Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

September 30, 2002

له سووچی ژووری نیوه تاریك، لێره كه بستێك ئاسمان
و داوێنی تریفه‌ی مانگه شه‌وم لێ دیاره داده‌نیشم. ژووره‌كه‌م تژی بێ ده‌نگییه. هات و چووی خه‌یاڵی تۆ و
ترپه‌ی پێی باران چ ده‌ریای ئارامی بیرم ناشێوێنێ! سات نا ده‌فڕم به سه‌ر ئاسمانی شاره دووره‌كه‌م و سات نا، له ئامێزی دایكما خه‌و ده‌مباته‌وه ! لێوانی چایه‌كه‌م له پێش ده‌ما سارد بۆته‌وه، نامه‌یه‌كی ناته‌واو له سه‌ر مێز ، چاوی بڕیوه‌ته ده‌ستم .

تا پێش په‌نجه‌ره‌ی ڕه‌ش ده‌چم! تۆ دیار نیت، منیش! چاو له ئاوێنه‌ی شه‌و ده‌كه‌م، سێبه‌رێكی نامۆ دێته پێش چاوم. بووه تا ئێستا بڕوانی ئاوێنه و خۆت نه‌بینی؟
لێی ورد ده‌بمه‌وه، سێبه‌ری من نییه.... هین تۆش !

كوا هه‌ناسه‌یه‌كی گه‌رم تا قژی ته‌زیوی داره‌كان خاو كاته‌وه؟ كوا ده‌ستێك، تا داوێنی ته‌ڕی تریفه‌ی مانگه شه‌و كۆ كاته‌وه؟ كوا دڵێك تا له ژێر باران، تژی تاسه‌ی ئامێزێ بێته‌وه.... باران ده‌بارێ ........

ملوانكه‌ی شینی خه‌یاڵم پچكراوه. سه‌ر په‌نجه‌ ته‌ڕه‌كانم قژی سه‌وزی بیرت شانه ده‌كات .

چاو له سه‌ر یه‌ك داده‌نێم. خۆم ده‌سپێرمه لاواندنه‌وه‌ی ئه‌و ساته وا پڕه له ئارامی ، له حه‌سانه‌وه ! ئه‌و ساته وا گرژی ناوچاوانی ڕووداواكان له تاریكی خۆیا حه‌شار ده‌دات و من ده‌بات تا كۆتاییه‌كان ... تا هه‌ست پێ كردن!

هه‌ست به بوون ده‌كه‌م ...






September 29, 2002

قژی ئاڵۆزی خه‌‌ونێك ، تارای سووری ئاسۆ، ماچی به‌یانی، ده‌نگی باران، بۆنی بیرێكی كۆن، تاسه‌ی نه‌شكاوی پێی په‌نجه‌یه‌ك له سه‌ر سنگ، سرته‌‌ی تۆ ...

- به كوردی دڵداری ناكردرێت ....
- تاسه‌ی بیستن ...
- بیرت ده‌كه‌م ....






September 26, 2002

? Nostalgia



شه‌و به قه‌راغ په‌نجه‌ره‌كه‌ما تێده‌په‌رێ ! ها ... به‌یانی هات! سڵاوێكی دووباره له ڕۆژ ، بزه‌ی ئاشنای خۆر ... ده‌نگی كه‌وتنی گه‌ڵا وشكه‌كان، خشپه‌ی پێی شنه‌ی به‌ره‌ به‌یان. هه‌ستم چاو له توانه‌وه‌ی تاریكی بكه‌م ،
له كایه‌ی با، به قژی زه‌رد و سووری داری باخچه‌ی پێش ده‌رگا... یان له نوێژی گوڵی نیوه وه‌ریو له به‌ر ماڵی كازێوه ...

په‌رده‌ی لا ده‌ده‌م ... ئه‌و شه‌وه كه‌لله ره‌قه چاو ده‌برێته چاوم ... هێشتاش !!!





ڕۆژه‌كان وه‌ك خۆیان لێ دێته‌وه؟ یان ساته‌كان؟
وام لێهاتووه خۆشییه‌كان و خه‌مه‌كان لێك جیا ناكه‌مه‌وه ! له‌م به‌ر ئه‌و به‌ری ڕێگا وه‌ستاون و سێبه‌ریان قوورسایی ده‌خاته سه‌ر هه‌نگاوه‌كانم ...





September 24, 2002

جاران وا نه‌بووم. هیچ نامه‌یه‌كم بێ وڵام نه‌ده‌هێشت. مه‌ودای نێوان ده‌ست و پێنووس ئه‌وه‌نده زۆر نه‌بوو . لاپه‌ره‌كان نه‌ده‌بوون به كفنی وشه له دایك نه‌بووه‌كان. قسه‌كانیان هه‌میشه باران بوو تۆزی ته‌می ته‌نیایی ڕۆحی منی ده‌شۆرده‌وه. ده‌نگه‌كان چڕژیان ده‌خسته شووشه‌ی بێ ده‌نگی!

من كه هه‌میشه ئاشقه فڕین بووم ئێستا هه‌ر نازانم چۆن ڕێم ده‌كه‌وێته قه‌راغ ئاوێكی مه‌ندی ناچاوان گرژ! ده‌ڵێی نێوانم له‌گه‌ڵ ئاسمان تێك چووه ! ده‌ڵێی باڵی فڕینم شكاوه ! ده‌ڵێی فڕینم له بیر كردووه! داده‌نیشم بیر له ماسییه‌كانی ئه‌و ناوه ده‌كه‌مه‌وه وا قه‌ت ڕێیان ناكه‌وێته ده‌ریا ! چاوم له شه‌ری چه‌ند سۆنایه له سه‌ر له‌تێك نان پێك ده‌پڕژێن !

لێره ئه‌مرۆ، ئێستا هیچ شتێك بۆنی پاییزی لێ نایه! ڕه‌نگی پاییزی نه‌گرتووه ! هه‌موو جێیه‌ك هه‌ر سه‌وزه . گه‌ڵا وه‌ریوه‌كان له ژێر پێت خشه خشیان نایه، ورد نابن!

كه‌چی ...

كه‌چی ده‌نگی پێی خه‌یاڵت وه‌بیرم ده‌خاته‌وه پاییزه . وه‌رزی كۆچی تۆ ! كۆچی له ناكاوت، كۆچی ناوه‌ختی تۆ !! هێشتا زووه و من هه‌ر له بیری شكۆفه‌ سپی و په‌مه‌ییه‌كانی باخچه‌ی ماڵی هاوسێكه‌مان دام ، كه‌چی ده‌ستی خه‌یاڵت له سه‌ر شانم ده‌دات ! من لێره داده‌نیشم و ده‌زانم خه‌می تۆ له ناو پێخه‌فه‌كم دا چاوه‌رێم ده‌كات . من چاو له سه‌ر یه‌ك داده‌نێم و خه‌و به ماسییه‌كانه‌وه ده‌بینم ، كه‌چی ده‌زانم خه‌می تۆ له به‌ر ده‌رگا چاوه‌ڕێمه تا ڕۆژی حه‌شرم وه‌بیر بخاته‌وه !

من یان ده‌بێ باڵنده بم یان ماسی ! یان ده‌بێ باڵ بگرم و له ئاسماناكانا به دووتا بگه‌ڕێم یان بم به ماسی و له ده‌ریا بێ سنووره‌كانا هه‌واڵت بگرم ... تازه ده‌زانم تۆ له سه‌ر زه‌ووی په‌یدا ناكه‌م ...

به چ زمانێك پێت بڵێم بیرم كردووی !؟





تۆ دوو كه‌سی، سه‌رنجت داوه ؟
به‌ڵام بۆ من ئه‌و دوو كه‌سه، په‌شێو گوته‌نی، وه‌ك تیشكی ڕۆژ و تریفه‌ی مانگه‌ شه‌و وایه . هه‌ر دوویانم خۆش ده‌وێ . ناتوانم له نێوانیان دا هه‌ڵبژێرم ....





September 23, 2002

به قسه‌م بكه، هه‌سته په‌رده‌كه‌ی لاده. په‌نجه‌ره‌كه بكه‌وه . چاو له سه‌ریه‌ك دانێ و هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵ‌
بكێشه . هه‌وایه‌ی نه‌رم و فێنكی ئه‌م به‌ره‌ به‌یانییه
بخه ناو سییه‌كانته‌وه . چاو مه‌كه‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌ناسه‌كه‌ت سه‌ر بده له هه‌موو كه‌لێن و قووژبنێكی
ده‌روونت، تازه‌ی كه‌وه . بیر له یه‌ك شت، ته‌نیا یه‌ك شت بكه‌وه ، بزه ! ده‌ست له سه‌ر دڵت دانێ و بیر له بزه‌یه‌كی ساكار بكه‌وه ....

