December 31, 2002
ده‌مویست بڵێم ده‌ست له من هه‌ڵگره ، من زۆر ماندووتر له‌وه‌م تاقه‌تی هاورێیی هه‌نگاوه‌كانی تۆم بێت. ده‌مویست بڵێم ده‌ست له من هه‌ڵگره ، من زۆر دوورتر له‌وه‌م كه ده‌نگم پێت بگات ... ویستم بڵێم بڕۆ، هه‌ستم ئه‌وه‌نده برینداره ته‌نانه‌ت لاواندنه‌وه‌كانی سه‌ر په‌نجه‌ی مێهره‌بانت ، برینه‌کانم ده‌كولێنێته‌وه ... ویستم بڵێم برۆ ، ئاسمانه بێ ئه‌ستێره‌كه‌ی من شه‌وه‌زه‌نگه‌كانی تۆ ڕوون ناكاته‌وه . ویستم بڵێم بڕۆ ، ته‌نیاییه‌كانی من تۆش ده‌توێنێته‌وه . ویستم بڵێم من ده‌ڕۆم تا ده‌گه‌ڵ كۆتاییه‌كان، تا ده‌گه‌ڵ نه‌گه‌رانه‌وه‌كان تێكه‌ڵ بم ... ویستم .... به‌ڵام دڵــــــــــــم نه‌هات ....! كه‌مێكی تر چاوه‌ڕێم بمێنه‌وه ...........
December 29, 2002
وانه‌ی ئه‌مڕۆ سیاسه‌ت : سوسیالیزم : دوو مانگاتان هه‌یه. یه‌كی ڕاده‌گرن، یه‌كی ده‌ده‌ن به هاوسێكه‌تان ! كمۆنیزم : دوو مانگاتان هه‌یه. ده‌وڵه‌ت هه‌ر دووكتان لێده‌ستێنێت تا شیره‌كه‌ی له نێوان ئێوه و هاوسێكه‌تان دابه‌ش بكات ! فاشیزم: دوومانگاتان هه‌یه. شیره‌كه‌ی ده‌ده‌ن به ده‌وڵه‌ت ، ده‌وڵه‌ت شیره‌كه‌تان پێده‌فرۆشێته‌وه ! كاپیتالیزم: دوو مانگاتان هه‌یه. هه‌ر دووكیان ده‌دۆشن، شیره‌كه‌ی ده‌ڕێژن بۆ وه‌ی قه‌یمه‌تی شیر له سه‌رێ بمێنێته‌وه! نازیسم : دوو مانگاتان هه‌یه. ده‌وڵه‌ت ته‌قه‌تان لێده‌كات و هه‌ر دوو مانگای بۆ خۆی هه‌ڵده‌گرێت! ئانارشیزم : دوو مانگاتان هه‌یه. مانگاكان ئێوه ده‌كووژن و یه‌كتر ده‌دۆشن ! ئاپارتاید : دوو مانگاتان هه‌یه. شیری مانگا ڕه‌شه‌كه‌ی ده‌دۆشن و ده‌یده‌ن به مانگا سپییه‌كه. مانگا سپییه‌كه نادۆشن ! ئیده‌ئالیزم: دوو مانگاتان هه‌یه. زه‌ماوه‌ند ده‌كه‌ن. ژنه‌كه‌تان مانگاكه‌ی ده‌دۆشێت . ڕیئالیزم : دوو مانگاتان هه‌یه. زه‌ماوه‌ند ده‌كه‌ن به‌ڵام هه‌ر خۆتان ده‌یاندۆشن ! فێمێنیزم : دوو مانگاتان هه‌یه. حه‌قتان نییه مێیه‌كه‌ی بدۆشن ! لیبێرالیزم : دوو مانگاتان هه‌یه. به‌ڵام نایاندۆشن، چونكه ئازادییه‌كه‌یان پێشل ده‌بێت ! دێمۆكراسی : دوو مانگاتان هه‌یه. هه‌ڵبژاردنێك ده‌كردرێت. هاوسێكان ده‌نگ ده‌ده‌ن كه ئایا مانگاكان بدۆشرێن یا نا ... سكۆلاریزم : دوو مانگاتان هه‌یه، كه وابوو پێویستییه‌كتان به خودا نییه !
December 26, 2002
هه‌میشه وایه په‌شیمانین له نه‌گوتنی قسه‌یه‌ك كه ده‌با گوترابا .... ئێستا به‌ڵام په‌شیمانم، په‌شیمانم ، په‌شیمانم له گوتنی قسه‌یه‌ك كه نه‌ده‌با گوتبام و گوتم .... - - - - - - - - - - - - - - ڕۆژێكی سارد، ژوورێكی پر له بێ ده‌نگی و ، بێ ده‌نگی مینا دڵی من، په‌له قاژه‌ی هاوارێكی سه‌ر بڕاو !
December 25, 2002
زۆر بێتاقه‌تم . چه‌ند ڕۆژێكه بێتاقه‌تم ، به‌ڵام سه‌یره دوای چه‌ند ته‌وس و لاتاوێك كه پێیان دادم وه‌ك شتێك ئیتر نه‌موێرا هیچ بنووسم، باسی خۆم مه‌به‌ستمه ... چوومه هه‌ر جێیه‌ك لاتاوێكی تێدا بوو، تاقه‌تم چوو . بێزار بووم له نووسینی خۆم بۆ خۆم.... به‌ڵام وه‌بیرم هاته‌وه من ئه‌گه ده‌نووسم بۆ دڵی خۆمه، دڵی منیش دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه دووری و ته‌نیایی و به‌سه‌رهات ئه‌و شته‌یه كه هه‌یه ، ئیتر خۆ ناتوانم بۆ ڕازی كردنی دڵی كه‌سێك كه به هه‌ڵكه‌وت دێت ئێره ده‌خوێنێته‌وه من خۆم سانسوور بكه‌م ... هه‌موو باسی ئازادی نووسین له وێبڵاگ و ته‌مرینی دێمۆكراسی و ئازادی به‌یان و خۆ بوون و مڵكی تاكه‌كه‌س ده‌كه‌ین ، ئی نازانم گوتنی : هه‌میشه ده‌ناڵێ ، قسه‌كان دووپاته كردنه‌وه‌ن و ناهۆمێد و ڕه‌شبینی ... چ پێویسته ؟ نازانم، به‌ڕاست بیری خۆمم كردووه ... حه‌ز ناكه‌م له ترسی ته‌شه‌ر و لاتاوان له خۆم دوور كه‌ومه‌وه ....
December 22, 2002
وڵام .... له یه‌كێك له فیلمه‌كانی " تاركوفسكی" ( وه‌بیرم نایه كامیان)، كه‌سێك دڵۆپێك ئاو له ناو له‌پی ده‌ستی ده‌كات و دڵۆپێكی تریشی به سه‌ر داده‌كات ، دڵۆپێكی گه‌وره‌تر ساز ده‌بێت . ده‌ڵێت : ده‌بینی 1+1 هه‌میشه ناكات به 2 ... ئێستا بوون به یه‌ك ....
December 21, 2002
ئه‌مشه‌و شه‌وی یه‌لدایه ... درێژترین و ڕه‌شترین شه‌وی ساڵ ... شه‌وی شووتی و هه‌نار ... شه‌وی فندق و پسته و بادام ... له هه‌مووی خۆشتر شه‌وی پێكه‌وه بوون و له ده‌وری یه‌ك كۆ بوونه‌وه .... من كه ئه‌مشه‌ویش ته‌نیام ... هیوادارم ئێوه ده‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی وا خۆشتان ده‌وێ به‌یه‌كه‌وه بن .... ئه‌مڕۆ له‌م ڕۆژانه‌یه ده‌ڵێم بریا كه‌س ئه‌م قسانه‌ی منی نه‌دیبا و نه‌یخوێندباوه ، زۆر منداڵانه ده‌نوێنێ، به‌ڵام ناتوانم له ناو دڵما ڕایگرم زۆرم ئازار ده‌دات ....... دڵم سه‌یر گیراوه! ئه‌و چه‌ند ڕۆژه ( له ئێواره‌ی ڕۆژی پێنج شه‌مه‌وه) چاوه‌روانی ته‌له‌فوونێك بووم كه بۆم لێنه‌درا !! دڵنیا بووم ته‌له‌فوون ده‌كات . دڵنیا بووم یه‌كه‌م كه‌س ده‌بێت كه ڕۆژی من پیرۆژبایی ده‌ڵێت. دڵنیا بووم لێم ده‌پرسێ چی ده‌كه‌م و به‌رنامه‌م چییه ... دڵنیا بووم هه‌ستی نه‌گۆڕدراوه ... هه‌رچی كات زۆرتر تێده‌په‌ری بێقه‌راری منیش زۆرتر ده‌بوو، هه‌رچی كات زۆرتر تێده‌په‌ری له دڵنیایی من كه‌متر ده‌بووه و سه‌رم زۆرتر لێده‌شێوا ... نه‌مده‌زانی، نازانم بۆ ده‌بایه من ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌م هه‌با ... ئێستاش حاڵی نه‌بووم بۆ من ئه‌وه‌نده دڵنیا بووم كه تـــــۆ ته‌له‌فوون ده‌كه‌ی، كه ئێمه یه‌ك ده‌بینین ، نازانم بۆ پێم وابوو شته‌كه جیاواز له‌م جۆره‌ی كه تۆ كردت ، ده‌بێ ... زۆر دڵم گیرا ... له تۆ دڵگیر بووم، كه بۆ وه‌ك بێگانه‌یه‌ك ، كه چۆن ئاوا سارد هه‌واڵێك ده‌نێری و ون ده‌بی ... كه بۆ ده‌نگت نابێ ... كه بۆ شته‌كان ئاوایان لێهاتووه ... به‌ڵام ئێستا له خۆم دڵگیرم كه بۆ چاوه‌ڕوانیم هه‌بوو ... تۆ حه‌قی خۆته ئاوا بی ... تۆ حه‌قی خۆته سارد بی ، ته‌نانه‌ت حه‌قی خۆت بوو ئه‌گه ئه‌م هه‌واڵه‌شت نه‌ناردبا ... من حه‌قی گله‌ییم نه‌بوو ، نیمه .... ده‌زانم نابێ دڵگیر بم ، ئێستا ده‌زانم نابێ چاوه‌روانی هیچم هه‌بێ ... به‌ڵام نازانم بۆ هه‌مبوو ... ده‌زانم نابێ به‌ڵام هه‌مه..... داوای لێبووردنت لێده‌كه‌م ... ده‌زانم ئێستا زۆر دڵته‌نگی، ده‌زانم دڵته‌نگی بۆ خه‌ونه ونبووه‌كان . ده‌زانم ماندووی له دووری ، بێزاری له بێده‌نگی ... ده‌زانم ! ببووره ، من ناتوانم هیچ بكه‌م ، ڕێگه‌یه‌كه خۆت ده‌بێ به ته‌نیا بیبڕی ... تا به خۆت نه‌گه‌ی، خه‌ونه‌كانت ناگه‌رێنه‌وه و ئه‌و بێده‌نگییه به ترسه ناشكێت ... من هیچم پێناكرێت جگه له چاوه‌ڕوان بوون .... !!
