ئه‌ره‌به‌كان له ڕوانگه‌ی منداڵانه‌ی وانه‌وه ! ئه‌و فیلمه له لایان B.Z Goldberg ساز كراوه و كه له نێوان ساڵه‌كانی 1997 تا 2000 له حه‌وت منداڵی عه‌ره‌ب و جووله‌كه‌ فیلم ده‌گرێ .

2 برای یه‌هوودی دێن بۆ سه‌ردانی چه‌ند كچ و كوڕی عه‌ره‌ب . پێكه‌وه كایه ده‌كه‌ن، له سه‌ر سفرێكی نان ده‌خۆن ، باسی هۆگرییه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن ... ته‌واو وه‌ك ده‌ڵێی نه‌قه‌ت شه‌ر بووه ونه‌قه‌ت شه‌ر ده‌بێ له نێوان گه‌وره‌كانیان دا !!

كه باسی هه‌ڵ و مه‌رجی وڵات دێته گۆڕێ ، كچێكی تا بڵێی رزا شیرن كه له ئۆردووگا دا ده‌ژیت، ده‌ڵێی: بریا با ده‌رفه‌تی وه‌ی هه‌با ئێمه و منداله ئیسرائیلییه‌كان زۆرتر یه‌كمان دیبا و ناسیبا ، تا ئه‌گه‌ر گه‌وره بووین ئیدی پێكه‌وه شه‌ر نه‌كه‌ین !!!!

كوڕێكی 12 ساڵه‌ی فلستینی ده‌ڵێ ؛ من له وڵاتێكی دا ژیم پڕ له‌ شه‌ڕو كو‌وشت و كووشتار ، وا هه‌ست ده‌كه‌م ناتوانم هیچ خه‌ونێكم بۆ داهاتووم هه‌بێ، له‌وانه‌ی ئه‌مرۆ وه‌به‌ر گووله‌ی كه‌وم و بمرم! وا هه‌ست ده‌كه‌م قه‌ت به ئاواته‌كانم ناگه‌م ، كه وا بۆ هه‌مبن!!

كوڕێكی 10 ساڵه‌ی ئیسڕائیلی ده‌ڵێ : من ئاشتیم ده‌وێ، به‌ڵام شتێك نییه من هه‌موو ڕۆژێ بیری لێ بكه‌مه‌وه‌. ئێستا من له تیمی واڵیباڵ دا كایه ده‌كه‌م ، ده‌بێ بیر له ئه‌و بكه‌مه‌وه!

************

دیتنی ئه‌و منداڵانه كه‌وا پێكه‌وه كایه‌یان ده‌كرد و زۆر شتی وه‌ك یه‌كیان پێ خۆش بوو و له زۆر بواراندا له یه‌ك ده‌چوون ، ئه‌و داخه‌ی له دڵا زیندوو كردمه‌وه كه ئێمه ( ادم بزرگها) چی به سه‌ر ئه‌و منداڵانه دێنین كه وا فێری كینه و دژمنایه‌تی ده‌بن ؟ ئه‌وانیش كه گه‌وره بوون شه‌ر ده‌كه‌ن و یه‌ك ده‌كووژن...؟؟

ده‌ڵێم بریا كتێبی (‌ شازده كوچولو ) به ته‌واوی زمانه‌كانی دنیا ته‌رجوومه كرا با، ڕۆژێكی ته‌واوی منداڵه‌كانی دنیا ئه‌و كتێبه‌یان بۆ ته‌واوی گه‌وره‌كانی دنیا كریبا...

ده‌ڵێم بریا ئه‌و منداڵانه‌ی هێشتا نه‌كه‌وتوونه به‌ر هێرش و په‌لاماری كینه و دوژمنایه‌تی گه‌وره‌كان هێشتا فێرنه‌بوون یه‌ك بكوژن كار به‌ ده‌ستی دنیا بایه‌ن !!

بریا......
بریا......
بریا......

داری بریا به‌ری نییه، ده‌زانم !! :(



شه‌و وه‌ك سێبه‌رێك له سه‌ر سنگی شار ڕاكشاوه. داره‌كان خۆیان داوه‌ته ده‌ست لاواندنه‌وه‌ی په‌نجه‌ی شنه‌یه‌كی نه زۆر فێنك، جێ پێی ئه‌ستێره‌كان پڕه له ڕه‌شایی و خه‌وی باخچه‌ی به‌ ده‌رگای ماڵه‌كه‌م به‌ ده‌نگی پێی چه‌ند ڕێبوارێكی سه‌رخۆش زڕاوه.

ئه‌رێ كات ده‌ڕوا یان وه‌ستاوه ؟ كاتژمێری ژووره‌كه‌م ده‌نگی نایه و په‌پووله‌ی خه‌وه‌كانم، نازانم له ئاسمانی كام چاوا گیرساوه‌ته‌وه !! خه‌وم بۆ چییه......

ماسی بیرێكی شیرن له گۆمی شینی یاده‌كانما مه‌له ده‌كات و ختووكه‌ی دڵم ده‌دا... !

****
شه‌و هێدی هێدی ده‌توێته‌وه !

****
ڕۆژ ورده ورده داوێنی كراسه زه‌رد و سووره‌كه‌ی بڵاو ده‌كاته‌وه، خۆر ، ماندوو ماندوو به باوێشك دان چاو هه‌ڵدێنێ و سه‌ر ده‌خاته سه‌ر شانی شار...

زۆرجار رۆژم خۆش ناوێت . ڕۆژ پڕه لا هه‌را هه‌را و هاژه هاژ . ڕۆژ پڕه له چاوی برسی و ده‌ستی سارد. ڕۆژ پڕه له ئینسان و هه‌موو كه‌س هه‌‌میشه‌ ته‌نیایه !!
به ڕۆژ بۆنی بارانت بۆ نایه !

****
- ده‌ڵێم بڵێی به‌ڕاست خودا هه‌بێ؟ بڵێی به‌هه‌‌شتێك و دۆزه‌خ هه‌بێ ؟ بڵێی پاش مردن زیندوو بینه‌وه ؟ بڵێی دۆزه‌خه‌كه‌ی ئه‌و له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و دنیایه‌ی ئێمه چه‌نده‌ی فه‌رق هه‌بێ ؟ بڵێی چه‌ند كه‌س بچنه به‌هه‌شت ؟ ئه‌گه‌ وا بێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و دنیایه ده‌ستكردی ئه‌و بێ، تێناگه‌م ، خۆ ده‌لێن زۆر زانایه، ئه‌ی ئه‌و دنیایه‌ی ئێمه‌ی بۆ وا تێكداوه ؟

- بزه‌ی دێتێ ، ده‌ست به‌ سه‌رما دێنێ . مێهره‌بانه. ده‌ڵێ : ئه‌و شتانه‌ هه‌ن ئه‌گه‌ر تۆ باوه‌رت پێیان هه‌بێ !

****

ڕۆژ بۆته‌وه ، خه‌یاڵی خوا و به‌هه‌شت و دۆزه‌خ وه‌لا ده‌نێم . ده‌ست ده‌كه‌مه ملی یادێكی شیرن و ده‌خزێمه نێو باوه‌شی خه‌و !