ده‌بینی ، چاو كه هه‌ڵدێنی، نازی لار و له‌نجه‌ی بزه‌یه‌كی ساكار له سه‌ر لێوت هه‌ست پێ ده‌كه‌ی. نه ده‌زانی بۆ، نه ده‌زانی تا كه‌ی ... گرینگ نییه !

ته‌نیا یه‌ك شت له بیر مه‌كه، ئه‌و بزه‌یه پێشكێشی لێوی
كه‌سی دیش بكه ... كه‌سانی تریش !
كێ ده‌زانێ ، له‌ وانه‌یه، زه‌رده په‌ر، له جێی ئاسۆی خوێناوی ، خۆرێك ئاوا بێت كه بزه‌یه‌كی ساكاری له سه‌ر لێو قه‌تیس ماوه !





I need a hug



September 22, 2002

ده‌نگی ماندۆڵین، سه‌مای ڕۆیا، بۆنی به‌رۆكی ئه‌و،
خشپه‌ی پێی تۆ، فرمێسكی قه‌تیس ماوی چاوی باوكم ،
هاواری توڕه‌ی براكه‌م، گریانی خۆشكه‌كه‌م ... نامه‌كانی ڕادین و گۆرانییه‌كانی ڕامان ...

شاشا ده‌لێ بیرم كردووی، فریشته‌ی داوای خه‌ونه‌كانی ده‌كاته‌وه. ئه‌وین ده‌لێ كه‌س گه‌وره بوونمی نه‌دیت . ڕزگار بۆته پیاو، بڕیار بۆ خوشكه‌كانی ده‌دات. ساكی
تازه حاڵی ده‌بێت ژیانی خۆیه‌تی، به‌ڵام لێی ناگه‌رێن .

ژوان له جێیه‌كی نێوان ئێره و كوردستان دڵی ... نا، جێیك نێوان خۆی و دایكوباوكی خۆی ون كردووه....

ده‌نگی ماندۆلین، ڕۆیا ئه‌ژنۆی له باوه‌ش گرتووه. ئه‌و كراسێكی مۆری له به‌ر دایه، قژی سپی و خاوی پڕه له بۆنی باران. باوكم ... براكه‌م ... خوشكه‌كه‌م ، چ دوورن !
ده‌ترسم ڕامان گۆرانییه‌كانی له بیر بكات. ده‌ترسم ڕادین نامه‌كانی ناته‌واو دانێت ... هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی ڕۆیا ئیتر سه‌مایه ناكات !

نه‌كا فریشته خه‌ونه‌كانی نه‌دۆزێته‌وه ... نه‌كا ڕزگار ...
نه‌كا ساكی .... نه‌كا ژوان ....

به چی پرچی ئاڵۆزی خه‌ونه‌كانم داهێنم !؟





September 19, 2002

ڕۆژه‌كان له‌گه‌ڵ سانا پڕن له پێكه‌نین و خۆشه‌ویستی و
هیوا . له‌گه‌ڵ سانا كه ده‌بم ده‌ڵێم بریا مرۆڤ قه‌ت گه‌وره‌ نه‌بووبا و ئه‌و دنیا جوانه‌ی ئه‌وها له خۆت تێك نه‌دابا ...

سانا پڕه له جوانی، له قسه‌ی خۆش ، له هیوا، له‌گه‌ڵ سانا به‌هانه بۆ پێكه‌نین زۆرن، ئاشق بوون زۆری پێ ناوێ و شته‌كان زۆر دوور نانوێنن .

نا... بریا با ئێمه قه‌ت گه‌وره نه‌بووباین . بریا دڵه‌كانمان وه‌ك دڵی سانا پڕ با له شته جوانه‌كانی ئێستا له بیرمان كردووه ....






له دوێنێوه، ده‌ڵێی سه‌د ساڵه نه‌مدیوی !

له‌و ساته‌وه، بۆنی بوونت هیلانه‌ی دڵمی ته‌نیوه، له‌و كاته‌وه كاروانی خه‌یاڵ كه‌وته ژێر ئاسمانی شینی یادی تۆ، له‌و ده‌مه‌وه ده‌ستم تینوو و چاوم تامه‌زرۆی دیداری تۆیه ، له‌و ڕۆژه‌وه به تینی تیشكی تاوی هاتنت توامه‌وه،
له شه‌وه‌وه به بارانی وشه‌كانت ته‌ر بووم ...

من ئه‌وینداری تۆم....


ژووره‌وه پڕه‌ له بێ ده‌نگی . په‌رده له باوه‌ش شنه‌ی شه‌و دا سه‌مایه ده‌كات. گوڵه ویشكه‌كانی ناو گوڵدانێكی خۆڵاوی ، قاپی وێنه‌ی دایكم، چه‌ند كتێبی نیوه خوێندراوه، نامه‌یه‌كی ناته‌واو، خۆشم له‌و لاتر،
نووقمی تاریكین ....

له ده‌ره‌وه باران ده‌بارێ، مانگ دیاره نییه و ئه‌ستێره‌كان خووساون ....
پێم وابوو تۆش له‌گه‌ڵ هاتنی باران دێیت !!


نا، ته‌می ته‌نكی ته‌نیایی ده‌ته‌كێنم و چراكان داده‌گیرسێنم .






September 18, 2002

حه‌زم كرد ئه‌مرۆ بیر نه‌كه‌مه‌وه، بیر له هیچ كه‌س و هیچ شتێك . حه‌زم كرد سه‌ر داخه‌م بۆ ئه‌و هه‌سته‌ی دێت، بۆ ئه‌و خه‌یاڵه‌ی سه‌ر هه‌ڵدێنێت . حه‌زم كرد پێبكه‌نم، جێ پێی فرمێسكه‌كان له سه‌ر گۆنام بشۆمه‌وه.

ویستم مه‌ست بم، به هه‌ناسه‌ی خه‌یاڵێك، به لاواندنه‌وه‌ی یادێك، بیرێك . حه‌زم كرد مه‌ست بم تا پێكه‌نین و هه‌ناسه تێكه‌ڵ كه‌م . من و لۆركێ بووین. ته‌نیا، له ژوورێكی پڕ له ڕووناكی . دیواره‌كانی هاوڕه‌نگی ئاسمان بوون و قسه‌كانمان هه‌مووی بۆنی بارانی لێ ده‌هات ....

لۆركێ باسی دڵی ئه‌وینداری خۆی كرد، باسی دڵ كووتانه‌كانی ، چاوه‌ڕێ بوونی و بێ خه‌وی و ده‌سته ملانی له‌گه‌ڵ خه‌یاڵه‌ نامۆكان، خه‌یاڵه دووره‌كان...
جێ پێی فرمێسك له سه‌ر گۆنای !!

منیش خۆم دا ده‌ستی خه‌یاڵی تۆ، ده‌ستی یادی تۆ په‌نجه‌ی خسته ناو قژم و كایه‌ی پێ ‌كرد ... من كه‌وتمه باوش خه‌یاڵی تۆ ، ئه‌و خه‌یاڵه‌ی خه‌وه‌كان و خه‌مه‌كانی منی له خۆیا شاردۆته‌وه ....

له‌و كاته‌ دا ئه‌وه‌نده‌م خۆش ویستی كه ئێشی هات...






September 17, 2002

بێ ده‌نگی ژووره‌كه‌م له‌گه‌ڵ مۆسیقایه‌كی ئارام به‌ش كردبوو ... خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی وشه‌كانی دڵی هاوڕێیه‌كی دوور بووم . گوێم له ده‌نگێكی بوو، مات بووم
ده‌نگی مۆسیقاكه‌م كه‌م كرده‌وه .... وا بوو، ده‌نگێك ده‌هات ...چاوم گێرا ، گوێم شل كرد ... بۆ خۆی بوو ...
باران ده‌باری و په‌نجه‌ی له شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌م ده‌دا‌.

هه‌ساتم په‌نجه‌ره‌م لێ كرده‌وه ...






دیسان شه‌و دره‌نگه و من خه‌وم لێ ناكه‌وێ . جار نا حه‌ز ده‌كه‌م توانیبام كه‌مێك ڕه‌نگ هه‌ڵگرم و ڕوخساری شته‌كان داپۆشم ... ده‌شزانم ئه‌وه هیچ شتێكی ناگۆڕێت.

ئه‌خه هاوار كردنیش هێزێكی تایبه‌تی ده‌وێ. جار نا كه ده‌بینی خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانت دزراون ، درۆت له‌گه‌ڵ كراوه، یا نا خۆت له ڕێگه‌ی دیتنه‌وه‌ی وێنه‌كان، ون بوویت، پشوو دانێكت، حه‌سانه‌وه‌یه‌كت هه‌ر ده‌وێت.