December 20, 2002
زۆر ساڵ له‌مه‌و پێش له ڕۆژێكی ئاوادا له دایك بووم. بابم له بیری نه‌ماوه ڕۆژ بوو یان شه‌و . دایكم ده‌یگووت ده‌مه‌و ئێواره بوو . خوشكه‌كه‌م به‌ڵام ده‌ڵێ جوان له بیرم دێ ، جه‌نگه‌ی نان خواردنی نیوه‌رۆیه بوو ، باران ده‌باری . دایكم ژان دایگرت و من نه‌چوومه‌وه مه‌دره‌سه‌ی ، هه‌ر بۆیه‌ش خۆشم ویستی .... له‌وانه‌شه زۆر گرینگ نه‌بێ شه‌و بوو یان ڕۆژ ... سه‌ر له به‌یانی بوو یان ده‌مه‌و ئێواره . گرینگ ئه‌وه‌یه من له دایك بووم . گرینگ ئه‌وه‌یه دنیا به منه‌وه خۆشتره ... لانی كه‌م بۆ من !!!! نا، ڕۆژی له دایك بوونم جێژن ناگرم ، به‌ڵام كۆمه‌ڵێ دۆست و هاورێ، هه‌میشه من و ئه‌و ڕۆژه خۆشه‌یان له بیره ... ئه‌مسال ، یه‌كه‌م كه‌س كه زۆریش دووره ، به قابێك دۆڵمه و دیاری تر پێرۆژبایی لێكردم. وه‌ك نه‌دیو و بدییان دانیشتم گواره‌كانم له گوێم كرد و دۆڵمه‌كه‌م خوارد و وێنه هونه‌رییه‌كه‌شتم له سه‌ر مێزه‌كه‌م له پێش چاوان دانا... گوڵترین گوڵ سوپاس ! كازێوه‌ش ته‌له‌فونی كرد پیرۆزباییم لێبكات، ئه‌وه‌نده‌ی غه‌یبه‌تی ئه‌وانی تر كرد، له بیری چووه بۆ ته‌له‌فوونی كردووه ، دوایی ئیمه‌یلێكی نارد : By the way congratulations زانـــا و ئارامی دڵان و مێلۆدی و لۆركێ و زرێبار ، سوپاسی زۆر زۆر بۆ SMS و e-mail و تله‌فوونه‌كانتان . له یه‌كێكیم بیست وتی پێویستم به كه‌سێكه بێت پێم‌دا هه‌ڵبڵێت ... منیش !!! قه‌ی ناكا بڵێم :پیرۆزم بێت ؟
December 18, 2002
دڵی تێقوپاو : به‌یانی زوو بوو ، زۆر زوو. زۆریش سارد بوو . برایه‌كه‌م ده‌چوو بۆ سه‌ردانی پیرێژنێكی خێر نه‌دیو . منیش كه شێت و شه‌یدای پیرێژنانم به‌زمم گرت هه‌ر ده‌بێ بێم ... وه‌دووی كه‌وتم ، بۆ وه‌ی زۆرم بۆڵه بۆڵ له سه‌ر نه‌كات جانتایه‌كه‌م بۆ هه‌ڵگرت ... نازانن چه‌ند خۆش بوو ، پێرێژنه‌كه له كۆڵم نه‌ده‌بووه هه‌ر ده‌یگوت : ئه‌و دوختوره قۆزه كێیه ... ئه‌گه ده‌مزانی دوختوری ئاوا قۆز هه‌یه زووتر نه‌خۆش ده‌كه‌وتم .... هه‌ر به كاكم گوت : كاكه ، توخوا .... زووكه سنگی بپشكنه ، تا من لێره‌م ... زووكه ، زووكه .... كاكم گوتی : ئه‌گه ڕوحم به خۆت ناكه‌ی، ڕوحمێك به دڵی ناسكی ئه‌و پیرێژنه بكه .... هه‌ڵێ، بچوو ده‌رێ ، تا خۆی ڕووت ده‌كاته‌وه ، با هه‌ر من به ته‌نیا بیپشكنم !!! منیش به ناوچاوان تاڵی له ژوور چوومه ده‌ر و له كوونێكرا چاوم لێده‌كردن ..... داشقه‌ی ته‌گه‌ر شكاو : ئه‌مڕۆ به‌یانی پێش چوونم بۆ سه‌ر كار، له پێش ئاوێنه ڕاوه‌ستابووم سه‌یری سه‌ر و كاكۆڵی خۆم ده‌كرد و دیم .... خۆ كاكۆڵم هیچی نه‌ماوه، (كاكۆڵیش كاكۆڵی جاران ) .... زۆرم بیر لێكرده‌وه ، نه‌مزانی كه‌ی و چۆن تووكی سه‌رم وه‌ریوه و ئه‌وها ڕووتاوه‌ته‌وه . ده‌مگوت ماوه‌یه‌كه زیاتر له جاران هه‌ست به سه‌رمای زستان و بای به‌یانییان ده‌كه‌م ... مه‌ڵێ له به‌ر تاسی سه‌رم بووه ... به خۆم گوت : بریا زووتر ژنم هێنابا ، ئێستا ده‌متوانی وه‌رینی تووكی سه‌رم باوێمه سه‌ر شانی وی و خه‌تاباری كه‌م. ده‌متوانی بڵێم خۆشه‌ویستی تۆ كه‌چه‌ڵی كردم ... ئێستا خۆ نه ژنم هه‌یه و نه حه‌ز حه‌زێنێ ده‌که‌م ، هه‌موو ده‌زانن ده‌ردی ژنداری نییه ، پیرییه ... نووقمی خه‌یاڵان بووم ، ئه‌گه په‌نجه‌ره‌ی " ئه‌ده‌بخانه" ئاوه‌ڵا نه‌بایه و ئه‌و بایه سارده‌ی به‌ره به‌یانی ته‌پله سه‌رمی نه‌ته‌زاندبایه ، دڵنیام هه‌روا له چۆمی خه‌یاڵه‌كانمدا خه‌ریكی مه‌له‌وانی ده‌بووم و وه‌دره‌نگی ده‌كه‌وتم ....... گوڵه گه‌نم : ئه‌مڕۆ وه‌ك ڕۆژانی پێش نه‌بوو. ئاخر خۆم به‌یانی كه له خه‌وی نازم هه‌ستام و نان و چایی به‌یانیم له ناو جێیه‌كه‌مدا خوارد، گوێی خۆم گرت و كێشام و به خۆم گوت : گوڵ گیان ئه‌مرۆ ئیتر حه‌قت نییه وه‌ك دۆینێ بی ، ده‌بێ خانمتر بی ، خۆ تۆ ئه‌وه‌نده گوڵی نه‌بێته‌وه ... هه‌سته ، جله جوانه‌كانت له به‌ر كه و بڕۆ به بازاری قه‌یسه‌ری ، ئه‌گه ونیش بی قه‌ی ناكا، ئه‌و گه‌ره‌كه ئه‌وه‌نده‌ی كورد لێیه ، هه‌ر بڵێی له‌ل ... ڕێت پێ‌نیشان ده‌ده‌ن و له‌وانه‌یه به دابی كورده‌واری "ده‌ڵێن ژن ناموسی ئێمه‌یه ..." ده‌ستیشت بگرن تا به‌رده‌رگای ماڵێت بێننه‌وه با ته‌نیا له ده‌رێ نه‌بی ... به‌ڵام گوڵ گیان نه‌كه‌ی كه‌وشه پانێ به‌رزه‌كانت له پێ كه‌ی ...... هه‌ر ده‌رۆیشتم بیرم ده‌كرده‌وه : هههمممم .... مانگرتنی نیوه چڵ ...! له بیرم بێ شه‌معدانێكه‌م ئاو بده‌م ... بریا تا ده‌چمه‌وه خواردنی شه‌ویان ساز كردبێت .... دوو شت كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان له‌وانه‌یه به‌یه‌كه‌وه نه‌بێت ** " ....... له ماڵ كه هاتمه ده‌ر بڕیارم دا، جۆرێكی تر چاو له دار و دیوار و شار و خه‌ڵكی شار بكه‌م. به‌یانی زوو بوو، زۆر زوو. پێموایه مه‌ڵاش هێشتا له ماڵ نه‌هاتبوو ده‌ر. ڕێی دوو سێ ده‌قیقه له ماڵی خۆمان دوور ببوومه‌وه كه