July 18, 2002

ئه‌مرۆ هه‌ستێكی تایبه‌تیم هه‌یه، زۆر تایبه‌تی. نه‌مده‌ویست بێم بۆ ئێره، نه‌مده‌ویست بنووسم، نه‌مده‌ویست چاوم به قسه‌كانی دڵم بكه‌وێ، نه‌مده‌ویست،
به‌ڵام...به‌ڵام نه‌كرا.... پێم نه‌کرا !!

هاتمه‌وه...دیسان هاتمه‌وه ! هه‌ستێكی تایبه‌تیم هه‌یه، حه‌ز ده‌كه‌م ده‌ست له هه‌موو شتێك و هه‌موو كه‌س هه‌ڵگرم و خۆم بده‌مه ده‌ست ویسته‌كانم، خۆم بده‌مه ده‌ستی باو باران......

ده‌زانم نابێ...ده‌زانم ! ده‌زانم دنیا و ژیان به " حه‌ز ده‌كه‌مه‌كانی" من نییه... ده‌زانم. ده‌زانم هه‌ر هه‌ست نییه، ئه‌قڵیش " ئه‌گه‌ هه‌مبێ" ده‌ورێكی هه‌یه... به‌ڵام به‌ڕاست له‌و ڕۆژانه‌ی پێم خۆشه بڵێم "به گۆڕی بابی ئه‌قڵه‌وه " ، با خۆم بده‌مه ده‌ست بای فه‌رامۆشی و له ژێر بارانا بتوێمه‌وه !

ده‌ڵێی له شتێك ده‌گه‌رێم نازانم چییه ! ده‌ڵێی به‌ره‌و شوێنێكی به‌رێوه‌م و نازانم كوێیه‌!

له دڵنیایی ده‌گه‌رێم ! مسقاڵێ دڵنیایی، تا ئه‌و ترسه‌م له دڵا بمرێنێ. ترس !!!! ئه‌رێ ده‌ترسم، ڕه‌نگه ده‌ترسم چوونكه دڵنیا نیم....

نازانم بۆ وام لێ هاتووه، نازانم ئه‌و هه‌سته له كوێرا هاتووه! دڵم شتێكی ده‌وێ، چی بكه‌م به قسه‌ی بكه‌م؟ باوه‌ری بكه‌م ؟



ژوورێكی پر له بێ ده‌نگی و، بێ ده‌نگی مینا دڵی من،
په‌له قاژه‌ی هاوارێكی سه‌ر بڕاو !



July 17, 2002

جار نا، مه‌یلێك، ویستێك بۆ هاوارێ، بۆ ده‌نگێ تا ئه‌م بێ‌ده‌نگییه سامناكه بشكێنێ و چڕژێ بخاته دیواره‌كان..

ده‌نگێك! ده‌نگێك چیرۆكی ئاشنایی و ئاشتی بڵێته‌وه ، ده‌نگێكی كه‌سك وا له ناهومێدی ڕه‌شی زه‌وی شه‌قارشه‌قار دا پڕ بێ له باران ...

ده‌ستێك تا قژی ئاڵۆزی خه‌وه‌نه‌كانم شانه كات و ملوانكه‌ی پچڕاوی خه‌‌وه شینه‌كانم بهۆنێته‌وه...

بستێك زه‌وی وشك بۆ دانیشتن، بۆ حه‌سانه‌وه... یان نا،
گه‌زێك له‌‌م ئاسمانه پان و‌ به‌رینه بۆ فڕین ،
فڕین و دوور بوونه‌وه ...



هه‌واڵێك نییه، ته‌له‌فوون بێ ده‌نگه، نامه‌كان دره‌نگ دره‌نگ دێن یان هه‌ر نایه‌ن .
بزه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر هه‌بێ و نه‌بێ ، تارمایه‌ك كه‌ ناوم ناوه‌ داهاتوو ، سێبه‌رێك كه نایناسم و قوورسایه‌ك به ناوی ڕابردوو !

دیمه‌نه‌كان خۆڵاوین . ده‌نگه‌كان پڕن له نامۆیی . ده‌ستێكیش ئه‌گه‌ر هه‌بێ ، سڕ و سارده.
ئاشنایی لێوڕێژی نامۆییه و نامۆیی تارای مه‌یله‌و زه‌ردیی كێشاوه‌ته سه‌ر ڕوخساری شار .

ده‌بێ بار تێك نێم...به‌ڵام ... به‌ره‌و كوێ ؟



July 16, 2002

له لای خۆمان باو بوو ده‌یان گووت:‌ كوێر له خودای چی ده‌وێ ؟ عه‌ینه‌كێكی دوودی و گۆچانێك !! من پێم وا بووگۆچانه‌كه‌ی پێویسته بۆ وه‌ی له قووڵكه و جۆگه‌له‌ و چاڵاو و ماڵاوان نه‌كه‌وێ، كه‌ چی ڕۆژێك :

من و هاورێیه‌كم له شه‌قامی هه‌میشه ئاوه‌دانی "شه‌هناز" ی ته‌ورێز ده‌رۆیشتین، له گۆشه‌یه‌كی سه‌ری چوار‌ ڕێی ئه‌م شه‌قامه پیاوێك دانیشتبوو و منداڵێكی كز و لاوازی له پێش بوو، منداڵه‌كه چڵم و لیكی تێكه‌ل ببۆوه و ده‌نكێكی موو به سه‌رێوه نه‌بوو . پیاوه‌كه‌ خۆشی عه‌ینه‌كێكی دوودی شیكی لێ دابوو و گۆچانێكی له په‌نا بوو.

من ئه‌و ده‌میش و ئێستاش ، له دانی پاره به "سۆاڵكه‌ر" گرفتم هه‌بووه، شه‌رم ده‌كه‌م پاره‌یان بۆ دانێم ، نازانێم بۆ هه‌میشه پێم وابووه رێگه‌یه‌كی دی ده‌بێ هه‌بێ، ( قه‌تیش نه‌مزانی كام ڕێگه‌یه‌) ، ئه‌و هاوڕێیه‌م 50 تمه‌نی ده‌ر‌هێنا و به ئارامی له پێش كابراكه‌ی دانا، و هه‌نگاوێك دوور بۆوه كه من له پڕ بیستم هاواری لێ په‌یدا بوو : ئاااااااااااااااای‌ی‌ی‌ی

مه‌لێ كابرای "سواڵكه‌ر به گۆچانه‌كه‌ی گرم یه‌كی له رانی ئه‌و هاورێیه‌م ڕاكێشابوو و به تووڕه‌یه‌وه ده‌یگووت:

50 تمه‌نی چ لێ بكه‌م ، به‌ دمی كێی داده‌م....

ئه‌وه‌م بۆیه وه‌بیر هاته‌وه ، چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌و پێش له یه‌كێك له ڕۆژنامه‌كانی كوردستان خوێندمه‌وه ، كابرایه‌كی "سواڵكه‌ر" ده‌ڵێ :
خه‌ڵك چاو چنووكن، تا بێزاریان نه‌که‌م ، پاره‌م ناده‌نێ!