هه‌ر ئه‌و هه‌سته كه خه‌یانه‌تێك به هیوا و ئاواته‌كانت كراوه، هه‌ر ئه‌و هه‌سته كه خۆشت تاوانباری، ئۆقره‌ت لێ هه‌لده‌گرێ، هێزت پێ ناهێڵێ .

ده‌ی ئه‌وه منم. چی بكه‌م؟ حاشا له خۆم و ڕاستییه‌كانی خۆم بكه‌م ... ؟ خۆ وا نابێ....

له‌وانه‌ی من بناڵم ، له‌وانه‌شه هه‌رچی ده‌یڵێم وه‌ك ناڵه وه‌رگیرێت ... نازانم... من ئه‌وه‌م ، ناكرێ، نامه‌وێ حاشا له خۆم بكه‌م. ئه‌گه‌ هه‌ستێك هه‌یه ئێشم پێ ده‌گه‌یێنێ ،كه له گه‌ڵ خۆم باسی نه‌كه‌م، چی لێ بكه‌م؟

ڕاستی ئه‌ویه من له‌وه‌ی كه هه‌م ڕازیم. ده‌زانم له باری هه‌ست و ویسته‌وه پێ گه‌یشتووم . ئازاره‌كان ده‌بینم. به‌ كه‌م ڕازی نابم و ناشتوانم ئه‌و شتانه‌ی ده‌یبینم به ڕووی خۆم نه‌هێنم ....

كه ژنێك توانی له سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستێت، كه ژنێك
له باری هه‌سته‌وه پێگه‌یشت ، ئیتر خۆشه‌ویستیش بۆ وی تام و بۆن و فۆرمێكی تایبه‌تی ده‌بێت و له‌و چوارچێوه و قه‌واره له پێشدا ئاماده كراوانه دا جێی نابێته‌وه ... ئه‌وه خۆ تاوان نییه ، تاوانه ؟

من دڵنیام ڕۆژێكی ئه‌و خۆشه‌ویستییه دێت و له ناو دڵی منا هێلانه‌یه‌ك بۆ خۆی چێ ده‌كات ، من دڵنیام ...
جا ئه‌گه پێویست بێ تا ڕۆژه‌كانی ئاخریش چاوه‌ڕێ بم
نه‌خه‌مه .......




September 16, 2002

خه‌ریكم كتێبی " ده‌فته‌رچه‌ی مه‌منوع" ده‌خوێنمه‌وه .
نووسه‌ری كتێبه‌كه Decespedes Alba یه . خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌ش لانی كه‌م به ‌هه‌موو ژنان سفارش ده‌كه‌م ... " براده‌ره‌كانیش" بیخوێننه‌وه ، چ باشتر. پێم وایه ئه‌م جۆره نووسینانه‌یه ئێمه كه‌مێك له دنیای یه‌كترین نزیك ده‌كاته‌وه. نیزك بوونه‌وه‌یه‌ك
كه بۆ له‌ یه‌ك گه‌یشتنمان پێویسته .

باسی ئه‌م كتێبه یان كورته چیرۆكه‌كانی كتێبی
" ئینجانه" له نووسینی ڕێواس ئه‌حمه‌د ، كه‌م تا زۆر دیارده‌یه‌كی ناسراون له ژیانی ڕۆژانه‌ی ژنان دا. خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره كتێبانه ئه‌م ڕاستییه‌ ده‌سه‌ڵمێنێ
كه ژنان له هه‌ر فه‌رهه‌نگ و داب و نه‌ریتێك دا په‌روه‌رد بووبێن، هه‌ندێك ده‌ردی هاوبه‌شیان هه‌یه .... هه‌ر بۆیه‌ش ده‌كرێ له ئه‌زمۆنه‌كانی یه‌ك كه‌ڵك وه‌رگرن.....



September 15, 2002

زۆر ده‌خایێنێ تا هه‌موو شتێك ئیتر وه‌ك هه‌میشه نه‌مێنێت؟ چه‌نده‌ی دیی ده‌بێ چاوه‌ڕوان بم تا
ئیتر ڕۆژه‌كان دووپاته‌ی پڕ‌له بۆن و ڕه‌نگی كۆنیی و دڵته‌نگی نه‌بن؟ ده‌زانم ده‌بێ كارێك بكه‌ین ،
به‌ڵام ... له‌عنه‌ت ... چی؟ چی بكه‌ین ڕۆژه‌كان ببن به ئاوێنه‌یه‌ك هیوا و ئاواته‌كانی دواڕۆژمانی تێدا ببینین ؟

ئه‌و ڕۆژانه‌ی پڕن له هیچ و به‌تاڵن له تۆ، له بوونی تۆ ...
له‌عنه‌ت .......





September 14, 2002

ڕۆژی له دایك بوونێتی . هه‌موو ساڵێ، ڕۆژی خۆی، له كات ژمێری19.00 جێژن ده‌گرێ. ئه‌م ساعه‌ته له دایك بووه. مێوانێكی زۆری بانگ كردووه . من پێم وانه‌بوو دێم . دوای یه‌ك دوو حه‌ڕه‌شه‌ی ده‌نگ گۆرین و قه‌ت نه‌دواندن ، منیش وه‌ك منداڵی به گوێ ، هاتم . گووتی گیانی خۆت جلی كوردی له به‌ر مه‌كه. سێ دێ و كاسێتی گۆرانی كوردیش مه‌هێنه له‌گه‌ڵ خۆت ! پێی خۆش نییه من لیباس كوردی له به‌ر كه‌م، حه‌ز ناكه‌ هیچ شتێك وه‌بیر كوردانی بخاته‌وه . ته‌نانه‌ت شێوه‌ی جێژن گرتن و میوانداری كردنیشی گۆریوه .لێی نایه، به خۆشیم گوتووه، به‌ڵام بڕیاری خۆی داوه ، حه‌ز ناكات كورد بێت ، ده‌ڵێ خۆ به زۆری نییه !!

ڕۆژی له دایك بوونێتی . كۆمه‌ڵێك هاورێ و هاوكاری بانگ كردووه . مێزه‌كه‌ی به خواردنه‌وه‌ی جۆر به جۆر ڕازاندۆته‌وه . به شامپاین ده‌ستی پێ كرد . سێ، چوار كه‌سی هێناوه، بۆ خزمه‌ت كردن به میوانه‌كان . جل و به‌رگی كاری زۆر شیكیان له به‌ر دایه. بۆ خۆشی به پێكه‌نینێك كه ئه‌و سه‌ر تا ئه‌و سه‌ری ده‌مووچاوی داگیر كردووه، دێت و ده‌ڕوا و له‌گه‌ڵ میوانه‌كان خۆش و بێش ده‌كات. مۆسیقای فه‌رانسی و ئینگلیزی داده‌نێت . ده‌ستی هاورێكه‌ی ده‌گرێت و دانسی له‌گه‌ڵ ده‌كات ، تانگۆ !!

-- تۆ بۆ بێ كار وێساوی؟ دانس. كه‌س حه‌قی نییه له ڕۆژێكی وه‌ها پیرۆزا بێ كار بێت .
پێم وایه سه‌ر خۆشه. یه‌كی دی ده‌بات بۆ دانس. چاوی هه‌ر له منه. پێم وایه ده‌زانێ من زۆر له وانه‌یه بچم گۆرانی كوردی وه‌سه‌ر بخه‌م . وا ناكه‌م به‌ڵام .

پێیكێك شه‌راب ، ده‌ستی ناگێرمه‌وه ! دڵنیام سه‌ر خۆشه، قسان ده‌په‌رێنێ . ده‌ڵێ دڵم زۆر له كوردان ئێشاوه. به‌ڵام گۆرانی كوردی هه‌ر داده‌نێم، پێت وا نه‌بێ! نا، مه‌سته ، دیاره ! هاورێكه‌ی دێ كه بیبا، ناروا . گۆرانی كوردی وه‌سه‌ر ده‌خات . گه‌ڕی هه‌ڵپه‌ركێ . دێت ، ده‌سی من ده‌گرێت و ده‌چینه ناو ڕێزی شایی . نازانم چه‌نده هه‌ڵده‌په‌رم. ده‌زانم زۆر . كه هاتمه‌ ده‌ر ، هه‌ناسه بڕكه‌م بوو . زۆر گه‌رمه . حه‌ز ده‌كه‌م بچمه ده‌ر، هه‌وایه‌كی تازه بكه‌مه‌وه . ده‌رێ تاریكه ، نه‌رمه‌ بایه‌كی دێت . دوو سێبه‌ر له‌ولاتر له باوه‌شی یه‌کتردا تواونه‌ته‌وه ... كه من ده‌بینن ، ده‌بن به دوو. نیزیكتر ده‌بنه‌وه ... كچه‌كه‌ی ده‌ناسمه‌وه .. چاوی پڕه له ترس ... چی پێ بڵێم با نه‌ترسێ !؟ له‌عه‌نه‌ت ... بۆ لێم تێك دان ... بۆ هاتمه ده‌ر !! نازانم چی بڵێم له‌ ترس و شه‌رمه‌كه‌ی كه‌م كه‌مه‌وه . ئارام ده‌ستی
ده‌گرم و هێدی هێدی دوور ده‌بمه‌وه !!