نووسراوه‌یه‌كی كۆن.... زۆر كۆن له سه‌ر لادیوارێكی زل و پان و به‌رین سه‌رنجی ڕاكێشام .... به‌شی زۆری هه‌ر دیار نه‌بوو ، ئه‌و به حاڵه حاڵ ده‌دیترا نووسرا بوو : یه‌کگرن ، له پڕ نازانم چۆن خۆم دی به ڕێگه‌ی ماڵه‌وه‌م. به په‌له په‌ل . ڕامكرده ناو ژێرزه‌ین و نایلۆنێكی بچووكم پڕ‌كرد له ڕه‌ژی و دیسان به غاردان گه‌رامه‌وه بۆ لای دیواره‌كه و دروژمه كاڵ بووه‌كه . چاوێكم گێرا، كه‌س دیار نه‌بوو. قۆڵم هه‌ڵماڵی و به ئیشتیا له پێش فه‌رمانی یه‌كگرن نووسیم : ژنانی بــــــــۆكـــــــــان .... زۆریشم شایی به خۆم و به بیری شۆرێشگێڕانه‌ی خۆم هه‌بوو . چووم پیاسه‌ی خۆم كرد، دوایش چووم بۆ لای دۆست و براده‌ران كه له‌مێژ ساڵ‌بوو نه‌مدیبوون . نووسینی دروژم و خه‌بات كردنم هه‌ر له بیر نه‌مابوو. ئێوارێ دره‌نگان ، كه ده‌چوومه‌وه ماڵێ دیم به‌نده خاسێك له ژێر نووسینه‌که‌ی من به خه‌تێكی نه زۆر جوان نووسیوێتی : هاهاهاها ... قسه‌ی قۆڕ ... دیم ڕاست ده‌كات ژنان كه‌ی یه‌كگرتوو بوون ئێستا به دروژمێكی سه‌ر دیوار ، بن و یه‌كگرن ... وه‌بیرم هاته‌وه هه‌ر له‌و شاره بچووكه‌ی من لێی ده‌ژیم، نزیك 10 یه‌كێتی ژنانی لێیه و هیچ ده‌گه‌ڵ یه‌ك ڕه‌با وته‌با نین ...چا نه‌بوو كه‌س نه‌یدی ئه‌وه من بووم ئه‌و قسه قۆڕه‌م نووسیوه ..... " (به‌شێكه له ئیمه‌یڵێك كه له كوردستانه‌وه بۆم هاتبوو ...) *** شادی ته‌ڵه‌فوونی كرد. گوتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كه بۆ دامه‌زرانی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی " كولتووری - كۆمه‌ڵایه‌تی ژنانی سه‌ر به‌خۆ" ، پێمان خۆش ده‌بێ تۆش بێی. هه‌ر ناوه‌كه سه‌رنج ڕاكێش بوو بۆم، گوتم بۆ نا، دێم و چووشیم . له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه له ماڵی یه‌كێك له‌و ژنانه گیرابوو ، نزیك 28 كه‌س به‌شدار بوون . یه‌ك فارسی لێ‌بوو كه زیاتر له 18 ساڵ ده‌گه‌ڵ مێردی كوردی ژیا بوو ... به‌ڵام هه‌ر له‌به‌ر گوڵی ڕووی ئه‌و خانمه، كۆبوونه‌وه‌كه بوو به فارسی !!!!!!!!!!!!! قسه له سه‌ر سه‌ر به‌خۆیی ژنان كرا و ئه‌وه‌ی كه پیاو بۆیان نییه به‌شداری ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه بن ... پرسیم :باشه بۆ ... ؟ گوتیان :پیاو بێت فه‌رمان ده‌گرێته ده‌ست و لێمان ناگه‌ڕێ كاری خۆمان بكه‌ین .... پرسیم باشه سه‌ر به خۆیی له چی ، له كێ ... ؟ مه‌به‌ست ئایا سه‌ربه‌خۆیی له حیزب و ڕێكخراوه سیاسییه‌كانه ؟ گوتیان سه‌ر به‌خۆ له پیاو !!!! ..... پرسیم ئه‌وه كۆمه‌ڵه‌ی كولتووری - كۆمه‌ڵایه‌تی ژنانی كورده یان هه‌موو ژنێك ..... گوتیان نا ، باسی كورد نییه ، هه‌موو ژێنێك ده‌توانێ به‌شدار بێت ... نوسراوه‌كانمان به زمانی فارسی ده‌بێت ... ده‌ڵێم : ده‌ی باشه ، خۆ هه‌موو ژنێك فارسی نازانێ، هاتوو ژنی عه‌ربمان ده‌گه‌ڵ ڕێكه‌وت .... و‌ڵامیان نه‌دامه‌وه .... (بیرم كرده‌وه : بڵێ سه‌ربه خۆ له كورد و ئه‌هانێ ... ) وه‌بیر ئه‌و نه‌قله‌ی كه‌وتمه‌وه (پێموایه نووسراوه‌یه‌ك بوو له نووسینی ئیدریس له http://www.kurdmedia.com/ دا، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و پێش بڵاو ببۆوه ، جوانم له بیر نه‌ماوه ) : كابرا دێته خوارێ بزانێ ئه‌و ده‌نگه ده‌نگه چییه ، ده‌بینێ دوو كه‌س له پێش ده‌رگای لۆكاڵێك وه‌ستاون و قسه ده‌كه‌ن . لێیان ده‌پرسێ : خه‌ڵكی كوێن؟ ده‌ڵێن :جیهان ! ده‌پرسێ :باشه كوردن ؟ ده‌ڵێن : پێمان بڵێ ئینسان! كابرا كه‌مێك دوور ده‌كه‌وێته‌وه و یه‌كی تر ده‌بینێ :ده‌پرسێ: كاكه تۆ خه‌ڵكی كوێی؟ ده‌ڵێ :ئێرانیم و ناوم عه‌لیرزایه !!! بۆ كابراش ده‌ركه‌وت ئه‌وه جه‌ماعه‌تی كۆمۆنیست كرێكارین جه‌شنه‌یانه ... !!!!!!!!!!
December 16, 2002
خۆی مه‌زڵوم ده‌كات و به كاكی ده‌ڵێ : لادین (مه‌به‌ستی ڕادین ه) نامه‌كانم ده‌به‌ی بۆم پۆست كه‌ی ؟ ڕادین كلاسی هه‌یه و كاتی پۆست چوونی نییه. ڕامان كه‌مێك لیچ ده‌كات و ده‌چێته لای دایكی ده‌ڵێ : دایه چاو من چه‌ند به‌خبه‌ختم ، كه‌س ئه‌و نامانه‌م بۆ پۆست ناكات، ئێستا ئه‌و به‌خبه‌خته نیگه‌رانم ده‌بێ..... ( له به‌خبه‌ختی دووهه‌میش مه‌به‌ست منم !!) **** سانا كه چوو بووه بۆ كوردستان ، خوشكم ده‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی چووبوون بۆ سه‌ردانیان. له‌و كاته‌وه، ڕامان جار و بار ناوی سانا دێنێت. ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و پێش به ته‌له‌فوون قسه‌م ده‌گه‌ڵ ڕامان ده‌كرد پێی گوتم : .... سانای له داخی من ماچ كه !!! ( پێموایه مه‌به‌ستی " له جیاتی من بوو" ) **** زۆری حه‌ز له ده‌نگی ماملێ یه. زۆربه‌ی گورانییه‌كانی ده‌گه‌ڵ ده‌لێته‌وه . لێیان پرسیبوو : ڕامان گه‌وره بیت ده‌بی به چكاره ؟ ده‌ڵێ : ده‌بم به ماملێ ..... **** ئه‌مرۆ دیسان نامه و نه‌ققاشی ڕامانم بۆ هات !!!