July 15, 2002

شه‌و دره‌نگه‌ و من هێشتا هه‌ر وه‌خه‌به‌رم . ده‌بینم چۆن تاریكی ، ورده ورده، داوێنی ڕه‌شی كۆ ده‌كاته‌وه و ڕۆژ، تارای سپیی ده‌كێشێته سه‌ر ڕوخساری شار.
ده‌بینم چۆن ئه‌ستێره به گه‌رمای یه‌كه‌م تیشكی ڕۆژ ده‌توێنه‌وه و خۆر به لار و له‌نجه‌، چاو هه‌ڵدێنێ.

**له‌عنه‌ت، بۆ خه‌وم لێ ناكه‌وێ ! حه‌ز ده‌كه‌م خه‌و بێت و تا ده‌كرێ دوورم كاته‌وه... كه‌چی كۆڵانی ز‌ه‌ینم ده‌بێته
مه‌یدانی غار غارێنی ده‌یان خه‌یاڵی جۆر به جۆر...

ئێستا لێره‌م، له كوچه‌ی "ابن عه‌باسی" ! من شادی و كه‌مال و شه‌هاب و كامران خه‌ریكین كایه‌ی"هفت سنگ"
ده‌كه‌ین، كه‌مال و شه‌هاب فێڵمان لێ ده‌كه‌ن ، شادی پێ ده‌زانێ ، شه‌هابی فێر ده‌كات گزه لێ بدات، ئه‌ویش ده‌یكات .... ده‌نگی قاقا و پێكه‌نین دێت، هه‌ڵات هه‌لات و هه‌را هه‌رای ئێمه منداڵانی به‌دفه‌ری گه‌ره‌ك خه‌وی پاش نیوه‌ڕۆی له هه‌موویان حه‌رام كردووه،
-- ئه‌رێ ده‌به‌سه، ره‌بی قڕانو تێ كه‌وێ ،(دۆعای به‌خێری دایكانی گه‌ره‌كه له پشت سه‌رمان!)

** ماندووم، ده‌ڵێن شیری گه‌رم بۆ بێ خه‌وی باشه،... جا باشیش بێ، به من چی !! خۆ من قه‌ت شیر له ماڵم دا نییه... ده‌بێ بنووم ... بۆ خه‌وم لێ ناكه‌وێ !!

نێو منی بوسه‌كانی مه‌هاباد - سه‌رده‌شت چه‌ند ناخۆشه، گه‌رم، گه‌رم... بۆنی هه‌زار شت تێكه‌ڵه، له په‌نیری كوپه‌ی را بگره تا بۆنی جگه‌ره و توتنی هه‌رزان!

ئوتوبوسه‌كانی ته‌ورێز وا نین، كه‌س بۆی نییه له ناوه‌وه جگه‌ره بكێشێ، بۆنی په‌نیریش نایه... ته‌قه ته‌قی توو ترووكاندن به‌ڵام له سه‌ر جێی خۆیه‌تی.
كاكی شۆفیر ته‌واوی رێ گۆرانی "حمیرا" لێ ده‌دا، نازانم چۆن لێی ماندوو نابێ.

** بنوو، بنوو ، بنوو ، بنوو، بنوو....

شه‌وه‌كانی سنه‌ی ...!! من و ڕامین و ئه‌فشین
تا به‌ره به‌ری به‌یانی داده‌نیشین و قسان ده‌كه‌ین ڕۆح بانگ ده‌كرین و باسی شتی ترسناك ده‌كه‌ین و قاقا پێده‌كه‌نین... شه‌ڕه باڵنج ده‌كه‌ین و به لیوان ئاو به یه‌ك داده‌كه‌ێن . كاكم ڕامین ده‌نێرێ جگه‌ره‌ێ بۆ بكرێ، من بۆم نییه له‌گه‌ڵی بچم. hmmm پێی وایه. ڕامین چاوه‌رێم ده‌كات، به ده‌رگای پشته‌وه، من و ئه‌فشین خۆ ده‌دزینه‌وه. قۆڵ له قۆڵی یه‌ك ده‌رۆین، گۆرانی " جاده چۆڵ و ........... كاتی به‌یانی ... " به ده‌نگی به‌رێز ده‌خوێنین. له هه‌موو ده‌رگاكانی سه‌ر رێمان ده‌ده‌ین و هه‌ڵده‌ین...... كه ده‌گه‌ێنه‌وه ماڵێ، كاكم چینێكمان شه‌ر پێ ده‌فرۆشێ .

**به‌سه بنوو... به‌سه....چاو له سه‌ر یه‌ك دانێ... بنوو.

ئه‌وه چییه؟ فڕۆكه‌یه‌ك له دووری دووره‌وه ، د‌ه‌نگی نابیسم، چرا زه‌رد و ناره‌نجییه‌كانی به‌ڵام دیارن.
بڵێی به‌ره‌و كوێ بچێ ؟ بڵێی چه‌ند كه‌سی تێدا بێ ؟
... تاران، ساڵی 1993یه، ترس و فرمێسك ده‌ست لێ یه‌خه‌م ناكه‌نه‌وه ، نه‌من كه‌س ده‌ناسم ، نه‌كه‌س دیاره ویستی وه‌ی هه‌یه من بناسێ ... فڕۆكه‌كه‌مان زۆر گه‌وره نییه، ژنێك له لای من دانیشتووه، هه‌ر ده‌خوا... شه‌وه، من هیچ كوێ نابینم، نازانم چه‌ند دوور بووینه‌ته‌وه، نازانم كه‌ی ده‌گه‌ینێ ... جار نا، ئاره‌زوو ده‌كه‌م قه‌ت نه‌گه‌ینێ....

** بنوو ..تكایه... بنوو. ماندووت كردم... بنوو
سه‌رم قوورسه، چاوم قوورستر، خه‌وم دێ ، خه‌و به‌ڵام له چاوم ناكه‌وێ... ده‌بێ ، ده‌بێ بنووم. خۆم گڵۆڵه ده‌كه‌م و ده‌خزمه ژێر په‌تۆكه‌م، خۆم له خه‌یاڵان ده‌شار مه‌وه...... بنوو... بنوو



July 14, 2002

مه‌سه‌له‌ی خۆ داپۆشینی ژن له ناو مسوڵمانان و به پێی ئایینی ئیسلام ، زۆر پرسیاران دێنێته گۆرێ كه تا ئێستا هاتنه ئارای ئه‌م جۆره پرسیارانه - نازانم بۆ - سه‌رنج ڕاكێش نه‌بووه و خۆمان لێ لا داوه، however
له ئیسلام كه باسی ژن ده‌كردرێت، كه‌سایه‌تی تاكه كه‌س ونه، ژن ده‌بێ و ئه‌شێ ئاوا بێت و ئه‌وها بروات تا مه‌بادا "پیاو" خه‌تایه‌كی بكات، مه‌بادا پیاو نه‌توانێ پێش خۆی بگرێ . ده‌ڵێن به‌و خۆ داپۆشینه قه‌در و ڕێزی ژن، خۆی زۆرتر ده‌بێت و له تیری زۆر به‌ڵا و موسیبه‌تان ڕزگاری دێت ، كه‌چی ژیرانه‌تره كاتێ هه‌ڵسه‌نگاندنی قه‌در و ڕێزی مرۆڤ به پێی زانایی و تێگه‌ێشتووی ئه‌م مرۆڤه بێت، نه‌ک به پێی ئه‌و چه‌ند میتر قوماشه‌ی له خۆی هاڵاندووه.