ئه‌وه‌ی ساڵ پڕ ده‌كاته‌وه ، دانیشتووه ، كه‌یكێكی زل به كۆڵێك مۆم له سه‌ریا، له پێشی داندراوه . دیارێكانی له سه‌ر مێز و له ژێر مێز
له سه‌ر یه‌ك داندراون. فوو له مۆمه‌كان ده‌كات، ناكووژێنه‌وه ... شۆخییه‌كان ده‌ست پێ ده‌كات ...
-- ساڵی له خودا بڕیوه ...
-- زوو به تا ئالارمی ماڵی خۆت و هاوسێكانت وه‌كار نه‌كه‌وتووه .... زوو تا ئاگرمان تێبه‌ر نه‌بووه ...
-- به تۆ ناكووژێته‌وه ... په‌نكه‌ی بێنه ....
-- ئه‌وه كاری په‌نكه‌ی نییه ، شیلانگی تێ بگرن .....

ده‌نگی قاقا و پێكه‌نینی گه‌وران ، هه‌را هه‌رای منداڵان و مۆسیقا تێكه‌ڵ بووه ... مۆمه‌كان ده‌كووژێندرێنه‌وه ... چه‌پڵه و هوورااااااااااا كردنی جه‌ماعه‌ت ..... سه‌ر به‌رز ده‌كه‌مه‌وه ، چاوم ده‌كه‌وێته چاوی ئه‌و کیژۆڵه‌ی له باوه‌شێكا توابۆوه و به ماچی شه‌و، تینوویایه‌تی
لێوی شكاند بوو ... ! ئێستا ئیتر نه‌هێنی وی هین منیش بوو ...


شه‌و دره‌نگه ........
هه‌ڵپه‌ڕكێ ، پێ كووتان ، مۆسیقای فه‌رانسی و دانسی تانگۆ ! ژنێكی سه‌رخۆش سه‌ری به شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌وه ناوه، چاوی بڕیوه‌ته جه‌رگی تاریكی، بێ‌كۆتاییه‌كان ... ئه‌وه‌ی ساڵ پڕ ده‌كاته‌وه ، سه‌ری له سه‌ر شانی هاورێكه‌ی كه كورد نییه، داناوه . مه‌سته، مه‌ست مه‌ست . ده‌گری ؛ من كوردم ... من كوردم خۆش ئه‌وێت ....


من هه‌ڵده‌ستم تا بڕۆمه‌وه !





September 12, 2002



تا نیوه‌ی ڕێگه هاتووین!
تازه بۆ كوێ، بۆ دواوه؟





those who follow the rules miss half fun of the life

كه‌ی بوو، یه‌كه‌م جار له ده‌رگای ماڵی منت دا؟ كه‌ی بوو یه‌كه‌م جار وێرام ده‌رگای هه‌زار ساڵ به‌ستراوی دڵمت به ڕوو بكه‌مه‌وه؟ كه‌ی بوو یه‌كه‌م جار له قوورسایی باری خۆشه‌ویستی گریام؟ كه‌ی بوو یه‌كه‌م جار ژان دایگرتم و ده‌ستی تۆ نه‌بوو تا بیگرم؟ كه‌ی بوو یه‌كه‌م جار بریندار بووم؟ كه‌ی بوو یه‌كه‌م جار ....

بۆ وام كرد... بۆ زۆر پێشتر له‌وانه نه‌فڕیم؟ بۆ هێشتم باڵه‌كانم ‌بشكێنن؟ بۆ هێشتم خه‌ونه‌كانم بدزن؟ بۆ هێشتم ده‌سته‌مۆ بم؟
كوا ئێره جێی منه؟ ئاسمانی ئێره زۆر نزمه ... كام یاسا
رێگه‌ی ڕۆیشتنی لێ گرتم؟ خۆ من باوه‌رم به‌و یاسایانه‌ نییه ... خۆ من هه‌موو شه‌وێ تا به‌یانی لاپه‌ڕه ڕه‌ش هه‌ڵگه‌راوه‌كانی ئه‌م په‌رتووكه‌م سووتاندووه ، ئه‌ی بۆ كه ڕۆژ ده‌بێته‌وه هه‌ر به پێی ئه‌و ژیاوم....

ده‌ڵێن ئاسمانی هه‌موو جێیه‌ك یه‌ك ڕه‌نگه ... باوه‌ڕ ناكه‌م. ده‌ڵێن ئه‌ستێره هه‌ر ئه‌ستێره‌یه... باوه‌ڕ ناكه‌م .
ده‌ڵێن خۆشه‌ویستی ده‌بێ ژانی زۆر بێ ... باوه‌ر ناكه‌م ....



September 11, 2002

بڕیارم دا قسه‌ت له‌گه‌ڵ بكه‌م. باسی شته زیندوو‌ه‌كان و ئه‌و شتانه‌ی قه‌ت نه‌هاتنه ئاراوه. بڕیارم دا قسه‌ت له‌گه‌ڵ بكه‌م بۆوه‌ی بزانم ئه‌گه‌ر شتێك ماوه بۆ ڕزگار كردن. بۆ دامه‌زراندن و داڕشتن.

بڕیارێك بوو. به‌ڵام هێزی وه‌ی له خۆم دا نابینم. ئه‌و ترس و نامۆییه‌ وه‌ها زاڵه به سه‌رما، ته‌نانه‌ت له ته‌نیاییه‌كانی خۆشما ناوێرم باسی هه‌ندێ شت بكه‌م.

ئێستا من وه‌ك خۆم نه‌ماوم. ئێستا زۆر شت وه‌ك خۆی نه‌ماوه، تۆش ! ئه‌و بۆشاییه هه‌ر دێت و گه‌وره‌تر ده‌بێته‌وه. ئه‌و مه‌ودایه هه‌ر دێت و زۆرتر ده‌بێت. قسه‌كان هه‌ر دێن و كه‌متر ده‌بنه‌وه. ڕه‌نگه‌كان ده‌گۆردرێن. من خۆم له‌ خۆمدا له شتێك گه‌رام، نه‌مدیته‌وه. هه‌ر ئه‌و شته‌ی تۆش قه‌ت نه‌تدامێ. نه‌تبوو تا بمده‌یه‌ی . باسی ون بوونی هه‌ستێك له نامۆیی نێوانمان دایه. حه‌ز ده‌كه‌م به خه‌تابارت نه‌زانم، حه‌ز ده‌كه‌م له بیر خۆم به‌رمه‌وه چۆن ڕووخام ، بۆ شته‌كان وایان لێ هات. ته‌نیا حه‌ز ده‌كه‌م سه‌ر له نوێ ده‌ست پێ بكه‌مه‌وه . به‌ڵام له جێیه‌كی تر. به جۆرێكی تر... له كاتێكی تر. من زۆر ماندووم . ماندووتر له‌وه‌م بتوانم بێ ده‌نگ دانیشم. ماندووتر له ‌وه‌م خۆم وه‌به‌ر چه‌قۆی ترس بخه‌م... یا نا، ماندوویی نییه. تووڕه‌ییه. تووڕه‌م. یان نا ... نازانم... هه‌ر دووكیان !!

لێكدانه‌وه‌كانم له‌وه‌ی ڕووی دا به هیچ ناگات. ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ نابینم . دڵی ڕۆیشتنم نییه ، به‌ڵام ده‌ڕۆم. مانه‌وه وه‌ك توانه‌وه وایه. من حه‌ز ناكه‌م بتوێمه‌وه. من حه‌ز ناكه‌م ون بم. من حه‌ز ناكه‌م "پێم وابێ" هه‌موو شتێك باشه ... چی بكه‌م، حه‌ز ناكه‌م. خۆش نییه له‌گه‌ڵ تۆ بوونم پڕ بێت له ته‌نیایی . خۆش نییه، بێ ده‌نگییه‌كان پڕ بن له ناباوه‌ڕی. خۆش نییه ته‌نیاییه‌كان پڕ بن له ته‌می بیره دڵته‌زێنه‌كان! خۆش نییه. خۆشه‌ویستی به نیوه‌ی دڵ ناكرێ. باوه‌ر و مه‌تمانه نابێ سێبه‌ری دوو دڵیان له سه‌ر بێت، نابێ !!