December 15, 2002
تۆ دیتمت ؟ ڕاست كاتی ماڵئاوایی ... ڕاست كاتێ ناوی وانت هێنا ... دیسان، فرمێسك له چاوما قه‌تیس ما ، تۆ دیتمت؟ سه‌یره، نا؟ ئه‌وه چه‌ند جاره یه‌ك ده‌بینین، تۆ هه‌واڵی وانم لێده‌پرسی ، ده‌نگی من ون ده‌بێت، شانم ده‌له‌رزێت و فرمێسكم ده‌ڕژێنه خوار، نازانم زۆرم بیری وان كردووه یان هه‌موو جارێ شتێك كه خۆمی لێ گێل ده‌كه‌م بۆم زیندوو ده‌بێته‌وه ... لێبڕان، له بیر كردن یان هه‌وڵدان بۆ لێبووردن هه‌میشه وا گرانه یا هه‌ر منم ئه‌ژنۆم له به‌ری چه‌ماوه ؟ كه تۆش ڕۆیشتی دڵم هه‌ر ده‌له‌رزا، وه‌ك بڵێی شتێكم ون كردبێت ، به ده‌وری خۆمدا ده‌سووڕام ، له شتێك ده‌گه‌رام و نه‌مده‌زانی چییه .... بریا ئێوه نه‌ڕۆیشتبانه‌وه ... بریا هه‌واڵی وانت لێ نه‌پرسیبام ... بریا من ئه‌وه‌نده دڵته‌نگی ئه‌وان نه‌ده‌بووم ... بریا ده‌كرا مه‌وداكان به شتێك پڕ بنه‌وه ... ئاخر نامه‌ی تۆ منی گه‌رانده‌وه سه‌رده‌می سه‌یر و سه‌مه‌ری منداڵیمان ، كه تێكه‌ڵاوی بۆنی باڕوت و گرمه‌ی ته‌یاره و ته‌قه‌ی ناره‌نجۆك بوو .سه‌رده‌می سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی منداڵیمان كه ئاسمان به ده‌گمه‌ن شین بوو ... سه‌رده‌می ئاژیری سوور و بۆمباردمانی شار ... سه‌رده‌می خۆ حه‌شاردانی به كۆمه‌ڵ له حه‌شارگاكان ، هاتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه و گیرانی كوڕ و كچانی گه‌ره‌ك به كۆمه‌ڵ ... له 9 - 8 ساڵی ڕا ده‌گه‌ڵ گرمه‌ی ته‌یاره و ته‌قه‌ی ناڕه‌نجۆك گه‌وره بوون ، له 10 - 11 ساڵی ڕا ده‌گه‌ڵ شه‌ری ئێران و عێراق وبۆمباردمانی شاره‌كان هه‌ڵكردن و دواتر ڕێپێوان و خۆنیشاندانه‌كانی ڵاوانی شار ... تا چاومان كرده‌وه بووین به 15 - 16 ساڵ، دواتر بوونی " خواهران زینب" له ناو شار و مه‌دره‌سه‌كان و چه‌ك به ده‌سته‌كانی ڕژیم كه له سه‌ر هه‌موو شتێكی شه‌ریان پێده‌فرۆشتین ... پێشیان پێده‌گرتین ، .... پێیان ده‌گوتین چی بكه‌ین، چۆن بین، چی له به‌ر كه‌ین ،،، نووسیبووت له‌م وڵاته كاوڵ بوویه‌دا كه‌س له بیری كه‌س دانییه ، لاوه‌كان چیتر به "هیوای" داهاتوو چاو لێناكردرێن ... منت گه‌ڕانده‌وه سه‌رده‌می منداڵیمان ... باوه‌ر ده‌كه‌م ئێمه "زوڵم لێكراوترین" نه‌سڵ بووین و هه‌ین ... منداڵیمان له هه‌ڵا هه‌ڵای شورش و میرمنداڵیمان له له شه‌ڕدا تێپه‌ر بوو ... ئێستاش خۆمان ئه‌وه‌نده ماندووین ، هێزێكی وامان نه‌ماوه بۆ ساز كردن، یان هێنده ناهومێدین هیچ ڕووناكاییه‌كی نابینین .... نه‌سلێكی له بیركراوین ... ته‌نانه‌ت خۆشمان خۆمان له بیر كردووه .... هیوای دواڕۆژیشمان وه‌ك سه‌رده‌می منداڵیمان دزراوه .......
December 14, 2002
سارده، زۆر سارد .... نه باران ده‌بارێ ، نه هه‌وای به‌فری هه‌یه !! ساته‌كان ده‌ڵێی به‌ستوویانه و سێبه‌ری زه‌مه‌ن له تێپه‌ربوونی سڕی خۆیدا جێ پێی ترسێكی نامۆ به جێ دێڵێت. سارده ، ئه‌وه‌نده سارد هه‌موو ده‌ست و دڵه‌كان به‌ستوویانه. ڕوانینه‌كان له هیچ پڕ و ده‌نگه‌كان هه‌مووی كپ! ڕوخساره‌كان له پشت هه‌ڵمی هه‌ناسه‌كان ڕه‌نگ ده‌گۆڕن و هه‌موو، وه‌ك بڵێی هیچ قسه‌یك نه‌ماوه بۆ گوتن، یان هیچ بۆ دیتن، له ناو خۆیاندا ونن !! ته‌مه‌نی ڕووناكی هه‌ر دێت و كورتر دێبێته‌وه ، و ڕۆژه‌كان له تاریكی‌دا ده‌توێنه‌وه . سارده، زۆر سارد ... شاریان ڕازاندۆته‌وه . هه‌ڵات هه‌لاتی خه‌ڵك بۆ كڕینی دیاری كریسمه‌س و هامووشۆی ماشێنه‌كان له شه‌قامه سڕه‌كانی شاردا، زۆر له ناكاو ده‌مباته‌وه بۆ ساڵانی كه‌مپ و چاوه‌ڕوانی ... هه‌میشه ئه‌و ده‌مانه‌ی ساڵ ، ناخۆشترین كات بۆ ئێمه‌ی چاوه‌رێ بوو ... خۆشترینیش!! ته‌می وه‌ی دایده‌گرتین كه له‌و ماوه‌دا چ شتێكی خۆش ، هه‌واڵی وه‌رگرتنی ئیقامه بۆ كه‌سمان ده‌رناچێ ... دڵخۆشی وه‌ش بووین ئه‌و ماوه‌یه لانیكه‌م پۆلیس پێنجی به‌یانی له ده‌رگای نادات بۆ دێپۆرت كردنه‌وه‌مان .... كه‌چی هه‌موو ساڵێش شتێك هه‌ر ده‌قه‌وما ... شێرزاد كریسمه‌سی 1994 بوو حوكمی دێپۆرتی بۆ هاته‌وه، هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ش پاره‌مان بۆ كۆ كرده‌وه تا بتوانێ خۆ ده‌رباز كات ... ئامر دێسامبری 1995 وڵامی بۆ هاته‌وه كه وه‌رنه‌گیراوه و ده‌بێ بگه‌رێته‌وه ... شێرزاد كوردی باكوور بوو و ئامر كوردی فه‌یلی ... سه‌لاح دوای 4 ساڵ چاوه‌ڕوانی 28 دێسامبری 1995 به یارمه‌تی هاورێیه‌كانی چوو بۆ ئاڵمان .... ئه‌و ساڵانه، چوونه ده‌رێ و چاو له هه‌ڵات هه‌ڵاتی خه‌ڵك و هامووشۆی ماشێنه‌كان كردن ببوو به شێوه‌یه‌ك بۆ به‌شداری ئێمه له خۆشییه‌كان .... له كه‌مپ هه‌واڵێك له كریسمه‌س و ساڵی تازه نه‌بوو .... سارده ، زۆر سارد ... له ناو ماشێنی هاورێی هاورێیه‌كه‌م دانیشتووم ... ده‌مگه‌یێنێته‌وه ماڵێ .... شووشه‌ی ماشێنه‌كه‌ی هه‌ڵمی گرتووه . ده‌ست درێژ ده‌كه‌م و وێنه‌یه‌ك له سه‌ر شووشه‌كانی هه‌ر دوو لا ده‌كێشمه‌وه .... هه‌میشه وام كردووه ، ئه‌مجاره‌شیان ... ده‌نگی "جوان حاجو" ده‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌وان تێكه‌ڵ بووه ... باسی ئه‌مشه‌و ده‌كه‌ن چوون و كه‌ی بچن بۆ ده‌رێ .... چاو له سه‌ر یه‌ك داده‌نێم ، ڕامانم دێته به‌ر چاو .... ئه‌مڕۆ نامه‌ی خۆشكم كه هات، نه‌ققاشی ڕامانیشی تێدا بوو... ئه‌وه یه‌كه‌م جار بوو ڕامان نه‌ققاشی بۆ ده‌ناردم ، سێ وێنه‌ی تازه‌شی بۆ ناردووم ... قژیان بۆ تاشیوه ...كه‌چه‌ڵ كه‌چه‌ڵیان كردووه . زۆر شیرینه ... چاوه‌كانی ڕه‌شن .... قسه‌كانی خۆش . به منی ده‌گوت :خۆشم ده‌وێی، قه‌ول ده‌ده‌م! سارده ، زۆر سارد ..... چه‌ند حه‌ز ده‌كه‌م لێره بای ، حه‌زم ده‌كرد كه دێمه‌وه ماڵ ، چاوه‌كانی تۆم دیبا و ده‌گه‌ڵت دانیشتبام .... باسی كێ ده‌كه‌م ؟؟؟ كامیان لێره با، له باوه‌شی كامیاندا جێم ده‌بێته‌وه تازه .... كامیان له زمانی دڵی شێواوی من حاڵی ده‌بێ ... دووری.. ده ساڵ دووری شوێنی خۆی داده‌نێت ، په‌شێو گوته‌نی " گرامه‌ری زامانی چاو ، ڕێنووسی هێما ...." هه‌ر ده‌گۆڕدرێت ... ئه‌وانی بیرم كردوون، زۆر نین، به په‌نجه‌كانی ده‌ستێك ده‌ژمێردرێن ....كامیان لێره با ..... ده‌نگی "جوان حاجو" چ گه‌رمه .... سارده، زۆر سارد ..... كه دێمه‌وه ، چراكان داده‌گیرسێنم، نامه‌كه‌ی خۆشكم له سه‌ر مێزه‌كه‌یه، وێنه‌كانی ڕامان له ته‌نیشتی ... وڵامی نیوه‌ته‌واوی منیش كه‌مێك ئه‌ولاتر ، چاوه‌ڕێیه .... چاوێك له ده‌وربه‌ری خۆم ده‌كه‌م ، سارده، زۆر سارد... په‌توو شێنه‌كه‌م دێنم ، وێنه‌كانی ڕامان هه‌ڵده‌گرم .... داده‌نیشم نه‌ققاشییه‌كی بۆ ده‌كێشمه‌وه ... نه باران ده‌بارێ، نه هه‌وای به‌فری هه‌یه ....