****
وایه، ئه‌زمۆنی تاڵی ئێمه له حیجاب و خۆ داپۆشین ، پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ی نیشان داووه.

كام كچ هه‌یه له سه‌ر ڕێگه‌ی مه‌دره‌سه ، كوڕان قسه‌یان "مه‌ته‌ڵه‌ك" پێ نه‌گووتبێ ؟ به به‌ژن و باڵای داپۆشراو و به‌ر و سنگی خۆر نه‌دیو و سه‌ر و زوولفی پیشاوی هه‌ڵنه‌گووترابێ ؟ كام كچ هه‌یه، لانی كه‌م جارێك، له‌ شه‌رمی چاو داگرتن و ماچ هاویشتنه‌كانی پیاوه پیر و به ته‌مه‌‌‌نه‌كانی كۆڵان و شه‌قامه‌كان، سه‌ری دانه‌خستبێ ؟ له ژێر عه‌بای ره‌شیش ده‌ستیان بۆ كچان هه‌ر ده‌هێنا !! كه‌م نین ئه‌و كچانه‌ی هه‌ر به داپۆشراوی و حیجابه‌وه ده‌ست درێژیان پێ كراوه !!

هه‌ر ئێستا له وڵاتانی ئیسلامی به گشتی و با دوور نه‌ڕۆین، ئێران به تایبه‌تی، ده‌ر سه‌دی ته‌جاوز و ده‌ست دڕێژی به كچان مه‌گه‌ر چه‌نده كه‌متره له وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئازاد ؟؟؟؟

من ئه‌گه‌ر زمانی ئه‌و میلله‌ته‌ی ئاوا بیر ده‌كه‌نه‌وه، زانیبا، سوێندم بۆ ده‌خواردن ئه‌وه مێنتالیتێت و شێوه‌ی ڕوانینی به‌شێكی نه‌خۆش له كۆمه‌ڵگایه‌ كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی وا ژن ده‌كه‌وێته به‌ر په‌لاماری تیری ....



● ‌‌‌‌به‌سێ یانی چی ؟ بۆ ناوی كچه‌كانیان ده‌نێن كابان؟
ئێمه هاوسێیه‌كمان هه‌بوو ناوی تۆڵه بوو !! له‌و كه‌مپه‌ی من لێی ده‌ژیام دوو خوشكی لێ بوو ناویان نه‌غه‌ده و سه‌رده‌شت بوو !! كچێكیش ده‌ناسم نێوی شووشه‌یه !!
حه‌وسه‌ت نێوه ؟ ئامۆزایه‌كم له دانمارك هه‌یه، ڕۆژێكی به ته‌له‌فوونی قسه‌مان ده‌كرد و ئه‌و بۆی باس كردم كه جیرانێكیان كوڕی بووه و ناوی كوڕه‌كه‌ی ناوه مسته‌فا !!! پێی وا بوو ئه‌و جنایه‌ته...چۆن كابرا نێوی مسته‌فا ی له سه‌ر كوڕه‌كه‌ی داده‌نێ .... یان ئه‌یووب ؟

كچێكی هاورێم ناوی شۆرش و نێوی براكه‌ی ئاشقه !!
هه‌ژار و بێ‌كه‌س و فرمێسك و له‌تیف و عه‌بده و چه‌ند ناوی تری ئه‌م جۆره‌شیان هه‌یه....


ئاشنایه‌ك زه‌ماوه‌ندی كرد، ناوی بووكه‌كه‌ی گێلاس بوو،
خوشكه‌كه‌ی ناوی ڕێواس بوو... براكه‌یان ناوی مه‌هاباد بوو ! هه‌نار نێوه ؟


ئه‌و ساڵه‌ی ئێمه دیپڵۆمان وه‌ر ده‌گرت و باس باسی كوڕه‌كی لادێی بوو وا له ئه‌زمۆنی سه‌راسه‌ری "كۆنكوور"
ده‌رچوو بوو، به‌ڵام "ئینسرافی" دا بوو ، هه‌ر له به‌ر ناوه‌كه‌ی . نێوی حه‌مه و شۆره‌تی خرچه بوو !!


هاورێیه‌ك داوای لێ كردووم من؟؟ نێوێك بۆ منداڵه شیرینه‌كه‌ی هه‌ڵبژێرم !! پێم گووت منداڵی تۆیه، خۆت نێوێكی خۆش و به مانای بۆ هه‌ڵبژێره، كه‌چی ده‌ڵێ ئه‌گه‌ نا ، ناچار ده‌بم به‌ نێوی دایكی خه‌سوومی بكه‌م وا ناوی "حه‌یران" بووه ....


له‌و زووڵمه‌ی !!




July 11, 2002

كازێوه e-mail-ی بۆ ناردبووم و نه‌قڵێكی بۆ باس كردبووم.
قسه‌ی خۆمان بێ ئه‌و هاورێیه‌مان زۆر " شه‌یتانه " ، نه‌قڵه‌كه چی بوو ، با بمێنێته‌وه، به‌ڵام له كۆتایی نامه‌كه‌ی دا نووسیبووی؛
? so dear, can you beat that
نازانم ئه‌گه‌ ده‌توانم یا نا، به‌ڵام منیش نه‌قڵی یه‌كه‌م ماچم باس ده‌كه‌م، با كازێوه خۆی قازی بێت (:

****
14-13 ساڵم بوو ڕۆژێكی له‌گه‌ڵ ئامۆزایه‌كم چووین بۆ لای شێخێكی گه‌وره ( نه‌ك به‌ قه‌د و قه‌واره !!) . به ویستی خۆم نه‌بوو به زۆر بردیانم ، ده‌نا من چی و شێخ زیاره‌ت كردن چی، ئه‌ویش ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی وا من هه‌ر شێت و شووری وه‌ك خۆم نه‌بوو، ( به قه‌ولی دایكم هه‌ڕ جینگلم ده‌داوه !!) ، ئامۆزاكه‌م ته‌واوی رێ هه‌ر نه‌سیحه‌تی كردم و داوا... یان باشتر بڵێم له‌به‌رم پاراوه "كچی چاك"بم و ئابرووی نه‌به‌م له حزووری شێخ دا.... له هه‌مووی خۆشتر ئه‌و ده‌م بوو وا له سه‌ره خۆ فێری ده‌كردم چۆن " قۆڵی" شێخی بگرم و كوێی ماچ كه‌م !!!!! (دیار بوو ئه‌ ئه‌زمۆنی زۆر بوو )

كاكه ئێمه گه‌یشتینه ماڵی شێخی، حه‌و‌شێكی گه‌وره‌یان هه‌بوو، دوو - سێ كووڕی گه‌‌نج له گۆشه‌یه‌كی هه‌ڵترووشكابوون و پێم وایه قورئانیان ده‌خوێند. ( دڵنیا نیم، هه‌ر دیم خۆیان ڕاده‌ژێنن!!) هه‌ر ئێمه‌یان دی یه‌كیان تێی قوولاند و هه‌ڵات!!! پێم وایه چوو به دایكه‌كانی بڵێ میوان هاتووه چای ساز كه‌ن.