ئه‌وه‌ی تۆش به دوایا وێڵی، لای من ده‌ست ناكه‌وه . با نه‌پرسین بۆ، با نه‌چینه‌وه وێ. با نه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ خاڵی سه‌ره‌تا ... سه‌ره‌تای هێرشی سێبه‌ره‌كان. ئه‌و سێبه‌رانه‌ی دڵی منیان داگیر كرد. با نه‌گه‌رێینه‌وه بۆ سه‌ره‌تا، ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ی بوو به كۆتایی چیرۆكێكی ناته‌واو ... ‌

تۆش ماندووی ....





خودا، ئاسمان و زه‌وی، هه‌مووی له خه‌و دان! نه خشپه‌ی پێ، نه خشه‌ی گه‌ڵا، نه گۆرانی ڕێبوارێكی مه‌ست، نه باران، نه شنه‌یه‌كی ئارام.
نه ئه‌و، تا سه‌ر له سه‌ر شانی دانێم، نه‌ ئه‌م تا له بۆنی به‌رۆكی نوقم ببم و هێدی ببمه‌وه !

نه ده‌نگێك تا بیكه‌م به پرد، بۆ گه‌رانه‌وه‌م. نه ڕه‌نگێك تا بیكه‌م به ئاوێنه و ڕوخساری ون بوومی تێدا ببینمه‌وه.

نه‌ بابم تا ده‌ست به سه‌رما بێنێت و بڵێ؛ زۆری نه‌ماوه ڕۆژ بێته‌وه. چاو له سه‌ریه‌ك دانێ، خه‌و بتناته‌وه .
نه دایكم تا سه‌ر بكه‌مه شلكه‌ی ڕانی و گوێ بده‌مه چیرۆكی دڵی. نه ئه‌و، تا به بارانی وشه‌ی ته‌رم كات و هه‌ستی هه‌زار ساڵ مردووی ویستنم، له دڵا زیندوو كاته‌وه.

بۆ ئه‌وانی من خۆشیانم ده‌وێ، ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ، ئه‌وه‌نده دوورن... !! دوور! دوور وه‌ك ئه‌و كوڕه‌ی چاوه‌ڕوانی ماچی هه‌تاوه تا سه‌هۆڵبه‌ندانی دڵی دزراوی له بیر به‌رێته‌وه و بۆ من نایه‌ته ژوان ! دوور وه‌ك ته‌وارێكی به‌رزه‌ فڕ وا قه‌ت له نزمایی نانیشێت. دوور وه‌ك زه‌رده‌خه‌نه‌ی دایكم .


من ئه‌مشه‌و بیریانم كردووه !!



September 10, 2002

شپرزه‌یی


ئه‌و ڕۆژ‌ه‌ی ژوانمان هه‌یه،
هه‌رچی ده‌ستی بۆ ده‌به‌م :
پیاڵه‌ی چا، كتێب، قه‌ڵه‌م ....
هه‌مووی گوڵاو ده‌رده‌ده‌ن.

ئه‌و ڕۆژه‌ی ژوانمان هه‌یه،
هێشتا زووه و تۆ دووری،
ئه‌ندامه‌كانی له‌شم
نۆبه‌تبڕی لێك ده‌كه‌ن؛

چاو - ڕه‌زی له‌شت ده‌ڕنێ،
ده‌ست - به ده‌نگتا هه‌ڵده‌زنێ،
گوێ -- نوقمی بۆنت ده‌بێ و
مه‌ودای دوورتی ده‌پێوێ ...

بریا ده‌تزانی، گیانه،
ئه‌و ڕۆژه‌ی ژوانمان هه‌یه
چۆن سه‌رم لێ ده‌شێوێ !

په‌شێو



نه‌ناسراو ده‌ڵێت : " تو ماڵت( نوسه‌راوی 07) نێه باسی ماره‌یی ده‌كیی كچی؟! "

ده‌ڵێم؛ نا گیانه، ماره‌یی من ده‌مێكه دیاری كراوه.
نۆزده‌ونیو دانه له كتێبه پێرۆزه‌كه ، نۆزده‌ونیو دانه شاخه نه‌بات !

.... به‌لام كه‌س بۆی نادرێ !!



سیاوه‌ش كه‌سرایی ده‌ڵێت؛

" بۆ هه‌ندێ كه‌س ده‌ڵێی ، دونیا تێناپه‌رێ . ئه‌وانه ده‌ڵێی به قه‌راغ دونیا دا تێده‌په‌رن.‌"



ببووم به به‌رد تا ئه‌و هه‌موو ژانه نه‌مرووخێنێت . ببووم به گیانێكی بێ دڵ و بێ هه‌ست تا په‌نجه‌ی تیژی
خه‌فه‌ت بریندارم نه‌كات . ببووم به ڕۆحێكی سه‌رگه‌ردان له كۆڵانی كۆنه یادان، كۆتری كووژراوی بیری به باچووم ده‌لاوانده‌وه . ببووم به هه‌نیسكێك ،
هیچ سووچێك نه‌ده‌بوو به سییه‌كان، تێیدا بحه‌سێمه‌وه .
ببووم به دڵۆپه فرمێسكێك، به باڵای مێژووی ته‌مه‌نما شۆر ببوومه‌وه. هه‌ناسه‌ بووم گیرسانه‌وه‌م نه‌بوو .
ئێش بووم به درێژایی ژیان، ڕێگه‌ بووم بێ بڕانه‌وه .

هه‌موو شته‌كان له‌وێرا ده‌ستیان پێ كرد؛
بۆ له دایك بوونم شایی نه‌گیرا ، گوێزه‌بانه نه‌درا . گه‌وره‌ بوونمی كه‌س نه‌دیت. هاوارمی كه‌س نه‌بیست. ده‌نگم بوو به مۆری شه‌رم له ناوچاوانم درا. هه‌ستم بوو به داوێنی تیتۆڵ تیتۆڵ كراوی نامووس له به‌رما كرا. بووم به وێنه له چوارچێوه‌یه‌كی خۆڵاوی دا له یاد چوومه‌وه! بووم به من ....

منی ترسه‌نۆك ، منی بێ وێنه، منی له یادكراو . منی
له خۆم ماندوو، بێ ده‌نگ، بێ هاوار. منی بێ ڕه‌نگ !

خۆ ناسینم پڕ بوو له ژان. خۆ دیتنه‌وه‌م پڕ بوو له ترس!
فێری دیتن بووم ، وتیان بۆت نییه! هه‌ستم پێ كرد، وتیان مافیت نییه ! ده‌نگم ده‌ر هات، وتیان كه‌س ناتبیسێ. كه‌س به زمانی تۆ نادوێ ...

كه‌س؟ ته‌نانه‌ت " منه‌كانی" تریش؟



September 9, 2002

حه‌یفه بۆ په‌ڕپه‌ڕ كردن....



September 8, 2002

مامۆستا گووتی :

بابه لێمان گه‌ڕێن، كوا مۆدی ئه‌م قسانه ماوه؟
ئێستا ئیتر خه‌ڵكی به بیر و مێشكێكی ئاوه‌ڵاوا له شته‌كان ده‌ڕوانن . ئێستا ئیتر كه‌س بایخ به‌م شته قۆڕانه نادات.... خه‌ڵكی ئێستا مۆدێرنن !!
ماره‌یی چی، جیازی چی ... ئه‌و شتانه له مۆد كه‌وتوون، لێمان گه‌ڕێن با كچه‌ی هه‌ر له سه‌ر 19.5 مسقاڵ زێره‌كه ماره بكه‌ین ...

-- با بیكه‌ین به 20 مسقاڵ ....
-- نا... نا، بیكه‌ین به 20 ، زه‌كاتی دێته سه‌ر... لێی گه‌ڕێن !!!



September 7, 2002

له شاری من ئێستا؛
سوچێك هه‌یه هه‌ر هین منه. به‌ردێكی گه‌و‌ره‌یه. زۆر گه‌وره. زۆر شوێنی شكاوه. یه‌ك، دوو جێ له سه‌ریان نووسیوه. له سه‌ری كه داده‌نیشی ، تا چاو بڕ ده‌كات ئاوت لێ دیاره. ئاوێكی شین شین. له پشت سه‌رت ڕێگه‌یه‌كی باریكه خه‌لكی پێیدا دێن و ده‌رۆن. قه‌راغ ڕێگه‌كا، داری به‌رزی لێیه... زۆریان زۆربه‌ی كات سه‌وزن. له په‌نا به‌رده‌كه‌ی كه داده‌نیشی، سێبه‌رێكی فێنك له تیشكی گه‌رمی خۆر ده‌تپارێزێ. منیش ڕۆژێك شتێك له سه‌ر ئه‌و به‌رده‌ی خۆم ده‌نووسم ... ڕۆژێك!!