December 13, 2002
میوانی وا كوا خۆشه، هێشتا نیو ساعه‌ت نییه دانیشتووی، هه‌ر چاوت له ساعه‌ته‌كه‌ته ، بزانی كه‌ی كاتی ڕۆیشتنه‌وه دێت !! میوانی وا هیچ‌خۆش نییه ، كه خۆت مه‌جبوور كه‌ی گوێ بده‌ی به قسه‌كانی میواندار و جار ناجارێكیش به جۆرێكی نیشان بده‌ی هێشتا ده‌گه‌ڵی و گوێت لێیه چی ده‌ڵێت ... ڕه‌نگه ئه‌وی ناخۆش بوو كه هه‌ر خۆی ده‌ێگووت و خۆشی پێده‌كه‌نی ... یان قاقاكانی بوو كه هه‌موو جارێ من بست و قۆلانجێك له جێی خۆم هه‌ڵده‌به‌زیمه‌وه ... یان هه‌ر قسه‌كان له خۆیاندا هیچ بۆ پێكه‌نین نه‌ده‌بوون ، ئه‌ویش نه‌یه‌ك جار، كه چوار ، پێنج جارت ئه‌گه بیستبێت ئیتر وه‌ك به كوتك له سه‌رت ده‌ن وایه ... جارێكیان هۆشم چوو بۆ لای دوو كه‌س له بالكۆنی ماڵی به‌رامبه‌ر جگه‌ره‌یان ده‌كێشا، بیرم له‌وه‌ی ده‌كرده‌وه بڵێی ئه‌و جگه‌ره كێشانه چ خۆشییه‌كی هه‌بێت، یان چ تام بێت وا به‌و سه‌رما بێڕه‌حمه‌ش خه‌ڵك دێن و هه‌ڵده‌له‌رزێن و دووكه‌ڵ‌ده‌خۆن ... ئه‌مجاره‌شیان به ده‌نگی قاقایه‌كی میواندار ، له باڵكۆنی ماڵی هاوسێ گه‌رامه‌وه ..... ئه‌گه قه‌رار وا نه‌با نانی شه‌و پێكه‌وه بخۆین، ئه‌گه قه‌رار وا نه‌با من به‌شێكی ئه‌ركی خواردن ساز كردن وه‌ئه‌ستۆ بگرم ، هه‌ر زۆر زوو بێ ئه‌وه‌ی بیانوویه‌ك بێنمه‌وه یان درۆی پێ‌بڵێم ، (هه‌ر گوتنی ئه‌وه‌ی بێتاقه‌ت بووم ، به‌س بوو) هه‌ڵده‌ستام ده‌ڕۆیشتمه‌وه ، به‌ڵام تازه قه‌رارمان وا بوو ... پێم خۆش نه‌بوو له‌ویشی تێكده‌م .... سه‌رخۆش بوون ، پێم‌و ایه ، مرۆڤ له‌و شته‌ی كه هه‌یه ، نزیكتر ده‌كاته‌وه ... ئه‌گه دڵته‌نگی، به سه‌رخۆشی له‌وانه‌یه دڵته‌نگییه‌كه زیاتر خۆ بنوێنێ ... ئه‌گه شادیی، له‌وانه‌یه شادتر بیت ... ئه‌و میوانداره‌ی من، وه‌كی دیش هه‌ر كه‌مێك زۆر قسه ده‌كات، ئه‌مشه‌و به‌ڵام خۆی ڕێكۆردی خۆی شكاند ، به قسه كردن و به قاقا لێدان ... بۆیه لای ساعه‌ت ده و نیو كه له ماڵه‌كه‌ی هاتمه ده‌رێ ، هاژه‌ی ماشێنه‌كان به لامه‌وه خۆشترین مێلۆدی بوو ... باوه‌ر ناكه‌م هیچ شتێك له قاقایه‌ك كه وه‌ك كوتك ده‌تكووتێ ، ناخۆشتر بێت .... باوه‌ڕ ناكه‌م !! ئێستا به‌ڵام له ماڵی خۆمم !! ده‌ڕێ بێداد سارده! ساردێكی ناخۆش! دوای نیزیك سه‌عاتێك به‌ڕێوه بوون هه‌ر كه گه‌یشتمه‌وه ، چایه‌كی خۆشم ساز كرد، جووتێك گۆره‌وی گه‌رمم دیته‌وه و له پێم كرد، په‌توو شینه‌كه‌م به سه‌ر شانم دادا و كه‌مێك له بێده‌نگی ژووره‌كه‌مدا حه‌سامه‌وه ... گوێیه‌كانم حه‌سانه‌وه .... ئێستا كاسێتی بارانه‌ی كامكاره‌كانم داناوه و به ده‌نگی سه‌نتوور ورده ورده ئارام ده‌بمه‌وه .... ئه‌وه یه‌كه‌م جار نییه من به ده‌نگی قاقای ئاوا كه له سگه‌وه دێت نه له دڵه‌وه ، گوێ و سه‌رم دێنه ئێش ... هه‌ر چی له دڵه‌وه نه‌بێت ، خۆش نییه ....!!!
December 12, 2002
ئه‌مڕۆش پۆست هات و هیچ نامه‌یه‌كی پێنه‌بوو ، پێش ده‌رگای ژوورێ پڕ بۆت له‌و ڕێكڵامانه‌ی هاتون و من فڕێم نه‌داون ... قه‌تیش ده‌ستیان لێناده‌م، سه‌ر په‌نجه‌كانم ڕه‌ش ده‌بێت !! چه‌ند ڕۆژێكه هه‌ست ده‌كه‌م كه‌سێك با‌نگم ده‌كات، چاوده‌گێرم و كه‌س دیار نییه ، به ده‌نگی ته‌له‌فوونێك كه زه‌نگ لێنادات، ڕاده‌چله‌كێم !! نازانم بۆ چه‌نده‌مین جار وڵامی ئاخر نامه‌ی ڕویا ده‌نووسمه‌وه .... نازانم ئه‌وه چه‌نده‌مین جاره ئاخر نامه‌ی كاكم ده‌خوێنمه‌وه كه یه‌ك سال و نیو پێش نووسراوه !! وه‌بیرم نایه چه‌ند جارم وڵامی ئه‌و نامه‌یه بۆ ناردۆته‌وه !!! سه‌یره، وه‌ك بڵێی هه‌موو شتێك له نادیارێكی بێكۆتاییدا ون بێت ... ون ببێت ! وه‌ك بڵێی ئه‌و به‌ری دیواراه‌كان كه‌سی لێنه‌ماوه ... وه‌ك بڵێی ئاوێنه‌ش تۆرا بێت !! **** ئه‌مڕۆ خۆره ، خۆرێكی بێ‌تین! زه‌وی زوقمی له سه‌ره ، سارده، كه‌م نا !!! من به‌ڕێوه‌م بچمه ده‌رێ، زۆر ده‌مێك بوو به‌ڵێنی خواردنێك به كه‌نگرم به هاورێیه‌كم دابوو ... دوایی نزیك شه‌ش مانگان (ئه‌گه زۆرتر نه‌بێت) ئه‌مرۆ به كامی دڵ ده‌گات و كه‌نگری ده‌خوات .... ڕێگاكه‌م دووره، له ناو مێترۆ ، هه‌ر كه له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌كان ته‌واو یان ماندوو بم ، گوێ ده‌ده‌م به قسه‌ی ئه‌وانی تر. خۆ غافڵاندنێكی باشه ، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر به كوردی قسه ده‌كه‌ن ئیتر من ناتوانم گوێ نه‌ده‌مێ .... هه‌میشه‌ش شتێكی ده‌بیستم كه ده‌بێته هۆی سه‌ر سووڕمانم ... وه‌ك دۆینێ ، دوو كوڕ‌له لای ڕاستی من دانیشتبوون و باسی منیان ده‌كرد، یه‌كیان سوێندی به "شه‌رف و نامووسی" !!!! خۆی خوارد كه من فارسم ، ئه‌وه‌نده دڵنیا بوو كه به فارسییه‌كی كێویلكه‌یی هه‌ندێك شتیشی گوت ... یان كابرایه‌ك به مۆبایله‌كه‌ی ده‌گه‌ڵ كوردستان قسه‌ی ده‌كرد و به كابرایه‌كی دی كه پێی قه‌رزدار بوو ، جوێنی زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی ده‌دا ، كابرا وای ده‌قیژاند و هاوار ده‌كرد كه هه‌موو ئاوروویان لێداوه ..... دوو كچی فارسیش هاتن و ڕووبه‌رووی من دانیشتن . باسی وه‌یان ده‌كرد به دزی بچن "تاتوو" بكه‌ن ... ئه‌خه هه‌موو هاوكلاسییه‌كانیان كردبوویان !!! **** هه‌ر هه‌وڵ ده‌ده‌م بیر له هه‌ندێ شت نه‌كه‌مه‌وه ، هه‌ر نابێت . هه‌ر دیسان هه‌ندێ بیری تاڵی ناخۆش وه‌ك كارگ له مێشكمدا هه‌ڵده‌تۆقن ... جاران كاتی وام ده‌گه‌ڵ ئاوێنه به‌ش ده‌كرد ، ئێستا به‌ڵام وه‌ک بڵێی ئاوێنه‌ش تۆراوه .... یان هیچ حه‌ز ناكه‌م خۆم له ئاوێنه‌دا ببینم !!!!!!