شێخ هات و یه‌ك كوڕی جوان و قیت و قۆزی له پشت سه‌ر وه‌ستا بوو. ئامۆزاكه‌م سڵاوی كرد و لا قۆڵێكی جه‌نابی شێخی گرت و گرم ماچی كرد، چاوێكی له من مۆن كرده‌وه‌ و برۆی لێ هه‌ڵاویشتم یانی ماچی كه !!
منیش هه‌ر چی چاوم له شێخ ده‌كرد، وه‌للا بۆ وه‌ی نه‌ده‌بوو " لۆعبه‌تێكی وه‌ك من" ماچی بكات، حه‌زیشم نه‌كرد دڵی ئامۆزاكه‌م بشكێنم، بۆیه نه‌مكرده "نامه‌ردی" ، ڕاست له كوڕه قیت و قۆزه‌كه چوومه پێش و سه‌ر گۆناییم ماچ كرد.....
جێتان خاڵی، خاڵی نه‌بێ !! كوڕه بۆی ده‌رچوو، شێخ دوو جووتی شاخ ده‌رهێنا و ئامۆزاكه‌م چه‌قۆت لێ دابا ، خوێنی نه‌ده‌هات....



July 10, 2002

● نامه‌كه‌ی (ش) ، هه‌ندێك خه‌یاڵی كۆنی له لا زیندوو كردمه‌وه! وه‌بیرم هاته‌وه جاران شته‌كان ئه‌وه‌نده قوورس و گران نه‌بوون، هه‌موو شتێك نه‌چوو بوو ژێر پرسیار و خه‌مه‌كان ته‌نكتر و خه‌ونه‌كان گه‌وره‌تر بوون.

وه‌بیرم هاته‌وه‌ جاران بیانوو بۆ پێكه‌نین و به‌هانه‌ی هه‌ست به به‌خته‌وه‌ری كردن زۆر بوون... جاران ئاواتی فڕین ڕێگه‌یه‌ك بوو بۆ دیتنه‌وه و گه‌ڕانه‌وه و ئێستا تاسه‌ی فڕین ئاواته بۆ ون بوون و قه‌ت نه‌هاتنه‌وه!

...........




● ئه‌ی ئه‌وانه‌ی قه‌ت له بیرم ناچنه‌وه
ئێسته بمبینن، ئه‌رێ ده‌مناسنه‌وه !

ئه‌مرۆ نامه‌یه‌كی ( ش...) به ده‌ستم گه‌یشت، له كوردستانه‌وه، له شاره خنجیلانه‌كه‌ی .... !!
وشه‌كانی تۆزی دڵته‌نگی له سه‌ر نیشتبوو، به دوای هه‌ر وشه و هه‌ر ره‌سته‌یه‌ك ده‌نگی هه‌ناسه و هه‌نیسكی ده‌هات. ئه‌وه وڵامی نامه‌یه‌كی من بوو وا له كۆنه‌وه به ده‌ستی گه‌یشتبوو؛
.....
" هه‌واڵی شێته‌كان و ئه‌ستێره‌كانی شه‌وی شینی شاره‌كه‌مانت پرسیوه، هه‌واڵی شه‌قام و كۆڵانه خۆڵاوییه‌كانی سه‌رده‌می منداڵی و داره سێوه‌كه‌ی مالی هاوسێی دیوار به دیوارتان، هه‌واڵی بۆنی باران و بێ ده‌نگی به‌فر و جێ ژوانی جاران و بیستنی سترانێ به ده‌نگی حه‌مه جه‌زا كه وا ئێمه‌ش له‌گه‌ڵی ده‌ڵێینه‌وه؛
( ئه‌وه‌نده‌م ژین ده‌وێ تا ده‌م ده‌نێمه نێو ده‌مێكی تر)،
هه‌واڵی داپیره‌ی گه‌ره‌كی (...) و منداڵه ڕه‌ش و ڕووته‌كانی گه‌ره‌كی (..... ) و.... پرسیوه.


زۆرم هه‌وڵ دا به چاوی تۆ بڕوانمه ئه‌م دیمه‌نانه، شێته‌كانی شار وه‌ك جاران شێت نین !!! ئه‌ستێره چنینیش هه‌ر له‌گه‌ڵ شێتێكی وه‌ك تۆ ده‌گوونجا، ئێستا لێره كه‌س باوه‌ڕی به ئه‌ستێره نه‌ماوه !! شه‌قامه‌كان و كۆڵانه‌كان هه‌ر وا خۆڵاوین، ئه‌وه‌ی هه‌یه ئێستا جێ پێی هه‌نگاوه نه‌رم و شله‌كانی من و تۆی له سه‌ر نییه. بۆنی باران ئێستا، پڕه له بیری كۆن و تاسه‌ی پێكه‌نین و بێ ده‌نگی به‌فر ونه له به‌ر هاژه هاژی ماشێن و
هه‌را هه‌رای ده‌نگی تووڕه !
جارێكی دیش چوومه‌وه بۆ دێی (..... ) ، دیسان شایی بوو، دیسانیش، شه‌و كه داهات، من له سه‌ربانی ماڵه بووكێ دانیشتم و ده‌ستم درێژ كرد بوو چنینی ئه‌ستێران!


داپیره ده‌مێكه هه‌قایه‌ته‌كانی ته‌نیا بۆ په‌ری و فرشته‌كانی دنیای خه‌ون ده‌گێرێته‌وه، منداڵه‌كان هه‌ر وا ڕه‌ش و ڕووتن، نا، ڕه‌ش و ڕووتترن له جاران، ئێستا كه‌سیان نییه هه‌قایه‌تیان بۆ بڵێ !!
.........................
بیری ئێره مه‌كه، ئاسمانی ئێره زۆر نزمه، ده‌ڵێی پێی له سه‌ر سنگت داناوه و ناهێلێ هه‌ناسه‌ت بێته ده‌ر. لێره ده‌بێ زۆر بچووك ببێوه تا له ناو قه‌واره‌ی‌ ژه‌نگاوی و ته‌نگ و ته‌سكی بیری جه‌ماعه‌تێ جێت بێته‌وه. بیری ئێره مه‌كه، لێره‌ مرۆڤ ئاشق نابێ. بارانی ئێره ته‌ڕت ناكات. لێره تاسه‌ی فڕین ده‌تكووژێ...، لێره ته‌نانه‌ت خه‌ونه‌كانیشت ئی خۆت نین. بیری ئێره مه‌كه!
...........................
ویستم باوه‌شێك بۆنی باران له‌گه‌ڵ یادگارێ، له جێ ژوانی جاران و بێ ده‌نگی پڕ له قسه‌ی به‌فری شه‌وی شاری (........) تێكه‌ڵ كه‌م و بۆتی بنێرم به‌ڵام.........."
................................


بۆیه ناڵه‌م تێكه‌ڵی نه‌ی كردووه
شیوه‌نێكم پێ‌یه نه‌ی، نه‌یكردووه!






July 9, 2002

پیاوی (مه‌به‌ست مرۆڤه، نه‌ك نێرینه!!‌) مه‌جبوور ده‌كه‌ن بێته‌وه دوو قسان بۆ خودای (به كوردی) بكات.