له شاری من ئێستا شوێنێك هه‌یه، ناومان ناوه
" جێیه‌كه‌ی خۆمان" ، زۆر جار من و ئه‌سرین له‌وێ دانیشتووین و لێوانه چاییه‌كه‌مان ورده ورده خواردۆته‌وه. له په‌نجه‌ره‌كه‌ی ڕا چاومان له هات و هه‌ڵاتی خه‌ڵكی كردووه . گوێمان بۆ قسه‌ی ‌دڵی یه‌ك ڕاگرتووه. گه‌وره‌ترین خه‌می دنیامان چاره‌ سه‌ر كردووه و دیسان باسی تاسه و تاسه و تاسه‌مان كردووه.


له شاری ئێستای من ئه‌گه‌ر‌چی نه دۆی ترش هه‌یه، نه به‌لالی كوڵاو. نه له قه‌راغ شه‌قامێكی جه‌رگی ده‌برژێنن، نه هیچ شوێنێكی بۆنی یاس و گوڵه
باخی لێ دێت.

لێره به‌ڵام ئه‌گه‌ دڵت گیرا و بێ تاقه‌ت بووی، ده‌توانی برۆی بۆ پیاسه كردن، كه‌س خۆ ماندوو ناكات پێی سه‌یر بێت. لێره ده‌توانی بگری، پێبكه‌نی ، هه‌ڵێی ، شێت بێ . لێره ده‌توانی خۆت بیت !


ئێستا بیر ده‌كه‌مه‌وه ماڵی من كوێیه ؟!
ئه‌وێ كه خه‌ڵكه‌كه‌ی به ڕواڵه‌ت به زمانی من ده‌دوێن و هێشتا له‌‌‌م تێناگه‌ن ... ئه‌وێ ، كه ئه‌و هه‌موو شته جوان و خۆشانه‌ی هه‌یه ، به‌ڵام هین من نین، بۆ من نین !! یان ئێره كه .....



له شاره‌كه‌ی خۆم جاران ،
زۆر شوێنمم پێ ده‌زانی. به زۆر جێیان دا تێپه‌ڕ ببووم.
ئه‌و ساتانه‌ی بیری خۆم ده‌كرد و حه‌زم له ‌نیایی بوو،
جێیه‌ك هه‌بوو بیرم لێ ده‌كرده‌وه و پێم خۆش بوو بچم ،
‌به‌ڵام قه‌ت نه‌چووم .

ده‌مزانی كام شه‌قام خۆشه بۆ پیاسه كردن، به‌ڵام قه‌ت نه‌چووم . ده‌مزانی كام شوێن پڕه له بۆنی گوڵی یاس و گوڵه باخ، ئه‌وێش نه‌چووم .
ده‌مزانی بۆ دیتنی گوڵه گه‌زیزه و گوڵه شللێره ده‌بێ بۆ كوێ بچی... ئه‌گه‌ر چی ئه‌وێش ......

شه‌قامی ناوه‌ندی شار دوو كتێبفرۆشی لێ بوو. قه‌ت وا نه‌بوو بچی به دڵی خۆت، چاو له دانه دانه‌ی كتێبه‌كان بكه‌ی. له پشت قه‌فه‌سه‌یه‌كی شووشه ڕا بۆت هه‌بوو بییان بیینی. بۆ هه‌ر كتێبێك ده‌با پرسیارت كردبا، ئه‌ویش نه‌ده‌كرا، دوای دوو... سێ جار پرسین كابرا ناوچاوانی لێ تێك ده‌نای. لێت ماندوو ده‌بوو . تۆش له ترسان (و له شه‌رمان) یان شتێكت هه‌ر ده‌كڕی ، یان پێش شكانی تاسه‌كه‌ت ده‌رۆیشتی !

یه‌ك دوو قه‌نادیشی لێ بوو، قه‌ت وا نه‌بوو بتوانی
بچی دانیشی، لێوانێك چای گه‌ڕم و یا... له‌گه‌ڵ
له‌تێك شیرنی ته‌ر!! وه‌رگری، دانیشی به كاوه‌خۆ چایه‌كه‌ت بخۆیه‌وه و له په‌نجه‌ره‌ی ڕا چاو له ده‌رێ بكه‌ی . له شوێنی وا تۆ قه‌ت ژنێكت نه ده‌دیت !

به‌زازییه‌كان به‌ڵام هه‌میشه پڕ بوون. زێڕینگه‌رییه‌كانیش . له‌م شوێنانه‌ تۆ به ده‌گمه‌ن پیاوت ده‌دیت .

له شاره‌كه‌ی خۆم جاران، به‌ڵام ده‌تزانی ئه‌گه‌ر ئیشتیای شه‌ربه‌تی مێوژ و دۆی ترشت كرد ، بۆ كوێ بچی. ده‌تزانی به‌لالی كووڵاو له كوێ هه‌یه . ده‌تزانی كام به‌سته‌نی (دۆندرمه)، كام پاڵووده خۆشتره. ده‌تزانی
كه‌باب و جه‌رگی برژاو له ........ بكری خۆشتره یان له ..... !! كه سواری تاكسی ده‌بووی ده‌تزانی ده‌كاته چه‌ند،، ده‌تزانی چه‌نده‌ت پێ ده‌چێ تا ده‌گه‌یه‌ی .
مینی بووسه‌كانی خه‌تی ناو شار، تاكسی ناره‌نجی و تاكسی ویژه ، تاكسی ئاژانس...

ئه‌رێ... له شاره‌كه‌ی خۆم جاران ئه‌وانه هه‌مووی هه‌بوون و من كه‌مترین بیره‌وه‌ریم لێیان هه‌یه. نه‌ قه‌ت جارێك چوومه قه‌راخ ئاوی ... به ته‌نیا تاوێكی دانیشم . نه‌ قه‌ت ته‌نیا جارێكی بۆ پیاسه كردن ، به شه‌قامی ... دا ڕۆیشتم. نه قه‌ت جارێكی له كتێبفرۆشی ..... به كه‌یفی دڵی خۆم چاوم له كتێبان كرد. نه‌ قه‌ت له قنادی ..... دانیشتم و له‌تێك شیرنی ته‌رم خوارد ....

ئه‌رێ له شاره‌كه‌ی خۆم جاران ئه‌وانه هه‌مووی هه‌بوون و هیچیان هین من نه‌بوون !!



كاتی بڕیاردانه ؟ بڕیار ...؟!! دیسان هه‌نگاو... هه‌نگاو !
بۆ دوور بوونه‌وه‌ له خۆم ؟ دوور بوونه‌وه‌ له له‌گه‌ڵ خۆما بوون؟ یان به خۆم گه‌یشتن؟ هه‌نگاو... هه‌نگاو ...

به‌ڵام تا كه‌ی ؟ بۆ كام لا ؟

پڕ‌كردنه‌وه‌ی باوه‌شی به‌تاڵ؟ شه‌وی خه‌یاڵ ؟ بڕیاری دیتن...؟ دیتن؟؟ نا دیتنه‌وه. نا... دیتن، نا.... نازانم !!!
دیتن یانی سه‌ره‌تا؟ یانی ده‌ست پێ كردنێكی دووباره؟
یانی دۆزینه‌وه‌ی وڵامه‌كان؟ یان زیندوو بوونه‌وه‌ی پرسیاره له‌بیر چووه‌كان؟

نه‌ به‌هانه‌یه‌ك بۆ مانه‌وه... نه هیوایه‌ك بۆ ڕۆیشتن !
كاتی بڕیاردانه... !!!



September 6, 2002

ئه‌من ئاوا ده‌ڵێم، ئه‌و ده‌ڵێی هه‌ناسه‌یه له سییه‌كانا ده‌گه‌رێ. نایبینی و ده‌زانی هه‌یه ...

نه‌بوونی وه‌ك نه‌مانی ئه‌م هه‌ناسه‌یه وایه !



له مێترۆ (subway ) چاوه‌ڕێ بووم، زۆری مابوو قه‌تار بێت. بۆیه وردتر له جاران ، كه هه‌میشه لێم ده‌بێته په‌له په‌ل و پێ ڕاناگام هیچ ببینم، چاوم له دار و دیواری ده‌ور و به‌رم كرد. ڕه‌نگی دیواره‌كان سه‌وز بوون. سه‌وزی كاڵ . به‌ ڕه‌نگی سپی له سه‌ر به‌شێكی زۆری دیواره‌كان وێنه‌یان كێشابۆوه ... جه‌ند دانه گوڵ و چه‌ندانه منداڵ و چه‌ند ماڵ كه له دووره‌وه دیار بوون ... له گۆشه‌یه‌كیش باڵنده‌یه‌كم دیت . ته‌نیا یه‌ك باڵنده . ده‌ڵێی له حاڵی فڕین دایه ...