December 10, 2002
به خۆم ده‌ڵێم :"هه‌سته، قالۆنچه‌یه‌كی نیوه زیندوو له تۆ زۆرتر بۆ ژیان هه‌وڵ ده‌دات ... " هه‌ست به قورسایی ده‌كه‌م ، پێم سه‌یره، خۆ بۆشایی نابێ قوورس بێت، ده‌بێ ؟ ماندووم، خه‌واڵووم ، بێتاقه‌تم چاوێك له ده‌وروو به‌رم ده‌گێرم، ده‌بینم نا ، هه‌موو شتێك وه‌ك هه‌میشه‌یه ... جارێكی تر، ڕامانێك ، هه‌ست ده‌كه‌م هه‌موو شتێك وه‌ك هه‌میشه نییه، دیواره‌كان نزیكترن، ژووره‌كه ته‌سكتره ، تاریكایی زووتر دێت و دره‌نگتر ده‌ڕوات ، سه‌رپه‌نجه‌كانم سڕه، بێده‌نگی ته‌مه‌نی درێژتره، ترپه‌ی دڵم ڕیتمی جارانی نه‌ماوه .... ڕامانێك ، دڵم هێنده‌ی دیكه گیرا ... هه‌ستام ، په‌نجه‌ره‌م تا ئاخر كرده‌وه ، په‌توو شینه‌كه‌م له خۆم هاڵاند و ته‌سكی ژووره‌كه‌م تژی ده‌نگی مه‌حه‌ممه‌د جه‌زا كرد : " ئه‌گه‌ر چی شه‌و درنگه ساقی، بۆم تێكه كه‌مێكی تر..... كه‌وا ئه‌مشه‌و سه‌ری هه‌ڵدا له ناخمدا خه‌مێكی تر" دڵم پڕ‌بوو ، هه‌ستم كرد ده‌مێكه خۆم له بیر كردووه ،سێبه‌رێكی نامۆ، بۆشاییه‌كی كۆن ، ته‌نیاییه‌كی برش هێناو ،،، خۆم له كوێ له بیر كردووه ؟ ... ترسام ، نه‌كا منیش وه‌ك "گه‌وره‌كانم" لێهاتبێت، نه‌كا منیش وه‌ك ئه‌وان "شته" ساده و ساكار و بچووكه‌كانم له بیر كردبێت ... نه‌كا منیش چی تر به باوه‌شێنی شنه‌ی به‌ره‌به‌یان، نه‌فڕم ؟ نه‌كا منیش چی تر به ده‌نگی سه‌نتور نه‌گه‌م به ئه‌وپه‌ری خۆشی و سووكی ڕۆح ، نه‌كا منیش پێم نابێته دنیای سه‌یر و سه‌رسوور هێنه‌ری ئه‌وان ، ئه‌وێ وا هه‌موو شتێك له كڕین دێت؟ .... به خۆم ده‌ڵێم : "بۆ نا ، تۆزته‌كێن كردنی هێلانه‌ی بیری ئاڵۆز و خه‌یاڵی په‌شێوم .... وێناچێ ساده بێت، به‌ڵام .... !! " چاو له سه‌ر یه‌ك داده‌نێم، سه‌ر به هه‌موو كه‌لێن و قوژبنه‌كانی كۆڵانی زه‌ین و دڵم داده‌كه‌م ، ده‌گه‌مه هه‌ر شوێنێك، تۆزی ته‌م و تاسه‌ی لێ لاده‌ده‌م . هه‌ر دێت و زۆرتر هه‌ست به سووكی ڕۆح و ده‌روون ده‌كه‌م ... زۆر جار هه‌ناسه‌م له كه‌ڵافی ئاڵۆزی گریانم هاڵا ، زۆر جار دڵم وه‌ك بڵێی مانی گرتبێت، له لێدان ده‌وه‌ستا . له زۆر شوێن ئه‌ژنۆم شل بوون ، ..... به‌ڵام ..... *ئێستا ، وه‌ك شتێك، هه‌موو جێیه‌ك بریقه‌ی دێت، ده‌دره‌وشێته‌وه ! باری قورسی بۆشایی ده‌روونم ،، جۆرێك،، سووكتر بووه. هیچ ده‌ستێكی سیحراوی له گۆڕێ‌دا نه‌بوو ، هه‌ر خۆم هاتم شته ساكار و ساده‌كانم وه‌بیر خۆم هێناوه ، هه‌ول ده‌ده‌م باوه‌ڕی بریندارم سارێژ كه‌مه‌وه ... هه‌ر خۆم چاوم قووچاند و بیرم له بۆنی باران و مێخه‌ك كرده‌وه ... بیرم كرده‌وه هه‌ر منم و لێزمه‌ی باران و سه‌مای شێتانه‌م . كراسێكی ناسكی شینم له به‌ردایه، پێ په‌تی به مۆسیقای باران، له ژێر باران ، شێتانه سه‌مایه ده‌كه‌م ... بۆنی باران، بۆنی مێخه‌ك ... * ورده‌و ... ئێستاش چاو له سه‌ریه‌ك داده‌نێم ، باران و بۆنی مێخه‌ك و له‌تێك ئاسمانی شین و باوه‌شێك ڕووناكی دێنمه ژووره‌كه‌م ... مه‌حه‌ممه‌د جه‌زا بۆ دڵی من ده‌خوێنێت : "خدر نیم بۆ ته‌مه‌ن شێت بم،به كانی ژینێدا نووسێم .... ئه‌وه‌نده‌م ژین ده‌وێ تا ده‌م ده‌نێمه ناو ده‌مێكی تر"
December 9, 2002
نه‌كا ئه‌و بێده‌نگییه پرسه‌ی كۆچی له ناكاوی وشه‌كان بێت؟ كۆچی بێوه‌ختی ده‌نگ ؟ نه‌كا چی تر ده‌ستی تكام نه‌گاته داوێنی وشه‌كان و من له بێده‌نگیدا بتوێمه‌وه ... نه‌كا خۆریش ڕووم لێ بگرێت و من چی تر نه‌توانم باوه‌شێك تیشك بۆ سه‌هۆڵبه‌ندانی دڵی سڕم بێنمه‌وه ؟ نه‌كا نه‌توانم چی تر كۆشێك ئه‌ستێره بۆ شه‌وانی تژی ته‌نیایم بێنمه‌وه ! ... نه‌كا ئه‌و هه‌وره ڕه‌شانه هه‌ر گرمه‌یان بێت و قه‌ت نه‌بارێن ... نه‌كا مانگ قه‌ت نه‌گه‌ڕێته‌وه .... نه‌كا .... من بۆ دیتنه‌وه پێویستم به تیشكی ڕۆژ و جریوه‌ی ئه‌ستێره و ڕێژنه‌ی باران هه‌یه ... !!! ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌م نه‌بێت دیدارمان به قیامه‌ت ده‌بێت و من ... من باوه‌ڕم به قیامه‌ت نییه !!!! بۆ تۆ ، بۆ كچه شیرینه شه‌رمنه‌كه‌ی له پشت سێبه‌ری ترسێكی بێڕحم، عومرێكه خۆی حه‌شار داوه .... بۆ تۆ، بۆ هه‌موومان ، كه وا قوربانی دابێكی بۆگه‌ن و نه‌ریتێكی پووچه‌ڵین .... بۆ ئه‌و چاوانه‌ی تارمایی بێباوه‌ڕی و فرمێسكی ترس سۆمایی لێبڕیون ... ده‌زانی ، باوه‌شی من بكه به لانك بۆ شه‌وانی بێخه‌ویت، سه‌ر بخه سه‌ر شانم ئه‌و ده‌مه‌ی ده‌ته‌وێ به ده‌نگی به‌رز بگری ، من باوه‌ڕت پێده‌كه‌م ، من ده‌زانم تاوانبار تۆ نیت ، من ده‌زانم تاوانبار تۆ و بێده‌نگی و خۆ حه‌شار دانی تۆ نییه ، تاوانبار هه‌ڕ هه‌ژاری ئه‌و فه‌رهه‌نگه و نه‌خۆشی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه كه به چاوی به‌ستراو حووكمه‌كانی ده‌دات و گوێی بیستنی نییه .... تاوانبار عه‌قڵییه‌تی نه‌خۆش و یاساكانی ده‌ستكردی ئه‌م عه‌قڵییه‌ته‌یه ... تۆ تاوانبار نیت ، تاوانی تـــــــۆ ، له‌وانه‌یه له دایك بوونت له وڵاتێك دابێت كه ئینسان هه‌رزانترین كاڵایه و ژن هه‌ر له سه‌ره‌تایی منداڵییه‌وه قوربانییه ... ئێستا من ئاوا ده‌ڵێم ، چاو بكه‌وه ، ده‌بینی كه ته‌نیا نیت، ده‌بینی هه‌ن ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به ئینسان هه‌ر ماوه ... هه‌ن ئه‌وانه‌ی به ده‌نگی به‌رز ده‌ڵێن :نــــــــــــــا .... ئه‌وانه‌ی ئه‌و داب و نه‌ریته بۆگه‌ن و پووچه‌ڵانه ده‌خه‌نه ژێر پێ و به مێشك و بیر و هه‌ستی خۆیان شته‌كان ده‌بینن .... من ئاوا ده‌ڵێم ، تۆ مه‌هێڵه قه‌ڵای ئیمان و باوه‌ر به خۆییت لێ بڕوخێنن ... مه‌هێڵه ئه‌و ڕۆژانه‌ی وا به‌ڕێوه‌ن بكه‌ونه ژێر سێبه‌ری ترس و بێ هیوایی ڕۆژانی ڕابردوو ... من ئاوا ده‌ڵێم ، چاو بكه‌وه ، گوێ شل كه ، هه‌ست پێبكه .... ده‌بینی ته‌نیا نیت .... ده‌بینی كه ده‌توانی باوه‌ڕ بێنی ... من ئاوا ده‌ڵێم : ده‌نگ به‌رز كه‌وه و بڵێ نـــــــــا .... قه‌بووڵ مه‌كه چیتر قوربانی بیت ... قوربانی یاسایه‌ك كه باوه‌ڕت پێی نییه....