داشقه‌شمان لێ وه‌ بۆڵه كه‌وت ، ده‌ڵێ ئه‌وانه هه‌ڕ ده‌ناڵێن... خۆی لێره نییه، به‌ڵام ئامۆزا و خزمی زۆرن له‌ لای ئێمه (ده‌توانێ ده‌سته‌م لێ ساز كات) ، بۆیه ده‌ڵێم ڕاست ده‌كات...!!! من دڵم له ده‌ست دنیا خوێنه ، ئه‌وه درۆ بوو، له ده‌ست مرۆڤی دنیا دڵم خوێنه... چاره‌شی نایه.... خۆ یه‌ك و دوو نین.... ڕاستیت ده‌وێ، حه‌ز ده‌كه‌م جارێكیش بێ حووكمی " تێكیلا " ، پێبكه‌نین و خۆ هه‌ڵخه‌ێنه‌وه.

ئه‌و پێكه‌نینانه چ له ڕاست ناچن... دره‌نگ دێن و زوو ده‌رۆن... هێشتا ئۆخه‌كه‌ی نه‌گه‌ێشتۆته دڵ و هه‌ناو، ئه‌و ئاسه‌واریشی نه‌ماوه....... جا خۆت و ئینسافت، ئه‌وه كوا خۆشییه...؟؟

تۆ به ڤۆدكا و منیش به تێكیلا، یه‌ك به فرمێسك و یه‌ك به پرت و بۆڵه... هه‌ر كه‌سێ به جۆرێك خه‌مه‌كانی ده‌سوێ !!!!

به‌ڵام بڕوات بێ من زۆر ده‌مێكه له دڵه‌وه پێنه‌كه‌نیوم.... پێكه‌نینم نایه....



ده‌م بینی كه خه‌مبار و كز و داماوم
وا بیر مه‌كه‌وه له مه‌رگ و كه‌س ترساوم

مردن كه له ڕێمه، هه‌ر ده‌بێ، ناترسم
ژاكاوی ئه‌وه‌م به ئاره‌زوو نه‌ژیاوم



پار هاوینێ به‌ڵێن وا بوو من و دوو هاورێم بچینه‌وه بۆ كوردستان، سه‌فه‌رێكی ئاسایی نه‌بوو . له " قامیشلۆ " را ده‌ستمان پێ ده‌كرد و به "ده‌هۆك" دا ده‌چووین بۆ "سلێمانی" و" هه‌ولێر" و دوایش "سه‌رده‌شت" و "مه‌هاباد" و "سنه"، گه‌رانه‌وه‌شمان به "وان" و "دیاربه‌كر" دا ده‌بوو. وای لێ هات سه‌فه‌ره‌كه‌مان به داخه‌وه سه‌ری نه‌گرت ، ئاواته‌كه‌ی به‌ڵام ، له دڵمانا هه‌ر مابوو. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و ساڵ هاوینمان به دڵه كووته‌یه‌كی سه‌یر چاوه‌رێ ده‌كرد. مه‌خابن یه‌كێك له‌م هاورێیانه‌مان كه زۆریش به تاسه‌ی چوونه‌وه‌ی كوردستان بوو چه‌ند مانگ له‌مه‌و پێش " بارگه‌ی بۆ هه‌وار " تێكنا و بێ ماڵئاوایی، ڕێی سه‌فه‌رێكی بێ گه‌رانه‌وه‌ی گرته به‌ر.

هاوینی ئه‌م ساڵیش پڕ بوو له تاسه‌ی كۆچی له ناكاوی ئه‌م كۆتره جوانه و ته‌می تاسه‌ی فڕینی له ئاسمانی شینی كوردستان.

دیاره هاوین هه‌ر دێته‌وه، ده‌ڵێن ئه‌م ساڵ نا، ساڵێكی تر... به‌ڵام ئێستا ده‌زانم له هه‌ر جێیه‌كی خاكی كوردستان، له هه‌ر شار و شارۆچكه‌یه‌ك كه بم، ته‌زی خه‌می نه‌بوونی" ئه‌و" ئۆقره‌م لێ هه‌ڵده‌گرێ. نازانم دڵی وه‌م هه‌یه " بێ ئه‌و" بچمه‌وه یان نا، ئه‌وه‌نده‌ی ده‌زانم ئه‌و سه‌فه‌ره قه‌ت نابێت به‌و سه‌فه‌ره‌ی ئێمه چه‌ند ساڵ بوو خه‌ومان پێوه ده‌بینی...

ڕقم له " مردن" ده‌بێته‌وه... ئه‌ویش ئاوا، كه له ناكاو، دێت و سێبه‌ری ڕه‌شی نه‌مانی ده‌خاته سه‌ر نه‌مامی ژیان!!... نا، زۆرتری باس ناكه‌م.......

زۆرم بیر كردووه !



July 8, 2002

زۆر ساڵ له‌مه‌و پێش كه مرۆڤی تینو و سه‌رگه‌ردانم ده‌دیت له ناوڕاست ده‌ریا وا چاوی له ئاسمانه بۆ یه‌ك دڵۆپه باران، تا لێوه‌ وشكه‌كانی پێ ته‌ر كات، سه‌رم سووڕ ده‌ما. به خۆم ده‌گوت ده‌ باشه‌ ئه‌وه‌نێ ئه‌و ده‌ریا زله، با چۆرێك بخواته‌وه و نه‌مرێ له تینویایه‌تی...

قووڕسایی ئه‌م پرسیاره‌م له‌ سه‌ر دڵ بوو تا
ده‌ریام ناسی.



July 7, 2002

دانیشتووم، گوێ ده‌ده‌م به مۆسیقا، ده‌نگی سه‌نتووره!! زۆرم حه‌ز له سۆزی ئه‌م سازه‌یه... نه‌رمه، مێهره‌بانه.
چاو كه، له سه‌ر یه‌ك داده‌نێم، ده‌ڵێی په‌نجه‌ی نه‌رمی شنه‌‌ی فێنكی شه‌وی هاوینه، كایه به قژی ڕه‌ش و درێژم ده‌كات و به سه‌ر گۆناما ده‌خشێ و به نه‌رم و نیانی سێبه‌رێك ، دێت و چڕژێ ده‌خاته درزی ته‌نیایمه‌وه... سێبه‌ری گه‌ڵای داری پشت په‌نجه‌ره‌كه‌م كه‌وتۆته‌ سه‌ر دیواری ژوره‌كه‌م و له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی نه‌رمی مۆسیقاكه كه‌وتۆته سه‌ما. ‌كۆتری خه‌یاڵێك له ئاسمانی هه‌وراوی !! یادما كه‌وتۆته فڕین...

جار نا، ده‌ڵێم بریا ئه‌و ڕۆژانه دیسان هاتبانه‌وه... بریا!
ئه‌گه‌ لێره بان ده‌زانم ده‌متوانی له‌گه‌ڵیان گرێی ئه‌م گریا‌نه بكه‌مه‌وه،...

ده‌زانم دڵی من و دڵی تۆش بێزاره له‌ مه‌ودای نێوانمان.