نا... فڕین نییه... ده‌ڵێی باڵی بریندار بووه و ناتوانێ چی دی له شه‌قه‌ی باڵی بدات و خۆ له‌و سه‌رانه ڕابگرێت. لێی كه ورد ده‌بوویه‌وه ، دنیایه‌ك ترس و ئێشت ده‌توانی ببینی . ڕاست له به‌ر ده‌م توونێله‌كه‌ش وێنه‌ی ئه‌م باڵنده‌یه كێشراوه‌ته‌وه ... ده‌ڵێی هه‌موو جارێ كه توونێل زار ده‌كاته‌وه و قه‌تاره‌كه وه‌ك مار له جه‌رگی تاریكی ده‌خوشێته ده‌ر، ئه‌و باڵنده‌یه سه‌ر له نوێ بریندار ده‌بێته‌وه ....

زۆرم پێ خۆش بوو وێنه‌كه‌ی پاك كه‌مه‌وه، با چیتر نه‌ترسێت ...



September 5, 2002

بۆ تا باسی تۆیه ، باران ده‌‌بارێ ... ؟






دوایی لێكدانه‌وه‌یه‌كی زۆر، ئه‌مرۆ ڕاگه‌یاندرا به‌ڵگه له سه‌ر تاوانبار بوونی بابی ئه‌سرین زۆرتر بووه . به‌ڵام بۆ
لێكۆڵینه‌وه‌ی زۆرتر داوا كرا دادگایی "بڵند ماسیفی" بۆ ماوه‌ی 2 حه‌فته، واته تا 20 ی مانگ وه‌دوا بخسترێ .

ئه‌م دادگاییه قه‌رار وابوو به‌یانی، هه‌ینی 6 ی مانگ ده‌ست پێبكات !



چاو له سه‌ ریه‌ك كه داده‌نێم، ده‌تبینم. ده‌تبیسم . هه‌ستیت پێ ده‌كه‌م . گه‌رمای هه‌ناسه‌كانت ، بۆنی سینگت، له‌رزی ده‌ستت له ناو په‌نجه‌كانما... جریوه‌ی ئه‌ستێره‌ی چاوت، بارانی نه‌رمی وشه‌كانت ته‌رم ده‌كات ...

چاو كه هه‌ڵدێنم، سێبه‌رێكی ! دووری... نامۆی ... ده‌ڵێی
بیرێكی ئاواره‌ی له كۆڵانی خه‌وه‌كانی منا هێڵانه‌ت چێ كردووه... ده‌ڵێی ڕێبوارێكی ته‌نیای، ڕێت لێ ون بووه!

ئێستا نازانم ، بێمه جێ ژوان و له ژێر بارانی وشه‌كانت دا تۆزی ته‌نیایی بشۆمه‌وه، یان خۆم بسپێرمه‌ ده‌ست نامۆیی و ون ببمه‌وه ....



September 4, 2002

حه‌ز ده‌كه‌م خه‌و به باڵنده‌ دوور فڕیوه‌كان ببینم تا ڕێی گه‌رانه‌وه‌یان پێ نیشان ده‌م... حه‌ز ده‌كه‌م تۆزی ترس بده‌مه ده‌ستی با، تا له‌گه‌ڵ خۆی بیبا بۆ كۆتاییه‌كان ... حه‌ز ده‌كه‌م چاوی ئاسمان پڕ كه‌م له فڕین و بێ ده‌نگی پڕ كه‌م له ده‌نگی شه‌قه‌ی باڵ ... له پێ گه‌یشتن ، له نه‌ترسان ، له زه‌رده خه‌نه‌... له ماچ ، له ئامێز ...له یه‌ك گرتنه‌وه ...

خه‌ونه ...؟



گوتن و گوتن و گوتنه‌وه ...
هه‌موو شته‌كان وه‌ك خۆیان ماونه‌وه . بۆ ماوه‌یه‌كه گوتن، نووسین، هاوار كردن چ، له باری دڵ ‌كه‌م ناكاته‌وه‌؟ بۆ ده‌مێكه وشه‌كان هیچ ناخوڵقێنن و ئاگر ناكه‌نه‌وه؟ بۆ ئیتر هیچ كه‌س بۆنی بارانی لێ نایه‌ت؟

دیتن... له ژێر باران هه‌ست پێ كردن! ده‌ست گرتن... له ژێرباران ون بوون !

من حه‌ز ده‌كه‌م چیرۆكی ئه‌مشه‌و له‌گه‌ڵ كه‌سێك به‌ش كه‌م ....



كه شه‌و هات و تۆ نه‌هاتی
هه‌موو گرێی ئه‌م دنیایه
كه‌وتنه سه‌ر
نێوچاوانی ئاسمانی گوند.

هاتنی تۆ و بۆنی باران وه‌كو یه‌ك بوون .



September 3, 2002

له‌گه‌ڵ چه‌ند دانه له هاورێیه‌كانم، له گۆشه‌یه‌كی دانیشتبووین و قسه‌مان ده‌كرد. باسه‌كه وه‌ك زۆربه‌ی جاران له سیاسه‌ت ڕا ده‌ستی پێ كرد و ده‌ورێكی گه‌وره‌ی كوردستان و دنیای لێدا و تا وه‌خۆ هاتینه‌وه ، دیمان باسی خۆشه‌ویستی ده‌كه‌ین ... دیسان !!

نازانم حیكمه‌تی وه‌ی چییه، ئێمه له هه‌ر كوێرا ده‌ست پێ بكه‌ین و له هه‌ر شتێك را ده‌ست پێ بكه‌ین، هه‌ر ده‌گه‌ینه‌وه سه‌ر باسی خۆشه‌ویستی و ئه‌وین . بیرم ده‌كرده‌وه باشه بۆ ... ( پێم وایه دیسان به ده‌نگی به‌رز بیرم كردۆته‌وه) ، یه‌كیان ده‌ڵێ : به خۆمانه‌وه‌ نه‌دیتۆ بۆیه ! ئه‌وه‌ی تر ده‌ڵێ : ڕه‌نگبێ هێشتا لێی حاڵی نین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه پێ بگه‌ین، تێبگه‌ین ...

یه‌كی دییان ده‌ڵێ : ئه‌رێ، خۆشه‌ویستی بۆ من هه‌میشه پرسیارێكی گه‌وره بۆت ... به‌ڵام ( به‌ڵامه‌كه‌ی سره‌نجی هه‌موومانی ڕاكێشا) ، به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ی Fromm ده‌ڵێ ، ‌فاكته‌رێكی گرینگ هه‌یه، ئێمه له خۆشه‌ویستی دوو ئینسانا، له بیری ده‌كه‌ین، ئه‌‌ویش وره‌یه ( will, determination, resolution) . خۆشویستنی كه‌سێك ته‌نیا ناتوانێ هه‌ستێكی توند و تۆفانی بێت. خۆشویستن بریارێكه ، جۆرێك داوه‌ری كردنه ، به‌ڵێنییه ! ده‌ێ خۆ ئه‌گه‌ خۆشویستن هه‌ستێك بایه و هیچی تر، قه‌ت ناتوانی به‌ڵێنی به كه‌س بده‌ی له خۆشه‌ویستی خۆت دا پایدار ده‌مێنێوه! هه‌ست دێت و له وانه‌یه له ناو بچێت. كه كرده‌وه له‌گه‌ڵ داوه‌ری و هه‌ڵبژاردن و بریار له په‌یوه‌ندی دانه‌بێ ، چۆن ده‌توانین سه‌باره‌ت به مانه‌وه و پایدار بوونیی قه‌زاوه‌ت بكه‌ین و به‌ڵێنی بده‌ین .....



ئه‌مرۆش "دیسان" وه‌بیر قسه‌كانی ئه‌و هاورێیه‌م كه‌وتوومه‌ته‌وه ... مه‌پرسن بۆ !!!!



ئه‌گه‌ر تۆ بێیت
ته‌نیاییم
له به‌ر ئه‌م - با- یه، هه‌ڵده‌خه‌م:
دڵم ده‌ڵێ.

ئه‌گه‌ر نه‌ێیت
یاده‌كانی ئه‌م قه‌ره‌جه لوول ده‌ده‌م و
له نێو گه‌ردا
نوقمی ده‌كه‌م:
- با- واده‌ڵێ.

منیش سه‌یری وێنه‌ت ده‌كه‌م،
تۆ چی ده‌ڵێیت ؟



هه‌ستی حه‌رام !!