December 6, 2002
پاكداوێنی و په‌رده‌ی كچێنی !! " پاكداوێنی له ژێر ناوی په‌رده‌ی كچێنی دیاردێكی تازه‌یه. ئه‌و شته‌ی كچ له زه‌مانه‌كانی پێش لێی ده‌ترسا و په‌رۆشی بوو ، له ده‌ستدانی په‌رده‌ی كچێتی نه‌بوو، به‌ڵكوو دڵنیگه‌رانی وه‌ی بوو نه‌كا ئه‌و قسه‌یه بڵاو بێته‌وه كه ــ نه‌زۆكه ــ . له زۆربه‌ی كاتدا ، ئه‌و ژنه‌ی پێشتر منداڵێكی ببوو ، شانسی شوو كردنی زۆرتر بوو ، هۆیه‌كه‌شی ئه‌و بوو كه هه‌ر ئه‌و منداڵدار بوونه به‌ڵگه‌یه‌ك بوو بۆ ،، وچاغ كوێر نه‌بوونی ؛؛ ئه‌م ژنه و ده‌بوو به دڵخۆشی و مه‌تمانه‌ی پیاو كه ده‌بێت به بابی منداڵان و ناوی ناكوژێته‌وه . تـــــــــه‌نانه‌ت له كۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییه‌كانیشدا ، پێش دیارده‌ی فئۆدالیزم به چاوێكی سووك ده‌یانڕوانییه كچێك كه په‌رده‌ی كچێتی مابێت !!! و ئه‌ویان ئاوا لێكده‌داوه كه دیاره هیچ پیاوێك ئه‌م كچه‌ی نه‌ویستووه !! له هۆزی " كامچادال"، وابووه كه ئه‌گه‌ر بووك شه‌وی بووكێنی هه‌ر كچ بایه، زاوا ده‌یكرد به هه‌ڵا هه‌ڵا و دایكی بووكێی هه‌ر له سه‌ر ئه‌وه‌ی كچه‌كه‌ی به "كچی" داوه به ئه‌و وه‌به‌ر جوێن و قسه‌ی سووك ده‌دا !! . له زۆربه‌ی كاته‌كاندا "كچ بوون" پێشی به به‌مێرد چوونی كچ ده‌گرت و گرفتی بۆ ساز ده‌كرد.واته قوورساییه‌كه‌ی ده‌خسته سه‌ر شانی پیاوه‌كه كه به پێچه‌وانه‌ی داب و نه‌ریتی باو، ده‌بایه خوێنی یه‌كێك كه پیاوانی هۆزه‌كه‌ی خۆی برێژێته سه‌ر عه‌رز ، هه‌ر بۆیه كچ پێش شوو كردنی ، ده‌گه‌ڵ پیاوێكی بێگانه‌ی هۆزه‌كه ڕێك ده‌كه‌وت تا ئه‌و پیاوه په‌رده‌كی كچێتی ئه‌م كچه لادا و ئیتر هیچ گرفتێك له سه‌ر ڕێی شوو كردنی نه‌مێنێت . له " ته‌به‌ت" دایكه‌كان زۆر به جدی به‌دوای كه‌سێكدا ده‌گه‌ڕان تا ئه‌و ئه‌ركه، پێش شوو كردنی كچه‌کیان به جێ بێنێت،. له "مالابار" هه‌ر كچ خۆی تكای له رێبواران ده‌كرد به‌ڵكوو یه‌كیان توانیبای یارمه‌تی بدات،كه ئه‌گه‌ر بێت و كه‌س یارمه‌تی نه‌دات ئیتر ئه‌ویش ناتوانێ بچێته ماڵی به‌خت !! له ناو هه‌ندێك له تیره‌كاندا وا بوو كه كچ ناچار بوو هه‌ر شه‌وی بووكێنی خۆی، پێش چوونه لای زاوا ، له میوانه‌كانی زه‌ماوه‌نده‌كه‌ی داوا بكات تا ئه‌و "لوتفه‌ی له حه‌قدا بكه‌ن" ، هه‌ندێ جار زاوا خۆی كه‌سێكی به‌كرێ ده‌گرت تا ئه‌و ئه‌ركه به جێ بێنێت. له فیلیپین ، كه‌س هه‌بوون كه كاریان هه‌ر ئه‌وه بووه و پاره‌یه‌كی زۆر یان وه‌رگرتووه تا به نوێنه‌ری كاكی زاوا ده‌گه‌ڵ بووك بخه‌ون و په‌رده له سه‌ر ڕێ لاده‌ن !!!!! ئێستا چ بووه كه ئه‌و شته‌ی بوونی زه‌مانێك گوناح بوو و به چاوی سووك سه‌یریان ده‌كرد ئه‌مڕۆ بۆت به مه‌رج و ته‌نانه‌ت ژنی له سه‌ر ده‌كووژن ؟ هه‌ر ئه‌و ده‌مه‌ی" فئۆدالیزم" جێی خۆی له كۆمه‌ڵگاكاندا كرده‌وه ، ته‌نانه‌ت شوێنی له سه‌ر "په‌رده‌ی كچێنی" كچیش دانا، واته پیاو بوو به خاوه‌نی ژن و ویستی ئه‌و خاوه‌ن بوونه ته‌نانه‌ت پێش ژن هێنان و زه‌ماوه‌ند كردنی ده‌ست پێبكردرێت . بۆیه پێویست بوو كه ژن له پێش له مێردكردنیشیدا " ده‌ست لێنه‌دراو" بمێنێته‌وه و هه‌موو شتێكی بۆ خاوه‌نی داهاتووی خۆی ڕابگرێت . ئه‌و كات كه كڕین و فرۆشتنی ژن باو كرا، نه‌رخی ئه‌ویان كه كچ بوو و په‌رده‌ی كچێنی مابوو زۆرتر له نه‌رخی ئه‌ویان بوو كه " وره‌یه‌كی به‌رزی نه‌بووه و خۆی داوه‌ته به‌ر ده‌ست" و له كچێتی كه‌وتووه !! هه‌ر ئه‌وه خۆی بوو به هۆی په‌یدا بوونی مانایه‌كی تازه بۆ داوێنپاكیی ! وای لێهات په‌رده‌ی كچێنی بوو به نیشانه‌ی وه‌فاداری ژن سه‌باره‌ت به پیاو . پیاوه‌كانیش پێویستییان به‌و مه‌تمانه پێكردنه هه‌بوو تا ترسی ئه‌وه‌ی مه‌بادا ماڵ و سامانیان بگات به منداڵه "حه‌رامزاده‌كان" ، له ناو بچێت !!! " تاريخ تمدن، ويل و آريل دورانت، كتێبی یه‌كه‌م " مشرق زمين گهواره‌ی تمدن" ، لاپه‌ره‌ی 57
December 5, 2002