July 6, 2002

هه‌ر ده‌ڵێن به گووزه‌ری زه‌مان، به تێپه‌ر بوونی كات، هه‌مووشتێك حه‌ڵ ده‌بێت، برینه‌كان سارێژ ده‌بنه‌وه...
پێم وانییه، له لای من ده‌ڵێی شتی وا ناقه‌ومێ... لێره ده‌ڵێی كات خه‌وی لێ كه‌وتووه... هه‌موو شته‌كان وه‌ك خۆیانن... ئه‌وه تاوانی منه یان زه‌مانه ؟؟؟؟
زه‌مان قه‌راره چیم بۆ حه‌ڵ بكات ؟ كام برینم بۆ سارێژ بكات؟ به تێپه‌ر بوونی كات چی له بیر ده‌كه‌م ؟ خۆم؟

زه‌مان له لای من خێری وای نییه ...
ده‌ڵێی چی؟ ده‌ڵێی به جێی چاوه‌رێی تێپه‌ربوونی كات، خۆم كات تێپه‌ر كه‌م... تێپه‌ر بم... ؟؟؟

بوونی هیوا، ڕفاقه‌ت ، خۆشه‌ویستی، بیره‌وه‌رییه یان خه‌ون ؟... له بیره‌وه‌رییه‌كان دوور بوونه‌وه و خۆ له ئامێزی خه‌ونه‌كان هاویشتن.... !!!

چ چاره‌نووسێكی خه‌ماوی.........



شتێك كه‌مه... بۆشاییه‌ك هه‌یه ده‌لێی به هیچ پڕ نابێته‌وه... وه‌ك چۆن به‌هاره بێ و
گوڵ و گیا نه‌بێ، هه‌ور بێ و بارانی پێ نه‌بێ....



July 5, 2002

تووڕه‌م... هه‌ست ده‌كه‌م درۆم پێ گوتراوه.
تۆ ته‌واوی ژیانت باوه‌رت به شتێك هه‌ێه، له‌گه‌ڵی ده‌ژیت، بۆی ده‌ژیت، چوارچێوه‌ی ژیانت به پێی یاسا و ڕێسای ئه‌م باوه‌ره داده‌ڕێژیت و ڕێزی لێ ده‌گریت. ...
كه‌چی ڕۆژێك، له چاوترووكاندنێكا شته‌كان ده‌گۆردرێن،
ده‌ڵێی تازه له خه‌وێكی قوورس وه‌خه‌به‌ر هاتووی و ماناكان، هیچی، وه‌ك خۆیان نه‌ماون... ده‌ڵێی هاتوویته وڵاتێكی تازه وكه‌س له زمانت تێناگات...

دڵم گیراوه. دڵته‌نگی ئه‌و هه‌سته‌م كه قه‌ت نه‌بووه و من پێم وابوو هه‌یه. دڵته‌نگی ئه‌و هه‌سته‌م كه ده‌یتوانی هه‌بێت و به‌ڵام نییه. دڵته‌نگی ئه‌و ڕۆژه‌ خۆشانه‌م له خه‌یاڵما، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌سته‌ تێپه‌رم كردووه...

ئه‌و هه‌سته‌ی وا من، ئه‌مرۆ دڵته‌نگییم، چیرۆكێكی ئه‌فسانه‌ییه ، خه‌یاڵێكی دووره كه قه‌ت نه‌بووه... خه‌ونێك كه قه‌ت وه‌راست ناگه‌رێ....

كه‌س پێم ناڵێ بۆ ئه‌م چیرۆكه نابێ ڕاست بێت؟ كه‌س پێم ناڵێ ئه‌م چیرۆكه بۆ ده‌بێ درۆ بێت؟ بۆ نابێ ئه‌و خه‌ونه وه‌ڕاست گه‌رێ ؟... كه‌س پێم ناڵێ بۆ.........



July 4, 2002

بیرم له قسه‌كانی گوڵه گه‌نم ده‌كرده‌وه كه نووسین به زمانی دایكی چ تام و چێژێكی تایبه‌تی هه‌یه ... بیرم له‌و ترس و دوو دڵییه‌ كرده‌وه كه كاتی نووسین به كوردی هه‌ستی پێ ده‌كه‌م... هه‌روه‌ها له تێمان و تێرامانمان له مانای هێنده له وشه‌كان ، یان دیتنه‌وه‌ی وشه‌یه‌ك بۆ ده‌ربرینی هه‌ستێك...ڕاسته، زۆر ساكار نییه... هێنده جار مرۆڤ ماندوو ده‌بێت و حه‌ز ده‌كات كۆڵ بدات و ده‌ست هه‌ڵگرێت....

به‌ڵام، من خۆم، هه‌ڕچی بیری لێ ده‌كه‌مه‌وه ناتوانم ده‌ست هه‌ڵگرم... زمان به‌شێكه له من. وشه‌كان بۆ من ئاوێنه‌ن بۆ نیشان دانی باڵای بیر و هه‌ستم... بێ زمان ئێمه هیچ نین... بوونی زمان به‌قه‌ت بوونی وڵات و مێژوو و ئاڵا گرینگه... له كوردستانی دواڕۆژ به چ زمانێك قسه ده‌كه‌ین و ده‌نووسین، ئه‌گه ئه‌مرۆ له بیری پاراستن و په‌ره‌ پێدانی زمانی خۆمان نه‌بین...؟؟

زمان به‌شێكه له كه‌سایه‌تی... زمان پێناسه‌یه، ئیدێنتیتێته... به زمان میژوو و ئه‌ده‌بیاتی نه‌ته‌وه‌یه‌ك تۆمار ده‌كردرێت... ئه‌ی بۆ ،بۆ فێر بوونی، بۆ پاراستنی، بۆ په‌ره‌ پێدانی هه‌ول نه‌ده‌ین....؟؟

گوڵه گه‌نم ڕاست ده‌كات... بۆ ده‌ربرینی هه‌ستی ده‌روون، بۆ نیشان دانی ئێش و ئازار، ته‌م و ته‌نیایی، خه‌ون و خۆشی ، پێكه‌نین و فرمێسك... زمانی هه‌ست پێویسته، و چ زمانێك له زمانی دایكی به هه‌ستی
مرۆڤ ئاشناتره....؟
با به هه‌ڵه‌ش بنووسین...با وشه‌شمان كه‌ بێت... به‌ڵام با كۆڵ نه‌ده‌ین و به‌رده‌وام بین...



July 3, 2002

ناسین یانی چی؟ كێی و چۆن ده‌توانین بڵێین كه‌سێكمان ناسیوه؟ ده‌توانین دڵنیا بین؟ قه‌ت دڵنیا ده‌بین‌؟ ئه‌وانی خۆشمان ئه‌وێن، ئه‌یانناسین؟ بۆ خۆشویستنیان ئه‌بێ بیانناسین؟

فاكته‌ره‌كانمان چین؟ له‌ كوێرا هێناومانن؟ ئه‌م قه‌وارانه كێ بۆی دارشتووین؟

ئه‌ی خۆمان؟ خۆمان باش ناسیووه؟ له هه‌ست و بیر و پێداویستییه‌كانی دڵ و مێشك و ڕۆحمان ده‌گه‌ین؟ ده‌زانین چیمان ده‌وێ‌؟ ده‌زانین به‌و شتانه‌ی ده‌مانه‌وه چۆن بگه‌ین؟... ئه‌وه‌ی كه هه‌ین، هه‌ڵبژارده‌ی خۆمانه یان چوارچێوه‌یه‌كه بۆیان دامه‌زراندووین و ئێمه‌یان تێدا جێ كردۆته‌وه... ؟

بۆ حه‌ز ده‌كه‌ین كه‌سێكمان خۆش بوێ ؟ چۆن ده‌زانین كه‌سێكمان خۆش ئه‌وێ ؟ خۆشه‌ویستی یانی چی؟ ...