نازانم ئینسان له چ ته‌مه‌نێك را ده‌ست به بیر كردنه‌وه له سه‌ر هه‌ستی ده‌روونی و فیزیكی ده‌كات ، نازانم كه چ عه‌رز كه‌م ، پێم وایه بۆ هه‌ر كه‌س له بۆارێكی تایبه‌تی زه‌مه‌نی را ده‌ست هه‌ر پێ ده‌كات =)


سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر كوڕان باو خۆشترن سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی سێكس و په‌یوه‌ندی نێوان دوو ئینسان . بۆ كچان به وشه‌ی عه‌یبه و ئابرومان ده‌به‌ی ده‌ست پێده‌كات و هه‌ر واش درێژه‌ په‌یدا ده‌كات . كوڕ كه ژن دێنێت لانی كه‌م ئه‌گه‌ر ئه‌زمۆنیشی نه‌بێت، له فیلم و میلمان دا دیتوویه‌تی و ده‌زانێ چی به چییه ! كه‌چی كچی مه‌زڵووم شه‌وی پێش بووكێنی ده‌یبه‌ن دایده‌نێن و پێی ده‌ڵێن : خۆت بۆ ئێشێكی سه‌یر ئاماده‌ بكه ، وه‌ك داكووتینی بزمار له دیواری بێتۆن وایه !!!! ده‌بێ خوێن ببینی، ده‌نا به‌ختی خۆت و تایفه‌ت له قووڕ ناوه.

له وانه‌ش خراپتر ، چاوه‌رێ بوونی به‌ربووك و جه‌ماعه‌تێكی زۆر له پشت ده‌رگایه . وه‌ك میر غه‌زه‌ب له سه‌رت وه‌ستاون و ناهێڵن بووك و زاوا، نه‌فه‌سێك به ڕاحه‌تی بكێش.

شه‌وی یه‌كه‌م یا با ‌بڵێین جاری یه‌كه‌می سێكس ده‌بێ زۆر تایبه‌ت بێت. هه‌ر ئه‌وه ده‌بێت به بناغه‌ی ڕوانینی داهاتووی ئینسان به سێكس و شێوه‌ی بوونی له‌گه‌ڵ هاورێی ژیانی.

دوو نموونه‌تان بۆ دێنمه‌وه : (هه‌ر دووكیان له ڕاستی دا ڕوویان داوه) ؛
یه‌كه‌م : ساعه‌ت 11ی شه‌و بوو، من و س... چووینه ئه‌و ژووره‌ی بۆ بووك و زاوایان ته‌رخان كردبوو. من زۆرم شه‌رم ده‌كرد. ده‌ترسام . بیرم له‌و ژانه‌ی ده‌كرده‌وه بۆیان باس كردبووم. بیرم له‌وه‌ی ده‌كرده‌وه ده‌بێ ڕووت بمه‌وه و س... به‌ ڕووتی ده‌مبینێ... ته‌واوی گیانم له شه‌رم و ترس ده‌له‌رزا... چووم له سه‌ر لێواری ته‌خته‌كه‌ دانیشتم. مۆسیقایه‌كی ئارامی دانا، كه‌مێكی ئاو بۆ هێنام و له په‌نام دانیشت . ده‌ستی گرتم ، بۆنی به قژمه‌وه كرد . به ئارامی پێی گووتم : بیری لێ مه‌كه‌وه . ئه‌گه‌ حه‌ز بكه‌ی ئه‌مشه‌و هه‌ر داده‌نیشین قسه‌ ده‌كه‌ین... په‌له‌مان چییه ... (بزه‌م هاتێ)
تا 3 ی به‌یانی دانیشتین قسه‌مان كرد ، هه‌ستێكی خۆش بوو . شه‌رمم شكا بوو. هه‌ستم به ئارامی ده‌كرد. باوه‌شیم پێ خۆش بوو ....
ئستاش كه ده‌ستم ده‌گرێت و له باوه‌شم ده‌كات هه‌ر ئه‌و هه‌سته خۆشه‌ی شه‌وی یه‌كه‌مم بۆ زیندوو ده‌بێته‌وه .

-------------------

دووهه‌م : هه‌ر سه‌ری شه‌وێ بوو كه گووتیان با بووك و زاوا برۆنه دیوی خۆیان...، خه‌ڵكێكی زۆری لێ مابوو. ده‌نگی گۆرانی و هه‌رای خه‌ڵكی،، ده‌نگی پێ كووتانی گه‌ڕی شایی و گریانی منداڵان و...،
هه‌ر من و ئه‌‌و بووین . كه ویستم دانیشم، (ئه‌ژنۆم ده‌ڵه‌رزا) گووتی؛ جله‌كانت داكه‌نێ ... دڵم داكه‌وت...
گووتی : ببووره، ئه‌وانه په‌له‌مان لێ ده‌كه‌ن، ناچارین زوو بین !!!! گریام.. فرمێسكم وشك نه‌ده‌بوو . حه‌زم ده‌كرد هه‌ڵێم و له ماڵه‌ی دا نه‌مێنم. هات بۆ لام. له‌لام ڕاكشا، هه‌ستم به ساردییه‌كی سه‌یر كرد. ده‌له‌رزام ... پێم خۆش بوو پێی بڵێم ، تكایه كه‌مێك له باوه‌شم كه گه‌رم ببمه‌وه ، شه‌رمم كرد...
ژانی ئه‌وی شه‌وێم قه‌ت له بیر ناچێ. گه‌زێك مه‌رمه‌شای سپیان له سه‌ر جێیه‌كه‌مان راخستبوو . بردیان... چه‌پڵه‌ ڕێزان كه ئه‌ی كوڕه‌كه‌مان بوو به زاوا... كه‌ ئه‌ی كچه‌كه‌مان ڕووی سپی كردین ...

ئێستاش كه وه‌بیرم دێته‌وه، هه‌ست به ژان و شه‌رمی ئه‌وی شه‌وێ ده‌كه‌م...



September 2, 2002

له چوارچێوه‌ی ته‌ڕی په‌نجه‌ره‌كه‌م را وێنه‌ی شه‌و ده‌بینم. باران ده‌بارێ ؟؟ ده‌بێ ده‌نگی په‌نجه‌ی باران بێت، به سه‌ر شووشه‌كانا ده‌خشێت و به، به‌‌ژنی تاریكی دا شۆڕ ده‌بێته‌وه... هه‌موو جێیه‌كی ئه‌و ماڵه‌ی من بۆنی بارانی لێ دێت ...

نه‌ یه‌ك ئه‌ستێره دیاره، نه ده‌‌نگێك له‌و دوورانه دێت، نه ده‌ستێك سه‌رمای ده‌ستت له یاد ده‌باته‌وه، نه ئامێزێك تا خۆت له ته‌نیایی بشارێوه‌.



هه‌ر بارانه، ئه‌ویش جێ پێی خه‌و له چاوی من ده‌شواته‌وه .



نا، باوه‌ڕ ناكه‌م ... مردنی تۆ باوه‌ڕ ناكه‌م . تۆ سه‌وزی . تۆ هێشتاش سه‌وزی... ڕیشه‌ت له خاكی دڵی من دایه ...



September 1, 2002

ببووره ...

شتێك گۆڕدراوه. شتێك له نێوان من و تۆدا وه‌ك خۆی نه‌ماوه. ده‌ڵێی شتێك كه‌مه ، بۆشاییه‌ك كه به هیچ پڕ‌نابێته‌وه . كه ناتبینم بیرت ده‌كه‌م ، تاسه‌ی له لا بوونت سێبه‌ری ته‌مێك ده‌خاته دڵمه‌وه . كه له لاتم ترسێكی ناخۆش دامده‌گرێ . هه‌ست به نامۆیی ده‌كه‌م له‌گه‌ڵت . قسه‌م بۆ نایه . ده‌ترسم دیسان دڵم بشكێنی . ده‌ترسم دیسان هه‌ستم بریندار كه‌ی ، ده‌ترسم دیسان
قه‌ڵای باوه‌رم بروخێت... یان بیڕوخێنی ... نازانم !!

تاسه‌ی دیتنت و خه‌می دووریت خۆشتره له ترسی بریندار بوونه‌وه ...

ببووره ، شتێك گۆڕدڕاوه . كه‌مترم خۆش ناوێی. له‌وه‌ی ناترسم كه كه‌مترم خۆش ده‌وێی ، به‌ڵام ... چی بكه‌م ، هه‌ر ئه‌وه به‌س نییه ...! خۆشه‌ویستی به ته‌نیا بۆ من به‌س نییه !!

شتێك.... شتێكی زۆرترم ده‌وێ !




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------