خۆ پێموانییه دڵ ئێشان و قسه‌یه‌ك،كرده‌وه‌یه‌ك به دڵ گران هاتن، پێوانه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌بێت، خۆ وانییه بڵێم ده‌ی كه‌س ئه‌و " قسه‌یه‌ی" به دڵ گران ناییه، كه‌وابوو منیش وه‌ك ئه‌وانی تر.... شاری كوێرانه و ده‌بێ ده‌ست به چاوته‌وه بگری.... ئه‌ی ئه‌گه حه‌ز نه‌كه‌ی ده‌ست به چاوته‌وه بگری ، ده‌بێ ڕوو له كوێ بكه‌ی ؟ چ شتێك له‌وه ئاسایی تر كه ئه‌وه‌ی به لای منه‌وه گرینگه و بایخی پێ ده‌ده‌م، له‌وانه‌یه خه‌ڵكانی تر هه‌موو فشه‌یان پێی بێت .... چ شتێك له‌وه‌ی ئاسایی تر كه پێویست ناكات ئه‌وه‌ی بۆ من گرینگه، بۆ هه‌موو كه‌س مانای هه‌بێ! چ شتێك له‌وه‌ی ئاسایی تر كه پێویست ناكا هه‌موو وه‌ك من بیر بكه‌نه‌وه و دڵیان وه‌ك دڵی شێواوی من ناسك بێت، به‌سه ئه‌گه ڕێزی لێ‌بگرن .... له یه‌ك چوون مه‌رج نییه، له‌یه‌ك گه‌یشتن به‌سه .... حاڵم زۆر باش نییه، بێتاقه‌تم، ساعه‌ت دوو و نیوی به‌یانییه و من هێشتا نه‌خه‌وتووم .... سه‌یره، هیچم نه‌كردووه و هه‌ست به ماندوویه‌تییه‌كی زۆر ده‌كه‌م ... نا، سه‌یریش نییه !!! ترس پیلی هه‌ستم ده‌گرێ و ڕامده‌كێشێت ، جار هه‌یه ترس وات لێده‌كات چاو له سه‌ر یه‌ك دانێیت تا هیچ نه‌بینی، وه‌ك بڵێی به نه‌دیتن ، ترسه‌كه كۆتایی پێدێت ... جار نا، ترس لێناگه‌رێ چاو له سه‌ر یه‌ك دانێیت، وه‌ك بڵێی هه‌موو شتێك ئه‌و كات ده‌ست پێده‌كات ... نازانم ده‌گه‌ڵ تكای دڵم چی بكه‌م ...... ؟
December 3, 2002
.......... یان زه‌وی له ژێر پاما بۆت به ئاسمان یان من به سه‌ر هه‌ورانا ده‌ڕۆم .... یان هه‌ناسه‌یه‌كی مێهره‌بان تۆزی خۆڵه مێشیی سه‌ر ڕوخساره‌كانی لا داوه، یان ئه‌وه وه‌رزی سۆز و سه‌رما و با و به‌فر و بۆرانه كۆچی كردووه و نه‌ماوه .... هه‌رچی هه‌یه ، بریا توانیبام ئه‌و هه‌موو جوانی و خۆشییه، ئه‌و هه‌موو به‌خته‌وه‌رییه ده‌گه‌ڵ هه‌موو دڵه ته‌نیاكانی جیهان به‌ش كه‌م ..... به‌شی هه‌موویانم پێیه !! حه‌ز ناكه‌م به ته‌نیا هه‌ر ئێمه وا شاد بین .....
December 2, 2002
ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر هه‌موو ڕۆژه‌كانی حه‌وتوو دووشه‌مه ده‌بوو و هه‌موو دووشه‌مه‌كانیش وه‌ك ئه‌مڕۆ ده‌بوون، ژیان هیچ كه‌م و كووڕییه‌كی نه‌ده‌ما .... چاوه‌ڕوان بوونم پێخۆش نییه، قه‌تم پێخۆش نه‌بووه ... ئه‌وه‌ی كه هه‌ر چاوه‌ڕوان بیت و نه‌زانی كه‌ی ده‌ست پێده‌كات، یا نا، هه‌ر نه‌زانی كه‌ی ته‌واو ده‌بێت ... ئه‌وه‌ی كه چاوه‌ڕوانی بیستنی شتێك بیت و نه‌یبیستی . ئه‌وه‌ی كه ده‌رفه‌ته‌كان یه‌كه یه‌كه به به‌ر چاوتا تێده‌په‌ڕن و دیسان باره دڵێك قسه‌ی نه‌گوتراوت پێ بمێنێت . چاوه‌ڕوانی خۆش نییه، قه‌تم پێخۆش نه‌بووه . جۆرێك وه‌ك بڵێی كات وه‌ستابێت ، هه‌ڕ وه‌ك، ڕۆژه‌كان سێبه‌ری یه‌كترین بن و دووپات ببنه‌وه .... ئه‌مڕۆ و دۆینێ ، ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕۆژانه‌ی هێشتا نه‌هاتووشن، ده‌بن به یه‌ك ... ڕه‌نگه‌كانیش له شێوه‌ی خۆیان دوور ده‌بنه‌وه ... خه‌یاڵێكت ده‌گه‌ڵ دایه و هه‌ر ته‌نیاشی .... چاوه‌ڕوان بوونم پێخۆش نییه، قه‌تم پێخۆش نه‌بووه ..... به‌ڵام چاه‌ڕوان نه‌بوون ناخۆشتره !! زۆر ناخۆشتر !!
December 1, 2002
تا هه‌واڵی مردن ده‌بیستم، تارماییه‌ك سۆمای چاوم داده‌گرێت . سیمای كاڵ بووه‌ی ئه‌و ئازیزانه‌ی ڕۆیشتوون.كۆچێكی له ناكاو و له ناوه‌خت . دوور كه‌وتنه‌وه‌یه‌كی به نابه‌دڵی ... من ڕقم له مردن ده‌بێته‌وه ، گرینگ نییه چه‌ندم به گوێدا بخوێنن كه ئه‌وه یاسای سروشته و هه‌موو هه‌ر ده‌مرین ... گوێم له ده‌نگی گه‌رم و منداڵانه‌ی بووه دیسان، خه‌می نه‌بوونی ، خه‌می نه‌دیتنه‌وه‌ی دایگرتم، هه‌ر ئه‌گه‌ر توانیبام بڵێم چه‌نده‌ی بیر ده‌كه‌م ...!! شه‌وی ژووره‌كه‌م پڕ بووه له بیر و بۆنی ساته‌كانی پێكه‌وه بوون، پڕ بووه له پێكه‌نینه‌كانی، بێده‌نگی ژووره‌كه‌م پڕ بووه له چیرۆكی دڵداری و خۆشه‌ویستی ئه‌و .... له‌پڕ دنیا زۆر ته‌سك هاته به‌ر چاوم ... ته‌سك به‌قه‌د ژووری تژی ته‌نیایی كیژێك پێش له خۆ هه‌ڵواسینی ... ته‌سك به‌قه‌د بیری گه‌نیوی ئه‌وانه‌ی وا ..... خۆ نازانم تا ئێستا چه‌ند كه‌س هه‌ر به‌و ڕێگه‌یه‌دا ڕۆیشتوون ، خۆ نازانم تا ئێستا چه‌ند كۆتری وا له شه‌قه‌ی باڵیان داوه‌وه و نه‌بوونیان هه‌ڵبژاردووه، خۆ نازانم چه‌ند دڵی وا بێ ماڵئاوایی له ترپه كه‌وتوون .... هه‌ر ده‌مه‌وێ بزانم ئه‌و كاروانه دوور و درێژه كه‌ی ده‌وه‌ستێ ... ؟ هه‌ر ده‌مه‌وێ بزانم ئه‌و تیغه تیژه به خوێنه كه‌ی له سه‌ر بڕین ده‌وه‌ستێ ...؟ هه‌ر ده‌مه‌وێ بزانم كه‌ی ئیتر له 2 مانگی‌دا لێم ناده‌ن ، له 7 ساڵیدا سه‌رم نابڕن ، له 12 ساڵیدا ده‌ست درێژیم پێناكه‌ن ، له 19 ساڵیدا به گولله‌یه‌ك بێده‌نگم ناكه‌ن و له 22 ساڵیمدا هه‌ڵمناواسن و له 35 ساڵی ئاگرم تێبه‌رناده‌ن .... هه‌ر ده‌مه‌وێ بزانم ئه‌و كاروانه دوور و درێژه كه‌ی ده‌وه‌ستێ ......... هه‌واڵێكی تازه نییه! چه‌ند ژن له گۆشه‌یه‌كی ئه‌و دنیا سه‌یره خۆیان سووتاندوه ... كچێكی چه‌ند مانگانه به درێژایی ته‌مه‌نی ئه‌شكه‌نجه كراوه ...12 ئیستكان تێكیلاش مه‌ستت ناكات !! |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|