سه‌رم سووڕ ماوه... كه‌س نییه پێم بڵێ ئه‌گه‌ ده‌زانین
" ناسین" یانی چی و چۆن پێی ده‌گه‌ین، ئه‌ی بۆ هه‌ولی بۆ ناده‌ین فێری بین... یه‌كترین باشتر بناسین.... ؟

ئه‌گه‌ ئه‌م قه‌واره و چوارچێوانه‌ی كه‌ هه‌ن ، په‌سه‌ند ناكه‌ین، ئه‌ێ بۆ نایانگۆرین؟ چۆنه به پێی یاسایه‌ك ده‌ژین كه قه‌بووڵمان نییه ؟

كه‌س نییه پێم بڵێ ئه‌گه‌ خۆشه‌ویستی هه‌یه‌، ماوه، ده‌یناسین... ئه‌ی بۆ هێنده یه‌كترین ئازار ده‌ده‌ین ؟
چۆنه خۆشه‌ویستی ئه‌وه‌نده ‌ئێشی دێت .... ؟؟؟



تاسه
په‌له قاژه‌مه!
به‌ڵكوو تا زووه،
هه‌ندێ گه‌ڵای دار،
هه‌ندێ پنجه‌گیا و گوڵه‌كێویله‌ی
ئه‌وێ ده‌سگیر كه‌م.

ناترسم ناویان له یادم بچێ،
به‌ڵام ده‌ترسم ... بۆنیان له بیركه‌م!

"په‌شێو"



دیسان شه‌و دره‌نگه و من هێشتا خه‌وم نایه !... شه‌وێكی سپییه... ئاسمان پڕه له هه‌وری خۆڵاوی!! ... ئه‌ستێره ونن و باران ورده ورده ده‌بارێ...
گرێی گریانێك ڕێی هه‌ناسه‌ی پێ گرتووم... ده‌ستی شینی تاسه‌یه‌ك گۆمی مه‌ندی بیره كۆن و تۆز لێ نیشتۆ‌كانمی هه‌ژاندووه و شه‌پۆلی یاده‌كان به‌ره‌و كه‌ناری خه‌یاڵ ڕاده‌دات ... ئه‌و كه‌ناره‌ی تۆزی ته‌مێك دایپۆشیوه وته‌نیا بۆنی بیره‌وه‌ری كۆنی لێ دێت....
بیریان ده‌كه‌م.......
بیریان ده‌كه‌م و ئه‌م بیره‌وه‌رییه‌ تۆز له نیشتووانه چی دی تونیایه‌تی دڵ و گیانم ناشكێنن...
سه‌ر له نوێ دیتنه‌وه‌یان... جارێكی دی له باوه‌ش گرتنه‌وه‌یان ، بیستنی ده‌نگیان، ناسینیان، ناسینه‌وه‌یان... نازانم...ئه‌وانه ره‌نگبێ ئه‌م نامۆییه، ئه‌م تاسه و دڵته‌نگییه‌م له دڵا بمرێنن....

باران، هێشتا هه‌ر ده‌بارێ.....



July 1, 2002

له بیرمه زه‌مانی خۆی! ده‌فته‌رێكم هه‌بوو به خه‌تێكی مناڵانه له‌ سه‌ریا نووسیبووم" بیره‌وه‌رییه‌كانم"، ئه‌م ده‌فته‌ره‌م ئاگاداری هه‌موو نه‌هێنییه‌كانی ژیانم بوو... هه‌رچی له دڵما بایا، شاباڵی كۆتری هه‌ر خه‌یاڵێ سێبه‌ری خستبایه كۆڵانی زه‌ینم ، په‌‌نجه‌ی هه‌ستێ ئه‌گه‌ به‌ندی دڵمی له‌راندبایه، هه‌مووم ده‌كردن به وشه و لاپه‌ره‌كانی ئه‌م ده‌فته‌ره‌م پێ ده‌ڕازاندنه‌وه...
زۆری پێ نه‌چوو زانیم د‌بێ ئه‌م ده‌فته‌ره‌م له ‌حه‌وت كونان دا بشارمه‌وه... ده‌بێ هه‌ر جۆرێكی بێت پێش به ئاشكرا بوونی بیر و هه‌ست و خه‌یاڵم بگرم... ده‌بێ سه‌ری خه‌ونه‌كانم ببرم و سێداره‌یه‌ك بۆ ویسته‌كانم دامه‌زرێنم... سه‌یر نه‌بوو، كچ بووم و كچیش بۆی نییه له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ ده‌سته‌ ملان بێت و خه‌ونی دڵداری ببینێت و هه‌ستی ببزوێ ... بێت و له‌م دیارده‌یه لاده‌ی نه‌ك هه‌ر ده‌ر و جیران و به‌قاڵ و به‌زازی گه‌ره‌ك، كه دار و دیواری شار لێت وه‌زمان دێن و قسه‌ت پێ ده‌ڵێن... خۆ گرینگ نییه، چی له كوێ، چۆن و كێی ڕووی داوه‌... تاوانبار هه‌میشه هه‌ر كچ بۆت ... ئه‌وه‌ش كه به تاوان حیسابه، هیچ نه‌بووه و نییه ‌‌‌غه‌یری هه‌ست و ویستی ئاسایی هه‌ر مرۆڤێك... واته، ویستن، هه‌ست پێ كردن، خاوه‌ن خه‌ون و خه‌یاڵ بوون، خۆشویستن !!!
هه‌میشه هه‌ر ترساوین... ترساندوویانین.
له‌گه‌ڵ ئه‌م ترسه ڕاهاتووین... سێبه‌ری خۆشمان لێمان به‌ڵایه... له هه‌ست و بیر و خه‌یاڵی خۆمان شه‌رمه‌زارین... كه‌چی خه‌تایه‌كمان نه‌كردووه كه شه‌رمه‌زار بین....
ئێستاش ، من، لێره دانیشتووم و باسی هه‌ستی خۆمتان بۆ ده‌نووسم... نه شه‌رمه‌زارم، نه‌ده‌ترسم... جا نازانم ئه‌و نه‌ترسانه‌م هین ئازایه‌تی خۆمه یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌س نازانێ ئه‌وه‌ منم كه ئه‌و شتانه ده‌نووسم، یان...؟



چه‌ند ده‌ترسم،
كه دێمه‌وه،
هه‌واڵێكی تاڵت پێ بێ.

چه‌ند ده‌ترسم،
كه باوه‌شت پێدا ده‌كه‌م،
بۆنی نامۆیه‌كت لێ بێ.


چه‌ند ده‌ترسم،
كه دێمه‌وه.
گرامه‌ری زمانی چاو،
ڕێنووسی هێمات گۆڕابێ.

چه‌ند ده‌ترسم،
پله‌ی گه‌رمیی په‌نجه‌كانت
وه‌ك به‌جێم هێشت وا نه‌مابێ.

له‌مه‌ش زێتر،
چه‌ند ده‌ترسم، كه‌سم، هاوڕێم،
كه دێمه‌وه،
تۆ وه‌ك خۆت بیت، من بگۆڕێم.

په‌شێو!




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------